Draw Media

 ( درەو میدیا): لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لیژنەیەكی هاوبەشیان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقیيەكان پێكهێنا، زیاد لەجارێكیش داوایان لەهێز و لایەنە كوردستانیيەكان كرد لەپێناو پاراستنی یەكڕیزی كوردو یەكدەنگەنیيان وەك میكانیزمێكی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان، پێكەوە بچنە بەغداد، بەڵام ئەمە نەهاتەدی، ڕەنگە دیارترین هۆكار نیگەرانی هێزە "ناڕازییەكان" بوبێت لەو ساختەكارییانەی ئەو دوو هێزە لێيانكردن لەهەڵبژاردنەكان، وەك خۆیان لەزیاد لەبۆنەیەكدا ئاماژەیان پێكردووە . لەیەكڕیزییەوە بۆ ئۆخەی ئۆخەی!   بەر لەدابەشكردنی پۆستەكان پارتی و یەكێتی زیاد لەجارێك و پێكەوە و بەوەفدی هاوبەش چونە بەغدادو لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیيەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كەوتنە گفتوگۆ، بەڵام مانگی هەنگوینی پارتی و یەكێتی، كە خۆیان ناویاننابوو یەكڕیزی و پێكەوەبوون زۆری نەخایاند، هەر كەهاتە سەر دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان، بەتایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار، كوردو تەنی، نەك هەر كەوتنە "ئۆخەی ئۆخەی هەركەس بۆخۆی"، بەڵكو ململانێیەكی توندیشیان دەستپێكرد لەسەر ئەو پۆستە، لەهاوبەشیيەوە بەرەو ناوبژیوانیكردن ڕۆیشتن، هەر لایەو وەفدێكی تایبەتی نارد بۆ بەغدادو بەجیا لەگەڵ لایەنەكان كەوتە گفتوگۆ و ڕیكلامكردن بۆ دەرچواندنی كاندیدەكەی خۆی. تا دواساتەكانیش هیچیان ئامادەبون سازش بۆ ئەوەی تریان بكەن، تا سەرەنجام بە دووكاندیدی جیا چونە ناو كێبڕكێوەو بەدەنگی زۆرینەی  شیعەو سوننە لەناو پەرلەمانی عێراق  ململانێكەیان یەكلاكرایەوەو ئاوكرا بەئاگرەكەدا، یەكڕیزی و پێكەوەبونیش وەك ناوێكی بێناوەرۆك چوارچێوەی دروشمی تێنپەڕاند. داواكارییە نەتەوەییەكانی كورد سۆراخیان نەما بەشێك لەئاگایانی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان دەڵێن، ئەگەر ململانێكردنی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار پرسێكی سروشتی بوبێت بەوپێیەی هەریەك لەم دوو هێزە ئەو پۆستەیان بەماف و ئیستحقاقی خۆیان زانیوەو ململانێیان لەسەركردوە، كە وەك دەوترێت سروشتیش نیە، چونكە ئەو پۆستە لەچوارچێوەی ئیستحقاقی نەتەوەیدا بەر كورد كەتووە لە عێراق، نەك وەك موڵكی تایبەتی حزب مامەڵەی پێوەبكرێت و جگە لە حزبیش سودێكی ئەوتۆی بۆ خەڵكی كوردستان نەبێت، ئەوەی جێگای مەترسیيە نەمانی سۆراخی پرس و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تایبەت بە خەڵكی كوردستان و ئیستحقاقەكانێتی، چی سەبارەت بەمەسەلەی پشكی لە بودجەی فیدڕاڵی و هەم لەو مەسەلانەشی پەیوەستن بەخاك و بەشداری فیعلی كورد لەناوەندی بڕیاڕی سیاسی عێراق، كە هەردوو پرسەكە بەهۆی ململانێی بەرپرسانی هەرێم و بەغداد بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو كاریگەری نەرێنیان لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان لەناوچە دابڕاوەكان و ناوخۆی هەرێمیش دروستكردووە. لەسەروبەندی دانوستەكاندا، پارتی و یەكێتی زۆر بەگەرمی باسیان لە كۆمەڵێك پێشمەرج دەكرد بۆ بەشدارییان لە حكومەتی داهاتوو، لەسەروهەموشیانەوە (مادەی 140 و دۆخی ناوچەی دابڕاوەكان و ئیستحقاقی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە لەبودجەی ئیتحادی و..... چەندین داواكاری تر). بەڵام لەئێستادا ئەم داواكارییانە تەنانەت لە ڕاگەیاندنەكانیشدا ناوی نەماوە، نەك ئەوەی بەشێك بێت لەدانوستەكانی نێوان هێز و لایەنە كوردییەكان لەگەڵ بەغداد وەك كارنامەی ئەم هێزانە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو، ئەوەی بەڕوونی باسدەكرێت پشكی هەریەك لەم هێزانە لەكابینەی داهاتوو، كام وەزارەتەیان بەردەكەوێت، كە بەڕای زۆرێك كورد لەڕابردودا پۆستی زۆرو گرنگی وەرگرتووە لە عێراق، بەڵام ئەزمونی چەندساڵی ڕابردوو سەلماندویەتی جگە لە حزب و لەناوحزبیشدا بۆ شەخس و گروپ نەبێت بۆ خەڵكی كوردستان خێری نەداوەتەوە، بگرە باجی نەهامەتی و ناكۆكییەكانیشی داوە لەكاتی توندبونەوەی ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغداد. 


راپۆرتی: درەو میدیا  لەهەر ئان‌و ساتێكدا ناكۆكی هێزو لایەنە كوردییەكان بەتایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان توندبوبێتەوە، مەترسی دوو ئیدارەیی یەكێك بووە لەو دێوەزمانەی هەڕەشەی لە قەوارەى دانپێدانراوی سیاسی‌و ئیداری هەرێمی كوردستان كردووە. هۆكاری سەرەكییە ئەم مەترسییە بەردەوامە ئەوەیە، هەرێمی كوردستان وەكو ئەوەی لە دەرەوە دەردەكەوێت، لەناوخۆدا یەك پارچەی یەكگرتوو نییە‌و رووبەرو داهات‌و سەرباز لەنێوان دوو حزبی سەرەكیدا دابەشبووە، بۆیە هەركاتێك ناكۆكی لەنێوان ئەو دوو هێزە رویدابێت، یەكسەر وێنە گەورەكە بەدیكراوە، كە وێنەی دابەشبوونی هەرێمی كوردستانە. بەمدواییە كە یەكێتی‌و پارتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر قسەیان كردو لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا ناكۆكییەكانیان گەیشتە لوتكە، لەچەندین لاوە قسەوباس لەبارەی دروستبونەوەی دوو ئیدارەیی هاتە ئاراوە، هەندێك كەسیش باس لە دروستكردنی دوو هەرێمیی دەكەن. (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بەوردی باسی چۆنیەتی دابەشبوونی خەڵك‌و خاك‌و داهات‌و چەكدار دەكات لەحاڵی دروستبونی هەرێمێكی نوێ لە سنوری سلێمانی‌و كەركوك‌و ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و بەراوردی دەكات بە سنوری قەڵەمڕەوی پارتی. دێگەڵە.. سنوری دوو هەرێم  لەدوای ساڵی 1994و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، سنورێكی دەستكرد بەزەبری چەك لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستاندا كێشرا، كە بەسنوری "دێگەڵە" ناسراوە، دوای تێپەڕبونی چارەكە سەدەیەك هێشتا ئاسەواری ئەو سنورە بەتۆخی ماوەتەوەو لەگەڵ توندبونەوەی ململانێكاندا، بەتایبەت پارتی ئەم سنورە بیری خەڵك‌و هێزە سیاسییەكانی تر دەهێنێتەوە، چی بەڕێگەگرتن بێت یان سنوردارشكردنی ئەو كەسانەی كە پارتی لەسنوری نفوزیدا خۆیدا حەز بەچارەیان ناكات. لەدوای گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدادو پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بەدوایدا گۆڕینی تەرازوی هێز لە هەرێمی كوردستان‌و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، ئەم پرسە بەجۆرێكی تر هاتەوە پێشەوە، دەستەواژە كۆنەكە "دوو ئیدارەیی" كە زیاتر وەك دەرەنجامی ململانێی چەكداری خۆی بەرجەستەكردبوو، گۆڕا بۆ دەستەواژەیەكی یاسایی بەناوی "دوو هەرێمیی"، كە لێكەوتی ململانێی سیاسی‌و هەستركردنە بەجۆرێك لەستەم‌و پەراوێزخستن‌و دابەشنەكردنی سامانی گشتی بەشێوەیەكی یەكسان‌و جیاوازیكردن لەنێوان شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەڕووی خزمەت‌و ئاوەدانی‌و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری‌و كۆی بوارە ژیاری‌و ئیداری‌و كۆمەڵایەتی‌و سیاسییەكانیش.  نەوشیروان مستەفا‌و پرسی دوو هەرێمیی  نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوپێكەتنێكی تەلەفیزیۆنیدا كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی 2011، دەڵێت:" لە دەستوری عێراقدا ماددەیەك هەیە كە هەموو پارێزگایەك بەتەنیا یان لەگەڵ چەند پارێزگایەكی تردا دەتوانێت هەرێمێكی سەربەخۆ دروستبكات.. وەكو مەبدئی من لەگەڵ ئەوەم‌و پێشموایە ئەمە مافێكی ڕەوای یان حەقێكی مەشروعی هەموو پارێزگایەكە، هەر وەكو چۆن ئێمە باوەڕمان وایە هەموو میللەتێك لەدونیادا ئەبێت مافی چارنوسی هەبێت، من بڕوام وایە كە هەموو پارێزگایەكیش دەبێت مافی چارەنوسی خۆی هەبێت". ئەو ساتەی نەوشیروان مستەفا ئەو قسانەی تێدا كرد، پارتی‌و یەكێتی هەموو تەركیزیان لەسەر بەگژاچونەوەی ئۆپۆزسیۆن‌و هێشتنەوەی پێگەو نفوزی خۆیان بوو لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان، كە هەم بەرژەوەندی هاوبەش‌و هەم مانەوە ناچاری كردبوون باوەش بكەن بەیەكتریدا، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی تەرویجێكی زۆر بۆ ئەو پرسە بكات، بەڵام لەم قۆناغەدا كە ململانێی ئەو دوو حزبە جارێكی تر لەسەر پۆست‌و پێگەیان لە بەغدادو هەولێرو كەركوك توندبوەتەوە، جارێكی تر ئەم پرسە سەریهەڵداتەوەو وەك گریمانەو ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو قسەی لەبارەوە دەكرێت. هەرێمی نوێ چۆن دروستدەكرێت؟ بەگوێرەی ماددەی (119)ی دەستوری عێراق، پارێزگایەك یان زیاتر مافی پێكهێنانی هەرێمیكیان هەیە بە پشتبەستن بە داواكارییەك بۆ ئەنجامدانی راپرسی لەسەری‌و داواكارییەكە بەیەكێك لەم دوو رێگەیەوە پێشكەش دەكرێت: یەكەم: داواكاری سێیەكی (1/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن. دووەم: لەسەر داواكاری دەیەكی (1/10)ی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن. بە گوێرەی ماددەی (120)ی دەستور، هەرێمەكە دەستورێك بۆخۆی دادەڕێژێت‌و هەرەمی دەسەڵاتدارێتیی هەرێمەكەو دەسەڵاتەكانی دیاردەكات لەگەڵ میكانیزمی بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستوری هەمیشەیی عێراقدا.  ئەو هەرێمەی كە پێكدەهێنرێت بەگوێرەی بڕگەی یەكەمی ماددەی (121)ی دەستور، دەسەڵاتی هەرێمەكان مافی پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی یاسادانان‌و جێبەجێكردن‌و دادوەرییان هەیە، جگە لەو دەسەڵاتانەی كە تایبەتن بە حكومەتی فیدراڵەوە. بڕگەی دووەمی ئەم مادەیە باس لەوەدەكات، دەسەڵاتی هەرێمەكان مافی هەمواری جێبەجێكردنی یاسای فیدراڵییان لە هەرێمەكەدا هەیە، ئەگەر ناكۆكی یان دژیەكی لەنێوان یاسای فیدراڵی‌و یاسای هەرێمدا هەبوو لەسەر بابەتێك، كە لە سنوری ئەو دەسەڵاتانەدا نەبێت كە تایبەن بە حكومەتی فیدراڵی. بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی ماددەی (121)ی دەستور، دەبێت لەو داهاتانەی لە حكومەتی فیدراڵیدا بەدەستدەهێنرێت، پشكێكی گونجاو بۆ هەرێمەكان تەرخانبكرێت، كە بەشی جێبەجێكردنی ئەركەكانی بكات، بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێویستییەكان‌و رێژەی دانیشتوانی. بڕگەی پێنجەمیش باسلەوەدەكات، هەرچی پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی هەرێمەوە هەیە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، بەتایبەتی پێكهێنان‌و رێكخستنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم وەك پۆلیس‌و ئاسایش‌و پاسەوانی هەرێم. بارزانی: با دوو ئیدارەیی دروستبێتەوە ڕێبوار كەریم وەلی كە نوسەرێكی نزیكە لە بەرپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا لەگەڵ عارف قوربانی، پەیامی كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتییان گەیاندوەتە لای مەسعود بارزانی‌و پێیان وتووە:" كاك مەسعود ئەم لێكترازانەی پارتی‌و یەكێتی دوو ئیدارەیی لێدەكەوێتەوە" لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی وتویەتی:" باببێت". ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پارتی دەڵێ" یەكێتی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەرلەمان ڕازییەو یاری دیپلۆماسی دەكات، كە دەڵێ جارێ‌ هەڵوێستی خۆی ڕاناگەیەنێ‌". ئاری هەرسین ئاماژە بەوەدەكات" دوو ئیدارەیی ڕوبداتەوە، پارتی زەرەر ناكات، بەڵكو یەكێتی بە شەش مانگ لەودیو دێگەڵەوە ئێسك‌و پروسكیشی نامێنێت".  لەدوای ڕیفراندۆم‌و ڕوداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، دەنگۆیەكی بەهێز هەبوو هێزە شیعییەكان هانی هێزە باڵادەستەكانی سنوری پارێزگایی سلێمانیانداوە كە سلێمانی‌و هەڵەبجەو كەركوك بكەن بە هەرێمێكی سەربەخۆو لەزۆنی زەردی جیابكەنەوەو ئامادەیشیان دەبڕیبوو مووچەی فەرمانبەرانی سنورەكە ڕەوانە بكەن. دەوترا ئێرانییەكانیش پشتیوانی ئەو تەرحەیان كردووە، بەڵام ئەم پرۆژەیە نەكەوتە سەرپێ، بەوتەی هەندێك سەرچاوە، ئەمریكاو هەندێك لە وڵاتانی خۆرئاوا لەوكاتەدا دژی دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بوون بۆ دوو هەرێمی سەربەخۆو پشتیوانی بەهێزكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە. بەڵام ڕوون نییە ئەگەر لەئێستادا گریمانەیەكی لەوشێوەیە بێتە ئاراوە، ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاوا جارێكی تر ڤیتۆیان دەبێت لەسەری یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن؟ ئەگەر دوو هەرێمی دروست ببێت، بارودۆخی خاك‌و خەڵك‌و ئابوری سەربازی قەڵەمڕەویی پارتی‌و یەكێتی چی بەسەردێت؟ رووبەر‌و سنور بەپێی ماددەی (53)ی دەستوری كاتیی عێراق، سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەو سنورەیە كە لە (19/3/2003) هەبووە، واتە سنوری پێش روخانی رژێمەكەی سەددام حسێن. بەپێی ئەو ماددەیەی دەستور، رووبەری هەرێمی كوردستان (41 هەزارو 939) كیلۆمەتر دوجایەو بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە: •     سنوری سلێمانی لە ناو رووبەری گشتی هەرێمی كوردستان نزیكەی (20 هەزار) كیلۆمەتر دوجایە. •     ئەگەر یەكێتی نیشتمانی هەرێمێكی نوێ لە سنوری كەركوك و سلێمانی دروستبكات، رووبەری هەرێمە نوێیەكە دەبێت بە نزیكەی (27 هەزار) كیلۆمەتر دوجا. •    لەبەرامبەردا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەولێرو دهۆكە، رووبەرەكەی دەبێت بە نزیكەی (22 هەزار) كیلۆمەتر دوجا. ژمارەی دانیشتوان ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێم بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم بەمشێوەیەیە: •    پارێزگای هەولێر: (ملیۆنێك و 986 هەزارو 113) كەس. •    پارێزگای دهۆك: (ملیۆنێك و 397 هەزارو 515) كەس. بەپێی ئەم ئامارانە، ژمارەی دانیشتوان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەگشتی دەبێت بە (3 ملیۆن‌و 383 هەزارو 628) كەس. ژمارەی دانیشتوانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بەمشێوەیەیە: •    پارێزگای سلێمانی: (2 ملیۆن‌و 82 هەزارو 832) كەس. •    پارێزگای هەڵەبجە: (111 هەزارو 355) كەس. بەپێی ئەم ئامارە، ژمارەی دانیشتوان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتتی بەگشتی دەبێت بە (2 ملیۆن‌و 194 هەزارو 187) كەس، بەڵام ئەگەر هەرێمێكی نوێ دروستبكرێت و كەركوكیشی بخرێتەسەر، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمە نوێیەكە دەبێت بە زیاتر لە (3 ملیۆن) كەس. نەوت و سەرچاوەی داهات نەوت كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتە لە هەرێمی كوردستان، لەنێوان سنوری قەڵەمڕەوی پارتی و یەكێتیدا دابەشبووە، بەمشێوەیە: •    لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا كە هەولێرو دهۆكە، رۆژانە نزیكەی (300 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت. •    لەسنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا كە سلێمانییە، رۆژانە نزیكەی (150 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، ئەگەر هەرێمی سەربەخۆ لەنێوان كەركوك‌و سلێمانیدا دروستبكرێت، بەرهەمی نەوت لە هەرێمە نوێیەكەدا رۆژانە دەگاتە زیاتر لە (500 هەزار) بەرمیل.  یەدەگی نەوت یەدەگی نەوت بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە: سامانی سروشتی لە قەڵەمڕەوی پارتیدا: •    یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (6 ملیار) بەرمیلە. •    یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (300 ملیار) پێ سێجا. سامانی سروشتی لە قەڵەمڕەوی یەكێتیدا: •    یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (13 ملیار) بەرمیلە. •    یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (17 ملیار) پێ سێجا. داهاتەكانی تر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی داهاتی نەوت لەنێوان قەڵەمڕەویی پارتی و یەكێتی دابەشبووە، بەمشێوەیە: •     داهاتی ناوخۆ لە ناوچەكانی سنوری قەڵەمڕەوی پارتی زیاتر لە (500 ملیار) دینارە لە ساڵێكدا. •    داهاتی ناوخۆ لە ناوچەكانی سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتی نزیكەی (450 ملیار) دینارە لە ساڵێكدا. هێزی سەربازی چۆن دابەشبووە ؟ هەرێمی كوردستان لەڕووی هێزی سەربازییەوە بەمشێوەیە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە: هێزی سەربازی پارتی •    پارتی خاوەنی هێزی (80)یە، ئەم هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی زیاتر لە (70 هەزار) كەسە. •    پارتی هێزێكی تری سەربازی هەیە بەناوی هێزی "زێرەڤانی"، ئەم هێزە ( 44 هەزار) كەسە. •    ئاسایشی پارتی زیاتر لە (16 هەزار) كەسە. كۆی گشتی هێزی چەكداری پارتی بە زیاتر لە (130 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت. هێزی سەربازی یەكێتی •    یەكێتی خاوەنی هێزی (70)یە، ئەم لەنزیكەی (56 هەزار) پێشمەرگە پێكدێت. •    هێزی بەرگری‌و فریاكەوتنی یەكێتی (26 هەزار) كەسە. •    ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە (14 هەزار) كەسە. كۆی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی بە زیاتر لە (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.


(درەو میدیا): دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی بۆ دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە پۆستەكانی هەڵدەوەشێنێتەوەو سەرجەم بەرپرسیارێتییەكانی بۆ دەگەڕێنێتەوە. نوسینگەی ڕۆژنامەوانی فالح فەیاز ، سەرۆكی لە كارخراوی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبووی تایبەت بە دوورخستنەوەی فەیاز لە پۆستەكانی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەزگای ئاسایی نیشتمانی  ڕەتكردوەتەوە و بڕیاریداوە سەرجەم پۆستەكانی بۆ بگەڕێنێتەوە. نوسینگەكەی فەیاز ڕاشیگەیاندووە، سەرچاوەیەك لە دادگاكە پێی ڕاگەیاندون، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی عەبادی لەسەر ئەو بنەمایە بووە، كە لەكارخستنی فەیاز بڕواپێكەر و یاسایی نەبووەو پاڵشپت بە هیچ بڕگەیەكی دەستوریش نەبووە.  مانگی ئابی ڕابردوو، دوای توندبونەوەی ململانێی هێز و لایەنە شیعەكان لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، حەیدەر عەبادی بەفەرمانێك فالح فەیازی لە پۆستی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دوورخستەوە و خۆی چووە شوێنەكەی، چەند ڕۆژێكیش لەمەوبەر هەردوو پۆستی  ئیدارەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ڕاوێژكاری ئەو دەزگایەی بە وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریی سپارد.    


 (درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەردەوامە لە جموجۆڵەكانی بۆ پێكهانی تیمە وزارییەكەی، لە سایەی فشار و خواستی ئاشكرای  هەندێك لە هێزەكان بۆ وەرگرتنی وەزارەت، كە بوەتە ئاستەنگێكی جدی بۆ پرۆژەی خۆكاندیدكردنی ئەلیكترۆنی كە عەبدولمەهدی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند. سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرایدەكات، فشارەكان لەسەر عەبدولمەهدی لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی ڕاگەیاندنی پێكهێنانی حكومەت توندتر بوەتەوە، كە دەستور مانگێكی بۆ دیاریكردوەو، بەوپێیەش وادەی ڕاگەیاندنی حكومەتی ئایندە نابێت لە 2 ی مانگی داهاتوو تێپەڕبكات كە 17 ڕۆژی ماوە.  بەوتەی سەرچاوەكە كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) كردووە، ئەو فشارانە بژاردەكانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرتەسكردوەتەوە، ڕاشیگەیاندووە، عەبدولمەهدی بەدەست ئەو فشارانەوە دەناڵێت كە هەندێك لە هێزە شیعەكان لەسەریان چڕكردوەتەوە، لە كاتێكدا بانگەشەی پشتیوانیكردنی بێلایەنەكان دەكەن،  بەڵام فشاردەكەن بە ئاراستەی قبوڵكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان، جەختیشیكردوەتەوە كە ئەو كارە كاتی زۆری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بردووە.    هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە, نوێنەری پێكهاتەو كەمینەكان داوای وەزارەتیان كردووە بۆ كۆتایهێنانی بەو پەراوێزخستنەی كە ڕووبەڕووی بونەتەوە لە حكومەتەكانی پێشوودا، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراویش بەڵێنی داوە دیراسەی داواكارییەكان بكات بەو مەرجەی دژبە كاری حكومەتی داهاتوو نەبێت.   ئەوەش لەكاتێكدایە، سەركردەی هێزە سوننیەكان پێداگری دەكەن لە وەرگرتنی پشكی خۆیان لە حكومەتی داهاتوو، هەندێك لە پەرلەمانتارانی سوننەش ئەو پەیامەیان بە عەبدولمەهدی گەیاندووە كە متمانە بەهیچ حكومەتێك ناكەن ئەگەر نوێنەرایەتیان نەبێت تیایدا، لەترسی پەراوێزخستینان لە دەسەڵات. (ناجح میزان) سیاسی عێراقی، ئەم داواكارییەی سوننەكان بۆ بەشداریكردنی لە حكومەتی داهاتوو بە كارێكی لۆژیكی ناودەبات، بەپێی بنەمای پشكێنە كە لە ساڵی 2003وە لەعێراق پیادەدەكرێت، دەشڵێت، سوننەكان داوای پشكی خۆیان دەكەن، هەروەك ئەوەی پێكهاتەكانی تر داوای دەكەن.      ئەو سیاسییە عێراقییە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا پرسیاری ئەوەش دەكات، ئەگەر پێویست بكات سوننەكان دەستبەرداری پۆستەكانیان بن، ئەی بۆچی شیعەكان دەستبەرداری پۆستی سەرۆك وەزیران نابن و نایدەن بە پێكهاتەیەكی تر؟ بەگرنگیشی زانیوە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو فرەرەنگی گەلی عێراق لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا بەهەند وەربگرێت. پێشتر ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەكان ئاماژەیان بەوەدا، سەركردەكانی سوننە داوایان لە عەبدولمەهدی كردووە هەندێك جیاكارییان بۆ بكات و، ڕازیبێت بەوەی ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و وەزیرەكانی پێشو، لە حكومەتی ئایندەدا پۆست وەربگرنەوە.    


 (درەو میدیا): دەزگای خزمەتگوزرای نهێنی ئەمریكی، كە پاراستن و پاسەوانیكردنی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای پێ سپێردراوە، وردەكاری هەوڵێكی تیرۆركردنی ترەمپ لەسەر دەستی گروپێكی سەر بەڕێكخراوی داعش ئاشكرادەكات، لە سەردانەكەی ساڵی ڕابردووی بۆ فلیپین و بەشداریكردن لە كۆبونەوەی لوتكەی وڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا كە (ئاسیان) ناسراوە.  بەپێی ڕاپۆرتێك كە كەناڵی (ناشناڵ جیۆگرافی) ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە" دەزگای خزمەتگوزراییە نهێنیەكان جەختی لە پوچەڵكردنەوەی هەوڵێكی تیرۆركردنی ترەمپ كردوەتەوە كە بڕیاربووە پێش گەیشتنی بۆ (مانێلا)ی، پایتەختی ئەو وڵاتە ئەنجامبدرێت، ڕونیشكردوەتەوە  " زنجیرەیەك تویتیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاشكراكردوە كە ئاماژەیان بەتیرۆركردنی سەرۆك كردووە". یەكێك لە تویتەكان وێنەی (هارڤی لی  ئوزولد)ی، تیادا بووە، بكوژی جۆن كنێدی سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا، هاوكات دەزگاكە بەداواداچونی بۆ ئەژماری یەكێك لە گومانلێكراوەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام كردووە و بۆی دەركەوتووە وێنەی پەڕەی بەرگی كتێبێك بوو بەناونیشانی (چۆن دەكوژیت..مێژووی غافڵ كوژی) و دەستبەجێ‌ بۆیان ڕونبوەتەوە كە ئەو ئەژمارە هی هاوڵاتییەكە لە مانێلای پایتەخی فلیپین دەژی.   (چاد ڕاجان) یەكێك لە ئەندامانی دەزگا ئەمریكییەكە، بە ڕۆژنامەی (دەیلی بێست) ڕاگەیاندووە، ئەو كەسە لە ماڵێكدا دەژیا كە چەند مەترێك لەو هۆتێلەوە دوور بوو كە سەرۆكی ئەمریكا تیادا دەمایەوە ، لە ماوەی دەستپێكردنی چالاكییەكانی لوتكەی ئاسیان. دوای گەیشتنی فڕۆكەی سەرۆكایەتی بە چەند خولەكێك، تیمێك لە دەزگای خزمەتگوزرای نهێنی بە هاوكاری پۆلیسی مانێلا بەداواداچونی بۆ گومانلێكراوەكە كردووە و، لە باخێكی گشتی نزیك ئەو هۆتێلەی ترەمپی لێدادەبەزێت دۆزیویانەتەوە و دەستگیریانكردووە.


عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیستی گۆڕان لە نوسراوێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی ئاماژەی بە كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕانكردووەو رایگەیاندووە" هەموومان نیگەرانین لەو دۆخەی گۆڕانی تێكەوتووە. بزوتنەوەی گۆڕان ئومێدی گەورەی گۆڕانكاری و دەنگی ناڕازیە، بۆیە لەبری شكاندن چاككردن هەڵبژێرین" عەلی حەمە ساڵح سەبارەت بە گۆڕانكاریەكانی ناوخۆی گۆڕان نوسیویەتی " لەماوەی دوو مانگی ئایندەدا كۆنفرانسی ناوخۆی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان دەكەین، لە خوارەوە بۆ سەرەوە گۆڕانكاری دەكرێت، بە هەڵبژاردن جڤاتێكی نوێ و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی" دەقی نوسینەكەی عەلی حەمەساڵح گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوە دڵسۆزەكان هەموومان نیگەرانین لەو دۆخەی گۆڕانی تێكەوتووە. بزوتنەوەی گۆڕان ئومێدی گەورەی گۆڕانكاری و دەنگی ناڕازیە، بۆیە لەبری شكاندن چاككردن هەڵبژێرین.  بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری گۆڕانكاری داوە لەسەرجەم ئۆرگانەكان.  لەماوەی دوو مانگی ئایندەدا كۆنفرانسی ناوخۆی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان دەكەین. لە خوارەوە بۆ سەرەوە گۆڕانكاری دەكرێت، بە هەڵبژاردن جڤاتێكی نوێ و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی .  ئەركی هەموومانە ڕۆڵببینین بۆ دروستكردنی ڕۆحێكی پێكەوەی بۆ كاركردن، ڕێزگرتن لە سەركردەو ڕەمزەكانی گۆڕان، زەمینەخۆشكردن بۆ هاتنەپێشەوەی توانای نوێ و خوێنی نوێ.  من وەك خۆم بەڕێزو حورمەتێكی زۆرەوە لە هاوڕێكانی كاك نەوشیروان دەڕوانم، سوپاسیان دەكەم، لەكوێش پێویست بوو بێت سەرنجم و ڕەحنەی خۆم پێوتوون.  ئەم بەڕێزانە چۆن لە زیندان و لەشاخ نوخبەی بەرگریكردن لە مافی نەتەوەی بوون، لە ژوری سێدارەو ئەشكەنجەدان و ئوتووكردنی جەستەشیان چۆكیان دانەدا، دەیان جار ئامادەبوون ڕۆحی خۆیان ببەخشن لە پێناو خاكو خەڵكی كوردستان، لە حوكمڕانیشدا پشتیوانی ڕیفۆرم و گۆڕانكاریانكرد.  لەنێوان پۆست و دەسەڵات و پرۆژەی گۆڕانكاری و نەوشیروان مستەفادا، گۆڕانكاری و نەوشیروان مستەفایان هەڵبژارد.  لەپاڵ شۆڕشگێڕەكاندا سەدان گەنجی ئازاو هۆشیارو خوێندەوار پشتیوانی ئەم جوڵانەوەو نەوشیروان مستەفایان كرد، دەوری گەورەیان گێڕا، بەردەوام بەرگریان لە بەرنامەی گۆڕان دەكرد، زۆریان بون بە ڕەمزی ململانێی دەسەڵاتی ستەمكار، ئێستاش ڕۆحی ئەم بزوتنەوەیەن، ئومێدی گەورەن بۆ گۆڕانكاری.  ئەم دووانە تەواوكەری یەكتربوون، سەرباری هەبوونی ڕەخنە لە نەبوونی گەنج لە خانەی ڕاپەڕاندن.  كورسی و دەنگمان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، بەرپرس و هۆكارەكان ڕوونن، لەبری یەكترشكاندن پێداچونەوە، لەبری تۆمەتباركردن و سڕینەوەی یەكتر كاری پێكەوەیی بۆ هەستانەوەی گۆڕان.  هەموومان لەبەردەم بەرپرسیاریەتیداین و هەركەس بە قەبارەی خۆی، كاممان دەوری زیاترمان هەبێت لە گۆڕانكاری و پێشخستنی بزوتنەوەكەو دروستكردنی تەبایی و كاری پێكەوەیی دڵسۆزترینمانە.   


(درەو میدیا): ساڵێك تێپەڕ دەبێت بەسەر روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پارتی روداوەكە بە خیانەت ناودەبات و یەكێتیش بە روداوێكی نەخوازراو و شەڕی روبەرووبونەوە، لەم راپۆرتەدا راستی ئەو روداوانە خراوتەوە روو كە یەكێتی و پارتی هێندەی یەك خاكی ناوچەی جێنفوزیان لە دەستداوە، لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی ( 11,800 ) كم2 خاك لەدەستدراوەو لە ناوچەی جێنفوزی پارتی ( 15,400 ) كم2 خاك لەدەستدراوە.   رۆژی 6/7/2017 لیژنەی باڵای ریفراندۆم كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاریدا رۆژ 25/9/2017 ریفراندۆم بەڕێوەبچێت بۆ بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی و جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، پەرلەمانی كوردستان كە ئەوكات ماوەی دوو ساڵ بوو پەكخرابوو، دەستی بەكاركردەوە و لە دانیشتنێكدا بڕیاری ریفراندۆمی پەسەندكرد. جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی تر هەمویان بەشداربون لە لیژنەی باڵای ریفراندۆم. سەرباری ناڕەزایەتی و كێشمەكێشی زۆر لەسەر ئاستی ناوخۆیی و فشارەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریكاو توركیاو ئێران، لەو وادەیەی كە دیاریكرابوو، ریفراندۆم بەڕێوەچوو. 21 رۆژ دوای بەڕێوەچونی ریفراندۆم، حكومەتی عێراق كە تازە لە كۆتایی شەڕی دژ بە "داعش" نزیكدەبوەوە، بەشێوەیەكی كرداری ئاڕاستەی شەڕی گۆڕی بەرەو ئەو ناوچانەی كە لەدوای ساڵی 2003 و كەوتنی سەددامەوە كەوتبونە ژێر كۆنترۆڵی كورد.  كۆكردنەوەی هێز.. سەرەتای روداوەكان حكومەتی عێراق كە خۆی لە بنەڕەتەوە بە بیانوو بوو لە دەسەڵاتی كورد بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان، لەدوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بەهانەی شەڕی لەدژی كورد دەستكەوت، ئەوەشی زیاتر پاڵی بە سوپای عێراقەوە نا هێرش بكات، بەڕێوەچونی ریفراندۆم بوو لەو ناوچانە. سوپای عێراق هەڵمەتی سەربازی بۆسەر "داعش" لە قەزای حەویجەی سەربە پارێزگای كەركوك دواخست بۆ دوای شەڕی موسڵ، ئەمە پەیامێكی روون بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەر لە ریفراندۆم كە سوپای عێراق جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك، بەڵام ئاستی هەڕەشەكە بە هەند وەرنەگیرا. سوپای عێراق بەبیانوی شەڕی حەویجەوە هێزێكی زۆری لە سنوری كەركوك كۆكردەوە، بەر لە شەڕی حەویجە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی كەركوكی كرد، دەسەڵاتدارانی عێراق وایان نیشان دەدات كە بەهاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەگە هێرش دەكەنەسەر "داعش" لە حەویجە، بەمشێوەیە سوپای عێراق هێزی خۆی لە سنورەكە جێگیركرد وەكو ئامادەكارییەك بۆ گەڕانەوە بۆ ناو كەركوك. بەوشێوەیەی بڕیاری لێدرابوو، سوپای عێراق هێرشی كردەسەر "داعش" لە حەویجە و سنورەكەی كۆنترۆڵكرد، هێزی پێشمەرگە بەهیچ جۆرێك بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەدا نەكرد، دوای حەویجە، سوپای عێراق بەتەواوەتی دەستی كرایەوە بۆ روبەڕووبونەوەی پێشمەرگە. حكومەتی عێراق كە سەرەتا داوای دەكرد پێشمەرگە تەنیا ئەو ناوچانە رادەست بكاتەوە كە لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" لە ساڵی 2014 وە دەستی بەسەردا گرتوون، بەڵام ئێستا كە شەڕ كۆتایهاتووە، دەیەوێت دەسەڵاتی كورد بگەڕێنێتەوە بۆ سنوری هەرێمی كوردستان بەر لە روخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا. قایمكردنی سەنگەرەكان سوپای عێراق لە نزیك هێزەكانی پێشمەرگە دەستیكرد بە لێدانی سەنگەر، هێزەكانی فیرقەی نۆی تانك و پۆلیسی فیدراڵی و فیرقەی ئاڵتونی و حەشدی شەعبی لەناوچەكەدا كۆبونەوەو ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنی قورسیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا، لە رۆژی 14ی ئۆكتۆبەرەوە دەستیان بە جموجوڵ كرد. هەڕەشەی هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆسەر پێشمەرگە لە سنوری كەركوك گەیشتە خاڵی سفر، هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەستیان بە مەترسیداری دۆخەكە كردبوو، دەرگای گفتوگۆیان لەگەڵ سەركردەكانی حەشدی شەعبی كردەوە بەمەبەستی رێگریكردن لە رودانی شەڕ، سەركردەكانی حەشد دەستپێشخەرییان بۆ گفتوگۆ قبوڵكرد، شەڕ لەبەردەرگای پێشمەرگەدا بوو، سەركردەكانی حەشد دووجار مۆڵەتیان بە فەرماندەكانی پێشمەرگەدا و هێرشیان دەستپێنەكرد، جاری یەكەم ماوەی (48) كاتژمێر و جاری دووەم ماوەی (24) كاتژمێر، بەڵام گفتوگۆكان هیچ شتێكیان لێ سەوز نەبوو. رۆژی 15ی ئۆكتۆبەر، پەرەسەندنێكی خێرا رویدا، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ (حاجی ئیقبال پور) و (ئەبو عەممار) كە دەوترێت دوو فەرماندەی سەربازی ئێرانین، سەردانی بارەگای میحوەری (4)ی كەركوكی هێزی پێشمەرگەیان كرد، دوای كۆبونەوەكە، وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەرەكە ئاشكرایكرد، ئیڤبال پور و ئەبو عیماد پێیانوتون، بەخۆشی بێت یان ناخۆشی دەبێت پێشمەرگە ئەم شوێنانە رادەستی هێزە عێراقییەكان بكات: •    سەربازگە كۆنەكانی كەركوك •    بیرە نەوتەكان •    جادە حەولییەكەی كەركوك تاوەكو گوندی كەڵوڕ لەنێوان ناحییەی پردێ و شاری كەركوك، كە شەقامی سەرەكی كەركوك- هەولێر كۆنترۆڵ دەكات پێشمەرگە بەم پێشنیازانە قایل نەبوو، ئیقباڵ پور و ئەبو عیماد كە دڵنیابوون، پێشمەرگە ئامادە نییە ئەو ناوچانە رادەستبكات، بە وەستا رەسوڵی فەرماندەی میحوەری (4)یان رایگەیاند: •    لەم ساتەوە چاوەڕوانی ئەوە بكەن هێرشی دەستپێدەكات •    تاكە هۆكارێك كە هێرشەكەمان رابگرێت، ئەوەیە چاوەڕوانی كۆبونەوەی دوكان دەكەین، ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كور بڕیاریدا لەچوارچێوەی دەستوردا كێشەكانی لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات، هێرش ناكرێت كۆبونەوەكەی دوكان رۆژی 15ی ئۆكتۆبەر لە قەزای دوكان كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو، مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی كۆبونەوەكەی دەكرد، لە لایەنی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو مەلا بەختیار بەشداربون، پاشان بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی دەچێتە ناو كۆبونەوەكەوەو دەڵێت" دەبێت لێكتێگەیشتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بكەین، ناچارین ئەو لێكتێگەیشتنە بكەین"، مەسعود بارزانی بە بەرپرسانی یەكێتی دەڵێت" هیچ رێككەوتنێك لەئارادایە؟"، كۆسرەت رەسوڵ‌و مەلا بەختیار دەڵێن" نەخێر، چونكە هێز لای ئێمەیەو ئەگەر رێككەوتنێك هەبێت، دەبێت ئێمە ئاگاداربین"، ئەمە وا دەكات بارزانی زۆر گوێ بۆ قسەكانی بافڵ تاڵەبانی شل نەكات. راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی دوكان هیچ شتێكی تێدا نەبوو كە وەڵامدەرەوە بێت بۆ راگرتنی هەڕەشەكانی (ئیقبال پور و ئەبو عیماد)، بەدیاریكراویش راگەیاندنی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا كێشەكانی لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكات. رێككەوتنی یەكێتی و حكومەتی عێراق لە رۆژانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر، كاتێك ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی توندبونەوە لەبارەی هۆكارەكانی لەدەستدانی كەركوك و لەلایەكی تر پارتی هێرشی راگەیاندنی توندی دەكردەسەر هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی و تۆمەتباری دەكردن بە "خیانەت"، بافڵ تاڵەبانی دەقی رێككەوتنێكی نێوان یەكێتی و حكومەتی عێراقی بڵاوكردەوە، كە بەپێی قسەی خۆی، لە رۆژی 14ی ئۆكتۆبەردا لەلایەن (38) كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتییەوە ئیمزای لەسەر كراوە. دەقی رێككەوتنەكەی یەكێتی و حكومەتی عێراق بۆ رێگرتن لە روودانی شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە سنوری كەركوك، ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت: •    سەركردایەتی سەربازی هاوبەش لەسنوری كەركوك پێكبهێنرێت، نوێنەری هێزەكانی ئەمریكاو پێشمەرگەو سوپای عێراقی تێدا بێت. ئەركی سەرەكی بریتییە لە دابینكردنی ئاساییش‌و ئارامی لەو ناوچانەو بارەگاكەشی لە سەربازگەی كەیوانی شاری كەركوك دەبێت. •    هیچ هێزێكی سەربازی نەهێنرێتە ناو شاری كەركوك. •     كێشەو ناكۆكییەكانی تر لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەڕێگەی دیالۆگ لەچوارچێوەی دەستوردا چارەسەر بكرێت. •    نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەمریكا هاوكار‌و پشتیوان بن بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە.  رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر، مەسعود حەیدەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی‌و هادی عامری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی رێككەوتنیان كردووە بۆ گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ ناوچە دابڕاوەكان. بەپێی قسەی مەسعود حەیدەر، ئەو رێككەوتنەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و هادی عامری، بەسەرپەرەشتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێوەندگیری قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران كراوە. ئەو پەرلەمانتارە كوردە، ئەوكات ئاماژەی بەوەكردووە، خاڵەكانی ئەو رێككەوتنە لە بیرۆكەیەكی فەرەنسییەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ئیدارە یان دوو هەرێم، بۆ ئەوەی بەوتەی ئەو، كورد بیر لە مافی چارەی خۆنوسین نەكاتەوە لە ئایندەی نزیكدا. ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە بەپێی ئەوەی مەسعود حەیدەر لەوكاتەدا بڵاویكردەوە، ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت: •    گەڕانەوەی هێزەكانی عێراق بۆ ناوچە دابڕاوەكان‌و كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بەبێ شەڕ. •    تەسلیمكردنی 17 یەكەی ئیداری (قەزاو ناحیەو ناوەندی كركوك) بە دەسەڵاتی ئیتحادی كە لەدوای ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدارەی ئەدات. ئەگەر ئەوانە تەسلیم نەكرێت، ئەوا عێراق داوای 11 یەكەی ئیداری تریش دەكات كە پاش 2003 هەرێم ئیدارەی ئەدات. كۆی گشتی دەبێتە 28 یەكەی ئیداری. •    ناوەندی كەركوك ئیدارەی هاوبەش دەبێت، 15 گەڕەكی كوردی لەلایەن كوردەوە ئیدارە ئەدرێت‌و 25 گەڕەكی تری پێكهاتەكانی تر خۆیان ئیدارەی ئەدەن‌و ئەم حاڵەتە بۆ شەش مانگ بەردەوام دەبێت. •    جێگا ستراتیژییەكانی كەركوك لەلایەن حكومەتی ئیتحادی بەڕێوەدەبرێت، سەربازگەی كەیوان‌و فڕۆكەخانەو بیرە نەوتەكانی كەركوك. •    كردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی بەڕووی گەشتی نێودەوڵەتیدا. •    پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی‌و كەركوك لەلایەن حكومەتی ئیتحادییەوە. •    پێدانی مووچەی پێشمەرگەی سنووری سلێمانی بەپێی لیستی ئامادەكراو لەلایەن بافڵ تاڵەبانی. •    دروستكردنی هەرێمی هەلەبجە- سلێمانی- كركوك. •    تەشكیلكردنی حكومەتێك بۆ ئەم هەرێمە نوێیە. بارزانی لە هەڵوێستی وڵاتان تێنەگەیشت! پێش ئەوەی بافڵ تاڵەبانی هەواڵی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقی پێبدات، بارزانی چەندین هەواڵی تری سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی لەبارەی ریفراندۆمەوە بیست، بەڵام گوێی بەهیچ یەكێك لەو هەڵوێستانە نەدا. ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو یەكێتی ئەوروپاو توركیا و ئێران بەفەرمی دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆم راگەیاند، روسیا هەڵوێستی روون نەبوو، ئیسرائیل تاكە وڵات بوو بەفەرمی پشتیوانی ریفراندۆمی كرد، بارزانی پشتی لە هۆشداریدانی ئەو وڵاتانە كرد لەبارەی سازدانی ریفراندۆم، بۆیە لە 16ی ئۆكتۆبەردا، جیهان بێدەنگ بوون لە هێرشی سوپای عێراق بۆسەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تر. 16ی ئۆكتۆبەر چی رویدا؟ كاتێك هەوڵە سیاسییەكان بۆ چارەسەر نەگەیشتە ئەنجام و كۆبونەوەی دوكان هیچ وەڵامێكە قایلكەری نەدایەوە كە هێرشی سوپای عێراق رابگرێت، شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆكتۆبەر كاتژمێر (9:30) خولەك هێزە عێراقییەكان دەستیان بە جموجوڵ كرد بە ئاڕاستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سنوری كەركوك. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە كۆیكردوەتەوە، بڕیاربووە سوپای عێراق كاتژمێر (1)ی شەو هێرش بكات، بەڵام كاتێك بینیویەتی هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشێ دەكەن، هەرزوو هێرشەكەی دەستپێكردووە. كشانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ خەڵك چاوەڕواننەكراو بوو، چونكە ئەوكات وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری باشوری هێزی پێشمەرگەی كەركوك كە سەربە یەكێتییە لێدوانێكی داو وتی:" تەمەننا ئەكەین بێن ئەوەندەیان پێ دەڵێن با بێن.. حەشدی شەعبی دوژمنمانن"، هاوكات كەمال كەركوكی فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركوكی هێزی پێشمەرگە كە سەربە پارتییە رایگەیاند:" ئەگەر بێن دەرسێكیان پێدەدەین قەت لەبیریان نەچێتەوە". دوای ئەم قسانە، هێزەكانی (70) كە سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوون، پاشەكشێیان كرد، هێزەكانی (80)ش كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بە هەمان شێوە كشانەوە، دیمەنی كشانەوەی پێشمەرگە هەرزوو میدیاكانی جیهانی داگیركرد، خەڵێكی زۆری كورد كەركوكیان بەرەو شارەكانی هەرێمی كوردستان جێهێشت، لە شارەكانی هەرێم خەڵك بە خەمبارییەوە پێشوازییان لە هەواڵی شكانی هێزی پێشمەرگە كرد، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك كە سەربە یەكێتی بوو، شارەكەی جێهێشت و رووی لە هەولێر كردو لەوكاتەوە تائێستا هەر لە هەولێرە، هەندێك دەڵێن بووە بە پارتی، بەڵام خۆی ئەو قسانە رەتددەكاتەوە. بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی دابەشبوون بەسەر دوو بۆچوندا، بەرەیەك كشانەوەی پێشمەرگەی وەكو "خیانەت" ناودەبرد، بەرەكەی تر دەیانوت" كشانەوەكە تەكتیكییە و هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق نابەرامبەرەو كورد لەو شەڕەدا زیانی گەورەی بەردەكەوت ئەگەر پاشەكشێ نەكات"، لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا، هەندێك لەسەركردەكانی تری یەكێتی باسیان لەوەدەكرد، پێشمەرگە بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق كشاوەتەوە، ئاراس شێخ جەنگی برای لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری كە سەربە یەكێتییە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر لەناو شاری كەركوك دەركەوت و داوای لە خەڵك كرد بگەڕێنەوە، لەرۆژانی دواتردا زیاتر ناوی ئاراس شێخ جەنگی لە میدیاكانی كوردستانەوە درەوشایەوە، پارتییەكان وەكو "خیانەتكار" ناویان دەبرد، هەندێك لە یەكێتییەكانیش بەرگرییان لێدەكرد. ئاراس شێخ جەنگی ئەوكات رایگەیاند، ئەوان بەو هەنگاوەیان كەركوكیان لە كارەسات رزگاركردووە، چونكە گرتنی كەركوك لەلایەن هێزە عێراقییەكان لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیدا بووەو توركیا و ئێران و تەنانەت ئەمریكاش پشتیوانی ئەوەیان كردووە دۆخی كەركوك بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش ساڵی 2003. هەر ئەو رۆژانە بوو كە ئاراسی شێخ جەنگی هێرشی توندی دەكردەسەر بنەماڵەی بارزانی تۆمەتباری دەكردن بەوەی هۆكاری ئەو روداوانە بوون كە بەسەر كەركوكدا هاتووە و ئەوان نەوتی كەركوكیان دزیوە. ئاراس شێخ جەنگی بەرگری لە گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان دەكرد بۆ كەركوك و دەیوت، ئەگەر حكومەتی ناوەند بگەڕێتەوە بۆ كەركوك خەڵك بارودۆخیان باشتر دەبێت، چونكە لە حكومەتی ناوەنددا یاسا سەروەرە، ئەمەش باشترە لەوەی لە كەركوك یەكێتی و پارتی دوو هێزی ئاسایشیان هەبێت، ئەو هەر لەو رۆژانەدا باسی لەوەدەكرد، لەماوەی 24 كاتژمێردا پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دادەنرێت و پارێزگار كورد دەبێت و كەسێكی یەكێتی دەبێت، بەڵام تائێستا پارێزگارێكی عەرەب بە وەكالەت كاروباری كەركوك بەڕێوەدەبات، چەند رۆژێكە هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی یادی 16ی ئۆكتۆبەر، یەكێتی هەوڵی ددەستپێكردووە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار. رۆژی 12/12/2017 ئاراسی شێخ جەنگی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" ئامادەم بچمە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و هەموو راستی رووداوەكان وەكو خۆی لەبەردەم ئەندام پەرلەمان و راگەیەندكاران بۆ هەموو هاوڵاتیان روون بكەمەوە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی ئەوەی نایەوێت خەڵك راستییەكان بزانن، رێگری دروستدەكەن". رۆڵی نەوت لە 16ی ئۆكتۆبەردا  كۆنترۆڵكردنی هەردوو بیرە نەوتی (ئاڤاناو بای حەسەن) لەلایەن پارتییەوە لەدوای هاتنی "داعش" بۆ ناوچەكە و كشانەوەی هێزەكانی عێراق، دەمێك بوو یەكێتی نیگەران كردبوو، پارتی لەو دوو بیرەوە رۆژانە زیاتر لە (260 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، وەكو باسدەكرێت یەكێك لە هۆكارەكانی رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەبارەی كەركوكەوە پەیوەندی بەو بیرە نەوتانەوە هەبووە. بەشێكی تری هۆكاری روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە پارتی كە دەستی بەسەر نەوتی ئەو دوو بیرەی كەركوكدا گرتووە، رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسی كردووە، لە حاڵێكدا حكومەتی عێراق رێككەوتنی لەبارەی نەوتەوە لەگەڵ كۆمپانیای (بریتش پترلیۆم)ی بەریتانی هەبووە، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر، كۆمپانیا بەریتانییەكە رێككەونی لەگەڵ راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت كردو هەرزوو رێككەوتنەكەش چووە بواری جێبەجێكردنەوە،  ئەمەش بە ئاگاداری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق. كورد نیوەی خاكەكەی لەدەستدا! ئەوە لە كەركوك‌و بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم رویدا، تەنها روداوێكی ئاسایی‌و كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك نەبوو لەلایەن حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكانەوە، بەڵكو لەدەستدانی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان بوو بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، كە لەماوەی سێ ساڵی پێشتردا بەخوێنی (هەزارو 700) پێشمەرگەو برینداربوونی زیاتر لە (12 هەزار) پێشمەرگەی تر لە شەڕی دژ بە "داعش"دا بەدی هاتبوو. ئەوەی لەماوەی (5 كاتژمێر)دا لە كەركوك‌و بەشێك لەناوچە كوردستانییەكانی تر دەرەوەی هەرێم روویدا لەدەستدانی زیاتر لە (12 هەزار) كیلۆمەتر دووجا خاك بوو، بەو پێیەی پارێزگای كەركوك بەتەواوی لەگەڵ قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین‌و ناحیەكانی جەلەولاو قەرەتەپەو جەبارە لە پارێزگای دیالە بەتەواوەتی كەوتنە دەست حەشددی شەعبی و هێزە عێراقییەكان. سەرباری ئەوەی هەردوكیان یەكتری بە "خیانەتكردن" تۆمەتبار دەكەن، بەڵام بە تەماشاكردنی نەخشەی ئەو زەوییانەی كە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە رادەستی سوپای عێراق كراون، دەردەكەوێت هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم بەرپرسیارن لەو شكستە مێژوییە. یەكێتی و پارتی كەمیان زیاتریان لەدەستداوە؟ لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە سنوری ناوچەی دەسەڵاتی یەكێتی (11 هەزارو 800) كیلۆمەتر دوجار خاكی هەرێمی كوردستان كەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەكانەوە، لە سنوری دەسەڵاتی پارتیش  (15 هەزارو 400) كیلۆمەتر خاك رادەستكراوە، سەرباری ئەوەی پارتی یەكێتی تۆمەتبار دەكات بە "خیانەتكردن"، بەڵام ئەو روبەرەی كە خۆی لەو رۆژانەدا چۆڵیكردووە بۆ هێزە عێراقییەكان، لە روبەرەكەی یەكێتی زیاترە. روبەڕی گشتی خاكی ناوچە جێناكۆكەكان (44 هەزارو 330) كیلۆمەتر دوجایە، ئەم روبەرە رێژەی 51.4ی كۆی گشتی خاكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. لەو روداوانەدا، یەكێتی نیشتمانی دەسەڵاتی لەم ناوچانە لەدەستدا: •    كەركوك •    داقوق •    خورماتوو •    دوبز •    خانەقین •    جەلەولا •    قەرەتەپە •    پردێ لەو روداوانەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان دەسەڵاتی لەم ناوچانە لەدەستدا: •    رۆژئاوای كەركوك •    مەخمور •    گوێر •    شەنگال •    سنونێ •    زوممار •    رەبیعە •    بەعشیقە


راپۆرتی: درەو میدیا بڕیارە ڕۆژی سێ‌ شەممەی داهاتوو ڕێكەوتی 16 ئۆكتۆبەر، كە ساڵیادی دەستبەسەراگرتنەوەی شاری كەركوكە لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ هەڵببژێرێت و بەپێی زانیارییەكانی "درەومیدیا" خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆرترین چانسی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. پارتی ئاستەنگ دروست دەكات پارتی دیموكراتی كوردستانیش ڕێكخستن و لایەنگر و ڕێكخراوەكانی سەربە حزبەكەی ئاگاداركردوەتەوە خۆیان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایی ئامادەبكەن، لەژێر ناوی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و هەڵگرتنی ئەو خاڵە گومرکییانەی كە بەم دواییانە حكومەتی عێراق لەنێوان كەركوك و شارەكانی هەرێمی كوردستان دایناون. پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەدوای 16 ئۆكتۆبەرەوە تائەم ساتەش لە زاری بەشێك لە بەرپرسانییەوە كەركوك بە شارێكی داگیركراو ناودەبات و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا هیچ كاندیدێكی ڕەسمی نەبوو لەو پارێزگایە،  لەماوەی ڕابردوودا هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆئەوەی پارێزگاری ئەو پارێزگایە وەربگرێت، دەنگۆی ئەوەش بە بەهێزی لەئارادابووە كە ململانێكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار زیاتر بۆ فشاركردن بووە لە یەكێتی تا دەستبەرداری پۆستی پارێزگار بێت، ئەوە لە كاتێكدایە پارتی بەردەوام ئەو زانیارییانەی ڕەتكردوەتەوە، بەڵام بەیەكلابونەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرەژوەندی یەكێتی، پارتی تەواو بێهیوابوو لە پۆستی پارێزگاری كەركوك. ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت، كە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەیە تیایدا، كورسییەكانی بەمشێوەیە دابەشبووە،  لیستی برایەتی كورد 26 ئەندامە كە (12 پارتی، 6 یەكێتی، 3 یەكگرتوو،  شیوعی، 2 عەرەب ، 1 مەسیحی، 1 توركمان)، (عەرەب 6 ئەندام ، توركمان 9 ئەندام)، پارتی بەدرێژایی ساڵی ڕابردودا ئامادەنەبووە ئەندامەكانی بگەڕێنێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەپاساوی ئەوەی كەركوك داگیركراوە و تا حەشدی شەعبی  نەكشێتەوە و دۆخی شارەكە ئاسایی نەكرێتەوە ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا. یەكێتی و عەرەب و توركمان پۆستەكانیان بەشكردووە لەدوای دەستبەراگرتنەوەی شاری كەركوك لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، حكومەتی عێراق پارێزگارێكی عەرەبی بەوەكالەتی بۆ دانا ئەوەش لە كاتێكدایە كە كورد زۆرینەی پارێزگاکە پێكدێنێت و بەپێی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەكۆی 12 كورسی پارێزگاكە 6 كورسی بەدەستهێناوە و لە خولی پێشوتریشدا لە 12 كورسییەكە 8 كورسی پەرلەمانی عێراقی هەبووە. بەپێی زانیارییەكانی " درەومیدیا" ، یەكێتی تائێستا توانیویەتی دوو ئەندامی یەكگرتوو لەگەڵ دوو ئەندامی حزبی شیوعی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ڕازی بكات و  عەرەب و توركمانەكانیشی ڕازیكردووە بۆئەوەی نیسابی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تەواوبكەن و بەوەش پێویستی بەئامادەبونی ئەندامەكانی پارتی نابێت، ئەوە لە كاتێكدایە توركمانەكان داوای سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگری پارێزگاری کەرکوک دەكەن، لە هەمان كاتدا داوادەكەن پارێزگار بەشێوەیەكی دەوری بێت واتە هەر چوارساڵ جارەو بۆ یەكێك لە پێكهاتەكانی كەركوك بێت، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە پۆستەكانی كەركوك بەمشێوەیە ڕێكەوتنی لەسەر كراوە، پارێزگار بۆ كورد(یەكێتی) و جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای  بۆ پێكهاتەی توركمان. 


(درەو میدیا): پارتی بەنیازە هۆشیاری زێباری بنێرێتەوە بۆ بەغداد و وەزارەتی دەرەوە یان دارایی بۆ وەربگرێتەوە كە لەكابینەی پێشوودا وەزیری دارایی بوو، بە تۆمەتی گەندەڵیی لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی لێ سەندرایەوە. سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە بەغداد بە " درەو میدیا"ە ڕاگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دەرەوە یان دارایی و سپاردنی بە هۆشیار زێباری. ئاشكراشیكرد، چەند ڕۆژێكە هۆشیار زێباری هاتوەتە بەغداد و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكان لە پەیوەندیدایە، بەدوریشی زانی سەرۆكی حكومەتی ڕاسپێردراو پۆستی وەزارەتی دارایی بە هۆشیار زێباری بدات، بەوپێیەی لە كابینەی پێشوی حكومەتدا، وەزیری دارایی بووە و بەتۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی پەرلەمانی عێراق متمانەی لێسەندەوە. هەوڵەكانی پارتی بۆ وەرگرتنی یەكێك لە پۆستە سیادییەكانی بەغداد لەكاتێكدایە، سەرچاوەكانی هەواڵ لە چەند ڕۆژی ڕابردوو زانیاری ئەوەیان بڵاوكردەوە كە پارتی بەنیازە وەزارەتی دەرەوە وەربگرێت و فوئاد حسێن بۆ ئەو پۆستە ڕابسپێرێت، بەڵام تائێستا دیارنیە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەچ ئالیەتێك وەزارەتەكانی كابینەی داهاتوو دابەشدەكات، وەك بەشێك لە ئاگایانی دۆخی عێراقیش دەڵێن، ئەوە هۆكاری سەرەكی پشتی ئەو هەڕەشانەیە كە پارتی دەیكات بەوەی بەشداری حكومەتی داهاتوو ناكات و، مەبەستی دروستكردنی فشارە بۆ وەرگرتنی یەكێك لەو دوو وەزارەتە(دارایی یان دەرەوە).   


( درەو میدیا): بەهۆی چڕبونەوەی فشارە نێودەوڵەتیەكان لەسەر دەسەڵاتدارانی سعودییە بۆ ئاشكراكراكردنی چارەنوسی نوسەر و ڕۆژنامەنوس (جەمال خاشقچی)، ناوەندەكانی بڕیاری ئەو وڵاتە لەهەوڵی ڕزگاكردنی ناوبانگی (محمەد بن سەلمان) جێنشینی پادشای سعوییەدان لەكاردانەوەكانی دۆسیەی دیارنەمانی ئەو ڕۆژنامەنوسە، لەو چوارچێوەیەشدا بەدوای خستەڕووی كۆمەڵێك گریمانەدا دەگەڕێن، كەیەكێكیان هەوڵی ڕازیكردینی دەسەڵاتدارانی توركیا بەبڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكی هاوبەش كە گوایە خاشقچی بە جەڵتەی مردووە، ئەم زانیارییانە ڕۆژنامەی (دەیلی تەلەگراف)ی بەریتانی لەژمارەی ئەمرۆیدا ئاشكرایكردووە. ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، حكومەتی ڕیاز هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە تا قەناعەت بەتوركەكان بێنێت بەیاننامەیەكی هاوبەش بڵاوبكەنەوەو تیایدا باس لەمردنەكەی خاشقچی بكەن، بەجۆرێك بێت كەمترین زیان بەناو و ناوبانگی جێنشینی سعودییە بگەیەنێت، كە پەنجەی تۆمەتی بۆ لەدیارنەمانی خاشقچی درێژدەكرێت .  یەكێك لەو سیناریۆیانەی ڕۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، ئەوەیە، بوترێت خاشقچی بەجەڵتەی دڵ مردووە و تەرمەكەی لەلایەن دبلۆماسیەكانی سعودییەوە شاردراوەتەوە لەترسا، ڕۆژنامەكە بەدوری زانیوە توركیا ڕەزامەندی لەسەر ئەوسیناریۆیە دەربڕێت، بەتایبەت كە پێشتر بەرپرسانی ئەووڵاتە ڕایانگەیاندووە، پیاوانی ئەمنیی سعودییە پرۆسەی كوشتنەكەی خاشقچیان ئەنجامداوە.  سەرچاوەكە ڕاشیگەیاندوە، توركیا دەستیكردووە بەچڕكردنەوەی  فشارەكانی، دوای ئەوەی دوێنێ‌ شەممە سعودییەی تۆمەتباركرد بەهاوكارینەكردن لەمەسەلەی لێكۆڵینەوە لەدۆسیەی دیارنەمانی خاشقچی. ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف لەڕاپۆرتەكەیدا ئەوەشی ئاشكراكردووە،  جێنشینی پادشای سعودییە بانگهێشتی ئەمیر خالید بن سەلمانی برابچوكی و باڵیۆزی سعودییە لەواشنتۆن كردۆتەوە بۆ وڵاتەكەی، بۆ تاتوێكردنی چۆنیەتی ڕازیكردنی هەریەك لەكۆشكی سپی و كۆنگرێسی ئەو ئەمریكا.  هەر لەچوارچێوەی زانیارییەكانیدا هاتووە، بن سەلمان تیمێكی لەبەرپرسانی سعودییە ڕەوانەی ئەنكەرە كردووە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی توركیا، كە لەچوارچێوەی تیمێكی هاوبەش كە بەمنزیكانە پێكهاتووە، بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی خاشقچی،  وەك ڕۆژنامەكە دەڵێت، سعودییە دەیەوێت بەناردنی ئەم تیمە و  ئەنجامدانی كاری هاوبەش لەگەڵ توركیا ئەو پەیامە بگەیەنێت كە دۆسیەی خاشقچی بەجدی گرتووە، لەهەمانكاتدا گرەو لەسەر ئەوەش دەكات كە پرۆسەی لیكۆڵینەوە هەندێك كاتی بۆ بگەڕێنێتەوەو دەرفەتی ئەنجامدانی گرێبەستێكی بۆ بڕەخسێنێت.    


( درەو میدیا): عەممار حەكیم لەهەوڵی ڕازیكردنی لایەنە كوردییەكاندایە بەو پشكەی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەحكومەتی داهاتوو بۆیان دیاریدەكات، نەك ئەوەی خۆیان داوای دەكەن. كەمێك لەمەوبەر وەفدێكی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم گەیشتە شاری هەولێر و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكرانی كوردستان پرسی بەشداری كورد لەحكومەتی داهاتووی عێراق تاتوێبكەن. هەر لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا، بڕیارە سبەینێ حەكیم بگاتە سلێمانی و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەكان بۆ هەمان مەبەست كۆببێتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە(درەومیدیا)ی، ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت ئەو پەیامە بەلایەنە عێراقییەكان بگەیەنێت كە تائێستا خۆی یەكلاینەكردۆتەوە بەشداری لەحكومەتی ئایندە دەكات یان نا، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش خۆی یەكلایكردۆتەوەو بەشداریدەكات، بەڵام هاتنی وەفدەكەی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە بۆ دانوستان نیە لەگەڵ لایەنە كوردییەكان لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان هاوشێوەی كابینەكانی ڕابردوو، بەڵكو بۆ رازیكردنیانە بە بەشداریكردن لەحكومەتی داهاتو و بەوپشكەی كە عادل عەبدولمەهدی بۆیان دیاریدەكات. كورد لەكابینەكانی ڕابردودا، جگە لەپۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، وەزارەتێكی سیادی كە (دەرەوە یان دارایی) و چەند وەزارەتێكی تریشی وەرگرتوە، بەڵام پێناچێت لەحكومەتی ئایندە بەهەمان پێگەو قەبارە پۆست وەربگرێتەوە، بەوپێیەی شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەزاران كەس لەسەرانسەری عێراق لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە داواكارییان پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كردووە بۆ وەرگرتنی وەزارەت.


(درەو میدیا): داوایانكرد پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چارەسەرێكی دیموكراتی ‌و ڕیشەیی بۆ كێشەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بدۆزرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا كە ناویان لێنابوو "پڕۆژەی هەستانەوەی گۆڕان"، پرۆژەكە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ڕابردوودا بەئیمزای چەند هەڵسوڕاوێكی گۆڕان پێشكەشی ڕێكخەری گشتی ‌و خانەی ڕاپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتمانی كرا، وەك خۆیان دەڵێن لەگەڵ دەستنیشانكردنی وردی زۆرێك لە نەخۆشییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، نەخشەڕێگای چارەسەریشی تێدا خراوەتەڕوو. دواخستنی كێشەكان.. قورسترین نەخۆشی حزب "پڕۆژەی هەستانەوەی گۆڕان" لە ناوخۆی گۆڕان كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو، بەوتەی یەكێك لە نوسەرانی پڕۆژەكە، زۆرێك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی‌و جڤاتی گشتی‌و ئۆرگانە جیاوازەكانی گۆڕان پشتیوانی لێدەكەن، بەڵام لەسەروتر ئەو پشتیوانییەیان نەبینیوە‌و تەنها ئەوەندەیان پێوتون" پرۆژەكەتان بخەنە داوای هەڵبژاردن، گۆڕانكاری سەرتاسەری دەكەن‌و دەستكاری تەواوی جومگە و ئۆرگانەكانی گۆڕان دەكەن"، ئەمە بەوتەی یەكێك لە نوسەرانی پرۆژەكە. دواخستنێك كە لەزمانی سیاسییدا پێی دەوترێت "دواخستنی كێشەكان ‌و كەڵەكەكردنی تا لە خاڵێكدا دەتەقێتەوە"، ئەمەش كێشەیەكە كە زۆر لە حزبە كوردییەكان ئالودەی بوون‌و دونیایەك كێشەیان لە هەناوی خۆیاندا گلداوەتەوە و زۆرجار لەشێوەی كەرتبوون ‌و جیابونەوە و شێوازی تری پەرتەوازەبووندا، خۆی بەرجەستە دەكات. گۆڕینی كێلونی دەرگا سەرەتای گۆڕانكارییەكان  زۆرێك لە لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە زمانی سیاسی بزوتنەوەكەیاندا پێیان دەوترێت "گۆڕانخوازان" چاوەڕوانبوون بزوتنەوەكەیان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەلەبكات لە هەنگاوەكانی چاكسازی ‌و ئەو گۆڕانكارییانەی كە پێش هەڵبژاردن بەڵێنی جێبەجێكردنی دابوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی بزوتنەوەكە زیاتر لە (300 هەزار) دەنگی دەنگدەرانی‌و (12 كورسی)ی پەرلەمانی كوردستانی لەدەستدا، بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەكرابوو بۆ ئەو هەڵسوڕاوانەی كە خاوەنی پڕۆژەی "هەستانەوەی بزوتنەوەكە"یان ‌و زۆرێكیش لە گۆڕانخوازان بوو، ڕۆژی 10ی ئەم مانگە ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، عەبدوڵای مەلانوری یەكێك لەوانەی كە بەشداربووە لە نوسینی پرۆژەكەدا، ئاگاداركردوەتەوە كە كلیلی ژووری سكرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی ڕادەستی مەكۆی سەرەكی بكاتەوە و هەمان ڕۆژ كێلونی دەرگای سكرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی گۆڕیوە، ئەمە بەپێی بەیاننامەیەك كە ڕۆژی 11ی ئەم مانگە كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی گۆڕان بڵاویانكردوەتەوە و ئەم هەنگاوەیان بەسزای سیاسی ناوبردووەو هۆشداریشیان داوە لەوەی حزبەكەیان بەرەو حزبێكی داخراو دەبات ‌و هەموو هەوڵێكی چاكسازی پەكدەخات.  لە فەرمانی دەركردنەوە بۆ گۆڕینی كێلون  سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە " درەو میدیا"ی راگەیاند، فەرمانەكەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی سەرەتا دەركردنی عەبدوڵای مەلانوری ‌و هەڵسوڕاوەكانی تر بووە لە بزوتنەوەكە و دوایی گۆڕدراوە بۆ گۆڕینی كێلونی دەرگاكە. هەر بەپێی زانیارییەكانی "درەومیدیا"، لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە زیاتر لە (20) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان داوادەكەن شوێنێكیان بۆ دیاری بكرێت بۆ كۆبوونەوە لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ‌و بارودۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام رێگەیان پێنادەن كۆبوونەوەكە بكەن.  وردەكاری ڕووداوەكە رۆژی 10/10/2018 لەلایەن ئیدارەی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تەلەفۆن بۆ عەبدوڵای مەلانوری دەكرێت، كلیلی ژووری سكرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رادەستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بكات، كاتێك عەبدوڵای مەلا نوری پێی رادەیەگەیەنێت "ئەگەر كلیلی هەموو ژورەكانتان پێویستە و ژورێكی تر بۆ ئێمە دیاری دەكەن، ئاساییە، ئەگەرنا، كلیلتان بۆچیە ؟"، دوای نیو كاتژمێر عەبدوڵای مەلا نوری خۆی تەلەفۆن دەكاتەوە و پێی رادەیەگەنن" شوفێرەكەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كێلونی دەرگاكەی گۆڕیوە"، دوای ئەو روداوە، هەریەكە لە (د. ئەمین بەكر، د. شێركۆ حەمەئەمین، رەوەز هەڵكەوت) دەچنە لای رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و لەبارەی هۆكاری گۆڕینی كێلونی دەرگاكەوە پرسیاری لێدەكەن، رێكخەری گشتی پێیان رادەگەیەنێت" عەبدوڵای مەلا نوری هیچ سیفەتێكی رەسمی ‌و فەرمانێكی رەسمی نیە، ئەو ژوورە لۆبی تێدا دەكرێت، ئەوەش لەگەڵ بنەماكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەكناگرێتەوە". لەبەرامبەردا ئەو سێ كەسە بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانیان راگەیاندووە" بەڵی ئەوان كۆبونەوە دەكەن ‌و گفتوگۆ دەكەن لەسەر كێشەكانی گۆڕان، خۆ داعش كۆبونەوەی تێدا ناكات"، لەبارەی ئەوەی عەبدوڵای مەلانوری هیچ سیفەتێكی رەسمی نییە، بە رێكخەری گشتییان راگەیاندووە" جگە لە عەبدولڕەزاق شەریف كە نەوشیروان مستەفا فەرمانی رەسمی بۆ دەركردووە، هیچ كەسێكی تر لەناو بزوتنەوەكەدا رەسمی نیە و فەرمانی كاركردنی بۆ دەرنەكراوە".  رەوەز هەڵكەوت یەكێك لەو كەسانەی كە بەشداری كۆبوونەكە بووە زانیارییەكانی بۆ " درەو میدیا" پشتراستكردەوە، كە بە رێكخەری گشتییان راگەیاندووە" ئەو بڕیارە سزای سیاسییە و لەبەرامبەر ئەوەدایە كە ئەوان پرۆژەیان هەبووە بۆ چاكسازی لە گۆڕاندا، هەروەها لەبەرامبەر ئەو چاوپێكەوتنەی (عەبدوڵای مەلا نوری)یدایە، كە لەگەڵ ڕۆژنامەی (هاوڵاتی)دا ئەنجامیداوە. ڕێكخەری گشتی باسی هۆكارەكانی شكستی گۆڕان دەكات بەپێی قسەی ڕەوەز هەڵكەوت، ڕێكخەری گشتی زیاد لە جارێك لە دانیشتنەكەدا باسی لە هۆكارەكانی شكستهێنانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هۆكارەكەی گەڕاندوەتەوە بۆ ئەم خاڵانە:  •    ئەو گروپەی كە پرۆژەیان بۆ "هەستانەوەی گۆڕان" پێشكەشكردووەو داوای گۆڕانكارییان كردووە. •    چونە ماڵەوە و خۆبەدوورگرتنی (عوسمانی حاجی مەحمود) و (قادری حاجی عەلی). •     هەندێك كەموكوڕی لە خانەی راپەڕاندن ‌و سەركردایەتی گۆڕان. لەنێوان پاكتاو و پیلانگێڕییدا یەكێك لە بەشداربوانی پڕۆژەی "هەستانەوەی گۆڕان" بە"درەومیدیا"ی ڕاگەیاند" ئێمە چاوەڕێمان دەكرد، ئەوانەی گۆڕانیان بەم هەموو شكستە یەك لەدوای یەكە گەیاند، داوای لێبوردن بكەن ‌و دەستبەرداری پۆستەكانیان بن، ئەوانەی لەدەرەوەی گۆڕان بازنەی بڕیاردانیان دروستكردووە و هەوڵی بەبنەماڵەییكردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن، واز لە كەڵكەڵە و بەرژوەندییە شەخسیەكانیان بێنن ‌و هەوڵی هەستانەوەی گۆڕان ‌و ڕێكخستنەوەی ڕیزەكانی بدەن، بەڵام ئەوان كەوتونەتە كاردانەوە و دەرپەڕاندنی ئەو خەڵكانەی هەوڵی گێڕانەوەی شكۆ بۆ گۆڕان دەدەن". بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، لەدوای 30 ئەیلولەوە، لەبری داڕشتنی پلانی ڕێكخستنەوەی گۆڕان، پیلانی دەرپەڕاندنی ئەوانە داڕێژراوە كە خاوەنی پڕۆژەی "هەستانەوەی گۆڕان"ن ‌و لەناو خۆشیان بەوردی تەتەڵەی ئەو باسەیان كردووە و پیلانی پاكتاوكردنی هەموو ئەو دەنگانەیان داڕشتووە كە ڕەخنەی جدی دەگرن ‌و داوای ئەنجامدانی گۆڕانی ڕیشەیی دەكەن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. لەبارەی ئەنجامدانی هەنگاوەكانی گۆڕانكارییش سەرچاوەكە وتی: گۆڕانكاری بەوشێوەیە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت، نەك بەو شێوەیەی گۆڕان پێویستی پێیەتی ‌و خەڵك ‌و گۆڕانخوازانیش چاوەڕێی دەكەن.  لەلایەكی ترەوە، سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەو پێشهاتە بە" درەومیدیا"ی، ڕاگەیاند، عەبدوڵای مەلای نوری ‌و چەند هەڵسوڕاوێكی تری گۆڕان، لە ژووری سكرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی كۆبوونەوەی تایبەت ‌و پیلانگێڕی بوون ‌و هەنگاوەكانیان بۆنی ئەنجامدانی كودەتای لێهاتووە بەسەر دامەزراوە ڕەسمییەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، بۆیە ڕێكخەری گشتی ئەو هەنگاوەی گرتوەبەرو سنورێكی بۆ جموجوڵەكانیان داناوە. 


(درەو میدیا): لە گەرمەی ململانێی نێوەندە سیاسییەكاندا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو پەنجەرە ئەلیکترۆنیەكەی بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی وەزارەتەكان لە حكومەتی داهاتوو داخست. بەوتەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان، لەنێو 36 هەزار كەس لەوانەی لەڕێی ئینتەرنێتەوە داوایان پێشكەشكردووە، نزیكەی 200 كەسایەتیان لەو توانایانەن كە خاوەنی بڕوانانەی بەرزن و وڵاتانی تاراوگەیان كردووە بە نیشتمانی خۆیان، لە دیارترین ئەوانەی داوایان پێشكەشكردووە، (شەریف عەلی بن حسێن) سەرپەرشتیاری مەلەكی دەستورییە لە عێراق كە بەوەریسی عەرشی پادشایەتی دادەنرێت، خۆی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی وەزارەتی دەرەوە كاندیدكردووە. عەبدولمەهدی سەرقاڵی لێكۆڵینەوە دەبێت لە ژیاننامەی پێشكەشكارەكان و شیاوترینی ئەوانە دەبێت كە لەلایەن كوتلە سیاسییەكانەوە پێشكەشیكراون بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیان و پێشكەشكردنی بەپەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی متمانە بەكابینەی حكومەتەكەی.  گاڵتەكردنە بەعەقڵی هاوڵاتیانی عێراق نەدیم ئەلجابری سیاسی و ئەكادیمی بێلایەنی عێراقی لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت ڕایگەاندووە"كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن لەڕێی پەنجەرەی ئەلەكترۆنیەوە، لەسایەی قەیرانی متمانە لەنێوان شەقام ونوخبەی سیاسیدا، گاڵتەكردنە بەعەقڵی هاوڵاتی عێراقی" ڕونیشیكردۆتەوە"ئەو ڕێگایە بەمیانیزمێكی ناشیاو دادەنرێت بۆ هەڵبژاردنی كابینەی حكومەت، پێویست بوو لەبیری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراودا كۆمەڵێك كەسانی خاوەن لێهاتووی ناسراو هەبونایە و بەشەخسی قسەی لەگەڵ بكردنایە بۆ پڕكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی كە خۆی پێشنیازی بۆ دەكردن".  ڕاشیگەیاندووە" كاندید بۆ پۆست پێش هەمووشتێك سیاسیە، لە دیارترین خەسڵەتەكانیشی كاریزمابونی كەسایەتیەتی، دوای ئەو توانا سیاسی و ئیدارییەكانێتی، ئەم پرسەش بەهیچ شێوەیەك لەشێوەكان لەڕێی پێگەی ئەلەكترۆنیەوە دەرفەتی پێشكەشكردنی بۆ ناڕەخسێت، مەگەر ڕێككەوتنێكی پێشوەختە هەبێ لەگەڵ حزبەكان بۆ تێپەڕاندنی هەندێك لەو كەسایەتیانە بەو ڕێگایە، بەسیفەتی بێلایەن وتەكنۆكرات".  حزبەكان لەژێر ناوی پێكهاتەدا پۆستەكان دەبەن سەبارەت بەتێڕوانیشیی بۆ حكومەتی داهاتوو، جابری ڕایگەیاندووە" حكومەتی داهاتوو بەدوو قۆناغ بنیات دەنرێت، یەكەمیان: دابەشكردنی پۆستە سیادییەكانە بەسەر پێكهاتەكاندا، دووەمیشیان دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر ئەوپارتانەی لەژێر سایەی پێكهاتەكاندان". ئەوەش لەكاتێكدایە، وارسی عەرەشی پادشایەتی لە عێراق لەڕێی پەنجەرەی ئەلیکترۆنیەوە داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراقی كردووە، بەوەش تائێستا بۆتە ناودارترین ئەو كەسانەی لەو ڕێیەوە داوایان پێكشەكردووە، شەریف دواین كەسە كە لە خانەوادەی پادشایەتی عێراق ماوەتەوە كە سەرجەمیان لە ڕۆژی 14 تەمموزی ساڵی 1958 كوژران و، ناوبراو لەو كاتەدا لە دەرەوەی كۆشكی (ئەلرحاب) بوو . شەریف هەفتەی ڕابردوو لەڕێی كۆڕێكی دیالۆگەوە كە سەنتەری ڕافیدەین لە عێراق ڕێكیخستبوو، چەندین تێبینی سەبارەت بەسیاسەتی دەرەوەی عێراق دەستنیشانكرد و ڕایگەیاند"سیاسەتی دەرەوەی عێراق سودی لەو دەستكەوتانە نەبیینوە كە عێراق بەدەستهێناوە لەپێناو بەرژوەندی نیشتمانی، بۆ نمونە سەركەوتن بەسەر داعشدا، لەگەڵ ئەوەی عێراقییەكان دژی داعش شەڕیانكردو تێكیان شكاندن و كشانیان بەرەو سەرجەم وڵاتانی جیهان ڕاگرت، بەڵام ئەوانەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی عێراقن شكستیانهێنا لە تەرویجكردنی ئەو پرسە لە كۆنگرە نێودەوڵەتیەكان كە بۆ پشتیوانی عێراق ڕێكخران، لەوانەی كۆنگرەی كوێت".  عەبدولمەهدی ئازادە لە هەڵبژاردنی كابینەكەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند: ئەوان لە هاوپەیمانی فەتح و سائیرون ئازادی تەواویانداوە بەعادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەت و پێیانوتووە تەنها یەك مەرجیان هەیە ئەویش سەركەوتنە. عامری لە وتەیەكدا كە ئەمڕۆ  بە بۆنەی 37 ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی پێشكەشیكرد، داوای لەپەرلەمانی عێراق كرد پەلەبكات لە تەواوكردنی ئیستحقاقە دەستورییەكان و هەڵبژاردنی سێ‌ سەرۆكایەتیەكە، ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی نوێی كۆماری عێراق هەڵبژێردراون، بەڵام تائێستا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهێنراوە، كە بەپێی وادە دەستورییەكان كەمتر لەسێ‌ هەفتەی ماوە.


( درەو میدیا): ڕۆژنامەی (دەیلی سەباحی) توركی ئاشكرایكردووە، سەعاتەكەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسی سعودی لەجۆری (ئەپڵ) بووە و ساتەوەختی لێكۆڵینەوە لەگەڵی و ئەشكەنجەدانی تۆماركردووە، ڕاشیگەیاندووە، ئەو دۆسیانەی سەعاتەكەی خاشقچی تۆماریكردووە كەوتۆتە دەست دەسەڵاتدارانی توركیا. ڕۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، تیمە سعودیەكە هەوڵیان داوە هەندێك لەو دۆسیانەی سەعاتەكەی خاشقچی تۆماریكردووە بیسڕنەوە، توانیویشیانە بگەنە ئەو دۆسیانە لەڕێی بەكارهێنانی پەنجەمۆری خاشقچیەوە، بەڵام كۆپیەك لەو دۆسیانە لەتایبەمەندی گلدانەوەی (ئای كلاود) ماوەتەوە، كە لەتەلەفون و سەعاتی (ئەپڵ)دا، بونی هەیە و كۆپیەك لە دۆسیەیە خەزن كراوەكان هەڵدەگرێت كە لەكاتی تێكچونی تەلەفون و سەعاتەكەدا دەكرێت بهێنرێتەوە. هێزە ئەمنیەكانی توركیا كە لێكۆِڵینەوەی لەدۆسیەی خاشقچی دەكەن، ئەو دۆسیە دەنگییەیان لەتەلەفونەكەی خاشقچیدا دۆزیوەتەوە كە لای دەزگیرانەكەی بەجێهێشتوە پێش ئەوەی بچێتە ناو كۆنسوڵخانەی سعودیە لەئەستنەبوڵ، وەك ڕۆژنامەكە بڵاویكردۆتەوە.    هەر لەوچوارچێوەیەدا، كەناڵی (سی ئێن ئێن) لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكان ڕاگەیاندووە، ئاژانسی هەواڵگری وڵاتانی خۆرئاوا كۆمەڵێك بەڵگەیان بەدەستگەیشتوە كە ئاماژە بە ڕودانی شەڕ دەكەن لەناو كۆنسوڵخانەی سعودییە لەئەستنەبوڵ دوای ئەوەی خاشقچی چۆتە ژورەوە، لەڕۆژی 2ی تشیرینی یەكەم، ئاماژەی بە هەبوونی بەڵگەش كردووە سەبارەت بەكوژرانی خاشقچی، بەوتەی كەناڵەكە، ئاژانسەكە لەڕێی بەرپرسانی توركیاوە كۆمەڵێك بەڵگەی دەستكەوتووە، كە بە شۆككەرو قێزەون ناویبردووە.  لەلایەكی ترەوە، ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی سعودی (واس) لەزاری  ئەمیر عەبدولعەزیز بن سعود وەزیری ناوخۆی سعودییە بڵاویكردەوە، هەموو ئەودەنگۆیانەی باس لەبونی فەرمان دەكەن بەكوشتنی خاشقچی درۆ و دەلەسەن و هیچ بنەمایەكی ڕاستی تیادانیە ، حكومەتی سعودیە پابەندە بە كلتور و بنەما جێگیرەكانی و  پابەندی سیستم و عورف و پەیمانە نێودەوڵەتیەكانە.  ئەم زانیارییە نوێیانە لەكاتێكدایە، دوێنێ‌ هەینی، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەزاری بەرپرسانی ئەمریكا و توركیاوە بڵاویكردەوە، دەسەڵاتدارانی توركیا تۆماری دەنگی و وێنەیان دەستكەتووە كە دەنگی جەمال خاشقچی و لێكۆڵەرەوە سعودییەكان و شێوازی ئەشكجەدانی ناوبراوی تیادا تۆمار كراوە.


(درەو میدیا): نوسینگەی راگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێدراوی عێراق، دوێنێ‌ هەینی ئەنجامی كۆتایی خۆ كاندیكردنی بۆ پۆستە وزارییەكانی حكومەتی نوێی عێراق بە شێوەی ئەلیكترۆنیی راگەیاند و ئاشكرایكرد كۆی ئەوانەی كاندیدبوونیان تەواو بووە گەیشتوەتە 15184 كەس. نوسینگەی راگەیاندنی عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بە " درەو میدیا" گەیشتووە، دەڵێت:" لە وادەی خۆیدا و لە كاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 11ی تشرینی یەكەمی 2018 دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستە وزارییەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنیی داخرا و ژمارەی ئەوانەی كاندیدبوونیان تەواوبووە گەیشتوەتە 15184 كەس". ئاشكراشیكردووە ئەو كاندیدانە دانیشتوی سەرجەم پارێزگاكانن و ژمارەی ئەو كاندیدانەشی خاوەنی بڕوانامەی دكتۆران گەیشتوەتە 1778 كەس بە رێژەی 12% و بڕوانامەی ماستەریش 2200 كەسە بەرێژەی 14%. ئاماژەی بەوەشكردوووە كە رێژەی كاندیدە ژنەكان گەیشتوەتە 15% و پیاوانیش 85% و رێژەی كاندیدە سەربەخۆكانیش گەیشتوەتە 96%., نوسینگەی عەبدولمەهدی لە بەشێكی تری بەیاننامەكەیدا دەڵێت:" رێوشوێنی ئێستا بریتیە لە جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنیی داواكارییەكان و دوورخستنەوەی ئەو داواكارییانەی كە مەرجە یاسایی و هونەرییەكانیان تێدا نیە". و ئاشكراشیكردوووە لە یەكەم وردبینیكردنی سەرەتاییدا بە گوێرەی پێوەرەكان 601 لە باشترین كاندیدەكان دیاریكراون و لیژنەیەك لە شارەزایان وردبینی داواكاری ئەو 601 كەسە دەكەن بۆ ئەوەی باشترینیان لێ‌ دەستنیشان بكرێت و بانگهێشتبكرێن بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵیان. ئاماژەیبەوەشداوە هەنگاوی داهاتوو بریتیە لە ئەنجامدانی چاوپێكەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ تیمی پسپۆر و وردبینی توانا و بڕوانامەكانیان و پاشان چاوپێكەوتنی كۆتایی و راستەوخۆی كاندیدە لێهاتووەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو. ئەنجامی كۆتایی كاندیدی پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق: •    15 184 كەس داواكاریی كاندیدبوونیان تەواوبووە •    رێژەی ژنان 15 % یەو پیاوان 85%. •    12%ی كاندیدەكان خاوەنی بڕوانامەی دكتۆران. •    14%ی كاندیدەكان خاوەنی بڕوانامەی ماستەرن. •    96%ی كاندیدەكان سەربەخۆن. پارێزگاكان: دهۆك :  167 كەس خۆیان كاندیدكردووە هەولێر: 299 كەس  هەڵەبجە: 18 كەس سلێمانی: 280 كەس كەركوك: 741 كەس نەینەوا: 689 كەس بەغداد: 5827 كەس بەسرە: 912 كەس  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand