ئیبراهیم رەئیسی چانسی گەورەی هەیە سەرۆكایەتی ئێران بباتەوە
2021-05-29 09:54:52
راپۆرت: فرانس 24
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
ئیبراهیم رەئیسی بەدیارترین ئەو كاندیدانەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران دادەنرێت كە چانسی بردنەوەی هەڵبژاردنەكەی هەیە، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران رۆژی 18ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. ئەم ئاخوندە موحافیزكارە (60 ساڵ) یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێرانو خامنەیی چەندینجار لە پۆستی هەستیاردا دایناوە، گرنگترینیشیان سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی كۆماری ئیسلامییە.
دوای ئەوەی شورای پاسەوان "شورای نگهبان" دۆسیەی خۆكاندیدكردنی ژمارەیەك لە كەسایەتییە سیاسییەكانی ئێرانی رەتكردەوە، چانسی ئیبراهیم رەئیسی بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكە زیاتر بوو، تا ئەو رادەیەی میدیای ریفۆرمخوازان ئیبراهیم رەئیسییان بە "كاندیدی بێ ركابەر" ناوبرد.
ئیبراهیم رەئیسی سەربە رەوتی موحافیزكارانە، لەگەڵ شەش كاندیدی تردا ركابەرێتی دەكات كە پێنج كەسیان هاوشێوەی خۆی سەربە رەوتی موحافیزكاراننو هەمویان گڵۆپی سەوزیان لەلایەن لیژنەی چاودێری هەڵبژاردنەكانەوە بۆ دەرچووە بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكەن لە رۆژی 18ی مانگی داهاتوودا.
ئیبراهیم رەئیسی پێشترو لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2017دا دژی حەسەن رۆحانی خۆی كاندید كرد، هەڵبژاردنەكەی نەبردەوەو رێژەی 38%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمجارە رەنگە چانسی گەورەی هەبێت بۆ ئەوەی بگاتە سەر كورسی سەرۆكایەتی.
ئیبراهیم رەئیسی بە یەكێك لە كەسە نزیكەكان لە عەلی خامنەیی رابەری باڵا دادەنرێت، بەوپێیەی یەكێك بووە لە خوێندكارەكانی خامنەیی لە یەكێك لە خوێندنگە ئاینییەكانی شاری مەشهەد، كە خۆشی خەڵكی ئەم شارەیە.
سەرباری ئەوەی عەمامەی رەش لەسەر دەكات، بەڵام ناچێتە ناو ریزی "ئایەتوڵاكان"ەوە، بەڵكو "حجە الاسلام"ە، كە ئەمەش پلەیەكی ئاینیی نزمترە لەناو پەیكەری ئیسلامی شیعەدا.
پۆستی هەستیاری لەناو رژێمدا هەبووە
ئیبراهیم رەئیسی متمانەی رابەری باڵای هەیەو لەگەڵ رابەردا خەڵكی یەك شارن كە شاری ئاینیی "مەشهەد"ە لە باكوری خۆرهەڵاتی ئێران.
ساڵی 2016 ئیبراهیم رەئیسی لەلایەن خامنەییەوە كراوە بە سەرۆكی دامەزراوەی خێزخوازی پارێزگای قودسی رەزەوی، كاروباری مەزاری ئیمام رەزا (هەشتەمین خەلیفەی پێغەمبەر بەپێی مەزهەبی شیعە)ی بەڕێوەبردووە كە دەكەوێتە هەمان شارەوە.
مەزاری ئیمام رەزا یەكێك لە دیارترین شوێنەكانی حەجكردنە لای موسوڵمانانی شیعەو پارەیەكی زۆر بۆ ئەم دامەزراوە خێرخوازییە كۆدەكرێتەوەو دواتر وەبەرهێنانی تێدا دەكرێت، سەرباری ئەمە دامەزراوەكە موڵكو ماڵی زۆری هەیە لە نمونەی زەوی كشتوكاڵیو كۆمپانیا لە بوارە جیاوازەكاندا وەكو بواری بیناسازیو گەشتیارییو دروستكردنی كەلوپەل، بە گوزارشتێكی تر ئەم دامەزراوەیە بە دەوڵەتێك لەناو دەوڵەتی ئێرانیدا ناودەبرێت.
ئیبراهیم رەئیسی ماوەی سێ ساڵ سەرۆكایەتی دامەزراوەی پارێزگای قودسی رەزەوی كرد، ئەمەش هێزێكی سیاسی گەورەو هەژموونی لە هەموو بوارەكاندا پێبەخشی، چونكە ئەو كەسەی سەرۆكایەتی ئەم جۆرە كۆمەڵە خێرخوازییە دەوڵەمەندە بكات، واتە كاروباری "ئیمپراتۆریەتێكی" ئابوری بەڕێوەدەبات، بەڵام دوای سێ ساڵ كاركردنو لە ئازاری 2019دا، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، ئیبراهیم رەئیسی كرد بە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەمە پۆستێكی هەستیارە، رابەری رایسپارد "روبەڕووی گەندەڵی" ببێتەوە.
لەگەڵ دانانیدا لەم پۆستە، ئیبراهیم رەئیسی دەستیكرد بە دادگایكردنی بەرپرسانی باڵاو دادوەرانی ئێران بەتۆمەتی گەندەڵی.
پرۆسەی دادگایكردنەكانی قۆستەوە بۆ دورخستنەوەی هەندێك لەو كاندیدانەی كە دەكرا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ركابەرێتی توندی بكەن، لەنمونەی سادق لاریجانی بەرپرسی پێشووی دەسەڵاتی دادوەریی كە برای عەلی لاریجانیە، عەلی لاریجانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید كرد، بەڵام شورای پاسەوان كاندیدبوونی رەتكردەوە بەبەهانەی ئەوەی رەنگە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی لە دۆسیەی گەندەڵییەوە تێوەگلابێت.
ئیبراهیم رەئیسی روبەڕووبونەوەی گەندەڵی كردووە بە پرسێكی بنەڕەتیو یەكێك لە دروشمەكانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی، لەمەش زیاتر وای خۆی نمایش دەكات كە "دوژمنی گەندەڵیو ئۆرستۆكراتییەتو بێتوانایی"ە، بەڵێنیشی داوە ئەگەر وەكو سەرۆك هەڵبژێردرێت روبەڕووی "هەژاریی" ببێتەوە.
سیمبولی دژایەتی خۆرئاوا
ئەگەر وەكو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، پێشبینی ناكرێت ئیبراهیم رەئیسی ئابوری ئێران بەڕووی كۆمپانیا بیانییەكان واڵا بكات.
بەپێچەوانەوە، ئەو وا ناسراوە كە بەرگری لە شێوازی ئابوری دامەزراوەیی دەكات كە دەوڵەت بەڕێوەی دەبات، ئەمە بەپێی قسەی تییری كوفیل شیكەرەوەی ئابوریو پسپۆڕ لەبواری كاروباری ئێراندا.
كوفیل دەڵێ" ئەگەر رەئیسی هەڵبژاردنی بردەوە، بەردەوام دەبێت لە وەبەرهێنان لەژێرخانی ئێرانو بوارەكانی تری وەكو ئاو و كارەباو تەندروستی، ئەمانەش ئەو بوارانەن كە دامەزراوە خێرخوازییەكانو قەوارەكانی سەربە سوپای پاسداران كۆنترۆڵیان كردووە".
توێژەران باوەڕیان وایە، ئەو وەبەرهێنانانەی كە مامەڵەچییە نیمچە حكومییەكان (دامەزراوە خێرخوازییەكان، سوپای پاسداران، كۆمەڵەكان..) دەیكەن، رێژەی زیاتر لە 50%ی ئابوری ئێران پێكدەهێنێت، زۆجار ئەم جۆرە وەبەرهێنانە ناڕوونەو بەشێوەیەكی شەفاف بەڕێوەناچێت.
لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانیشەوە كە ئێستا بابەتی گفتوگۆكانی نێوان تارانو وڵاتانی خۆرئاوایە، پێشبینی ناكرێت ئیبراهیم رەئیسی دژی ئەو بڕیارانە رابوەستێت كە لەمبارەیەوە دەدرێن، ئەمە بەپێی قسەی تییری كوفیل كە جەخت دەكات لەوەی "بەردەوام بڕیاری كۆتایی بۆ رابەری باڵا دەگەڕێتەوەو ئەو ئاڕاستەی گفتوگۆكان دەكات بەوشێوەیەی كە دەیەوێت".
دیندارێكی موحافیزكار
لەبارەی كرانەوەی كۆمەڵگەی ئێرانییەوە بەسەر رۆشنبیری خۆرئاوادا، ترسێك هەیە ئیبراهیم رەئیسی دژایەتی ئەم هەنگاوە بكات ئەگەر بوو بە سەرۆكی ئێران. ئەو بە بیری "موحافیزكارانە"ی نەسراوە. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە، ساڵی 2016 لەشاری ئاینیی مەشهەد رێگری كرد لە ئاهەنگێكی هونەری لە جۆری "پۆپ"، لەكاتێكدا رێگەیدا هەمان ئاهەنگ لەشارە گەورەكانی تری ئێران بەڕێوەبچێت.
ئیبراهیم رەئیسی ناوبانگێكی باشی لای ئەو رێكخراوانە نییە كە بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ دەكەن، بەتایبەتیش ئەوانەیان كە نوێنەرایەتی رەوەندی ئێرانیی دەكەن لە دەرەوەی وڵات، بەڵكو ناوی وەكو "ساتە تاریكەكان" دەهێنرێت كە ئێران پێیدا تێپەڕێوە لەكاتێكدا كە ئەو بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەریی وڵات بووە.
هەروەك هەشتاكانی سەدەی رابردووش، پۆستی یاریدەدەری جێگری دادگای شۆڕشی ئێرانی هەبووە لە تارانو بەشداری ژمارەیەكی زۆر لەو دادگایانەی كردووە كە بەهۆیانەوە نەیارانی سیاسی رژێم زیندان كراونو كوژراون.
جێگرەوەی رابەری باڵا
هەندێك لە ئێرانییەكان وا لە ئیبراهیم رەئیسی چاوەڕوان دەكەن شوێنگرەوەی عەلی خامنەیی رابەری باڵا بێت، كە چەند ساڵێكە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت.
ئیبراهیم رەئیسی ئێستا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی شارەزایان "مجلس خبرگان"ی ئێرانە، كە دەسەڵاتی تەواوەتی هەیە لە دانانی ئەو كەسەی كە لەحاڵی مردنی رابەری باڵادا، دەبێت بە شوێنگرەوەی، ئەمەش چانسێكی گەورەی پێدەدات بەو پۆستە بگات.
خامنەیی-ش بەرلەوەی لە ساڵی 1989دا بكرێت بە رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەدوای مردنی ئیمام خومەینی، سەرۆك كۆماری ئێران بوو.
ئەگەر ئیبراهیم رەئیسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بباتەوە، ئەمە رەنگە چانسی زیاتر بكات بۆ ئەوەی لەدوای مردنی خامنەییەوە پۆستی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی وەرگرێت.