(20 هەزار) وانەبێژ فشار لە حكومەت دەكەن
2021-05-25 12:33:56
راپۆرت: درەو
(20 هەزار) مامۆستای وانەبێژ دەستیان بە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی كردووە، حكومەت موچەی (5) مانگی ئەمساڵی پێنەداون، داوای دامەزراندن دەكەن، ئەمە نوێترین شەپۆلی ناڕەزایەتییە كە روبەڕووی حكومەتی سیقۆڵی پارتیو یەكێتیو گۆڕان دەبێتەوە، حكومەت ئەگەر وەكو "گرێبەست"یش دامەزراندن بۆ ئەم توێژە بكات، مانگانە (4 ملیار) دینار خەرجی بۆ زیاد دەبێت، مامۆستای وانەبێژ كێیە ؟ موچەكەی چۆنە ؟ حكومەت چۆن چارەسەری كێشەكانیان دەكات ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەی (درەو)دا.
حكومەت لەبەردەم ناڕەزایەتییەكی نوێیدا
نزیكەی (20 هەزار) مامۆستای وانەبێژ ماوەی چەند رۆژێكە لە سنوری (32) بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە خۆپیشاندان دەكەن.
ئەم توێژە داوا لە حكومەت دەكەن "دامەزراندن"یان بۆ بكات، یاخود لانی كەم پلەكەیان لە "وانەبێژ"ەوە بكات بە "مامۆستای گرێبەست".
ئەمە نوێترین شەپۆلی ناڕەزایەتییە كە لەناو وەزارەتی پەروەردەوە روبەڕووی حكومەتی سیقۆڵی نێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕان دەبێتەوە.
مامۆستای وانەبێژ كێیە ؟
ساڵی رابردوو بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە (6 هەزار) مامۆستای "گرێبەست" كران بە "هەمیشەیی"، ئەم مامۆستایانە ماوەیەكی زۆر بوو كە بەشێوەی گرێبەست وانەیان دەوتەوە.
لە هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لە ساڵی 2013وە پرۆسەی دامەزراندن لە كەرتی گشتیدا راگیراوە، بەڵام بەهۆی پێویستی وەزارەتی پەروەردە بە مامۆستا، حكومەت بەناچاریی ژمارەیەكی زۆری مامۆستای تەنیا بە "وانەبێژ" دامەزراندووە، ئەمەش بەهۆی:
- زیادبوونی ژمارەی خوێندكارانو قوتابخانەكان
- خانەنشینبوونو مردنی بەشێك لە مامۆستایان
- مۆڵەتو كۆچی دەرەوەی وڵاتی هەندێك لە مامۆستایان
بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییانە، وەزارەتی پەروەردە بە میكانیزمێك شوێنی ئەم مامۆستایانەی بە مامۆستای "وانەبێژ" پڕكردەوە.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە لەبەردەستی (درەو)دان، ساڵی 2019 نزیكەی (17 هەزارو 500) مامۆستای وانەبێژ لە خوێندنگەكاندا وانەیان وتوەتەوە، بەڵام ئێستا ژمارەی مامۆستا وانەبێژەكان بۆ نزیكەی (20 هەزار) مامۆستا بەرزبوەتەوە.
كۆی ژمارەی مامۆستایان لە وەزارەتی پەروەردە نزیكەی (120 هەزار) مامۆستایە، بەم پێیەی مامۆستایانی "وانەبێژ" رێژەی (20%)ی كۆی مامۆستایان لە وەزارەتی پەروەردە پێكدەهێنن.
ئێستا لە زۆرینەی قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستاندا مامۆستای وانەبێژ هەیە، تەنانەت لە هەندێك قوتابخانە، جگە بەڕێوەبەرەكەی سەرجەم مامۆستاكانی وانەبێژن، بۆ نموونە:
• لە قەزای سەیدسادق (هەزارو 200) مامۆستای میلاك هەیە لەگەڵ (490) مامۆستای وانەبێژ، واتە (40%)ی كۆی مامۆستایان لەم قەزایەدا وانەبێژنو بەفەرمی دانەمەزرێندراون.
• لە پەروەدەی بەردەڕەش، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە ژمارەی مامۆستایانی میلاك زۆر زیاترە.
موچەی مامۆستای وانەبێژ چۆنە ؟
مامۆستایانی وانەبێژ موچەیان جیاوازە لەو موچەیەی كە مامۆستای "گرێبەست"و "مامۆستای هەمیشەیی" وەریدەگرن.
پێشتر هەر وانەبێژێك بەپێی ئەو وانەیەی دەیووتەوە پارەی بۆ ئەژماردەكرا، بۆ وتنەوەی هەر وانەیەك لە خوێندنگە، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی كە بڕوانامەی (دبلۆم)یان هەبوو بڕی (3 هەزار) دینار خەرج دەكرا، بۆ ئەوانەی بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)یان هەبوو بڕی (4 هەزار) دینار خەرجدەكرا.
بەڵام لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوودا ئەم هاوكێشەیە گۆڕدرا، حكومەت موچەی مامۆستایانی وانەبێژی كرد بە پارچە "مەقتوع"، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ئەو وانانەی كە وتویەتییەوە بڕی (300 هەزار) دیناری مانگانە بۆ ئەو مامۆستا وانەبێژانە دیاریكرا كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان هەیە، بڕی (250 هەزار) دیناریش بۆ ئەو مامۆستایانەی كە بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە.
بەپێی ئەم موچە نوێیە، ئێستای خەرجی موچەی مانگانەی كۆی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان كە (20 هەزار) مامۆستان، بڕەكەی نزیكەی (5 ملیارو 500 ملیۆن) دینارە.
ئەگەر حكومەت بڕیار بدات ئەم (20 هەزار) كەسە لە مامۆستای وانەبێژەوە بكات بە مامۆستای گرێبەست، موچەی ئەو مامۆستایانەی كە بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە مانگانە دەبێت بە (450 هەزار) دینارو ئەوانەشی بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان هەیە دەبێت بە (500 هەزار) دینار، بەمەش كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم توێژە دەبێت بە (9 ملیارو 500 ملیۆن)، واتە ئەگەر ئەم مامۆستایانە لە وانەبێژەوە بكرێن بە گرێبەست، حكومەت مانگانانە (4 ملیار) دینار خەرجی بۆ زیاد دەبێت.
بەم زیادە خەرجییەوە، ئایا حكومەت بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی ئەم توێژە لە "وانەبێژ"ەوە بكات بە مامۆستای "گرێبەست"، لەكاتێكدا موچەی (5) مانگی ئەمساڵی مامۆستا وانەبێژەكانی نەداوە ؟
جیاوازی گرێبەست و وانەبێژ
لەڕووی یاساییەوە، ئەگەر وانەبێژان بكرێنە گرێبەست، سەرباری ئەوەی موچەكانیان زیاد دەكات، قۆناغێك لە دامەزراندن نزیك دەبنەوە. ئەگەر وانەبێژان بكرێنە گرێبەست، گۆڕانكاری بەسەر ئەركو مافەكانیاندا دێت، لە باشترین حاڵدا موچەی مانگانەیان دواناكەوێت.
ئەو وانەبێژانەی چەند رۆژێكە ناڕەزایەتییان دەردەبڕن، خەونیان ئەوەیە حكومەت وەكو مامۆستای هەمیشەیی دایانبمەزرێنێت، بەڵام تاڕادەیەك بەوەش قایلن بكرێن بە مامۆستای گرێبەست، چونكە:
- مامۆستای وانەبێژ بێبەشە لە حسابكردنی خزمەتو دەرماڵە.
- ناتوانێت گواستنەوە بكات لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر.
- مۆڵەتی دایكایەتی نیە.
- هەر وانەبێژێك منداڵی ببێت، بەبێ گوێدانە خزمەتەكەی كەسێكی دیكە لە شوێنی دادەنرێت.
- وانەبێژان جگە لە پارەی وتنەوەی وانەكانیان كە زۆر كەمە، هیچ مافێكی تریان نیە.
- لەكاتی پشووی هاوینو پشووەكانی تردا هیچ موچەیەك وەرناگرن.
- لەگەڵ مامۆستایان موچە وەرناگرنو بەچەند مانگ جارێكو بەشێوازێكی جیاواز موچەیان پێدەدرێت.
موچەی وەزارەتی پەروەردە
موچەی مامۆستاو فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە، رێژەی (16.6%)ی كۆی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت، لەكۆی (893 ملیارو 908 ملیۆن) دیناری كۆی موچەی مانگێكی موچەخۆران، وەزارەتی پەروەردە بڕی (149 ملیارو 505 ملیۆن) دیناری دەبات.
ئێستا بە لێبڕی (21%)ی موچەی موچەخۆرانەوە، تێكڕای خەرجی موچەی وەزارەتی پەروەردە لە مانگێكدا (118 ملیار 109 ملیۆن) دینارە، خۆ ئەگەر ئەو (20 هەزار) وانەبێژە بكرێن بە گرێبەست، ئەوا نزیكەی (4 ملیار) دیناری تر بۆ خەرجی موچەی مانگانەی وەزارەتی پەروەردە زیاد دەبێت.
ساڵی 2013 كە دواین پرۆژە یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان پەسەندكرا، (3 هەزارو 350) كەس لە وەزارەتی پەروەردە دامەزراوە، واتا ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە (164 هەزارو 216) فەرمانبەرەوە زیادكراوە بۆ (167 هەزارو 566) فەرمانبەر، بەڵام ئیتر لەو ساڵەوە دامەزراندن لەم وەزارەتە راگیراوە.