ئەفسەرانی پاسپۆرتی سلێمانی: ئاگاداری بڵاوكردنەوەی نوسینەكە نەبوین
2019-09-29 14:21:49
درەو میدیا:
بەرێوەبەرو ئەفسەرانی پاسپۆرتی سلێمانی رەتی دەكەنەوە ئاگاداری بڵاوكردنەوەی ئەو نوسراوە بن كە ئاراستەی بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیان كردووە سەبارەت بەو نیگەرانیانەی كە لە بەڕیوەبەری پاسپۆرتی سلێمانیان هەبووە.
لە نوسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی ( درەو میدیا) كراوە، بەرێوەبەرو 9 ئەفسەری بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایدەگەیەنن" ئێمە ئاگاداری بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە نین كە لە رۆژی 22/8/2019 لە سايتی درەو میدیا بڵاوكراوەتەوەو ئەو بۆچونەمان نیە، واباشتر بوو بۆ ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی پشتراستی ئەو هەواڵەتان بكردایەتەوەو دوای رەزامەندیمان بڵاوتان بكردایەتەوە".
بەرێوەبەری نوسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی و ئەو 9 ئەفسەرە نوسیویانە " ئەو راپۆرتە هەموو سنورێكی رۆژنامەوانی بەزاندووە لەبەر ئەوەی ناوزڕاندنتان بۆ كردووین"
لە بەرواری 22/8/2019 ( درەو میدیا) نوسراوێكی 10 ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بە واژووی خۆیانەوە بڵاوكردەوە كە ئاراستەی حاكم قادر بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیان كردبوو، باسیان لەگەندەڵی و نیگەرانیەكانیان كردبوو لە بەرێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، درەو میدیا وەك پەیوەست بوون بە ئیتیكی رۆژنامەوانیەوە، سەرەڕای ئەوەی نوسراوەكەی وەك خۆی بە واژووی خۆیان بڵاوكردەوە لێدوانی لایەنی پەیوەندیداریشی بۆ وەرگرتبوو كە عەمید سالار عەبدوڵایەو بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانییە، ناوەڕۆكی تۆمەتەكانی رەتكردەوە و رایگەیاند"ئەوان سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراقنو بەپێی یاسا بۆیان نییە لێدوان بدەن".