Draw Media

ڕێگایەکی دژوار؛ مۆدێلەکانی ڕێککنەکەوتن لە نووری سەعیدەوە تا کازمی

ڕێگایەکی دژوار؛ مۆدێلەکانی ڕێککنەکەوتن لە نووری سەعیدەوە تا کازمی

2021-02-06 09:33:29


شرۆڤە: هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو دەینوسێت) 

 ئیلهام لە یاداشتەکەی سەعیدەوە
نووری سەعید(١٨٨٨-١٩٥٨)، کە ١٤جار سەرۆکوەزیرانێتی سەردەمی پاشایەتیی عێراقی وەرگرتووە، لە یەکێک لە دەستپێلەکارکێشانەوەکانیدا، ساڵی ١٩٤٤، هاوپێچ یاداشتێکی لەبارەی پرسی کوردەوە، پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کرد، لەوێدا، سەرەڕای خستنەڕووی پێشینەیەکی مێژوویی پرسی کوردستان و لکاندنی بە عێراقەوە لەبارەی کێشەکانی ئەو دەمەی خۆیەوە و ئاماژەدان بەوەی کە کورد بەشداریی لە دامەزراندنی عێراقدا ڕەتکردووەتەوە، چەند خاڵێکی ڕیشەیی لە ئاڵۆزی پرسی کورد لە عێراق و دەستێوەردانی هەرێمی ڕووندەکاتەوە.
یەکێک لە تەگەرەکانی بەردەم سەعید و ئەوانەی پێش و پاشیشی، هەر پرسی مافەکانی کوردستان بووە لە عێراقدا، لەو یاداشتەیدا، گەر بە وردی سەرنج بدرێت هەم تەکنیکی مامەڵەکردنی عێراق لەگەڵ کوردستاندا و هەم هەندێ مۆدێلی باوی پرۆسەی سیاسیی تا هەنووکەش بەسەر بڕیاری سیاسیی عێراقەوە زاڵن. دەتوانرێت سێ فاکتەری سەرەکی لە مامەڵەی عێراق لەگەڵ پرسی کوردستاندا، لەو یاداشتەوە هەڵێنجرێت: 
١.خودی سازاندنی دەوڵەتی نوێی عێراق  
٢.ڕەتکردنەوەی بەشداریی کوردەکان و کاریگەریی هەرێمایەتیی چ لەسەر شۆڕشەکوردستانییەکان و چ دەوڵەتەکان(تورکیا و ئێران)
 ٣.هەروەها جۆری بەڕێوەبردنی حکومەتی عێراق و نایەکسانی لە مافی هاووڵاتییبوون بۆ سەرجەم پێکهاتەکان و ناوچەکانی عێراق.
سەعید لەگەڵ ئەو دەرکە وردەی کە بۆ پرسی کورد هەیبووە، بەڵام لەمامەڵەدا، هەوڵی داوە بە دوو ڕێگە پرسەکە بخەوێنێت، ئەویش بچووکردنەوە و پۆلێنکردنی دانیشتووانی کوردستانە بۆ سێ دەستە: سەرۆک عەشیرەتەکان، بازرگانان و ڕۆشنبیران. سەعید لەو یاداشتەدا کە زیاتر وەک نەخشەڕێگای چارەسەر خۆی نواندووە، باوەڕی وابووە کە دەستەی یەکەم(سەرۆک عەشرەتەکان) تەنها مانەوەی دەسەڵاتە ناوچەییەکەیان لا گرنگە و ئامانجێکی سیاسیی دوورمەودایان نییە. دەستەی دووەم(بازرگانان) بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتێکیان دەوێت کە ئاسایش و شیرازەی سیاسیی جێگیر بکات تا پەرە بە سەرمایەکانیان بدەن. بەڵام بۆ دەستەی سێیەم(ڕۆشنبیران) دەڵێت کە داواکارییان داوای "سەرجەم ڕۆڵەکانی عێراق"ە و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە.
ئەم پۆلێنەی سەعید، خاڵی لە هەقیقەت نییە بەڵام بچووککردنەوە و تەکنیکیانە مامەڵەکردن و داپۆشینی ڕیشە ئاڵۆزەکانی پرسەکەیە. چونکە ئەو خۆی لە بەراییدا دەڵێت کوردەکان ڕەتیانکردەوە بەشداریی ڕاپرسیی دامەزراندنی عێراق بکەن، بەڵام لە کۆتاییشدا دەڵێت کوردستانی عێراق ئامانجی سیاسیی سەربەخۆیی نییە، چونکە ٨٠٪ی ناوچە کوردستانییەکان لە وڵاتانی دراوسێی عێراقن.
سەعید لە مێژووی نوێی عێراقدا دەیزانی پرسەکە ڕاستەقینەیە، بەڵام لەبری مامەڵە لەگەڵ نوێنەرانی پرسەکەدا، خەڵکی ناڕازی کوردستانی دەکردە بناغە بۆ چارەسەر، لە کاتێکدا ئەمە کێشەیەکی ناوماڵی کورد بووە و ڕیشەییانە چارە نابێت، بۆ نموونە ئەو لە یاداشتەکەیدا، باوەڕی وایە خەڵکی سلێمانی ناڕازیی دژی شێخ مەحموود، داوایان کردووە لە حکومەتی عێراق کردووە ئەو فەوزایەی شێخ مەحموود کۆتایی پێبهێنێت! پێیووایە ئەمە چارەسەر بووە کە بەدەم خەڵکەوە بچن، لە کاتێکدا زۆری نەبرد و دیسان هەمان هەڵگەڕانەوەی کوردەکان بەهێزتر سەری هەڵدایەوە.
ئەو سیاسییەکی قەیرانناس بوو، بۆچی ئەوە لەبەرچاو ناگرێت؟ کە هەر بچووک سەیرکردنێکی پرسی کورد لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لەسەر حسێبی شوناس و ماف و داننان پێیدا، دەبێتەوە ژیلەمۆی قەیرانێکی نوێ تری پەیوەندییەکانی کورد و عەرەب و گەر بێدەنگیش خۆی بنوێنێت لە زەمەنێکی نەزۆردووردا، دیسانەوە دەردیسەر درووستدەکاتەوە و پایەکانی دەوڵەتداری دەلەرزێنێتەوە. زۆرینەی جارەکان پرسی کورد یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی دەستلەکارکێشانەوەی سەد ساڵی ڕابردووی سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق بووە، خودی سەعیدیش پاش ئەم وازهێنانەی لە سەرۆکوەزیری، شەش جاری دیکەش هەلی درایەوە و سەرۆکوەزیرانی گرتەوە دەست، بەڵام هیچکات نەیتووانی ڕیشەیی دۆسێی کورد ڕەچاوبکات و هەر ئەوەش بوو کە کورد و بزوتنەوە سیاسییەکەی بەر لە هەر پێکهیاتەیەکی دی پێشوازییان لە کودەتای ١٩٥٨ کرد و شەریکی سەرخواردنی شیرازەی پاشایەتی و خودی نوری سەعیدیش بوون، تەنانەت ماڵەکەشی لە بەغدا درایە مستەفا بارزانی ڕێبەری ئەودەمی جوڵانەوەی کوردستان.

مۆدێلەکانی ڕێککنەکەوتن
پرسی کوردستان لە ئێستا هەم لە دیوی عێراقییەوە و هەم لە ڕووی تیۆریزەکردنی پرسەکەوە و داننان پێیدا هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیووە، دەستووری هەنووکەیی عێراق (بەراورد بە مێژووی بیرکردنەوە لە چارەسەری پرسەکە)، چارەسەرێکی باش و ڕێکخەری پەیوەندییەکان بووە، چونکە لەوێدا، وەک شوناس، خاک و ماف بەندی دەستووری جێهێڵراون بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان بەڵام فەرامۆشکردن و وەرنەگێڕانییان بۆ واقیع، خودی دەستووریشی کردووەتە بەشێک لە کێشە لەبری بەشێک لە چارەسەر.
پرۆسەی سیاسیی بە گشتی و پێکهێنانی کابینە حکومییەکان، لە پاش ٢٠٠٣ەوە، بەدەست چەندین ئاستەنگەوە گیرۆدەیە و تا هەنووکەش بیرکردنەوەیەکی بنەڕەتی و درێژمەودا لە ئاستی هێزە عێراقییەکاندا نابینرێت بۆ چارەسەریی ڕیشەییان، كە بەشێكیان كەلێنی یاسایین و شێواندنی شیكار و حوكمە یاساییەكانن.
لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتەکان و لایەنەکانی پشتیوانی، سەرجەمییان درووشمییان چارەسەری ڕیشەیی پرسەکەیە، بەڵام سەرلەبەریان پەیڕەوکاری مۆدێلەکانی ڕێککنەکەوتن بوون نەک ڕێککەوتن و شوێن ڕێگائەزمونکراوە شکستخواردووەکان دەکەونەوە.
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دانوستاندنەکانی عێراق، دەتوانرێت چەند تەکنیکیك لە مامەڵەکانی بەغدا بەرامبەر پرسی کورد (بۆ ڕێککنەکەوتن) هەلبهێنجرێن:
١. مۆدێلی موماتەڵەکردن و گرەوکردن لەسەر کات، لەلایەنی عێراقییەوە، ئەمەش لە دانوستاندنی ١٩٦٨،١٩٨٣، ئەوانەی پاش ٢٠٠٣ەوە ببینرێن.
٢. سەرەکیکردنی پرسی لاوەکی، پشتکردنە دەستوور و ڕێککەوتنەکان: ئەمەش بەڕوونی لەدەورەی پاشایەتی و سەردەمی پاش ٢٠٠٣شدا دەبینرێت، بۆ نموونە گەر پرسی دەستووریی ناوچەی دابڕێنراو، دروستکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی، دابەشکردنی سامان و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، کە پرسی دەستوورین و حکومەتە عێراقییەکان لە ٢٠٠٧ەوە خۆیانی لێدەبوێرن، لە ئانی خۆیاندا چارە بکرانایە، زۆرێکی ئەو کێشانەی ئەمڕۆی هەولێر و بەغدا نەدەمان و هەردوولا براوە-براوە عێراقییان دامەزراوتر دەکرد. هەم بەرامبەر داعش بۆشایی درووستنەدەبوو هەم ڕیفراندەم و ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧شی بەدوادا نەدەهات.
٣. مۆدێلی پەڕینەوە لە سنوور و هانا بۆ وڵاتە هەرێمیییەکان: حکومەتە عێراقییەکان، لەبری گەڕان بەدوای چارەسەریی ناوخۆییدا، بە ئەنقەست یان بە نائاگایی یان نەتوانین، بۆ چارەسەری پرسی کوردستان، زۆرجار گەڕاونەتەوە بۆ چارەسەری ئەمنی، سیاسیی و هەژموونی دراوسێکانی عێراق بەمەبەستی سەرکوتکاریی و خەواندنی کێشەکە یان فشار بۆ ڕازیکردنی کورد، وەک: پەیمانی١٩٣٧، تەوافوقەکانی فەیسەڵ و ڕەزاشا١٩٣٠، هاوقسەیی تاران-ئەنکەرە، ڕێککەوتنی جەزایر١٩٧٥، پرسەکانی پاش٢٠١٤، هەماهەنگی ئەمنی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری بەغا-تاران-ئانکارا. ئەم چارەسەرە ڕەنگە کورتخایەن حکومەتە عێراقییەکانی ڕزگارکردبێت بەڵام هیچکات نەیتووانیوە  پرسەکە یەکجاریی بخەوێنێت.


تا هەنووکە سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق و لایەنە هەڵبژێرەرەکانی، لەبری ئەوەی بنەمادەستوورییەکانی چارەسەرییان قوڵبکردایەتەوە، بەپێچەوانەوە پشتییان بە هەمان مۆدێلی نووری سەعید و هاوڕێکانی لەڕێگەی: 
- بچووکناساندن و بە خزمەتگوزاریکردنی پرسی کورد لە بری ناساندنی وەک پرسی خاک و شوناس.
- لەبری شەریککردن و یاساییکردنی پەیوەندییەکان، بە شەخسەنەکردن و پەراوێزکاریی پرسەکە.
- لەبری پشتبەستن بە دەستوور و یاساییکردنی بەندەکانی، پشتتێکردنی دەستوور و بێبەشکردن و سزادانی مرۆیی خەڵک.
لەمەی دواییدا حکومەتە نوێکانی عێراق زۆر نالەبارتر کارییان کرد و تەنانەت هەنگاوێک کەوتنە دوای بەعس و نووری سەعیدیش، ئەوان لەناساندنی کێشەکەدا پرسی ئامانجی سیاسیی جوڵانەوەی کوردییان لە خەڵکی کوردستان جیادەکردەوە و سزای گشتییان نەدەدان.
نووری سەعید هەر خۆی نەبوو تا بتوانێت پرسەکە یەکلابکاتەوە، ئەوکات نەتەوەییەکان و شیوعییەکان و سوننە و شیعەکانیش هەر ڕێگربوون، دواجار سەعید هەر فریای دەستلەکارکێشانەوەکانی کەوت، مستەفا کازمیش زیاتر لە سەعید تەگەرەی هەیە و باشتریش پرسەکە دەبینێت و دەشزانێت ئاوا چارەسەر ناکرێت گەر کورتبکرێتەوە لە پەیوەندی حزبی و هاوپەیمانێتی و باڵباڵکردنی کورد، ئەوا پێش هەر لایەک سەرهەڵدانەوەی پرسەکە یەخەی خۆی دەگرێتەوە و وەک سەعید یان دەبێت دەستلەکاربکێشێتەوە یان هەڵنابژێردرێتەوە، کە یەک لە سیناریۆ بەهێزەکانیش چاوەڕێی بکات ڕەنگە هەر ئەوە بێت.

بابەتی پێشتر:
(مەلایانی خودا؛ دووجەمسەرییکردنی دەزگای ئایینی)

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand