Draw Media

عێراق.. هەڵبژاردن لە دۆڵێک و پێکهێنانی حکومەت لە دۆڵێکی تر

عێراق.. هەڵبژاردن لە دۆڵێک و پێکهێنانی حکومەت لە دۆڵێکی تر

2021-11-08 10:49:32


درەو:

لەدوای بونیادنانەوەی عێراقی نوێوە, پێکهێنانی حکومەتە یەک لەداوای یەکانی عێراق لە دەرەوەی خواستی دەنگدەران و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان پێکهێنراوە، گەورەترین قۆسپ و لەمپەرەکانیش بریتبوونە لە بەشبەشێنەی تائیفی و دەستێوەردانی دەرەکی و ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکان بە پێکێنانی حکومەتی بنکە فراوان و بەشدارپێکردنیان لە کێکێکی دەسەڵات و بەکارهێنانی هێزی چەک و پارە...

ئەنجامی هەڵبژاردن
1.    کوتلەی سەدر کە موقتەدا صەدر سەركردایەتی دەكات پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە بە بردنەوەی (73) كورسی.
2.    لە پلەی دووەمدا هاوپەیمانی (تەقەدوم) بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی دێت بە بەدەستھێنانی (37) كورسی. 
3.    (دەوڵەتی قانون) بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی بە پلەی سێیەم دێت كە (34) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
4.    پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی (32) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
5.    کوتلەی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر (20) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
6.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەرچی لە هاوپەیمانیدا بوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەڵام بەتەنها (17) کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
7.    هاوپەیمانی فەتح کە ڕابەرایەتی باڵی ساسی حەشدی شەعبی دەکات لە عێراقدا بە سەرۆکایەتی هادی عامری، وەک لایەنێکی دۆڕای هەڵبژاردن دێتە هەژمار  تەنها (16) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
8.    حەرەکەی ئیمتیداد بە سەرۆکایەتی عەلا رەکابی (10) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
9.    جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید (9) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
10.    ئەشراقی کانون (6) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
11.    یەکگرتووی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی سەلاحەدین بەهادین (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
12.    هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و هاوپەیمانی حەیدەر عەبادی (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
13.    کوتلەی بابلیون (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
14.    کوتلەی تەسمیم (3) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
15.    سەرجەم لایەنەکانی دیکە بە کاندیدە سەربەخۆکانیشەوە (51) كورسی گشتی  پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.
16.    پێکهاتەکانیش (9) كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.

ئەوەی تێبینی دەكرێت لەم هەڵبژاردنەدا پێکهاتەکانی شیعە و سونەو کورد دابەشبوونی قوڵ لە نێوانیاندایە و شیعەکان بە زیاتر لە چوار هاوپەیمانی و سونەکانی بە دوو هاوپەیمانی کورد بە پەرتەوازەیی بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كردووە.
ئەم دابەشكاریە لە نێوان لایەنەكان بەگشتی بووە بەهۆی ئەوەی هیچ لایەن و هاوپەیمانێتییەک نەتوانێت بەتەنها  دەنگی پێویست بهێنت بۆ پێكهێنانی حكومەت. 

ڕێ و شوێنە دەستوری و یاسایەكانی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق
بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق 2005، لە مادەی (76)دا کە ڕێوشوێنە دەستوریەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەستنیشان کردووەو تێیدا هاتووە:
یەکەم: سەرۆک کۆمار کاندیدی ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانیەی زۆرترین ئەندامی هەیە ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی پازدە ڕۆژ لە بەرواری هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆمار.
دووەم: سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان دیاریدەکات لەماوەیەکی دیاریکراودا بەمەرجێک لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەکات لەبەرواری ڕاسپاردنیەوە. 
سێیەم: ئەگەر سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو نەیتوانی لەو ماوە دیاریکراوەی لە بەندی دووەمی ئەم مادەیەدا ئاماژەی پێکراوە حکومەت پێک بهێنێت، ئەوا سەرۆک کۆمار کەسێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی پازدە ڕۆژدا.
چوارەم: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران. پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی ڕەها ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یەکە بە یەکەی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت، ئەوە مانای ئەوەیە متمانە دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران.
پێنجەم: ئەگەر متمانە نەدرا بە حکومەت، ئەوا لەماوەی پازدە ڕۆژدا سەرۆک کۆمار کەسێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.
بەپێی ئەم ڕێ و شوێنە دەستوریانە بێت دەبێت (کوتلەی سەدر) بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر كە زۆرترین كورسی پەرلەمانی بردووەتەوە ڕابسپێرێت لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەڵام لە بواری كرداریدا کوتلەی سەدر ئەگەرچی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە وەك گەورەترین هاوپەیمانی دانانرێت، چونکە بەپێی تەفسیری دادگای باڵای عێراق لە ساڵی 2010 بۆ بڕگەی یەكەمی مادەی (76) هاتبوو. 
دادگای باڵای عێراقی لەسەر بنەمای داوایەکی لیستەکەی نوری مالیکی چەند ڕۆژێک پێش ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2010، ڕاگەیاند "گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێدەسپێرێت دەکرێت هاوپەیمانی ئینتیخابی بێت یان هاوپەیمانیەک بێت کە دوای هەڵبژاردن دروست دەکرێت". ئەم تەفسیرە ڕێگەی خۆشکرد بۆ مالیکی کە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکان بوو بە (89) کورسی لە دوای لیستی عێراقیە دەهات کە (92) کورسی پەرلەمانی هەبوو بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، هەربۆیە مالیكی بە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە لە دوای هەڵبژاردنەكان نەیهێشت لیستەكەی عەلاوی حكومەتی عێراق پێكبهێنێت. لەبەرئەوە مالیكی لەسەر بنەمای تەفسیرەكەی دادگای باڵای عێراق بۆ بڕگەی یەكی مادەی (76) توانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دروست بكات لە دوای هەڵبژاردنەكان لەكاتێكدا براوەی دووەم بوو بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی 2010.  
ئەم لێكدانەوەی دادگای فیدراڵی بۆ ئێستاش ڕاستەو ئەگەر چی بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 10/10/2021 کوتلەی سەدر بە بردنەوەی (72) کوردسی لە پێشەوەی هەموو لایەنەکانە بەڵام بەم دەرەنجامە ناتوانێت گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دروست بکات کە پێویستی بە (165) دەنگی نێو پەرلەمانی عێراق هەیە هەر بۆیە دەکرێت جگە لە (کوتلەی سەدر) هەرهێزێکی دیکە ئەو ژمارە دەنگە کۆبکاتەوە لە پەرلەمان ڕادەستپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.
بەڵام پێشهاتێکی نوێی یاسایی هاتووەتە پێشوو بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی 2020 لە ماددەی (45)دا هاتووە "هیچ ئەندامێکی پەرلەمان یان حیزب یان قەوارەیەکی تۆمارکراو بە لیستی کراوەو براوەی هەڵبژاردنەکان مافی ئەوەی نییە پێش پێکهێنانی حکومەت و دوای هەڵبژاردنەکان ڕاستەوخۆ بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتییەک یان حیزب یان قەوارەیەک یان لیستێکی دیکەوە، ئەمە ڕێگر نیە لەبەردەم قەوارەی کراوەو قەوارەی تاکەکەسی، کە لەپێش هەڵبژاردن تۆمار کراون، لەدوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی لەگەڵ لیستەکانی دیکەدا پێکبهێنن".
لەگەڵ ئەوەی ئەم دەقە گفتوگۆیەکی لای یاساناسان دروستکردووە بەڵام بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەمە بۆ کەموکورتی یاسای هەڵبژاردن دەگەڕێتەوەو ئەم دەقە پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە ئەولەوییەت بۆ جێبەجێکردنی دەستوورە.

هەڵبژاردن لە دۆڵێک و پێکهێنانی حکومەت لە دۆڵێکی تر
بەشێوەیەکی گشتی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن لە پرۆسەی دیموکراسیدا گۆڕانکاری و هێنانە پێشەوەی خوێن و بیر و تواناو لێهاتوویی نوێیە، بۆ نێو پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی کە دەرەنجامەکەی لە پەرلەمان و پێکهێنانی کابیەنەی نوێ حکومەتدا ڕەنگدەداتەوە، بەڵام لە عێراقدا بەردەوام دەنگی خەڵک و هەڵبژاردن لە دۆڵیک و پروسەی پێکهێنانی حکومەت و کابینەکان حکومەت لە دۆڵێکی تربوون، زۆرینەی جار براوەکانی هەڵبژادن حکومەتیان پێکنەهێناوەو کەمینەکانیش نەیانتووانیەوە ببن بە ئۆپۆزسیۆن، نەک تەنها ئۆپۆزسیۆن لەدەرەوەی حکومەت بەڵکو ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیش دروست نەبووە، کە ئەمەش لە بەهای پەرلەمان کەمدەکاتەوە بەتایبەت لە ڕووی چاودێری و ئەدائی حکومەتی عێراق.
بۆیە بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کابینە وزارییەکانی عێراق نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی وڵات ناکات و نەیکردووە، هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ لاوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێکی دیکەشیان ئاماژە بۆ قۆرت و لەمپەری گەورەتر دەدەن، کە سەرەتاکەی دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی بونیادناوەی عێراقی پاش 2003، گرنگترین ئەو ئاستەنگانەش بریتین لە؛
یەکەم: بەش بەشێنەی تائیفی و پێکهاتەیی: بەش بەشێنەی سیاسی جیاوازە لە بەش بەشێنەی تائیفی، چونکە ئەوەی یەکەمیان گوزارشتە لە ئەنجامی هەڵبژاردن و خواستی دەنگدەران و ئەوی دووەمیان پەیوەندیدارە بە پێکهاتەکانەوە، بۆیە ئەگەر گریمان یەکێک لە پێکهاتەکان بایکۆتی پرۆسەی سیاسی دەکەن یان نوێنەریان بەشدار نەبێت لە حکومەتی عێراقدا، ئەوا هیچ کات نوێنەری پێکهاتەکانی دیکە لە حکومەتدا گوزارشت لەو پێکهاتەیە ناکات و نابنە نوێنەری عێراقییەکان (باشترین نمونەش ئەو بایکۆتە بوو کە سونەکان لە ساڵی 2005 کردیان و جارێکی دیکە ئەو ژەهرە ناخۆنەوە)، بەمانایەکی دیکە پێکهاتەی شیعە لەگەڵ ئەوەی گەورەترین پێهاتەی عێراقە بەڵام نوێنەریان نانێرنە حکومەت و دامەزراوە سیادییەکان ئەگەر لەسەربنەمای گوێرایەڵی و دڵسۆزی بۆ خزمەتی پرۆژەی تائیفی و پێکهاتەی شیعە نەبێت لە عێراقدا. 
دووەم: دەستتێوەردانی دەرەکی: لەگەڵ ئەوەی هەڵبژادنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و لیست و کوتکە و پارت و قەوارە سیاسییەکان بەشداری دەکەن و بەشێکیان دەیبەنەوەو بەشێکیشیان دەدۆڕێن یان پاشەکشە دەکەن لە کورسییەکانیان، بەڵام پێکهێنانی کابینە حکومییەکان هەرگیز لەلایەن براوەکانی هەڵبژاردنەوە پێکنەهێنراوە، ئەگەر هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی ڕەزامەند نەبووبن، یان کەسانێک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە کەمەترین کورسی پەرلەمانیان هەبووە. بۆ نیشاندانی ئەم ڕاستییەش دەرەنجامی هەڵبژاردنی 2010 بردنەوەی لیستی عێراقییە بوو بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، بەڵام نوری مالیکی حکومەتی پێکهێنا. هەروەها لە ساڵی 2014 دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی براوەی هەڵبژاردن بوو کەچی حەیدەر عەبادی حکومەتی دروستکرد. بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 هاوپەیمانی سائیرون بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر براوەی یەکەم بوو، بە دەستێوەردانی دەرەکی عادل عەبدولمەهدی کرا بە سەرۆک وەزیران و دوای لابردنی ئەویش مستەفا کازمیان هێنا کە خاوەنی هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانی ئەوتۆ نەبوون لە ئەنجومەنی نوێنەران.  
سێیەم: دروستکردنی حکومەتی بنکەفراوان: لەپاش پرۆسەی ئازدای عێراقەوە بە بیانووی سازان تەوافوقەوە حکومەتیان لەسەر کۆمەڵێک بنەماو هۆکار دامەزراندووە، بۆ نمونە لە ساڵی 2005 ەوە پۆستی سەرۆک وەزیران لای پێکهاتەی شیعەو سەرۆکی پەرلەمان لای پێکهاتی سونەو سەرۆک کۆمار لای پێکهاتەی کورد بووە. 
سەرەڕای ئەودابەشکرییە پێش وەختەی پۆستە سیادییەکان، سەرباری ئەوەش لایەنە سیاسییەکانی عێراق، حکومەت وەک کێکێکی گەورە دەبینن و هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانیە لەپێناو دەستڕاگەیشتن بەو کێکی حکومەتە، جا باجەکەی هەرچییەک بێت و بەبێ لەبەچاوگرتنی ئەوەی کێ سەرۆک وەزیرانەو بەرنامەی حکومەت چییە و چی تێدایە بۆ خەڵک و هاوڵاتیان و دەنگدەرانی عێراقی. (بۆ نمونە ئیسلامییەک ڕازییە لە حکومەتێکدا بێت سەرۆکەی شیوعی بێت بەرنامەی حکومەت لەسەر بنەمای تیۆرە مارکسییەکان بێت یان هەر بەرنامەیەکی شیوعیانەبێت. هەر وەک چۆ شیوعییەک بەشداری لە حکومەتێک دەکات کە سەرۆکەکەی تائیفییەکی ئیسلامی بێت و بەرنامەکەی بەرنامەیەکی تائیفی بێت) هەر بەم بۆنەیەشەوە هەر لەسەرەتاوە حکومەتێک دروست دەبێت لەناوخۆیدا پڕە لە دژیەکی لەڕووی فیکر و سلوکی سیاسییەوە. تەنها خاڵێک کۆیان بکاتەوە کێکی حکومەت و هاوبەشییە لە گەندەڵیدا.
نوێترین پێشهات و زیندووترین نمونەش لەم بارەیەوە بە ئامانج گرتن و موشک بارانکردنی ماڵی (سەرۆک وەزیرانی عێراق – مستەفا کازمی) یە لە 7/11/2021، کە تا ئێستا پەنجەی تۆمەت ڕووی لە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنی 10/10/2021 ەوە، هێزە دۆڕاوەکان ئەوەیان پێ قبوڵ ناکرێت لەو کێکی حکومەتە بێبەش بن و ملی ئۆپۆزسیۆنی بگرن.
چوارەم: مەرجەعەیەتی ئاینی: لەگەڵ ئەوەی سیستمی سیاسی لە عێراقدا سیستمێکی پەرلەمانییە، بەڵام سیستمی تائیفی و دینی تێدا سیستمێکی زاڵە، ئەم سیستمە ئاینی و مەرجەعییە لە عێراقدا بووە بە هێڵی  سورو ڕێگە بەهیچ کەس نادرێت پۆستی حکومی بەتایبەت پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت تەنانەت زۆرترین دەنگی خەڵک و زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەدەست بهێنێت ئەگەر پاڵپشتی مەرجەعییەت بەدەست نەهێنێت.
بۆیە هۆکاری ئاینی یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرەکییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کێ دۆڕاوو کێ براوەی هەڵبژاردنە. ئەمەش ڕاستییەکی ئاشکراو ڕوونە بۆ ئەوانەی چاودێری دۆخی عێراق دەکەن و بەهیچ شێوەیەک نکۆڵی لەم هۆکارە ناکرێت.
پێجەم: هێز: لەپاڵ ئەو هۆکارانەی سەرەوە چەند هۆکارێکی دیکەش پەیوەندیدارن بە شێوازی پێکهێنانی حکومەتەوە لە عێراق، یەکێک لەو هۆکارانەش بوونی هێزی چەک و پارەیە لای بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان، جا بەشداریپێکردنیان بێت بە زەبری هێزی یان کڕین و فرۆشتن بێت بە پۆست و پلە باڵاکانی دەوڵەتەوە.  
سەرچاوەکان
-    دەستوری هەمیشەیی عێراق.
-    کومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی بەرایی هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
-    یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020.
-    حسین صالح السبعاوی، تداعیات تشكیل الحكومە العراقیە؛
https://rasammerkezi.com/estimate-position/9289/
-    الكتلە اڵاكبر فی البرلمان العراقی.. جدل قانونی وصراع سیاسی؛
https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1471173-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%AA%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D9%83%D8%A8%D8%B1--%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B1%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A-%D8%AC%D8%AF%D9%84-%D9%82%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%86%D9%8A-%D9%88%D8%B5%D8%B1%D8%A7%D8%B9-%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D9%8A
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand