Draw Media

كاركردن لە (100) مەترییەكەی سلێمانی رادەوەستێ

كاركردن لە (100) مەترییەكەی سلێمانی رادەوەستێ

2021-11-04 12:15:05


 (درەو): 
بەهۆی كەمبونەوەی داهاتەكانی سلێمانییەوە، كاركردن لە پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی لەبەردەم هەڕەشەی راوەستاندایە‌و حكومەت پارەی پێویست بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار خەرج ناكات. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كاركردن لە پرۆژەی شەقامی (100) مەتریی سلێمانی لەبەردەم هەڕەشەی راوەستاندایە.
ئەم پرۆژەیە كە ئێستا گەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزارییە لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەی ژێردەسەڵاتی یەكێتی، بەپێی قسەی سەرپەرەشتیارەكانی، لەماوەی (13) مانگ كاركردن تێیدا، رێژەی (50%)ی كارەكانی تەواو كراوە. 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە تەرخانكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە لەم پارەیە ساڵی 2020 بڕی (16 ملیار) دیناری لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجكراوە‌و لەم پارەیەش 10%ی بۆ خەرجی دڵنیایی رۆشتووە‌و كۆمپانیاكە تەنیا بڕی (14 ملیارو 400 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە، لە ساڵی 2021دا حكومەت بڕی (20 ملیار) دیناری دابین كردووە، بەڵام لەم پارەیە كۆمپانیاكە تەنیا بڕی (6 ملیارو 300 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە.
ئەوانەی ئاگاداری كارەكانی ئەم پرۆژەیەن، دەڵێن لەسەرەتای دەستپێكردنی كارەكانەوە تائێستا، بەگشتی كۆمپانیای (قەیوان) بڕی (160 ملیار) دیناری لە پرۆژەكەدا خەرج كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەرجی پرۆژەكە لەسەر داهاتەكانی سنوری سلێمانی دابین دەكرێت‌و ئێستاش داهاتەكان كەمی كردووە، حكومەت پارە بۆ كۆمپانیاكە دابین ناكات.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بەمدواییە گلەیی لە ئاستی داهاتەكانی سلێمانی هەیە‌و دەڵێ بەهۆی ئەوەی باج بەشێوەیەكی باش كۆناكرێتەوە داهاتی سلێمانی كەمیكردووە، حكومەتی هەرێمی خەرجی موچە‌و پرۆژەكانی سنوری سلێمانی هەر لەو داهاتە دابین دەكات كە مانگانە لە سنوری سلێمانی كۆدەكرێتەوە.
بۆ بەردەوامیدان بە كارەكانی لە پرۆژەی (100 مەتریی) سلێمانی، كۆمپانیای جێبەجێكار چاوی لەوەیە حكومەت پێشینەیەكی (80 ملیار) دیناری بۆ خەرج بكات، بەپێچەوانەوە رەنگە لەماوەی هەفتەیەكدا كارەكانی پرۆژەكە بەتەواوەتی رابوەستێت. 
پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە دانراوە، ئەم پرۆژەیە لەلایەن یەكێتییەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق وەكو یەكێك لە دەستكەوتە گەورەكانی سلێمانی بەكارهێنرا. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand