Draw Media

گۆڕان داوای حەوت كورسی دەكات و یەكێتی چوار دەدا

گۆڕان داوای حەوت كورسی دەكات و  یەكێتی چوار دەدا

2021-02-10 11:34:24


 (درەو):
بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی لە دانوستاندان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی، گۆڕان داوای (7) كورسی‌و یەكگرتوو داوا (4) كورسی پەرلەمانی عێراق دەكەن، یەكێتی رازی نییە‌و بەڵێنی (4) كورسی بۆ گۆڕان‌و (2) كورسی بە یەكگرتوو داوە.  
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، زنجیرەیەك كۆبونەوەی نوێ لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی هاوپەیمانێتیكردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەستی پێكردووە.
(درەو) زانیویەتی، دوێنێ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەتەوە.
لەو گفتوگۆیەدا باس لەوە كراوە یەكێتی‌و گۆڕان پێكەوە بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، لەچوارچێوەی ئەم هاوپەیمانێتییەدا، گۆڕان داوای (7) كورسی پەرلەمانی عێراق دەكات، (5) كورسی پارێزگای سلێمانی‌و كورسییەكی كەركوك‌و كورسییەكی هەولێر، بەڵام یەكێتی تائێستا بەڵێنی (4) كورسی بە گۆڕان داوە‌و بەوهۆیەشەوە تائێستا نەگەیشتوەنەتە رێككەوتن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رەوتی دانوستانەكان بە (درەو)ی راگەیاند، جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، دەنگی داوە بۆ ئەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانێتی بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام سەركردایەتی بزوتنەوەكە زۆرینەیان لەگەڵ ئەوەدان هاوپەیمانێتی سیقۆڵی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕاندا بكرێت، ئەگەر ئەم هاوپەیمانێتییە دروست نەكرا، گۆڕان لەگەڵ پارتی بچێتە ناو هەڵبژاردنەكەوە. 
مەرجی قورسی گۆڕان بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی، وا لێكدەدرێتەوە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نایەوێت بگاتە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی‌و دەیەوێت بەمشێوەیە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەی قایل بكات بەوەی پابەندی بڕیاری جڤات بووە، بەڵام یەكێتی نایەوێت هاوپەیمانێتی بكات. 
لەكاتێكدا لەگەڵ یەكێتی لە دانوستاندایە، پارتی جارێكی تر لەرێگەی مستەفا سەید قادری جێگری سەرۆكی هەرێمەوە فشاری بۆ بزوتنەوەی گۆڕان هێناوە‌و داوا دەكات بزوتنەوەكە هەڵوێستی خۆی لەسەر فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی عێراق یەكلابكاتەوە‌و بڕیاری دەركردنیان لە بزوتنەوەكە رابگەیەنێت.
ئەوە تەنیا بزوتنەوەی گۆڕان نییە كە گفتوگۆی بۆ هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی دەستپێكردووە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، یەكگرتووی ئیسلامیش چونەتە ناو دانوستان لەگەڵ یەكێتی.
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی پێكەوە بە لیستێكی هاوبەش بچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە، ئەم هەوڵە شكستی هێنا. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، یەكگرتووی ئیسلامی بۆ هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی داوای (4) كورسی دەكات، واتە لە هەر پارێزگایەك (كەركوك، هەولێر، سلێمانی، دهۆك) داوای كورسییەك دەكات، بەڵام یەكێتی تائێستا بەڵێنی تەنیا (2) كورسی پێداون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand