Draw Media

کێن ئەوانەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دورخرانەوە

کێن ئەوانەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دورخرانەوە

2021-05-25 17:02:16


 ئیبراهیم رەئیسی.. سەرۆک کۆمارێک بە تامی رابەری باڵا لە داهاتوودا
(درەو):
دواجار شورای پاسەوان یان وەکو ئێرانییەکان خۆیان دەڵێن "شورای نگهبان" لیستی کۆتایی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێرانی راگەیاند.
شورای پاسەوان، ئەنجومەنێکە کە پارێزگاری لە دەستورو سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، ئەو بڕیاری کۆتایی دەدات لەبارەی ئەوەی کێ گونجاوە بۆ ئەوەی کاندید بێت و کێ گونجاو نییە.
 بڕیارەکانی ئەم شورایە لەبارەی کاندیدەکان و رەتکردنەوەی هەندێکیان، ئێستا لە ناوخۆ و درەوەی ئێران مشتومڕی دروستکردووە.
دیارترین ئەو کەسانەی کە شورای پاسەوان لە رکابەرێتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران دوریخستنەوە ئەمانەن:
🔸 عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران
🔸 ئیسحاق جهانگیری جێگری یەکەمی  سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران
🔸 مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران

ئەو کەسانەی کە کاندیدبونیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەلایەن شورای پاسەوانەوە پەسەندکرا، ئەمانەن:
🔹 سەعید جەلیلی
🔹 ئیبراهیم رەئیسی
🔹 موحسین رەزایی
🔹 عەلیڕەزا زاکانی
🔹 ئەمیر حسێن قازی زادە
🔹 موحسین مهر علیزادە
🔹 عەبدولناسر هیمەتی

کێ براوە دەبێت ؟
وا دەردەکەوێ بەم لیستەی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، شورای پاسەوان دەیەوێت (ئیبراهیم رەئیسی) سەرۆکی ئێستای دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بە جیاوازییەکی زۆرو بە ئاسانی ببێت بە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران.
ئیبراهیم رەئیسی لە دۆستە نزیکەکانی عەلی خامنەیی رابەری باڵایە، چەند ساڵێک لەمەوبەر ئیبراهیم رەئیسی کاندیدی رابەری باڵا بوو بۆ ئەوەی ببێت بە مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، بەڵام تەمەندرێژی ئایەتوڵڵا سیستانی ئەم دەرفەتەی بۆ ئێرانییەکان نەڕەخساند، دواجار خامنەیی پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانی بەخشی بە ئیبراهیم رەئیسی.
قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی پرۆژەیە بۆ ئەوەی ببێت بە رابەری باڵا لە ئێران لەکاتێکدا کە ئایەتوڵڵا خامنەیی لەژیاندا نامێنێت، بۆیە لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەوشێوەیە بۆ رێکخراوە بەئاسانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand