(درەو میدیا): رۆژنامەنووس سەرتیپ وەیسی كەریم بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەك دواخستنی كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتی كە هەندێك بە كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە ناویان دەبرد بۆ سێ هۆكار دەگەڕێنێتەوە لەوانە:. - مەسەلەی یەكلایبوونەوەی پرسی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی، لە لایەن پارتیەوە هەریەك لە ( عیماد ئەحمەد، حاكم قادر، ئەرسەلان بایز ) توڕەدەكات، چونكە ئەو سێ كەسە خەونی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەبوو، بەڵام دوای لێدوانەكەی فازڵ میرانی بێهیوابوون، ئەو سێ كەسەش بیانوی جیاوازیان دۆزیەوە بۆئەوەی كۆبوونەوەكە نەكرێت، یەكێك لە بیانوەكانیش ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەی "ڕووداو" بوو لەسەر حاكم قادر. - دوێنێ دووشەممە، 28ی كانونی دووەم، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دوو بەپرسی یەكێتیی كۆدەبێتەوە، بەمەبەستی ڕێخۆشكردن بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی هەردوولا، بەڵام ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، بەم هەوڵەی ئەو دوو بەرپرسە تووڕەدەبن، پێیانوابووە ناكرێ لە دەرەوەی مەكتەبی سیاسی دوو كەس كۆبوونەوەی نهێنی ئەنجامبدەن، بەبێ مەكتەبی سیاسی. - بەشێكی دیكەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی دوای لێدوانەكەی فازڵ میرانی، تازە بۆیان ڕوونبوەتەوە، كە لەماوەی مانگی ڕابردوودا لە ئێوارەخوانێكدا لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی، هەریەك له ( نێچیرڤان بارزانی و فازڵ میرانی و مەلا بەختیارو قوباد تاڵەبانی ) لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون، كە جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی بێت. دوێنێ شەو، هەوڵی زۆر هەبوو لە لایەن پارتیەوە ئەو بیانوانە نەهێلن، بەڵام هەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی سووربوون لەسەر نەهاتن بۆ كۆبوونەوەكە . لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو كۆبوونەوە باڵایەی نێوان هەردوولا، دوای نەهێشتنی بەشێك لە بیانووەكان ئەنجامدەدرێت.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی دركی بە پەلهاویشتنو كۆنترۆڵكردنی زۆرینەی خاكی جێنفوزی خۆی كردووە لەلایەن پارتی كریكارانی كوردستانەوە (پەكەكە). پەكەكە سەرەڕای باكوری كوردستان كە پێگەی بەهێزو شوێنی سەرەكی ئامانجەكانیەتی، تەواوی ناوچەی ئازادكراوەكانی رۆژئاوای كوردستانیشی خستوەتە ژێر كۆنترۆڵی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) كە سەربە خۆیەتی، لە باشوری كوردستانیش دەیان پێگەو ناوچەی بەرفراوانی لەبەردەستدایە، كە رەنگە لە داهاتوودا كاریگەری گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسیو یەكلاكردنەوەی ململانێكانی لەگەڵ هێزەكانی باشوری كوردستان هەبێت، بەتایبەتیش كە لە ئێستادا شەڕی ساردو ململانێی توندی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندایە. ئێستا زۆرینەی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی پارتی لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، ئەو هێزە حوكمرانی ئەو ناوچانە دەكات. ئەگەر پارتی كارتی توركیا بەرامبەر بە پەكەكە بەكاربهێنێت، ئەوا پەكەكە كارتی فراوانبوونی سنوری جوگرافیای پەڵەمڕەوییەكەی لە هەرێمی كوردستانو بەتایبەتیش لە ناوچەی جێنفوزی پارتی بەكاردەهێنێت. پەكەكەو باشوری كوردستان پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1978 دامەزراوە، یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە ساڵی 1981 ئەنجامداوە، لە ساڵی 1984ەوە شۆڕشی چەكداری دەستپێكردووە، لەوكاتەوە بنكەو بارەگای لە باشوری كوردستان كردوەتەوە. لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانو یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە یەكەم هەنگاودا بە فشاری توركیا هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 1993 چووە شەڕی براكوژییەوە لەگەڵ هێزەكانی پەكەكە لە باشوری كوردستان، هێزی پێشمەرگە نەیتوانی شەڕەكە یەكلابكاتەوەو پەكەكە لەناوچەكە دەربكات، بەڵام نیازپاكی بەرپرسانی هەرێمی نیشانی توركیادا. ئێستا بنكەو بارەگاكانی پەكەكە تەواوی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی رۆژهەڵاتو باشور تا رۆژئاوای كوردستانی گرتوەتەوەو ناوچەیەكی فراوانیان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی چەكداریان جموجوڵی سیاسیو مەدەنیشیان لە باشوری كوردستان زیادیكردووە. لە باشوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان واتە سنوری نێوان هەرێمی كوردستانو ئێران، ناوچەیەكی فراوانو ناوەندی دەسەڵاتی پەكەكەی لێیە، ئەوەش زنجیرە چیای "قەندیل"ە، كە لە سنوری ناوچەكانی قەزای قەڵادزێ، قەزای رانیە، قەزای چۆمان، قەزای رەواندوز، قەزای سۆران، پێكدێت، واتا دەسەڵاتیان لە سنوری قەزای قەڵادزێوە درێژ دەبێتەوە بۆ باڵەكایەتیو سیدەكانو حاجی ئۆمەران، لەم ناوچەیەدا زیاتر لە (50) گوند لەژێر دەسەڵاتی شارەوانییەكانی پەكەكەدایە. بەپێی بەدواداچونێكی رۆژنامەی (رووداو)، زیاتر لە 34%ی كۆی خاكی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایەو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە (658) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. زۆرترین سنوری دەسەڵاتی پەكەكە لە ناوچەی قەزای ئامێدیە، كە نزیكەی (250) گوندی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایەو زۆرینەی بنكەو بارەگا سەربازییەكانی توركیاش لەو قەزایەدایە كە بنكەكانی بامەڕنێ، دێرەلوك، كانی ماسی دەگرێتەوە، بەواتایەكی تر جێگیركردنی ئەو بنكە سەربازیانەی توركیا تەواو لەبەرمەترسی هەژموونی پەكەكەیە، چونكە زۆرینەی خاكی ئەو قەزایە لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، بەو پێیەی لە كۆی (2700) كیلۆمەتر دوجای خاكی ئەو پارێزگایە، زیاتر لە 70%ی لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. لەدوای ئامێدی، زۆرترین سنوری جوگرافی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە لە قەزای زاخۆیە، بەوپێیەی زیاتر لە (120) گوندی ئەو قەزایە لەژێر دەستی پەكەكەدایە، واتە 35% خاكی ئەو قەزایە، لە قەزای ئاكرێش زیاتر لە (20) گوندی ئەو قەزایەش لەژێر دەستی پەكەكەدایە. بەگشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك بەوپێیە هەرێمەكانی بادینانی پەكەكە لەوێیە، پەكەكە پێگەیەكی گەورەی هەیە، كە بە نزیكەی 30% بۆ 36%ی خاكی پارێزگای دهۆك ئەژماردەكرێ، واتا تەواوی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. لە سنوری قەزای مێرگەسور كە ناوچەكانی بارزانو پیرانو شیروان دەگرێتەوە، زیاتر لە (150) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، واتا بەگشتی لە سنوری قەزاكانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە (200) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدان، جگە لە مەخمور كە كەمپێكی گەورەی پەكەكەی لێیە. لە رۆژئاواشەوە لە سنوری قەزای شەنگال ناوچەیەكی بەرفراوانو دەیان گوندو بەرزایی بەدەست پەكەكەوەیە، بەگشتی زۆرینەی بنكەو بارەگاو پێگەی پەكەكە لە سنوری ناوچەی جێنفوزی پارتیدایە، كە ئەتوانرێت بوترێت پەكەكە بەتەواوی پارتی گەمارۆداوە. هەژمونی پەكەكە بەسەر پارتییەوە پارتی بەتەواوی دركی بەو مەترسییەی هەژمونی پەكەكە كردووە لەسەر ناوچەی جێنفوزی، لەبەرامبەر ئەو هەژمونەی پەكەكە، پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بەهێز كردووە، رەنگە بەتەواوی پشتی بە هێزی توركیا ببەستبێت بۆ سنورداركردنی هەژموونی پەكەكە. • جگە لە شارو رێگەی ئۆتۆمبیلی حاجی ئۆمەران بەرەو ئێران، تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ ئێران بەدەستی پەكەكەوەیە، تەواوی سنورو شاخەكانی چۆمان، سۆران، سیدەكانو باڵەكایەتیو زۆرینەی ناوچەكانی ئامێدیو سنوری پارتی لەگەڵ ئێران لەدەستی پەكەكەدایە. • لە سنوری پارێزگای دهۆكو توركیاش، جگە لە رێگەی ئۆتۆمبیل، زۆرینەی شاخو سنورەكانی ئەو ناوچەیە لە دەستی پەكەكەدایە. • لە رۆژئاوای دهۆكیشەوە لە خاپورەوە تا سنوری شەنگال پارتی هاوسنورە لەگەڵ یەپەگەدا (یەكینەكانی پاراستنی گەل) لە رۆژئاوای كوردستان. • رۆژئاوای كوردستانو زۆرینەی گوندەكانی رۆژئاوای شەنگالیش لەدەستی پەكەكەدایە. پەكەكە كاتژمێرێك لە زێدی بارزانییەوە دورە مەترسییەكانی پارتی لە پەكەكە تەواو لە جێگەی خۆیدایە، چونكە پەكەكە بەتەواوی گەمارۆی ناوچەكانی پارتی داوە، بە وتەی بەرپرسێكی پەكەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت" پەكەكە تەنها كاتژمێرێك لە گوندی بارزانی زێدی بارزانییەوە دوورە"، زۆر نزیكن لە بنكەی سەربازی بامەڕنێو كانی ماسیو دێرەلوك. رەنگە لە داهاتوودا بەهێزبوونی پێگەی پەكەكە لە ناوچەكەدا، مەترسی گەورە لەسەر پێگەو ناوچەی جێنفوزی پارتی دروستبكات، چونكە تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ ئێران لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ توركیا لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، تەواوی ناوچەی جێنفوزی پارتی لە رۆژئاوای هەرێمی كوردستان لەژێر كۆنترۆڵی یەپەگەو پەكەكەدایە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا بەتەواوی سنوری جوگرافی پارتی بكەوێتە ژێر هەژمونی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە.
(درەو میدیا): ژمارەیەك گەنجو چالاكی سیاسی كورد لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا هێرشیانكردە سەر باڵەخانەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمو ئاڵای كوردستانیان لەسەر بارەگاكە داگرت. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، رەنجدەر گڕاوی یەكێك لەو گەنجانەی بەشداری لە هێرشەدا كرد، وتی:" دژ بە دەستگیركردنی چالاكانی سیاسیو رۆژنامەنوسانی دەڤەری دهۆك لەلایەن هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ئەو كارەمان كرد". گڕاوی ئاماژەی بەوەكرد" كاتێك چونەتەسەر باڵەخانەی نوێنەرایەتیی هەرێم، كەسێك لەوێ بووەو رایكردووەو دوو كەسیش لە ناو باڵەخانەكەدا بوون". باسی لەوەكرد" ئەمە یەكەم چالاكیانە كە ئەنجامیانداوە، بۆیە بەوشێوەیە كردویانەو خۆپیشاندانیان نەكردووە، چونكە خۆپیشاندان پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتە لە دەسەڵاتدارانی بەلجیكا، ئەو جۆرە چالاكیانە پێویستی بە مۆڵەت نیە". رەنجدەر گڕاوی هۆشداریدا، ئەگەر ئەو چالاكە سیاسیانەی لەلایەن هێزەكانی پارتییەوە دەستگركراون، ئازاد نەكرێن، هەنگاوی تر دەگرنەبەر. رۆژی 27ی ئەم مانگە خەڵكی ناوچەی شیلادزێ خۆپیشاندانیان لەدژی هێزەكانی سوپای توركیا كرد لەناوچەكە، خۆپیشاندەران چونە ناو بنكەیەكی سوپای توركیاوە، بەهۆی تەقەی سەربازانی توركیاوە كەسێك شەهید بوو، 10 كەسی تر برینداربوون، لەدوای رووداوەكە هێزە ئەمنییەكانی سنورەكە 25 كەسیان لە شاری دهۆك دەستگیركرد. رەنجدەر گڕاوی كە بەشداری ئەو چالاكیەی كردووە بەرپرسی بازنەی بزوتنەوەی گۆڕانە لە بەلجیكا
راپۆرت: BBC وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت رۆژی 26ی كانونی دووەم، خۆپیشاندەرانی كورد لە پارێزگای دهۆك لە كوردستان، دوو تانكو كەلوپەلی سەربازی تریان سوتاند، كاتێك وەكو ناڕەزایەتی لەدژی كوژرانی چوار كەس لە خەڵكی ناوچەكە لە هێرشێكی ئاسمانی توركیا لە 20 ئەم مانگەدا، هەڵیانكوتایەسەر بنكەیەكی سەربازی توركیا. كاتێك خۆپیشاندەران چونەناو بنكەی سەربازی "شیلادزێ" لە پارێزگای دهۆك، بەهۆی تەقەی سەربازانی توركەوە، دوو خۆپیشاندەر كوژرانو دەیانی تر برینداربوون. توركیا بەشێوەیەكی سیستماتیك هێرشی ئاسمانی دەكاتەسەر بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە چیاكانی قەندیلیان كردووە بە بارەگای خۆیانو لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە لە ململانێی چەكداریدان لەدژی حكومەتی توركیا. جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە كوردستان رۆژی 27ی ئەم مانگە وتی:" ژمارەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی هەرێم لەماوەی چوار ساڵدا گەیشتووەتە 398 هێرش، ئەمە سەرباری 425 هێرش لەڕێگەی بۆردومانی تۆپخانەكانەوە، زیاتر لە 20 كەسی مەدەنی كوژراون، هێرشەكان بونەتەهۆی وێرانبوونی گوندە سنورییەكانو نەخۆشخانەو رێگاو پرد خوێندنگەكان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم كە لە ساڵی 2007وە دەستیپێكردووە، تائێستا كۆتایی نەهاتووە". سەربازانی توركیا لە بنكەی سەربازی هەكاری- 20ی كانونی دووەمی 2019 زیادبونێكی زۆر كوردەكان دەڵێن زیاتر لە 27 بنكەی سەربازی لەنێویاندا بنكەی راهێنانی سەربازانی تورك لە هەرێمی كوردستاندا هەن، ئەمە لەكاتێكدایە بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد لە حوزەیرانی 2018دا دانی بەوەدا نا 11 بنكەی سەربازی هەن، وتی:" 11 بنكەی سەربازیمان دروستكردووەو ژمارەی سەربازو هێزەكانمان لەو بنكانە زیادكردووە بەمەبەستی راوەدونانی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەر لەوەی بێنە ناو سنورەكەمانەوە". لەناوچەكانی (بامەڕنێ، شیلادزێ، باتۆفان، كانی ماسی، كیریبی، سینكی، زیری، كوبكی، قومری، كوخی سپی، سەری زیری، دۆڵی زاخۆۆ ئامێدی) بنكەی سەربازی توركیا هەیە. لە سەرەتای دەركەوتنی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە ساڵی 2014دا، توركیا بنكەی تری لە بەعشیقەو سۆرانو قەڵاچۆلان دروستكردو بارەگای سەربازی لە ناوچەی "حەریر"ی نزیك هەولێر كرد بە بنكەی سەربازی، ئەمە لەپاڵ كەمپی "زوممار" بۆ راهێنان بە سەربازەكانی. ناوچەی بڵابونەوەی بنكەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەدرێژایی سنور لە "رێڕەوی خاپور"ەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە ناوچەی "سۆران". هەروەها توركیا هەستاوە بە دروستكردنی "بنكەی سیدەكان"و چەند بارەگایەكی سەربازی لە هەردوو ناوچەی "دیاناو چۆمان"ی نزیك لە چیاكانی قەندیل، ئەمەش لەپێناو كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی "خنێرو خواكوركو كێلاشین". گەریلاكانی پەكەكە لە شوێنی ئاسەواری یەكێك لە هێرشەكانی توركیا لە چیای قەندیل- تەموزی 2015 ئامانجەكانی ئامانجی راستەوخۆی توركیا لە دروستكردنی بنكەی سەربازی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش بە باتۆفانو بامەڕنیو ئامێدی، كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ناوچەی "حەفتانینو مەتینا"یە كە هەردوكیان بە بەدوو ناوچەی ستراتیژی دادەنرێن بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە داهاتوودا دژ بە جەنگاوەرانی كورد. هەروەك توركیا بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەی "دێرەلوكو شیلادزێ" زیادكردووە بەئامانجی كۆنترۆڵكردنی ناوچە شاخاوییە سەختەكانی زابو زاگرۆس كە جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستانیان تێدا بڵاوبوەتەوە. بارەگا سەربازییەكەی "دێرەلوك"یش ئامانج لێی كۆنترۆڵكردنی رێگای نێوان ناوچەكانی زابو هەكاری-یە بۆ گەمارۆدانی گەریلایكانی پارتی كرێكارانی كوردستان. توركیا لەسەر سنورەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەناوچەی زاب، بنكەی سەربازی (49)ی دروستكردووە، كە بنكە سەربازییەكانی ناوچەكانی "ئیلیا جیلی و كری و شیكیر و سیفری تەپە و سەری سیفە و كەتیبەی هێرشی موشەكی و سریەكانی دەوروبەری بیلیجانۆخان تەپە و ئارتوش"ی پێوە بەستراوەتەوە. توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری توركیاو لە دەرەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان. لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقو هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان تێدا كرد. لە تشرینی یەكەمی 1984 و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری كرد، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی جەنگاوەرانی پارتی كرێكاران. دوای ماوەیەك بێدەنگی، ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناو "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگاو بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد. لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا تورگوت ئۆزال نامەیەكی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار. لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كردو 15 هەزار سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانكو تۆپهاوێژی قورسو فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای 20 رۆژ لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە. دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993 و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری "پارتی دیموكراتی كوردستان" 30 هەزار سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی 45 رۆژی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی حەفتانین، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگو نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە. لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە 24 ئۆپراسیۆن، لە ساڵەكانی 2000 و 2007 و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد. توركیا بەهانەی بۆ بوونی سەربازی چڕی خۆی لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەوە دەهێنێتەوە كە ئامانج لێی راوەدونانی جەنگاوەرانی كوردە، ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1984وە لە ململانێی چەكداریدان لەگەڵ دەوڵەتی توركیا لەپێناو ئەوەی كوردەكان مافەكانیان لە توركیا بەدەستبهێنن كە ژمارەیان لە 20 ملیۆن كەس زیاترە، لە نمونەی مافەكانی خوێندن بە زمانی كوردیو خۆبەڕێوەبەریی.
درەو میدیا: لەدوای روداوەكانی شیلادزێوە هێزە ئەمنیەكانی پارێزگای دهۆك دەیان چالاكوان و رۆژنامەنووسیان دەستگیركردووە. ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان چاكوان و رۆژنامەنووس دەستگیركراون لەناو دەستگیركراوەكاندا حاجی رێكانی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان هەیە، لەگەڵ ئەیهان سەعید ئەندامی ژووری پەیوەندیە سیاسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و هەریەك لە كاوار حەسەن و زێرەڤان رێكانی و عوسمان چۆمانی. هەر ئەمرۆ ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و چالاكوانان تاكور زەردەشتی و ڕێكار ڕەشید، لەڕێگای ئاكرێ- دهۆك و لە بازگەی چونەژورەوەی شاری دهۆك لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون، بە گشتی زیاتر لە 20 چالاكوان و رۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان دەستگیركران. دوێنیش تەواوی تیمەكانی كەناڵی ئێن ئاڕتی دەستگیركران و دواتر ئازادكران و ئۆفیسی كەناڵەش لە دهۆك داخرا. هاوكات لەكاتی گردبونەوەیەكدا كە بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ رێكخرابو لە دهۆك پەیامنێرێكی كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان و وێنەگرەكەی و پێشكەشكارێكی كەناڵی بادینان سات و تیمێكی كەناڵی پەیام كە بۆ روماڵكردنی گردبوونەوەكە چونەتە شوێنەكە، دەستگیركراون. ناوی تەواوی دەستگیركراوان ۱ - حـاجی رێکانی / ئەندامێ جڤاتا نیشتیمانی یا گوران ۲ - ئەیهان سعید عمر / روژنامەڤان ۳- کاوار حسن علی / روژنامەڤان و چالاکڤان ٤ - شێروان شێروانی / روژنامەڤان ٥ - دلوڤان زێباری / روژنامەڤان و چالاکڤان ٦ - شەعبان بەرواری / چالاکڤان ۷ - مەلا ئەمین / چالاکڤان ٨ - بلبل عبداللە / روژنامەڤان ۹ - نێچیرڤان بەرواری / روژنامەڤان ۱۰ - کاروان صادق / روژنامەڤان ۱۱ - تاکوور زەردەشتی / چالاکڤان ۱۲ - رێکان رشید / چالاکڤان ۱۳- خالد جعفر / چالاکڤان ۱٤- چیا بێلیزانی / روژنامەڤان ۱٥ - ئەیاز کەرەم / روژنامەڤان ۱٦ - دلشاد گوهــەرزی / چالاکڤان ۱۷ - محمد مشیر / چالاکڤان ۱٨ - زێرەڤان الدین ادم / چالاکڤان ۱۹ - ولید عبدول / چالاکڤان ۲۰- عثمان حمد احمد / چالاکڤان ۲۱- عبدالرحمن شکری عبدالرحمن / چالاکڤان ۲۲- گوهدار زێباری / چالاکـڤان ۲۳ - بدل برواری / ماموستا و چالاکڤان ۲٤ - مێهڤان سعید عمر / ماموستاو چالاکڤان ۲٥-ئەیاز کەرەم/ چالاکڤان ۲٦-محمد مشیر/ ماموستا
(درەو میدیا): ئامانج هەورامی ئەو گەنجەی كە لێدوانەكەی لەسەر دزینی قەل و قاز كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە لەلایەن ئەنجومەنی سەربازییەوە بۆ ماوەی 8 رۆژ ( تەوقیف) راگیراوە. ئامانج هەورامی خەڵكی تەوێڵەیەو لە سلێمانی دادەنیشێت و پاسەوانی یەكێك لە بەرپرسەكانی گۆڕانە و لەگەڵ هێزی پاسەوانی گردی زەرگەتەدا موچە وەردەگرێت. ئامانج هەورامی دوای لێدوانێكی لەسەر دزینی قەل و قاز، ناڕەزایی پێشمەرگە دێرینەكانی لێكەوتەوە، لەلایەن پۆلیسی بەرگری فریاكەوتنەوە بانگهێشتكراوە كە خۆی میلاكی ئەوانە، لەوێوە رادەستی ئەنجومەنی سەربازی كراوە. دیاری ئەنوەر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە ئەمڕۆ لە زیندان سەردانی ئامانج هەورامی كردووە بە "درەو میدیا"ی راگەیاند:" ئامانج هەورامی لە زیندانی گرتن و گواستنەوەیە لە هێزەكانی 70 لە سلێمانی و بە گوێرەی مادەی 12 یاسای سەربازیی، ئەنجومەنی سەربازی بڕیاریان داوە 8 رۆژ تەوقیف بكرێت". دیاری ئەنوەر ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕیارە نایاساییە دەبێت دادوەری سەربازیی بڕیارەكە دەربكات نەك ئەنجومەنی سەربازی. سەبارەت بە هەڵوێستی ئامانج هەورامی، ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ، باسی لەوەشكرد كە ئامانج خاوەنی ورەو ئیرادەیەكی بەهێزەو ئەوان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پشتیوان و هەر پێویستییەكی یاسایی و گرتنی پارێزەر بۆی.
دیداری رۆژنامەوانی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف لەگەڕەكی (كوردستات)ی شاری سلێمانی لە ئۆفێسەكەی دەوام دەكات، ئەندامانی حزبەكەی بەو ئۆفێسە دەڵێن "مەكتەبی رابەر"، دوای وەرگرتنی رەزامەندی بۆ سازدانی دیدارێكی رۆژنامەوانی سەردانمان كرد، ئەوانەی لە دەوروبەری بوون زۆربەیان گەنج بوون، بەر لە دەستپێكردنی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە، لەبارەی كتێبێك قسەی بۆ كردین لەسەر ژیانی"فارابی" فەیلەسوف كە ئێستا سەرقاڵی خوێندنەوەیەتی، ئەو خوێندنی لە ئێران تەواوكردووە، خوێنەرێكی باشی ئەدەبیاتی فارسییە، وەكو "ئیسڵاح تەڵەب"ەكانی ئێران قسە دەكاتو سەرسامە بە نوسەرانی ئێرانی، ئەو تێڕوانینی خۆی هەیە لەبارەی پرسی كوردەوەو دەڵێ "كورد قەبیلە"یە بۆیە بە نەریتی "قەبیلە" سیاسەت ئەكات.. ئەو عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامییە، لەم دیدارەدا لەگەڵ (درەو میدیا) باسی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەو یەك لیستیی لایەنە ئیسلامییەكانو هۆكاری پاشەكشێی دەنگەكانی بزوتنەوەو پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكات. درەو میدیا: بەمدواییە باستان لە سازدانی كۆنفرانسی بزوتنەوەی ئیسلامی كرد، كارەكانی ئەو كۆنفرانسە بە كوێ گەیشتوون، بەدیاریكراوی كەی كۆنفرانس دەكەن ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بسم اللە الرحمن الرحیم.. لیژنەی كۆنفرانس لەم هەفتانەی دوایدا كۆبونەوەیان هەبووە، كارەكانیان زۆربەی تەواو بووە، تەنیا ناوەكان ماوە، لە پێڕەوی ئێمەدا هاتووە كە تەنیا ئەندامی مەڵبەندو ئەندامی مەكتەب بەشداری دەكەن، بەڵام هەندێك ئەندامی مەڵبەندو ئەندامی مەكتەبیشمان هەیە كە بەپێی مروری زەمەن لەوانەیە لەكاردا نەمابن، ئەوە لەوانەیە قسەیان لەسەر بێت ئایا بەشداری بكەن یاخود نا، لەوانەیە وەكو پێشوو كێشەمان بۆ دروست بكات كە كۆمەڵێك نەهاتن بۆ كۆنگرە، خەریكی ئەو كارەن، ئیشاڵا بەزوترین كات ئەو كێشەیەش چارەسەر دەكرێت. درەو میدیا: ئەوەندە ئێمە بزانین كۆنفرانسی ئێوە هیچ گۆڕانكارییەك لە كەسەكاندا دروستناكات، چ لە خۆتەوە وەكو رابەری گشتی چ لەسەر ئاستی بەرپرسانی خوارەوە، پێتانوایە كۆنفرانس بتوانێت كێشەكانی بزوتنەوە چارەسەر بكات؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: مەلەسەی كۆنفرانس بۆ ئەوە نییە كە كێشەكان چارەسەر بكات یاخود نا، هەر خۆی لە پەیڕەودا هەیە لە بەینی دوو كۆنگرەدا ئەبێت كۆنفرانسێك ببەسرێت، كۆنفرانسەكەی ئێمە قەرار بوو لە مانگی حەوتدا ببەسرێت، بەهۆی هەڵبژاردنەوە دواخرا، ئیستا دەیانەوێت كۆنفرانس بكەین. درەو میدیا: بەمدواییە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوە دەستیان لەكاركێشایەوە، ئایا كۆنفرانس بەهۆی دوركەوتنەوەی ئەو كەسانەوەیە؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نەخێر، ئەو برایانە خۆیان لە شورادا بوون كاتی خۆی كە كۆنفرانس دواخراوە، واتە بەكۆی دەنگی شورا كۆنفرانس دواخراوە بەدەنگی ئەو برایانەشەوە، ئەمجارەش خۆیان هەر لە شورادا بوون كە باسی كۆنفرانس كرا، دیارە رەنگە ئەو برایانە مەسەلەی كۆنفرانسیان پێ ناخۆش بووە كە وتیان چارەسەر نییە، بەڵام ئێمە مەجبورین بیكەین، چونكە ئێمە بەپێی پەیڕەوەكە هەر دەبێت لە بەینی دوو كۆنگرەدا یاخود دوو ساڵ كە بەسەر كۆنگرەدا تێدەپەڕێت دەبێت كۆنفرانس بكەین. درەو میدیا: ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی كە دەستیان لەكاركێشایەوە هێشتا پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی ماوە یاخود نا، ئێستا هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان ئێوەو ئەواندا هەیە ؟ عیرفان عەبدولعەزیز: ئەوانە كوڕی خۆماننو لەهەموو كەسێكیش زیاتر لە منەوە نزیك بوون، تائێستا نە ئێمە ئیستیقالەكانمان لێوەرگرتوونو نەخۆشیان بە رەسمی وتویانە ئێمە بزوتنەوە نین، قسە لەنێوانماندا هەیە. یەك بڕیار لە شورادا عیرفان فەرزی نەكردووە، لەوانەیە ئەوان شتیان بەسەر مندا فەرز كردبێت، بەڵام من قەت شتم بەسەر كەسدا فەرز نەكردووە" درەو میدیا: ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوە دەڵێن سەرچاوەی دارایی بزوتنەوە ناڕوونە، ئێوە ئەتوانن بە خوێنەرانی ئێمە بڵێن سەرچاوەی دارایتان لە كوێوەیە ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: سەرچاوەی دارایی ئێمە دوو شتە، یەكێكیان بودجەی ئەحزاب بووە كە حەوت ساڵە بڕاوە، ئەو برایانەش لەمن باشتر ئەزانن، ئەوی تریشیان مەلەسەی ئابونەی ئەندامانی بزوتنەوەی ئیسلامییە، ئەوان لە مەسەلەی ئابونەوەكەدا بەڵێ گلەییان هەیەو پێشتریش وتیانە، ئەڵێن مەڵبەندێك كە سلێمانییە یان هەڵەبجەیە یان شوێنێكی تر ئابونەی زۆرتر كۆدەكاتەوەو مەڵبەندێكی تر كەمتر، یاخود بەشی مەكتەبەكان یا شوراكان نادرێت، لەوەدا گلەییان هەبووە، چەندینجار هەوڵمانداوە بەڵام لەبەر ئەو نەبوونییە نەمانتوانیوە ئەو سیستمە بەتەواوەتی رێكبخەین. درەو میدیا: ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوە هاوكات گلەیی لە تاكڕەویی ئێوەش دەكەن ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: وەڵاهی جا نازانم، ئەبێت ئینسافیان هەبێت، ئێمە لە شورا بەتایبەتی لەماوەی ئەم شەش ساڵو نیوەدا كە من رابەر بووم، تائێستا یەك برا بڵێت عیرفان مەجالی پێنەداوم قسە بكەم. درەو میدیا: رەنگە ئەوان مەبەستیان لە تاكڕەویی لە بڕیارداندا بێت ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: یەك بڕیار لەو شورادا عیرفان فەرزی نەكردووە، لەوانەیە ئەوان شتیان بەسەر مندا فەرز كردبێت، بەڵام من قەت شتم بەسەر كەسدا فەرز نەكردووە، من تەنانەت حەزم بە رابەرایەتیش نەكردووە، قسەیەكیش كە لەسەر تەلەفزیۆن كردم وتم ئەگەر كورسییەكان زیاد نەكات دەستلەكاردەكێشمەوە، لە كۆبونەوەی شورادا لە یەكەمین دانیشتنی دوای هەڵبژاردندا وتم من پابەندم بەو قسەیەوەو دەستلەكاردەكێشمەوە، ئەو شەش برا لەوانە بوون وتیان موتڵەقەن نابێت تۆ دەستلەكاربكێشیتەوە، هەموو شورا وتیان نابێت دەستلەكاربكێشیتەوە، ئەگەرنا من بۆ رابەری نە بەكەسم وتووە ئەبێت دەنگم پێبدەی نە حەزیشی لێئەكەم، لەبەرنامەشمدایەو من خۆم ئەو بەرنامەشم جێبەجێكردووە كە رەنگە هیچ حیزبێكی ئیسلامی ئەو بەرنامەیەی نەبێت كە وتومانە رابەرێك بۆی نییە بۆ زیاتر لە دووجار خۆی كاندید بكات. درەو میدیا: واتە ئێوە بۆ كۆنگرەی ئەمجارە خۆتان كاندید ناكەنەوە ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەبەدەن، من بۆم نییە خۆم كاندید بكەمەوە، من ئەوپەڕی ماوەی ساڵو نیوێكم ماوە ئەگەر ئەوەش ببەمەسەر. وتم دەستلەكاردەكێشمەوە، ئەو شەش برا لەوانە بوون وتیان موتڵەقەن نابێت تۆ دەستلەكاربكێشیتەوە درەو میدیا: سەبارەت بە پەیوەندییەكانی دەرەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئێوە لە سەرەتای دروستبونتانەوە هەم بە حوكمی ئەو ناوچەیەی كە هەژمونتان هەبوو تێیدا (هەڵەبجە) هەم بە حوكمی سەردەمی خەبات دژی بەعس پەیوەندی بەهێزتان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەبوو، ئێستا پەیوەندییەكانتان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی چۆنە ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: خۆی مەسەلەی ئێرانو موعارەزە كە لە زەمانی بەعسدا هەموومان هیچ رێگەیەكمان نەبوو، تەنانەت قورساییە سوكانییەكەش هەر لەسەر ئەو سنورانە بوو، توركیا لەو سەردەمەدا هەموو سنورەكانی بەستبوو، رێگەی نەدەدا هیچ كەسێك بەناوی موعارەزەوە بچێتە سەر خاكی ئەو، تەنها ئێران مابوو، لەگەڵ ئێراندا ئێمە ئەوكات سێ حیزبە بەهێزەكە هەبوین (یەكێتی نیشتمانی- پارتی دیموكراتی كوردستان- بزوتنەوەی ئیسلامی) عیلاقاتمان لەگەڵ ئێران هەبووە، بەڵام لەوانەیە عیلاقاتی ئێمە زەعیفتر بووبێت لە لایەنەكانی تر، یەعنی چەندینجار كە ویستبێتیان قسەكە بەجۆرێكی تر بێت كە رەتكردنەوەی تێدا بێت وتویانە مامۆستا مەلا عەلی نوێنەری كوردە، ئەوە چەندینجار ئەو برادەرانەش شایەتییان داوە، ئێمە عیلاقاتمان هەروەكو ئەو حیزبانە بووە، بەڵام لەوانەیە لەم ئەخیرانەدا لەدوای 2003 و مەلەسەی عێراق هاتەپێشەوەو سەددام نەماو تەقسیمكردنی پشكی عێراقو مەسەلەی سوننیو شیعیو سوریا هاتەئاراوە، ئینكاری ناكرێت عیلاقاتی ئێمە لەگەڵ ئێران سارد بوو. درەو میدیا: ئێستاش ئەو ساردییە بەردەوامە ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بەڵێ هەر ساردە. درەو میدیا: بەم ساڵانەی دوایی هەندێك بەڵگەنامەی سایتی ویكیلیكس بلاوبووەوە باسیان لەوە دەكرد ئێوە بەناوی كاری خێرخوازییەوە پارەتان لە سعودیە وەرگرتووە، پەیوەندیتان لەگەڵ سعودیە چۆنە وەكو جەمسەرێكی بەهێز لەبەرامبەر ئێراندا ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: سعودیە وەكو دەوڵەتێك لە ژیانیدا ئیعترافی بە هیچ حزبێكی ئیسلامی نەكردووەو ناشیكات، تەنانەت بۆ ئینساف زۆرجار كە وتویانە یەكگرتوو سەربە سعودیەیە، ئەوە ئەسڵو ئەساسی نیە، ئێمە لە كۆنەوە عیلاقاتمان لەگەڵ سعودیە هەبووە، لە ساڵی 1974دا مامۆستا مەلا عوسمان بەناوی كوردەوە سەردانی سعودیەی كردووەو لەگەڵ مەلیك فەیسەڵ دانیشتووە، لەوكاتەوە پەیوەندیمان لەگەڵ سعودیە هەبووە، بەڵام سعودیە وەكو بنەماڵە مامەڵەی لەگەڵ ئێمە كردووە نەك وەكو حیزب، سعودیە رقی لە حیزبە، حیزبی ئیسلامی قبوڵ ناكات، تەنانەت چەنێك عیلاقاتیشمان بەهێز بووە، سعودیە هەرگیز نەیهێشتووە هیچ حزبێك لە وڵاتەكەی بارەگا بكاتەوە، سەبارەت بە كۆمەكی سعودیە وەختی خۆی لە ساڵی 1991 كە مامۆستا مەلا عەلی كە لەگەڵ فەهد دانیشت داوای لێكرد ئەو مونەزەماتانە بهێنێتە كوردستانەوە، خەڵك زۆر فەیر بوو، بۆ ئەوە بوو هاوكاری خەڵكی كوردستان بكات، بەلای كەمەوە ئەم مزگەوتانە بكاتەوە، ئەوكاتە بودجە نەبوو، ئەم چەند هەزار مزگەوتانە كە كراوەتەوە هەر لەسەر ئەو حسابانە كراوەتەوە. لەم ئەخیرانەدا لەدوای 2003و مەلەسەی عێراق هاتەپێشەوەو سەددام نەما، عیلاقاتی ئێمە لەگەڵ ئێران سارد بوو درەو میدیا: واتە لەم ساڵانەی دوایدا كۆمەكتان لە سعودیە وەرنەگرتووە ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەبەدەن، ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نەبووەو دوایش دەركەوت كە دەستێكی خراپ كۆمەڵێك بەڵگەنامەیان دروستكردووە لەسەر كۆمەڵێك ئەحزاب بۆ ئەوەی ناشیرینیان بكەن، ئەسڵو ئەساسی نەبوو، ئێمە تەنانەت لە سعودیەكانیشمان پرسی وتیان ئەسڵو ئەساسی نییە. درەو میدیا: ئێوە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا كورسییەكتان هەبوو، كورسییەكی ئەكتیڤ بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ئەو كورسییەتان لەدەستدا، ئێوە بەیاننامەیەكتان بڵاوكردەوەو بەرپرسیارێتی بەشێكی شكستەكەتان خستەئەستۆی خۆتان، سەرباری ئەمە هۆكاری پاشەكشێكە بۆچی دەگەڕێننەوە ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: خۆی مەسەلەكە دوو جەمسەرییە، یەكێكیان پەیوەندی بە دەرەوەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە هەیە، یەكێكیان عیلاقەی بە ناوەوەی بزوتنەوەوە هەیە، ئەوەی عیلاقەی بە دەرەوە هەیە، ئەو شاخگیركردنەی ئەو هێزە زلانەیە كە لە عێراقدا هەیە ناهێڵێ كۆمەڵێك هێزی تر دەربكەون، ئەوە بەدەستی ئێمە نییە، ئەوە لە بەغدادو لە كوردستانیش دیارە، هێزگەلێكیشیان دەوێت كە لەگەڵ ئەواندا موتەعاون بێت، ئیتر دیارە ئێمە تائێستا ئەو تەعاونەمان نەبووە كە ئەوان دەیانەوێت، ئەوەشی كە عیلاقەی بەناوەوەی حیزبەوە هەیە دیارە چی بكەی، ئێمە لە سیستمێكداین كە پێی دەوترێت سیستمی قەبیلە، لە سیستمە قەبیلەییەدا ئەو حیزبانەی كە دروستبوون هیچیان لە ئەوروپادا نین كە تۆ بێیت لەسەر ئەساسێكی ئەكادیمیو جوان حیزب دروستبكەی، كە حیزب بێت حەزو ئارەزووەكانی توێژێك لە توێژەكان جێبەجێ بكات، وەكو ئەوەی لە ئەمریكاو ئەوروپا دروستبووە كە بە ئاشكرا دەڵێت من مەسڵەحەتی ئەم گروپە ئەپارێزم، بۆ نمونە لە ئەمریكا جمهورییەكان ئەڵێن ئێمە مەسڵەحەتی تیجارەت ئەپارێزین. سعودیە وەكو دەوڵەتێك لە ژیانیدا ئیعترافی بە هیچ حزبێكی ئیسلامی نەكردووەو ناشیكات درەو میدیا: ئەی ئێوە بۆچی ناتوانن ببن بە تاكە دەنگی ئیسلامییەكان ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: لەبەرئەوەی ئەو فەترە ئێمە دابڕاین، ساڵی 2002 تاوەكو ساڵی 2008 واتە فەترەی شەش ساڵ، ئەو شەش ساڵە كە لە ساحەكە دابڕاین خەڵكێكی زۆر رۆشتن یان دانیشتن یان لە زیندانەكانی ئەم دەسەڵاتە كوردیەدا تەعاهودیان لێوەرگرتن نابێت بزوتنەوە بن، یان چوەتە ناو حیزبێكی ترەوەو ئێستا خەریكی ئیشكردنەو سەختە بیهێنێتەوە، یان ئەوەتا ئیشی خۆی ئەكاتو تازە نایەتەوە ناو حیزب، ئەمە وایكرد بزوتنەوە زۆر زەعیف ببێت، هەتا 2008 بزوتنەوە هەر وجودی نەما لە ساحەكەدا، لە 2008وە كە ویستمان دوبارە ئیعادە تەنزیمی بكەینەوەو دوبارە ئەو مەشاكیلانەمان بوو دروستبوو، دواتر ئەم شەڕەی نێوان بەغداو هەولێر بەسەردا هات، دواتر دۆخی ئیقتیسادی بەسەردا هات، ئێ تۆش بە ئیقتیساد نەبێ، ئێمە هەموو بنكەكانمان لەدەستدا، بۆ نمونە هەر لەم سلێمانییەدا ئەو بارەگا گەورانەمان هەبوو لەدەستماندا، ئێستا لە خاتوی كرێداین، لە هەولێردا بارەگاكەمان 64 هەزار مەتر بووە، ئێستا لە 500 مەتری كرێداین، لەبەر ئەوە وەزعی ئێمە لەڕووی ئابورییەوە زۆر ناهەموارە، لەم ماوەیەدا هەموو ژێرخانی ئیقتیسادیمان لەدەستدا، ئێستاش ئەوە حەوت ساڵە بودجەمان بڕاوە، ئێ بەچی بێین رابەرایەتی دەنگی ئیسلام بكەین لەكاتێكدا تۆ نە سەتەلایتت هەیە نە وەسیلەیەك كە لەگەڵ كۆمەڵگادا جسرێك بێت، لەبەرئەوە ئەبێت ئینسان خۆشی بناسێت، ئێمە نەمانتوانیوە ئەو دەورە ببینین، بەڵام ئەوەی كە هەیە الحمدللە توانیومانە هەوێنێك بین بۆ ئەوەی بتوانین حاڵەتە ئیسلامییەكە بهێنینە سەر یەك سفرە دابنیشێنین. یەك لیستیی ئیسلامییەكان تەجروبەیەك بوو فەشەلی هێنا، جارێكی تر یەك لیستیی ناكەینەوە درەو میدیا: لەبارەی ئەو حاڵەتە ئیسلامییەوە دەمەوێت بپرسم ئایا ئەو یەك لیستییەی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كردتان بۆ هەڵبژاردن هۆكار نەبوو بۆ ئەوەی تاكە كورسییەكەشتان لە پەرلەمان لەدەستبدەن، ئایا ئێوە پێش یەك لیستیی هیچ رێككەوتنێكتان لەگەڵ یەكگرتوو نەكرد بۆ ئەوەی لانی كەم زامنی تاكە كورسییەكەی پەرلەمانتان بۆ بكات لە هەڵبژاردندا ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نەخێر ئەوە هیچ موبەریر نییە، تۆ نابێ شتێك داوا بكەی كە قانونی نییە، لەڕووی قانونییەوە ئەمە لیستی داخراو نییە تا ئێمە داوای كورسییەك بكەین، لیستی كراوەیە، لە لیستی كراوەشدا هەر كەسێك ئازا بێت ئەوە كورسی دەبات، تەنانەت برایانی یەكگرتوو 100% قەناعەتیان هەبوو كە ئێمە لە دوو كورسی كەمتر ناهێنین، وە ئەگەر دەنگەكانی خۆشمان بهێنینەوە سێ كورسیمان بەردەكەوت، ئەوە داتاكانیش هەیە، بەڵام ئیتر كە لیستێك لە 11 كورسییەوە دێتەسەر پێنج، حەقیقەت مەجالی تێدا نامێنێ. درەو میدیا: پێتانوایە لەڕووی سیاسییەوە یەك لیستیی لەگەڵ یەكگرتوو هەنگاوێكی دروست بوو ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: زۆر زۆر دروست بوو، ئێستاش لێی پەشیمان نیم، لەبەرئەوەی ئێمە هەر لەم سلێمانییەدا تا 200 كادیری حاڵەتە ئیسلامییەكە نەك حیزبی، بە حیزبیو غەیرە حیزبییەوە هەمویمان لەوێدا كۆكردەوە، هەر 200 كەسەكە داوایان لێكردین یەك لیست بین، كە وەختێك ئێمەو یەكگرتوو هاتینەسەر ئەو قەناعەتەی كە یەك لیست بین زۆر هەوڵماندا لەگەڵ كۆمەڵ، ئەوان نەیانكرد، كە نەیانكرد ئێمە نەدەبوایە پەشیمان ببینەوە، لەبەرئەوە ئەو 200 كادیرە داوایان لێكردین. درەو میدیا: بەبۆچونی ئێوە كۆمەڵی ئیسلامی بۆچی بەشداری لیستە ئیسلامییەكەی نەكرد، هەندێك قسەوباس هەن باس لەوەدەكەن ئێرانییەكان دژی یەك لیستیی ئیسلامییەكان بوون، ئەمە راستە ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: حەتەمەن، ئەوە یەك و دووی تیا نییە كە خەڵكێك هەبووە كە یەك لیستیی زۆر پێناخۆش بووە، بەڵام ئێمە وەكو خۆمان لەو دانیشتنانەی كە كردوومانە هەموو دانیشتنەكان سەركەوتوو بووە، ئەوە نەبووە كۆمەڵی ئیسلامی بڵێت یەك لیستی ناكەم یاخود هاوكاری ناكەم، شتەكان زۆر باش بوون، بەڵام ئێمە لەوێدا حەكەممان هەبوو، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیمان وەكو حەكەم هێنابوو، ئەوان ئەبوایە حوكمیان بدایە ئایا خەتای عیرفانە یان خەتای فڵانەكەسە، دوای ئەوەی یەك لیستییەكە شكستی هێنا ئەوان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە كەوا برایانی كۆمەڵی ئیسلامی ئامادە نەبوون بێنە ناو ئەو لیستەوە. درەو میدیا: بەبۆچی ئێوە بەشدارنەبوونی كۆمەڵی ئیسلامی لە لیستە ئیسلامییەكەدا پەیوەندی بە ناڕەزایەتی ئێرانییەكانەوە هەبوو ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نازانم، ئەوە ئەبێت تەئریخ یان ویكیلیكسێكی تر ئەو شتانە بڵاوبكاتەوە (بەپێكەنینەوە). درەو میدیا: ئێستا پەیوەندییەكانتان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی چۆنە ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئێستا زۆر باشە لەگەڵ یەكگرتوو لەگەڵ كۆمەڵ لەگەڵ هەموو كەس. درەو میدیا: یەك لیستییەكەتان لەگەڵ یەكگرتوو بەردەوامە سەرباری ئەوەش كە كورسیتان لە پەرلەمان نییە؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نا نا، ئەو پرۆسەیە ئیتر تەواو. درەو میدیا: واتە تەنیا بۆ هەڵبژاردن بوو ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نا، بڕوا ناكەم جارێكی تر ئێمە یەك لیستی بكەین، لەمەولا هەر كەس بۆ خۆی. ئەوەی بەشداری لە حكومەتدا دەكات ئەمجارە پێگەی لە جاران زۆر لاواز تر دەبێت درەو میدیا: واتە جارێكی تر ئامادەنین تەنانەت لەگەڵ یەكگرتووشدا یەك لیستی بكەن ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نا، لەبەر ئەوەی تۆ ئەو خەڵكە داوایان لێكردی، دوایی وەكو ئەهلی كوفەیان لێكردی، داوایان لێكردین، دوایی پشتیان لێكردین (بەپێكەنینەوە)، ئەوە تەجروبەیەك بوو فەشەلی هێنا، فەشەلیان پێ هێناین، كردینیان بە دەرسێك بۆ ئەوەی جارێكی تر موسوڵمان بیر لە یەك لیستیی نەكاتەوە، ئەوە دەرسێك بوو كە پێیانداین، برایانی یەكگرتوو چەندجارێك هاتوون دڵنەواییان كردوین، ئێمە تەنیا یەك داواكاریمان هەبوو، پێمانوتن زۆر چاكە ئێوە هەر بەناوی خۆتانەوە لە پەرلەمانی كوردستان كاربكەن كە فراكسیۆنی یەكگرتووە، بەڵام تەنیا لەڕووی قانونییەوە تا چوار ساڵەكە تەواو ئەبێت نە ئێمە ئەچین هاوپەیمانێتییەكە هەڵئەوەشێنینەوە، نە ئێوە، لەبەرئەوەی كۆمەڵێك مەسائیلی قانونی هەیە با بەردەوام بێت. درەو میدیا: باستان لەوەكرد جارێكی تر یەك لیستیی ناكەن، بەڵام ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامی ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، ئامادەن پێكەوە لەگەڵ كۆمەڵو یەكگرتوو كاری هاوبەش بكەن ؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەی بۆچی نایكەین، ئێمە ئەو وەزعە خراپەشمان بەسەردا هات لە مەسەلەی ئینشیقاقو ئەو شتانە، ئەمە رێگر نەبوو لەوەی كە لەگەڵ یەكتردا دابنیشین، ئێستا بۆ رێگر بێت، تەنانەت لەگەڵ ئەو حیزبانەی تریش، ئەو حزبانەی كە پێشتریش لە هەولێر دانیشتین (گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، یەكگرتوو، بزوتنەوە) ئێمە پێشنیازمان كرد كە یەك بین، بەڵام بەداخەوە ئەوەش سەرینەگرت. درەو میدیا: ئێستا لایەنەكان سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی كاندیدی سەرۆكی حكومەتی لە نێچیرڤان بارزانییەوە گۆڕیوە بۆ مەسرور بارزانی، پێتانوایە ئەم كابینەیە جیاواز دەبێت؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: مەسەلەی جۆری دەسەڵاتە لە هەرێمی كوردستاندا، تۆ بتەوێت ئەم دەسەڵاتەی دوێنێ جیاوازی هەبێت لەگەڵ ئەمڕۆدا لە سەدا سەد، هەر ناكرێت، بەڵام دەكرێت بڵێین لە 10% بۆ 20% ئێمە بەوە رازین، ئەوەندە چاكسازی ببێت لە دەسەڵاتی سیاسیدا، جاری پێشوو دەرفەتێكی باش بوو كە ئەو پێنج حزبە بەشداریان تێدا كرد، ئەكرا كۆمەڵێك گۆڕانكاری باش بكرێت، بەڵام نەكرا، ئەمجاریش ئەو قسانەی كە دەكرێتو پەلەی تێداناكرێت، لەنێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕان شتێكی باشە، ئێمە حەز ئەكەین ئەو میللەتە بەرەوپێش بچێت، كێ پێی ناخۆشە سیستمەكەی سیسستمێكی باش بێت؟ ئەوەی ئێستا دوایدەخەنو وتوێژی لەسەر دەكەن، ئەگەر حكومەتی ئایندە جیاواز بێت لەوەی پێشوو، كارێكی زۆر باشە، دواشبكەوێت هەر باشە، بەڵام ئەگەر هەروەكو پێشوو بێت، خراپە. درەو میدیا: تێڕوانینی خۆت چۆنە پێتوایە كابینەیەكی جیاواز بێت؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەسڵی گۆڕانكاریم پێباشە، واتا ئەمجارە كە كاك نێچیرڤان سەرۆكی حكومەت نیە شتێكی باشە بەلای منەوە. درەو میدیا: واتا گۆڕینی كارەكتەرەكان گۆڕانكاری دروستدەكات لەبواری حكومەتداریدا؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: هەرچۆنێك بێت باشترە لەوەی هەمان كەس بێت، لەبەر ئەوەی یەكەم خەڵك بێزار دەبێت ئەگەر هەر هەمان كەس بێت، دووەم، ئەو كارەكتەرە كە دەڕەوات كۆمەڵێك خەڵكیش لەگەڵ خۆیدا دەبات، كۆمەڵێك خەڵكی تازەی تر دێنە سەركار، ئەم كۆمەڵە خەڵكە تازەیە ئۆمێد دەكەین كۆمەڵێك گۆڕانكاریان پێبێت، بەتایبەت لە ئێستادا كە ئەحزابی پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون بەشداری تێدادەكەن، ئومێد دەكەین ئەو بەرنامانە بگۆڕن. ئێمە ناكرێت هەر بە رەشبینی سەیری بارودۆخەكە بكەین، بەڵكو ئیشەڵڵا چاك ببێت، بەتایبەتیش ئێستا كە بەغداد، ئیشی ئێمە چاكسازی ئێمە لەمەودوا بەستراوەتەوە بە بەغداوە، ئەگەر لە بەغداد حكومەتێكی بەهێز بێتە سەر، حوكم چاكسازی بكات، دڵنیابە سەد دەر سەد كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستانیش دروستدەكات، لەبەر ئەوە بەغدادیش لە حكومەتی هەرێم قبوڵناكات ئەو بارودۆخە ئاوا بڕوات، نەگبەتی كورد ئەوەیە كە بەغداد جێگرنیەو سەقامگیری رووی تێناكات، ئێستا ئەوەتا خراپترین بارودۆخی هەیە. درەو میدیا: كابینەی نۆیەمیش هەمان ئەو حزبانە پێكیدەهێنن كە كابینەكانی پێشووتریان پێكهێناوە، پێتانوایە گۆڕانكاری لە عەقڵیەتی ئەو حزبانەدا دروست بووبێت؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ناتوانن نەكەن، رۆژە بەرۆژ خەڵكی وشیارترە، رۆژ بەرۆژ خەڵكی زیاتر داوای مافەكانی خۆی دەكات، ئێستا جاران نیە كە تۆ كەركوكت لەبەردەست بێتو سنورت تا ئاستێك دیاریكراوبێتو كەس نەتوانێت تەداخول بكات، نەخێر ئێستا بەغداد هەیە، كەركوكت لەدەستدا نەماوە، ئێستا بەغداد كۆمەڵێك فشاری هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان، ئەگەر حكومەتی هەرێم وەك پێشتر رەفتار بكاتو چاكسازی نەكات، بەتایبەت لە بواری ئابوریدا، لە بواری موچەو بودجەدا، دڵنیابە خۆیان زیان دەكەن، لەبەر ئەوە ناتوانێت وەك رابردوو بێت. درەو میدیا: بەڵام لەچاو رابردوودا ئەم دوو هێزە دەنگیان زیادیكردووەو كورسیشیان زیادیكردووە؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: دەنگەكە هەموو كەس دەزانێت دەنگی راستەقینە نیە، هۆكاری زیادكردنی ئەو دەنگانەش ئەوەیە كە ئەو هێزەی هەژمونی هەیە بەسەر هەرێمی كوردستانو عێراقدا، هیچ بەدیلێكی پارتیو یەكێتی نەبووە، بەدیلی نیە واتا پارتیو یەكێتی بڕوا كێ حوكمی كوردستان دەكات، لاوازی بەدیلەكەیە، نەمانتوانیوە چەند حزبێك بەدیل دروستبكەین، ئەو بەدیلەی هەیە ئەوەیە كە ئەتوانێت بەرژەوەندییەكانی ئەو هێزانە بپارێزێت كە هەژمونیان هەیە بەسەر عێراقو هەرێمی كوردستاندا، وەكو ئەوەی چۆن پارتیو یەكێتی ئەیپارێزێن، ئەگەر ئەوە هەبێت بەڵێ ئەوە ئەو دەسەڵاتە دەكەوێتە ژێر مەترسییەكی گەورەوە. درەو میدیا: لاوازی بەدیلەكە بۆچی دەگەڕێننەوە؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەو هێزانەی وا خۆیان داناوە لە روبەروبونەوەی ئەو دەسەڵاتەدان، لەناوخۆی خۆیاندا بەدگۆمانن لەیەكدی، هەریەكەیان حەز ئەكات خۆی هەبێتو ئەوەی دێكە نەبێت، خاوەنی پرۆژەی یەكگرتوو خۆیان نینو چەندجاریش هاوارمان كردووە، هەتا پرۆژەیەكمان دا بە ئۆپۆزسیۆنی كوردستان قبوڵیان نەكرد، یەكێك لەو بەدگومانیانەی كە لە كاك بەرهەم ساڵح هەیان بوو، ئەیان وت بۆیە قوبڵمان نیە ئەو پێنج حزبە ببینە ئۆپۆزسیۆن پێكەوە، كە بەهێزو بەقوەت بێتو بتوانێت مەترسی لەسەر دەسەڵات دروستبكات، ئەیانوت كاك بەرهەم ئەیەوێت سودی شەخسی خۆی هەبێت لەوبەرە ئۆپۆزسیۆنەدا، وتمان سودی شەخسیشی هەبێت ئەم باشترە. درەو میدیا: واتا ترسیان لە بەهێزی كارەكتەری بەرهەم ساڵح هەبوو؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بەڵێ، بەڵێ، بۆیە ئەوە یەكێك بوو لەو كێشانەی كە بەدگومان بوون لەیەك، متمانەیان بەیەك نەبوو، ئێستەش بەهەمان شێوە دەیبینی كە متمانەیان بەیەك نیە، ئەوە یەكێكە لەو كێشە گەورانە كە ئۆپۆزسیۆن لەناوخۆیدا ستراتیژێكی یەكگرتووی نیە، تێڕوانینێكی یەكگرتووشی نیە كە چۆن ئەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕێت، بۆ نمونە برایانی كۆمەڵو گۆڕان یەك تێروانیان هەیە بۆ گۆڕینی دەسەڵات؟ بێگومان نیانە، دوو تێروانینی جیاوازیان هەیە. من هاوارم كرد وتم: با ئێمەی ئیسلامی یەك تێڕوانین تەبەنی بكەین بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، ئەو خەڵكە بەئێمە دەڵێت ئێوە شەریعەت جێبەجێ دەكەن یان نایكەن، روانینتان چیە بۆ ئازادییەكان، بۆ مافی ژن، مافی مرۆڤ، ئێ با جارێ ئەمانە یەكبخەین ئیتر بزانن ئەو خەڵكە دەنگت پێدەدات یان نایدات، ئێستا خەڵكەكەش نازانێت بۆچی دەنگ بەتۆ بدات، ئەگەر دەنگیشت پێ بدات لەبەر ئەوە دەنگ دەدات ئەڵێت ئەمانە دەستیان پاكەو فەقیرنو با بچنە سەر كورسی، واتا دەنگ نادا بە تۆ كە حوكمی بكەیت، دەنگ بەوە ئەدا ئەڵێت فەقیرە با كورسی بهێنێت. درەو میدیا: ئەم هێزانە كە لەدرەوە هێندە لاوازبن، بچنە حكومەتەوە چییان پێدەكرێت؟ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: كاتی خۆی دەرفەتێكی ئاڵتونی بوو كە كاك نەوشیروان مابوو، كاك مەسعودو مام جەلال هەموویان حورمەتیان ئەگرت، كارەكتەرێك بوو خۆی خوڵقێنەری بەشێك لە رووداوەكانی كوردستان بوو، مەحرەم بوو بە دەسەڵات، ئەو كەسەی مەحرەمە بەدەسەڵات زیاتر ئەتوانێت چاكسازی بكات وەك لە كەسێك لەدەرەوەی دەسەڵات، ئەمە 25 كورسی هێنا بوو، مەحرەم بوو بەدەسەڵات، هەمووشی حورمەتی ئەگرت، هەتا ئەوانەی یەكێتی نیشتیمانیش وەك مامۆستایەك سەیریان ئەكرد، دەرفەتێكی زێڕین بوو بەوەی ئەو حكومەتەی كە ناونرا حكومەتی پێنج ئەستێرە بتوانێت كۆمەڵێك گۆڕانكاری زۆر چاك بكات بۆ نەوەكانی ئایندە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی نەبوونی یەك روانین بۆ چاكسازی لە هەرێمدا ئەوەبوو ئەوەشی پەكخست، دواتر نەبوونی ئەو ستراتیژییە كە بتوانێت تەفكیكی بازنەكان بكات، بازنەی دەسەڵات، بازنەی قانونگوزاری، بازنەی سوڕی ئابوری، ئەمانە لەیەك جیابكاتەوە، ئەگەر من لە بازنەی ئابوری چاكسازی كرا، با بازنەكانی تر كاریگەری لەسەر نەكات، ئەگەر من لەمەدا چەقیم، بۆ پەرلەمان دابخرێت؟ ئەوە ئێمە ئەو پرۆژەیەمان دانا وتمان با تەفكیكی بكەین بە گوێیان نەكردین، كە ئێمە ئۆپۆزسیۆنیش بووین كە تەنها حزبێك بووین دەنگمان بەو حكومەتە پێنج ئەستێرەییە نەدا، بەڵام لە دڵسۆزیمان بۆ بارودۆخە هاتین ئەو پرۆژەیەمان پێدان، وتمان كاكە وەرن لەسەر ئەم بنەمایە با چاكسازی بكەین، نەیانكرد كە نەیانكرد ئەوەبوو ئەو دەرفەتە ئاڵتونییەیان لەدەستدا. تۆ بە 40 كورسییەوە بە مانی كاك نەوشیروانەوە وەك پاڵپشتییەكی مەعنەوی، نەتوانیوە چاكسازی بكەیت، ئێستا بە 20 كورسییەوە، بەنەمانی هیچ كەسایەتیەكی كاریزمیی، وە بە پێچەوانەشەوە، جاران پارتیو یەكێتی لاواز بوون، ئێستا پارتی بەتەنها ئەتوانێت حكومەتی پێكبهێنێت، ئێستا چی منەتێكی بەتۆ هەیە، حەتمەن ئەمجارە ئەوەی كەوا بەشداری دەكات لەو حكومەتەدا، پێگەی زۆر لاوازترە لە جاران، بێجگە لە یەكێتیو پارتی.
( درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان ، بێ گەڕانەوە بۆ هیچ پارت و لایەنێكی سیاسی تر كاندیدی خۆی بۆ دوو پۆستی سەرەكی هەرێمی كوردستان " سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت"ی دیاریكردووە و هەوڵی ئەو حزبە بۆ زوو پێكهێنانی حكومەت گەیشتوەتە ئەو رادەیەی كاندیدی حزبەكانی تر بۆ جێگرەكانی ئەو دوو پۆستە دەستنیشاندەكات. فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت " پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی بێت بەڵام بەو مەرجەی بۆ كاك قوباد تاڵەبانی بێت". میرانی لە وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەڵێت:" كێشەی یەكێتی ئێستا پۆست نیە بەڵكو یەكێتی كێشەی كاك قوبادی هەیە، ئێمە دەمانەوێت وەك هاوبەشێك یارمەتی یەكێتی بدەین لەچارەسەركردنی ئەو كێشەیەدا چونكە كاك قوباد نیوەی هی یەكێتیە،نیوەی هی پارتی-یە،باشە ئەگەر جێگری سەرۆك وەزیران نەبێت ئەی چی لەكاك قوباد بكەین؟". قوباد تاڵەبانی وەڵامدەداتەوە لە كاردانەوەی ئەو لێدوانەی سكرتێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، قوباد تاڵەبانی جەختدەكاتەوە كە " نیوەی هیچ حزبێكی تر نییە و موڵكی كەسی تر نیە و هەرگیز پارتی نەبووە و نابێت". قوباد تاڵەبانی لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت:" ئەو هاوئاهەنگی و پەیوەندییە باشەشی لەگەڵ هەڤاڵانی پارتیدا هەمبوە لە چوار ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسۆنگەی پەرۆشی و دڵسۆزی بووە بۆ فەراهەمكردنی ئارامی و برەودان بە كاری پێكەوەیی لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و تێپەڕاندنی گرژییەكانی رابردوو، بۆیە هیچ شیاو نییە خراپ كەڵكی لێوەربگیرێت و بەلاڕێدا ببرێت و هەوڵ بدرێت بۆ ئامانجی تر بەكاربهێنرێت". قوباد تاڵەبانی جەختیشدەكاتەوە كە هەر پلە و پایەیەكیش وەربگرێت لە قۆناغی داهاتوودا لەسەر داواو پێشنیارو بڕیاری تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت نەك هێچ كەس و لایەنێكی تر و هیچ كات لەناو یەكێتی كێشە لەسەر پۆست و پێگەی داهاتوی "قوباد تاڵەبانی" نەبووەو نییە". یەكێتی زیاتر لە كاندیدێكی هەیە بە گوێرەی زانیارییەكانی " درەو میدیا" مەرجی سەرەكی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ئەوەیە كە تەنها یەك جێگر هەبێت و بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستەش چەند كاندیدێكی هەیە كە بریتین لە قوباد تاڵەبانی، قادر حەمەجان ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، دەرباز كۆسڕەت رەسوڵ عەلی، كە لە كابینەی پێشووی حكومەتدا وەزیری ئاوەدانكردنەوە بووە. یەكێتی وەك پارتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا پەلەی نیە و تائێستا میكانیزمی یەكلایكردنەوەی كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێی حكومەت دیارینەكردووە و ئەوەش كارتی بەهێزی ئەو حزبەیە لە دانوستانەكاندا كە تائێستا پارتی ناچاركردووە كە نەرمی بنوێنێت و زیاتر لە یەكێتی بێتە پێشەوە. هەروەها یەكێتی پەلەی پارتی لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت قۆستوەتەوە و دەیەوێت پرسی وەزیری دادی حكومەتی عێراق و پارێزگاری كەركوكی لەگەڵ كابینەی نوێی حكومەتدا یەك پاكێج بێت و رێككەوتنی لەسەر بكات، بەڵام پارتی تائێستا نەچوەتە ژێر باری ئەو داواكارییەی یەكێتییەوە، ئەگەرچی لیژنەیە هاوبەشیان بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرستانەش پێكهێناوە. گۆڕان داوای چی كردووە؟ سەبارەت بە داواكاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ئاشكرایدەكات كە گۆڕان بە لیستێك ئەو پۆستانەی دیاریكردووە كە داوایكردون و دەڵێت:" لیستەكەی برادەرانی گۆڕانمان لاهەیە كە داوای چ پۆستێكیان كردووە بەڵام ناتوانم هەمووی بڵێم، بەڵام چاوییان لە جێگری سەرۆك وەزیرانە ئەگەر بكرێتە دووان، لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام ئێمە پێمان باشە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ گۆڕان بێت وە جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان كە لیستی دووەمە بۆ یەكێتی بێت، بەڵام دواجار هەموو ئەمانە پێویستیان بەڕێككەوتنە و هیچی خاڵی كۆتایی نیە". پرسی كۆمەڵ بە سەردانێك چارەسەر دەبێت كۆمەڵی ئیسلامی، یەكێكە لەو حزبانەی كە ئارەزووی بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەكات و ئەگەرچی تائێستا وەفدی دانوستانكاری پارتی لەدەرگای ئە حزبەی نەداوە، بەڵام تائێستا كۆمەڵ هەڵوێستی نەرێنی دەرنەبڕیوە و ئۆپۆزسیۆن بوونی رانگەیاندووە. ئەگەرچی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەربارەی كۆمەڵ جەختدەكاتەوە كە كۆمەڵ خاوەنی كورسی و دەنگی خۆیانن لە هەڵبژاردنەكان و پارتی بایەخ بە گرنگی پەیوەندی لەگەڵیدا دەدات، بەڵام دەڵێت:" " من ئومێدەوارم دیدارێك لەنێوان بەڕێز سەرۆك بارزانی و بەڕێز مامۆستا علی باپیر ڕێك بخرێت، ئیتر دوای ئەوە هەموو شتەكان ئاسان دەبێت".
(درەو میدیا): هێزە ئەمنییەكان پێشێلكاری بەرامبەر بە چوار تیمی كەناڵی ئێن ئاڕتی دەكرێت و ئۆفیسی كەناڵەكەش لە دهۆك دادەخەن، كە ئەوەش پێشێلكارییە بەرامبەر بە ئازادی رۆژنامەگەری و پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەگەرییە. شوان عادل بەڕێوەبەری كەناڵی ئێن ئاڕتی بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: لە كاتژمێر 5:45 ئێوارەی دوێنێوە ئۆفیسی دهۆكی ئێن ئاڕتی داخراوە لەلایەن ئاسایشی ئەو شارەوەو كارمەندەكانی كەناڵەكە بە زۆر ڕەوانەی ماڵەوە كرانەوە و دەست بەسەر سەرجەم كەلوپەلەكانیاندا گیرا، دواتر بێوار حیلمی بەرپرسی نوسینگەكە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرك لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوەو دەستبەسەركرا. بەرێوەبەری كەناڵی ئێن ئاڕتی ئاماژەی بەوەشكرد،هەموو تیمەكانی ئێن ئاڕتی كە ژمارەیان چوار تیمە لە بادینان دەستگیركراون و دواتر ئازادكراون و پێشێلكاری بەرامبەر بە 7 رۆژنامەنوس و تیمی ئێن ئارتی كراوە. شوان عادل ئاشکراشیکرد هەرچەند بڕیار بوو كە ئەمڕۆ ئۆفیسی ئین ئاڕتی بكرێتەوە بەڵام ئاسایش رێگەنادات بكرێتەوە. لەلایەن خۆشیەوە سەنتری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت " چالاكی مەدەنی ئاشتیخوازانە قەدەغە مەكەن تا سەرنەكێشی بۆ توندوتیژی" سەنتەری میترۆ رونیكردوەتەوە " رۆژی یەكشەممە هێزە ئەمنییەكانی شاری دهۆك دەستیانگرت بەسەر نوسینگەی NRT لەو شارە و كارمەندەكانیان بەزۆر ڕەوانەی ماڵەوە كردەوە، دواتر بێوار حیلمی بەرپرسی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆك لەلایەن ئاسایشەوە بانگكرا و بۆ ماوەی دوو كاتژمێر دەستبەسەركرا، هەروەها رۆژێك بەر لە بڕیاری داخستنی ئۆفیسی كەناڵەكە، هێزە ئەمنییەكانی دهۆك هێرشیانكردوەتەسەر تیمی كەناڵەكە كە لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك كە روماڵی گواستنەوەی هەواڵی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكانی شێلادزێی دەكرد،هەر ئەو رۆژە چوار تیمی ئین ئاڕ تی لە شێلادزێ و دهۆك لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەسبەسەركرانو لەكاتی جیاجیادا ئازادكراون،رۆژی 27ی كانونی دوهەمیش لە ناو بازاڕی شاری سلێمانیش هێزێكی ئەمنی رێگری لە تیمێكی كەناڵی رۆژ تیڤی كرد كە ویتستیان سەبارەت خۆپیشاندانەكەی ناحیەی شیلادزێ، راپۆرتێك لەسەر بیروڕای هاوڵاتیان ئامادەبكەن" میترۆ نیگەرانیشە كە شەوی رابردوو زۆربەی كەناڵە ئاسمانییەكان باسیان لە هەواڵی داخستنی ئۆفیسی كەناڵی ئین ئارتی نەكردو بەمەش سەلماندیان لانی كەمی پشتیوانی پیشیەیی لە نێوانیدا نییە. داواش دەكات: 1- هێزە ئەمنییەكان سەلامەتیی گیانی خۆپیشااندەران و رۆژنامەنوسان بپارێزێتو مافی خەڵك لە مقاومەتی مەدەنی دژ بە داگیركاریو ومافی رۆژنامەنوس لە روماڵكردنیدا زەوتنەكات. 2- هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەی بە تۆمەتی "گیرەوشێوێن"ی دەسبەسەرن دەستبەجێ ئازاد بكرێن. 3- لایەنە بەرپرسەكانی دهۆك بە بێ مەرج و دەسبەجێ بڕیاری داخستنی ئۆفیسی كەناڵی ئین ئارتی هەڵبوەشێنێتەوە. 4- داوا لە كەناڵەكانی میدیا دەكەین بێ لایەن بن لەكاتی گواستنەوەی زانیاری بۆ هاوڵاتیانو نەبن بە بەشێك لەو رووداوانەی كە روماڵی دەكەن.
درەو میدیا لەدوای خۆپیشاندانەكەی دوێنێی شیلادزێوە هێزە ئەمنیەكانی دهۆك دەستیان بە جموجوڵكردووەو هێزێكی زۆر رەوانەی شیلادزیكراوە، لە ئێوارەی ئەمڕۆشەوە چەند چالاكوانێكی خۆپیشاندانەكان دەستگیركراون. بڕیاربوو ئەمرۆ كۆمەڵێك چالاكوانی دەڤەری بادینان سەنتەری شاری دهوك، خۆپێشاندانێك رێكبخەن دژ بە بوردومانەكانی سوپای توركیا بەڵام لە ئێواەری ئەمڕۆوە هەریەك لە (بەدەل بەرواری) رێكخەری گردبونەوەكەو (كوڤان رێكانی) یەكێك لە رێكخەرانی گردبونەوەكە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە لە ماڵەكانیاندا دەرفێنرێن . ئەمە سەرەرای ئەوە هێزە ئەمنیەكان هەڕەشەیان لە چەندین چالاكوان كردووەو پەیوەندیشیان بە چەند كەسێك لە رێكخەرانی گردبونەوەكانكردووە. دوێنێ لە گومەڵگای سێریی سەر بە شێلادزێ، خوپێشاندەران و خانەوادەی قوربانیانی بوردومانەكانی توركیا هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی سوپای توركیا و سوتاندیان و جگە لە بریندار بوونی چەند خۆپیشاندەرێك ( حسێن رێكانی) تەمەن 13 ساڵ بە گوللەی جەندرمەكانی توركیا شەهید كرا.
درەو میدیا: لەسەر روداوەكەی شیلادزێ، حكومەتی عێراق باڵیۆزی توركیا بانگهێشت دەكات و هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتەو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لێپرسینەوە لە خۆپیشاندەران دەكات و بە گێرەشێوێن وەسفیاندەکات. لەسەر خۆپیشاندانەكەی دوێنێی شیلادزێ كە هاوڵاتییەک شەهید بووەو 10 هاوڵاتی تریش برینداربوون لەبەرامبەر بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا كە 6 هاوڵاتی ناوچەكەی كردبووە قوربانی، هەریەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بەیاننامەیان بەو بۆنەیەوە دەركرد. لە بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێمدا هاتووە" دەستی گێرەشێوێن لە پشت ئەو ڕووداوانەوە هەیە، بۆیە دەزگا پەیوەندارەكان بە وردی لێكۆڵینەوەی لێدەكەن و هۆكارانی پشێوی و گێرەشێوێنان سزا دەدەرێن" بەو پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبری بانگهێشتكردنی كونسوڵی توركیا لە هەولێر، لێپرسینەوە لە هاوڵاتیان و خۆپیشاندەران دەكات و بە گێرە شێوێن دەیانداتە قەڵەم. بەڵام لە بەیاننامەكەی حكومەتی عێراقدا بە پێچەوانەوە باڵێۆزی توركیا بانگهێشت دەكات و رایدەگەیەنێت" نیگەرانی خۆمان بۆ قوربانییەكان و زیانەكان دەردەبڕین، و وەزارەتی دەرەوە باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشت دەكات و یاداشتێكی ناڕەزایەتی دەربارەی رووداوەكە رادەست دەكات و داواش دەكات جارێكی تر دووبارە نەبێتەوە" وێرای هۆشداریدانی حكومەتی عێراق بە توركیا بەوەی جارێكی تر ئەو روداوانە دووبارە نەبێتەوە، باڵیۆزی ئەو وڵاتە بانگهێشت دەكات و یاداشتی ناڕەزایی دەداتێ. حكومەتی توركیا لە رێگەی ئاسمانەوە بۆردومانی گوندەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە ماوەی ساڵی رابردودا 18 هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون و لە رێگەی بنكە سەربازیەكانیشەوە كە زیاتر لە 20 بنكەو بارەگای سەربازی و هەواڵگری هەیە تەقە لەهاوڵاتیان دەكات و شەهید و برینداریان دەكات بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە لە بەیاننامەكانیدا لەبری ئیدانەی كردەوەكانی توركیا پاساو دەهێنێتەوەو بەردەوام ئۆباڵەكەی دەخاتە ئەستۆی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستاندا. بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەربارەی رووداوەكەی شیلادزێ: وەزارەتی دەرەوەی عێراق تەقەكردنی هێزەكانی توركیا لە هاوڵاتیانمان لە ناحیەی شیلادزێ و كۆمەڵكەی سیرێ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك ئیدانەدەكات، كە كەسێك تێیدا بووە قوربانی و ژمارەیەك برینداریشی لێكەوتەوە و دواتر فڕۆكەكانی توركیا بە ئاستێكی زۆر نزم بە ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕانەوە و بووەنە مایەی ترساندنی هاوڵاتیان. نیگەرانی خۆمان بۆ قوربانییەكان و زیانەكان دەردەبڕین، و وەزارەتی دەرەوە باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشت دەكات و یاداشتێكی ناڕەزایەتی دەربارەی رووداوەكە رادەست دەكات و داواش دەكات جارێكی تر دووبارە نەبێتەوە. سەروەری عێراق و ئاسایشی هاوڵاتییەكانی بە پلەی یەكەم لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەكانی حكومەتی عێراقدایە و جەختدەكەینەوە كە عێراق بەردەوام هەموو دەستدرێژییەك بۆسەر ئاسایش و سەروەریی عێراق و بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ دەستدرێژیكردنە سەر ئاسایش و سەلامەتی هەر وڵاتێكەی دراوسێ ئیدانەدەكات. نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق 26-1-2019 ڕاگەیەندراوێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر روداوەكەی شیلادزێ: نیگەرانی و دڵگرانیمان بۆ كەوتنەوەی زیانی گیانی و بریندار لە ڕووداوەكانی ئەمڕۆی ناوچەی شێلادزێ دەردەبڕین و وێڕای سەرەخۆشی، هاوسۆزی لەگەڵ كەسوكار و خانەوادەی قوربانیان دەردەبڕین. دەستی گێرەشێوێن لە پشت ئەو ڕووداوانەوە هەیە، بۆیە دەزگا پەیوەندارەكان بە وردی لێكۆڵینەوەی لێدەكەن و هۆكارانی پشێوی و گێرەشێوێنان سزا دەدەرێن. حكومەتی هەرێمی كوردستان 26/1/2019
راپۆرتی: محەمەد رەئوف بۆردومانە بەردەوامەكانی سوپای توركیا بۆسەر گوندنشینانی هەرێمی كوردستان و شەهیدكردن و برینداركردنی هاوڵاتیان، ناڕەزایی زۆری لێكەوتوەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە ژمارەیەكی زۆری بارەگاو بنكەی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەن، خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ رق و توڕەیی پەنگخواردووی هاوڵاتیانی ناوچەكەیە لەبەرامبەر بۆردومانە بەردەوامەكانی سوپای توركیا و شەهیدكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمی كوردستان. خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ رۆژی 23ی ئەم مانگە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە دوو بۆردومانی جیاوازادا لە گەلی رەشاڤە ( كەمەری ئامێدی) لە ناحیەی دیرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی شەش هاوڵاتی ناوچەكەیانكردە قوربانی. ئەو شەش هاولاتیە كە بەمەبەستی راوە ماسی چوبونە ئەو ناوچەیە ( كە ئەو ناوچەیە چۆڵە لە نێوان دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و پەكەكەدا) لەو بۆردومانەدا چواریان شەهید بوون و دوانیشیان برینداربوونەو گەریلاكانی پەكەكە لە ناوچەكەا بردویانەتە لای خۆیان ، رۆژی رابردوو تەرمی دوو هاوڵاتیان هێنایەوە بۆ ناحیەی دێرەلوك و بەخاك سپێردران، ئەمڕۆش تەرمی دوو هاوڵاتی تریان هێنایەوە بۆ ناحیەی شیلادزێ بەخاك سپێردران. لەكاتی مەراسیمی ناشتنەكەیاندا ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی ناوچەكە بەشداریانكردوو كەس و كاری قوربانیان و هەردوولا ئەوانەی دێرەلوكیش بەشداربوون تیایداو نارەزایی زۆر درووست بوو لەدوای ناشتنی تەرمەكانیان، گەنجانی ناوچەكە بە خۆپیشاندان بەرەو بنكەی سەربازی ( سیرێ) كە لە كۆمەڵگەی سیرێیە بەڕێكەوتن ، دوای ئەوەی سەربازانی ناو بنكە سەربازیەكە تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەكەن، خۆپیشاندەران زیاتر بەرەو پێش دەچن و تا دەچنە ناو بنكەكەوەو تەواوی كەل و پەلی سەربازی ناو بكە سەربازییەكەی توركیا دەسوتێنن و سەربازەكانی توركیاش بنكەكە چۆڵ دەكەن و دەكشێنەوە، بەهۆی ئەو خۆپیشاندانەوە 7 هاوڵاتی برینداربوون و خۆپیشاندەرێكیش شەهیدبوو بەناوی ( حسێن رێکان بەنستانی )رێکانی . بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە ساڵی 2015 بڵاویانكردوەتەوە، بنكەی ( سیرێ ) كە كۆنترین بنكەی سەربازی توركیایە لە دوای بنكەی سەربازی بامەڕنێ كە ، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش لەو بنكەیەدا هەیە. مێژووی بنكە سەربازیەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان رێككەوتنی نێوان توركیا و عێراق بۆ بەزاندنی سنوری یەكدی نوێ نیە و مێژووەكەی بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەو پێیەی عێراق و توركیا لە ساڵی 1982 دا رێكەوتنێكیان ئیمزاكردووە كە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاساییشی وڵاتەكانیان ئەتوانن 20 كیلۆمەتر سنوری خاكی یەكدی ببڕن بەتایبەتیش دژ بە گروپە چەكداریەكانی نەیاریان بەتایبەتیش پەكەكە، ئەم رێكەوتنەی 1982 لە ساڵی 2007 لەسەردەمی هۆشیار زێباری وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە بەڵام بەزاندنی سنوری یەكتریان لە 20 كیلۆمەتر زیادكرد بۆ 25 كم، ئەمیش زیاتر لەسەر رەزامەندی توركیا بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان سنوری عێراق و باشوری كوردستان ببەزێنێت. بەڵام حكومەتی توركیا بە سودوەرگرتن لە دۆستایەتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتیش لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ توانی بەتەواوی هەژمونی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراونبكات و سنوری عێراق ببەزێنێت بە فیعلی بنكە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری بكاتەوە، ئەوەبوو لەدوای 1995 ەوە لە چوارچێوەی ( PMF ) هێزی ئاشتی پارێزدا بنكە و بارەگای خۆی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، لە دوای روداوەكانی 31ی ئابی 1996 ەوەو لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ بە هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بنكە سەربازیەكانی زیاتر كرد، دواتریش بەهۆی شەڕی داعشەوە بنكەی تری لە هەرێمی كوردستان كردەوە، كە ئێستا نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری توركیا لە هەرێمی كوردستاندان. بنكە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان لە باشوری كوردستان نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، نوێترنیان هاتنی هێزی سەربازی توركیا بۆ باشیك لە ساڵی 2016 بەبیانووی روبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش و راهێنانی سەربازی لەوێ دوو بنكەی سەربازی كردۆتەوە، كە 1200 سەرباز، 50 تانك، 50 هەمەر، 15 تۆپی دوورهاوێژ و ، 50 هاوەنی بچووك و دەیان چەكی بچوكو 70 ئۆتۆمبێلی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیركراون، لەگەڵ چەند بنكەیەكی هەواڵگری لە پارێزگای دهۆك. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015، ژمارەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (٣٢٣٥) ئەفسەر و سەرباز و ژەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (٥٨) تانك، (٢٧) زرێپۆش، (٣١) تۆپو (٢٦) ھاوەن، (١٧) ئاڕبیجیو (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی. بەپێی راپۆرتەكە سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریان تێدایە. 1.گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەرباز و (٩١) ئەفسەر و (٢٤٠) جەندرمە و (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە. 2.گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ناحیەی بامەڕنی. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن. 3.سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە. 4.بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە. 5.سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە. 6.سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە. 7.سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك. 8.سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی . 9.سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 10.سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 11.سەربازگەی (سەری زیری) (٦٠) سەربازی جێگیركردووە. 12.سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە. 13.سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون. 14. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە. 15. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە. 16.بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری. 17.بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی. 18. بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك. بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لە كاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری داعش بدات..
( درەو میدیا): لەدژی بۆردومان و تۆپبارانكردنی گوندەكانی هەرێمی كوردستان و شەهیدكردنی هاوڵاتیانی سڤیلی ناوچەكە لەلایەن سوپای توركیا، ئەمڕۆ هاوڵاتیانی ناحیەی شیلادزێ خۆپیشاندانیان لەدژی سوپای توركیا ئەنجامدا. خۆپیشاندەران لە كۆمەڵگەی سیرێ چوونە سەر بارەگای میتی توركیا و بارەگاكەیان كۆنترۆڵكرد و سوتاندیان. رۆژی 23ی ئەم مانگە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە دوو بۆردومانی جیاوازادا لە دەڤەری ئامێدی شەش هاوڵاتی بوونە قوربانیی و تائێستاش تەرمی دوان لە قوربانییەكان نەدۆزراونەتەوە.
راپۆرتی: درەو میدیا بەشێك لە شارەزایان و پەرلەمانتاران پێیان وایە یاسای بودجەی عێراق لە سودی هەرێم نیەو بەشێكی دیكەشیان دەڵێن موچەی پێشمەرگەو فەرمانبەران گرەنتی كراوەو لانی كەم مانگانە 522 ملیار دینار رەوانەی هرەێم دەكرێت، موچە خۆرانیش دوو دڵن لەوەی ئایا حكومەتی بەغداد ئەو بڕە پارەیە دەنێرێت تا پاشەكەوتی موچەی پێ هەڵوەشێتەوە یاخود نا؟ بەڵام وەزیری دارایی عێراق كە لە پشكی پارتیە، ئەڵێت بەغداد پابەندە بە یاسای بودجەوەو گرنتی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە كراوەو سەرۆك كۆماریش ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە دەدات. پەرلەمان چی پەسەندكرد؟ شەوی 23/1/2019 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی 2019ی عێراقی پەسەند كرد، لە بڕگەی ج مادەی 10 ی یاسایكە ئاماژە بەوە كراوە كە " ئەگەر هەرێمی كوردستان پەیوەست نەبێت بە رادەستكردنی 25 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە، ئەوا حكومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە". پشكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی عێراق ( 10 ترلیۆن و 800 ملیار )دینار دیاریكرا، كە تیایدا پشكی موچەی فەرمانبەران مانگانە بە ( 454 ملیار ) دینار دیاریكراوە لە كۆی ( 5 ترلیۆن و 448 ملیار) دینار كە بۆ ساڵەكە دیاریكراوە، لەگەڵ بڕی ( 68 میار ) دینار پشكی پێشمەرگە، بەشێك لە پەرلەمانتاران ئاماژە بەوەش دەكەن (125 ملیار ) دیناریش بۆچاودێری كۆمەڵایەتی دیاریكراوە كە كۆی ئەو پارەیە لە بەغداوە بۆ هەرێم دەنێردرێت كەكاتە( 647 ملیار) دینار، كە ئەوەش لەگەڵ داهاتەكانی دیكەی هەرێم بەتەواوی بەشی كۆی موچەی فەرمانبەران و خەرجیەكانی دیكەش دەكات. یاساكە لە قازانجی هەرێم نیە! بەشێك لە پەرلەمانتاران شارەزایانی دارایی پێیان وایە یاساكە لە بەرژەوەندی هەرێم و موچەخۆران نیە، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 بەهەوڵی پەرلەمانتارانی كورد زیادكراوە و كەمكراوەتەوە بەبەراورد بە بودجەی 2018ی عێراق تەنها 3 وشەیە! ئەوانیش لە (مادەی 10 بڕگەی دووەم خاڵی ب ، ج)ە. بەمەش كێشەی هەرێم و بەغدا چارەسەر نەبووەو نابێ و بوجەی هەرێم بەو شێوە ناگەڕێتەوە" بەڵام ئەوەی رونتر جەختی لەسەر زیانەكانی یاسای بودجەی عێراق كردەوە بۆ هەرێم، فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق بوو، كە رایگەیاد: هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست بكات یان رادەستی نەكات ئەو یاسایە لە زیانی هەرێمی كوردستانەو لە قازانجی حكومەتی بەغدادیەو نە 522 ملیار دینارەكە راستە نە 648 ملیار دینارەكە راستە" فازڵ نەبی رونتری كردۆتەوە كە " ئەگەر هەرێم 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست نەكات، بەغداد پارەی ئەو نەوتە لە كۆی پشكی هەرێم دەبڕێت، پاشان ئەوەی ماوە دەیداتە هەرێم كە ئەوەش لە باشترین حاڵەتدا لە نێوان 320 ملیار دینار یان ئەگەر حكومەتی عێراق زۆر هاوكاری هەرێم بكات ئینجا ناگاتە 400 ملیار دیناری مانگانە" هەموو ساڵێك لە ساتی پەسەندكردنی بودجەدا هەڵایەكی ئیعلامی گەورە درووست دەكرێت و ئومێدی گەورە بە موچەخۆرانی هەرێم دەدرێت، بەڵام دواتر پرسەكە بە شێوەیەكی دیكە دەكەوێتەوە. یاساكە لە قازانجی هەرێمە! ئەوەی پەیوەستە بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراقەوە وەزیری داراییە، لەو بارەیەشەوە فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق لە داڤۆسەوە رایگەیاند" موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لەدەرەوەی پرسی نەوتەو گرنتی كراوە،پرسی یاسای بودجە تەواو بووەو حكومەتی عێراق پابەندە بە جێبەجێكردنیەوەو جێبەجێشی دەكات" لەبەرامبەردا هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە نوسینێكدا لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" ئەوەی بڵێ یاساكە باش نیە یەكسەر بزانن كە داكۆكی لە مەسەلەی نەناردنی نەوت دەكات و دەیەوێت موچە ئاسایی نەبێتەوە" هاوكات بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق گەشبینە بە یاسای موچەو ئاماژەیەكیش بەوە دەكات كە پاشەكەوتی موچە نامێنێت و لە تویتێكدا رایگەیاندووە"پەسەندكردنی بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە گرنگە بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وئاوەدانی عیراق، جێگیركردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەتایبەتیش مووچەی فەرمانبەران وپێشمەرگە، كۆتاییهێنانە بە نەهامەتی پاشەكەوتی مووچە" ئەو لێدوانەی سەرۆك كۆمار ئاماژەیەكە بەوەی ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە دێت بەشی ئەوە دەكات كە پاشەكەوتی موچە كۆتایی پێبهێنرێت و زیاتر دەبێت لەو 317 ملیار دینارەی كە ئێستا رەوانە دەكرێت، هەروەك لە نوسینێكدا رێبوار كەریم مەحمود پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئێستا هەرێم نەوت نانێرێت و مانگانە (۳۱۷) ملیار دینار وەرئەگرن لەبەغداو دەڵێن خۆیان بڕێكی دەخەنەسەرو موچەی پاشەكەوتكراوی (۱۸_۳٠٪) پێدەدەن، ئەگەر هەرێم بۆ (۲٠۱۹) نەوت نەنێرێت، ئەوا ئەو (۳۱۷) ملیار دینارە دەبێ بە (٤٥٤ ملیار دینار) بۆ موچەی فەرمانبەران لەهەمو وەزارەتەكان. و هەروەها (٦۸ ملیار دینار) بۆ پێشمەرگە، واتە كۆی گشتی (٥۲۲ ملیار دینار) دێت، حكومەتی هەرێم هەرزوو وتی پێویستمان بە (۱٥٠) ملیار دیناری تری مانگانە هەیە لەسەرو (۳۱۷) ملیارەكە بۆ ئەوەی پاشەكەوتی موچە نەمێنێت، دە فەرمون ئەوە (۲٠٥) ملیار دیناری مانگانە زیادی كردوە. پاشەكەوتی پێهەڵبگرن و پاشەكەوتكراوەكەش بە قیست بدەنەوە" ئەوەی جێگەی پرسارە نارونیە لەو بڕە پارەیەی كە بڕیارە لە بەغداوە رەوانەی هەرێم بكرێت كە ئایا كە ساڵانی پێشوو 317 ملیار دینار رەوانە دەكات یاخود بڕەكە زیاتر دەبێت، چونكە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم بڕی ( 725 ملیار ) دینار دەداتە موچەی فەرمانبەران بە پاشەكەوتووەو بە بێ پاشەكەوت پێویستی بە ( 897 ملیار) دینار هەیە واتا پێویستی بە ( 172 ملیار دینار)ی دیكە هەیە، خۆ ئەگەر حكومەتی عێراق بڕی ( 522 ملیار) دینار رەوانە بكات بۆ هەرێم، ئەوا بڕی ( 205 ملیار) دیناری زیاترە لە 317 ملیار دینارەی كە پێشتر رەوانەی دەكرد و بەتەواوی زیاترە لەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە. زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەغداد بڕە پارەیەك دەنێرێت كە بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێم بكات و هەرێم نەوتیش رادەست نەكات، چونكە ئەوە پەیوەستە بە رێكەوتنێكی پێشتر لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی كە لەم ساڵدا هەرێم خۆی نەوتەكەی بفرۆشێت تا قەرزەكانی پێبداتەوەو لە ساڵی داهاتوودا رێكەوتنی نەوتی بكەن، هەروەك فوئاد حسێن وەزیری درایی عێراق رایگەیاند" كە پرسی نەوت جیایە لە موچەی فەرمانبەران و پێویستی بە گفتوگۆ و رێكەوتنی جیا هەیە"
درەو میدیا: بە پێچەوانەی ئەو هەڵا ئیعلامیەی درووستكرا بۆ یاسای بودجەی عێراق كە لە قازانجی كوردە، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت" بڕگەی ( ج) بەو شێوەیەی پەسەندكراوە لە قازانجی كورد نیە بەڵكو لە زیانێتی" دەشڵێت هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست بكات یان رادەستی نەكات ئەو یاسایە لە زیانی هەرێمی كوردستانەو لە قازانجی حكومەتی بەغدادیە. فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی ئێن ئاڕتیدا ئاماژەی بەوەكردووە " ئەوەی دوێنی شەو پەسەندكرا ئەوە نەبوو كە كورد باسی دەكرد، فراكسیۆنە كوردیەكان بۆیان نەچووە سەر واتا موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەك دوور نەخراوەتەوە لە كەمكردنەوە" نەبی دەشڵێت نوێنەرانی كورد نەیان توانی ئەو بڕگەیە بچەسپێنن كە دەڵێت " ئەگەر هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەست نەكات، وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت موچەی فەرمابەرانی هەرێم بدات زیانی داهاتی ئەو نەوتە لە بڕی ماوەی بەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێت" واتا لە موچە نابڕدرێت لە بڕگەی تر دەبڕدرێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەكە رادەست نەكات. بەڵام ئەو بڕگەیەی كە پەسەندكراوە موچەی جیانەكردۆتەوە لە پشكی هەرێم دەڵێت" بڕی زیانی نەناردنی 250 هەزار بەرمیلەكە لە كۆی گشتی پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بە موچەشەوە" فازل نەبی جەخت دەكاتەوە" كەواتا نە 522 ملیار دینارەكە راستە نە 640 ملیار دینارەكە راستە ئەگەر هاتوو ئەو مادەیە وەك خۆی جێبەجێبكرێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە" بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بەراشكاوی دەڵێت" واتا بڕگەی ( ج) هەرگیز لە قازانجی هەرێمی كوردستان نیە ئەو بڕگەیە هەمان بڕگەی سەردەمی یاسای بودجەی حەیدەر عەبادیە، بەڵام بە شێوازێكی تر، بۆیە ئەو بڕگەیە لە بەرژەوەندی كورد نیەو لە بەرژەوەندی حكومەتی بەغدایە، چی ئەوەی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست بكات، چی ئەوەی رادەستی نەكات ئەو یاسایە لە زیانی هەرێمی كوردستانەو لە قازانجی حكومەتی بەغدادیە" فازڵ نەبی رونی دەكاتەوە كە" ئەگەر هاتوو حكومەتی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلەكە رادەستی بەغداد بكات لە سنوری ( 10.8 ترلیۆن دینار) 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینار لە بەغداوە رەوانەی هەرێم دەكرێت پشكی هەرێمە لەبەغداد، واتا ئەوەی لە بەغداوە دێت تەنها بەشی موچەی خەڵكی دەكات بەتەنها، ئەویش بە مەرجێك لە مادەی 9 ی بودجەكەدا دەڵێت" حكومەتی هەرێمی كورستان پشكەكەی دیاری دەكرێت، ( من اجمال النفقات الفعلیە) وشەی ( فعلی) زۆر مەترسیدارە بەكار هاتووە، واتا ئەو 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینارە هەموو بۆ كوردستان نایەت ئەگەر نەوتەكەشی رادەست بكات، بە گوێرەی رێژەی خەرجی فیعلی دەنێردرێت، واتا ئەگەر عێراق 70% بودجەی خۆی خەرجبكات، عێراق 70%ی ئەو 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینارە بۆ هەرێم دەنێرێت، واتا زۆر لە 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینارەكە كەمتر دەبێت و بەشی موچە ناكات". بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەش دەخاتە روو كە " عێراق تەنها داوای 250 هەزار بەرمیل ناكات، لە بڕگەی( ا )لەمادەی 10 باسی 250 هەزار بەرمیل دەكات كە هەرێم دەبێت رادەستی بەغدادی بكات، بەڵام لە بڕگەی ( د)ی مادەی 10 دەڵێت ئەگەر حكومەتی هەرێم لەو بڕەی بۆی دیاریكراوە زیاتر بەرهەمبهێنێت دەبێت داهاتی ئەو بڕە زیادەیەش بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، واتا هەرێم لەسەرو 250 هەزار بەرمیلەكەش چەندێكی تر بفرۆشێت دەبێت داهاتەكەی بنێرێت بۆ بەغداد" فازل نەبێ دەشڵێت" ئەگەر هەرێم 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست نەكات، بەغداد پارەی ئەو نەوتە لە كۆی پشكی هەرێم دەبڕێت، پاشان ئەوەی ماوە دەیداتە هەرێم كە ئەوەش لە باشترین حاڵەتدا لە نێوان 320 ملیار دینار یان ئەگەر حكومەتی عێراق زۆر هاوكاری هەرێم بكات ئینجا ناگاتە 400 ملیار دیناری مانگانە" پێشی وایە كە " لەهەردوو حاڵەتەكەدا كێشە هەیە بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم دیراسەیەكی ووردی یاساكە بكات بزانن كامەیان لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانە ئەوەیان جێبەجێ بكەن" ئەوەی لە قازانجی كوردە بە پێی وتەی فازڵ نەبی" بڕگەی ( ب ) لە مادەی 10 وەك خۆی دانراوەو ئەوە راستە كە تایبەتە بە موچەی پێشمەرگە تەنها ئەو بڕگەیە وەك خۆیەتی و لە قازانجی كوردە، تەنها بڕگەی پێشمەرگە بەتەواوی چاككراوە، جیاوازیەكەی لەگەڵ ساڵی رابردوو ئەوەی كە پێشتر دانرابوو كە موچەی پێشمەرگە لە ( قوات البڕی) هێزی وشكانی رێژەكەی دەدرێت بەڵام لە ئێستادا ( بری) هێزی وشكانی لابراوەو كراوە بەوەی پشكی پێشمەرگە لە ( قوات الاتحادی ) لە هەموو هێزەكانە واتا ساڵانی پێشوو پشكی پێشمەرگە 36 ملیار دینار بوو بەڵام ئێستا لە نێوان 60 بۆ 67 ملیار دینار دەبێتەوە"