ژەهرەکانی سیاسەت
2021-11-03 17:56:13
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
دوو شت دوژمنی سەرەکی سیاسەتن و وەکی ژەهری سیاسیی وێنادەکرێن، یەکەمیان نامەوزوعییەتە و دووهەمیشیان نابەرپرسیارێتییە. نامەوزوعییەت و نابەرپرسیارێتیی دوو هەڵەی گەورەن کە دەرئەنجامی خراپەکارییەکانیان بەقەد کردەیەکی نایاسایی قورسە. واتە لەو چرکەساتەی سیاسەتمەدار بڕيارێكی نابەرپرسیارانە دەردەكات کە هیچ بناغەیەکی مەوزوعیی نییە، راستەوخۆ وابەستەی خواستە شەخسیی و گرێ سایکۆلۆژییەکانی کەسەکەیە. ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن تەنها لە وڵاتە دیکتاتۆر و سوڵتانییەکاندا بوونی هەیە، چونکە قسە و بڕیارەکانی کەسی حاکم یان سوڵتان، با نامەوزوعیی و نابەرپرسیاریش بن، بەها و حوکمی یاسایان هەیە.
کۆمەڵگا دیموکراسییەکان بۆ ناوەوەی خۆیان دیموکراسیین و هاوڵاتیانیشی بەردەوام لە خەباتدان بۆ پاراستنی بەهاکانی و گەورەکردنەوەی رووبەرەکانی. هەر ئەم واقیعەشە وادەکات کە ئەم کۆمەڵگایانە خۆیان بە „کۆمەڵگای بەها“ لەقەڵەمبدەن و شانازییش بەو بەهایانەوە بکەن. بۆنموونە یەکێتی ئەوروپا خۆی بە کۆمەڵگایەکی بەهادار نماییشدەکات و ئەو بەهایانەشی شانازییان پێوەدەکات بریتین لە رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی مافەکانی، ئازادیی، دیموکراسیی، یەکسانیی، دەوڵەتی قانون.
لە دونیای ئێمەشدا ئەو بەهایانەی سیاسەت کاریان پێدەکات بەهای فیکریی و سیاسیی و یاسایی نین، بەڵکو بەهای شەخسیین، بۆنموونە لای یەکێتییەکان گەورەترین بەها، رێبازی مام جەلالە و لای پارتییەکان رێبازی مەلا مستەفای بارزانییە و لای گۆڕانخوازەکانی ئێستاش رێبازی نەوشیروان مستەفایە. بەم شێوەیە لە دونیای ئێمەدا شتێک نییە بەناوی بەهای فیکریی و سیاسیی و یاسایی وەک دەق لەسەری ڕێککەوتبین و لەکاتی ململانێدا بۆی بگەڕێینەوە، بۆئەوەی مافەکان و سزاکان لەوێوە سەرچاوەبگرن، بەڵکو بەدەیان تولەرێگا دەمانگەڕێننەوە بۆ بەها کاریزمییەکانی باو و باپیرە سیاسییەکان، بۆئەوەی شەرعییەت بە هەموو هەڵەیەکی ستراتیژی و بڕیارێکی نایاسایی و شەخسیی بدرێت.
ماکس ڤێبەر لە کتێبە بەناوبانگەکەی (سیاسەت وەک پیشە) سێ خەسڵەتی سەرەکیی بۆ سیاسەت دیاریکردووە، یەکەمیان خەسڵەتی شەغەفە، واتە سیاسەت پێشئەوەی پیشە بێت، خۆشەویستیی و حەزێکە بێ دەستکەوتی شەخسیی بۆ ئەو کارەی کە دەیکەیت. بە مانایەکی تر دوو جۆر سیاسەتمەدارمان هەیە، جۆرێکیان بۆ سیاسەت دەژی و تایپەکەی تریش پێی دەژی. دووهەم خەسڵەتی سیاسەت بریتییە لە هەستی بەرپرسیارێتیی، واتە کەسی سیاسەتمەدار دەبێت بەرپرسیارێتیی هەموو بڕیارەکانی هەڵبگرێت و نابێت هیچ بڕیارێکی ببێتە هۆکاری هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگاکەی و مەترسیی بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتیی. سێهەمیشیان وردبینییە، واتە مەوزوعییەت لە سیاسەتکردن و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتدا. ئەوەی جێگای سەرنجە لە دونیای ئێمەدا هیچ یەکێک لەم خاڵانە بوونی نییە و جیهانی سیاسەتی کوردیی بە هەموو ئەو خەسڵەتانە نامۆیە، گەر هەشبێت بەپێچەوانەوەیە. واتە گەر شتێک لای سیاسیەتمەدارانی ئێمە هەبێت ناوی شەغەف بێت، ئەوا شەغەفە بۆ دەسەڵات و پارە و سێکس و خواردن و خواردنەوە و ڕاوکردن و کەمالییات (لوکسز).
مەترسییدارترین ژەهر بۆ سیاسەت بریتییە لە لەخۆباییبوون یان غرور. کێشەی لەخۆباییبوون تەنها ئەوە نییە کە پەیوەندی مەوزوعیی نێوان سیاسەتمەدار و دەوروبەری دەشێوێنێت، بەڵکو پەیوەندی سیاسەتمەدار بەخۆشیە وێراندەکات. لای ماکس ڤێبەر سیاسەت کردەیەکی عەقلانییە و بە کەللەسەر دەکرێت نەک پارچەکانی تری جەستە یان بە روح. بۆیە هەموو کردەیەکی سیاسیی کە سەرچاوەکەی غرور بێت مانای ونکردنی هەموو مەسافەیەکە لەنێوان سیاسەت و سایکۆلۆژیای شەخسیی.
ئەوەی سیاسەتمەداری مۆدێرن پێویستی پێیەتی تەنها شەغەف و بەرپرستارێتی و وردبینیی نییە، بەڵکو دروستکردنی دیستانس یان مەسافەیە هەم لەگەڵ شتەکان و هەم لەگەڵ خۆیدا. بەمانایەکی تر سیاسەتمەدار نابێت دوای حەماسەت و حەز و سایکۆلۆژیای خۆی بکەوێت لەوەش خراپتر بڕیارەکانی نابێت لە غرور یان خودئەڤینییەوە سەرچاوە بگرن. ماکس ڤێبەر ڕای وایە کە هەڵپەی دەسەڵات یەکێکە لە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی سیاسەت. هەڵپەی دەسەڵات وادەکات زۆرینەی ئەو بڕیارانەی لەلایەن سیاسەتمەدارەکانی ئێمەوە دەدرێن، ئەوەندەی هەڕەشە بۆ سەر گۆمەڵگا دروستدەکات، هێندە گواستنەوەی کۆمەڵگا نییە لە دۆخێکی نائارامەوە بۆ دۆخێکی سەقامگیر، چەندە بەناوی دروستکردنی یەکڕیزیی و یەکانگیریی حیزب و نەتەوەوە پیادەبکرێت، ئەوەندەش پشێویی و دڵەڕاوکێ لە وڵاتدا دروستدەکات. لە بڕیاری ریفراندۆمەکەی بارزانییەوە تادەگات بە بڕیارەکانی پاڤڵ تاڵەبانیی بۆ پاکسازیی لەناو حیزبە بۆماوەکەی باوکی، زنجیرەیەکن لە ناوردبینیی و هەڵپەی دەسەڵاتی تاکخوازانە و هاوکات بەرجەستەکەری دوو مۆدێلن لە غرور و ناعەقلانییەتی سوڵتانیزمی نەوەی کۆن و نوێ کە راستەوخۆ بە سایکۆلۆژیای سەرۆکەکانیانەوە بەستراوەتەوە.
سیاسەتمەدار دەبێت توانای قسەکردن و نووسینی هەبێت بۆئەوەی پەیام و ئایدیاکانی بگەیەنێت بە هاوڵاتیانی یان لانی کەم ئەندامانی حیزبەکەی. سیاسەتمەدارەکانی ئێمە نە قسەکەری باشن و نە تاقەتی خوێندنەوەیان هەیە و نە توانای نووسینیشیان هەیە، ئەو پێگە ئابووری وسیاسییە گەورەیەی هەیانە لەلایەکەوە دەرئەنجامی رێکەوتێکی بایەلۆژییە کە لەناو خێزانێكی سیاسییدا لەدایکبوون، لەلایەکی ترەوە وابەستەی ئەو تەوریسە سیاسییەیە کە لە حیزبەکەی باوانیانەوە بۆیان ماوەتەوە. زۆرینەی ئەو سیاسەتمەدارانەی ئێمە کە چارەنووسی سیاسیی ئەم هەرێمەیان بەدەستەوەیە نەک نووسەر و ڕۆشنبیرەکانی وڵاتانی دراوسێ و دونیا ناناسن، بەڵکو نووسەر و رۆژنامەنووسەکانی خۆشیان ناناسن.
لە وڵاتی ئێمەدا شتێک نییە بەناوی دیموکراسیی تاوەکو قسە و کردار و بڕیاری سیاسەتمەدارەکانمان بەهاکانی دیموکراسییەت بخەنە مەترسییەوە. ساڵانێکە هەرێمی کوردستان بەدەست ئەم نەخۆشیی و ژەهرە سیاسییانەی ناو دەسەڵاتدارێتیی کوردییەوە دەناڵێنێت کە ماکس ڤێبەر بۆ سیاسەتی دەستنیشانکردووە. لە ئێستاشدا بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کولتووری ژەهردەرخواردکردنی یەکتر لەناو نوخبەی سیاسیی و خێزانە سیاسییەکاندا دەرئەنجامی ئەو فەزا ژەهراوییەیە کە حەزی دەسەڵات و کێشەی تەوریسی سیاسیی لەم ساڵانەی دواییدا بەرهەمیهێناوە. هەم حکومەتی هەرێم و هەم پەرلەمانەکەشی وەک دوو „یانەی ڕاوکەرانی پۆست“، جگە لە „داهۆڵێکی سیاسیی“ هیچ ڕۆڵێکی تریان لەم دیاردە مەترسییدارەی ناو یەکێتی نییە، چونکە وەک کێشەیەکی تایبەتی ناو ماڵێکی سیاسیی تەماشایدەکەن، نەک وەک مەترسییەک بۆ ژەهراوییکردنی کۆی فەزای سیاسیی لە هەرێمدا کە هەموویان بە بڕ و قوڵایی جیاواز لە دروستکردنیدا لێی بەرپرسیارن.