Draw Media

ئێران پشیوانی بەرھەم ساڵح دەکات

ئێران پشیوانی بەرھەم ساڵح دەکات

2021-11-06 20:25:50


راپۆرت: درەو
وەفدی پارتی بەر لەوەی بگاتە بەغداد بۆ دانوستان لەبارەی پێکھێنانی حکومەت، سەردانی تارانی کردووەو لەوێ ئیسماعیل قائانی بینیوە، ئێرانییەکان تائێستا بەدیلی باشتر لە بەرھەم ساڵحیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نەدۆزیوەتەوە، لە کێشەکانی ناو یەکێتی بێئومێدبوون، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

دانوستانی پێش ئەنجام
ھێشتا دادگای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەسەند نەکردووە، لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردووە.
سەدر ئێوارەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو گەیشتە بەغدادو لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی یەکەمین ھێزی براوەی سوننەکان و دووەم گەورە براوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کۆبووەوە. دواترو بە جیاجیا لەگەڵ عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی و وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان دیداری کرد، بەڵام ھیچ یەکێک لە ھێزە شیعە ناڕازییەکانی ناو "چوارچێوەی ھەماھەنگی"ی نەبینی، ئەمە لە حاڵێکدایە کوردو سوننە چاوەڕێن سەدر سەرەتا پرسی پێکھێنانی حکومەت و کاندیدی سەرۆک وەزیران لەناو ماڵی شیعەو لەگەڵ ئێرانییەکان یەکلا بکاتەوەو دواتر لەگەڵ ئەماندا دەست بە دانوستان بکات.

ئێران ھۆشداری بە پارتی و یەکێتی دەدات !
بەپێی ئەو زانیارییانە کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لەناو پارتی و یەکێتی دەست (درەو) کەوتووە، بەمدواییە وەفدێکی ئێران سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووەو لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا کۆبووەتەوەو داوای لێکردوون پەلە نەکەن لە بڕیاردن بۆ گرێدانی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکی شیعەی عێراق، لەمەشدا بە دیاریکراوی مەبەستیان لە موقتەدا سەدر بووە کە وەکو براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن دەیەوێت لە دەرەوەی ئیتیفاقی ناو ماڵی شیعە کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی نوێی عێراق لەگەڵ حەلبوسی و پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بکات و بە فەرمی مافی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت وەربگرێت.

وەفدی پارتی لە تاران بووە
چەند رۆژێکە وەفدێکی پارتی بە سەرۆکایەتی ھۆشیار زێباری بەسەردانێک لە بەغدادەو دەستی بە گفتوگۆکردن کردووە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.
سەرچاوەیەکی باڵا لەناو پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، وەفدی پارتی بەر لەوەی سەردانی بەغداد بکات، رۆژی سێ شەممەی رابردوو سەردانی تارانی کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، وەفدەکەی پارتی کە سەردانی تارانی کردووە پێکھاتووە لە ھەریەکە لە (ھۆشیار زێباری، فازل میرانی، رێبەر ئەحمەد، پشتیوان سادق)، لەوێ چاویان بە (عەلی شەمخانی) سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و وەزیری (ئیتڵاعات) کەوتووە.
کابینەی نوێی حکومەت لە عێراق یەکەمین کابینەیە کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی دروست دەکرێت، یەکڕیزی ماڵی شیعە گەورەترین گرەوە لەبەردەم ئەو تیمە نوێیەی ئێران کە لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە لە عێراق دەستبەکاربوون، ئەمە لەکاتێکدا روودەدات ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەمجارە لە بەرژەوەندی ئەمریکییەکانەو ھێزەکانی نزیک لە ئێران ژمارەی کورسییەکانیان پاشەکشێی گەورەی کردووە، بۆیە رەنگە ئەمجارە ئێرانییەکان لە پێناو دڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناو ماڵی شیعەی عێراق، فشاری زیاتر لە کوردو سوننە بکەن.

ئێران پشتیوانی بەرھەم ساڵح دەکات !
ئێرانییەکان لەکاتێکدا ھێشتا نەیانتوانیوە سەدر لەگەڵ مالیکی و ھادی عامری بگەیەننە رێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارن.
بەپێی زانیارییەک کە لە چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە لەناو یەکێتی دەست (درەو) کەوتوون، ئێرانییەکان نیگەرانن لە بارودۆخی ئێستای ناو یەکێتی، سەرباری ئەوەی لە کێشەی نێوان ھاوسەرۆکەکاندا پاڵپشتی بافڵ تاڵەبانی دەکەن، بەڵام ناڕازین لە بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی.
یەکێک لەو بەرپرسانەی بەمدواییە ئێرانییەکانی بینیوە بە (درەو)ی وت، ئێرانییەکان بە ئاشکراو بە ئاگادری پارتی پاڵپشتی لە دانانەوەی بەرھەم ساڵح دەکەن لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لەمەش زیاتر ھەوڵیانداوە بەرھەم ساڵح لە کێشەی نێوان لاھور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانیدا بکەن بە سکرتێری یەکێتی، رەنگە ئەمە ھۆکارە سەرەکییەکە بوبێت کە بافڵ تاڵەبانی بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی بەرھەم ساڵح، بە پەلە بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی ئیمزا کردووە.
ئەوانەی ئێرانییەکانیان بینیوەو گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون دەڵێن ھەردوو خەتی (سوپا)و (ئیتڵاعات) بۆچونیان لەسەر دانانەوەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆمار باشە، ھۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ خراپی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە لای ئێرانییەکان کە وەکو کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ناویان دەھێنرێت.
بەمدواییە بەرھەم ساڵح دەیەوێت بارودخەکە بەتەواوەتی بۆ خۆی خۆش بکات، نەک ھەر ئێرانییەکان کە ماوەیەکی زۆرە پەیوەندی ژێربەژێری لەگەڵیاندا ھەیە، پارتیش وەکو ھێزی یەکەمی ھەرێمی کوردستان قایل بە دانانەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆمار بکات.
بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا مەسعود بارزانی ئەمجارە تۆڵەی گەمەی ٢٠١٨ی لێ بکاتەوە کە لە دەرەوی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت، وا دەردەکەوێت بەم سەردانانەی ئەمدواییە بۆ ھەولێر کردویەتی، بەرھەم ساڵح تاڕادەیەک بارزانی قایل کردبێت.
ئەمڕۆ وەفدی پارتی کە ھۆشیار زێباری سەرۆکایەتی دەکات، بەپێچەوانەی سەردانەکەی پێشتر بۆ بەغداد، سەردانی بەرھەم ساڵحی کرد، پارتی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بوو لە یەکێتی، بەڵام (درەو) زانیویەتی ئێرانییەکان پەیامیان بە پارتی داوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار ھێشتا ھەر پشکی یەکێتی و لای یەکێتی دەمێنێتەوە، بەڵام پارتی دەتوانێت قسەی لەسەر کاندیدەکە ھەبێت.
لەناو یەکێتیش رەنگە کوڕانی تاڵەبانی بۆ دورخستنەوەی لە کاروباری حزبی و خۆلادان لە فشارەکانی ئێران، قایل ببنەوە بە دانانەوەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆمار، بەتایبەتی ئەگەر ئێرانییەکان لە چەند رۆژی داھاتوودا بەدیلی باشتر لە بەرھەم ساڵحیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەست نەکەوێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand