Draw Media

راپۆرت: درەو میدیا رۆژی سێشەممەی رابردوو وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان چووە هەولێرو لەگەڵ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت گفتوگۆی كرد. ئەمە درێژكراوەی چەند كۆبونەوەیەكی پێشتری نێوان هەردوولا بوو، كە زیاتر موجامەلەی سیاسی باڵی بەسەردا كێشابوو، وەك لەوەی بتوانن پێكەوە خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێن. كۆبونەوەكەی سێشەممە، یەكەمین هەنگاوی پراكتیكی نێوان گۆڕان‌و پارتی بوو لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، هەردوولا كە پێشتر دوو لیژنەیان دروستكردبوو (لیژنەیەك بۆ كارنامەی حكومەت- لیژنەیەك بۆ دابەشكردنی پۆستەكان)، لەم كۆبونەوەیەدا جیاوازییەكان لە خواست‌و تێروانینی هەردوولا دەركەوت. دابەشكردنی پۆستەكان بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەی سێشەممەدا لەبارەی پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتەوە، ناكۆكی لەنێوان تێڕوانینی وەفدی گۆڕان‌و پارتیدا هەبووە.  وەفدی گۆڕان لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانەوە داوایكردووە، لە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتدا پۆستی پێبدرێت، بەشێوەیەك لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتییەوە تا دەگاتە پۆستی وەزارەت پێكەوە‌و لەیەككاتدا بدرێت بە گۆڕان، بەڵام وەفدی پارتی ئەم خواستەی گۆڕانی پێ قبوڵ نەبووە، پارتی بەنیازە تەنیا پۆستە باڵاكانی وەكو پۆستی وەزیر بە گۆڕان بدات‌و دابەشكردنی پۆستەكان ورد نەكاتەوە بۆ پۆستە بچوكەكانی وەكو (بەڕێوەبەری گشتی‌و بریكار‌و راوێژكارەكان). داواكردنی هەموو پۆستە باڵا‌و بچوكەكان بەیەكەوە لەلایەن گۆڕانەوە بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە: •    هۆكاری یەكەم: بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت "شەریكی راستەقینە" بێت لە دەسەڵات، بۆیە نایەوێت تەنیا چەند پۆستێكی باڵا وەرگرێت‌و چاوی لەوەیە لە پۆستە بچوكانیشدا پێگەی هەبێت. •    هۆكاری دووەم: لە كابینەی هەشتەمدا، بزوتنەوەی گۆڕان چەند پۆستێكی باڵای وزاری وەرگرت، بەڵام پارتی پۆستە بچوكەكانی تا كۆتایی رادەستی گۆڕان نەكرد وەكو ئەوەی لە دانوستانەكاندا بەڵێنی دابوو، گۆڕان نایەوێت ئەم ئەزمونە دوبارە بكاتەوە‌و دەیەوێت هەر لەسەرەتاوە پشكی خۆی لە كێكی دەسەڵات لەگەڵ پارتی ببڕێنێتەوە. دانا عەبدولكەریم ئەندامی وەفدە دانوستانكارەكەی رۆژی سێ شەممەی بزوتنەوەی گۆڕان دوای كۆبونەوەكە لەگەڵ پارتی، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی:" تێڕوانینیەكانی ئێمە لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە، بەڵام تێڕوانینی پارتی لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە"، ئەمە بەڕوونی ئەوەی دەرخست كە گۆڕان دەیەوێت سەرەتا زامنی پۆستە بچوكەكان بكات‌و دواتر پۆستە باڵاكان. گۆڕان چی دەوێت؟ بەپێچەوانەی كابینەی هەشتەمەوە كە زیاتر پۆستە وزارییە ناخزمەتگوزارییەكانی وەرگرت، لەم كابینەیەدا گۆڕان چەند وەزارەتێكی خزمەتگوزاری وەرگرێت، بەڵام ئەوەی بڕیار لەسەر ئەو پۆستانە دەدات كە بەر گۆڕان دەكەون، رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتییە. بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی لێدوانی بەرپرسەكانییەوە جەخت  لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات، بەڵام پێدەچێت ئەمە تەنیا وەكو تەكتیكێك بێت بۆ زامنكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. (درەو میدیا) زانیاری جیاوازی لەبارەی خواستی گۆڕان بۆ پۆستە باڵان دەستكەوتوو، هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن گۆڕان لە بە وەفدی پارتی راگەیاندووە، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی دەوێت، نەك پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، بەڵام هەندێك سەرچاوەی تر باسلەوەدەكەن، گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی دەوێت. پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو پۆستێكی بێ دەسەڵات دەبێت، بەوپێیەی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام رەنگە گۆڕان كێشەیەكی ئەوتۆی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمدا نەبێت، چونكە دەیەوێت بە هەر بەهایەك بێت لە یەكێك لە سەرۆكایەتییەكاندا پۆستێكی هەبێت، تا بتوانێت سەرۆكایەتی تیمەكەی بكات لەناو دەسەڵاتدا. بەرنامەی حكومەت وەفدی گۆڕان هاوكات لەگەڵ وەرەقەیەك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان، وەرەقەیەكیشی لەبارەی بەرنامەی حكومەتی داهاتوو خستە سەر مێزی گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەی سێشەممەدا، وەفدی پارتیش لەبەرامبەر وەرەقەی گۆڕان بۆ بەرنامەی حكومەت، ئەویش وەرەقەی خۆی خستوەتەڕوو. (درەو میدیا) زانیویەتی، وەفدی گۆڕان ناكۆك نەبووە لەسەر ئەو وەرەقەی كە پارتی بۆ بەرنامەی حكومەت ئامادەیكردووە، چونكە پارتی پێشتر لەو وەرەقەیەدا بۆ بەرنامەی حكومەت ئامادەیكردووە، سودی لە داواكاری گۆڕان‌و لایەنەكانی تر لە رابردوودا بینیوە‌و لە پرۆژەكەی خۆیدا جێگای كردوەتەوە، بەڵام بە نوسراو هیچ شتێك لەنێوان گۆڕان‌و پارتیدا زامن نەكراوە لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامانەوە.  


درەو میدیا:  بە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق، داهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەگاتە ( یەك ترلیۆن و 175 ملیار دینار) كە 278 ملیار دیناری لە كۆی موچەی موچەخۆران زیاتر دەبێت.   بە رەوانەكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغداوە دەنێردرێت ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە:  •    بڕی (647ملیار)دیناری لە بەغدادەوە بۆ دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەخۆران دەبێت‌و بڕی (68 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت 125 ملیار دینار بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی ، بەڵام بەغداد هەموو خەرجییە داراییەكانی تری هەرێم رادەگرێت، کۆى پشکى بودجه‌ى هه‌رێمیش به‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پاره‌ى پێشمه‌رگه‌ و شايسته‌ داراییه‌کانى دیکه‌وه‌ ده‌گاته‌ 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینار" •    سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت نزیكەی (650 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرز‌و خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (450 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە، لەم بڕە پارەیەش كە دەمێنێتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی (378 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران بە وەزارەتی دارایی دەدات. •    داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت. •    ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات‌و ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت. بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 175ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (897 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكات‌و سەرباری ئەوەش (278ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە.


(درەو میدیا): "جارێكیان لە رادیۆ چاوپێكەوتنێكم لەگەڵدا كرد لە توژەڵە، وتی: هەتاكو ئێستا ئەوەی وەكو شەڕ ناوی بنێم لە (142) شەڕدا بەشداربووم" ئەمە چیرۆكی "مامە ریشە"یە لە یادەوەری فەرهاد سەنگاوی پێشمەرگە‌و بێژەری شاخدا. ئەمڕۆ (34 ساڵ) بەسەر شەهیدبوونی (نەجمەدین شكور)دا تێدەپەڕێت، ئەو پیاوەی كە خەڵكی زیاتر بە نازناوی "مامە ریشە" دەیناسن، فەرهاد سەنگاوی لەو یادەداو لە دیدارێكدا لەگەڵ (درەو میدیا) بەمشێوەیە چیرۆكی پڕ لە كێشمەكێشی ئەو پیاوەی گێڕایەوە كە رۆژگارێك لە سەرچڵیكردندا نازناوی "رجل الحدیدی- پیاوە ئاسنینەكە"ی لێنراوە. گومان هەبوو پیاوی دوژمن بێ ! ئەو پیاوەی كە دوای زیاتر لە 30 ساڵ لە كوژرانی هێشتا لە یادەوەری خەڵكدا ماوەتەوە، سەرەتا پیاوێكی گوماناوی بووە لەلای هێزی پێشمەرگە. "سەرەتا مامە ڕیشە وەكو هەر كەسێكی تر كە هاتبوو بۆ پێشمەرگایەتی، وەریان نەگرت، منیش هەروابووم، یەكەمجار ئێمەیان وەرنەگرت بە پێشمەرگە، من خۆم زۆر منداڵ بووم، باوەڕیان پێنەئەكردم كە ئەمەوێت ببم بە پێشمەرگە، ئەوكاتەی مامە ریشە ببوو بە پێشمەرگە، پڕوپاگەندەیەكی زۆر كرابوو كە چەند كەسێك دێن دەیانەوێت ببن بە پێشمەرگە‌و ئەوانە پیاوی دوژمنن، قسەكە وا بڵاوببووەوە، مامە ریشەش ئاگای لێنەبوو، مامە ریشەیان گرتبوو هەڕەشەیان لێكردبوو، ئازاریان دابوو، پاش ئازاردانێكی زۆر، مامە ریشەیان ئازادكردبوو، كە زانیبوویان ئاگای لە هیچ نیە"، فەرهاد سەنگاوی بەمشێوەیە سەرەتای پەیوەندی مامە ریشە‌و پێشمەرگایەتی دەگێڕێتەوە. كتێبی عەرەبی دەسوتاند دوای دەستگیركردن‌و ئازاردانی لەلایەن پێشمەرگەوە بەگومانی ئەوەی كار بۆ دوژمن دەكات، مامە ریشە ئازاد دەكرێت، بۆ رەواندنەوەی ئەو گومانەی لەسەری دروستكراوە، " رۆشتووە تفەنگێكی كڕیوە، لە جەباری‌و گەرمیان بەناوی پێشمەرگەوە كەوتووەتە چالاكیكردن‌و كتێبی عەرەبی قوتابخانەكانی سوتاندووە، هەڕەشەی لە مامۆستاكان كردووە نابێت بە زمانی عەرەبی وانە بڵێنەوە"، وەكو فەرهاد سەنگاوی باسی دەكات، ئەمە وایكردووە كە جاری دووەم مامە ریشە هاتووەتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە پێشمەرگە، وەكو كوڕێكی دڵسۆز تەماشایان كردووە، بۆیە لە ساڵی (1979) بە پێشمەرگە وەرگیراوە.  "142 شەڕ" دوای ماوەیەك پێشمەرگایەتی، ئیتر وردە وردە مامە ریشە پێشكەوتووە‌و گەیشتووە بە پلەی سەر دەستە "ئامر مەفرەزە"، دواتر بووە بە فەرماندەی كەرت، بەپێی گێڕانەوەی فەرهاد سەنگاوی" هەر كەرتێكی هێزی پێشمەرگە 30 بۆ 40 كەس بووە، بەڵام كەرتەكەی مامە ریشە 80 بۆ 90 پێشمەرگە بووە". "ئەو ناوچەیەی كە مامەریشە پێشمەرگایەتی تێدا دەكرد (ناوچەی جەباری)، ناوچەیەكی چالاك بوو، ئەمدیوی ناوچەی سەنگاوە، ئەودیویشی جادەی كەركوكە، ناوچەكە خۆی پڕبوو لە دوژمن، لەبەرئەوە مامە ریشە هەموو جارێك بە منی ئەوت: فەرهاد برام من زۆر بەختم لەشەڕە، جارێكیان لە رادیۆ چاوپێكەوتنێكم لەگەڵدا كرد لە توژەڵە، وتی هەتاكو ئێستا ئەوەی وەكو شەڕ ناوی بنێم لە (142) شەڕدا بەشداربووم". "پیاوێكی خۆشباوەڕ بوو" "مامە ریشە لە كۆتایی هەموو نامەكاندا كە بۆی دەنوسین، ئەینوسی (عاشقی خاكی كوردستان)، لە پێشمەرگایەتیدا هەندێك فێری نوسین ببوو، پیاوێكی تا ئەندازەیەكی زۆر پاك‌و سادە، تا رادەیەكیش خۆشباوەڕ بوو وەكو زۆربەی كورد.. موچەكەی خۆی پێنج شەش دینار بوو، ئەچووە دێیەكان ئەیدا بە منداڵان، پارەو ئەو شتانە لای ئەو گرنگ نەبوو، ئەوەی لای مامە ریشە گرنگ بوو ئەوە بوو كوردستان رزگاری ببێت‌و ئەو شەڕ زۆر بكات". ئاهەنگەكەی سورداش ساڵی 1984 كە یەكێتی نیشتمانی لە گەرمەی دانوستاندا بوو لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئاهەنگی نەورۆز لە ناوچەی (سورداش) كرا، بەپێی گێڕانەوەی فەرهاد سەنگاوی نزیكەی (750 هەزار) كەس بەشداری ئاهەنگەكەیان كردووە. "مام جەلال لەوێ بوو، وتاری هەبوو، ئێمە وەك رادیۆ لەوێ بووین، كە مامە ریشە هات بۆ ئەوێ، خەڵك زۆریان پێخۆش بوو، لەوكاتەدا حەمەجەزا (هونەرمەند) بەناوبانگ بوو، مامە ریشە بەناوبانگ بوو، مام جەلال‌و كاك نەوشیروان بەناوبانگ بوون.. مامە ریشە كە هات كوڵەباڵێكی لەبەردابوو، سێ چوار پێشمەرگەی لەگەڵدابوو، ئیتر خەڵكەكە لێی كۆبونەوە، دیارە هەندێك پڕوپاگەندە كراوە كە هیچ ئەسڵ‌و ئەساسێكی نییە، كە دەوترێت مام جەلال رقی لێی بووە، كە مامە ریشە لەوێ دیاربووە، یاخود دەوترێت مام جەلال دەستی هەیە لە كوشتنی مامە ریشەدا، ئەمانە تەنها پڕوپاگەندەن‌و ناڕاستن، چونكە مام جەلال عەقڵی هێندە بچوك نەبوو كە غیرە بكات لە من یان لە مامە ریشە، ئێمە وەكو منداڵی ئەو بووین، ئێمە كە دوو هەزار پێشمەرگەبووین لە شاخ مام جەلال هەمووی وەك كوڕی خۆی سەیری دەكردن، مام جەلال لای من باسی شەهیدی كردووە دەستی كردووە بە گریان، ئەو پڕوپاگەندانە هی كەسی نەخۆش‌و موخابەرات بوون". لە كاتی ئاگربەستدا كوژرا ! مامە ریشە كە تا ئەوكات بەشداری لە دەیان شەڕی سەختدا كردبوو، نەمرد، بەڵام لەكاتی ئاگربەست‌و دانوستانی نێوان یەكێتی‌و حكومەتی عێراقدا كە شەڕ راگیرابوو، شەهید كرا، چیرۆكی شەهیدكردنەكەی قسەوباسی زۆری لەسەرە، بەڵام فەرهاد سەنگاوی بەمشێوەیە دەیگێڕێتەوە: "ئەو پەیوەندییەی تەحسین شاوەیس لەگەڵ مامە ریشە دروستیكردبوو، ئەوە پلانی ئیستخباراتی بەعس بوو، بۆ حاڵەتێك  ئەگەر دانوستان سەری نەگرت، موخابەراتی عێراق پەیوەندییەكەی لەڕێگەی كابرایەكەوە بەناوی (كاكل) دروستكردبوو، مامە ریشە هەرزوو مام جەلالی لەو پەیوەندییە ئاگاداركردبوو، وتبووی: لەكاتی گفتوگۆو دانوستانەكاندا تەحسین شاوەیس پەیوەندی پێوەكردووم‌و قسەمان كردووە، مام جەلال وتبووی مەچۆرە ژێر دەستی، با ئەو بێت بۆلای تۆ، تۆ مەچۆرە شوێنێك كە ئەو بەسەریدا زاڵ بێت، پێشی وتبوو ئەو پەیوەندییە مەكە، كە هەر ئەشیكەیت، نابێت بچیتە شوێنێك كە ژێر دەستی ئەوان بێت، لەو پەیوەندییە زۆر بە گومانبە، بزانین ئەگاتە كوێ".  بەپێچەوانەی رێنماییەكانی مامجەلالەوە وەكو فەرهاد سەنگاوی دەڵێ" مامە ریشە بڕوای بەو پەیوەندییە هەبوو لەگەڵ تەحسین شاوەیسدا، هەرچەندە ئێمە مامە ریشەمان لەڕێگەی رادیۆوە بانگكردەوە، كە بانگەوازمانكرد مامە ریشەو هێزەكەی لە گەرمیانەوە بەرێكەوتبوون بۆ قەرەداغ، مامە ریشە هاتەوە بۆ سەركردایەتی، مام جەلال، مامە ریشەی بانگكردبوو بۆ پارێزگاری لە سورداش، هێشتا شەڕ دەستی پێنەكردبووەوە، مامە ریشە لە سورداش بوو، بەڵام بەعس تەحسین شاوەیسیان ئاگاداركردبوو مامە ریشە بانگ بكات‌و بیكۆژێت، چونكە ئەیانزانی شەڕ دەستپێئەكاتەوە، تا ئەوكات شەڕ دەستی پێنەكردبووەوە، ئەیانویست پێش شەر دەستی خۆیان بوەشێنن، (كاكل) بە ئۆتۆمبیلێكەوە هاتبوو بەدوای مامە ریشەدا لە سورداش، پێی وتبوو تەحسین شاوەیس كاری پێتە، ئەویش لەگەڵی رۆیشتبوو، لە كەمینێكدا شەهیدیانكردبوو"، ئەم روداوەی كە فەرهاد سەنگاوی باسی دەكات لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا لە ساڵی 1985دا رویدا. هەواڵەكە لە ئێزگە  رۆژی 25ی كانونی دووەم هەواڵی شەهیدكردنی مامە ریشە گەیشتە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان، بەگوێرەی گێڕانەوەی فەرهاد سەنگاوی كە ئەوكات لە ئێزگە كاریكردووە، سەركردایەتی یەكێتی پێیان وتوون هەواڵی شەهیدبوونی مامە ریشە بڵاونەكەنەوە‌و چاوەڕێ بكەن. " ئێمە زۆرمان پێناخۆش بوو هەواڵێك نیە لە سەركردایەتییەوە، دیاربوو لە كۆبونەوەدا بوون، بەعس بڕیاریدابوو كۆمەڵێك سەركردەو پێشمەرگەی دیار شەهید بكات، سەید كەریم‌و مامە ریشەیان شەهید كرد، ئەوكاتە سەركردایەتی چەند سەعاتێك دواكەوت، ئێمە توڕەبووین لەوەی بۆچی هەواڵەكە بڵاونەكەینەوە". دەستپێكردنەوەی شەڕ ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان دواجار هەواڵی شەهیدكردنی مامە ریشەی بڵاوكردەوە، بەڵام ئەوە تەنیا هەواڵی كوژرانی پێشمەرگەیەك نەبوو، بەڵكو هەواڵی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ بوو، هەواڵی كۆتایهاتنی دانوستانی نێوان یەكێتی‌و حكومەت‌و هەواڵی شكاندنی ئاگربەست بوو. فەرهاد سەنگاوی لەبارەی بەیاننامەكەی ئەوكاتی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەبارەت بە راگەیاندنی هەواڵی شەهیدكردنی مامەریشە دەڵێ" دیارە سەركردایەتی هۆشیارترو دووربینتر بوون، نەیانئەویست شەڕ دەستپێبكاتەوە، ئەیویست دانوستان‌و نەشەڕ نە ئاشتی درێژەی هەبێت، بەعسیش شەڕی ئەفرۆشت‌و كێشەیان بۆ خەڵكی دروستئەكرد بۆئەوەی یەكێتی بشكێت لەبەر چاوی خەڵك، ئیتر مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەیاننامەیەكیان نارد بۆ ئێمە، ئەڵێن لێتان ئەدەین‌و (جەرگتان ئاو ئەدەین)، ئەو بەیاننامەیەیان بۆ من نارد، من خۆشم لەو كاتەدا شتێكم بۆ مامە ریشە نوسی، خەڵكی وایان زانی هی كاك شێركۆ بێكەسە، پەخشانێكم نوسی لەسەر شەهیدكردنی مامە ریشە، نوسیبووم (ئەو روبارە سەرهەڵگرتوو توڕەیە بوویت، نە لە بەهار و زستاندا، لە هاویندا لرفەو هاژەت بواری بەكەس نەدەدا)، هەر ئەو رۆژە لە رادیۆ خوێندمەوە، دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، لەكاردانەوەی شەهیدكردنی مامە ریشەدا زنجیرەیەك چالاكی دەستیپێكرد، یەكەم وەڵامدانەوەی شەهیدكردنی مامە ریشە گرتنی زنجیرە شاخەكانی دابان هەلاج بوو، هەڵۆ چەمچەماڵی شەڕێكی سەختی كرد، هەموو دەبابەكانی بەعسی لە گوندی حاجی تان‌و سابوراوا راگرت، دواتر لە گەرمیانەوە زنجیرەیەك شەڕی زۆر گەورە بەناوی (لە تۆڵەی مامە ریشەدا) هەموو كوردستانی گرتەوە.  شەهیدبوونی مامە ریشە كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە، بەپێی قسەی سەنگاوی ئەوكات رادیۆكانی لەندەن باسیان كردووە، تەنانەت لە بەسرەو ناوچەكانی تر بە "رجل الحدیدی- پیاوی ئاسنین" ناوی مامە ریشەیان بردووە.  كاتژمێرێكی دەستیی بۆ مۆزەخانە هەر لە دیدارەكەیدا لەگەڵ (درەو میدیا) فەرهاد سەنگاوی چەند یادەوەرییەكی خۆی لەگەڵ مامە ریشەدا گێڕایەوە، یەكێك لەو یادەوەرییانە چیرۆكی كاتژمێرێكی دەستییە. سەنگاوی وتی:" لە یادمە چەند رۆژێك پێش شەهیدبوونی، مامە ریشە هات بۆلام لە سەرگەڵو، وتی فەرهاد برام هاتووم ئەو سەعاتەی دەستم بدەیتێ، منیش وتم باشە سەعاتەكەم لەدەستم داكەندو دامە دەستی، ئەویش سەعاتەكەی خۆی لەدەستی داكەندو دایە دەستم‌و وتی بەس نەیفەوتێنی، ئێستا ئەو سەعاتە لەلام ماوەو لە دانیماركەو هەر هەڵمگرتووە، ئەگەر مۆزەخانەیەك هەبێت بۆ پێشمەرگەی راستەقینە، ئەوا ئەو سەعاتە دێنمەوەو دەیخەمە ئەو مۆزەخانەیەوە". 


   درەو میدیا: پەرلەمانی عێراق مادەی 10 ی لە یاسای بودجەی گشتی عێراق پەسەندكرد كە لە بڕگەی ( ج )ی ئەو مادەیەدا حكومەتی بەغداد ناچاركراوە كە مانگانە ( 647ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات.  بڕگەی (ج) لە ماددەی ( 10 )ی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بەروونی دەڵێ: " ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە  فیدراڵییەكانی و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد نەكرد،  وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەران‌و موچەی پێشمەرگە". سەرەرای ئەوەی پێشنیازی لیژنەی دارایی پەسەندكرا كە وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق پابەند دەكات بەوەی كە موچەی موچەخۆرانی هەرێم رەوانە بكات ئەگەر حكومەتی هەرێم پەیوەستیش نەبوو بە ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی  بۆ بەغداد لەم بڕگەیەدا، بەبێ پەیوەستكردنی حكومەتی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت، حكومەتی ناوەند پابەندكراوە بەوەی موچەی مانگانەی فەرمانبەران‌و هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێم بنێرێت بەمشێوەیە: •    موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لە بەغدادەوە دابین دەكرێت، بەپێی پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق مانگانە دەگاتە (454 ملیار) دینار. •    موچەی پێشمەرگەش، كە هەر بەپێی ئەو بڕگەیە دەبێت حكومەتی بەغداد بینرێت، مانگانە دەگاتە (68ملیار) دینار. •   125 ملیار دینار بۆ چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى . بەپێی ئەم بڕگەیە لە پرۆژە یاسای بودجەدا حكومەتی هەرێم دەتوانێت نەوت رادەستی بەغداد نەكات‌و موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگەی هەرێمشی لێوەربگرێت. بە نادرنی ئەو پارەیە لە بەغدادەوە لەگەڵ داهاتەكانی نەوت‌و ناوخۆ، حكومەتی داهاتووی هەرێم بەئاسانی دەتوانێت مانگانە زیاتر لە (یەك ترلیۆن) داهات دەستبخات، بەوەش بودجەی پێویستی دەستدەكەوێت، واتە كابینەی نوێی حكومەت دەتوانێت قەیرانی دارایی‌و موچەی فەرمانبەران تێپەرێنێت. موچەخۆرانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقدا، بڕی (5 ترلیۆن‌و 448 ملیار) دینار دانراوە بۆ هەر ساڵێكی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە دابەش بكرێت بەسەر 12 مانگەكەی ساڵدا، ئەوا دەبێت بەغداد مانگانە بڕی (454 ملیار) دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێم بنیرێت. ساڵی رابردوو لە بودجەی عێراقدا بڕی (3 ترلیۆن‌و 700 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دانرابوو، بەپێی ئەو بڕە پارەیە، بەغداد مانگانە (317 ملیار) دیناری بۆ موچەخۆرانی هەرێم دەنارد. هاوكات مانگانە بڕی 68 ملیار دینار بۆ موچەی هێزەكانی پێشمەرگە دەنێرێت كە بۆ نزیكەی ( 45 هەزار) پێشمەرگەیەو موچەی هەر یەكێكیان بە ( یەك ملیۆن و 500 هەزار) دینار دانراوە، 125 ملیار دینار بۆ چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى  واتا حكومەتی عێراق پابەندە كە مانگانە  بڕی (647ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات. داهاتەكانی هەرێم دەبێتە چەند بە رەوانەكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە دەنێرێت ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە:  •    بڕی (647ملیار)دیناری لە بەغدادەوە بۆ دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەخۆران دەبێت‌و بڕی (68 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت 125 ملیار دینار بۆ چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى ، بەڵام بەغداد هەموو خەرجییە داراییەكانی تری هەرێم رادەگرێت. •    سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت نزیكەی (650 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرز‌و خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (450 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە، لەم بڕە پارەیەش كە دەمێنێتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی (378 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران بە وەزارەتی دارایی دەدات. •    داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت. •    ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات‌و ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت. بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 175ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (897 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكات‌و سەرباری ئەوەش (277ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە.   ماددەی 10 چی دەڵێ ؟ لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقدا ماددەیەك تەرخانكراوە بۆ كێشە داراییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد‌و چارەسەركردنی دۆسیەی نەوت، ماددەكە دابەشكراوە بەسەر دوو بڕگەدا، بڕگەی دووەمیش لە چوار خاڵ پێكدێت، دیار نییە ئاخۆ دەقی ئەم ماددە یاساییە وەكو خۆی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند دەكرێت، یاخود هەموار دەكرێت‌و گۆڕانكاری بەسەردا دێت. دەقی مادەی 10ی پرۆژە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019  ماددەی 10 یەكەم: شایستە داراییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2014وە بۆ 2018 پاكتاو دەكرێت، ئەمەش دوای وردبینیكردن تێیدا لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ، ئەوەش بە ئەژماركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی خەرجییە فیعلییەكان بۆ ساڵانی پێشوو، كە ژمێرەی كۆتایی پەسەندكراوی چاودێری دارایی فیدراڵی نیشانی دەدات. دووەم:  (ا) حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەناردەكردنی بڕی لانی كەمی (250000) بەرمیل (دوو سەد‌و پەنجا هەزار بەرمیل) نەوتی خاو لە رۆژێكدا لەو نەوتە خاوەی كە لە كێڵگەكانیدا بەرهەم دەهێنرێت، بۆ فرۆشتنی لەڕێگەی كۆمپانیای (سۆمۆ)، بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بەتەنیا رادەستی خەزێنەی گشتی دەوڵەت بكرێت. (ب) تەرخانكردنی رێژەیەك لە بودجەی هێزە فیدراڵییەكانی سوپای عێراق بۆ موچەی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ئەو هێزانەی كە وەكو بەشێك لە سیستمی ئەمنی عێراق دیاریكراون. (ج) ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە فیدراڵییەكانی رادەستی خەزێنەی گشتی فیدراڵی نەكرد یاخود حوكمەكانی هەردوو بڕگەی (ا، ب)ی ئەم مادەیەی جێبەجێ نەكرد، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەران‌و موچەی پێشمەرگە. (د) حكومەتی فیدراڵی‌و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پابەندن بەوەی ئەگەر زیادە هەبوو لە بڕی هەناردەكراو كە لە ماددەی (1- یەكەم- ب)ی یاسای بودجەدا ئاماژەی بۆ كراوە، داهاتە بەدەستهاتووەكان رادەستی خەزێنەی گشتی دەوڵەت بكەن.


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ سەرەڕای ئەو مشتومڕەی دەربارەی مێژووی دیاریکراوی لەدایكبونی " زارۆ ئاغا" هەیە، بەڵام بە یەكێك لە بەتەمەنترین مرۆڤەكان دادەنرێت لە جیهاندا و لە مێژووی نوێدا كە 160 ساڵ ژیاوە. رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز" ی ئەمریكی رۆژی 3ی تەمموزی 1930 باسی لە گەشتێكی زارۆ ئاغا كردووە بۆ ئەمریكاو تیشکی خستوەتەسەر ئەو هەڵایە كە لە سەردانیدا بۆ شاری نیویۆرك لێیكەوتوەتەوە، بەهۆی ئەوەی بەوتەی رۆژنامەكە بەتەمەنترین پیاو بووە. رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە كە زارۆ ئاغا بەوتەی خۆی تەمەنی 156 ساڵە و بە بەتەمەنترین پیاو دادەنرێت لە جیهاندا و راشیگەیاندووە ئەوەی زۆر خۆشی و چێژی بە زارۆ ئاغا بەخشیوە لەو گەشتەیدا گەرماوی هۆتێل " كۆمۆدۆر" بووە  كە لە شاری نیویۆرك تێیدا ماوەتەوە و بەرادەیەك هۆگری بووە كە هاوڕێكانی بە فێڵ توانیویانە لە حەوزی گەرماوەكە بیهێننە دەرەوە. ساڵی 2009 لە ئیستانبوڵ كتێبێك بە زمانی توركی چاپكرا بە ناونیشانی" بەتەمەنترین پیاو لە جیهاندا، زارۆ ئاغا"، ئەو كتێبە باس لەوەدەكات زارۆ ئاغا لە شاری بەتلیسی باشووری خۆرهەڵاتی توركیا " باكوری كوردستان" لەدایكبووە و لەو كاتەدا بەتەمەنترین پیاوی جیهان بووە و لە دە ساڵی كۆتایی تەمەنیدا  بوەتە جێگەی بایەخ‌و سەرنجی نێوندە جیهانییەكان. ژیانی زارۆ ئاغا و سیستمی خۆراكی و ژنە زۆرەكانی، ببوونە مایەی سەرنج و بایەخی میدیا جیهانییەكان كە هیچ كونجێكی ژیانی ئەو پیاوە سادەیە نەماوە بە هەواڵی مردنیشییەوە كە تیشكیان نەخستبێتەسەر. بە گوێرەی سایتی " هەواڵەكانی بەتلیس" زارۆ ئاغا لە نێوان ساڵی 1774 بۆ 1777 لەدایكبووە و سەربە عەشیرەتی گەورەی زازایە و كاتێك تەمەنی گەیشتوەتە 18 ساڵی كۆچی كردووە بۆ ئیستانبوڵ و لە گەڕەكی تۆپخانە نیشتەجێبووە و لەوێ‌ ژیاوە. 11 ژن زارۆ ئاغا 11 ژنی هێناوە و لە تەمەنی 96 ساڵیدا بووە بە خاوەنی دوا منداڵی و كۆی منداڵەكانی 36 منداڵ بووە و جگە لە یەكێكیان سەرجەمیان پێش مردنی زارۆ ئاغا مردون و كاتێك كۆچی دواییكردووە بچوكترین منداڵی كچێك بووە كە تەمەنی 60 ساڵ بووە. زارۆ ئاغا ساڵی 1798 بە سەركردایەتی ئەحمەد پاشای جەزار، لە شەڕی عەككا دژی سوپای ناپلیۆن بەشداریكردووە، هەروەها بەشداری شەڕی توركیا- روسیای كردووە لە ساڵی 1828 و قاچێكی برینداربووە و بەهۆیەوە بۆ ماوەیەك لە زێدی لە دایكبوونی " بەتلیس" ماوەتەوە، هەروەها بەشداریكردووە لە بونیاتنانی مزگەوتی " ئۆرتاكۆی" لە ئیستانبوڵ لە ساڵی 1853دا. زارۆ ئاغا لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا ناوبانگی بە جیهاندا بڵاوبووەوە و وەك بەتەمەنترین كەسی زیندوو لەلایەن چەندین وڵاتەوە بانگهێشتكراوە، لەوانەش بەریتانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چەندین وێنە و ڤیدیۆی بێ‌ دەنگی كاتی مانەوەی لە ئەمریكا هەیە. لەكاتی مانەوەیدا لە ئەمریكا زارۆ ئاغا بۆ یەكەمجار سواری فڕۆكە بووە و ئەو ئەزمونەشی بە خۆشترین ئەزمونی ژیانی وەسفكردووە, لەدوای بەشداریكردنی لە شەڕی عەككا دژی ناپیلۆن و ئەو كاتەی كە سواری فڕۆكە بووە تەمەنی 156 ساڵ بووە. هەروەها زارۆ ئاغا بۆ بەشداریكردن لە چەند  فیلم و نمایشێک سەردانی ئەمریكای كردووە و پزیشكەكانی ئەوێ‌ پكشنینیان بۆكردووە و جەختیانكردوەتەوە كە تەندروستی زۆر باشە و چەند دەزگایەكی راگەیاندنیش وتەیەكی زارۆ ئاغایان بڵاوكردوەتەوە کە دەڵێت:" بۆ هەتاهەتایە دەژیم". زۆر قورس بووە بۆ زارۆ ئاغا لە چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكانی كە لە ئەمریكا لەگەڵیدا كراون بە زمانی توركی قسەبكات و هەر بە زمانی دایك " زمانی كوردی" قسەیكردووە. " خەیار و ماست" كاتێك دەربارەی نهێنی تەمەن درێژی و تەندروستی باشی پرسیار لە زارۆ ئاغا كردووە وتویەتی كە ئەو رۆژانە خەیار و ماست دەخوات و نیمچە رووەكییە و وێنەیەكی زارۆ ئاغا هەیە كە یەكێك لە ئەكتەرەكانی هەڵگرتووە لە میانی سەردانەكەیدا بۆ نیویۆرك. زارۆ ئاغا لە نیویۆرك دووچاری رووداوی هاتوچۆ دەبێت بەهۆی رانەهاتنی لەگەڵ زۆری ئۆتۆمبیل  لە شارەكەی خۆی ئیستانبوڵ، ئۆتۆمبیلێك خۆی پێدادەكێشێت و دەكەوێت و سەرزی بە توندی بەر زەوی دەكەوێت و پزیشكەكان ئاماژیانبەوەداوە كە نیمچە مەحاڵە زارۆ ئاغا زۆر بژی و دوای كۆتاییهاتنی سەردانەكەی لە ئەمریكا، ساڵی 1931 گەڕایەوە بۆ بەریتانیا، بەبێ‌ ئەوەی تەنانەت یەك قرشی دەستبكەوێت لەو گەشتەیدا بۆ ئەمریكا. زارۆ ئاغا دوای ئەوە زۆر نەژیاوە و باری تەندروستی جەستەیی و مێشكی تێكدەچێت و تەمموزی ساڵی 1934 لە نەخۆشخانەی شیشلی لە ئیستانبوڵ  كۆچی دوایی دەكات و لە گۆڕستانی ئەیوب پاشا لەو شارە دەنێژرێت و دوای توێكاری بۆ جەستەی دەركەوتووە بەهۆی وەستانی گورچیلەكانییەوە كۆچی دواییكردووە. سەرچاوە: بی بی سی 


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت چەند رۆژێكە جموجوڵێكی سیاسی رووی لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كردووە، جموجوڵەكانی ئەمجارە پەیوەندی بە بەشداریكردن یان نەكردنی یەكگرتوو نییە لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵكو پەیوەندی بە دۆسیەی كەركوكەوە هەیە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا دووجار وەفدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دور لە چاوی كامێراكان سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوویان كردووە لە سلێمانی. وەفدەكەی یەكێتی پێكهاتووە لە ئەندامە كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسی (رزگار عەلی- ئاسۆ مامەند- رەفعەت عەبدوڵا).   یەكێتی چی لە یەكگرتوو دەوێت؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تەوەری سەرەكی قسەوباسی وەفدەكەی یەكێتی لەگەڵ یەكگرتووە ئەوە بوو "رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت كە سەربە یەكگرتووە، بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك". لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆنەبوەتەوە، پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت لە هەولێر دادەنیشن، یەكێتی دەیەوێت لە شوێنی نەجمەدین كەریم لەناو ئەنجومەنی پارێزگاوە پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەش پێویستی بە سازدانی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا هەیە. یەكێتی سەرەتای ئەم مانگە هەوڵێدا رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەكالەت لابدات‌و لەشوێنی ئەو جەمال مەولود دابنێت كە سەربە حزبی شیوعییە‌و بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكەیە، بەڵام نیسابی یاسایی ئەنجومەن بۆ سازدانی دانیشتنەكە تەواو نەبوو، بەوهۆیەشەوە هەوڵەكەی یەكێتی شكستیهێنا. یەكێتی كە نەیتوانی بەشێوەی یاسایی رێبوار تاڵەبانی لابدات‌و دەرگا لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك بكاتەوە، ئێستا دەیەوێت لەڕێگەی مامەڵەكردن لەگەڵ رێبوار تاڵەبانی بە ئامانجەكەی بگات. وەڵامی یەكگرتوو ! (درەو میدیا) زانیویەتی، مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو داوایان لە یەكێتی كردووە، لە كەركوك دەستپێشخەرییەك بكات بۆ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا، بەجۆرێك لیستی برایەتی كە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بەهەموو ئەندامەكانییەوە بەشداری كۆبونەوەكە بكات. مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو لەبارەی داواكەی یەكێتی بۆ گەڕانەوەی رێبوار تاڵەبانی بۆ كەركوك، ئاماژەی بەوە كردووە رێبوار تاڵەبانی بەهۆی دۆخی ئەمنی كەركوك‌و ئەو سكاڵایانەی كە لەسەریەتی ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ كەركوك، بۆیە باشترە یەكێتی هەوڵی ئەوەبدات كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لە (قەرەهەنجیر) یان ناوچەیەكی تری دەرەوەی كەركوك بەڕێوەبچێت، ئەوكات رێبوار تاڵەبانی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەكات. لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ساڵی 2005 هەڵبژێردراوە‌، سێجار وادەی یاسایی بەسەرچووە. ئەم ئەنجومەنە لە (41) ئەندام پێكهاتووە، پێكهاتەی ئەنجومەنەكە بەمشێوەیە دابەشبووە: • پێكهاتەی عەرەب: 6 ئەندام • پێكهاتەی توركمان: 9 ئەندام • لیستی برایەتی كورد:  26 ئەندام لیستی برایەتی كورد دەنگەكان لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا دابەشبووە، لە كۆی (26) ئەندامی لیستی برایەتی، (12) ئەندام لەگەڵ پارتیدان، (6) ئەندام یەكێتین، (2)ی شیوعی هەن، بەڵام یەكلابونەتەوە بۆ یەكێتی، (3) ئەندام سەربە یەكگرتووی ئیسلامین، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەب‌و توركمانێك‌و مەسیحییەك. كۆبونەوەكەی پیرمام رۆژی 20ی ئەم مانگە سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی هاوینەهەواری پیرمامی كرد بۆ دیدەنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. سەردانەكەی سەلاحەدین بەهادین بۆ لای بارزانی بۆ چاودێران جێگای سەرەنج بوو، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە یەكگرتووی ئیسلامی یەكلابوەتەوە‌و بڕیاری داوە بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نەكات كە پارتی سەرۆكایەتی دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) سەردانەكەی سەلاحەدین بەهادین بۆ پیرمام لەسەر داوای بارزانی بووە‌و دانیشتنەكە پەیوەندی بە پرسی پێكهێنانی حكومەتەوە نەبووە، بەڵكو تایبەت بووە بە بارودۆخی كەركوك‌و بارزانی داوایكردووە هەڵوێستەكانیان یەكبخەن بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخی كەركوك. رێككەوتنی بارزانی-  عەبدولمەهدی - ئەمریكا ! مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئێستا هەوڵێكی نوێی دەستپێكردووە بۆ "ئاسایكردنەوەی" دۆخی كەركوك‌و گەڕانەوەی پارتییەكان پارتییەكان بۆ ئەو شارە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بارزانی لەگەڵ ئەمریكییەكان‌و عادل عەبدولمەهدی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە گفتوگۆی كردووە‌و دەیەوێت هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكە دوركەونەوە‌و رێگە بە كورد بدرێت بە ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێنەوە بۆ شارەكە، بارزانی دەیەوێت ئەمریكییەكان هێزێكی سەربازی خۆیان لەو ناوچەیە جێگیر بكەن.  رۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەجید)ی قەتەریش ئەمڕۆ لە زاری بەرپرسێكی پارتییەوە ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە بەمدواییەی سەردانی هەولێری كرد، گفتوگۆی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە كردووە. ئەو سەركردەیەی پارتی كە رۆژنامەكە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، پۆمپیۆ بەڵێنی بە بارزانی داوە ئەمریكا نێوەندگیرییەك دەكات بۆ ئارامكردنەوەی بارودۆخی كەركوك‌و ئەنجامی نێوەندگیرییەكەش بەمنزیكانە دەردەكەوێت. بەپێی قسەی بەرپرسەكەی پارتی" پۆمپیۆ داوای لە بارزانی كردووە ئەم ماوەیە دان بەخۆدابگرێت‌و لەبارەی كەركوكیشەوە پۆمپیۆ پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووە‌و ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆكانن لەگەڵ عەبدولمەهدی".


درەو میدیا:   لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ درەو میدیا سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، من ئێستا ئەندامی دەستەی سیاسی هاوپەیمانی ئیسڵاحم و لە كۆبونەوەی دوێنێی دەستەی سیاسی هاوپەیمانێتییەكەدا بەشداربووین. دەستەی سیاسی هاوپەیمانی ئیسڵاح پێكهاتووە لە ( ئەیاد عەلاوی ، عەمار حەكیم ، حەیدەر عەبادی، ئوسامە نوجێفی، موقتەدا سەدر) سروە عەبدولواحید نوێنەری نەوەی نوێیە لە دەستەی سیاسی ئەوهاوپەیمانێتیە، كە هەفتەی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوێنەری ئەو هاوپەیمانێتیە لە سلێمانی، شاسوار عەبدولواحید چونی نەوەی نوێی بۆ ناو ئەو هاوپەیمانێتیە راگەیاند. سەبارەت بە ئامانجی هاوپەیمانێتیەكەش سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو هاوپەیمانێتیە دەیەوێت هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە بۆناو داماودەستگاكانی دەوڵەت لە هەموو ئاستەكانداو بوونی كوردیشی لەو هاوپەیمانێتیە بە گرنگزانی، بەوەی ئاگاداری هەڵوێست و بیركردنەوەی ئەوان دەبێت بۆ تەواوی پرسە سیاسیەكان لە عێراقدا. سەبارەت بە نەبوونی یەكێتی و پارتی و هێزەكانی دیكەی كورد لەو هاوپەیمانێتیە، سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەوان بەشداری هیچ هاوپەیمانێتیەك ناكەن كە یەكێتی و پارتی تێدا بێت، دەشڵێت یەكێتی و پارتی لە هاوپەیمانێتی بینان كە لە هادی عامری و نوری مالكی و قەیس خەز عەلی پێكهاتووە.  جەختیش دەكاتەوە كە لە كۆبونەوەی دوێنی دەستەكەدا پێیانی راگەیاندووە كە پەیوەست نابن بە هیچ هاوپەیمانێتی و رێكەوتنێكەوە لەگەڵ یەكێتی و پارتی، ئەوانیش پێیان وتووە كە رێز لە هەڵوێستەكەتان دەگرین.  


 درەو میدیا:  بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە گەشبینیەوە لە هەوڵەكانیان دەڕەوانن بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام یەكێتی وەك پارتی تەنها چاوی لە كردنەوەی گرێكوێرەی حكومەت نیە، بەڵكو تەواوی فایلەكانی دیكەی هەڵواسیوە بە پرسی كابینەكەی ( مەسرور بارزانیە)ەوە كە رەنگە بیەوێت سود لەو كەلێنەی پارتی وەربگرێت كە ئەویش پەلەكردنە لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمداو بەرهەمی زیاتر بچنێتەوەو پارتی ناچار بە تەنازولی زیاتر بكات بەتایبەتیش لەپرسی كەركوك و بەغداد.  كابینەی نوێ حكومەتی هەرێم چارەنوسی بە كەركوكەوەیە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەر لەسەرەتای كۆبونەوەكانیدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان پاكێجێكی داوەتە پارتی كە تەواوی پرس و كێشەكانی هەرێم و كەركوك و بەغدادی كردۆتە یەك پاكێج و دەیەوێت بەیەكەوە چارەنوسیان یەكلا بكرێتەوە.  فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنكاری پارتی دەڵێت" دابەشكردنی پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان یەكلابووەتەوە" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ رێكەوتنی كۆتایی نێوان یەكێتی و پارتی چونكە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پەیوەستە بە پۆستەكانی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمیش، سۆفی لە لێدوانێكدا بۆ روداو زۆتریش دەڕوات و دەڵێت"  سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت، بەڵام لەنێوان رێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی هێشتا بڕیاری كۆتایی نەدراوە. جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی دەبێت و هێمن هەورامی پۆستەكە وەردەگرێت. جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ یەكێك لە پێكهاتەكانە و هێشتا لەنێوان توركمان و مەسیحییەكاندا یەكلانەبووەتەوە" بەپێی لێدوانەكەی فرسەت سۆفی بێت رێكەوتنی نێوانیان بەرەو كۆتایی دەچێت، بەڵام لێدوانێكی نوێی قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ریسەكە دەكاتەوە بە خوری كە دەڵێت" یەكێتی ئامادەنیە بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا بكات تاوەكو پارێزگاری كەركوك وەرنەگرێت" قادر عەزیز لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا جەختی كردۆتەوە" كێشەی سەرەكی ئێستای نێوان پارتی و یەكێتی پارێزگاری كەركوكە، ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەر كەركوك ڕێكەوتن ئەوا بەزوترین كات كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكدێت، ئەگەریش ڕێك نەكەون ئەوا دوادەكەوێت"  قادر عەزیز ئەوەش دەڵێت" بابەتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بەلای یەكێتیەوە هێڵی سورە بەهیچ جۆرێك سازشی لەسەر ناكات چونكە پەیوەندی هەیە بە چارەنوسی خەڵكی كەركوكەوە، ئەگەر پارتی دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی دۆست بێت بەیەكەوە حكومڕانی كوردستان بكەن نابێت دژی ئەم " ئیستحقاقە"ی یەكێتی بێت، ناكرێت لە هەرێم دۆست بین و لەكەركوك و بەغداد ناحەز و ناكۆك بین." بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابۆتەوە  هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە ئەگەرچی لە لێدوانی بەرپرسەكانیاندا ئاماژە بەوە دەكەن كە هێشتا بڕیاریان نەداوە كە بەشداری حكومەت دەكەن یان نا، بەڵام لەلایەكی ترەوە سەرقاڵی وەرگرتنی سیڤین بۆ پركردنەوەی پۆستەكان و دوو لیژنەشیان لەگەڵ پارتی پێكهێناوە كە یەكێكیان تایبەتە بە كارنامەی حكومەت و دووەمیشیان میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان. نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە روداوی وتووە "ژمارەیەكی زۆر سیڤی رەوانە كراون و بۆ هەر پۆستێك بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی، سیڤی زۆر بە گۆڕان گەیشتووە، چونكە بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە بەپێی سیڤی كەسەكان بپاڵێوێ و بڕیاری كۆتاییش لای جڤاتی نیشتمانی دەبێت". هاوكات هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت:  " بزوتنەوەی گۆڕان داوای 3 وەزارەتی خزمەتگوزاری دەكات، چونكە لەڕێی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانەوە باشتر دەتوانێ لە كێشەی خەڵك تێبگات و خزمەت بكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە، شاندی دانوستاندنكاری گۆڕان بەبێ بەدەستهێنانی بەڵێنی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەستەمە بتوانن بڕیاری بەشداری بدەن" بەو پێیەش گۆڕان خۆی یەكلاكردۆتەوە بۆ چونە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریشە رۆژی سێشەمە وەفدی دانوستانی نێوان پارتی و گۆڕان كۆببنەوەو تیایدا هەردوو لیژنەكە( لیژنەی كارنامەی حكومەت و دیاریكردنی پۆستەكان) كۆببنەوەو چاوەڕەوان دەكرێت بەرچاو روونی تەواو بدرێتە گۆڕان سەبارەت بە كارنامەی حكومەت و ئەو پشك و پۆستانەی كە بەریان دەكەوێت.    


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت  مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكی ژێربەژێری لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە بارزانی زامنی بڕە پارەیەكی مانگانەی بۆ ئەو حكومەتە كردووە كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو مەسرور بارزانی كوڕی سەرۆكایەتی دەكات. كۆتاییەكانی مانگی 11ی ساڵی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراقی كرد، لە دوای ریفراندۆمەكەی 2017وە ئەوە یەكەمجار بوو بارزانی سەردانی بەغداد بكات. بارزانی لەو سەردانەدا بناغەی قۆناغێكی نوێی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی دانا، بەتایبەتی چارەسەركردنی پرسی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەولێرو بەغداد. بەپێی نوێترین زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئێستا رێككەوتنێكی ژێربەژێر لەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە لەبارەی پرسی نەوت‌و بودجەی هەرێمی كوردستانەوە. رێككەوتنێكی یەكساڵە ! (درەو میدیا) زانیویەتی، دوای گەڕانەوەی بارزانی لە بەغداد، پەیوەندی تەلەفۆنی گەرموگوڕ لەنێوان بەرپرسانی هەرێم (پارتی)‌و دەسەڵاتدارانی بەغداد دەستیپێكردووە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی بودجە‌و نەوتی هەرێم. لەدواین قۆناغدا بەرپرسانی هەولێرو بەغداد رێككەوتوون لەسەر ئەوەی " بۆ ماوەی یەك ساڵ 2019 " بەغداد مانگانە بڕێك پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، تاوەكو لەماوەی ئەو ساڵەدا هەرێمی كوردستان بە فرۆشی نەوتی خۆی كێشەی قەرزەكانی لەگەڵ كۆمپانیاكان چارەسەر بكات، واتە لەو ساڵەدا هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد نەكات‌و بڕێك پارەش لە بەغداد وەرگرێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم رێككەوتنەی لەگەڵ بارزانی لەپای نیشاندانی نیازپاكیی بارزانی بۆ بەغداد كردووە، هاوكات عەبدولمەهدی‌و بەشێك لە سەركردە سیاسییەكانی بەغداد دەیانەوێت كێشە‌و ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كۆتایی پێبهێنن، بەتایبەتی دوای شكستهێنانی ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ ناو چوارچێوە عێراقییەكە.   وەفدەكەی پارتی لە بەغداد ! ئێستا كە پەرلەمانی عێراق لەسەروبەندی پەسەندكردنی پرۆژەی بودجەی ساڵی 2019دایە، وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێكهاتووە لە هەریەكە لە (ئومێد سەباح)‌و (مەسعود حەیدەر) لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەند كۆبونەوەیەكیان كردووە بۆئەوەی رێگەخۆشكەری بكەن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان بارزانی‌و عەبدولمەهدی. چاوەڕوان دەكرێت رێككەوتنەكە سەربكەوێت، بەوپێیەی مەسعود بارزانی بەجدی كاری لەسەر دەكات‌و دەیەوێت چوار ساڵی داهاتوو مەسرور بارزانی كوڕی كە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم دەكات، روبەڕووی قەیرانی دارایی نەبێتەوە. پارەكەی بەغداد چەندە؟ ریبَوار كەریم مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی كە بڕیارە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەشێوەی مانگانە بەغداد بە هەرێمی كوردستانی بدات (522 ملیار) دینارە، (454 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانە‌و (68 ملیار) دیناریشی بۆ موچەی پێشمەرگەیە. رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بڕە پارەیەی كە چاوەڕوان دەكرێت دوای پەسەندكردنی بودجەی 2019, بەغداد مانگانە بۆ هەرێمی بنێرێت (200 ملیار) دیناری لەو بڕە پارەیە زیاترە كە ئێستا بۆ هەرێمی دەنێرێت، ئەم پارەیەش بەشی موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم دەكات‌و ئەگەر حكومەت پاشەكەوتی موچە هەڵنەگرێت، جارێكی موچەی موچەخۆران تاڵان دەكات. ئەو پەرلەمانتارە كوردەی پەرلەمانی عێراق پێشبینیكرد (بڕگەی ج- ماددەی 10) لە پرۆژە یاسای بودجەدا پەسەندبكرێت كە بەپێی ئەو بڕگەیە هەرێمی كوردستان ئەگەر نەوتەكەشی رادەستی بەغداد نەكات، بەغداد مانگانە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم دەنێرێت. ئەوەی وادەكات پێشبینی بكرێت (بڕگەی ج) لە پرۆژە یاسای بودجە پەسەندبرێت ئەوەیە، ئێستا ئەو بڕگەیە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە، كە ئەو لیژنەیە كۆكراوەی تەواوی فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی عێراقە. داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم لە خاڵی جێبەجێبوونی رێككەوتنە ژێربەژێرەكەی نێوان مەسعود بارزانی‌و عادل عەدبولمەهدیدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی یەكساڵ داهاتی مانگانەی بەمجۆرە دەبێت: •    522 ملیار دینار كە لە بەغدادەوە دێت. •    378 ملیار دیناری مانگانە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ پێدانی موچە. •    120 ملیار دینار كە داهاتی ناوخۆیە. •    30 ملیار دینار كە یارمەتی ئەمریكایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كورستان لەحاڵەتی ناردنی پارەكەی بەغداددا، دەگاتە (ترلیۆنێك‌و 50 ملیار) دینار بۆ هەر مانگێك، كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە (897 ملیار) دینارە، واتە حكومەتی هەرێم بەو داهاتەی كە مانگانە دەستیدەكەوێت دەتوانێت پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران هەڵبگرێت‌و سەرباری ئەوەش مانگانە بڕی زیاتر لە (150 ملیار) دیناری بۆ بمێنێتەوە.


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ  دەشت و دۆڵ و گرد و چیا بەپیتەكانی عەفرین، لە سوریا باشترین جۆری زەیتی زەیتون بەرهەمدەهێنن، و ئەوەش داهاتی 70%ی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن. بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، دارە زەیتونەكانی عەفرین كە ژمارەیان 18 ملیۆن دارە، بوونەتە سەرچاوەی داهات بۆ گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و توركیا لەدوای داگیركردنییەوە ساڵێك لەمەوبەر . توركیا 20ی كانونی دووەمی 2018  بە هاوكاری گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەناوی " چەڵە زەیتون" بۆ داگیركردنی عەفرین دەستپێكرد و  جگە لە دانیشتوانەكەی، دارە زەیتونەكانی ناوچەكە بوونە گەورەترین قوربانی داگیركاری توركیا و گروپە چەكدارەكانی لە ناوچەكەدا.                                                           گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا لە عەفرین چەكدارەكانی ئەو گروپانە بە زەبری هێز دەستیانگرت بەسەر بەشێكی زۆری بەرهەمی زەیتوندا و بە بازرگانەكانی توركیایان فرۆشتەوە و هێزەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانیش رێگەیان نەدا زەیتی زەیتونی ناوچەكە هەناردەی دەرەوە بكرێت و بەوەش نرخەكەی زۆر دابەزی و نرخی یەك دەبە " 16لیتر" زەیتی زەیتون گەیشتە 14 هەزار لیرەی سوری " نزیكەی 30 دۆلار" لە كاتێكدا نرخی ئەوە لەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریادایە دەگاتە دوو هێندە. " دزی" رۆژنامەی دەیلی تەلیگرافی بەریتانیی لەسەر زاری  بێرنادر هۆگڵ پەرلەمانتاری سویسراوە بڵاویكردەوە كە توركیا زەیتی زەیتونی عەفرینی دزیوە و لە بازاڕەكانی ئەوروپا وەك بەرهەمی توركیا فرۆشتویەتییەوە. بێرنادر هۆگڵ دەڵێت: " لە عەفرین لەژێر داگیركاری توركیادایە باخەكانی زەیتون وێراندەكرێت لەلایەن سوپای توركیا و میلیشیاكانییەوە و ئەو زەیتەشی كە دزیویانە بە ئیسپانیا فرۆشراوەو پرۆسەی فرۆشتن بەردەوامە". بە گوێرەی سایتی رۆژنامەی پاپلیكۆی ئیسپانیی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، حكومەتی توكیا چەند كۆمپانیایەك بەكاردەهێنێت بۆ هەناردەكردنی ئەو زەیتەی كە لە جوتیارە كوردەكانی دەسەنن بۆ ئیسپانیا. چەند سەرچاوەیەكی ناوچەكە كە قسەیان بۆ سایتەكە كردووە دەڵێن: زەیتە تاڵانكراوەكە تێكەڵاوی زەیتی توركی دەكرێت و پاشان بەناوی وەهمییەوە هەناردەدەكرێت. سایتەكە بەهای ئەو زەیتەی لە عەفرین دەدزرێت بە نزیكەی 70 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندووە و چارەكی ئەو بڕە پارەیەش بۆ ئەو گروپە چەكدارانەیە كە لە عەفریندا جێگیركراون.                                                                      جوتیارێکی کورد لە عەفرین مانگی تشرینی دووەمی 2018 وەزیری كشتوكاڵی توركیا دانینا بە دەستگرتن بەسەر زەیتی زەیتونی توركیا و فرۆشتتنی و ئەو دانپێدانانەش وەڵامێك بوو بۆ تۆمەتباركردنی توركیا بۆ بەتاڵانبردنی زەیتی زەیتونی عەفرین لەلایەن هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" وە. وەزیری كشتوكاڵی توركیا لە دانیشتنێكی پەرلەماندا دەربارەی بودجەی 2019 وتی:" دەمانەوێت دەست بەسەر سەرچاوەكانی داهاتی عەفریندا بگرین بە جۆرێك لە جۆرەكان، بۆئەوەی ئەو سەرچاوانە نەكەونە دەست پارتی كرێكارانی كوردستان". فەهیم تاشتكینی رۆژنامەنوسیش لەسەر زاری پەرلەمانتارێكی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنەوە رایگەیاند كە 50 هەزار تۆن زەیتی زەیتونی عەفرین رەوانەی توركیا كراوە. هاوكات نورەدین ماچین، پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند" گروپە چەكدارەكان تەنها بە بردنی 50 هەزار تۆن زەیتی زەیتونی عەفرینەوە نەوەستاون، بەڵك كێڵگە و باخە زەیتونەكانیانیشان وێرانكردووە". چەلەنگ عومەر، پسپۆری بواری ئابوریی كە خەڵكی عەفرینە، رونیكردەوە ناوچەكە ئەمساڵ 270 هەزار تۆن زەیتونی بەرهەمهێناوە و ئەوەش 30%ی كۆی بەرهەمی سوریایە و بەهای ئەو بڕەش لە بەرهەمی زەیتون نزیكەی 150 ملیۆن دۆلارە و جوتیارەكان تەنها یەك لەسەر سێی ئەو بڕە پارەیەیان دەستكەوتووە. چەلەنگ عومەر ئاشكراشیكرد, ئەو بازرگانانەی زەیتی زەیتون لە جوتیارە كوردەكان دەكڕن لەژێر چاودێری ئەو گروپە چەكدارەكاندا كاردەكەن كە لە عەفرین جێگیركراون، و زەیتی زەیتون بە نیوەی ئەو نرخە دەكڕن كە لە ناوچەكانی دەرەوەی عەفرین دەفرۆشرێت و پاشان راستەوخۆ زەیتەكە رەوانەی توركیا دەكەن و بەشێك لەو زەیتە لە رێگەی دەروازە سنورییەكانی توركیاوە، دەبرێتە ئەو ناوچانەی تری سوریا كە لەژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندان. پرۆسەی تاڵانكردنی زەیتی زەیتونی عەفرین  بۆ توركیا، نرخی ئەو بەرهەمەی لە بازاڕەكانی توركیا دابەزاندووە و رۆژنامەی " نۆرجاڵ بایساڵ"ی توركی رایگەیاند توشی شۆك بووە بە دابەزینی نرخی زەیتون لە شاری ئامەد و دوای پرسیاركردن لە یەكێك لە فرۆشیارەكان دەربارەی دابەزینی نرخی زەیتون لە 15 لیرەی توركییەوە بۆ 5 لیرە، فرۆشیارەكە رایگەیاندووە سەرچاوەی ئەو زەیتونە عەفرینە و لەوێ‌ بازرگانەكانی توركیا بە نرخی هەرزان بە دوكاندارەكانی دەفرۆشن.                                                          ئاوارەکانی عەفرین " تاڵانكردنێكی رێكخراو" ئەو ئیدارەیەی توركیا لە عەفرین و گوند و شارۆچكەكانی دەوروبەری دایناوە، رێژەی 10% بۆ 20%ی ئەو زەیتە لە جوتیارەكانی عەفرین وەردەگرن لەبەرامبەر ئەوەی رێگەیان پێداون بەرهەمی باخەكانیان كۆبكەنەوە، بەڵام گروپە چەكدارەكانی كە لە ناوچەكەدا بڵاوبونەتەوە بە خواست و ئارەزووی خۆیان چیان بوێت ئەوە دەسەپێنن و هەندێك كاتیش بە زەبری چەك بەرهەمی زەیتی زەیتون لە جوتیارەكان دەدزن، دوای وەرگرتنی ئەوەشی كە سەپاندویانە. مستەفا ئەبو شەمس لە راپۆرتێكیدا لە سایتی جمهوریەتی ئۆپۆزسیۆن كە كۆتایی ساڵی رابردوو بڵاویكردەوە دەربارەی وەرزی زەیتون لە عەفرین رایگەیاندووە" هەر گروپێك دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرتووە كە لەژێر كۆنترۆڵیدایە و پاشان لە رێگەی نوسینگەی ئابوریی گروپەكان و موختاری گوندەكانەوە ئەو باخ و درەختانەیان سەرژمێركردووە كە خاوەنەكانیان سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی " پەیەدە"ن و لەگەڵ پێگەیشتنی زەیتوندا  گروپە چەكدارەكان كرێكاریان بۆ كۆكردنەوەی بەرهەمی زەیتون بەكرێ گرتووە و پاشان زەیتیان لێ بەرهەمهێناوە و لە بازاڕدا بۆ خۆیانیان فرۆشتوە. ژمارەی ئەوانەی كە لەدوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە ناوچەكەیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون، كەمتر نیە لە نیوەی دانیشتوانی ناوچەكە و هەرچی هەیان بووە لەسەر هەموشیانەوە باخ و كێڵگەكانی زەیتون بوونەتە موڵكی گروپە چەكدارەكان. گروپە چەكدارەكان تەنها بەوەوە نەوەستاون كە بەرهەمی باخەكانیان لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكەدا دابەشكردووە، بەڵكو جوتیارەكانیشیان ناچاركردووە كە بەشە بەرهەمی خۆشیان لە زەیتی زەیتون پێ بفرۆشن بەو نرخەی كە چەكدارەكان سەپاندویانە.                                                                  کۆکردنەوەی بەر‌هەمی زەیتون لە عەفرین بۆ نمونە گروپی " جەیشولئیسلام" كە لە غۆتەی خۆرهەڵاتەوە هاتون، 100 هەزار دەبە زەیتی زەیتونی 16 لیتری " 1600 تۆن" یان لە شارۆچكەی مەعبەتلی لە عەفرین كڕیوە بە نیوەی ئەو نرخەی لە بازەڕادا هەیە، ئەوەش بە گوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ. گروپە چەكدارەكان تەنها بەشێكی زۆری بەرهەمی زەیتونی ئەمساڵیان دەستبەسەردا نەگرتوون، بەڵكو بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی نزیك لە چەند سەرچاوەیەكی ئۆپۆزسیۆن چەكدارەكان هەزاران درەختی زەیتونیان بڕیوە و بۆ بەدەستهێنانی بڕێك پارە دارەكانیان بە توركیا فرۆشتووە. سایتی " زمان الوصل" ی ئۆپۆزسیۆن دووی تشرینی دووەمی 2018 رایگەیاند ژمارەیەكی زۆر درەختی زەیتون لە عەفرین بڕدراونەتەوە و كراون بەداری وشك و لە ناو توركیا فرۆشراوە، ئەوەش تاوانێكە هاوشێوەی كوشتنی مرۆڤە، چونكە ئەو زەیتونە بۆ خۆراكی مرۆڤە و بڕینەوەی سەرچاوەی بژێوی خاوەنەكانی ناهێڵێت هەڕەشە لە ژیانیان دەكات. سەرچاوە: بی بی سی 


راپۆرت: نامیق رەسوڵ لە دوای سەردانە كتوپڕەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق، داواكاری چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەرزبوەتەوە، ئێستا چەند هێزێكی سیاسی جموجوڵیان دەستپێكردووە بۆئەوەی لەڕێگەی پەرلەمانەوە ئەو هەنگاوە بنرێت‌و بە یاسا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكرێنە دەرەوە. سەدرو مالیكی پشتیوانی دەكەن ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایدەكات" پرۆژە یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی". لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"ی قەتەری ئەو پەرلەمانتارە كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە دەڵێت" زیاتر لە كوتلەیەك پشتیوانی لە پرۆژە یاساكە دەكەن، دیارترینیان كوتلەی بونیادنانە كە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو گروپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، هەروەها هاوپەیمانی سائرون كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی دەكات، پشتگیری لە پرۆژە یاساكە دەكات". بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، هەماهەنگی لەنێوان لیژنەكانی پەرلەماندا هەیە لەپێناو سەرخستنی پرۆژەكە، بۆئەوەی رێگەی بۆ خۆشبكرێت لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت‌و پێشبینیشدەكات پرۆژەكە زۆرینەی پەرلەمان دەنگی بۆ بدات. چاوەڕوانی وەڵامی عەبدولمەهدی دەكرێت پێش پێشكەشكردنی پرۆژە یاساكە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، هەوڵیدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بهێنێتە ناو پرسەكەو چەند پرسیارێكی دەربارەی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و هۆكارەكانی مانەوەیانی ئاڕاستەكرد. محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیاتنان رایگەیاند، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق وەستاوەتەوە لەسەر وەڵامدانەوەی عەبدولمەهدی بۆ ئەو پرسیارانەی كە لەلایەن لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری پەرلەمانەوە ئاراستەی كراون. ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: لیژنەكە پشتی بە چوارچێوە دەستوری‌و یاساییەكان بەستووە، پێش ئەوەی دەستبكرێت بە هەمواركردنەوەی رێككەوتنە ستراتیژی كە لەنێوان بەغدادو واشنتۆن ئیمزاكراوە، یان دەركردنی پرۆژە یاسایەكی نوێ بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، لە نێویاندا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژی بەوەدا، لەماوەی دوای وەڵامدانەوەكانی عەبدولمەهدی، هەمواركردنەوەی رێككەوتنەكەی نێوان بەغدادو واشنتۆن یان پرۆژە یاسایەكی نوێ بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئەنجامدەدرێت، هەموو ئەمانە وەستاونەتەوە سەر جۆری وەڵامدانەوەی عەبدولمەهدی. یاساكە ئامادەكراوە ! بەپێی قسەی سەعران ئەعاجیبی، ئەندامی لیژنە ئاسایش‌و بەرگری پەرلەمانی عێراق، یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی‌و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەخرێتەڕوو. ئەعاجیبی كە پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرونە، پێشبینیدەكات بەمزوانە پرۆژە یاساكە بخرێتە دەنگدانەوە، لە كاتێكدا خواستێكی پەرلەمانیی هەیە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بە تایبەتی دوای جموجوڵەكانی ئەمدواییەی هێزەكانی ئەمریكا لە چەند ناوچەیەكی عێراق. رۆڵی ئێران لە یارییەكەدا هەوڵدان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەزۆری ئەو لایانانەی لە پشتەوەن كە لە ئێرانەوە نزیكن. هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لایەنە شیعەكان لەلایەن ئێرانەوە ئامۆژگاری كراون، لەڕێگەی پەرلەمانەوە فشاربكەن بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. ئەم هەوڵەی كوتلەكانی پەرلەمانی عێراقی نزیك لە ئێران، لە كاتێكدایە بەگوێرەی قسەی چەند میدیایەكی ئیسرائیل‌و وڵاتانی كەنداو، ئەمریكا داوای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە "چەند گروپێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی چەك بكات". میدیاكانی ئیسرائیل، لەسەر زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراقەوە بڵاویانكردەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ، بە عادل عەبدولمەهدی راگەیاندووە" واشنتۆن رێگە لە ئیسرائیل ناگرێت، ئەگەر ئەو وڵاتە پێگەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق بۆردومان بكات". سەرچاوەكە ئاشكراشیكردووە، عەبدولمەهدی لە ئەگەری هێرشكردنە سەر بنكەو بارەگاكانی حەشدی شەعبیی نیگەران بووەو هۆشداریی داوەتە پۆمپیۆ لەوەی ئەو هەنگاوە لێكەوتنەی مەترسیداری لە ناوچەكەدا دەبێت. چارەنوسی رێككەوتنی ستراتیژی عێراق‌و ئەمریكا لەسەردەمی كابینەی نوری مالیكیدا رێككەوتنی ستراتیژی سیاسی‌و سەربازییان ئیمزاكرد، بەڕای چاودێران عێراق دەبێت پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت‌و ناتوانرێت بە یاسایەك ئەو رێككەوتنە هەڵبوەشنێرێتەوە. لەگەڵ دەستپێكردنی هەوڵەكان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵیدا خۆی لەو پرسە بەدووربگرێت، ئەمەش بە رەچاوكردنی ئەوەی، ئەو رێككەوتنە لەسەردەمی نوری مالیكیدا ئیمزاكراوەو حكومەتی حەیدەر عەبادیش دوای ئەو، پابەندبوونی خۆی پێوە راگەیاندووە.  


( درەو میدیا):     هیچ پەرلەمانتارێكی عێراق ئامادەنیە ببێتە ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و بەوهۆیەوە لیژنەكە هەڵدەوەشێنرێتەوە. عەلی بدیری، پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" كوتلە گەورەكانی نێو پەرلەمان زۆرینەیان بیروبۆچونی ئیسلامییان هەیە ئەوە ئاشكرایە، بەڵام ئەوەی نامۆیە هیچ پەرلەمانتارێكی ئەو حزبە ئیسلامیانە ناخوازن ببنە ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی". ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشكیكرد, بەهۆی ئەوەی هیچ پەرلەمانتارێك ئامادەنیە ببێتە ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی رەنگە ئەو لیژنەیە هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەوەش لە هیچ یەكێك لە خولەكانی پێشوودا رووی نەداوە و پێویست بوو حزبە ئیسلامییەكان شەڕیان لەسەر ئەو لیژنەیە بكردایە, بەڵام شەڕ لەسەر لیژنەكانی تر دەكەن كە دوورن لە رێبازی ئیسلامییەوە. پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 20 لیژنەی هەمیشەیی هەیەو بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران زیاتر خوازیارن ببنە ئەندامی لیژنەی دارایی و یاسایی و پەیوەندییەكانی دەرەوە و كەمتر هەوڵ بۆ ئەندامێتی لیژنەكانی تر دەدەن.


 ( درەو میدیا): پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی پارێزگای كەركوك، لەسەر سێ‌ خاڵ رێككەوتوون و بۆ تاوتوێكردنی دۆخی پارێزگاكە و چارەسەركردنی كێشەكانی بە وەفدێكی هاوبەش سەردانی بەغدا دەكەن و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆدەبنەوە. بە گوێرەی چەند زانیارییەك، ئەمڕۆ شەممە لیژنەی پارتی و یەكێتی تایبەت بە كەركوك یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداوە و دەربارەی ئاساییكردنەوەی كەركوك گەیشتونەتە لێتێگەیشتن و لەسەر سێ‌ خاڵ رێككەوتون. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند میدیایەكی عێراقی بڵاویانكردوەتەوە، لیژنەكەی پارتی و یەكێتی تایبەت بە كەركوك بە سەرۆكایەتی فاڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و ئەندامێتی ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر كۆبوەتەوەو لیژنەكە بڕیاریداوە بە رەوانەكردنی وەفدێك بۆ بەغدای پایتەخت بۆ كۆبوونەوە لەگەاَ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ لایەنە عەرەبی و توركمانەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك. هەروەها وەفدەكە لە بەغدا داواشدەكات هەموو هێزە سەربازییەكان لە كەركوك بكرێنە دەرەوەو تەنها هێزە خۆجێیەكان بمێننەوە و لیژنەیەكی ئەمنیی لە حكومەتی ناوەند و هەرێم بۆ چاودێریكردنی دۆسیەی ئەمنیی كەركوك پێكبهێنرێت و پێشمەرگ و ئاسایش بەشداری بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی كەركوك بكەن.


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ  نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كە سەربە دیموكراتەكانە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكای بەوە تۆمەتباركرد، هێزەكانی ئەمریكاو ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی لە ئەفغاستانن خستوەتە مەترسییەوە، لە رێگەی ئاشكراكردنی سەردانی وەفدێكی كۆنگرێس بۆ ئەو وڵاتە و كۆشکی سپیش ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە. سەرەتا كێشەی ترەمپ و پیلۆسی سەرەتای ئەم مانگەو دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی كۆنگرێسی ئەمریكا، دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنایەوە و نانسی پیلۆسی بە سەرۆكی ئەنجومەنەكە هەڵبژێدرایەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ دابینكردنی بودجەی دیواری نێوان ئەمریكا و مەكسیك كە یەكێكە لە بەڵێنەكانی كاتی هەڵبژاردنی، لەگەڵ نانسی پیلۆسی و سەركردەی دیموكراتەكان كۆبوەوە. لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ترەمپ داوای لە پیلۆسی كرد بودجەی دیوارەكە دابینبكەن، بەڵام پیلۆسی رەتیكردەوە و ترەمپیش بە توڕەییەوە كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و لەوكاتەوە داخستنی كاتی حكومەت دەستیپێكردووە و فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدراڵییەكان موچەكانیان دواكەوتووە. رێگەگرتن لە گەشتی پیلۆسی بڕیاربوو وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی نانسی پیلۆسی سەردانی ئەفغانستان بكات، بەڵام ترەمپ  رێگەی لە سەردانەكە گرت و رێگەی نەدا لەماوەی داخستنی حكومەتدا ئەو وەفدە بە فڕۆكەی كۆنگرێس یان حكومەت یان فڕۆكەی سەربازی گەشتەكەیان بكەن. سارە ساندەرز، وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات پیلۆسی لە ئەمریكا بمێنێتەوە، بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە پرسی داخستنی حكومەت دانوستان و گفتوگۆ بكرێت. ساندەرز لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:" ئەگەر پیلۆسی وڵات بەجێبهێڵێت، ئەوا سەرەتای ئەم هەفتەیە دانوستان بەڕێوەناچێت و ئەوە بەواتای ئەوە دێت كە 800 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی موچەكانیان بەدەستانهێنن، چونكە ئەو لێرە نابێت بۆئەوەی بەشداریبكات لە گەیشتن بە رێككەوتنێك". ساندەرز راشیگەیاند مایەی شەرمەزارییە كە پیلۆسی، ترەمپی تۆمەتباركردووە بەوەی كە ژیانی خستوەتە مەترسییەوە. بە پێچەوانەی وتەبێژەكەی كۆشكی سپییەوەن درو هامیل، وتەبێژی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند " هیچ داواكارییەكیان لە كۆشكی سپییەوە بۆ كۆبوونەوە پێ‌ نەگەیشتووە". " ترەمپ لە پرۆتۆكۆڵ تێنگەیشتووە" نوسینگەی پیلۆسی لە ئامادەكاریدا بوو كە بە فڕۆكەیەكی بازرگانی سەردانی ئەفغانستان بكات، ئەو بیرۆكەیەش لەلایەن خودی ترەمپەوە خرابووەڕوو، بەڵام بەیانی رۆژی هەینی سەردانەكە دواخرا، چونكە ئیدارەی ئەمریكا وردەكاری سەردانەكەی ئاشكراكرد و بەوەش وەفدەكە و ئەو هێزانەشی كە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەنیاز بوو سەردانیان بكات دەخستە بەردەم مەترسییەوە، بەڵام بەرپرسێكی كۆشكی سپی ئەوەی رەتكردەوە. پیلۆسی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە بارەگای كۆنگرێس وتی:" لە ئەفغانستانەوە راپۆرتێكمان پێگەیشت.. كە سەرۆك بە ئاشكراكردنی سەردانەكەمان دۆخی ئەفغانستانی زۆر مەترسیدار كردووە و چونكە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ هەموو لایەنە خراپەكان كە ئێمە بەڕێوەین". پیلۆسی وتیشی:" ئێمە پێشوەخت رایناگەیەنین كە دەچین بۆ ناوچەكانی شەڕ، هەرگیز ئەوە ناكەین، رەنگە كەم شارەزایی سەرۆك لەپشتی تێنەگەیشتن لەو پرۆتۆكۆڵەوە بێت، پێویست بوو ئەوانەی لە چواردەورین بزانن كە ئەوە زۆر مەترسیدارە". كۆشكی سپی رەتیدەكاتەوە بەرپرسێكی كۆشكی سپی كە قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز كردووە، رەتیكردەوە كە ئیدارەی ئەمریكا پلانی سەردانەكەی پیلۆسی ئاشكراكردبێت و وتی" كاتێك سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و 20 كەسی تر لە كۆنگرێس بڕیاریاندا بە گەشتێكی فڕۆكەی بازرگانی بچنە ئەفغانستان، ئەوا هەموو جیهان دەزانێت". مشتومڕی كۆشكی سپی و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی هەینی گەیشتە لوتكە، كاتێك نوسینگەی كارگێڕی و بودجە رایگەیاند گەشتی ئەندامانی كۆنگرێس قەدەغەیە ئەگەر رەزامەندی كۆشكی سپی وەرنەگرن یان خۆیان خەرجییەكەی دابین نەكەن".  


درەو میدیا: ماوەی چەند رۆژێكە نرخی غاز لە شاری هەولێر بەرزبوتەوە، بەجۆرێك نرخی یەك بتڵی غاز گەیشتوەتە( 15 بۆ 16) هەزار دینار، هەر وەها لە شاری سلێمانیش گران بووە بە ئاسانی دەست ناكەوێت. غالب محەمەد عەلی ئەندامی لیژنەی نەوتی غازی پەرلەمانی عێراق لە نوسینێكدا هۆكارەكانی  گرانبوونی بتڵی غاز روون دەكاتەوەو ئاماژە بەوە دەكات كە " بەشێكی زۆر ئەو غازەی كە دابین كراوە بۆ كارگە وشتی تر بەكار دێت نەك بۆ ماڵان ، لەگەڵ ڕێگری كردن لە چەند كارگەیەك كە دەیانەویت نرخی بتڵی غاز بۆ( 6.500) هەزار كەمبكەنەوە لە بری ئەوەی زیاتر خزمەت بكرین بڵكو ڕێگریان لێدەكرێت و رێژەی كەمتر غازیان پێدەدەن ئەمەش وای كردوە بە هیچ شێوەیەك كێبركێ دروست نا بێت لە نێوانی كارگەكان. غالب محەمەد ئەوەش رون دەكاتەوە " سەرچاوەی غازی شلی ماڵان لە هەرێمی كوردستان بلوكی كۆرمۆر كە رۆژانە (١٠٠٠) تەن بەرهەم دەهێنێت و رێژەیەكی كەم لە پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك، ساڵانە گواستنەوەكەی دە دەرێت بە كۆمپانیا بۆ گواستنەوەی و دابەش كردنی، ئەم ساڵ دراوە بە كۆمپانیای ( گۆڵدینگ جاگوار) دوای ئەوە رێژەی پارێزگاكان دیاری دەكرێت بۆ نمونە پارێزگای سلێمانی رۆژانە (١٣) تەنكەر لە كۆرمۆر و دوو تەنكەریش لە پاڵاوگەی بازیان كە هەر تەنكەرێك (٢٠)تەن دەكات وە هەر تەنێك بە (٤٣٠) هەزار دینار دەدرێت بە خاون كارگەكان و هەر تەنێك( ٨٦ ) بتڵە، رۆژانە زیاتر لە (٢٦) هەزار بتڵ دابین دەكرێت بۆ پارێزگای سلێمانی كە ئەم رێژەیشە بەشی شاری سلێمانی دەكات و زیاتریشە بەڵام لە بەر ئەوەی كۆمپانیاكە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشی ناكات و بەشێكی زۆریشی بە بازرگانی دەفرۆشرێت كە تەنی زیاترە لە (٥٥٠) هەزارە بۆتەهۆكاری كەم بونەوەی غاز لە بازار " دەقی نوسینەكەی غالب محەمەد لەنەبونی نەوت و گرانی بەنزینە وە بۆ گرانبون دەستنەكەوتنی غازی ماڵان. ماوەی چەند رۆژێكە نرخی غاز لە شاری هەولێر بەرزبوتەوە، بەجۆرێك نرخی یەك بتڵی غاز گەیشتوەتە( 15 بۆ 16) هەزار دینار، هەر وەها لە شاری سلێمانیش گران بووە بە ئاسانی دەست ناكەوێت. هۆكاری گرانبوونی غازی ماڵان بۆ ئەم هۆكارانەی خوارەوە دەگەرێتەوە: ١.سەرچاوەی غازی شلی ماڵان لە هەرێمی كوردستان بلوكی كۆرمۆر كە رۆژانە (١٠٠٠) تەن بەرهەم دەهێنێت و رێژەیەكی كەم لە پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك، ساڵانە گواستنەوەكەی دە دەرێت بە كۆمپانیا بۆ گواستنەوەی و دابەش كردنی، ئەم ساڵ دراوە بە كۆمپانیای ( گۆڵدینگ جاگوار) دوای ئەوە رێژەی پارێزگاكان دیاری دەكرێت بۆ نمونە پارێزگای سلێمانی رۆژانە (١٣) تەنكەر لە كۆرمۆر و دوو تەنكەریش لە پاڵاوگەی بازیان كە هەر تەنكەرێك (٢٠)تەن دەكات وە هەر تەنێك بە (٤٣٠) هەزار دینار دەدرێت بە خاون كارگەكان و هەر تەنێك( ٨٦ ) بتڵە، رۆژانە زیاتر لە (٢٦) هەزار بتڵ دابین دەكرێت بۆ پارێزگای سلێمانی كە ئەم رێژەیشە بەشی شاری سلێمانی دەكات و زیاتریشە بەڵام لە بەر ئەوەی كۆمپانیاكە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشی ناكات و بەشێكی زۆریشی بە بازرگانی دەفرۆشرێت كە تەنی زیاترە لە (٥٥٠) هەزارە بۆتەهۆكاری كەم بونەوەی غاز لە بازار . ٢.بەشێكی زۆر ئەو غازەی كە دابین كراوە بۆ كارگە وشتی تر بەكار دێت نەك بۆ ماڵان . ٣.ڕێگری كردن لە چەند كارگەیەك كە دەیانەویت نرخی بتڵی غاز بۆ(٦،٥٠٠) هەزار كەمبكەنەوە لە بری ئەوەی زیاتر خزمەت بكرین بڵكو ڕێگریان لێدەكرێت و رێژەی كەمتر غازیان پێدەدەن ئەمەش وای كردوە بە هیچ شێوەیەك كێبركێ دروست نا بێت لە نێوانی كارگەكان. بەرزبونەوەی نرخی غاز لە پارێزگاكانی هەرێم لە كاتێكدایە شەپۆلێكی بەفر و باران و نزم بونەوەی پلەكانی گەرمی روی لە هەرێمی كوردستان كردوە و پێویستی هاوڵاتیان بۆ بەكارهێنانی غاز بۆ گەرم كردنەوەی ماڵەكانیان لە زیادبوندایە. بۆیە داواكارم لە لایەنی پیوەندیدار بە تایبەتی پارێزگارەكان و پەرلەمانی كوردستان كە رێگری بكەن لەم كۆمپانیانەی كە گواستنەوەی غازیان بۆدەر دەچێت رێژەی تەواو بدەن بە پارێزگاكان بۆ ئەوەی نرخی بوتڵی غاز گۆڕانكاری بە سەر نەیەت بە تایبەتی لە كاتی زستان . غالب محمد عەلی  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand