ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی
2021-05-11 10:42:41
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)
ئێراننامە (٤)
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران یان ویلایەتی فەقیه، هەم پۆستێکی داهێنراوی نوێی نێو فیقهی سیاسیی شیعە و ئێرانیشە و هەم خاوەنی فراوانترین دەسەڵاتیشە کە بێ لێپێچینەوە و بێ سنوور و بێ کاتە لە ڕادەستکردنی پۆستەکەدا. پۆستی ڕێبەری باڵا ڕەوایەتی و دەسەڵاتەکانی وابەستەیە بە چەمکی ویلایەتی فەقیهەوە، کە کۆی سیستەم و دیدگای کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەسەر بیناکراوە، لە ئێستادا گرنگترین دەزگای کۆمارە و ستوونی خێمەی دەسەڵاتی سیاسییە.
چەمکناسیی ولایەتی موتڵەقەی فەقیه
ڕاجیاییی زۆر هەیە لەبارەی وردەکاریی و مێژوو و سەرچاوەی دەرکەوتنی وەلی و ویلایەتی فەقیهەوە، بەڵام بەم دەسەڵات و بەمشێوەیە کە ئێستا لە ئێراندا هەیە، داهێنراوی ئایەتوڵا خومەینی و یاوەرانییەتی و تەنانەت زۆر لە مەرجەعەکانی شیعە و شیعەناسان کۆکن کە داهێنراو (بیدعە)یەکی کردەییکراوی ناوبراو بووە.
لە بنچینەدا ولایەت، چەمکێکی عەرەبییە و لە وشەی وەلی-یەوە وەرگیراوە، هەروەک ڕاغیبی ئەسفەهانی ڕوونی کردووەتەوە بە مانای پەیوەستی و نزیکایەتی دێت و پاشتر ئەم چەمکە مانای ئاینی و سیاسی دیکەی پێوەپێچراوە. لە لسانوعەرەبیشدا بە مانای شتێکە کەبەدووی شتێکی دیکەوەیە کە نێوانی تێنەکەوێت و نزیکی یەک بن. فۆرمی وشەکەش (لەگۆڕینی فەتح و کەسرەکانیدا) بەمانای دیکەی وەک یار، خۆشەویستی، دۆستی، سەرکەوتن، سوڵتان، شوێنکەوتن و پێڕەوی و سەرپەرشتیاری هاتووە. بەڵام لە نێو فیقهی سیاسیی شیعەدا بەمانای سەرپەرشتیاری تەواوەتی دێت، کە لەخۆگری ڕەهەندەکانی شەریعەت و بەڕێوەبردن و جێبەجێکاری شەرعی ئیسلام و ئەحکامەکانییەتی. ئەڵبەت لە لای شیعەی سیاسیی ئێران بەتایبەتی، چەمکەکە پاشگری موتڵەق-ڕەهای پێوەیە و دەبێتە ولایەتی موتڵەقەی فەقیه کە هەم بەڕێوەبردن و هەم ڕێکخستنیش دەگرێتە خۆی و دەیکاتە باڵاترین و دەستێوەردەرترین لە وردودرشتی کاروباری هەر تاکێکی شیعەی دوانزەئیمامی و لە ئێستادا بەهۆی دەستووریشەوە ڕەهەندی یاساییشی وەرگرتووە و هەموو ئێرانییەک گەر شیعەش نەبێت لەژێر دەسەڵاتەکانی ئەم پۆستەدایە.
موتڵەق بوونی ولایەت لە فیقهی مەزهەبی و سیاسیی شیعەدا ئەرکی ڕوونکردنەوە و جێبەجێکاری ئەحکامی ئیسلامی، یەکلاکردنەوەی حوکمە پێکداچوو و ناڕوونەکان و جێگە خیلافەکانە.
لەسەر ئاستی مەرجەعیەت و دەسەڵاتەکانی ولایەتی فەقیهیش، لە دنیای شیعەدا سێ جۆری هەیە: ولایەتی گشتی(عامە-مطلقە)، نێوەند (وسطی)و تایبەتمەند(خاصە)یە، کە مەرجەعی شیعەکانی جیهان ئێرانی لێدەرچێت زۆربەیان هاوشێوەی دووەم و سێیەمن، بەڵام لە ئێراندا ولایەی عامە پیادە دەکرێت کە وردودرشتی کاروبار لەخۆ دەگرێت و دەتوانێت دەست وەربداتە شێواز و جۆر و چۆنێتی ئەرک و مافەکانیان. چونکە لە ویلایەتەکانی تایبەتەمەند و نێوەندیدا، مەرجەع یان لە کولیات و عەقیدە و بنەما دینییەکاندا وەلی موسڵمانانە یاخود کەمێک زیاتر دەچێت و لە دادگاکانیشدا دیسان هەر وەلی و مەرجەعی شیعەکانە وەک ئەوەی لە نەجەف و عێراقدا بە گشتی هەیە، بەڵام لە ئێراندا ولایەی گشتی-عامەیە و سەرتاپا لە خۆدەگرێت نەک هەر ئەوەش بە وتەی خومەینی دەبێت لە سەرەوەی هەرەمی سیاسییشدا بێت و جێبەجێکاریشی بێت.
لەدیدی شیعەی سیاسیی حاکمی ئێرانەوە: هەرچی چەمکی فەقیهیشە(شارەزای ئاینی)، بەمانای موجتەهیدێک دێت کە کۆکەرەوەی سێ ڕەگەز بێت: ئیجتیهادی موتڵەق، عەدالەتی موتڵەق، توانای بەڕێوەبردن و ئامادەگیی ڕێبەری تێدا بێت.
سەرەتاکانی چەسپاندن و یاساییکردنی ویلایەتی لەئێراندا
ئێرانییەکان پاش شۆڕش، چاوەڕوانی دامەزراندنی ئەنجومەنی دامەزرێنەران بوو تا دەستووری هەمیشەیی وڵات بەشێوەیەکی گونجاو بۆ قۆناغی پاش شۆڕش دابڕێژن، بەڵام لە جیاتی ئەم ئەنجوومەنە، ئەنجوومەنی شارەزایان(خبرگان) دامەزرا، ئەنجوومەنەکە زۆر زوو دەستی کردە بانگەشە بۆ چەسپاندنی سیستەمی ئیسلامی شیعی و پاشتریش ویلایەتی فەقیه، بەڵام بە قۆناغبەندی و سەرەتا بە حەزەرەوە تا گەیشتە ئەوەی "هەرکەس دژی بێت دوژمنە" گەیشت. پیاوانی مەزهەبی سەرەتای بانگەشەکەیان بەوە دەستی پێکرد کە هێرشێکی تووندیان کردە سەر ئەو کەسانەی کە دژی ئاخوندەکان دەجوڵانەوە کە تۆمەتباریان دەکردن بە قەتیسکردنی دەسەڵات لەدەستی خۆیاندا، گەرچی تۆمەتەکە لە دواجاردا واقیع بوو نەک تۆمەت، بەڵام ئاخوندەکان ئەوەیان ڕەتکردەوە و شەقامییان پاککردەوە لەو کەسانەی ڕەخنەیان لە دەسەڵاتی دینی دەگرت. پاشان تووند و زبر پەلاماری ئەو کەسانەیان دا کە داوای جیاکردنەوەی دین و سیاسەتیان دەکرد. لەسەرووی هەموویانەوە ئایەتوڵاخومەینی تەنانەت پێش پەسەندکردنی دەستووریش، نەیشاردەوە کە کەسانێک لەگەڵ جیاکردنەوەی ئیسلام و سیاسەت، جیایی سیاسەت و پیاوانی ئاینین، یاخود لایەنگری ئیسلامێکن بەبێ پیاوی ئاینی و ئازادیی ڕەها "لەدەرەوەی سنووری ئیسلامەوەن، خائینن". تەنانەت کەسایەتیە موسڵمانە مەزهەبییەکانیش کە خوازیاری "کۆمارێکی دیموکراتی ئیسلامی" بوون (وەک مەهدی بازرگان) خستنیە ڕیزی دوژمنانی شۆڕشەوە، لەکاتێکدا بازرگان خۆی یەکەم سەرۆکوەزیری شۆڕش بوو! خومەینی و یاوەرانی وردەوردە جادەیان تەخت دەکرد تا دەستورێکی ئیسلامی لەڕێگەی چەسپاندنی ویلایەتی فەقیهەوە بسەپێن، ئەو لە کۆبوونەوە و دیدارەکانیدا داوای دەستوورێکی ئیسلامی بۆ وڵات دەکرد. هەربۆیە شارەزایانی بیانی و ئەزموونی وڵاتانی بۆ داڕشتنی دەستووری بە پێویست نەدەزانی و لە بەیانێکیدا ڕوونی کردەوە کە "ڕۆحانییە ڕەسەن و ئیسلامناسەکان!" و هەندێ کەسایەتی ئاشنا بە ئیسلام بەسن بۆ ئەم ئەرکە. بەمەش ئەندازە و چوارچێوەی ئەندامێتی بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان داڕشت و تایبەتمەندێتی ئەندامەکانی دیاری کرد کە دەبێت پیاوانی ئاینی شیعە بن. هەربۆیە ئایەتوڵا گولپایەگانی ڕاشکاوانە وتی گەر حکومەتێکی پشتبەستوو بە سیستەمی ئیمامەت و ویلایەتی فەقیه لە دەستووردا ڕۆشن نەکرێتەوە دەوڵەتێک "لەسەر بنەمای ستەم و ستەمکاری دادەمەزرێت"، هەر واش دەرچوو، ئەڵبەت بە ئیزافەکردنی بەشی دووەمی قسەکەی گولپایەگانیشەوە کە هەم ئیسلامی دەرچوو هەم حکومەتێکی جیاکار و پڕلە ستەم و تەمیزی مەزهەبی و نەتەوەیی.
پاش ڕیفراندۆمی ساڵی ١٩٧٩و بە ئیسلامیزەکردنی دەسەڵات، بە پەیجووری و هەنگاو و ڕێنماییەکانی خومەینی، دەستکرا بە ئامادەکردنی پرۆژەی دەستووری ئێران، ئەنجومەنی شارەزایان بۆ ئەم ئەرکە دەستییان بە کارەکانیان کرد، کە لە پیاوانی ئاینی پێکدەهات و تەنانەت وابەستەیی خۆشی بە شورای شۆڕشەوە کە پاش شۆڕشی١٩٧٩ دروست ببوو، ڕەتکردەوە و نەچووە ژێرباری. سەرەتا بەهۆی ڕەخنەی زۆرەوە هیچ مادەیەک سەبارەت بە ویلایەتی فەقیهی و ڕێبەری دانەنرا بوو، بەڵام پاش ڕوونبوونەوەی هەڵوێستی تەبا و نەیارانی، سەرئەنجام لە لە ٢١/٦/١٣٥٨دا بەندی پێنجەمی دەستوور ئیزافەکرا، کە تایبەتە بە ویلایەتی فەقیه و پایەکەی لە سیستەمی سیاسییدا و ئەنجوومەنی شارەزایانیش پەسەندیان کرد. پاشتریش وەک دەستوور جێگیر کرا.(ناکۆکی و هەڵوێستی ناڕازییان کە کەم نەبوون لەو دەمەدا لێرەدا باسیان ناکەین چونکە لەدەرەوەی باسەکەی ئێمەیە و ئاوی زۆریش دەکێشێت).
بەڵام لە دیدی خومەیندا، هەموو فوقەها و موجتەهیدەکان لە سەردەمی غەیبەتدا (ونبوونی مەهدی تا دەرکەوتنەوەدا) لەلایەن "ئیمامە مەعسومەکانەوە" ڕاسپێردراون کە ئەرکی ولایەت بەڕێ بکەن، ئەگەر یەکێک لەو موجتەهیدانە دەوڵەتی پێکهێنا و خەڵک ئەویان پەسەندکرد، ویلایەتەکەی ئەو زیاتر لەوانی دیکە (کە لەچوارچێوەی ئەرکی مەزهەبیدا کاردەکەن) لە بالقوەوە دەبێتە بالفعل، ئەوکات دەتوانێت لە هەموو ئەو کاروبارانەدا کە ئیمامی مەعسووم دەسەڵاتی تێیاندا هەیە، ئەویش دەسەڵاتەکانی وی بەکاربەرێت تەنها هەندێ لەو کاروبارە تایبەتانە نەبێت کە تایبەتە ئیمامەتی ئیمامەکەوە. بە مانایەکی دیکە مادام لە ئێراندا موجتەهیدە ئاینییەکان توانیوویانە دەوڵەتێک لە میانەی شۆڕشەوە پێکبهێنن پلەیان لەسەرجەم موجتەهیدەکانی دیکە بەرزترە و نوێنەری ئیمام مەهدین و دەسەڵاتەکانی ئەو پیادە دەکەن تا زەمانی دەرکەوتنی، ئەودەم دەسەڵاتەکان دەسپێرنە ئەو (باوەڕیشیان وایە مەهدی پەیوەندی بە خوداوەندەوە هەیە و لەویشەوە بۆ مەرجەع و وەلی فەقیه).
خومەینی تیۆریای خۆی لە ویلایەتی فەقیهدا بەمشێوەیە بەڵگاندنی بۆ دەکرد و چەسپاندیشی: دەوڵەت لقێکە لە ویلایەتی ڕەهای پێغەمبەر(د)، دەوڵەت لە حوکمە سەرەتاییەکانی ئیسلامە، دەوڵەت لە گرنگترینی حوکمە ئیلاهییەکانە، پێشەنگی بۆ حوکمی ڕێبەرایەتی و وەلییە پێش هەر حوکمێکی دیکەیە.
مەرج و دەسەڵاتەکانی ڕێبەری باڵا
ڕێبەری باڵا لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا، باڵاترین دەسەڵاتی فەرمییە، باسکرا کە سەرچاوەی دەسەڵاتەکانی لە تیۆرەی ویلایەتی فەقیهەوە سەرچاوەیان گرتووە. هەروەک لە مادەی(٥)ی دەستووردا هاتووە: لە زەمانی غیابی وەلی عەسردا (مەهدی)، لە ئێراندا ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتی میللەت لەئەستۆی شارەزایەکی دادوەر و پارێزکار(لەڕووی ئاینییەوە)، ئاگادار بە سەردەم، بوێر، بەڕێوەبەر و کاربەڕێکەرە، کە بەپێی ماددەی ٨ی دەستوور ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت.(بەندی٥)
بەمشێوەیە ڕێبەری باڵا دەسەڵاتەکانی دەستووری کراون و ئەرکی دیاریکردنی ئەو کەسەش بۆ ڕێبەری، لە ئەستۆی ئەنجوومەنی شارەزایانە، کە دیسان ئەوانیش لە پیاوانی شارەزای مەزهەبی شیعە پێکهاتوون و ڕێبەر دەسەڵاتی ڕەها وەردەگرێت.(مادەی١٠٧)
مەرج و تایبەتمەندییەکانی ڕێبەریش لە بەندی ١٠٩دا هاتووە: توانای زانستی پێویستی بۆ فەتوای هەبێت لە بوارە جیاوازەکانی فیقهی ئیسلامیدا، ٢ عەدالەت و تەقوای پێویست بۆ ڕێبەریکردنی ئومەتی ئیسلام، دیدگایەکی دروستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرێتی، بوێری و توانای پێویست بۆ ڕێبەری.(مادەی١٠٩)
بەپێی بەندی ١٥٧ی دەستووریش هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردن لەژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهدان.
دەسەڵاتەکانی ڕێبەر:
١. دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.٢. چاودێری بەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکانەوە.٣. دەرکردنی بڕیاری ڕاپرسی. ٤. فەرماندەی باڵای هەموو هێزە چەکدارەکان. ٥. ڕاگەیاندنی جەنگ و ئاشتی و ئامادەسازیی هێزەکان. ٦. دانان و لادان و قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی: ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان، سەرۆکی دەزگای میدیایی وڵات، سەرۆکی دەستە هاوبەشەکان، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدار و پۆلیسییەکان. ٧.چارەسەری ناکۆکی نێوان دەسەڵاتەکان. ٨.چارەسەری ئەو کێشانەی کە بەڕێگەی ئاسایی چارەسەر ناکرێن، لە ڕیگەی کۆڕبەندی باڵای دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمەوە چارەیان دەکات. ٩. متمانەدان و واژوکردنی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆمار پاش هەڵبژاردنی. ١٠.لادانی سەرۆککۆمار، ١١. لێبووردنی تاوانباران بەپێی بنەما ئیسلامییەکان. هەروەها ڕێبەر دەتوانێت هەندێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی ببەخشێتە کەسانی دیکە. سەرچاوەی دارایشی دەتوانێت سوود لە پێنجیەکی(خمس) وەربگرێت کە لە موسڵمانانی شیعەمەزهەب وەردەگیرێت.
بۆ ڕێبەر نەژاد و شوناسی نیشتمانی گرنگ نییە و مەرج نییە ئێرانی بێت، هەروەها یەکجار و تا مردن لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانەوە دیاری دەکرێت، بەڵام ماوە و خولی نییە و لەیەک حاڵەتدا پۆست ڕادەست دەکات ئەویش بە مردن یاخود بە دەرکەوتنی مەهدی ئەوکات ڕادەستی ئەوی دەکات، لە هەندێک حاڵەتی تایبەتیشدا باس لە لەکارخستن یان لادانی کراوە، مادەی ١١١ حاڵەتەکانی لادانی ڕێبەری بەستووەتەوە بەوەوە کە ئەگەر ڕێبەر یەکێک لە لێهاتووییەکانی ماددەکانی ٥ و ١٠٩ی لەدەست دا، یاخود پاشتر دەرکەوت کە هەندێ بڕگەی پێویستی لە بنچینەدا نەبووە، ئەوا لە پۆستەکەی لادەدرێت. یەکلاکردنەوەی ئەم پرسەش بە گوێرەی ماددەی ١٠٨ دەبێت و لە ئەستۆی ئەنجوومەنی شارەزایان دەبێت. لە حاڵەتی مردن یاخود دەستلەکارکێشانەوە یان لادانی، ئەنجوومەنی شارەزایان ئەرکیانە لە نزیکترین کاتدا ڕێکارەکانی دەستنیشانکردنی ڕێبەری نوێ بگرنەبەر. تا ئەوکاتەی ڕێبەریش دیاریی دەکرێت شورایەک (دەستەیەکی سێ کەسی) هەموو دەسەڵاتەکانی ڕێبەر مومارەسە دەکەن، کە لە هەریەک لە سەرکۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان کە لەلایەن کۆڕبەندی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمەوە دیاریی دەکرێت، پێکدێت. بەڵام ئەم شورایە سەبارەت بە بەکارهێنانی دەسەڵات و کارەکانی ماددەکانی ١،٣،٥،١٠ و بڕگەکانی (د،ه، و و-ی ماددەی خاڵی ٦ی ماددەی ١١٠ی دەستور، دەبێت سێ لەسەرچواری دەنگی ئەندامانی کۆڕبەندی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم بەدەست بهێنێت.
هەرکاتێکیش ڕێبەر بەهۆی نەخۆشی یان ڕووداوێکەوە، نەیتوانی کارەکانی ئەنجام بدات، دیسانەوە بە شێوەی کاتی لەو ماوەیەدا ئەو شورایەی ئاماژەی پێدرا، ئەرکەکانی وەئەستۆ دەگرێت.
دەزگاکانی وابەستە بە ڕێبەری باڵاوە
چەندین دەزگای گرنگ و هەستیار و بڕیاربەدەست لەژێر هەژموون و فەرمانی ڕێبەردان و لەڕیگەی ئەوەوە بەرپرسەکانی دیاریی دەکرێن، جیا لەوانەش دەزگای هەواڵگریی تایبەت بە خۆی هەیە و جیایە لە وەزارەتی ئیتڵاعات و هەروەها مەکتەبی بانگەوازی باڵای هەیە کە دەسەڵاتێکی ئاینی فراوانی هەیە و سەرجەم وتاربێژەکانی هەینیانی سەرانسەری وڵات نوێنەرایەتی ڕێبەر دەکەن.
لەمانەش زیاتر چەندین دامەزراوەی دەوڵەتی هەیە کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی ڕێبەردان، لەوانە: کۆڕبەندی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم(دەبێت بڕیارەکانی پەسەندکراوی ڕێبەر بن و حکومی یاساییان هەیە)، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی(پیویستە بڕیارەکانی پەسەندکراوی ڕێبەر بن)، سەرۆکی دەسەڵاتی دادەوەری و شورای پاسەوانیش دیسانەوە ڕاستەوخۆ لەژێر ڕکێفیدان.
هەروەها دەزگاکانی میدیایی دەنگی و ڕەنگیی نیشتمانی(صدا و سیما)ی سەرانسەری وڵات لەژێر دەسەڵاتیدان و سەرۆکی دەزگاکەش دیارییکراوی ڕێبەرە. جیا لەمانەش فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکان لەدەزگای بەرگریی و سەربازیدا هەر ڕێبەر دیارییان دەکات.
بەمشێوەیە دەردەکەوێت کە ڕێبەری باڵای کۆمار و دەزگاکەی(بەیتی ڕیبەری) چەندین دەسەڵاتی فروان و ڕەهای لەدەستدا کۆبووەتەوە، لەوانەش: دەسەڵاتێکی ئاینی فراوان و پەیوەست بە ئیمامانی مەعسوم و مەهدییەوە (وەک مافێکی خوایی)، دەسەڵاتێکی فراوانی دەستووری و یاسایی(سیاسی و دنیایی)، بێسنووریی لەڕووی کاتەوە بۆ مانەوەی لەدەسەڵات(ڕەهایی ماوەی حوکمکردن)، دەستکراوەیی لە بەکارهێنانی سەرچاوەی دارایی و دەزگا دەوڵەتییەکان بۆ ئەجێندای خۆیی و ئامانجەکانی، لەسەروو ئەمانەشەوە دەسەڵاتێکی سەروو ئێرانی هەیە، هەم لە شوناسی نەژادی کە مەرج نییە ئێرانی بێت و هەم هەق دان بە ڕێبەر کە ڕێبەری ئومەتی ئیسلامییە نەک ئێرانی، هەر ئەمەش وای کردووە کە ڕێگری و بەرەنگاربوونەوە و ڕەخنەلێگرتنی جۆرێک لە تابۆ و قەدەغەکراوە و بکەری ئەو کارەش هەم لێپێچینەوەی یاسایی بەدوای خۆیدا دێنێت هەم دەکەوێتە بەر هەژموونی هەڕەشەی چەندین دەزگا و دامەزراوەی دەوڵەتی و ئایینیەوە و بەلادەری دینی و نیشتمانیش لەقەڵەم دەدرێت، بۆیە لە خۆڕا نییە ئەوانەی لەناوخۆی ئێراندان و لە پرۆسەی سیاسییدان بە ڕیفۆرمیست و توندئاژۆوە، سەرجەم ڕەخنە و هێرشەکانیان لەخوار ڕێبەرەوەن و هیچکات تیری ڕەخنەکانیان ڕووناکەنە ئەو، گەر بیانەوێت لە نێو پرۆسەی سیاسییدا بمێننەوە.
ئێراننامە : زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو.
ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا
ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی