800 ملیۆن كەس لە جیهاندا نەخوێندەوارن
2020-01-25 15:39:05
(درەو):
هەینی، رۆژی جیهانی فێركردن (خوێندن) بوو، بەپێی ئامارەكان لە جیهاندا 800 ملیۆن كەس نەخوێندەوارن، لەم ژمارەیە (3 ملیۆنو 700 هەزار) كەسیان لە عێراقو هەرێمی كوردستاندان.
نەخوێندەواری لە هەرێم
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2007 رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی كوردستان (27%) بووە، بەڵام (10) ساڵ دواترو بە دیاریكراوی لە ساڵی 2017دا رێژەكە كەمیكردووە بۆ (21%).
ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 دەریدەخات رێژەكە گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووەو لە 2018دا رێژەی نەخوێندەواری (21%) بووە.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئاماری وەزاتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2013 رێژەی نەخوێندەوارەی لە هەرێمی كوردستان (16%) بووە، واتە لەمساڵانەی دوایدا رێژەی نەخوێندەواری بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە.
نەخوێندەواری لە عێراق
دوێنێ وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارێكی نوێی لەبارەی خوێندەواری لە عێراق بڵاوكردەوە، بەپێی ئامارە نوێیەكە، ساڵی 2019:
• رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق لەناو ئەو كەسانەدا كە تەمەنیان (10) ساڵە، گەیشتوەتە (13%)، لێرەدا رێژەكە لەناو كچاندا بەرزترە.
• ئەوانەی تەمەنیان لە سەرو (10) ساڵییەوەیە، لەناو كچاندا (82%) خوێندەوارن، لەناو كوڕانیشدا (92%) خوێندەوارن، واتە لەسەرو (10) ساڵییەوە رێژەی نەخوێندەواری زۆر كەمە.
• رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندی سەرەتاییەوە گەیشتوەتە (93%)، رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندنی ناوەندییەوە گەیشتوەتە (57%)، بەڵام رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندنی ئامادەیی كەمەو تەنیا (30%)ە.
• ئامارەكە باس لەوەدەكات ساڵی 2019 ژمارەی دانیشتوانی عێراق (39 ملیۆن) كەسی تێپەڕاندووە، لەم ژمارەیە بەكۆی گشتی (13%) نەخوێندەوارن، واتە (3 ملیۆنو 700 هەزار) كەس، پێوەری یەكەم ئەژماركردنی نەخوێندەواری لە تەمەنی (10) ساڵییەوە دەستپێدەكات.
نەخوێندەواری لە جیهان
بەگوێرەی نوێترین ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە جیهاندا نەخوێندەوارن گەیشتووەتە نزیكەی (800 ملیۆن) كەس.
ئامارەكان ئاماژە بەوەدەكەن، (260 ملیۆن) منداڵ لە جیهاندا ناچن بۆ خوێندنگەكان، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێك لە ئامانجە نێودەوڵەتییەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2030، فەراهەمكردنی خوێندنی گشتگیرو باشە بۆ هەموان.