ئەنجامی كارەكان هاندەر نەبووە بۆ مانەوەی لە كەركوك
2020-01-21 13:55:40
(درەو):
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سێ سەرچاوەوە ئاشكرایكرد، كۆمپانیای بریتش پترلیۆم-ی بەریتانی كە بە (BP) ناسراوە، لە كێڵگەی نەوتی كەركوك كشاوەتەوە.
ئاژانسەكە باسلەوەدەكات، كۆمپانیای BP گرێبەستێكی بۆ دۆزینەوەی نەوت لە كەركوك بەبەهای (100 ملیۆن) دۆلار هەبووە، ئێستا گرێبەستەكەی كۆتایی هاتووە بەبێ ئەوەی رێككەوتنی نوێ بكات بۆ فراوانكردنی كێڵگەكە.
سەرچاوەی هەواڵەكە باسی لەوەكردووە، كۆمپانیا بەریتانییەكە مانگی رابردوو دەسەڵاتدارانی عێراقی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی فەرمانبەرەكانی لە كێڵگەی نەوتی كەركوك دەكشێنێتەوە، ئەمەش دوای تەواوبوونی گرێبەستی كاركردنی كە لە ساڵی 2013 ئیمزاكراوە.
سەرچاوەكان لە كۆمپانیای نەوتی باكور كە خۆیان سەرپەرەشتی كارەكانی كێڵگەكەیان كردووە، هەواڵی كشانەوەی كۆمپانیا بەریتانییەكەیان لە كێڵگەی نەوتی كەركوك پشتڕاستكردوەتەوە.
بەپێی قسەی بەرپرسان، ئەنجامی كارەكانی گەشەپێدانی كێڵگەی نەوتی كەركوك كە كۆمپانیا بەریتانییەكە ئەنجامی داوە، رادەستی كۆمپانیای نەوتی باكور كراوە، بەڵام كشانەوەی كۆمپانیا بەریتانییەكە بۆ بەرپرسانی عێراقی چاوەڕوان نەكراو بووەو باسلەوەدەكرێت هۆكاری كشانەوەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەنجامی توێژینەوەكە هاندەر نەبووە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكە لە كەركوك بمێنێتەوەو بەردەوامی بدات بە كارەكانی.