سیستەمی داوەریی و پیشەسازی تەزویرکردنی واقیع لە هەرێمی کوردستاندا

Draw Media

2021-05-10 11:28:03



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 

ھەم لەناو کایەی سیاسیی و ھەم لەناو بەشێکی گەورەی کایەی میدیای ئاراستەکراو و دیسپلینکراوی ھەرێمدا ناکۆکییەکی گەورە و ترسناک ئامادەیە لە نێوان ئەوەی واقیعە و ڕوودەدات، لەگەڵ ئەوەدا کە باسدەکرێت و دەگێڕدرێتەوە، لە نێوان ئەوەدا کە ھەقیقەتە و بەرچاوە، لەگەڵ ئەوەدا کە لەسەر ئەو ھەقیقەتە بەرچاوانە، دەگوترێت. پرۆسەیەکی بەرفراوان و ھەمەلایەنی تەزویرکردنی واقیع لە ئارادایە و ئەوەی دروستدەکرێت تەواو ناکۆکە بەوەی نمایشدەکرێت. لۆژیکی ئەم ناکۆکییەش دوو ڕەگەزی سەرەکیی ئاراستەیدەکات. یەکەمیان درۆکردنێکی بەردەوام و نمایشکردنی ئەو درۆیانەیە وەک ڕاستیی. دووھەمیان شاردنەوە و وونکردنی ئەو ھەقیقەتانەیە کە ئەو واقیعە بەرھەمیاندەھێنێت. ھەردوو ڕەگەزەکەش دوو کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو پرۆسە بەرفراوانەی تەزویرکردنی واقیعن لە ھەرێمدا. بۆیە ئەوەی دەگوترێت و بڵاودکرێتەوە، ئەوەی دەبێتە گوتاری حوکمڕانان و میدیاکانیان، نەک بە ھیچ جۆرێک نامانبەنەوە ناو واقیع و ئەو ژینگەیەی دروستکراوە، بەڵکو ئیشی سەرەکییان ئەوەیە، ئەوەی کە بووە بە واقیع دابپۆشن و کێشەکانی بشارنەوە و نەھێڵن ھەقیقەتە تاڵەکانی ئەو ژینگە دروستکراوە، دەربکەوێت. بەم جۆرە بەشی ھەرە زۆری ئەوەی لەناو کایەی سیاسیی و کایەی میدیادا دەگوترێت، بریتییە لە ڕستێکی درێژ لە درۆ و بوختان و ئەفسانەسازیی بەردەوام و بەشێکی گەورەی تواناکانی ھەرێمش لەم بوارەدا سەرفدەکرێت. ئەوەی لە ئێستادا ھەرێمی پێدەناسرێتەوە تێوەگلانی بەشی ھەرە زۆری دەزگاکانی حوکمڕانییە لەم ستراتیژییەتی درۆکردن و شاردنەوە و بزرکردنەدا. لەمەشدا تەنھا میدیا و کایەی سیاسیی ئەنجامدەری ئەم ستراتیژەی ونکرن و شاردنەوەیە نین، بەڵکو بەشی ھەرەزۆری دەزگاکانی حوکمڕانیی لەم یارییە ترسناک و ناشیرینەدا بەشدارن، بە سیستەمی داوەریی خۆشیەوە لە ھەڵقە بنەڕەتیی و سەرەکییەکانیدا. 

ئەم پرۆسە بەرفراوانەی تەزویرکردنی واقیع دۆخێکی دروستکردوە تیایدا مەسافەیەکی مانادار لە نێوان دەزگا سەرەکییەکانی سیستەمی داوەریی لەگەڵ مقەڕ و ناوچە و مەڵبەندە حیزبییەکاندا، نەمێنێتەوە. ئەم دۆخەش بەڕادەیەکە نە دەسەڵاتدارانی ھەرێم و نە خودی داوەرەکان خۆشیان ناتوانن بیسڕنەوە. لەم چەند ساڵەی دواییدا کار گەیشتوە بەوەی داوەرەکان سڵ لەوە نەکەنەوە ببن بە برغویەکی ناو ماشێنە گەورەکەی حیزب و لەزۆر بۆنەدا وەک ئەندام و ھەوادارێکی حەماسەسازی حیزبی دەربکەون. ئێمە بە چاوی خۆمان وێنەی چەندان داوەرمان لە كەمپینی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بۆ ساڵی ٢٠١٨ لەیاریگاکەی هەولێردا بینی، ئەوانیش وەک ھەر ئەندامێکی تری پارتی لەو کەمپینەدا بەشداربوون. داوەری ترمان بینی بە بەرچاوی ھەمووانەوە سەردانی لێپرسراوی حزبیان دەکرد بۆ پیرۆزبایی لێکردن بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی تازەوە. ئەمانە لەپاڵ ئەو ڕاستییە سادەیەدا کە دانانی داوەران و بەخشینی پێگەکان پێیان، موچە و ئیمتیازەکانیان دیسانەوە کردەیەکی تەواو بەحیزبیکراوە، لابردن و لانەبردن و نەقڵکردن و ھێشتنەوە و تەنەنات خانەنشینکردن و نەکردنیان ھەر بە دەستی حیزبە. ئەم دۆخە وایکردوە مەسافەیەک لە نێوان سەرە گەورە و مامناوەندییەکانی بنەماڵە سیاسییەکان و بەرپرسە حیزبەکان و سیستەمی داوەرییدا، نەمێنێتەوە. بە ڕادەیەک وەکچۆن ھەر یەکێک لە خێزانە سوڵتانییەکانی ھەرێم و ھەر سەرێک لە سەرە گەورەکانی ناو ئەو خێزانانە، کە ھاوکات سەرە گەورەکانی ناو سیستەمە حوکمڕانییەکەشن، میدیای تایبەت و یەکەی سەربازیی تایبەت و پرۆژەی ئابوریی تایبەتیان ھەبێت، بە ھەمانشێوەش پشکی تایبەتیان لەناو سیستەمی داوەرییدا ھەبێت. ھەر کەسێک بە سەفەرێکی چەندڕۆژە ڕێی کەوتبێتە ھەرێمەوە ئەم ڕاستییە سادانە دەزانێت، چ جای خەڵکی ھەرێمەکە خۆیان و ئەو وڵاتانەی لە ھەرێمدا قونسوڵیەت و ئۆفیسی تایبەتیان ھەیە و چ جای ئەو ئۆرگانە نێودەوڵەتییانەش کە لە دەیان کەناڵی جیاوازەوە توانای کۆکردنەوەی زانیارییان لەسەر ھەرێمەکە ھەیە. لە دۆخێکی لەم بابەتەدا ھیچ لەوە کۆمیدیتر نییە بە دەنگی بەرز ھاوار بکەیت و بقیژێنیت: ”داگا سەروەرە و نابێت لە دەستبخرێتە کاروبار و بڕیارەکانییەوە“. ئەم پرنسیپە گرنگە، پرنسیپی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان، کە یەکێکە لە پرنسیپە ھەرە بنەڕەتییەکانی سیستەم و دونیابینییەکی لیبراڵ، شتێکە لە بنەڕەتەوە ڕێی نەکەوتۆتە ناو سیستەمی حوکمڕانییە سوڵتانییە دەسەڵاتگەرە خێزانیی و شەخسییەکەی ھەرێمەوە. بنەماڵە سوڵتانییەکان و بازنە داخراوەکەی دەوروبەریان نەک تەنھا دەزگاکانی حوکمڕانیی و دادگا و داوەرەکان بە موڵکی شەخسی خۆیان دەزانن، بەڵکو خودی وڵاتەکە خۆی و سامانی ژێرزەویی و سەرزەویی و سەرجەمی دانیشتوانەکەشی، بە موڵکی خێزانیی و بنەماڵەیی خۆیان دەزانن. بۆیە کۆمیدیای باسکردنی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان، کە ساڵانە چەند جارێک لە چەند دۆخێکی پڕ لە ئیحراجییدا باسدەکرێت، جگە لە ھێنانە پێکەنینی ئەوانەی گوێیان لێدەبێت، ھیچ ئەنجامێکی تری نییە و نابێت. دەسەڵاتدارانی ھەرێم  ڕێک لەو ساتانەدا کە نایانەوێت ھیچ لێپرسینەوەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییان بەرامبەر بەو کارانەی ئەنجامیانداوە و بەرامبەر بەو بڕیارانەش کە دادگاکان بە قازانجی ئەوان داویانە، دروستببێت، دەکەونە باسکردنی ئەم سەربەخۆبوونە گریمانکراوەی سیستەمی داوەریی لە ھەرێمدا. لە کاتێکدا بۆ ھەمووان ئاشکرایە بڕیاری دادگاکان بڕیاری حیزبین و ئیرادە و خواست و سایکۆلۆژیای سەرە گەورەکانی ناو سیستەمە حوکمڕانییەکەیان، لەپشتەوەیە. لەو ساتانەدا گوتاری ئیعلامیی و سیاسیی حوکمڕانان، لە ناو حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانی تریاندا، دەبێت بە گوتاری بەرگریکردنی لە ”سەروەری یاسا“ و ”سەربەخۆیی دادگاکان“. ئەو ستراتیژەییەتەش کە ئەم گوتارە ھەڵگریەتی ستراتیژییەتی شاردنەوەی تێپەڕاندنی بڕیارە شەخسیی و حیزبیەکانە، بەناوی بڕیاری سەربەخۆ و بێلایەنی دادگاکانەوە. 


لەناو ئەم جۆرە سیستەمانەدا سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانی سەربەخۆ یەکێکە لە فۆرمە ھەرە دووبارە و سەدبارەبووەکانی سزادان. و دادگاکان یەکێکن لەو دەزگا سەرەکییانەی بەھۆیەوە ئەم فۆرمانە لە حوکمڕانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن. سزای ئەم گروپانەی بێدەنگ نابن و قسەدەکەن، یان بە جۆرێک دەجوڵێنەوە لەگەڵ چاوەڕوانیی حوکمڕانەکاندا نەگونجێت. ئەم کردەی سزادانانەش بەشێوازی جیاواز ئەنجامدراون کە دەشێت لێرەدا دوو شێوەی سەرەکییان لەیەکتری جیابکەینەوە. یەکەمیان سزادان لە ڕێگای یاسا و سیستەمی داوەرییەوە کە زۆرجار ئاکاری شانۆگەرییەکی خراپ و بێزراو لەخۆ دەگرێت، تیایدا تۆمەت و تاوانی ھەمەجۆر بۆ رۆژنامەنووس و کەسانی خاوەن فیکر و قەڵەمی ئازاد دادەتاشرێت و ھەر لەسەر ئەو تاوان و تۆمەتە داتاشراوانەش زیندان دەکرێن. دووهەمشیان لەڕێگای پەلاماردان و لێدان و ڕفراندن و ڕاونانەوە، تا بە تیرۆری جەستەیی دەگات. لە یەکەمیاندا دادگاکان بکەری سەرەکین. و لە دوھەمیاندا بەڵتەجیی و پیاوکوژەکانی حیزب. زۆرجار لە دۆخی کوشتنەکانیشدا دیسانەوە شانۆگەرییەکی بێزراوی تر دروستدەکەن، پاڵەوانی شانۆکان لەم دۆخانەدا ئەو لیژنانەن کە گوایە بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕاستییەکان دروستدەکرێن، لە کاتێکدا مەبەستە سەرەکییەکەیان شاردانەوەی خودی تاوان و تاوانبارە ڕاستەقینەکانە. 

لە ئێستادا کە درۆکانی ھەرێم بۆ ھەمووان، بە تایبەتی بۆ دونیای دەرەوە بەتەواوی ئاشکرا بووە، چارەسەر ئەوە نییە درێژە بەم پیشەسازیی درۆکردن و شاردنەوەیە بدرێت، چیتر ھیچ کەسێک بەو بەیاننامە و ھەوڵدانە کۆمیدییە سەرەتاییانەی ونکردن و شاردنەوانە قایل نابێت. ئەوەی پێویستە داننانە بەو واقیعە تاڵەدا و ناونانی شتەکانی ناویەتی بە ناوە ڕاستەقینەکانی خۆیان. کۆتاییھێنانە بەو پرۆسە بەردەوام و ھەمەلایەنەی تەزویرکردنی واقیع کە ھەرجارە و کۆمیدیایەکی نوێ، بەڵام تاڵ و ڕەش بەرھەمدەھێنێت. تەزویرکردن ناتونێت تا سەر سیاسەتی دروستکردنی واقیع و ئیدارەدانی ئەو واقیعە بێت. ئەوەی پێویستە چونەدەرەوەی ئەم دۆخی تەزویرکارییە و بینینی واقیعە لە فۆرمە ڕاستەقینەکەی خۆیدا. 


گەر جاران ناڕەزایەتییەکان رەهەندێکی ناوخۆییان هەبووبێت، ئەمجارەیان بۆ یەکەمیجار رەهەندێکی نێونەتەوەیی ترسناکیان وەرگرتوە. بۆ یەکەمین جارە چوار دەوڵەت لەیەک کاتدا بەیاننامەی ناڕەزایەتیی دژ سیاسەت و ھەڵسوکەوتەکانی حکومەتی هەرێم دەربکەن، ئەمریکا و ئەڵمانیاو کەنەدا و فەرەنسا. یەكەمجارە حکومەتی هەولێر بەم قەبارە و گەورەییە بکەوێتە ژێر فشاری وڵاتانی خۆرئاواوە. ئەمەش تەنھا یەک مانای ھەیە: دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخەکە و پرۆسەی تەزویکردنە بەرفراوانەکەی واقیع باشدەناسن. هێزە هاوپەیمانەکان هەم دۆخی پێشمەرگە و هەم دۆخی داوەریی و هەم دۆخی ئازادیی و ھەم دۆخی میدیا و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان باش دەناسن. 

ئەو دەوڵەتانە ئەو راستییە باش دەزانن کە حوکمڕانێتی کوردیی کۆپییەکی زۆر خراپ و کۆمیدیی ئەزموونی قەیسەرەکەی روسیا و سوڵتانەکەی تورکیا و دەسەڵاتە خێزانییە وێرانەکانی بەشە دواکەوتوەکانی تری جیھانە. حكومەتەکەی مەسرور بارزانی هەرێمی کوردستانی بە کردەوە گۆڕیوە بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەری روسیای پوتین و تورکیای ئەردۆگان، کە ئەمریکا و خۆرئاوا بە مەترسیی بۆسەر ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان دەزانن. جیاوازییە کۆمیدییەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان خۆی لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتە ئەوروپییەکانەوە دەپارێزرێت و مەشقی سەربازیی بە ھێزە چەکدارەلانی دەکرێت. لەم ئاستەشدا ئەوەی ڕوودەدات و ئەنجامدەدرێت کۆپییەکی بیمار و تەزویرکراوی ھەندێک ئەزموونی سیاسیی ترە، کە ھەرێمی کوردستان ناتوانێت بچێتە ناو ھیچ یەکێک لە ھاوکێشەکانییەوە. 

 

بابەتی پێشتر

بابەتی بیستو پێنجەم: دینداریی و سەما و سیاسەت
بابەتی بیست و چوار: غیابی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا

بابەتی بیست و سێ: عێراق بەرەو کوێ؟

بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟
بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی

بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن 

بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس 

بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم
بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە
بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی 
بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا

بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand