ھانا ئارێنت و ئیسرائیل: کاتێک نیشتیمان نابێت بە نیشتیمان

Draw Media

2021-05-24 12:21:38



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 

 

دوای نزیکەی دوو ھەفتە جەنگی خوێناویی و وێرانکەریی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتاییپێھات. لەم ماوە کورتەدا حەماس ھەزاران ڕۆکێتی بە ئیسرائیلەوە نا و ئیسرائیلیش بە تۆپ و تەیارە و ڕاکێتی ھەمەجۆر غەزەی لە ئاسمان و زەویەوە بۆمبارانکرد. دەیەھا خانو و باچەخانە و بینای گەورە و ھەمەجۆر ڕوخێنرا. ژمارەیەکی زۆری خەڵک کوژران، لەناویاندا دەیان منداڵ و ژن و کەسانی مەدەنیی، بە ھەزاران کەسیش برینداربوون. وێستگەی کارەبا، شەقام و دوکان و بازاڕ سوتێنران.  ئێستا ئیتر تفەنگەکان ھێمنن و خەڵک خەریکی کۆکردنەوە و پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاکی دوای جەنگەکەن،  خەریکی سڕینەوەی شەقامەکانن و بەدیار وێرانەکانەوە دانیشتون. ژمارەیەکی زۆری خەڵک بێماڵ و شوێن و جێن و چاوەڕێی دەستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانن ماڵەکانیان بۆ دروستبکەنەوە. ئەوانەشی کە کوژران و فریانەکەوتن ماڵئاوایی بکەن، برینێکی قووڵیان لەناو ژیانی کەسوکار و دۆست و ھاوڕێکانیاندا بەجێھێشت. دوای دوو ھەفتە جەنگ وەستا، بەڵام حیکایەتە پڕ برینەکانی ئەو جەنگە دوای وەستانی، دەستپێدەکات. 
  
ھەموو ئەوانەی کە جەوھەر و مێژووی درێژی کێشە و ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان دەناسن، باوەڕیان وایە ئەم دۆخەی ئێستا نە کۆتایی جەنگەکان و نە کۆتایی پەلاماردانەکانی یەکتر دەبێت. ھەردوولا دوای ئەم ئاگربەستە تازەیە بیر لە شێواز و تەکنیکی نوێی بەگژیەکداچوونەوە و پەلاماردانی یەکتر دەکەنەوە. ئێمە لە نووسینێکی پێشتردا جەوھەری کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانمان وەک کێشەی داگیرکردنی خاک و کۆلۆنیالیزم ناساند. باسیشمان لەوەکرد لە ئێستادا ئەو داگیرکارییە ڕەھەندێکی ئایدیۆلۆژیی دینیی بەھێزی پێبەخشراوە و جەنگی نێوان ھەردوو لایەنەکەش وەک جەنگی نێوان دوو دین، جەنگی نێوان ئیسلام و یەھودییەت، نمایشدەکرێت. زۆربەی ئەوانەشی بەرگریی لەم بەریان یان لەویتریان دەکەن، بەو زمانە دینییە قسەدەکەن کە چەند دەیەیەکە کراوە بە زمانی سیاسەت لەناوچەکەدا. وا دەردەکەوێت ئەوەی ڕووئەدات جەنگ لەسەر خاک و نیشتیمان نەبێت، بەڵکو جەنگی درێژەی چەندان سەدەی نێوان دوو دین و ھەوادارەکانی بێت. 

ڕەنگە ھەندێک تاکەکەس و گروپ، تەنانەت میللەتانێکیش ھەبن، پێویستیان بە نیشتیمان نەبێت، پێیانوابێت لە کوێ بیانەوێت دەتوانن بژین و ھیچ شتێک بەم یان بەو خاک و سەرزەمینەوە نایانبەستێتەوە. جیھان بە نیشتیمانی خۆیان بزانن. ڕەنگە کەسانێکیش ھەبن ھەموو ئینتیمایەک بۆ نیشتیمان وەک ئینتیمایەکی نەخۆش و وەک بیمارییەکی عەقڵیی و دەرونیی و ئینسانیی وێنابکەن. بەڵام ئەم جۆرە ھەستکردنە نە بۆ فەڵەستینییەکان ڕاستە، نە بۆ جولەکەکان. ھەردووکیان دوو گەلن جەوھەری بوون و ئامادەبونیان لە جیھاندا، بە بوونی نیشتیمانێکەوە گرێئەدەن. نیشتیمانێک بەھی خۆیانی بزانن و بتوانن وەک مرۆڤێکی کامڵ و خاوەن کەرامەت، لەناویدا بژین.

بەشێوەیەکی گشتیی جولەکەکان لە مێژوودا ھەمیشە گروپێکی دینیی بێنیشتیمان بوون، بەردەوام کەمایەتییەکی دینیی بوون و لە نیشتیمانی زۆرایەتییەکانی تردا ژیاون، لەناو ئەو نیشتیمانانەشدا زۆربەی جار مامەڵەی مرۆڤی پلە دوو و پلە سێ کراون تا لە سەردەستی نازییەکان لە سەدەی بیستەمدا ڕووبەڕووی تاوانی جینۆساید و لەناوبردنی سەرتاسەریی دەبنەوە. لە ھەلومەرجێکی مێژوویی تایبەتدا و لە ساڵی ١٩٤٨دا لەوەدا سەردەکەون دەوڵەتی ئیسرائیل دروستبکەن و فەڵەستین بگۆڕن بۆ نیشتیمانی نەتەوەیی خۆیان. بەڵام دروستکردنی ئەم نیشتیمانە بۆ خۆیان، دەبێتە ھۆکاری کوشتن و ڕاونان و بێنیشتیمانکردنی سەدان ھەزار فەڵەستینیی ناجولەکە. ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨دا فەڵەستینییەکان بۆ غەزە و زیفەی غەربی ڕاودەنێت. لە ساڵی١٩٦٧دا ئیسرائیل ھەم غەزە و ھەم زیفەی غەربیش داگیردەکات و بڕێکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە ناچار بە ھەڵاتن بۆ وڵاتە عەرەبییەکان، دەکات. لەدوای ئەو داگیرکردنانەوە ئیسرائیل سەدان ھەزار جولەکە دەھێنێتە ئەو ناوچانەوە و لە خاکی فەڵەستینییە ڕاونراوەکاندا جێگیریان دەکات. بەم شێوەیە، لە ڕۆژی یەکەمەوە مەسەلەی فەڵەستین و ئیسرائیل، مەسەلەی دروستبوونی کێشە و ململانێ نییە لەنێوان جولەکە و فەڵەستینیەکاندا، بەڵکو مەسەلەی داگیرکردنی خاک و کوشتن و ڕاونانی فەلستینییەکانە. ئەم پرسە لە جەوھەردا پرسی بێنیشتیمانکردنی میللەتێک و بە ئاوارە و پەناھەندەکردنیانە. 

ژنە فەیلەسوفی جولەکە و ئەڵمانی، ھانا ئارێنت (١٩٠٦-١٩٧٥)، کە لە ساڵانی سیدا لە دەستی نازییەکان ھەڵدێت و لە ئەمریکا نیشتەجێدەبێت. ھەر لە سەرەتاوە تاوان و نادادپەروەریی و شێوازی نائینسانیی مامەڵەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ فەڵەستینییەکان دەبینێت و ئیدانە دەکات. ئارێنت باس لەوەدەکات ئەو دەوڵەتەی جولەکەکان لە ئیسرائیلدا دروستیناکردوە، دەوڵەتێک نییە ”لەسەر مانگ“ و لە چۆڵەوانیدا دروستیانکردبێت، بەڵکو دەوڵەتێکە لەناو دانیشتوانی ئەو شوێنەدا، کە عەرەبی فەڵەستینن، دروستیانکردوە. ئارێنت بە ئیسرائیلیەکان دەڵێت ئێوە دەوڵەتێکیان لە شوێنێکدا دروستکردوە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی عەرەبی فەڵەستینیین، بەڵم ئێوە ھیچ پلانێکتان پێنییە بۆ بەیەکەوە ژیان و جێبوونەوەی ھەردوولاتان، لەو شوێنەدا.
 ئارێنت لە ساڵی ١٩٤٤دا بە زمانێکی تەواو ڕوون و ئاشکرا باس لە ”داگیرکردنی خاک“ی فەڵەستینییەکان دەکات. ھەر لەو ساڵانە و بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلیش باس لە ئەگەری بێدەوڵەتکردن و بە پەناھەندەکردنی سەدان ھەزار فەڵەستینیی و دەرکردنیان لە خاکی خۆیان، دەکات. ئارێنت تەواو ڕەخنەی ئەو دۆخە دەکات کە کەمینەیەکی جولەکە مافی زۆرینەیەکی ناجولەکە بخوات و خاکەکەیان لێبسێنێتەوە. لەدیدی ئەودا ئەم دۆخە دوو کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە. یەکەمیان کارەساتی دروستبوونی جەنگ و پێکدادانی بەردەوام. دووھەمیان کارەساتی دووبارەکردنەوەی ئەو تاوانانەی کە لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا بەرامبەر بە جولەکەکان دەکرا، بەڵام ئەم جارەیان لەلایەن جولەکەکانەوە بەرامبەر بە عەرەبە فەڵەستینییەکان. ئارێنت باوەڕی وابوو دۆخی ”جەنگی بەردەوام و ھەمیشەیی“ دەبێت بەو دۆخەی ئەم دەوڵەتە یەھودییە دەکەوێتە ناویەوە و تیایدا دەژیی. لەسەرێکەوە بەحکومی ئەوەی ئەم دەوڵەتە تازەیە سەدان ھەزار عەرەبی فەڵەستینیی لە شوێنی خۆیان ھەڵکەندوە و کردونی بە پەناھەندە، لەسەرێکی دیکەوە بە حوکمی ئەوەی ئەم دەوڵەتە لە ژینگەیەکدا دروستکراوە پڕە لە عەرەب و بە وڵاتانی عەرەبی دەورەدراوە، بۆیە ئەو ژینگەیە ژینگەیەکی دوژمنکارانە و پڕ لە ئەگەر و ھەڕەشەی جەنگ و پێکدادانی خوێناوی دەبێت. ئارێنت پێیوایە ئەم دۆخە وادەکات تاقە شتێک ئەم دەوڵەتە تازە دروستکراوە سەرقاڵبکات، سیاسەتی خۆپارێزێ و مانەوەبێت،  سیاسەتێک کورتببێتەوە بۆ عەقڵییەت و ستراتیژییەتی سوپایی و سەربازیی. ئەم ژنە فەیلەسوفە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت دەوڵەتێکی لەم بابەتە و لە ژینگەیەکی لەوجۆرەدا دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی “کۆمەڵە خێڵێکی جەنگاوەر“ کە مرۆڤایەتی لە سەردەمی سپارتای یۆنانەوە نموونەی تری، نەبینیوە. لە دیدی ئارێنتدا ئەم دەوڵەتە ھەرگیز ناتوانێت ببێت بە نیشتیمان، چ بە نیشتیمانی جولەکەکان و چ بە نیشتیمانی فەڵەستینییەکان. ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی دۆخی جەنگ و پێکدادانی بەردەوام دەبێت، دەوڵەتی سوپا و چەند خێڵێکی جەنگاوەر کە بەردەوام کارەساتی گەورە بەرھەمدەھێنێت. 

لە دیدی ئارێنتدا نیشتیمان شوێنی ژیانی ھاوبەشی مرۆڤە جیاوازەکانە بەیەکەوە، جێگەیەکە تیایدا کەسەکان ئازادانە تیایدا بەیەکەوە دەژین و ئازادانە ژیانێکی گشتیی ھاوبەش دروستدەکەن. نیشتیمان ئەو جێگەیەیە تیایدا ھەمووان ھەمان ماف و ھەمان بەرپرسیارێتییان ھەیە. لەدیدی ئارێنتدا ئەو دەوڵەتەی لە دوای ساڵی ١٩٤٨ ەوە دروستدەکرێت، ھیچ یەکێک لەو ڕەگەزە سەرەکییانەی دروستکردنی نیشتیمانی بۆدابین نابێت. ئەوەی دروستدەکرێت قەڵایەکی داخراو دەبێت، fortress، نەک نیشتیمانێکی کراوە، شورا و دیوار و ڕێگر و ھێڵی پشکنینی زۆر و فرەجۆر سنوورەکانی دەتەنێت و بە دونیای دەوروبەریەوە گرێیئەدات، نەک پەیوەندییەکی ئینسانیی کراوە. ئارێنت ھەر لە سەرەتاوە پێیوابوو کێشەی نێوان ئەم دوو میللەتە بەوە چارەسەر نابێت ئەمیان دەوڵەتێکی یەھودیی و ئەویتریان دەوڵەتێکی ئیسلامیی دروستبکات، بەڵکو بەوە دەبێت پێکەوە دەوڵەتێکی فیدراڵی ھاوبەش و دوو دەوڵەتی لۆکاڵیی سەربەخۆ دروستبکەن، کە تیایا ھەردوولا ھەمان ماف و ھەمان بەرپرسیارێتیان ھەبێت. لەڕاستییدا ئەو بڕوای وابوو، ئەم فیدراسیۆنەی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەسینییەکان پەرەپێبدرێت بۆ ئەوروپا و ببێت بە بەشێک لە پرۆژەیەکی گەورەتر بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.

نووسەرێکی جولەکەی گەورەی وەک داڤید گرۆسمان لەسەر ھەمان ھێڵی بیرکردنەوەی ھانا ئارێنت بەردەوام دەبێت و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت جولەکەکان لە ئیسرائیلدا تەنھا کاتێک دەتوانن نیشتیمانیان ھەبێت، کە فەڵەستینیەکانیش نیشتیمانیان ھەبێت. دروستبوونی نیشتیمانێک بۆ ئەمیان بە توندی بە دروستبوونی نیشتیمانێکەوە بۆ ئەویتریان، گرێدراوە. پرۆسەی بوونی ئیسرائیل بە نیشتیمانێک بۆ جولەکە بەناو دروستبوونی نیشتیمانێک بۆ فەڵەستینییەکاندا تێدەپەڕێت. نەک ئەوەی ئەمیان بچێتە شوێنی ئەویتریان ئەمیان ئەویتریان نەفیبکات. 


لەسەر ئەم ڕا و بۆچوون و شیکردنەوانە، ھانا ئارێنت دەکەوێتە بەردەم ھەڕەشە و پەلاماری ناوزڕاندن و تێرۆری بەردەوامی کەسایەتییەوە. ئەگەرچی ئەو وەک ژنە فەیلەسوفێکی جولەکە لە ساڵانی پەنجای سەدەی بیستەمەوە، بە تایبەتی لەدوای نووسین و بڵاوبوونەوەی کتێبی “ڕەگوڕیشەکانی تۆتالیتاریزم“ەوە، دەبێت بە یەکێک لە ناوە فیکرییە ھەرە گەورەکانی جیھان، بەڵام تا مردیش تەنھا جارێکیش بۆ ئیسرائیل داوەتنەکرا، کۆڕێک بکات یان وانەیەک پێشکەشبکات. ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئیسرائیلیش ھیچ نووسینێکیان بۆ بڵاونەدەکردوە. تا ساڵی ٢٠٠١یش لەناو ھەموو زانکۆکانی ئیسرائیلیدا یەک پەرەگراف لە ھیچ نووسێنێکی ھانا ئارێنت بە خوێندکاران نەئەدرا. ڕق لە کتێبەکانی هانا ئارێنت لە ئیسرائیل هاوتای ڕق و مامەڵەکردنی کتێبەکەی هیتلەر بوو. تەنھا لەم چەند ساڵەی دواییدا هەم کتێبەکانی هانا ئارێنت بۆسەر زمانی عیبریی، واتە زمانی فەرمی ئیسرائیل، وەرگێڕدرا، هەم کتێبی (خەباتی من)ی هیتلەریش بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی و زانستیی، بۆسەر ھەمان زمان وەرگێڕدرا. 

یەکێک لە دەرەنجامە بەرچاوەکانی جەنگە زۆر بەردەوامەکانی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان، لەپاڵ ماڵوێرانیی و کوشتن و بڕین و وێرانکردندا، وەبیرھێنانەوەی بەردەوامی ھانا ئارێنێت و بۆچوونەکانیەتی کە لە ساڵانی چل و پەنجای سەدەی بیستەمدا لەسەر دروستبوونی ئیسرائیل دەریبڕیوە. ھەرجارێک ئەم جەنگ و پەلامارانە ڕووئەدەنەوە نووسینەکانی ھانا ئارێنتیش سەرلەنوێ دێنەپێشەوە و دەژیەنەوە. شیکار و چارەسەرەکانی بۆ ئەم کێشە گەورەیەی ناوچەکە لە ئێستادا لەھەموو کات زیاتر هەنووکەییترن و گرنگیی خۆیان لەدەستنەداوە.
 

بابەتی پێشتر

بیست و حەوتەم: جەنگی ناکۆتای فەڵەستین و ئیسرائیل یان کۆتایی خەونبینین بە ئاشتییەوە؟ 
بابەتی بیستو شەش: سیستەمی داوەریی و پیشەسازی تەزویرکردنی واقیع لە هەرێمی کوردستاندا

بابەتی بیستو پێنجەم: دینداریی و سەما و سیاسەت
بابەتی بیست و چوار: غیابی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا

بابەتی بیست و سێ: عێراق بەرەو کوێ؟

بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟
بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی

بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن 

بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس 

بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم
بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە
بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی 
بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا

بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand