Draw Media

ترەمپ نەیزانی لەگەڵ كێ كۆبوەتەوە

ترەمپ نەیزانی لەگەڵ كێ كۆبوەتەوە

2020-01-22 13:11:43


 (درەو):
دۆناڵد ترەمپ نێچیرڤان بارزانی لێ بووە بە مەزلوم كۆبانێ، لەبری باسی هەرێمی كوردستان‌و پرسی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكات، باسی رۆژئاوای كوردستان‌و ناوچەی ئارامی كرد لەگەڵ توركیا.
ئەمڕۆ لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابوری جیهان لە داڤۆس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆبووەوە.
هەموان پێشبینی ئەوەیان دەكرد، لەسەرەتای دیدارەكەدا‌و لەبەرچاوی كامێراكان ترەمپ باس لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بكات بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق‌و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو پرسەوە، بەڵام ترەمپ دور رۆیشت‌و بە وشەیەكیش باسی هەرێمی كوردستان‌و تەنانەت عێراقیشی نەكرد.
ترەمپ لە قسەكانیدا باسی لە رۆژئاوای كوردستان‌و ناوچەی ئارام كرد لە سنوری نێوان توركیا‌و رۆژئاوای كوردستان، پێدەچێت لە بنەڕەتەوە ترەمپ نەیزانیبێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە نەك رۆژئاوای كوردستان.
سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند، دوای تەوابونی قسەكانی لەبەردەم كامێرادا، ترەمپ ئاماژەی بۆ نێچیرڤان بارزانی كردووە‌و بە تیمەكەی وتووە:" ئایا ئەم ئەو ژەنەراڵەی سوریا نییە كە بڕیاربوو بیبینین"، وا دەردەكەوێت ترەمپ مەبەستی لە (مەزلوم كۆبانی) فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بێت كە پێشتر لەڕێگەی تەلەفۆنەوە چەندجارێك قسەی لەگەڵ كردووە.
بێئاگایی ترەمپ لەبارەی دیدارەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەكاتێكدایە پێشتر كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، ترەمپ لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆسدا، چاوی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەوێت. 


ئەمە دەقی قسەكانی ترەمپە بۆ میدیاكان، كاتێك لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دانیشت: 
"جێی خۆشحاڵیمە لەگەڵ سەرۆك بارزانی كوردستاندام، ئێمە كاتێكی دیاریكراومان بۆ كۆبوونەوە هەیە. بۆ ماوەیەكی زۆرە دەمانەوێت یەكتر ببینین. وەك خۆتان دەزانن، ئێمە سوریامان لە ناوچە سنوورییەكان بەجێهێشتووەو ئەمەشمان بەباشی لەگەڵ توركیا ئەنجامدا، هێندەش باش ئەنجامدراوە كە بەبیری هەر كەسێكدا هاتبێت. ئێستا ناوچەی ئارامیان هەیەو من پێزانینم بۆ هەموو ئەوانە هەیە وایانكردووە ئەم ناوچانە سەلامەت بن. ئێمە نەوتمان هەیەو هەندێك سەربازمان بۆ پاراستنی نەوتەكە بەجێهێشتووە، چونكە ئێمە نەوتەكەمان بەدەستهێناوەو كاریش لەسەر ئەمە دەكەین‌و زۆر بەباشی پاراستوومانە. هەروەها بە هەزاران دەستگیركراوی داعشمان هەیە، خەلافەتی داعشمان 100% تێكشكاند، هەروەها ئەمە ناوچەیەكی زۆر جێگەی سەرنجە. ئێمە پەیوەندییەكی زۆر باشمان هەیەو جێی خۆشحاڵیمە كە لەگەڵ تۆم، زۆر سوپاس".

دەقی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ دۆناڵد ترەمپ:
"دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە تاوەكو سوپاست بكەم بەڕێز سەرۆك بۆ پێشوازیكردن لە ئێمە لە داڤۆس، وەك خۆشت باستكرد، تۆ دەزانی ئێمە بۆ ماوەیەكی زۆرە چاوەڕێی ئەم چركە ساتە دەكەین. سوپاس بۆ سەركردایەتیت، سوپاس بۆ پشتیوانییەكانت، ئێمە بەیەكەوە داعشمان تێكشكاند، بۆیە بەناوی گەلی كوردستانەوە دەمەوێت سوپاس‌و پێزانی خۆمان دەرببڕین بۆ سەركردایەتی‌و بۆ پشتیوانییەكەت، سوپاس".
ئەمانە قسەكانی بەردەم كامێرای میدیاكان بوون، بەڵام پێدەچێت دوای چونەدەرەوەی كامێراكان، نێچیرڤان بارزانی رونكردنەوەی ئەوەی بە ترەمپ دابێت كە ئەو لە هەرێمی كوردستانەوە هاتووە نەك لە رۆژئاوای كوردستان.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand