نەوتی هەرێم لە دادگاكانی لەندەنو پاریسدا
2021-02-06 12:22:21
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
دووشەممەی ئەم هەفتەیە دادگای لەندەن قسەی خۆی دەكات لەبارەی سكاڵایەكی یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی كە بەهاكەی (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلار لەسەر حكومەتی هەرێم دەكەوێت، مانگی چواری ئەمساڵیش دادگای لەندەن بڕیار لەسەر سكاڵایەكی حكومەتی عێراق دەدات دژی توركیا كە بەهاكەی (26 ملیار) دۆلارەو پەیوەندی بە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمەوە هەیە، ئێستا نەوتی هەرێم هەم لە بەغدادو هەم لە دەرەوە لەبەردەم مەترسی لەدەستدانی سەروەریدایە.
سكاڵایەك لە دادگای لەندەن
رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، دادگای لەندەن جارێكی تر دانیشتنەكانی لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، دانیشتنەكانی ئەمجارە ماوەی (4) رۆژ دەخایەنێت.
ئەو كەیسەی كە دادگای لەندەن لەسەری كۆدەبێتەوە پەیوەندی بە سكاڵایەكی یاساییەوە هەیە كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە شاری سلێمانی بەناوی (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان تۆماری كردووە.
كۆمپانیای (دایناستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركرد. ئەم كۆمپانیایە داوای بڕی (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكاتو دەڵێ بەهۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە زیانی بەركەوتووە.
(داینا ستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانەو سنوردارە لە بواری نەوتو غازدا، رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە:
• بلۆكی نەوتی (K39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەمو ناوچەی جەبارە.
• بلۆكی نەوتی (K44) لە كێڵگەی نەوتو غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار.
كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو.
ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوەو دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان، یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) دەگاتە (2 ملیارو 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆنو 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە رۆژانە دەگاتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێلگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا.
كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیدا كردو پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە.
كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد.
پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) سەرباری ئەوەی پێیانوایە ئاشتی هەورامی یاساو مەرجەكانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت پێشێلكردووە، تۆمەتباریشی دەكەن بەوەی هەڵمەتێكی بەردەوامو نایاسایی ئەنجامداوە بۆ لێدان لەناوبانگی كۆمپانیاكەیانو هەڕەشەكردن لە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (ریسپۆڵ)و (دایناستی)، كە گرێبەستی كڕینو فرۆشتنیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە دواجار گرێبەستی كڕینو فرۆشتنی پشكەكانی هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) راوەستاوەو سەرباری ئەمە ئاشتی هەورامی تۆمەتباركراوە بەوەی داوای "بەرتیل"ی لەو دوو كۆمپانیایە كردووە.
دوای ئەم گرێبەستەو كێشەكانی، ئاشتی هەورامی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر)ی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكە وەرگرتەوەو دای بە هەردوو كۆمپانیای (روزنەفتی) روسیو (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی، بڕیارە لەچەند مانگی داهاتوودا ئەم دوو كۆمپانیایە لەو كێلگانە دەستبەكاربن.
بەگوێرە زانیاییەك كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو حكومەت دەست (درەو) كەوتووە، لە كابینەی پێشوودا، نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەرییەكی كردووە بۆ ئەوەی كۆمپانیای (دایناستی) سكاڵاكەی لەسەر ئاشتی هەورامی بكێشێتەوە لە دادگای لەندەن، بۆ ئەمەش بەڵێنیداوە خزمەتگوزارییەكانی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) بدات بە(دایناستی) كە بەهاكەی بە (نیو ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام (دایناستی) بەم پێشنیازە قایل نەبووەو سكاڵاكەی نەكشاندوەتەوە.
رۆژی 21ی ئابی ساڵی رابردوو، دادگای (ئاربیترەیشن)ی لەندەن لەسەر ئەم كەیسە كۆبووەوە، دانیشتنەكە ماوەی (2 كاتژمێرو 50 خولەك)ی خایاند، ئاشتی هەورامی خۆی بەشداری دانیشتنەكەی نەكرد، لەبری خۆی پارێزەرێكی ناردبوو بەناوی (گراهام دینە).
پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە لە بنەڕەتەوە كۆتایی بە سكاڵاكەی كۆمپانیای (داینا ستی) بهێنێتو لە دادگای لەندەنەوە رەوانەی دادگاكانی ناوخۆی عێراقی بكاتەوە، بەپێیەی نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەنی سەروەری خۆیەتیو ئاشتی هەورامیش وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە خاوەنی پارێزبەندییە، لەم هەوڵەدا سەركەوتوو نەبوو، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو بوون لە یەكەم دانیشتنی دادگادا رێگەیان نەدا تیمی پارێزەرانی كۆمپانیا (داینا ستی) بۆچوونی (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان داخڵی ناو دانیشتنی دادگا بكەن تایبەت بە شایەتیدانی ئەو لەبارەی پۆستەكەی ئاشتی هەورامییەوە.
لەو شایەتیدانەدا بۆ كۆمپانیای (داینا ستی)، یوسف محەمەد باسی لەوەكردووە لە هەرێمی كوردستان پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت هیچ یاسایەكی نییە، بۆیە پاڵپشتییە یاساییەكان لە نمونەی "پارێزبەندی" نایگرێتەوە.
كێشەی گەورەی سەرۆكی دادگا لەگەڵ ناونیشانی ئاشتی هەورامیدا بوو، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە ئاشتی هەورامی ئێستا ئەو پۆستەی هەیە، بۆ سەرۆكی دادگا وەكو پۆستێكی خاوەن پارێزبەندی، قایلەكەر نەبووە، بۆیە سەرۆكی دادگاكە بڕیاریدا لە دانیشتنی داهاتوودا ئەم بابەتە یەكلابكرێتەوە.
دوو شەممەی ئەم هەفتەیە، دۆسیەكە لە دادگای لەندەن بەرەوپێشچونی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەگەر ئاشتی هەورامی لەم كەیسەدا بدۆڕێت، لەدوولاوە زیان بە حكومەتی هەرێم دەگات، لەلایەك دەبێت بڕی (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بۆ كۆمپانیای (دایناستی) بگەڕێنێتەوە، لەلایەكی ترەوە لەبەردەم دادگای لەندەندا، نەوتی هەرێم سەروەری لەدەستدەداتو ئەمەش كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتەكە دەبێت.
نەوتەكە لە دادگای پاریس
لەكاتێكدا لایەنە عێراقییەكان فشاریان هێناوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا وتویەتی:" رۆژی 15ی نیسانی ئەمساڵ، دادگای پاریس بڕیاری كۆتایی خۆی دەدات لەسەر ئەو سكاڵایەی كە عێراق لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە لەسەر توركیا تۆماری كردووە".
سەرباری دادگاكەی لەندەن، دۆسیەی نەوتی هەرێم لە دادگای پاریس سكاڵایەكی یاسایی زۆر گەورەتری لەسەرە كە بەهاكەی (26 ملیار) دۆلارە.
ئەمە سكاڵایەكە كە حكومەتی عێراق لەسەر توركیای تۆماركردووە بەهۆی ئەوەی، بەبێ رەزامەندی بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستان بەناو بۆری عێراقدا دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جیهان.
عێراق لە سكاڵاكەیدا، حكومەتی توركیای تۆمەتبار كردووە بەوەی پێشێلی رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو وڵاتی كردووە، رێككەوتنێك كە سەرەتاكەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1946و دووجار نوێكراوەتەوە كە دواینجاریان لە ساڵی 2010دا بووە كاتێك حسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی عێراق بووە.
ئەم كەیسە یەكلایبونەوەی لە كۆتایدایە، لەسەردەمی كابینەی پێشووی حكومەتی عێراقدا بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، وادەی یەكلابونەوەی كەیسەكە لە دادگای پاریس كۆتایی هات، بەڵام عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەسعود بارزانیو فشارەكانی توركیا، بەلاداخستنی دۆسیەكەی دواخست.
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو كەسانەیە كە ئاگاداری وردەكاریی ئەم دۆسیەیە، "حاجی ئەحمەد" لە 13ی ئایاردا یاداشتێكی ئاڕاستەی هەریەكە لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كردووە.
لەو نوسراوەدا، حاجی ئەحمەد باسی لەوەكردووە، وەفدێكی پەرلەمانتارانی سوننە، لە توركیا چاویان بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای توركیا كەوتووە، یەكێك لەوانە (یاسین ئەقتای) جێگری رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە لەناو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا.
بەگوێرەی یاداشتەكەی حاجی ئەحمەد، وەفدە پەرلەمانییەكەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی توركیا باسیان لە راگرتنی پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، یاسین ئەقتای جێگری ئەردۆغان پێی وتوون، توركیا دەیەوێت لەگەڵ عێراق بگاتە رێككەوتن، ئەگەر عێراق سكاڵاكەی لەسەر توركیا لە دادگای پاریس بكێشێتەوە، ئەوا ئەنكەرە هەناردەی نەوتی هەرێم رادەگرێت.
یەكلابونەوەی سكاڵاكەی عێراق لەسەر توركیا لە دادگای پاریس، سەرباری سزا داراییەكەی، توركیا لەسەر ئاستی جیهانو لەبەرچاوی كۆمپانیا گەورەكان دەخاتە ژێر گومانەوە، بەوپێیەی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوتی پێشێل كردووە، ئەمە ئەو بابەتەیە كە توركیا لێی دەترسێتو رەنگە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ عێراق، حكومەتی هەرێمی تێدا بكات بە قوربانیی.
سكاڵایەكی دادگای بەغدادو تێكساس
حكومەتی عێراق ساڵی 2015 لەدادگای تێكساسی ئەمریكا سكاڵای لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ تۆماركردووەو سكاڵاكەی بردەوە، لە 2012 حكومەتی عێراق سكاڵایەكی تری لەسەر ئاشتی هەورامیو حكومەتی هەرێم تۆماركردووە لەبارەی نایاسایبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە، راگەیاندنی ئەنجامی ئەم كەیسە لەدادگای عێراق بەهۆكاری سیاسی تائێستا راوەستاوە.