Draw Media

حكومەت لەبارەی دەرماڵەكانەوە بڕیاریدا

حكومەت لەبارەی دەرماڵەكانەوە بڕیاریدا

2021-05-27 14:25:17


راپۆرت: درەو
دەرماڵەی (تایبەت، استثناء، مەقتوع) دەستكاری دەكرێت، هەموو ئەو دەرماڵانەی تری فەرمانبەران كە بە بڕیاری حكومەت كراون‌و لە پەرلەمان یاسایان بۆ دەرنەچووە، پێداچونەوەیان بۆ دەكرێت، ئەمە بڕیاری كۆبونەوەی دوێنێی حكومەتی هەرێم بوو، بڕی (357 ملیار) دیناری خەرجی دەرماڵە ناجێگیرەكان لەبەردەم حكومەتدایە بۆ دەستكاریكردن، ئەو توێژانە كامانەن كە دەبن بە ئامانجی بڕیارەكەی دوێنێی حكومەت ؟ دەرماڵەكان كامانەن ؟ حكومەت دەیەوێت چۆن دەرماڵەكان بگۆڕێت ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

بڕیارەكە چۆنە ؟
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكە، گفتوگۆ كردن بوو لەبارەی میكانیزمی جێبەجێكردنی ماددەی پێنجەم لە یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020، ئەم ماددەیە تایبەتە بە "رێكخستنەوەی دەرماڵەكان".
دوای كۆبونەوەی دوێنێ، ئەنجومەنی وەزیران راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و باسی لەوە كرد، لەبارەی دەرماڵەكانەوە بڕیار دراوە، بەڵام كرۆكی بڕیارەكەی ئاشكرانەكرد. 
یەكێك لە وەزیرەكانی حكومەت كە بەشداربوو لە كۆبونەوەی دوێنێدا بە (درەو)ی راگەیاند، كرۆكی بڕیارەكەی دوێنێ لەبارەی دەرماڵەكانەوە، خۆی لە دوو خاڵدا دەبینێتەوە:
•    یەكەم: حكومەت پێداچونەوە دەكات بە هەموو ئەو دەرماڵانەدا كە كاتی خۆی ئەنجومەنی وەزیران بە بڕیار پەسەندیكردون، نەك ئەوانەی كە بەیاسا جێگیركراون. 
•    دووەم: حكومەت پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو بڕیارانەدا دەكات كە تایبەتن بە هەرسێ جۆری دەرماڵەی (تایبەت، استثناء، مەقتوع)‌و لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكاندا رێكیان دەخاتەوە. 

بڕیارەكە كێ دەكاتە ئامانج ؟
ئەو توێژانەی كە دەرماڵەكانی (تایبەت، استثناء، مەقتوع) دەیانگرێتەوە‌و بوون بە ئامانجی بڕیاری دوێنێ كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمانەن:  
•    ئەوانەی دەرماڵەی تایبەت دەیانگرێتەوە كە بریتین لە (هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆراو ماستەر، ئەندازیاری سەرپەرەشتیاری پرۆژە، فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا، فەرمانبەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، مامۆستایانی ئاینی، دەرماڵەی هاندانی مامۆستایانی زانكۆ).
•    ئەوانەی دەرماڵەی (استثناء) دەیانگرێتەوە كە بریتین لە (پلە تایبەتەكان). 
•    ئەوانەی دەرماڵەی بڕاوە واتە "مەقتوع" دەیانگرێتەوە، كە لەسەرجەم وەزارەتەكاندا هەن. 

دەرماڵە لە هەرێمی كوردستان
لە هەرێمی كوردستان فەرمانبەران لەپاڵ ئەو موچە بنەڕەتییەی كە بەپێی پلە وەزیفییەكەیان وەریدەگرن، بەشێوەیەكی گشتی دوو جۆر دەرماڵەش وەردەگرن كە ئەمانەن: 
•    دەرماڵە جێگیرەكان
ئەمە بریتییە لە دەرماڵەكانی (خێران، بڕوانامە، پیشەیی.. هتد).
•    دەرماڵە ناجێگیرەكان
ئەمە بریتییە لە دەرماڵەكانی (مەترسی، نیشتەجێبوون،استثناء، چاودێری، پایە (منصب)، راژەی زانكۆیی، خگورە بدل امنیە، بڕاوە (مقتوع)، خزمەتی دەرەكی، ارزاق، شوێنی جوگرافی، حرفی‌و میهنی، ئەندازیاری، تایبەت، نازناوی زانستی، گواستنەوە، سەرۆكایەتی).
بەگشتی، بەهەردوو جۆری دەرماڵەی جێگرو ناجێگیرەوە، (25) جۆر دەرماڵە بۆ فەرمانبەران خەرجدەكرێت، دەرماڵە جێگیرەكان (4) جۆرن، بەڵام ناجێگیرەكان (21) جۆرن. 
رێژەی (56%)ی كۆی خەرجی موچەی مانگانەی فەرمانبەران تەنیا بۆ خەرجی دەرماڵەكان دەڕوات، ئەمەش دابەشبووە، رێژەی (16%)ی كۆی خەرجی موچە بۆ دەرماڵە جێگیرەكان دەڕوات، رێژەی (40%)یش بۆ دەرماڵە ناجێگیرەكان، واتە خەرجی دەرماڵە ناجێگیرەكان زۆر لە دەرماڵە جێگیرەكان زیاترە، بۆیە حكومەت دەستی بۆ كەمكردنەوە یاخود وەكو ئەوەی ناوی لێنراوە "رێكخستنەوە"ی دەرماڵە ناجێگیرەكان بردووە. 
لە دەستكاریكردنی دەرماڵەكاندا، حكومەتی پشتی بەیاسای چاكسازی بەستووە، كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە‌و تێیدا دەسەڵاتی ئەوە بە حكومەت دراوە دەستكاری دەرماڵەكان بكات. 

حكومەت دەستكاری چی دەكات ؟
حكومەت لەڕێگەی دەستكاریكردنی دەرماڵەكانەوە، دەیەوێت گۆڕانكاری لە خەرجی موچە بكات، بەجۆرێك خەرجی موچە كەمبكاتەوە، كە بتوانێت مانگانە بەبێ كێشە موچە دابەش بكات. 
كۆی خەرجی موچەی مانگێكی فەرمانبەران (894 ملیار) دینارە، لەم رێژەیە تەنیا بڕی (394 ملیار) دیناری بۆ موچەی بنەڕەتی فەرمانبەرانە، لەبەرامبەردا بڕی (500 ملیار) دیناری بەتەنیا بۆ دەرماڵەكان دەڕوات، لەناو دەرماڵەكانیشدا خەرجییەكە بەمشیوەیە دابەشبووە: 
•    خەرجی مانگانەی دەرماڵە جێگیرەكان بڕی (143 ملیار) دینارە
•    خەرجی دەرماڵە ناجێگیرەكان مانگانە بڕی (357 ملیار) دینارە. 
واتا حكومەت دەیەوێت بە چەند قۆناغێك دەستكاری بڕی (357 ملیار) دیناری تایبەت بە خەرجی دەرماڵە ناجێگیرەكان بكات، لەرێگەی ئەم دەستكاریكردنەوە، هەندێك داهاتی تر لەسەر حسابی ئەو فەرمانبەران كە بەناشایستە دەرماڵە وەردەگرن، بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی بگەڕێنێتەوە.  

خەرجی دەرماڵەكان
بەگوێرەی راپۆرتی سێ مانگی یەكەمی جێبەجێكردنی چاكسازی، خەرجی دەرماڵە ناجێگیرەكان مانگانە بەمشێوەیەن: 
•    دەماڵەی مەترسی
ئەم جۆرە دەرماڵەیە لەسەرجەم وەزارەتەكاندا بۆ زۆرینەی فەرمانبەران خەرج دەكرێت، حكومەت دەیەوێت ئەم جۆرە دەماڵە بەجۆرێك رێكبخاتەوە كە تەنیا ئەو فەرمانبەرانە لێی سودمەند ببن كە بەفعلی لەكاتی كاركردنیاندا روبەڕووی مەترسی دەبنەوە، خەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە زیاتر لە (44 ملیارو 256 ملیۆن) دینارەو رێژەی (9.4%)ی كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانەی فەرمانبەران پێكدەهێنێت، ئەمە یەكێكە لەو جۆرانەی دەرماڵە كە حكومەت دەیەوێت دەستكاری بكات‌و وای لێبكات تەنیا ئەو كەسانەی لێی سودمەند ببن كە بەڕاستی مەترسییان لەسەرە.
•    دەرماڵەی نیشتەجێبوون:
ئەم دەرماڵەیە تایبەتە بە دابینكردنی كرێی نیشتەجێبوون بۆ چەند كەسێكی دیاریكراو لە وەزارەتەكانی (تەندروستی، ناوخۆ، رۆشنبیری، داد)، خەرجی ئەم جۆرە موچەیە مانگانە (99 ملیۆن‌و 180 هەزار دینار)ە.
•    دەرماڵەی استثناء:
ئەمە جۆرە دەرماڵەیەكە كە بەتەنیا بۆ "پلەتایبەتەكان"‌و بە بڕی جیاواز خەرجدەكرێت، كۆی خەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە بڕی (2 ملیارو 101 ملیۆن) دینار لەسەر خەرجی گشتی موچە دەكەوێت. 
•    دەرماڵەی چاودێری:
ئەم دەرماڵەیە تایبەتە بە (دەستەی دەستپاكی، چاودێری دارایی، فەرمانگەیەك لە وەزارەتی ناوخۆ)، خەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە (158 ملیۆن) دینارە.
•    دەرماڵەی پایە:
ئەم دەرماڵەیە بۆ سەرجەم فەرمانبەران خەرجدەكرێت كە پایەیان هەیە، كۆی خەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە (5 ملیارو 451 ملیۆن) دینارە.
•    دەرماڵەی راژەی زانكۆیی:
ئەم دەرماڵەیە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا خەرج دەكرێت بە بڕی (25%) دەستپێدەكات تا بڕی (100%) بەپێی بڕوانامە، هاوكات ئەم جۆرە دەرماڵەیە بۆ وەزارەتەكانی (پەروەردە، ناوخۆ، شارەوانی، كارەبا، كشتوكاڵ، رۆشنبیری، سامانە سروشتییەكان) خەرج دەكرێت، كۆی جەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە (12 ملیارو 621 ملیۆن) دینارە، كە دەكاتە (2.6%)ی كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە، ئەمە یەكێك لەو جۆرە دارماڵانەیە كە بووە بە ئامانجی یاسای چاكسازی‌و حكومەت دەیەوێت دەستكاری بكات، چونكە ئەم دەرماڵەیە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەبری ئەوەی تەنیا بۆ مامۆستایانی زانكۆ خەرج بكرێت، بۆ هەموو فەرمانبەران خەرج دەكرێت، حكومەت ئەم خەرجییە بە ناشایستە دەزانێت. 
•    دەرماڵەی خطورة بدل امنیة
ئەم دەرماڵە بۆ وەزارەتی ناوخۆ خەرج دەكرێت، كۆی خەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە (25 ملیارو 361 ملیۆن) دینارە كە دەكاتە (5.3%)ی كۆی گشتی خەرجی موچە لە مانگێكدا، ئەم دەرماڵەیەش یەكێكە لەو جۆرانەی دەرماڵە كە بووە بە ئامانجی یاسای چاكسازی‌و حكومەت دەیەوێت دەستكاری بكات، حكومەت دەیەوێت ئەم دەرماڵەیە تەنیا بۆ رۆژی دەوامكردنی كارمەندان خەرج بكرێت.
•    دەرماڵەی بڕاوە مقطوع:
ئەم جۆرە دەرماڵەیە لەسەرجەم وەزارەتەكان خەرج دەكرێت، بۆ نمونە شۆفێر بڕی (50 هەزار) دینار وەردەگرێت، مامۆستاو فەرمانبەرانی پەروەردە‌و ئەوقاف بڕی (150 هەزار) دینار، فەرمانبەرانی چاكسازی كۆمەڵایەتی بڕی (450 هەزار) دینار، محقق عدلی بڕی (500 هەزار) دینار، فەرمانبەرانی فڕۆكەخانە بڕی (500)،  خەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە (23 ملیارو 381 ملیۆن) دینارە، كە رێژەی (5%)ی كۆی گشتی خەرجی موچە لە مانگێكدا پێكدەهێنێت، ئەم دەرماڵەیەش بووە بە ئامانجی یاسای چاكسازی، چونكە حكومەت دەڵێ بەشێوەیەكی نازانستی‌و نادادپەروەرانە خەرج دەكرێت. 
•    دەرماڵەی خزمەتی دەرەوە:
ئەم دەرماڵەیە تەنیا لە وەزارەتی ناوخۆ خەرجدەكرێت، كۆی خەرجی مانگانەی ئەم جۆرە دەرماڵەیە (383 ملیۆن) دینارە.
•    دەرماڵەی خۆراك "ازراق":
ئەم دەرماڵەیە خەرج دەكرێت بۆ (سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی بۆ هەندێك پزیشك‌و كارمەندانی ئێشكگر، پێشمەرگە تەنیا بۆ دیوانی وەزارەت خەرج دەكرێت، وەزارەتی دارایی بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاپەمەنییەكان خەرجدەكرێت، وەزارەتی گواستەوە بۆ فڕۆكەخانەكان خەرجدەكرێت"، كۆی گشتی خەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە (25 ملیارو 362 ملیۆن) دینار، كە رێژەی (5%)ی كۆی گشتی خەرجی موچە لە مانگێكدا پێكدەهێنێت، ئەم دەرماڵەیەش تێبینی لەسەرە، حكومەت دەیەوێت تەنیا بۆ رۆژانی دەوامكردنی كارمەندان خەرج بكرێت. 
•    دەرماڵەی ناوچەی جوگرافی:
خەرج دەكرێت بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتەكان كە هۆیەكانی گواستنەوەی بۆ دابین نەكرابێت، كۆی گشتی خەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە (9 ملیارو 165 ملیۆن) دینارە، ئەم دەرماڵەیەش یاسای چاكسازی دەیگرێتەوە، حكومەت دەڵێ وەزارەتەكان ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیلیان هەیە‌و دەبێت ئەم دەرماڵەیە رێكبخرێتەوە.
•    دەرماڵەی حرفی‌و میهنی: 
ئەم دەرماڵەیە زیاتر بۆ هەڵگرانی بڕوانامە پیشەییەكان‌و ئەوانەی بڕوانامەیان نییە‌و پیشە جیاوازەكان خەرج دەكرێت، كۆی خەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە (4 ملیارو 100 ملیۆن ) دینارە، ئەم دەرماڵەیە یاسای چاكسازی دەیگرێتەوە، حكومەت دەیەوێت ئەم دەرماڵەیە تەنیا بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج بكات كە بەشێوەیەكی فیعلی پیشەیەك ئەنجامدەدەن. 
•    دەرماڵەی ئەندازیاری:
ئەم دەرماڵەیە بۆ ئەندازیاران خەرج دەكرێت لەسەرجەم وەزارەتەكان، كۆی خەرجی ئەم جۆرە دەرماڵەیە مانگانە (2 ملیارو 800 ملیۆن) دینارە، ئەم دەرماڵەیە یاسای چاكسازی دەیگرێتەوە، حكومەت دەڵێ ئەندازیاران وەكو هەر فەرمانبەرێك سودمەندن لە دەرماڵەی بڕوانامە، ناكرێت دووجار سود لە بڕوانامەكەیان وەرگرن، بۆیە ئەگەری هەیە ئەم جۆرە دەرماڵەیە ببڕدرێت. 
•    دەرماڵەی تایبەت: 
ئەم دەرماڵەیە لەسەرجەم وەزارەتەكان خەرجدەكرێت بۆ (هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا بەرێژەی 50%، ئەندازیاری سەرپەرەشتیاری پرۆژە بەرێژەی 50%، سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا بەرێژەی 30%، سەرجەم فەرمانبەرانی سامانە سروشتییەكان بەرێژەی 30%، مامۆستایانی ئاینی بەرێژەی 20%، هاندانی مامۆستایانی زانكۆ)، كۆی خەرجی مانگانەی ئەم جۆرە دەرماڵەیە (9 ملیارو 100 ملیۆن) دینارە، ئەم دەرماڵەیە یاسای چاكسازی دەیگرێتەوە، حكومەت دەڵێ ئەم توێژە وەكو هەر فەرمانبەرێكی تر سودمەند دەبن لە دەرماڵەی بڕوانامە‌و پێویست ناكات جارێكی تر دەرماڵەی بڕوانامەیان پێبدرێتەوە. 
•    دەرماڵەی نازناوی زانستی:
ئەم دەرماڵەیە بۆ سەرجەم هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا كە نازناوی زانستییان هەیە لە هەموو وەزارەتەكان خەرجدەكرێت، ئەم دەرماڵەیە یاسای چاكسازی دەیگرێتەوە، حكومەت دەڵێ ئەم دەرماڵەیە دەبێت تەنیا بەو كەسانە بدرێت كە بەشێوەیەكی فیعلی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا كاری وانەوتنەوە دەكەن. 
•    دەرماڵەی گواستنەوە
•    دەرماڵەی سەرۆكایەتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand