Draw Media

"دۆڵی ئەحزاب".. لە خێمەكانی ناوزەنگەوە بۆ بارەگاكانی سلێمانی

"دۆڵی ئەحزاب".. لە خێمەكانی ناوزەنگەوە بۆ بارەگاكانی سلێمانی

2021-11-05 14:37:36


راپۆرت: درەو
نزیكەی چوار دەیە لەمەوبەر خڕی ناوزەنگ پێی دەوترا "دۆڵی ئەحزاب"، هەر حزبێك خێمەیەكی لە دۆڵەكەدا هەڵدابوو، ئەم رۆژانە سلێمانی خەریكە دەبێتەوە بۆ دۆڵی ئەحزاب، بەڵام لەبری خێمە  ئەمجارە بارەگای نوێ دروست دەكرێت، لەناو یەكێتی‌و گۆڕان‌و شەقامی ناڕەزاییەوە هەوڵی دامەزراندنی چەند حزبێكی سیاسی نوێ دەستیپێكردووە، لەكاتێكدا لەدواین هەڵبژاردندا تەنیا 27%ی دەنگدەرانی سلێمانی دەنگیان بە حزبەكان داوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدایە.

دۆڵی ئەحزاب
كۆتایی حەفتاكان‌و سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو، كە خومەینی لە ئێران جیهادی دژی كورد راگەیاند، ناوچە سنورییەكانی نێوان باشوور‌و رۆژهەڵاتی كوردستان بوو بە شوێنی كۆبونەوەی بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵات‌و باشوورو تەنانەت باكوری كوردستانیش.
ئەم ناوچەیە ئەو سەردەمە ناوی لێنرابوو "دۆڵی ئەحزاب"، ئەم دۆڵە لە "توژەڵە"و درێژ دەبووەوە بۆ ناوزەنگ‌و زەڵێ‌و شێنێ، حزبەكان لەم دۆڵەدا‌و لە نزیك یەكتر هەریەكەیان خێمەیەكیان هەڵدابوو، ئەم دۆڵە ناوچەی رزگاركراوی باشوری كوردستان بوو، یەكێتی نیشتمانی کوردستان تێیدا باڵادەست بوو.
مام جەلال هەموو دۆستەكانی خۆی لە عێراق‌و رۆژهەڵاتی كوردستان بانگهێشتی ئەم دۆڵە كرد، ئەوانەی ئەو سەردەمە لەم دۆڵەدا خێوەتیان هەڵدا بوو بریتی بوون لە حزبی شیوعی عێراق، حزبی سۆسیالیست دوای جیابونەوەی لە یەكێتی، حزبەكەی مامۆستا شێخ عیزەدین "دەفتەری شێخ عیزەدین"، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، حزبی دیموكراتی كوردستان، چریكی فیدایی، رەنجبەران، چەند حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەگەڵ پارتی (ئاڵای رزگاری)ی باكوری كوردستان.  
دوای دانوستانی یەكێتی لەگەڵ بەعس لە 1984 كە ناولا لێنرا "مفاوەزات"، یەكێتی بارەگای سەركردایەتی خۆی گواستەوە بۆ دۆڵی جافایەتی، جارێكی تر ئەم دۆڵەش بووەوە بە "دۆڵی ئەحزاب"، موجاهیدنی خەڵق‌و چریكی فیدایی‌و دیموكرات‌و كۆمەڵە وەكو ئەحزابی ئێران‌و رۆژهەڵاتی كوردستان لەم ناوچەیە لەگەڵ هێزەكانی باشووری كوردستان كۆبونەوە. 
دۆڵی جافایەتی كە ببوە بە "دۆڵی ئەحزاب" لە كارێزەو گاپیڵۆنەوە دەستپێدەكات بۆ مالومە‌و یاخسەمەرو سەرگەڵو و بەرگەڵو و گەڕەدێ، مام جەلال نەك هەر بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، تەنانەت بارەگای بۆ كۆماری ئیسلامیش لەناوچەكە بونیادنابوو.
رزگار رانگور یەكێك لە پێشمەرگەكانی ئەو سەردەمە، لە یادەوەرییەكانی خۆیدا بەمشێوەیە باسی بارودۆخ ساڵی 1985ی دۆڵی ئەحزاب لە ناوچەی جافایەتی دەكات:" دەیان بارەگای  حیزب و پارتەكانی ئێران لەم دۆڵەدابوون. چەند  جۆر لە (چریكی فیدای، كۆمەڵە، دیمكرات، سازمانی خەبات، ڕاهی كارگەر... هتد بونی هەبوو.. لەم دۆڵەدا خەڵكانێكی زۆر هەواریان هەڵدابوو زۆركەس سەربازی هەڵاتووی جەنگ بوو یان لەچونیان بۆ ئەوروپاو مانەوەیان لە هۆردوگاكانی ئێران‌و بێهیوابوون لە گەشتكردن بۆ ئەوروپا، ئیتر بەهەر هۆیەك بێت  گەڕابونەوە گوندەكان‌و ناوچە ئازادكراوەكان كە جاران وامان ناونابوو، لە چاوەڕوانیدا ژیانیان دەكرد.. هەر لەنزیك گاپیڵۆن، جارێك لە بارەگایەك چریكەكان لەگەڵ یەكدا لێیان بوە شەڕ، لەچاوتروكانێكدا چەند كەسیان لەیەك كوشت، منیش چوم بۆ ئەو بارەگایە تا جیایان كەینەوەو شەڕەكە درێژە نەكێشێت، یەكێك لە چریكەكان مەغزەنەكەی فیشەكی گڕداری تێدابوو  بەلەشیا تەقیبۆوە ناوسكی هاتبۆ دەرەوە. شەڕەكەیان لەسەر ئەوەبوو داخۆ یەكێتی سۆڤیەت سۆسیالیستە یان نا ؟" 

سلێمانی دەبێت بە دۆڵی ئەحزاب ؟
لەدوای جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی‌و دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009دا، سلێمانی بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە دۆڵی ئەحزاب، هێزە سیاسییەكانی ئەم ناوچەیە رۆژ لەدوای رۆژ پەرتتر دەبن‌و هێزی سیاسی نوێ دادەمەزرێت: 
لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، چەند هێزێكی سیاسی تر لە سنوری سلێمانی دامەزرێندراون، لەوانە:
•    تەڤگەری ئازادی كە هێزێكی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستانە‌و لە ساڵی 2014 لە سنوری سلێمانی دامەزرێندراوە.
•    جوڵانەوەی نەوەی: ساڵی 2018 شاسوار عەبدولواحید دایمەزراند. 
•    هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریی: ئەم حزبە ساڵی 2018 بەرهەم ساڵح دوای جیابونەوەی لە یەكێتی دروستیكرد، بەرهەم ساڵح هەمان ساڵ وازی لە حزبەكەی هێنا‌و گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی.
•    هاوپەیمانی نیشتمانی: ئەم حزبە لەسەر داروپەردوی حزبەكەی بەرهەم ساڵح لەلایەن (ئارام قادر)ەوە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018دا دروستكرا.
•     بزوتنەوەی چاكسازی نیشتمانی: ئەم حزبە لە ساڵی 2019 لەلایەن كۆمەڵێك بەرپرسەوە دروستكرا كە لە حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان جیابونەوە. 
ئێستا سلێمانی ژانی لەدایكبوونی ژمارەیەك پارتی سیاسی نوێ گرتویەتی، رەنگە هێشتا هیچ یەكێك لەو پارتە سیاسییانەی دروستكراون، تینیوێتی خەڵكی سنورەكەی بۆ حزب‌و كاری سیاسی نەشكاندبێت، لە دیوێكیدا ئەگەر ئەمە گەشەكردنی فرەحزبی بێت لەم سنورە، بەدیوەكەی تریدا لاوازبوونی پێگەی یەكێتی نیشتمانییە وەكو حزبی دەسەڵاتداری ئەم سنورە، هەندێك زیادبوونی گروپ‌و حزبە سیاسییەكان لەم سنورە وەكو ئاماژەكانی كۆتاییهاتنی هەژمونی یەكێتی وێنا دەكەن.  
یەكێتی نیشتمانی وەكو هێزی دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیە ماوەی نزیكەی چوار مانگە بە قەیرانێكی ناوخۆیی قوڵدا تێدەپەڕێت، لەدواین هەنگاودا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیارێكی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەسەندكرد بۆ دەركردنی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەی تری یەكێتی لەناو حزبەكە، ئەم بڕیارە ئەگەر وەكو خۆی تێپەڕێت‌و لە سەركردایەتی یەكێتیش پەسەند بكرێت، جگە لە دروستكردنی ئاڕاستەیەك لەناو یەكێتی یان لە دەرەوەی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی هیچ رێگەچارەیەكی لەبەردەمدا نامێنێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەدوای كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیانەوە كە لە دوا رۆژەكانی 2019 بەڕێوەچوو، بانگەشەی بەهێزكردنەوەی دەڤەرەكەیان‌و كۆكردنەوە‌و گێڕانەوەی حزبە سیاسییەكانی ئەم سنورەیان دەكرد بۆ ناو یەكێتی، لەمبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی قسەیەكی هەبوو كە دەیوت " هەمویان دێنەوە ناو خۆمان !". 
بزوتنەوەی گۆڕانیش كە مەڵبەندە سەرەكییەكەی شاری سلێمانییە، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو بەڕێوەچوو، روبەڕووی شكستێكی گەورە بووەوە‌و هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەست نەهێنا، ئەمە بزوتنەوەكەی روبەڕووی دابەشبونێكی نوێ كردوەتەوە، لە دوو ئاڕاستەوە ناڕەزییەكانی ناو گۆڕان سەرقاڵی تاوتوێكردنی دروستكردنی حزب یان گروپ و لیستی هەڵبژاردنی نوێن، ئاڕاستەیەك بریتین لەو بەرپرسانەی حزب كە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە لە بزوتنەوەكە جیابونەتەوە (عوسمان حاجی مەحمود)، ئاڕاستەكەی تر ئەوانەن كە بەمدواییە ناڕازیبوون لە سیاسەتەكانی بزوتنەوەكە (پەرلەمانتارانی بەغدادو پەرلەمانی كوردستانی و بەشێك لە ناڕازیەكانی بزوتنەوەكە). 
لەنێوان ئەم ئاڕاستە جیاوازانەدا گفتوگۆ هەیە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی، بەڵام گفتوگۆكان بە ئەنجام نەگەیشتوون، ئەگەر ناڕازییەكانی ناو یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان نەگەنە ئەنجام‌و هەریەكەیان پارتێكی سیاسی بۆ خۆی دروست بكات، سلێمانی دەبێت بە "دۆڵی ئەحزاب".
ئەم جموجوڵانە لەكاتێكدا روودەدەن، كە پەرلەمانی كوردستان دەستی بە گفتوگۆكردن كردووە لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان‌و بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە فراكسیۆنەكان راوبۆچونی حزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردنەكەوە بخەنەڕوو. 
ئەگەر لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت، دەبێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30ی ئەیلولی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبێت، قسەوباسەكان ئێستا بەو ئاڕاستەیەك كە بۆ یەكەمینجار لە هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی عێراق گۆڕانكاری لە سیستمی هەڵبژارادندا بكرێت‌و كۆتایی بە شێوازی "یەك بازنەیی" بهێنرێت‌و هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنە لەسەر ئاستی چوار پارێزگاكەی هەرێم بەڕێوەبچێت، ئەگەر شێوازی فرەبازنەیی جێگیر بكرێت، ئەو حزبە سیاسییە نوێیانەی لە سلێمانی دروست دەبن، هەر لەچوارچێوەی سنوری سلێمانیدا دەمێننەوە‌و ناتوانن بپەڕنەوە بۆ پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك. 

بۆچی سلێمانی ؟
ئەوەی سەرەنجی ئەم ئاڕاستانەی راكێشاوە بۆ دروستكردنی حزبی سیاسی نوێ لە سلێمانی، ئەو دەنگە ناڕەزایەتییە فراوانەیە كە لەم ناوچەیە هەیە‌و تائێستا هیچ هێزێكی سیاسی نەیتوانیوە كۆیان بكاتەوە. 
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە بەر لە مانگێك بەڕێوەچوو، ئاستی بەشداری دەنگدەران لە سلێمانی 42% بوو، واتە لە كۆی (ملیۆنێك‌و 425 هەزار) دەنگدەری ئەم سنورە، نزیكەی (600 هەزار) كەس چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و لەم ژمارەیەش تەنیا (390 هەزار) كەسیان دەنگیان بە كاندیدی حزبە سیاسییەكان داوە‌و ئەوانەی تر دەنگەكانیان سوتاندووە، واتە بە گشتی لە سنوری سلێمانی رێژەی 27%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، دەنگیان بۆ حزبە سیاسییەكان داوە‌و رێژەی 73% دەنگیان بە حزبەكان نەداوە، ئەم ئامارانە بۆ هەر كەسێك كە خەونی سیاسی هەبێت، لەبارە بۆ دروستكردنی حزبی نوێ. 
وردبوونەوەی حزبەكانی سنوری سلێمانی بۆ چەندین حزب‌و گروپی تر، دەنگ‌و كورسییەكانی ئەو حزبانە دابەشدەكات، ئەگەر چوارچێوەیەك بۆ كۆكردنەوەی كورسیی ئەم حزبانە لەدوای هەڵبژاردن دانەنرێت، دەنگی سلێمانی بەشێوەی پەرت پەرت دەچێتە ناو پەرلەمانەكانی كوردستان‌و عێراقەوە‌و هەژمونی سیاسی سلێمانی لەبەرامبەر ناوچەكانی تردا لاواز دەكات.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand