Draw Media

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ... لە یەك بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی 

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ... لە یەك بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی 

2021-11-04 10:38:21


راپۆرت: درەو
پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی هەڵبژاردن دەكات، تاوەكو 18ی ئەم مانگە دەبێت فراكسیۆنەكان بۆچونی حزبەكانیان بگەڕێننەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ماوەی دوو ساڵە تەمەنی یاسایی بەسەرچووە، پارتی داوای گۆڕینی كۆمسیۆن دەكات، یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵ دژن، تۆماری دەنگدەران نوێ نەكراوەتەوە، داوای گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن دەكرێت بۆ "فرە بازنەیی"‌و یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

پەرلەمان داوای بۆچوونی لایەنەكان دەكات
رۆژی 30ی ئەیلولی 2022 وادەی فەرمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دوێنێ لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن، چونكە دەبێت شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریكراو بڕیار لەسەر هەڵبژاردنەكە بدرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان داوای لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان كردووە تاوەكو رۆژی (18)ی ئەم مانگە بۆچونی حزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردن بگەیەننە سەرۆكایەتی پەرلەمان. 

پێشنیازی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردن
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، هەرچەندە تائێستا بۆچونی كۆتایی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتوو رانەگەیاندووە، بەڵام لایەنەكان هەندێك راوبۆچوونی بەرایی خۆیان خستوەتەڕوو كە بەمشێوەیە:
•    پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئیستای ناوخۆیی یەكێتی‌و ئەو پاشەكشێیەی بزوتنەوەی گۆڕان كردویەتی، پارتی چاوی لەوەیە لە پەرلەمانی داهاتووی كوردستاندا نزیكەی (50) كورسی مسۆگەر بكات، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە لەسەر بنەمای كورسی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمان، سەرلەنوێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی دروست بكرێتەوە، ئەگەر ئەم داواكارییە جێبەجێ بكرێت، پارتی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەبەرژەوەندی خۆی كۆنترۆڵ دەكات، ئەگەر ئەم بیرۆكەی جێبەجێ بكرێت، پارتی لە كۆی (9) كورسی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پارتی (4) كۆمسیاری بەردەكەوێت‌و لەگەڵ كورسییەكی پێكهاتەكاندا دەبێت بە زۆرینەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و بڕیاری یەكلاكەرەوەی لای خۆی دەبێت. 
پارتی پرۆژەی بەدیلی ئامادەیە، ئەگەر لایەنەكانی تر قایل نەبن بە گۆڕانكاری لە كۆمسیۆن لەسەر بنەمای كورسی ئێستا لایەنەكان لە پەرلەمان، پارتی داوا دەكات "كەسانی سەربەخۆ" لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن دابنرێن، بۆ ئەمەش پێشنیازی دانانی (9) دادوەر دەكات، كە ئەم دادوەرانەش لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە دیاری دەكرێن، ئەم دامەزراوەیەش زۆرینەی دادوەرەكانی سەربە پارتین. 
•    یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی بەهۆی بارودۆخی ناوخۆییەوە خوازیارە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆی دوابخرێت، بەڵام ئەمەی بە فەرمی رانەگەیاندووە، بەشێوەیەكی بەرایی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات هەڵبژاردن بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەك بكرێت بە یەك بازنەی هەڵبژاردن، سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسیش، یەكێتی دژی بیرۆكەكەی پارتییە بۆ نوێكردنەوەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای كورسی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمان‌و داوا دەكات ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن وەكو خۆیان بمێننەوە، واتە دابەشكارییەكە گۆڕانكاری تێدا نەكرێت. 
لە كۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، یەكێتی (2) كۆمسیاری هەیە.
•    بزوتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان بۆچونی خۆی پێشكەشی پەرلەمان كردووە‌و داوا دەكات هەڵبژاردن بە "لیستی داخراو"‌و بێت‌و بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە بەگوێرەی ژمارەی پارێزگاكان، هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە، بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕایە لەگەڵ یەكێتی‌و داوا دەكات كۆمسیۆنەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، چونكە لە حاڵەتی داڕشتنەوەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای كورسی ئێستا لایەنەكان لە پەرلەمان وەكو ئەوەی پارتی داوای دەكات، بزوتنەوەی گۆڕان ئەندامێك لە ئەنجومەنی كۆمسیۆن لەدەستدەدات. 
لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، بزوتنەوەی گۆڕان (2) كۆمسیاری هەیە. 
•    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
یەكگرتوو پێشنیازی پێشكەشكردووە‌و داوا دەكات هەڵبژاردن بەشێوەی "نیمچەكراوە"‌و فرە بازنەیی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، نیمچە كراوە واتا ئەو كاندیدەی قاسمی ئینتخابی هینا سەردەكەوێت، ئەوانەی تر بە ریزبەندی دەردەچن، یەكگرتوو داواشی كردووە  تۆماری دەنگدان پاكبكرێتەوە‌و لە هەڵبژاردنەكەدا پێكهاتەكان كە (11) كورسییان لە پەرلەمان بۆ تەرخان كراوە،  خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، سەبارەت بە چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان هاوڕایە‌و داوا دەكات پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو خۆی بمێنێتەوە‌و گۆڕانكاری تێدا نەكرێت.
لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، یەكگرتوو (1) كۆمسیاری هەیە.  
•    جوڵانەوەی نەوەی نوێ
ئەم جوڵانەوەیە هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردن بۆ رایگشتی راگەیاند‌و داوا دەكات هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا واتا 30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەهۆی ئەوەی هیچ نوێنەرێكی لەناو كۆمسیۆندا نییە، نەوەی نوێ داوا دەكات كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان دور بێت لە پشكێنەی حزبی‌و لەژێر سەرپەرەشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا كارەكانی بكات. 
•    كۆمەڵی دادوەریی كوردستان
كۆمەڵی دادگەریی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، دەنگ‌و كورسییەكانی كەمیكرد، دوێنێ بەشداری كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا نەكرد. 
لەبارەی هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەریی سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، عومەر گوڵپی ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆمەڵ لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنەكە لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت، بەڵام یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە‌و لە یەك بازنەییەوە بكرێت بە فرەبازنەیی‌و هەر پارێزگایەكی هەرێم بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن. 
عومەر گوڵپی وتی:" كۆمەڵ داوا دەكات یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە‌و پشكی پێكهاتەكان هاوشێوەی ئەوە دابنرێت كە لە پەرلەمانی عێراق بۆیان دانراوە، دەبێت كۆتای پێكهاتەكان بە دەنگی خۆیان بچنە ناو پەرلەمانی كوردستانەوە نەك پارتی كاندیدەكانیان سەربخات". 
لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ دەڵێ" ئێمە لەگەڵ دەستكاریكردنی پێكهاتەی ئێستا كۆمسیۆندا نین، بەڵام داوا دەكەین تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە". 
كۆمەڵی دادگەریی لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، (1) كۆمسیاری هەیە. 

لەبارەی كۆمسیۆنەكەی كوردستانەوە 
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2014.
ئەم كۆمسیۆنە ماوەی نزیكەی (7) ساڵە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا، ئەم پرۆسەیە لەبەر ئەوەی پرۆسەیەكی نیشتمانی بوو، كێشمەكێشی زۆر لەسەر دەرەنجامەكانی دروست نەبوو.
دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا، ئەم پرۆسەیە كە یەكەمین ئەزمونی كۆمسیۆنە دروستكراوەكە بوو، مشتومڕی زۆری لەسەر دروستبوو، هەندێك لەلایەنەكان بەدیاریكراویش یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتوو باسی ئەوەیان دەكرد ساختەكاری گەورە لە هەڵبژاردنەكەدا كراوە. 
تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستان، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا.
ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، واتە سەربە حكومەت نییە‌و راستەوخۆ لەژێر چاودێری پەرلەماندایە، ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە:
•    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە‌و ماوەیەكی زۆر چووە دەرەوەی وڵات
•    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە
•    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە
•    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە، لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم پیاوە رەخنەی زۆری لە ئەدای كۆمسیۆن گرت
•    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە‌و شوێنەكەی بەتاڵە، ئەگەر كۆمسیۆن بە پێكهاتەكەی ئێستایەوە بمێنێتەوە، دەبێت پارتی كەسێكی تر بخاتە شوێنەكەی)
•    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە (لەكاتی دروستكردنی كۆمسیۆندا یەكێتی داوای سێ كورسی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی دەكرد، پارتی قایل بوو، بەڵام بەو مەرجەی یەكێتی یەكێك لە كۆمسیارەكانی بە كەسێكی سەربە پێكهاتەكان پڕ بكاتەوە)
•    سەیاح عەبدوڵا- كۆمسیار لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمان دانرا، بەڵام سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەم پیاوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە‌و ئێستا شوێنەكەی بەتاڵە، ئەگەر دەستكاری پێكهاتەی كۆمسیۆن نەكرێت، دەبێت پارتی بە كەسێكی تر شوێنی ئەم پیاوە پڕبكاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی كە دەست (درەو) كەوتووە، تاوەكو ساڵی 2018، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی (654) فەرمانبەری هەبووە.

كۆمسیۆنێكی ماوەبەسەرچوو !
رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2019 تەمەنی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كۆتایی هات كە (5) ساڵ بوو، لەوكاتەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی بۆ درێژنەكردونەتەوە، واتە ماوەی نزیكەی دوو ساڵە لە بۆشایی یاسایدان. 
ئەوانەی ئاگاداری كاروبارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانن‌و (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، دەڵێن، چەند مانگێك بەر لەوەی وادەی یاساییان كۆتایی بێت، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن سێ نوسراویان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدات، بەڵام پەرلەمان وەڵامی نەداوەتەوە. 
ئێستا كە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نزیكبوەتەوە، دەبێت پەرلەمان چارەسەری كێشەی كۆمسیۆن بكات، بۆ ئەمەش چەند سینایۆیەك هەیە: 
یەكەم: ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن وەكو خۆیان بمێننەوە‌و پەرلەمان بە بڕیارێك تەمەنی یاساییان بۆ یەك خولی پێنج ساڵی تر درێژ بكاتەوە، بەپێی ئەو یاسایەی كە كۆمسیۆنی لەسەر دروستكراوە، رێگە بەوە دراوە بۆ یەك خولی پێنج ساڵی ماوەی كاركردنی ئەندامانی كۆمسیۆن درێژ بكرێتەوە، ئەمە سیناریۆیەكی پێشبینی كراوە، چونكە هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆن‌و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی ناكۆكی لەنێوان لایەنەكان دروست دەكات‌و رەنگە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دوابخات، بەتایبەتیش كە یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵ دژی گۆڕینی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنن. 
•    هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق رویدا، پەرلەمان لەبری ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی كۆمسیۆن كە وادەی یاساییان تەواو بووە، دادوەر دابنێت، پارتی ئەم پێشنیازەی كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی دادوەریی زۆرینەی دادوەرەكانی سەربە پارتییە، رەنگە لایەنەكانی تر ئەم پێشنیازە قایل نەبن. 
•    ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن لە (9) كۆمسیارەوە زیاد بكرێت، ئەگەر سیناریۆیەكە كە ئەگەری جێبەجێبوونی هەیە ئەگەر لایەنەكان لەسەر رێكبكەون. 

تۆماری دەنگدەران
دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە كوردستان كە رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، ژمارەی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەبوو (3 ملیۆن‌و 88 هەزارو 642) كەس بوو، پێشبینی دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ژمارەی دەنگدەران بۆ نزیكەی (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) كەس بەرزببێتەوە، بەتایبەتیش كە چوار تەمەنی نوێ مافی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو وەردەگرن.  
پرسی تۆماری دەنگدەران یەكێكە لەو بابەتانەی كە لایەنەكان جەختی لەسەر دەكەنەوە، تۆمار نوێ نەكراوەتەوە، پرۆژەی بە "بایۆمەتری"یكردنی تۆمارەكە شكستی هێنا بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆن تەمەنی یاسایی تەواو بوو، هەندێك دەڵێن پارتی‌و یەكێتی بەئەنقەست رێگرییان لە درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆن كردووە، بۆ ئەوەی ئەم كۆمسیۆنە فریای پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران نەكەوێت. 

یاسای هەڵبژاردن
یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكێكی ترە لەو بابەتانەی كە لایەنەكان باس لە هەمواركردنەوەی دەكەن، بەتایبەتیش كە بەپێی یاساكە هەڵبژاردن لە كوردستان بەشێوەی (یەك بازنە) بەڕێوەدەچێت‌و ئێستا لایەنەكان داوا دەكەن بكرێت بە "فرە بازنە" لەسەر ئاستی پارێزگاكان. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand