دۆسیەی دادگاییكردنی ئاشتی هەورامی بەردەامە
2021-02-09 10:13:38
(درەو):
ئەمڕۆ جارێکی تر دادگای لەندەن لەسەر کەیسەکەی ئاشتی هەورامی و دایناستی پترلیۆم کۆدەبێتەوە، دوێنێ پارێزەرەکانی دیناستی بەڵگەکانی خۆیان دژی هەورامی خستەڕوو.
دوێنێ یەکەمین دانیشتنی گەڕێکی نوێی دادگایکردنی ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ جارێکی تر دادگا بەشێوەی "ئۆنلاین" دادەنیشتێت و پرۆسەی دادگاکردنەکە تاوەکو رۆژی ١١ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ئەمە پەیوەندی بە سکاڵایەکەوە هەیە کە کۆمپانیای (دیناستی پترلیۆم) وەکو کۆمپانیایەکی لۆکاڵی لە پارێزگای سلێمانی، لە دادگای (ئاربیترەیشن)ی لەندەن لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماریکردووە، سەبارەت بە کڕینەوەی پشکەکانی کۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی لە کێڵگە نەوتییەکانی (تۆپخانە)و (کوردەمیر) لەناوچەی گەرمیان.
کۆمپانیای (دایناستی) کە پشکەکانی کڕیوە، ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگری لێکردووە کار لە کێڵگەکاندا بکات و داوای بەرتیلی لێکردوون.
دادوەری ئەم کەیسە لە دادگای لەندەن پیاوێکە بەناوی (بوچەر)، ئەم دادوەرە ئێستا دەیەوێت بزانێت پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەروەریی هەیە لەچوارچێوەی عێراقدا یاخود نا، بۆئەوەی بتوانێت حوکمی کۆتایی لەسەر دۆسیەکە بدات.
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، لە دانیشتنی دوێنێدا، پارێزەرەکانی (دایناستی) بەڵگەکانی خۆیان لەسەر ئاشتی هەورامی و حکومەتی هەرێم خستوەتەڕوو، دادوەر وتەو گەواهیدانی سێ کەسی شارەزای بواری یاسای دەستوریی وەرگرتووە.
دادگای لەندەن بەشێوەیەکی سەرەکی، بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، ئایا حکومەتی هەرێم سەروەری دەوڵەتی عێراقی لە بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت و غازی خۆیدا بەکاردەهێنێت یان نا، لەم دانیشتنانەدا دادگا بەس گوێ لە پارێزەرو شایەتحاڵەکان و ئەو کەسانە دەگرێت کە لەم بوارەدا شارەزان، دواتر بڕیار دەدات.
ئەگەر ئاشتی هەورامی لەم دادگایەدا بدۆڕێت، دەبێت (ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بە کۆمپانیای (دایناستی) بدات.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم کەیسە، کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە: