Draw Media

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا: داهات‌و خەرجی پارێزگا نازانین

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا: داهات‌و خەرجی پارێزگا نازانین

2020-01-26 17:07:57


 (درەو):
سەرباری ئەوەی لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی هەردووكیان سەربە یەك حزبی سیاسین، بەڵام پەیوەندیی نێوانیان خراپە، ئەمڕۆ كاتێك چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیمان لەگەڵ كرد، چەند كاتژمێرێك بوو كە هەڤاڵ ئەبوبەكر نوسراوێكی ئاڕاستە كردبوو، تێیدا دەڵێ چیتر هیچ نوسراوێك لە ئێوە وەرناگرین‌و كاری لەسەر ناكەین، ئەو باسی ئەوە دەكات ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری داهات‌و خەرجییەكانی پارێزگار نییە، باسی ئەو (14) ملیۆن دینارە دەكات كە پارێزگاری سلێمانی بۆ كڕینی ئۆتۆمبیلێك بۆ ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا خەرجیكردووە، لەگەڵ چەندین بابەتی تری تایبەت بە كارەكانی ئەنجومەن‌و پارێزگار، ئەو بەرزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەم چاوپێكەوتنەدا قسە بۆ (درەو) دەكات.

چاوپێكەوتن: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
درەو: سەرلەنوێ لەگەڵ سەختبوونی بارودۆخی كەشوهەوا، دۆخی كارەبا خراپ بووەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە سوتەمەنیشتان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەكردووە، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن ؟
بەرزان محەمەد: كێشەی سوتەمەنی‌و كارەبا كە هەردووكیان پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، بەبڕوای من بەشێكی ئەم بابەتە كێشەی سیاسییە.
درەو: چۆن ؟
بەرزان محەمەد: كێشەكە لەدەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدایە، بۆخۆتان باش دەزانن كە پارەیەكی باش هاتووەتە ئەم وڵاتەوە، ساڵانە پارەیەكی باش بۆ سێكتەری كارەبا خەرجدەكرێت، بەڵام لەهەمان كاتدا كێشەكە چارەسەر نابێت، ئەم كێشەیە سودی بۆ وڵاتانی ناوچەكە هەیە، چونكە وا ئەكات بەردەوام هەرێم چاوی لە توركیا‌و ئێران بێت كە سوتەمەنی بۆ بنێرن، مەسەلەی نەوت لە دەرەوەی ئیرادەی كوردستانە‌و لای ئێران‌و توركیا‌و وڵاتانی زلهێزی بواری نەوتە، ئەگەرنا لە بابەتی كارەبادا هەموو هەرێمی كوردستان هێندەی شارێكی چین نییە، بۆ نمونە ئێوە بچن پرسیاری لە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بكەن لە چەمچەماڵ، بەردەوام دوو هێڵی وێستگەكە كارناكات، چونكە حكومەت گازی پێویستیان پێنادات، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەت گاز هەناردەی دەرەوە دەكات، ئەمە خۆی پرسیارە.
درەو: ئەم قسانەی ئێوە دەچێتەوە سەر هەمان رێچكەی قسەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە وتی: كارەبا كاری ئێمە نییە ؟ ئێوە لە ئەنجومەنی پارێزگا لە پرسی خراپی كارەبادا هیچ بەرپرسیارێتییەك ناخەنە ئەستۆی خۆتان ؟
بەرزان محەمەد: لەراستیدا دەبێت سەیری دەسەڵاتەكان بكەیت، دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتێكی چاودێرییە، ئەتوانێت دەست بخاتەسەر كەموكوڕییەكان لەبواری خزمەتگوزاریدا، بۆ نمونە هاوڵاتی بەشێوەیەكی ئاسایی دەڵێ كارەبا نییە، بەڵام ئێمە ئەمە ئەكەین بە نوسراو و ئاڕاستەی پارێزگاری دەكەین، ئەویش وەزارەتی كارەبای لێ ئاگاداردەكاتەوە، بەڵام پارێزگار دەسەڵاتی جێبەجێكارەو سەرۆكی یەكەی ئیداری پارێزگایە.
درەو: ئەی بۆ بابەتی سوتەمەنی چی دەڵێن، زستان تەواو دەبێت هێشتا نەوتتان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەكردووە، پارێزگار وتی با خەڵك دەخیلەیەك دروست بكەن و خۆیان نەوت بكڕن چاوەڕوانی حكومەت نەكەن ؟
بەرزان محەمەد: دەبوو پارێزگار بڵێ من ئاگام لەو بابەتەیەو كردومە، پارێزگار بەدەیان نوسراوی بەرزكردوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبكرێت، ئەوەنەی من ئاگاداربم ئێمە وەكو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەگەڵ سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی حكومەت دانیشتین، سەرۆكی حكومەت ئێمەی دڵنیاكردەوە‌و وتی نەوتی هەموو كوردستان بۆ هەموو ساڵەكە كڕدراوە، هۆكاری ئەوەی كە نەوتەكە دابەشناكرێت، بۆمن جێگەی سەرسوڕمانە، چونكە ئێمە هەرسێ سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكان بوین (سلێمانی- هەولێر- دهۆك) لە كۆبونەوەكەدا وتی ئێمە نەوتی ساڵەكەمان دابین كردووە.
درەو: ئێستا بۆچی بەدواداچوون ناكەن لەبارەی ئەوەی بۆ نەوتەكە دابەشنەكراوە ؟
بەرزان محەمەد: ئێمە رۆژانە هاوڵاتیان دێنە لامان‌و لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت‌و كانزاكانەوە ئەو پرسیارە دەكەین، ئێستا رۆژانە لەدەرەوەی ناوەندی پارێزگاكان نەوت دابەشدەكرێت، هەفتەی رابردوو لە بەرزنجە نەوت دابەشكرا، لە بازیان نەوت دابەشكراوە.
درەو: بەڵام رەنگە زستان كۆتایی بێت‌و دابەشكردنی نەوت نەگاتە ناو شار ؟
بەرزان محەمەد: بەدڵنیایی، پرۆسەكە زۆر خاوە.
درەو: ئێستا پێمان بڵێ ئایا دۆسیەی نەوت‌و كارەبا پەیوەستە بە پارێزگارەوە كە پارێزگار دەڵێ ئەوە كاری ئێمە نییە‌و ئەو بوارانە وەزارەتی تایبەت بە خۆیان هەیە ؟
بەرزان محەمەد: بەڵێ، پارێزگار وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی پارێزگای سلێمانی وایە، هەموو دەسەڵاتی جێبەجێكردنی لایە.
درەو: ئایا پارێزگار ئەو دەسەڵاتانەی جێبەجێ دەكات، بۆنمونە بۆ چاككردنی دۆخی كارەبا لەڕووی كردارییەوە چی كردووە ؟
بەرزان محەمەد: نەك هەر پارێزگار، ئێمەش لە ئەنجومەنی پارێزگا لیژنەیەكمان هەیە بەناوی لیژنەی وزە، بەراستی بەدواداچوونی كردووە بۆ هەموو ئەو مەسەلانە، بەردەوامیش لەسەر دابەشكردنی نەوتی ماڵان لیژنەكەمان قسەی خۆی هەیە.
درەو: كەواتە جەوهەری كێشەكە لە كوێدایە ؟
بەرزان محەمەد: كێشەكە لەوەدایە پرۆسەی دابینكردنەكە بەشێوەیەكی خاو بەڕێوەدەچێت، كێشەكە ئەوەیە لامەركەزیەت نەچەسپاوە، ئەنجومەنی پارێزگا وەكو پێویست دەسەڵاتی نییە، داهاتی پارێزگا ناگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان، تاوەكو ئەنجومەنەكان بتوانن دەسەڵات بدەن بە پارێزگارەكان بۆ ئەوەی لەو داهاتانە خەرجی بكەن بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری.
درەو: ئێستا پارێزگای سلێمانی داهاتی خۆی بۆ پرۆژەكان لە كوێوە پەیدا دەكات ؟
بەرزان محەمەد: ئێمە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ داهاتێكمان نییە.
درەو: ئەنجومەن نا، مەبەستمان پارێزگارە ؟
بەرزان محەمەد: ئێمە وەكو ئەنجومەن هیچ شارەزاییەكمان نییە لەبارەی داهاتەكانی پارێزگارەوە.
درەو: واتە ئێوە نازانن پارێزگار داهاتەكانی چەندێكە‌و لەچیدا خەرجیان دەكات ؟
بەرزان محەمەد: نەخێر. ئاگادار نین.
درەو: واتە هیچ ژمارەیەكیش لەبەردەستتاندا نییە ؟
بەرزان محەمەد: ئێمە لیژنەیەكمان هەیە كە لیژنەی داراییە، ئێوە ئەتوانن لەڕێگەی ئەوانەوە پرسیار بكەن، هەرچەندە من بۆخۆم چەندجارێك یاداشتی لیژنەی دارایم بەرزكردوەتەوە بۆ بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەن‌و ئاگاشم لێبووە سەرۆكی ئەنجومەن بە نوسراو لایەنی پەیوەندیداری ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام تائێستا یەك داتای رێكوپێكمان نەهاتووەتە بەردەست.
درەو: بەمدواییە پارێزگار هەندێك خەرجی دەكات بۆ كڕینی پێداویستی بۆ خوێندنگەكان، نازانن سەرچاوەی ئەم خەرجییەش لەكوێوە دابین كراوە‌و چۆن خەرجكراوە ؟
بەرزان محەمەد: من جێگری سەرۆكی ئەنجومەنم، نازانم داهاتەكان لە كوێوە دێن، تەنیا ئەوەم بیستووە كە ئەڵین هەندێك كۆمپانیا هاوكاری دەكات.
درەو: كۆمپانیا هاوكاری پارێزگار دەكات ؟
بەرزان محەمەد: بەڵێ.
درەو: ئەو هاوكارییەی كۆمپانیاكان لەبەرامبەر چیدایە ؟
بەرزان محەمەد: لەراستیدا من وردەكارییەكەی نازانم، بەڵام ئەوەندەی ئاگاداربم پارێزگار پارەیەكی بەردەستیشی هەیە نازانم بەدیاریكراوی مانگانە (50 ملیۆن) دینارە.
درەو: ئەی ئەو (50 ملیۆن) دینارە لە كوێوە هاتووە ؟
بەرزان محەمەد: ئەوە هی ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەوە بۆ هەموو خەرجییە تەشغیلییەكانی پارێزگارە.
درەو: ئێوە نازانن ئەو پارەنەش چۆن خەرجدەكرێن ؟
بەرزان محەمەد: ئێمە تائێستا نازانین چی لەبەردەستدایە، كە نەمانزانی چی لەبەردەستدایە چۆن بزانین چۆن خەرجكراوە!
درەو: ئەی ئێوەی دەسەڵاتی ئەوەتان نییە لە پارێزگار بپرسنەوە، ئەی نابێت ئەو داهاتە بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەن‌و لە ئەنجومەنی پارێزگاوە بڕیار لەسەر خەرجكردنی بدرێت.
بەرزان محەمەد: ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی هەیە لێی بپرسێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی لەدوای قەیرانی داراییەوە كۆمەڵێك بودجە هەبوو كە ساڵانە دەهات وەكو بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، ئێستا ئەوانە نەماون، ئەوەندەی من ئاگاداربم ئەو پارانە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابین دەكرێن‌و هەر لەوێش بڕیاریان لەسەر دەدرێت، پارەكان بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان دەكرێت كە رێژەی 90%یان تەواوبوون.


درەو: ئێوە گومانتان لە خەرجكردنی ئەو پارانە هەیە ؟
بەرزان محەمەد: من وەكو خۆم ناتوانم گومان بكەم، ئەگەر بەڵگەیەكم پێ نەبێت، بەڵام ئێمە لەڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوام پرسیارمان كردووە‌و وەڵامی پێویستمان وەرنەگرتووە، راپۆرتێكی رێكخراوی (كوردستان بۆ هەموان) هەیە زۆر بە وردی باسی ئیشوكارەكانی ئەنجومەن دەكات، ئەو رێكخراوە كە رێكخراوێكی ئەمریكی سپۆنسەری دەكات ساڵانە چاودێرە بەسەر ئیشوكارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا‌و دواتر بە راپۆرت بڵاوی دەكاتەوە.
درەو: واتە ئێوە بە نوسراوی فەرمی داوای داهات‌و خەرجیتان لە پارێزگار كردووە ؟
بەرزان محەمەد: ساڵی رابردوو سەرۆكی لیژنەی دارایی‌و كارگێڕی داوای هەموو داهات‌و خەرجی پارێزگای سلێمانی كرد، بەڵام لەڕاستیدا هیچ زانیارییەكی ئەوتۆ نەهاتە بەردەستمان، تەنیا بەژمارە رێژەی داهات‌و خەرجییان بۆ ناردین نەك وردەكارییەكەی.
درەو: واتە وەسڵی داهات‌و خەرجی نیشانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا نادرێت ؟
بەرزان محەمەد: لەوانەیە سەیركردنی وەسڵ كاری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبێت، چونكە ئەوە چاودێری دارایی‌و نەزاهە ئەو كارانە دەكەن.
درەو: ئێوە ئاگاداری گرێبەستەكانی پارێزگارن ؟
بەرزان محەمەد: ئەوەی ئێمە زیاتر ئاگامان لێیەتی ئەو كەمكردن‌و زیادكردنانەیە كە بۆ بوارە خزمەتگوزارییەكانن وەكو پاككردنەوە، بەڵێ ئێمە ئاگاداری ئەوانەین‌و ئەگەر سەرەنجێكیشمان هەبوبێت پێیان وتوین.
درەو: ئێوە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن، كاتێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كرا ئێوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بانگەشەی چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریتان دەكرد لەڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، بەڵام ئێستا ئەنجومەن‌و پارێزگارەكان چاوەڕێی رەحم‌و كەرەمی حكومەتن لە هەولێر یارمەتیدان بدات، بۆچی لامەركەزیەتی ئیداری نەچەسپا ؟
بەرزان محەمەد: من وەكو خۆم‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش لەراستیدا باش لە بابەتەكە نەگەیشتبوین، چونكە یاسای ژمارە (3) یاسایەكە دورو نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە لامەركەزیەتەوە نییە، شتێك كە پەیوەندی بەوەوە نەبێت، ئەبێت هەمواری بكەیتەوە، یاساكە ئەنجومەنی پارێزگای سەرپشكردووە چاودێر بێت بەسەر حكومەتی خۆجێییەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا دەسەڵاتەكانی مەحدودە، بۆ نمونە ئەو رێنماییانەی لە وەزارەتی داراییەوە دەردەچێت لەبارەی ئەو باجانەی دەخرێتە سەر هاوڵاتیان، ئێستا دوكاندارێك پێنج جۆر باجی لەسەرە، لەوانەیە ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ ئەمەدا نەبێت، بەڵام هەر لە یاساكەدا هاتووە ئەڵێ ئەنجومەن كاتێك دەتوانێت بڕیارو رێنمایی دەربكات كە دژ نەبێت لەگەڵ بڕیاری ناوەنددا، لەوكاتەدا ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی پارێزگا دەریان دەكات لە ئەرزی واقیعدا هیچ ئەرزشێكیان نابێت.
درەو: واتە بەبڕوای ئێوە بەرلەوەی باس لە چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداری بكرێت دەبێت یاساكان هەموار بكرێنەوە ؟
بەرزان محەمەد: بەڵێ، دەبێت یاسای ژمارە (3) زۆر بەباشی هەموار بكرێتەوە، بەداخەوە ئەمساڵ هەمواركرایەوە بۆ دوو مەبەست، یەكەم بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دووەم ئەوە بوو دەسەڵاتی ئەوەیان لە ئەنجومەنی پارێزگا سەندەوە كە خۆی پارێزگار دیاری بكات، بۆئەوەی حزبەكان لە دەرەوەی ئەنجومەنەكەوە خەڵك بهێنن بیكەن بە پارێزگار.
درەو: دەمانەوێت لەبارەی پەیوەندی ئێوە لەگەڵ خەڵك قسە بكەین، ئێستا ئەگەر تەماشای راگەیاندنی پارێزگار بكەیت دەردەكەوێت پارێزگار زیاتر سەرقاڵی كاروباری تەشریفاتییە‌و زۆر بەكەمی وێنەی كردنەوەی پرۆژەكان دەبینرێت، وێنەكانی پارێزگار وای نیشان دەدەن پارێزگای سلێمانی بێ كێشەیە، ئەو وێنانە بەبۆچونی ئێوە گوزارشت لەواقعی پارێزگاكە دەكەن ؟
بەرزان محەمەد: لەڕاستیدا منیش ئەوە جێگەی سەرەنجمە، من ئەوەندەی ئاگاداربم پارێزگار زۆر ئیشی باشی كردووە، هەر لە نۆژەنكردنەوەی خوێندنگەوە بۆ كاری تر، بەڵام من تێناگەم، ئەو پرسیارە لەخۆی بكەن، بابەت بڵاودەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكی بە پارێزگارەوە نییە، تەنانەت بابەتێكی میدیاییش نییە، بۆ نمونە تۆ بۆ پشتیوانی كرێكاری شارەوانی دەچیت شت كۆدەكەیتەوە، ئەمە هیچ لەبەرژەوەندی گشتیدا نییە، یاخود ئافرەتێك لە بواری خۆیدا سەركەوتووە تۆ ئەو هەموو كێشەیەی ئەم شارە بەجێبهێڵیت‌و بچیت رەسمی لەگەڵدا بگریت، بەراستی من لەوەی پارێزگار تێناگەم، بەڵام من پێتان ئەڵێم ئاگام لێیەتی جۆرەها ئیشی باشی كردووە، ئەوانە هیچی لە ئیعلامدا نابینم، بەڵام ئەو شتانە ئەبینم كە ئیشی پارێزگار نییە.
درەو: واتە بەقسەی ئێوە ئەوەی راستە كە پارێزگار جارێك وتی لەماوەی 11 مانگدا 11 هەزار ئیشم كردووە ؟
بەرزان محەمەد: من ئێستا تەنیا ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چوار بۆ پێنج داواكاریی هاتوەتە لام، چوار پێنج نوسراوم كردووە، ئەگەر لێكی بدەیتەوە ئەوانە هەمووی ئیشە، بەڵام تۆ وەختێك ئەتوانیت بە شتێك بڵێی ئیش كە بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتی تێدا بێت، بۆ نمونە ئەگەر تۆ بتوانیت كارەبای سلێمانی لەباتی ئەوەی خەڵك هەشت كاتژمێر كارەبای هەبێت دە كاتژمێر هەیبێت ئەوە پێی ئەوترێت ئیش، بەڵام تۆ كێشەیەكی شەخسی هاوڵاتییەك یان نوسراوێك بۆ شوێنێك خۆی بە ئیشە بەڵام ناتوانی وەكو ئیش باسی بكەیت.
درەو: باسی بەرژەوەندی گشتیت كرد، ئەتویست بڵێی كارەكانی پارێزگار بۆ بەرژەوەندی تایبەتین، بەمدواییە باسلەوەكرا پارێزگار بڕی 14 ملیۆن دینار بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ئەندامێكی ئەنجومەن خەرجكردووە ؟
بەرزان محەمەد: من لەسەر بابەتی 14 ملیۆن دینارەكە هیچ سەرەنجێكم نییە، ئەندامێكی ئەنجومەن لەسەر ئەو بابەتە سكاڵای تۆماركردووەو ئێمەش سكاڵاكەمان داوە بە لیژنەی یاسایی‌و چاوەڕێی وەڵامی لیژنەی یاسایی دەكەین.
درەو: ئەی دۆسیەی گومانەكانی گەندەڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی بەكوێ گەیشت كە لە ئەنجومەنی پارێزگاوە جوڵێندرا ؟
بەرزان محەمەد: ئێمە بەرێز بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانیمان بانگهێشتی ئەنجومەن كرد، كۆبونەوەیەكمان لەگەڵ كرد، دوای كۆبونەوەكە دۆخەكە وەكو خۆی ماوەتەوە، ئەو بەڕێزەی كە ئەندامی ئەنجومەنە‌و سكاڵاكەی كردووە هیچ بەڵگەیەكی نەبوو تاوەكو ئێمە مەسەلەكە بجوڵێنین، بۆیە ئێمە كە بەڕێوەبەری رۆشنبیریمان بانگ كرد داوای زانیاریمان لێكرد واتە بۆ لێپرسینەوە نەبوو، ئەو بابەتە تائێستا لای بەرێز سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیرییە.
درەو: بەمدواییە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بابەتی دەروازە سنورییەكان‌و گەندەڵیدا جوڵەیەكی كرد، هەرچەندە وا دەركەوت جوڵەیەكی تاكەكەسییە‌و هەوڵی یەك ئەندامی ئەنجومەنەكەیە، بەڵام بەگشتی ئێستا زۆر باسی قاچاخچێتی دەكرێت لە دەروازە سنورییەكان، ئێوە لەم بوارەدا چیتان كردووە ؟
بەرزان محەمەد: لەراستیدا ئێمە لیژنەكانمان ئەوەی وابەستەبێت بەو بابەتەوە، لیژنەی وزە‌و لیژنەی كشتوكاڵ‌و لیژنەی كارگێڕی سەردانی دەروازەی باشماخیان كردووە، ئەوەندەی من ئاگاداربم یاداشتی خۆیان داوە‌و سەرەنجی خۆیان لەسەر كۆمەڵێك شت هەبووە، بەڵام وەكو پێموتن ئەوانەی ئێمە دەیخەینەڕوو بەمەبەستی چارەسەر دەبێت بەڵگەی لەگەڵدا بێت نەك بەتەنیا قسە بێت.
درەو: ئێوە چاودێرن لەسەر كاروباری فەرمانگەكان لە سلێمانی، دوای زیاتر لە چوار ساڵ كاركردنی ئێوە هێشتا رۆتینات زۆرەو كەمینەكردووە ؟
بەرزان محەمەد: لەراستیدا رۆتینات لە فەرمانگەكاندا جیاوازی هەیە، تاڕادەك كەمبوەتەوە، بەڵام لە كوێدا كەمبووەتەوە، لەو فەرمانگانەدا كەمیكردووە كە باج وەردەگرن.
درەو: لە بواری خزمەتگوزاریدا چیتان كردووە لەگەڵ فەرمانگەكاندا ؟
بەرزان محەمەد: ئێمە ئەگەر رۆژانە دە نوسراو بكەین، هەشت نوسراویان بۆ بایەتی خزمەتگوزارییە.
درەو: سایلۆی سلێمانی كە روخێندرا بڕیاربوو بكرێتە پرۆژەیەكی گەورە، ئەوە بەكوێ گەیشت، بۆچی كاری تێدا ناكرێت؟
بەرزان محەمەد: ئێمە وەك ئەنجومەن لەڕێگەی لیژنەی پلان‌و پرۆژەكانەوە هەردوو كۆمپانیای (هیوا رەئوف‌و ئاردی سەفین) لەگەڵ بەڕیوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، میوانداریمانكردن لە ئەنجومەن، بابەتەكان تاوتوێكران‌و خەلەلەكان دۆزرایەوە، هۆكارەكان چیە كۆمپانیای ناوبراو ئەم پرۆژەیەی نەجوڵاندووە ؟، كارگەی ئاردی سەفین بۆ كارگەیەكی بە براندێكی باشتر درووست نەكردووە، كە لە گرێبەستەكەدا تێیدایەتی، بڕیارماندا كۆبونەوەی دواتر لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری سلێمانیدا بێت، ئێمە نوسراومان بۆ پارێزگاری سلێمانی كرد، كە لەبەروارێكی دیاریكراودا بێت بۆ ئەنجومەن، لە راستیدا نەهات، لەوكاتەدا چوبوو بۆ هۆتێل تایتانێك بۆ مەراسیمیێكی زۆر ئاسایی كە ئەیتوانی نەچێت، دیارە ئەنجومەن پێی ناخۆش بوو كە نەهات، یاداشمان نوسی و داوای رونكردنەوەمان كرد، ئەو هات لەبری ئەوە رێنمایی بۆ ئەنجومەن دەركرد كە نوسی بووی دەبێت بەم هۆكارانە من بانگ بكەن، یەكەمجارە لە بەڕێوەبردندا لایەنی جێبەجێكار رێنمایی بۆ لایەنی چاودێر دەربكات، خۆی پرۆسەكە بەپێچەوانەوەیە، ئەمەش بە رەزامەندی سەرۆكی ئەنجومەن كردبووی، من وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەن وەڵامی نوسراوەكەیم دایەوە، تائێستا وەڵامی نەداوەتەوە، ئەمڕۆ بەداخەوە بەرپرسی نوسینگەی پارێزگاری سلێمانی نوسراوێكی بۆ كردبووم كە نوسراوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وەرناگرین‌و كاری لەسەر ناكەین، كە ئەمە لەڕووی كارگێڕییەوە كارێكی خراپە، زۆر نایاساییە، من پشت بە پەیرەوی ناوخۆی ئەنجومەن دەبەستم بۆ نوسراو، كە دەسەڵاتی نوسراوم هەیە، من پشتبەست بە پەیرەو ئەو نوسینەم كردووە، ماوەیەكی دیاریكراویش لەسەر ئەو مەسەلەیە دەوەستین، كە ئەوە كەمكردنەوەیە لە شكۆی ئەنجومەن‌و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كە نوێنەری راستەوخۆی خەڵكن، نەبووە لایەنی جێبەجێكار رێنمایی بۆ لایەنی چاودێر دەربكات. 
درەو: ئێوە چەندجار پارێزگارتان لەم خولەدا بانگهێشتی ئەنجومەن كردووە بۆ لێپرسینەوە؟
بەرزان محەمەد: ساڵی رابردوو لە مانگی 12دا دووجار بانگی پارێزگارمان كرد نەهات.
درەو: دەوترێت پارێزگار كەسە نزیكەكانی لە نوسینگەكەی دامەزراندووە، ئەمە راستە؟
بەرزان محەمەد: لەراستی من وەكو خۆم وەكو بەرزان ئەوانە بە كێشەی گەورە نازانم، من كاركردنی پارێزگار بۆ بەرژەوەندییە گشتیەكان بەلامەوە گرنگە، ئەوە بەشتێكی تایبەتی خۆی دەبینم.
درەو: پارێزگاری سلێمانی جگە لە ئۆفیسی خۆی لەناو پارێزگا هیچ ئۆفیسیكی تری لەدەرەوەی پارێزگار هەیە؟ 
بەرزان محەمەد: قسە لەسەر شوقە دەكەن لە دەروازەو خۆی وتویەتی ئەوە موڵكی پارێزگایە، نەك خۆی، تائێستا ئێمە داوای رونكردنەوەمان لێنەكردووە.
درەو: زۆر باس لەوە دەكرێت پارێزگای سلێمانی دواكەوتووە، دەوترێت سلێمانی پەراوێزخراوە، ئێوە درك بەوە دەكەن ؟
بەرزان محەمەد: لە سلێمانیدا هەموو بێ خزمەتگوزارییەك هەیە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانیم لابوو، وتی: چووم بۆ هەولێر بۆلای وەزیرو بریكاری وەزیری كارەبا، قەناعەتم پێكردوون (32) ملیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرجبكەن بۆ راكێشانی كارەبا، وتی: پێم وتوون بەقەد ئاستی پرۆژەكانی هەولێر یان دهۆك بێت، دیارە ئەمە بۆخۆی ئەوە دەگەیەنێت كە جیاوازییەك هەیە، ئەوە پارێزگاری سلێمانی ئەتوانێت قسە بكات، چونكە ئەوان دەسەڵاتی جێبەجێكارن، مانگانە ئەوەی دەدرێت بە سلێمانی كەمترە لەوەی هەولێر یان دهۆك یاخود نا ؟!
درەو: پارێزگاری سلێمانی لەنێوان قسەو كرداردا كامیانی زۆرترە ؟
بەرزان محەمەد: واباشترە ئەو پیاوە (پارێزگار) بۆ هەموو شتێك قسەی نەبێت، ئەو پارێزگارە، لەوانەیە ئێستا خراپترین بارودۆخی نێوان من‌و ئەو بێت، بەڵام من ئاگام لێیەتی زۆر كاری باش دەكات، ئەو پیاوە ئیش دەكات، بەڵام ئەو كارانەی دەیكات باشەكان باس ناكات ، بەڵام ئەوانەی پێویست ناكات خەڵكی بزانێت دێت ئەوانە باس دەكات، ناشكرێت تۆ لەسەر هەموو شتێك قسەت هەبێت، ئەو برادەرە وا تێگەیشتووە كە لەبەر ئەوەی پارێزگارە دەبێت لەسەر هەموو شتێك قسەی هەبێت. 
درەو: بەمدوایانە ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی باسی لەوە كرد هەوڵێك لەلایەن یەكێتییەوە هەیە بۆ گۆڕینی پارێزگار، هیچ شتێكی جدی هەیە لەناو ئەنجومەن ؟
بەرزان محەمەد: ئێمە وەك ئەنجومەن هیچ شتێكمان پێنەگەیشتووە، چونكە ئەوە بەرێككەوتنی سیاسی كراوەو ئەگەر باس بكرێت لەنێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕاندا دەكرێت. 
درەو: رێككەوتنەكە كۆتایی هاتووە، كە كۆتایی هاتووە چۆن پرسی پارێزگا باس نەكراوە ؟ 
بەرزان محەمەد: ئەو بارودۆخە سیاسییەكەی كە لەم ناوچەیەدا هەیە ئەو بوارەی هێشتوەتەوە كە ئەو پرسە وا بڕوات، لەدوای ریفراندۆمەوە ئەم ناوچەیە خۆی نەگرتوتەوە، ئەو لایەنەی كە بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی لەگەڵدا هەیە كە یەكێتییە، تائێستا كۆنگرەكەشی یەكلانەكردوەتەوە، بڕوام وایە ئەگەر كۆنگرەكەیان تەواوبێت بە پەیوەندییەكانی خۆیاندا دەچنەوە، تا ئەم ساتەوەختە هیچ شتێك لە بارەی گۆڕینی پارێزگارەوە نەهاتووە.
درەو: بە قسەكانتدا دەردەكەوێت پەیوەندی نێوان پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن كە یەكێتییە زۆرباشە، بەڵام پەیوەندی نێوان پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە هەردوكتان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن خراپە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
بەرزان محەمەد: هۆكارەكەی تەنها بۆ كاركردن دەگەڕێتەوە، پێموایە لیژنەكانی ئەنجومەن كە یاداشتێك بەرز دەكەنەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە، ئەوە پەیڕەوی ناوخۆ دەسەڵاتی پێداون، ئەو یاداشتانەش بۆ ئەوەیە زانیارییان دەستكەوێت یان لێكۆڵینەوە لە بابەتەكان بكەن، بەڵام بۆ زۆر بابەت بەتایبەت سایلۆكە ئەوە وەڵامی پارێزگار بوو، ئەوەی ئەركی سەرشانی خۆمەو پەیڕەوەكە دەسەڵاتی پێداوم ئەوە جێبەجێ دەكەم.
درەو: ئێستا پەیوەندی نێوان پارێزگارو بزوتنەوەی گۆڕان چۆنە، ئەوەندە ئێوە لە ئەنجومەنی پارێزگاو بزوتنەوەی گۆڕانیش بن؟
بەرزان محەمەد: لەگەڵ فراكسیۆنی گۆڕان پەیوەندی ئاساییە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیشدا تەبعەن تا ئەم ساتە ئەو نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات لەو پۆستە، نە خۆی وتویەتی نە بزوتنەوەی گۆڕانیش وتویەتی، بەڵام وەك خۆی دەڵێت ئەو پیاوی دەوڵەتە (بە پێكەنینەوە)،  كۆبونەوەی فراكسیۆن جیایە لە حكومەت، بەڵام یەك كۆبونەوەمانكردووە لەنێوان فراكسیۆنی ئەنجومەنی خۆجێی‌و حكومەت ئەو نەهاتبوو، نازانم ئەچێتە كۆبونەوەكان یان ناچێت، بەڵام تا ئەم ساتە هەر گۆڕانە، لەسەر پشكی گۆڕانە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand