Draw Media

نەوتی سەربەخۆ (100 ترلیۆن) دینار زیانی لە هەرێم داوە

نەوتی سەربەخۆ (100 ترلیۆن) دینار زیانی لە هەرێم داوە

2021-02-10 16:14:42


(درەو):
ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا نەوت بەشێوەی سەربەخۆ بفرۆشێت، ئەمە ناوی لێنرا "ئابوری سەربەخۆ"، بەهۆی ئەم بڕیارەوە لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا حكومەت‌و خەڵكی هەرێم زیاتر لە (100 ترلیۆن) دیناری زیانی ئابورییان بەركەوتووە، چۆن ؟
پێش بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، لەچوارچێوەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا مانگانە لە بەغدادەوە (ترلیۆنێك‌و 200 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەهات، لە ساڵی 2013دا، واتە ساڵێك بەرلەوە هەرێم بڕیار لەسەر ئابوری سەربەخۆ بدات، بڕی (15 ترلیۆن‌و 338 ملیار) دینار لەبەغداوە بۆ هەرێم رەوانەكراوە، واتە هەر مانگێكی ئەو ساڵە هەرێمی كوردستان (ترلیۆنێك‌و 278 ملیار) دیناری لە بەغداد وەرگرتووە. 
بەڵام كۆتایی 2013 كاتێك حكومەتی هەرێم بڕیار لەسەر فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ دەدات، بەغداد لە سەرەتاكانی 2014دا ئیتر بەشە بودجەی هەرێم رادەگرێت، ئەوكات حكومەتی هەرێم دەیوت ئاستی هەناردەكردنی نەوت لە مانگێكدا بۆ یەك ملیۆن بەرمیل بەرزدەكاتەوە. 
بەپێی راپۆرتی راپۆرتێكی فەرمانگەی توێژینەوەی پەرلەمانی عێراق، هەرێمی كوردستان لە (2014 بۆ 2019) بەبڕی (40 ملیارو 703 ملیۆن) دۆلار، واتا (47 ترلیۆن و 961 ملیار) دینار، نەوتی فرۆشتووە، بەڵام لەو ماوەیەدا بڕی زیاتر لە (62 ترلیۆن) دیناری پشكی خۆی لەبودجەی عێراق لەدەستداوە، چۆن ؟  
•    لە ساڵی 2014 بۆ 2019 پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق (75 ترلیۆن و 514 ملیار و 843 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام لەو بڕە تەنیا (13 ترلیۆن و 370 ملیارو 533 ملیۆن) دیناری بۆ هاتووەو ( 62 ترلیۆن و 171 ملیارو 310 ملیۆن) دیناری لێبڕدراوە بەهۆی ئەوەی نەوتەكەی رادەستی بەغداد نەكردووە. 
واتا حكومەتی هەرێم لەو پێنج ساڵەدا بەبەهای (47 ترلیۆن) دینار نەوتی فرۆیشتووە، بەڵام (62 ترلیۆن) دینار پشكی خۆی لەدەستداوە لە پرۆژە بودجەی عێراقدا.
ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم پێش پرۆسەی ئابوری سەربەخۆ قەرزدار نەبوو، بەڵام لەدوای راگەیاندنی پرۆسەی ئابوری سەربەخۆوە لە 2014 تا ئێستا 2019 بڕی قەرزەكانی گەیشتە (27 ملیار و 549 ملیۆن و 958 ملیۆن) دۆلار، كە بە پارەی عێراقی دەكاتە (40 ترلیۆن ) دینار، لەو بڕە (8 ملیارو 966 ملیۆن) دۆلاری پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانە كە دەكاتە (13 ترلیۆن) دینار،  واتا سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ ( 40 ترلیۆن ) دینار قەرزی خستوەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم.
لەلایەكی تر بەهۆی مامەڵەی نەوت و گازەوە، حكومەتی هەرێم تائێستا زیاتر لە (2 ترلیۆن و 500 ملیار) دیناری لە ددادگاككاندا بە كۆمپانیاكانی نەوت و گاز دۆڕاندووە: 
•    رۆژی 2ی تەموزی 2015، كۆمپانیای دانەگاز بڕی (ملیارێك و 980 ملیۆن) دۆلاری لە دادگای لەندەن لە حكومەتی هەرێم بردەوە.
•    رۆژی 14ی شوباتی 2017 بۆ جاری دووەم كۆمپانیای دانەگاز لە دادگای لەندەن بڕی (121 ملیۆن) دۆلاری لە حكومەتی هەرێم بردەوە.
كۆی ئەو پارانەی كە حكومەتی هەرێم بە كۆمپانیای دانەگازی دۆڕاندووە دەكاتە (2 ملیارو 101 ملیۆن) دۆلار، ئەم پارەیە ئەوكات بە دیناری عێراقی دەیكردە (2 ترلیۆن و 500 ملیار) دینار.
واتە كۆی زیانی ئابوری كە بەهۆی سیاسەتی نەوتەوە بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، بەهاكەی زیاتر لە (100 ترلیۆن) دینارە، بەمشێوەیە: 
•    (62ترلیۆن) دینار پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتەوە بەغداد بڕیویەتی.
•    2014 بۆ 2019 حكومەتی هەرێم (40 ترلیۆن) دینار قەرزدار بووە.
•    (2 ترلیۆن و 500 ملیار) دینار بەهای ئەو كەیسانەی كە حكومەتی هەرێم لە دادگاكان بە كۆمپانیاكانی نەوت‌و غازی دۆڕاندووە.  

راپۆرتی ڤیدیۆیی 

 

 


 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand