Draw Media

بارزانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبێتەوە

بارزانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبێتەوە

2021-02-06 14:56:21


(درەو):
مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ نوری مالیکی و هادی عامری قسەی کردووەو دەیەوێت لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کۆببێتەوە.
سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی فەتح بە (درەو)ی راگەیاند، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ هەریەکە لە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح قسەی کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لەم پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا، بارزانی وتویەتی:" ئەگەر وەکو مەرجەعی بڕیاری سیاسی کورد مامەڵە لەگەڵ من بکەن، لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا دەنگی کورد لەگەڵ ئێوە دەبێت".
لەبەرامبەر ئەم پشتیوانییەدا، بارزانی داوای لە مالیکی و عامری کردووە لە پەرلەمان پاڵپشتی لەوە بکەن هەرێمی کوردستان تەنیا داهاتی (٢٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغداد بکات، وەکو ئەوەی لە رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١دا لەلایەن حکومەتی مستەفا کازمییەوە جێگیرکراوە.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و کاریگەری لەسەر کۆدەنگی کورد، بارزانی بە مالیکی و عامری راگەیاندووە، لەچەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ هاوسەرۆکەکانی یەکێتی کۆدەبێتەوەو کێشەکان لەگەڵ یەکێتی چارەسەر دەکەن و کورد یەکدەنگ دەکەنەوە.
بڕیارە بارزانی لەچەند رۆژی داهاتوودا دوای ماوەیەک لە گرژی و ئاڵۆزی، چاوی بە هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بکەوێت و لەم دیدارەدا هەریەکە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بکەوێت.
ئەگەر ئەم دیدارە روبدات، یەکەمجارە بارزانی بە فەرمی دان بە هاوسەرۆکایەتییەکەی لاهور شێخ جەنگیدا دەنێت و کاریگەری لەسەر پرۆژەکەی یەکێتی دەبێت بۆ مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد، ئەگەر حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و بودجە نەگەیشتنە رێککەوتن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand