بارزانی تەنیا 18 وشەی بۆ یادی ریفراندۆم نوسی
2019-09-25 17:42:02
(درەو میدیا):
مەسعود بارزانی تەنها (18) وشەی بۆ یادی ریفراندۆم نوسی بەڵام لە دوایین پرسەنامەیدا كە بۆ كۆچی( مستێ سمگەمور)ى نوسیوە بە (96) وشە گوزارشت لە دڵگرانی خۆی دەكات، لایەنە سیاسیەكانی دیكەی هەرێم كە بەبەڵێ دەنگیان بۆ ریفراندۆمەكەدا، ئەمڕۆ بێدەنگیان هەڵبژارد، بەرەی نەخێریش بە پەیامێك شكستی ریفراندۆمی بیرهێنایەوە.
ئەمڕۆ دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017ی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆییو جیابونەوە لە عێراق، تا ساتی نوسینی ئەم هەواڵە، هیچ یەكێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بەیاننامەیان بەبۆنەی ئەو یادەوە بڵاونەكردوەتەوە.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە خۆی رێبەرایەتی ریفراندۆمەكەی كرد، بۆ یادی دوو ساڵەی ریفراندۆم تەنیا لە ئەژماری تایبەتی خۆیو بە زمانی ئینگلیزی پەیامێكی كورتی لەبارەی ئەو یادەوە بڵاوكردەوە، چەند كاتژمێرێك دواتر پەیجی بارەگای بارزانی دەقی ئەو پەیامە كورتەی بە زمانی كوردی بڵاوكردەوە.
پەیامەكەی بارزانی بۆ یادی دوو ساڵەی ریفراندۆم تەنیا (18) وشە بوو كە نوسراوە:" لەم رۆژە پیرۆزەدا، سڵاو و ڕێزو پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەوانەی خۆیان نەچەماندو، ناچەمێنن، دەستو چاوی هەموویان ماچ دەكەم".
ئەمە لەكاتێكدایە بارزانی لە دوایین پرسەنامەدا كە بۆ كۆچی(مستەفا ئیسماعیل حاجی) ناسراو بە (مستێ سمگەمور) كەسایەتی كوردی سوریا، مەسعود بارزانی بە(96) وشەی گوزارشت لە دڵگرانی خۆی دەكات، واتا بە (78) وشە زیاتر لە یادی ریفراندۆم لە (مستێ سمگەمور) زیاتر نوسیوە.
لەبەرامبەردا لایەنە بەشدارەكانی تری ریفراندۆم بەدیاریكراویش یەكێتی نیشتمانیو كوردستانو یەكگرتووی ئیسلامی كە ئەندامیان لە لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا هەبوو، پشتیوانی ریفراندۆمەكەیان كرد، بۆ یادی ئەو رۆژە هیچ پەیامو بەیاننامەیەكی سیاسییان بڵاونەكردەوە.
بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیش كە لە لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا نەبوونو دواین ساتەكان پشتیوانیان لە ریفراندۆمەكە كرد، بەهەمان شێوە ئەمڕۆ بێدەنگ بوونو هیچ بەیاننامەیەكی سیاسییان نەبوو.
شاسوار عەبدولواحید كە لە رۆژانی بەر لە سازدانی ریفراندۆمدا سەرۆكایەتی جوڵانەوەیەكی كرد بەناوی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا"، ئەمڕۆ بۆ یادی دوو ساڵەی ریفراندۆم پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوەو تێدا رایگەیاند" هیواداربووین پێشبینییەكەی ئێمە هەڵە دەرچێتو پێشبینی ئەوانە راست بێت كە ریفراندۆمەكەیان كرد".
بەرەی نەخێر لە ئێستادا تاكە جوڵانەوەی فەرمی بوو كە لەسەروبەندی سازدانی ریفراندۆم دروستبوو، بەئاشكرا داوای دەكرد ریفراندۆم نەكرێتو دوابخرێت بۆ كاتێكی تر، ئەوانەی لەم جوڵانەوەیەدا بوون پێیوان وابوو دۆخی ناوخۆیی هەرێمو دۆخێكی هەرێمیو نێودەوڵەتی لەبار نییە بۆ سازدانی ریفراندۆم، پێشبینییەكەیان راست دەرچوو، ئەم جوڵانەوەیە دواتر بوو بە بنەما بۆ دروستبوونی حزبێكی سیاسی نوێ لە هەرێم بەناوی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ" كە ئێستا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات.
محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان تاكە لایەنی بەشداری پرۆسەی ریفراندۆم بوو، كە ئەمڕۆ بەبۆنەی ئەو ساڵیادەوە پەیامێكی روونو رەوانی بڵاوكردەوەو تێیدا جارێكی تر پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەكە دوپاكردەوە، سكرتێری حزبی سۆسیالیست لە پەیامەكەیدا وتی:" ریفراندۆم تاپۆیەكی رەشە لە گیرفانی هەموو كوردێكدا".
بەبۆنەی ساڵیادی ریفراندۆمەوە لە دامەدەزگا فەرمییەكانی هەرێم كوردستان هیچ بۆنەیەكی تایبەت رێكنەخرا، جگە لە پەرلەمانی كوردستان كە دانیشتنی ئەمڕۆدا رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمان بەوبۆنەیەوە وتارێكی خوێندەوە، رەنگە ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 24ی ئۆكتۆبەری 2017 بەفەرمی سڕكردنی ئەنجامی ریفراندۆمو پابەندبوونی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگەیاند، ئێستا كردنەوەی ئەم بابەتە لەسەر ئاستی دامودەزگا فەرمییەكان رەنگە بە زیان بۆ حكومەتی هەرێم كۆتایی بێت، بۆیە ئەمڕۆ حكومەت بێدەنگی هەڵبژارد.
بەڵام بەرپرسانی پارتی لە دەرەوەی دامودەزگا فەرمییەكان، لە چەند شارو ناوچەیەكی هەرێم ئەمڕۆ بەبۆنەی دوومین ساڵڕۆژی ریفراندۆمەوە، چەند مەراسیمو پانێڵێكیان رێكخست.
مەیدانی گەرمی روبەڕووبونەوەی دەنگی "بەڵێ"و دەنگی "نەخێر"و ئەوانەی ریفراندۆمیان "بایكۆت" كرد، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بوو، ئەمڕۆ وێنەكانی رۆژانی پێش ریفراندۆمو رۆژانی دواتری، پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستانی داگیركرد، هەركەسەو لەرونگەی خۆیەوە بەجۆرێك گوزارشتی لەو یادە كرد.
(درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت بە فەرمی لەرێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە رۆژی 25ی ئەیلول بكات بە پشووی فەرمیو رۆژی سازدانی ریفراندۆم بكات بە رۆژێكی نیشتمانی، ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی پێشنیازی بەنیشتمانیكردنی ئەو رۆژەی كرد.