هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت

Draw Media

2021-05-29 13:08:56



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

ئێراننامە ( 7)
 
بە ئەنجامگیریی لە جۆرایەتی و یەکئاراستەیی حەوت کاندیدەکەدا، دەردەکەوێت هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی ئێران، بۆ لایەنگرانی ڕژێم، بە ئامادەکاریی لەقەڵەم دەدرێت بۆ قۆناغی پاش خامینەیی و قۆناغی ڕاگوزەریی دیاریکردنی ڕێبەرێکی نوێ، تەمەن و نەخۆشی ڕێبەر لەلایەک، کۆنبوون و هەڵوەرینی هەوادارانی سفرەی شۆڕش، نەیارانی نێوخۆیی و دەرەکی و دۆخی سیاسیی-ئابووریی-سەربازیی ئێرانیش لەلایەکی دیکەوە، پێکەوە دەبنە پاکێجێکی هۆکاریی بۆ بیرکردنەوەی لایەنگرانی ویلایەتی فەقیه لە گواستنەوە و هێشتنەوە و پاراستنی بنەماکانی شۆڕش و دوورخستنەوەی لەو مەترسییە نێوخۆیی و دەرەکییانەی کە تاڕادەیەک وەک هەڕەشەی حەتمی یەخەی نوخبەی دەوڵەتی قوڵی ئێرانی گرتووە(ئەڵبەت بە بڕوای وان). 

لە بەشداریی خەڵکەوە بۆ فەرامۆشکردنی
پێشتر لەنێو سەرانی ڕژێمدا باوەڕ وابوو،  هەڵبژاردنی ٢٠٢١ ڕیفراندەمی تازکردنەوەی وەلایە بۆ ویلایەتی فەقیه و  هەرچۆنێک و بە هەر تێچوونێک بووە، پێویستە گەرمووگوڕ و بەشدارییەکی کارای بێت زۆرینەی خەڵک بەشدار بن، خودی خامینەیی ئەم باوەڕەی چەند مانگێک لەمەوپێش نەشاردەوە و گرەوی لەسەر زۆری بەشداریی هاوڵاتیان کردەوە و دژی "ئەندازەییکردنی هەڵبژاردن" بوو، تەنانەت نوێنەرەکانی (وەک عەلەمولهودا) بەشدارینەکردنیان بە کافربوون لەقەڵەمدەدا. ئەڵبەت ئەوکاتە گرەوکردن لەسەردەنگی خەڵک بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە وا لەقەڵەم دەدرا ڕێژەی بەشداریی خەڵک زۆر کەم بێت و دەوڵەت ئاشتکردنەوەی خەڵک ئەولەوییەتی بێت.
دووایین هەڵبژاردنی پەرلەمان دەریخست کە ٣٥-٤٠٪ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کردووە، بەگوێرەی ئاماری ناوەندەکانی خودی ڕژێمیش بێت بەر لە هەنگاوەکەی شورای پاسەوان، ڕێژەی بەشداری خەڵک ٢٥٪ دەبێت. ئەمەش ڕێژەیەکی مەترسیدارە و دۆڵ و درزی نێوان نوخبەی شۆڕش و خەڵک ڕوون نمایش دەکات. سەرچاوەی ئەم نائومێدیەی خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ: خراپی دۆخی ئابووری، بایکۆتی حزبەنەیارەکان(چەکدار و بێچەک)، بایکۆتی زۆرینەی خەڵکی پێکهاتە غەیرە فارسەکان(کورد و عەرەب و بەلوچ)، بێزاری باڵێکی ڕیفۆرمیستەکان بەهۆی سزادانیان و ڕەتکردنەوەیان لە هەڵبژاردنەکانی ١٠ساڵی ڕابردوودا و لە هەمووی زیاتر سەرکوتکردنی خوێنینی دوو خۆپیشاندنانی دووساڵی رابردوو، زیاتر خەڵکی لە سندووقەکان ساردتر کردەوە. بۆیە سەرانی ڕژێم وەک ڕیفراندەمێک سەیری هەڵبژاردنیان دەکرد نەک ئەوەی کێ بیباتەوە.
بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان و پرۆسەی فیلتەرین نەک بەشداریی دەنگدانی گەرموگوڕ نەکرد بەڵکو نیوەی ئسوڵگەراکانیشی لە دەنگدان ساردکردەوە، هەر زووش خودی خامینەیی کەوتە بەرگری لە بڕیاری شورای پاسەوان و پرۆسەی لادانی کێبڕکێکارە ڕاستەقینەکانی وەک نەژاد، لاریجانی، تاجزادە و جەهانگیری بەڕاست لە قەڵەم دا. وتەبێژی شورای پاسەوان و نوێنەرانی خامینەیی لە وتارەکانی هەینیدا دیسانەوە نەیانشاردەوە کە دەنگدانی خەڵک گرنگ نییە و هێشتنەوە و پایەداری ئامانجی ڕژێم گرنگترە لە ڕێژەی بەشداربوون. دیارە ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئەو قسەباوەی یەکەمین ڕێبەری شۆڕشە (خومەینی) کە وتی "پێوەر دەنگی خەڵکە" و ئەم وتەیەشی تا هەنووکەش بووەتە تابلۆی شۆڕش و دروشمی لیژنەی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانە. بەڵام دیارە خەڵک ئێستا تەنها مەحرەمەکانی نێودەسەڵاتن نەک هاوڵاتییان بەگشتی. 

ڕێبەری ئایندە یان گوزەرانی ئێرانییەکان
پرسیار لێرەدا ئەوەیە چی وای کرد، خامینەیی و توندئاژۆکانی نێوشۆڕش گرنگی بەشداریی خەڵک وەلابنێن و هەڵبژاردن بەجۆرێک دیزاین بکەن کە دەرچەکەی تەنها براوە ئیبراهیم ڕەئیسی بێت. 
بیرکردنەوە لە ڕووداوە خێراکان و دۆخی نێوچەکە و ئایندەی کۆماری ئیسلامی ئێران، نوخبەی مەزهەبی شۆڕش (وەک پارێزەری باوەڕی شۆڕش)و سوپا (وەک پارێزەر و توندەهێزی بەرگری لە شۆڕش)ی خستە بەردەم دوو سیناریۆ: 
١. ئامادەکاریی بۆ قۆناغی پاش خامینەیی و دیاریکردنی ڕێبەری نوێ، چونکە تەمەن(٧٩ساڵ) و نەخۆشی و نەبوونی بەدیلێکی کاریزماتیک کە جێگەی خامینەیی بگرێتەوە، بووەتە جۆرێک لە هەڕەشە لەسەر میراتگرانی شۆڕش.
٢. ئاشتکردنەوەی خەڵک و چاوپۆشی لەوەی سەرکۆمار بەدڵی ئامانجگەراکان و سوپاییەکان نەبێت. لانیکەم کەسێکی نێوشۆڕش بێت لە میانەڕەو و ڕیفۆرمیستەکان.
گەر لێدوانەکانی هەفتەی ڕابردووی خامینەیی، شورای پاسەوان، هەندێک بەرپرسی باڵای توندئاژۆ وەربگرین، دەردەکەوێت، ژووری بڕیاری سیاسیی و خودی ڕێبەرایەتی ئێران، سیناریۆی یەکەمی هەڵبژاردووە و بەلایەوە گرنگە کە ئێستا ئایندەی شۆڕش و خۆییکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار و زامنکردنی ڕێبەری ئایندە بکەنە ئامانج نەک دۆخی قەیرانی سیاسیی، ئابووریی و لێکترازانی نێوخۆیی کۆمەڵگەی ئێران. 
پرسیار ئەوەیە، ئایا کەسێتیی سەرکۆمار بۆچی لە پرۆسەی جێگرەوەی خامینەیی و ئایندەی پارێزگاریی بنەماکانی شۆڕشدا گرنگە؟
چونکە لە حاڵەتی مردن یاخود دەستلەکارکێشانەوە یان لادانی ڕێبەردا، تا ئەوکاتەی ڕێبەر دیاریی دەکرێت شورایەک (دەستەیەکی سێ کەسی) هەموو دەسەڵاتەکانی ڕێبەر مومارەسە دەکات، کە لە هەریەک لە سەرکۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان کە لەلایەن کۆڕبەندی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمەوە دیاریی دەکرێت، پێکدێت و دەسەڵاتەکانی ڕێبەر بەپێی دەستوور مومارەسە دەکات. هەرکاتێکیش ڕێبەر بەهۆی نەخۆشی یان ڕووداوێکەوە، نەیتوانی کارەکانی ئەنجام بدات، دیسانەوە بە شێوەی کاتی لەو ماوەیەدا ئەو شورایەی ئاماژەی پێدرا، ئەرکەکانی وەئەستۆ دەگرێت.(بڕوانە: ئێراننامە ٤ ، دۆسێی تایبەتی دەرەومیدیا)


بەم پێیە بێت، چوار ساڵی ئایندە، دوور نییە یەکێک لەپایەکانی جێگرەوەی ڕێبەر، سەرکۆماری ئێران بێت، لەم حاڵەتەدا ناکرێت کەسێک بێت لەنێو مەحرەم و باوەڕدارەکان بە بنەماکانی تونئاژۆکانی نێوشۆڕش نەبێت و وەلای بۆ خامینەیی ڕەها نەبێت.
گەر دیققەتیش بدەین لەو سێ دەزگایەی ئەرکی بەڕێکردنی کارەکانی ڕێبەر لە نەبوونیدا ڕادەپەڕێنن، تەنها سەرۆکایەتی کۆمار ماوە بەدڵی بەیتی ڕێبەری نەبێت (چونکە ڕۆحانی زۆرتر بەرهەمی هاوپەیمانێتیی ناچاریی بەرژەوەندیگەراکان+ موحافیزکارە میانڕەوەکان و ڕیفۆرمیستەکان بوو). دووساڵی ڕابردوو بەهۆی فلتەرکردنی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، توندئاژۆکان ئەوێیان لەدەستی ڕیفۆرمیست و میانڕەوەکان دەرهێنا، ئەنجوومەنی شارەزایانیش دەمێکە وەلایەکی موتڵەقی بۆ ڕێبەرایەتی و توندئاژۆکان یەکلاکردووەتەوە. ئێستاش بەم دیزاین و ئەندازەکردنەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، دیارە ئەوێش یەکلادەبێتەوە بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی کە هەم جێگری ئەنجومەنی شارەزایانە و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی هەنووکەیی، هەم پۆستی سەرۆککۆماریش لەبەرژەوەندی توندئاژۆکان وەردەگرێتەوە.
بەم پێیە بێت، لە کۆی کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی دەسەڵات لە ئێراندا: سەرۆکایەتی کۆمار، پەرلەمان، دادوەریی، ئەنجوومەنی شارەزایان، شورای پاسەوان، سوپا، میدیای دەوڵەت و...تاد بە یەک هارمۆنی و یەک ڕەوت لە مانگی داهاتووەوە کۆرسێکی هەماهەنگ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێکدەهێن و دیاریکردنی ڕێبەری ئایندەش دژوار نابێت، کە یار و نەیاری نێوخۆیی و دەرەکی گرەوی لەسەر دەکەن و پەیوەستی دەکەنەوە بە مان و نەمانی شۆڕشەوە.
لەبەر ئەو فاکتانەی باس کران، ئەوەبوو سەرچاوەی ئەو بارگۆڕانە لە دیدگای نوخبەی دەسەڵاتی ئێراندا، لە زۆری بەشدارییکرنی خەڵکەوە بۆ فەرامۆشکردنی خەڵک و ڕووکردنە بیرکردنەوە لە ڕێبەری ئایندەی شۆڕش، بە واتایەکی دیکە لای نوخبەی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە، ئەوەی پاڵنەرە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەرلەوەی بۆ خزمەت و پابەندبوون بە دەنگی خەڵک و گوزەرانیانەوە بێت، بیرکردنەوەیە لەوەی کێ دەبێتە سەرکۆمار، تا ببێتە ئەندامێکی لیژنەی سێکووچکەیی قۆناغی پاش مەرگی ڕێبەری هەنووکەیی.

ئێراننامە (٧)
زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو.

 

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی

ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی

ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand