لاهور شێخ جەنگی ویستویەتی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆنترۆڵ بكات
2021-11-11 11:39:10
(درەو):
جموجوڵی ھێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی زیادی کردووە، بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن لاھور شێخ جەنگی ویستویەتی بارەگای مەکتەبى سیاسی کۆنترۆڵ بکات.
چەند رۆژێكە جموجوڵی هێز لەسەر شەقامەكانی سلێمانی زیادیان کردووە، ھەندێک سەرچاوەی ئاگادار لەناو یەکێتییەوە دەڵێن، لاهور شێخ جەنگی ویستویەتی كۆنترۆڵی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات و لەوێ دابنیشێت، بافڵ تاڵەبانی زوو بە جوڵەكەی زانی و هێزی بردووەو لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی جێگیری کردووە.
دوای بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی بە دەركردنی لاهور شێخ جەنگی و چوار ئەندامی سەركردایەتی حزبەكەی، رۆژی ٢٠٢١/١١/٢ لاهور شێخ جەنگی نوسراوێكی ئاڕاستەی سكرتاریەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردو رایگەیاند تەواوی ئەو دەسەڵاتانەی پەیڕەو بۆی دیاریكردوون بەكاریان دەهێنمەوە، واتا دەسەڵاتەکانی خۆی وەکو ھاوسەرۆک لە بافڵ تاڵەبانی وەرگرتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە دوو شەوی رابردوودا لاهور شێخ جەنگی ویستویەتی بەهێز بچێتەوە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شەقامی سالم شاری سلێمانی و لەوێ دابنیشێت و دەست بە كۆبونەوەكانی بكات.
زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن، لاهور شێخ جەنگی بڕیاریداوە بچێتە كۆمیتەو مەڵبەندەكان بەسەربكاتەوەو بەو پێیەی هاوسەرۆكی یەكێتیەو بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانیشی بۆ دەرکردنی لە حزب، رەتكردووەتەوە.
دوێنێ لیژنەی ئەمنی سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دوا مۆڵەت بۆ بنبڕكردنی یەكجارەكی دیاردەی چەكداری و لاساری یاسایی دیاری دەكرێت و دەستبەسەر چەكی بۆ مۆڵەت و جوڵەی چەك و تەقەمەنی لەدەرەوەی یاسای هەیەو ئەم بڕیارە لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانیەو بافڵ تاڵەبانیش پشتیوانی دەکات.
دوای چوار مانگ جێگیربوون لە نزیك ماڵی لاهور شێخ جەنگی لە گردی سەرچناری سلێمانی، بەیانی ئەمڕۆ هیزە ئەمنییەكان كشانەوەو بازگەكانیان هەڵگرت، ئەم جوڵە ئەمنییە گومانی لای كەسە نزیكەكانی لاھور شێخ جەنگی دروستکردووە، ئامادەكاریی بۆ هێرشكردنەسەر ماڵەكەی لاهور شێخ جەنگی بكرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پهیامێكی به سهركردهكانی یهكێتی داوهو وتویەتی" ئارامی سلێمانی ئارامی ئێرانەو نابێت كێشەی نێوان ھاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەڕێگەی چەكەوە یەكلابكرێتەوە".