Draw Media

سەدات پێكەر توركیای بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە

سەدات پێكەر توركیای بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە

2021-05-22 12:35:40


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
چەكی بۆ ئەو گروپانەی سوریا نارد كە بە پشتیوانی توركیا دژی كورد شەڕیان دەكرد، هەوڵیدا گروپێك خەڵكی ئەكادیمی تیرۆر بكات كە داوای چارەسەر دۆزی كوردو دەستپێكردنەوەی دیالۆگی ئاشتییان دەكرد، ئەو دۆستی دەسەڵات بوو لە توركیا، پێیان دەوت "سەرۆك"، بەڵام ئێستا لە توركیا هەڵاتووە‌و لە دەرەوە قسە لەبارەی پەیوەندی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا‌و تێوەگلانیان لە كاری نایاسایی دەكات، ئەو (سەدات پێكەر)ە، پیاوێك كە ئێستا رایگشتی توركیای بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە. 

رۆژنامەنوسەكەی ئەنادۆڵ
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركیا، رۆژنامەنوسێكی خۆی لەكارەكەی دورخستنەوە بەهۆی ئەوەی پرسیارێكی "شەرمەزاركەرانە"ی ئاڕاستەی دوو وەزیری حكومەتی توركیا كرد. 
پرسیاری رۆژنامەنوسەكە پەیوەندی بە هەندێك تۆمەتی مەترسیدارەوە هەبوو، كە سەركردەی یەكێك لە گروپە مافیاكانی توركیا ئاڕاستەی سلێمان سۆیلۆی وەزیری ناوخۆی توركیا كردووە. 
ماوەی سێ هەفتەیە توركیا لەناو مشتومڕی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیدایە، كە (سەدات پێكەر ) سەرۆكی یەكێك لە گروپە مافیاكان بڵاویكردوەتەوە، سادات ماوەیەكە لە توركیا هەڵاتووە‌و لە دەرەوە دەژی. 
لەم گرتە ڤیدیۆیانەدا سادات بەكر، وەزیرەكان‌و بەرپرسانی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا تۆمەتبار بەوەی تێوەگلاون لە تاوانكاریی‌و گەندەڵی جۆراوجۆردا. 
لە یەكێك لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا سادات بەكر دەڵێ، سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا پاسەوانی بۆ داناوە‌و ساڵی رابردوو سۆیلۆ زانیاریی پێداوە كە دادگا، دۆسیەی لێكۆڵینەوەی لەسەر كردوەتەوە، بەو هۆیەوە توانیویەتی لە توركیا هەڵبێت‌و نەكەوێتە دەست هێزە ئەمنییەكان.
سەرباری ئەوەی وەزیری ناوخۆی توركیا ئەم تۆمەتانە رەتدەكاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەم گرتە ڤیدیۆییەوە كەوتوەتە ژێر فشاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كە داوا دەكەن دەستلەكاربكێشێتەوە، سۆیلۆ كە یەكێك لە بەهێزترین پیاوەكانی ناو حكومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانە، تائێستا رەتیدەكاتەوە دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە. 
ئێوارەی دوێنێ وەزیری پیشەسازی‌و وەزیری كشتوكاڵ پیكەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان كرد، لەم كۆنگرەیەدا رۆژنامەنوسێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ بەناوی (موسعەب تۆران) لەبارەی ئەو تۆمەتانەی كە سادات بەكر ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی كردووە، پرسیاری لە وەزیرەكان كرد. 
وەزیرەكان سەرسوڕمانیان پێوەدیار بوو كاتێك رۆژنامەنوسەكە لێی پرسین، ئایا حكومەت هیچ پلانێكی هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ئابڕوچونەدا كە تێیدا وەزیری ناوخۆ ناوی لەناو هەندێك هەڵەی ئەخلاقی مەترسیداردا هاتووە ؟
دوای ئەم پرسیارە، وەكو كڵپەی ئاگر، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی توركیا گرتەی ڤیدیۆیی ئەم بەشەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە بڵاوبووەوە، لەیەكەم كاردانەوەدا، ئاژانسی ئەنادۆڵ بەیاننامەیەكی دەركرد‌و تێیدا رایگەیاند، موسعەب تۆران بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی پێشێلكردووە‌و پروپاگەندەی سیاسی كردووە، بۆیە لە ئاژانسەكە دەركراوە، لەمە زیاتریش ئاژانسی ئەنادۆڵ رۆژنامەنوسەكەی خۆی رەوانەی بەردەم داواكاری گشتی كردووە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەگەڵدا بكرێت سەبارەت بەوەی ئایا پەیوەندی لەگەڵ هیچ گروپێكی تیرۆرستیدا هەیە یاخود نا. 
فەخرەدین ئەلتون بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەوانەی دەیانەوێت لە شكۆی دەوڵەتەكەمان كەمبكەنەوە، باجەكەی دەدەن".
سادات بەكری سەركردەی مافیای توركیا لەهەموان زیاتر خۆشحاڵ بوو بە پرسیاری رۆژنامەنوسەكەی ئەنادۆڵ، بۆیە هەرزوو ڤیدیۆی پرسیاری ئەو رۆژنامەنوسەی لە كەناڵەكەی خۆی لە یوتیوب بڵاوكردەوە. 

سەدات پێكەر كێیە ؟
سادات بەكر كە بە رێبەری مافیای توركیا ناودەبرێت‌و ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە رایگشتی توركیای بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، ساڵی 1971 لە ویلایەتی سكاریا لەدایكبووە.
لەماوەی ژیانیدا، سادات چەندجارێك زیندان كراوە‌و دواتر ئازادكراوە، دواینجارەكان كە زیندان كراوە لەساڵەكانی (2005- 2007-2017)دا بووە. 
تاوەكو بەر لە هەڵاتنی لە توركیا، سادات بەكر خاوەنی پێگەیەكی جەماوەریی بەهێز بوو، تائەو رادەیەی لەناو خەڵكدا بە "سەرۆك سادات" ناوی دەهێنرا. 
ساڵی رابردوو، ژمارەیەك سەربازی سوپای توركیا لەیەكێك لە بنكە سەربازییەكاندا، گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاوكردەوە كە تێیدا پیرۆزبایی رۆژی لەدایكبوون لە سەدات پێكەر  دەكەن‌و دەڵێن" رۆژی لەدایكبونت پیرۆز سەرۆك. دەستت ماچ دەكەین.. ئەمڕۆ رۆژی لەدایكبونی سەركردەكەمانە..".
بەهاری 2018دا میدیاكانی توركیا هەواڵێكیان لەبارەی سادات بەكر بڵاوكردەوە كە باسی لەوە دەكرد، سادات ژمارەیەك ئۆتۆمبیل‌و قەڵغانی گوللەنەڕی بەخشیوە بەو گروپە چەكدارانەی سوریا كە بەپاڵپشتی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان شەڕ دژی كورد دەكەن. 
بەگشتی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە، سادات بەكر ناوێكی ناسراوی توركیایە وەكو گەورەترین رێبەری مافیا. 
بەمدواییە دادگای تاوانەكانی توركیا ئەستۆپاكی بۆ سادات بەكر دەركرد لەسەر كەیسێك، كە پەیوەندی بە هەڕەشەكردنی ساداتەوە هەبوو لە گروپێك خەڵكی ئەكادیمی، ئەم كەسە ئەكادیمیانە دوایان كردبوو سەرلەنوێ گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان دەوڵەتی توركیا‌و كورددا دەستپێبكاتەوە بەمەبەستی چارەسەری دۆزی كورد. 
سادات كە كەسێكی نزیك بوو لە دەسەڵاتدارانی توركیا، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە، لە توركیا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، تۆمەتباركراوە بە تێوەگلان لە "تاوانی رێكخراو"‌و "بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان"‌و "بەئامانجگرتنی كەسانی ئەكادیمی‌و خەڵكانی مەدەنی".
چەند ساڵێك بەر لە هەڵاتنی لە توركیا، بەدیاریكراویش لە شوباتی 2020دا، سەدات پێكەر خۆی وەكو یەكێك لەو كەسانە دەناساند كە نزیكە لە دەسەڵاتدارانی توركیا، چ پارتی دادو گەشەپێدانی رەجەب تەیب ئەردۆغان چ بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست كە هاوپەیمانی ئەردۆغانە، چەندین لێدوانی هەیە كە تێیدا پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو دوو پارتە رادەگەیەنێت، وێنەیەكیشی هەیە كە بەدەستێكی دروشمی "بۆزكورت"  واتە "گورگی خۆڵەمێشی"‌و بەدەستەكەی تری دروشمی "چوار پەنجەكە"ی بەرزكردوەتەوە، كە یەكەمیان ئاماژەیە بۆ بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست‌و دووەمیش دروشمی پارتی دادو گەشەپێدانی رەجەب تەیب ئەردۆغانە. 
بۆیە ئێستا هەڵگەڕانەوەی لەو مێژووە، جۆرێك لە شۆكی لەناو خەڵكی توركیا دروستكردووە، تائێستا هۆكاری سەرەكی ئەم هەڵگەڕانەوەی سادات بەكر نازانرێت، بەتایبەتیش كە ئەو تۆمەتانەی لەلایەن بەرپرسانەوە ئاڕاستەی كراون، ماوەی نزیكەی 10 ساڵ دەبێت لە توركیا وێنەیان نەبووە. 

كاتێك سەدات  قسە دەكات !
رۆژی 9ی مانگی رابردوو، هێزە ئەمنییەكانی توركیا ئۆپراسیۆنێكی فراوانیان ئەنجامدا بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە پەیوەندییان لەگەڵ سەدات پێكەر  هەبوو لە ویلایەتە جیاوازەكان، بەدیاریكراویش لە ئیستانبوڵ. 
یەكێك لەو شوێنانەی كە هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتایە سەری، ڤێلاكەی سادات بوو لە ناوچەی "بیكۆز" لە شاری ئیستانبوڵ‌و ئەندامانی خێزانەكەیان پشكنی. 
ئاژانسی (ئەنادۆڵ) كە میدیایەكی نیمچە فەرمی توركیایە، سەرەتای مانگی رابردوو رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی توركیا ئۆپراسیۆنێكیان ئەنجامداوە دژی ئەندامانی "تاوانی رێكخراو"، لەم هەڵمەتەدا (25) كەس لە چەند ویلایەتێك دەستگیركراون، كە پەیوەندییان بە سەدات پێكەری رێبەری مافیای توركیاوە هەیە. 
ئەنادۆڵ باسی لەوەكردبوو، ئەو كەسانەی دەستگیركراون، تێوەگلاون لەچەندین تاوانی وەكو دروستكردنی رێكخراوی تاوانكاریی، تاڵانی، وەرگرتنی بەرتیل، هەڕەشە‌و بێبەشكردنی خەڵك لە ئازادی.
دوای ئەم رووداوانە ئیتر سادات بەكر بۆی بۆ رانەگیراو، دەستیكرد بە بڵاوكردنەوەی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (یوتیوب).
لە گرتەی یەكەم‌و دووەمدا، سەدات پێكەر باسی لەوەكرد، دوای ئەوەی لە توركیا چوەتە دەرەوە، ئێستا لە ئیماراتی عەرەبی دەژی، بەڵام وردەكاری زیاتری لەبارەی چۆنیەتی گەیشتنی بە ئیمارات ئاشكرا نەكرد. 
بە بڵاوكردنەوەی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆی تر، سادات رایگشتی توركیای وروژاند، بەتایبەتیش كە ناوی چەندین كەسایەتی سیاسی‌و حزبی ناسراوی توركیا دەهێنێت كە تێوەگلاون لە كاری نایاسایی‌و پێشێلكاریی ناڕەوا. 
سادات ژێری بەڕەكەی هەڵدایەوە، یان وەكو ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان توركیا دەوترێت "قەدەغەكراوەكانی شكاند"، باسی كەسانێك دەكات كە لە توركیا رێگەپێدراو نییە قسەیان لەسەر بكرێت لەوانە سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆو گروپی میدیایی "بلیكان" كە گروپێكی نزیكە لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدارەوە هەروەها (بیرات بەیرەق)ی زاوای ئەردۆغان‌و محەمەد ئەغاری وەزیری ناوخۆی پێشوو لەگەڵ كوڕەكەی كە پەرلەمانتاری پارتی دادو گەشەپێدانە. 
لەبارەی وەزیری ناوخۆی پێشووی توركیاوە، سادات دەڵێ:" ئەم پیاوە دەستی خستوەتە ناو سەروەت‌و سامانی دەوڵەمەندترین پیاوی توركیا‌و "مارینا بۆدروم"ی گەشتیاریی، كە ملیۆنان دۆلاری هەیە. 
سادات دەڵێ، لەدوای هەڵمەتە ئەمنییەكەی ئەمدواییەوە، گروپەكەی ئەغارو بلیكان دەستیان تێكەڵكردووە بۆ پلانگێڕان لەدژی ئەو، هاوكات هێرش دەكاتەسەر (سەرهاد بەیرەق) كە خاوەنی گروپی میدیایی "تركواز"ە‌و برای بیرات بەیرەقی زاوای رەجەب تەیب ئەردۆغانە، سەرهاد تۆمەتبار دەكات بەوەی میدیا‌و تەلەفزیۆنەكانی كردووە بە بڵندۆگۆ بە شێواندنی ناوبانگی ئەو، سادات بە سەرهاد دەڵێ:" تۆ ساڵی 2014 لە مەخفەردا ئێسكی فەوزی ئیشباشاران-ت شكاند بەهۆی ئەوەی جنێوی بە ژنەكەی سەرۆك كۆمار دابوو، كە خەسوی براكەتە". 
لەبارەی سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی ئێستای توركیاشەوە، سادات باسلەوە دەكات، سۆیلۆ بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی كە لەگەڵ بنەماڵەی ئەوان هەیبووە، لەناو ریزەكانی پارتی "رێگای راست"ەوە سەركەوێت بەرلەوەی بچێتە ناو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە ساڵی 2012. 
سەدات پێكەر  لەبارەی هەڵاتنی لە توركیا دەڵێ:" سۆیلۆ هاوكاری كردم لەوەی پۆلیس دەستگیرم نەكات‌و لە توركیا هەڵبێم، چونكە ئاگاداری كردم كە دۆسیەی لێكۆڵینەوەم لەسەر كراوەتەوە". 
سەدات پێكەر  رووی دەمی دەكاتە وەزیری ناوخۆی توركیا‌و دەڵێ:" لەم ماوە كورتەدا چی گۆڕاوە ؟ مەگەر تۆ نەبووی پارێزگاری پۆلیست پێدام‌و پاشان دوای ساڵێكیش ئەم پاراستنەت درێژكردەوە ؟".
لە وەڵامی ئەم قسانەی سادات بەكردا، سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا لە تویتەری خۆی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" ئەگەر ئەو تۆمەتانەی كە سەدات پێكەر  خستویەتیە پاڵم بسەلمێندرێت، من ئامادەم بچمە سەر كورسی لەسێدارەدان". 
لایەنگرانی حكومەت‌و پارتی دەسەڵاتدار دەڵێن، ئەو قسانەی كە سادات لەبارەی وەزیری ناوخۆوە دەیكات بەهۆی ئەوەیە كە ئەمساڵانەی دوایی وەزیری ناوخۆ كۆتایی بە هەژموونی زۆرێك لە گەورە مافیاكانی توركیا هێناوە‌و ئێستاش لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوامە. 

ئۆپۆزسیۆن لەسەر خەتە 
قسەكانی سەدات پێكەر  لەبارەی بەرپرسانی حكومەتەوە، رووداوی "سوسورلوك"ی بەبیری خەڵك‌و سیاسەتمەدارانی توركیا هێنایەوە، روداوێك كە ساڵی 1996 رویدا‌و پەیوەندی نێوان هەندێك لە پەرلەمانتارانی توركیا بە گروپە مافیاكانەوە ئاشكرا كرد. 
رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 1996 رووداوێكی هاتوچۆ لە ناحیەی "سوسورلوك" لەنێوان بۆرسا‌و بالیك ئەسیر رویدا، لەناو ئەو ئۆتۆمبیلەی كە توشی رووداوی هاتوچۆ بوو، سەدات پێكەر  ئەدیب بوجاك پەرلەمانتاری پارتی "رێگای راست"‌و حسێن كوجاداغ بەڕێوەبەری ئەكادیمیای پۆلیس لە ئیستانبوڵ‌و عەبدوڵا چاتلی سەركردەی مافیا هەبوون، ئەم رووداوە پەیوەندی سیاسییەكانی لەگەڵ گروپە مافیاكان ئاشكرا كرد، ئەو سەردەمەی كە ئەم رووداوەی تێیدا رویدا، توركیا لە شەڕێكی قورسدا بوو دژی پارتی كرێكارانی كوردستان، دەزگای هەواڵگری توركیا سودی لە مافیاكان وەردەگرت بۆ تیرۆركردنی سەركردەكانی كورد. 
تۆمارە ڤیدیۆییەكانی سەدات پێكەر  لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا، كاردانەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی بەدوای خۆیدا هێنا. 
كەمال كلیچدارئۆغلۆ رێبەری پارتی كۆماری گەل، لەبارەی قسەكانی ساداتەوە وتی:" هەڕەشەكانی ئەمدواییە، قەیرانی بەڕێوەبردنە.. چەندین كەسایەتی ناو حكومەت‌و پارتی دەسەڵاتدار ملكەچ بوون بۆ فەرمانی هەندێك لایەن".
میراڵ ئەكشنار سەرۆكی پارتی "چاكە " دەڵێ:" ئەو قسانەی كە سادات بەكر دەیانكات، ئابڕوچونێكی گەورەیە‌و بەهەموو واتایەك مۆری شەرمەزارییە، چونكە ناكرێت لەلایەك دەوڵەتی قوڵ هەبێت‌و لەلاكەی تر دەوڵەتی تەنك.. دەوڵەت نابێت لەچوارچێوەی یاسایی خۆی دەربچێت".
عەلی باباجان سەرۆكی پارتی دیموكراتی‌و پێشكەوتن ئاماژە بەوەدەكات، ئەو قسانەی كە سەدات پێكەر  كردویەتی، رۆژگاری نەوەدەكانی سەدەی رابردووی بیرخستونەتەوە، كە ئەوكات پەیوەندی نێوان دەوڵەت‌و سیاسیەت لەگەڵ مافیاكان زۆر تێكئاڵاو بووە، بۆیە " دوای چوار دەیە دووبارەبونەوەی ئەم رووداوانە، جێگەی داخ‌و نیگەرانییە". 
ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆكی پارتی "ئایندە"ش سەرباری ئەوە درەنگتر قسەی لەسەر كەیسەكەی سەدات پێكەر  كرد، بەڵام وتی:" پەیوەندی مافیا سیاسییەكان دیاردەیەكە كە دەوڵەت وێران دەكات، ئێمە شایەتی تۆڕێكی تری لەوجۆرین كە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، كەرامەتی دامەزراوەكانی دەوڵەتەكەمانی وێران كرد". 

بیردۆزی پیلانگێڕیی !
لەناو ئەو مشتومڕەی كە لەبارەی قسەی سەركردەیەكی مافیاوە دروستبووە، نوسەرو رۆشنبیرەكانی نزیك لە پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا لە میدیاكانی خۆیانەوە وتار دەنوسن‌و بە بیرۆدزی پیلانگێڕی لێكدانەوە بۆ قسەكانی سادات دەكەن، ئەوان دەڵێن سادات بۆیە چوەتە ئیماراتی عەرەبی، چونكە ئیمارات لەسەر كێشەی میسرو ئیخوان موسلیمین لەگەڵ توركیا لە كێشەدایە، ئیمارات لەم رێگەیەوە دەیەوێت زیان بە ناوبانگی توركیا‌و سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان بگەیەنێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand