Draw Media

وەزارەتی دارایی تەنیا 80 ملیار دیناری بۆ موچە لەبەردەستە

وەزارەتی دارایی تەنیا 80 ملیار دیناری بۆ موچە لەبەردەستە

2021-05-24 19:52:57


درەو:
وەزارەتی دارایی پارەی لەبەردەستدا نیە بۆ دابەشكردنی موچەو هێشتا پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ نەگەیشتووەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی، بۆیە بە دوو رۆژ تەنیا موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەكات.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە (درەو)ی راگەیاند: تا ئێستا بەپارەی داهاتی نەوت و ناوخۆ تەنیا (80 ملیار) دیناری خراوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی، كە دەبوو (300 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت و زیاتر لە(300 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆ بخرایەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە. 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد كە وەزارەتی دارایی هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەر تا پارەی تر پەیدا بكەن ئەگەرنا توانای دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكانی دیكەیان نیە، لەبەر ئەوەی پێشتر بڕیاردراوەكە 30 رۆژ جارێك موچە دابەشبكرێت، بۆیە ئەمڕۆ بڕیاردرا سبەینێ و دووسبەی موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشبكرێت و بۆ موچەی وەزارەتەكانی تر پارە  لەبەردەست نیە، دەیانەوێت كاتەكە بگاتە هەفتەی داهاتوو بۆ ئەوەی پارە بێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی رایگەیاند لە رۆژی سێشەممەو چوارشەممە بە میكانیزمی مانگی رابردوو (21%) موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەكرێت.
موچەی وەزارەتی تەندروستی مانگانە ( 50 ملیارو 520 ملیۆن) دینارە و بەلێبڕینەوە نزیكەی (40 ملیار) دینارە واتا لە (80 ملیار) دینارەكە تەنیا ( 40 ملیار) دینار دەمێنێتەوەو بەشی موچەی هیچ یەك لەو وەزارەتانە ناكات كە مانگی پێشوو لە25/4/2021 لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی موچەیان وەرگرتووە.
مانگی رابردوو لە رۆژی یەكەمدا موچەی ئەم وەزارەتانە دابەشكرا :
(تەندروستی، ناوخۆ، پێشمەرگە، دارایی) 
رۆژی دووەم موچەی ئەم وەزارەتانە دابەشكرا:
( وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان)
واتا مانگی رابردوو تەنیا لەو دوو رۆژەدا موچەی شەش وەزارەتی دابەشكرد كە زۆرترین موچەیان هەیەو دەكاتە (430 ملیار) دینار.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand