"پەسەندکردنی بودجە دوابخرێت تا هەولێرو بەغداد دەگەنە رێککەوتن"
2021-02-08 20:46:21
(درەو):
"پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ لە پەرلەمانی چەند رۆژێک دوابخرێت تا حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەر بودجەو نەوت دەگەنە رێککەوتن" ئەمە رێککەوتنی ئێوارەی ئەمڕۆی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بوو.
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ بە تەلەفۆن لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١وە گفتۆگۆیان کرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، لەو گفتوگۆیەدا سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق رێككەوتون لەسەر ئەوەی پەسەندكردنی پرۆژە بودجەی ٢٠٢١ تا رۆژی شەممەی داهاتوو دابخرێت.
ئامانج لەدواخستی پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ لەلایەن سێ سەرۆکایەتییەکەوە بۆ ئەوەیە، دەرفەتێکی تر بە هەولێر و بەغداد بدرێت، بەر لە پەسەندکردنی بودجە بگەنە رێككەوتن.
(درەو) زانیویەتی، سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق پشتگیری ئەو دەقەی حکومەت دەکەن کە لەبارەی پشکی هەرێمەوە لە رەشنوسی بودجەدا جێگیرکراوە.
دەقەکەی حکومەتی کازمی لە رەشنوسی بودجەدا کە لایەنە شیعەکان دەیانەوێت دەستکاری بکەن دەڵێ"هەرێم مانگانە داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەکان بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە، لەبەرامبەردا پشکی خۆی لەبودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا زامن دەکات"، حکومەتی هەرێم و تەنانەت پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی هیوای کوردستانیش کە دژی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمن، پاڵپشتی لەم دەقە دەکەن، بەڵام هەندێک لەلایەنە شیعەکان داوای رادەستکردنی تەواوەتی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکەن و حکومەتی مەسرور بارزانی ئەمە رەتدەکاتەوە.