(خوێ)ی پیشەسازی بە نرخی خواردن دەفرۆشرێت
2021-11-09 13:13:17
(درەو):
بەناوی خوێی پیشەسازییەوە خوێ لە دەروازەكانەوە هاوردەی ناو هەرێم دەكرێتو دواتر وەكو خوێی خواردن دەخرێتە بازاڕەكانەوە.
لە مەرزەكانی (پشتەو تەوێڵە)وە رۆژانە نزیكەی (15 بۆ 20) بارهەڵگر (خوێ) بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە باجێك هاوردەی ناو هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەم خوێیە لە پێناسی گومرگیدا ناوی لێنراوە "خوێی پیشەسازی" واتە بۆ خواردن نەشیاوە.
بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەم خوێیە كە بەناوی خوێی پیشەسازییەوە داخڵ دەكرێت، دواتر لە ژمارەیەك كارگە لە هەولێرو سلێمانی لە كیسو قتوو دەكرێنو بەناوی خوێی شیاو بۆ خواردن لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا ساغ دەكرێنەوە.
بۆ داخڵكردنی ئەم خوێیە بۆ ناو هەرێمی كوردستان، دەستكاری پێناسی گومرگری كراوە لە بەرژەوەندی ئەو بازرگانانەی خوێیەكە داخڵ دەكەن، پێشتر لە پێناسی گومرگیدا سێ جۆر خوێ هەبووە كە بریتی بوون لە (خوێی شیاو بۆ خواردن، خوێن نەشیاو بۆ خواردن، خوێی پیشەسازی)، بەڵام دواتر لە پێناسی گومرگیدا ئەم سێ جۆرە كراوە بە دوو جۆرەو (خوێی پیشەسازی و خوێی نەشیاو بۆ خواردن) كراوە بە یەك جۆر بۆ ئەوەی داشكانی گومرگیی بۆ بكرێت.
ئێستا لە پێناسی گومرگی هەرێمدا جۆری ئەو خوێیانەی كە داخڵ دەكرێن دابەشكراون بۆ (2) جۆر خوێ كە بریتین لە (خوێی پیشەسازی)و (خوێی شیاو بۆ خواردن)، جۆری یەكەم كە خوێی پیشەسازییە بەخشینی گومرگری بۆ كراوە، چونكە ئەو بابەتانەی بۆ خواردنن بەخشینی گومرگی نایانگرێتەوە، واتە ئەم خوێیە بەناوی خواردنەوە داخڵی هەرێم ناكرێت، بەڵام دواتر بۆ خواردن دەخرێتە بازاڕەوە.
خوێی پیشەسازی كە بەخشینی گومرگی بۆ كراوە، بۆ بوارەكانی پیشەسازی نەوتو خۆشكردنی پێستە بەكاردەهێنرێت، بەڵام كاتێك خوێنە دێتە ناو هەرێمی كوردستان، دابەشدەكرێت بەسەر چەند كارگەیەكدا لەناو سلێمانیو قەزای سەیدسادقو لە هەولێریش چەند كارگەیەك هەیە، ئەم كارگانە (یۆد) دەكەنە ناو خوێ پیشەسازییەكەو لە كیسی دەكەنو رەوانەی ناو بازاڕەكانی دەكەن.
(درەو) زانیویەتی، تیمی چاودێری گومرگی لە سلێمانی لە نەخۆشخانە پشكنینیان بۆ ئەو خوێیە كردووە كە لەم كارگانەوە رەوانەی بازاڕەكان دەكرێن، هیچیان لە پشكنین دەرنەچوونو بۆ خواردن شیاو نەبوون، بەڵام بەرپرسانی گومرگ هێشتا نایانەوێت رێگری لەم كارە بكەن كە مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی دروست دەكات.
سەرچاوە تەندروستییەكان دەڵێن ئەم جۆرە خوێیە كە ناشیاوە بۆ خواردن كێشە بۆ (غودە) دروست دەكات، سەرباری ئەمە داخڵكردنی ئەم خوێیە بەمشێوەیە، بەگوێرەی خەمڵانی ئەوانەی نزیكن لە كارەكەوە، مانگانە نزیكەی (360 ملیۆن) دینار زیان لەم بوارەدا بە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم دەگات.