ئایا لێبڕین هەڵدەوەشێتەوە ؟
2021-05-26 09:15:09
راپۆرت: درەو
لەدوو نوسراوی جیادا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان دوای کۆتایهێنان بە لێبڕینی موچەی موچەخۆران دەکەن، ئێستا زۆرینەی پەرلەمان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچەدایە، ئایا لێبڕین هەڵدەوەشێتەوە ؟ یاخود ئەمە تەنیا بانگەشەیەکی پێشوەختەی هەڵبژاردنەو لایەنەکان موزایەدە بەسەر یەکترەوە دەکەن ؟
یاداشتێک بەبێ پارتی
بەواژۆی (٥٦) پەرلەمانتار، یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرا، ئەم یاداشتە داوای دانیشتنێكی تایبەت دەكات سەبارەت بە پرسی لێبڕینی موچە (خەرجی و داهاتی نەوت، خاڵە سنورییەكان، جێبەجێنەبوونی یاسای چاكسازی).
ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان لەسەر ئەم نوسراوەکردووە، داوا دەکەن ئەگەر حکومەت لەبەردەم پەرلەمان ئامادە نەبوو بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتانە "پەرلەمان بڕیاری یاسایی بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچە".
ئەوانەی ئیمزایان لەسەر ئەم نوسراوە کردووە، ئەمانەن:
- (١٢) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان
- (٢٠) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی
- (٤) پەرلەمانتاری سەربەخۆ
- (٥) پەرلەمانتاری یەكگرتوو
- (٧) پەرلەمانتاری كۆمەڵ
- (٤) پەرلەمانتاری نەوەی نوێ
- (١) پەرلەمانتاری حزبی شیوعی
- رۆمیو هەكاری- پەرلەمانتاری مەسیحی
- فەرید یاعقوب- پەرلەمانتاری مەسیحی
یاداشتێک بە پارتیەوە
دوای یاداشتەکەی یەکێتی و گۆڕان و لایەنە ئۆپۆزسێۆنەکان، پارتیش یاداشتێکی لەبارەی لێبڕینی موچەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزکردەوە، ژمارەی ئەوانە ئیمزایان لەسەر ئەم نوسراوە کردووە (٦٥) پەرلەمانتارن، جگە له (٤١) پەرلەمانتاری پارتی، پەرلەمانتاران یەکێتی و گۆڕان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، ئیمزایان بۆ ئەم یاداشتەش کردووە کە پارتی سەرپەرەشتی نوسینەوەی کردووە.
ئەم یاداشتە داوا دەکات دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان تەرخانبكرێت بۆ پرسی (لێبڕینی موچەو هەموو ئەو بابەتانەی هۆكارن بۆ لێبڕینی موچە، داهات و خەرجی نەوت، خاڵەسنورییەكان، جێبەجێنەكردنی یاسای چاكسازی و یاسای بودجەی عێراق).
لێبڕینی موچه کۆتایی دێت ؟
مشتومڕی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆتایهێنان بە لێبڕینی ٢١٪ی موچەی فەرمانبەران لەکاتێکدایە، بۆ ئەم مانگە حکومەتی هەرێم کە کابینەی سیقۆڵی نێوان (پارتی+ یەکێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە، تەنانەت بە لێبڕینیشەوە پارەی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی موچە دابەشبکات.
پارتی هۆکاری نەبوونی پارەی لەبەردەستی حکومەت بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، یەکێتی داهاتی سنوری خۆی رادەستی خەزێنەی حکومەت ناکات، یەکێتیش دەڵێ پارتی هەموو داهاتی نەوت و گومرگەکانی ناگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنە، بزوتنەوەی گۆڕانیش کە هەم لە حکومەتدا هاوبەشی پارتی و یەکێتییەو هەم رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ ئەو دوو لایەنەدا هەیە، بەناوی "سەرچاوە"وە، لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە دڵنیایی دەدات لەوەی کێشە بۆ موچە دروست نابێت و (٣٠) رۆژجارێک دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ (٢٦)ی مانگە، حکومەت تائێستا تەنیا موچەی یەک وەزارەتی دابەشکردووە بە لێبڕینی (٢١٪)ەوە، ئایا تاکۆتایی مانگ، حکومەت دەتوانێت موچەی هەموو وەزارەت و دەستەو سەرۆکایەتییەکان دابەش بکات ؟ لەکاتێکدا هیچ ئاسۆیەکی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانەی ئەم مانگەدا لە داهاتەکان دروستبووە، دیار نییە.
مانگی رابردوو، حکومەت تەنیا لە دوو رۆژدا موچەی شەش وەزارەتی بەیەکەوە دابەشکرد، بەڵام پێناچێت ئەم مانگە بتوانێت بەڵێنی موچەی (٣٠) رۆژ جارێک جێبەجێ بکات.
پەرلەمانتاران لەبری گەڕان بەدوای هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەم مانگه حکومەت داهاتی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ دابەشکردنی موچە، زیاتر رۆشتوون و داوای هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچە دەکەن.
ئەگەر ئەم بانگەشەیە کە لەناو پەرلەمانەوە دەستی پێکردووە، جددی بێت، پەرلەمان بە ئاسانی دەتوانێت بە بڕیار یاخود یاسایەک کۆتایی بە لێبڕین بهێنێت، چونکە ئێستا بە تێکڕا (٦٥) پەرلەمانتار دژی لێبڕینی موچەن، پەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی هەر یاسا یان بڕیارێک، تەنانەت لە حاڵی ئامادەبوونی هەر (١١١) ئەندامەکەشیدا، پێویستی بە (٥٦) دەنگ هەیە.
بەڵام پێناچێت پەرلەمان بڕیارێکی لەوجۆرە پەسەند بکات، بەتایبەتی کە زۆرینەی پەرلەمان ئەو فراکسیۆنانە پێکیان هێناوە کە حزبەکانیان بەشدارن لە حکومەت و توانای دارایی حکومەت دەزانن، بۆیە ئەوەی ئێستا لەناو پەرلەمان روودەدات زیاتر لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردنی لایەنەکان دەچێت، بەتایبەتیش کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدایە.
قەیران لەناو قەیراندا !
ئەو قەیرانەی بۆ موچەی ئەم مانگە دروستبووە، قەیرانێکی نوێیە لەناو ئەو قەیرانە داراییە گەورەیەی کە حکومەتی مەسرور بارزانی پێیدا تێپەڕ دەبێت.
قەیرانی موچەی ئەم مانگە بەهۆی نەگەڕانەوەی هەموو داهاتەکان بۆ بەردەستی حکومەت دروستبووە، ئەم مانگە تائێستا حکومەت بەداهاتی نەوت و نانەوتییەوە تەنیا (٨٠ ملیار) دیناری بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام ئێستا باسلەوە دەکرێت حکومەت (١٠٠ ملیار) دیناری تری دەستکەوتووە، ئەگەر بەمشێوەیە داهاتەکان بگەڕێنەوه، حکومەت دەبێت چەند رۆژ جارێک موچەی یەک وەزارەت دابەش بکات، بەوەش پرۆسەی دابەشکردنی موچە مانگەکە تێدەپەڕێنێت.
مانگانە بۆ دابەشکردنی موچە، حکومەتی هەرێم پێویستی بە (٨٩٤ ملیار) دینارە، خۆ ئەگەر بە لێبڕینی ٢١٪ەوە موچە دابەش بکات، مانگانە پێویستی بە (٧٠٦ ملیار) دینار هەیە.