سەدر لەسواری شەپۆلەكە دابەزی
2020-01-26 17:30:42
راپۆرتی: درەو
"موقتەدا سەدر" ئەو پیاوەی كە بە هەڵگەڕانەوە لەهەڵوێستە سیاسییو تەنانەت جەماوەرییەكانیشی ناسراوە، لەكاتێكی ناسكو هەستیاردا خۆپیشاندەران بە جێدەهێڵێت. ئەویش هاوشێوەی نوخبەی سیاسی لە ڕۆژانی یەكەمی خۆپیشاندانە خۆرسكەكەی خەڵكی عێراقدا دووچاری شۆك بوو، ئەوە یەكەمجاربوو بەبێ ئاگاداریو لەسەر داوا ئەو شەقامەكان جمەی بێت لەخەڵكی ناڕازیی. سەدر ئەو دەمە لەیەكەم پەیامیدا، تەئكیدی لەبایەخی پاراستنی ئەو بەرگە خۆرسكەی خۆپیشاندانكردو، داوای لەخۆپیشاندەرانیش كرد ڕێگەنەدەن هیچ لایەنێك بیكاتە گۆڕەپانی تاودانی ئەسپی خۆیو سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانیان بێت.
لەدوای 25 تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوەوە، سەدر لایەنگرانی خۆی ناردە ناو خۆپیشاندەرانو هێزێكی مەدەنیشی بەناوی "كڵاوشینەكان" دروستكرد بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانو گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان، زۆرێك لەلێكدانەوەكان پێیانوابوو سەدر بۆ دوو ئامانج ئەو هەنگاوەی گرتەبەر:
یەكەم: ترسی دەرهێنانی بەڕی شەقام لەژێرپێی.
دووەم: ڕێگەنەدان بەدەستوردانی هێزی ترو بەلاڕێدانی خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەك كەدواتر بە مەترسی بۆ ناماڵی شیعەو پێگەی هێزەكانی بشكێتەوە.
چی ڕوویدا؟
لەدوای كوشتنی "قاسم سولەیمانیو ئەبومەهدی موهەندیس" هەڵوێستی سەدر گۆڕانكاری جەوهەری بەسەرداهات، خەمی ژمارە یەكی لەپشتیوانیكردنی سەربازگەی دژە گەندەڵییەوە گۆڕا بۆ سەربازگەی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.
سەدر وای دانابوو، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەكانی بەغدادیش بكاتە بەشێكی كاریگەر لەو خۆپیشاندانەی نزیكەی دوو هەفتە خۆیو لایەنگرانیو تێكڕای گروپە چەكدارە شیعییەكانو سەركردەكانیان بانگەشەیان بۆكرد لەپێناو یەكسختنی وتارەكانیان دژی بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق، بەڵام تووشی نائومێدییەكی گەورەبوو كاتێك بینی خۆپیشاندەران نەك هەر بەشداریی ئەو خۆپیشاندانەیان نەكرد كە دژی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق ڕێكخرا، بەڵكو گاڵتەشیان بە هەوڵەكانی كردو، تۆمەتباریان كرد بەوەی بۆتە بەشێك لە پرۆژەی ئێران لە عێراق.
سەدر ئەم بەشدارینەكردنەی خۆپیشاندەرانی تەحریری لەگەڵ لایەنگرانیو گروپە چەكدارەكان وا لێكداوەتەوە، پشتیوانییەكی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەمریكا، بەتایبەت زۆرێك لەلایەنە شیعییەكان لەڕۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكانەوە تۆمەتی دەستی دەرەكییان دەخەنە پاڵ.
بەشێكی تری نیگەرانییەكانی سەدر ڕەنگە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەو خۆپیشاندانەی ناوی نابوو (ملیۆنی سەروەری) هیچ سیفەتێكی ملیۆنی تێدانەبوو، لە ئاستی چاوەڕوانی خۆی و شیعەكانیشدا نەبوو، ژمارەی بەشداربوان زۆر لەوە كەمتر بوون كەپێشبینی دەكرا، ئەوەش ئیحراجییەكەی گەورەی بۆ هێزو گروپە شیعییەكان بەگشتیو موقتەدا سەدرو لایەنگرانی بە تایبەتی دروستكرد.
بڕیاری كشانەوە
ئێوارەی ڕۆژی هەینی "موقتەدا سەدر" لە توتێكدا گلەیی لە خۆپیشاندەران كردو وتی:" من نیگەرانیو گلەیی خۆم دەردەبڕم لەو خۆپیشاندەرانەی گۆڕەپانی تەحریرو پارێزگاكانی تر كە گومانیان لێكردووم، ئەوانەی پشتیوانیان بووم دوای خودا، پێموابوو ئەوانە پشتیوانی منو عێراقن" وەك ئاماژەیەك بۆ بەشدارینەكردنیان لەو خۆپیشاندانەی كە داوای كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكانیان كرد.
دوابەدوای تویتەكەی سەدر، زۆرینەی لایەنگرانی گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانیان چۆڵكرد، نزیكەكانی سەدر دەڵێن: ئەو فەرمانی نەكردووە بە لایەنگرانی تا لەگۆڕەپانەكان بكشێنەوە، بەڵكو سەدر بەو پەیامە ویستویەتی خۆی لەهەموو خۆپیشاندانێك بەدور بگرێت، تا جارێك بەسواربوونی شەپۆلەكەو جارێكی تریش بە بەجێهێشتنان تۆمەتبار نەكرێت، بەڵام لایەنگرانی واتێگەیشتوون كە تویتكەی مانای كشانەوەیە، بەوشێوەیەش لایەنگرانی تەواوی خێمەكانیان كۆكردەوەو گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانیان لە (بەغدادو دیوانیەو بەسرەو نەجەفو بابلو كەربەلا) چۆڵكرد.
لەبەرامبەردا بەشێك لە خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەكان ئەو هەڵوێستەی سەدریان بەهەڵگەڕانەوەیەكی ئاشكرا وەسفكرد لەپشتكردنە خۆپیشاندەرانو، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە (هەڵگەڕانەوەی سەدرو غەدری سەدرو پێچكردنەوەی سەدر) ناویانبردو، ئەو دەستەواژانەیان وەك دروشم لە گۆڕەپانەكان بەرزكردەوە.
بەشێك لەوانەی لەسەر ئەم هەڵوێستەی ڕەخنە لەسەدر دەگرن، دەڵێن: "سەدر بۆ ئەوە نەهاتۆتە سەرخەت تاپشتیوانی خۆپیشاندەران بكات، بەڵكو بۆ پاراستنی بەرژوەندییە تایبەتییەكانیو هاوپەیمانە سیاسییەكانیو پاراستنی هەیبەتی خۆی هاتووەتە شەقام، خۆ ئەگەر ئەوەی نەكردایە ئەوەی خۆپیشاندەران دژی حزبەكەیان وتویانەو كردویانە دژی ئەویش دەیانكرد".
بەڕای ئەوان ئەم كارەی سەدر دەبێتە مایەی لاوازكردنی جوڵەی جەماوەرو كۆتایهێنان بە پشتیوانی لۆجستیو پارێزگاریكردنو كۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەكان لەهەر لەحزەیەكدا بێت، بەتایبەت بەدوای ئەم هەڵوێستەی سەدر هەڵمەتێكی ئەمنیی فراوان لە(بەسرەو دیوانییەو بەغداد) دەستیپێكردووەو، هێزە ئەمنییەكان خێمەی خۆپیشاندەرانیان سوتاندووەو دەیان چالاكیشیان دەستگیركردووە.
بەشێكی تر لەوانەی سەدر تۆمەتباردەكەن دەڵێن، سەدر بەم هەنگاوەی چۆتە بەرەی دژە شۆڕشو ئەم بڕیارەشی جێپەنجەی ئێرانی پێوەدیارە، ئەوەش دوای كۆبونەوەی دێت لەگەڵ سەركردەی گروپە چەكدارەكان لەشاری (قوم). لەدوای كشانەوەی لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان هەڵمەتی سەركوتكردنو ڕاوەدونانو دەستگیركردن بەشێوەیەكی بەربڵاو دەستیپێكردووە، بەجۆرێك هەندێك بە ڕاگەیاندنی جەنگ دژی خۆپیشاندەرانی ناویدەهێنێت.
كاریگەریی سەدر
كشانەوەی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان كاریگەرییەكی دیاری كردۆتە سەر گۆڕەپانەكان، چی لەڕووی قەرەباڵغیو چالاكییەكانو، هەم لەڕووی بەشداریو پشتیوانی لۆجستی تادەگاتە ئەوەی ڕۆلێكی گرنگیان هەبووە لە پاراستنی خۆپیشاندانەكان، ئەمە قسەی بەشێكە لەچالاكی خۆپیشاندانەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
ئامادەبوونی "كڵاوشینەكان"ی سەر بە سەدر، لەماوەی ڕابردودا بووەتە هۆی ڕێگریكردنو پاراستنی خۆپیشاندەران لەپەلاماری گروپە چەكدارەكان، بەوهۆیەوە بەشێك لە خۆپیشاندەران كشانەوەیان بە زیانێكی گەورە دەزانن بۆ خۆپیشاندانەكان.
بەوتەی بەشێك لەچالاكانی مەدەنیش، هەندێك لایەن هەوڵی قوڵكردنەوەی كێشەكانی نێوان لایەنگرانی سەدرو خۆپیشاندەران دەدەن بۆ لاوازكردنی خۆپیشاندانەكانو، لەدەستدانی لایەنگرانی، ئەو دروشمانەشی دژی سەدر لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بەرزكراونەتەوە بە دروشمو ڕای خۆپیشاندەرانی نازانن، زیاتر بە كاردانەوەی تاكەكەسی وەسفدەكەن بەهۆی توڕەییو هەستكردنیان بە نائومێدی لەبڕیاری كشانەوەی سەدرییەكانو بەجێهێشتنیان لەگۆرەپانەكان بەتاقی تەنیا.