”سەرەتای تازە“... ڕوانینێک دژ بە نائومێدیی

Draw Media

2021-11-07 06:28:18



مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو فیکری ژنە فەیەلەسوفی ئەڵمانی ھانا ئارێنت چەمکی لەدایکبوونە، Natality، لەدایکبوون وەک ھاتنەناو جیھانەوە. لای ئەم ژنە فەیلەسوفە، لەدایکبوون ھەڵگەری ئەگەری دروستکردنی ”سەرەتای تازە“یە. چەمکی ”لەدایکبوون“ پێچەوانەی چەمکی مردنە کە ھێما بۆ بەجێھیشتنی جیھان دەکات. لەدایکبوون ھاتن و دەرکەوتنە لە جیھاندا، مردن نەمان و بزربوونە لە جیھان. چەمکی ”لەدایکبوون“، ھاوشێوەی ھەندێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو فیکری ئەم فەیلەسوفە، چەمکێکی سەرەکیی و بنەڕەتییە، ھیچی لە چەمکە سەرەکییەکانی تری ناو فیکری ھانا ئارێنت کەمتر نییە، لەوانەش بۆ نموونە چەمکەکانی ”پلورالبوون و فرەیی مرۆڤەکان“، ”ناڕادیکاڵبوونی خراپەکاریی“، ”کردەی کۆنکریت“ و ”خۆشویستنی جیھان“. لە ڕاستیدا ھەندێک لە ئارێنتناسەکان پێیان وایە گرنگترین چەمکێک بیرکردنەوەی ئەم ژنە فەیلەسوفەی سەدەی بیستەمی پێنباسرێتەوە، چەمکی ”لەدایکبوون“ و ھاتنە ناو جیھانە. 


لەدایکبوون و ھاتنە ناو جیھان لای ئارێنت سەرچاوەی تواناکانی مرۆڤ بۆئەوەی شتێکی تازە ڕووبدات، سەرلەنوێ دەستپێبکرێتەوە و سەرەتایەکی تازە دروستبکرێت، دەست بەشتێک بکرێت جیاواز لەوەی کە ھەیە و دروستکراوە. ئەمەش مانای توانای دەرچوون لە دۆخی ئێستا و دروستکردنی ژینگەیەکی تازە، مانای توانای دەستپێشخەریکردن و بەگژاچوونەوەی دۆخی باڵادەست لە ئێستادا، گۆڕینی ئەوەی خو بە دروستکردنییەوە گیراوە بەوشێوەیەی کە ھەیە و لە ئاردایە. مانای تێپەڕاندنی عورف و عادەت و دروستکردنی دۆخێکی ئینسانیی و مێژوویی نوێ. لەم ڕووەوە ئارێنت دووجۆر ھەڵسوکەوتی ئینسانی لەیەکتری جیادەکاتەوە: یەکەمیان ناودەنێت ”کردە“، دووھەمیشیان ”ڕەفتار“. کردە توانای دەستپێشخەریی و دروستکردنی شتێکی تازەیە. ڕەفتاریش بەردەوامیدانە بەو جۆرە ژیانەی کە ھەیە و دروستکراوە. ئەو خاڵەی ئارنێت جەغتی لێدەکات ئەوەیە تەنھا مرۆڤ توانای ئەنجامدانی کردەی ھەیە، واتە توانای دەستپێشخەریکردن و دروستکردنی  شتێکی تازەیەی ھەیە، نە ئاژەڵ و نە خوداکان ئەم توانایەیان نییە. بنیادنانی ”سەرەتای تازە“ توانای ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتیی مرۆڤیشە وەک مرۆڤ. لە ھەموو فیکری ئارێنتدا تەنھا باس لە بوونی یەک ”جەوھەر“ دەکرێت، ئەویش ئەم توانا ئینسانییەی تازەکردنەوە و گۆڕینی ئەو جیھانەیە کە  لە ئێستادا ھەیە و لەئارادایە. ئەگەر بشێت بە ئینسان جەوھەرێک ببەخشرێت، ئەوا ئەو جەوھەرە لای ئارێنت بریتییە لە توانای دەستکردن بە بونیادنانی شتێکی تەواو تازە و ناکۆک بەوەی ھەیە و باڵادەستە. کردەی ئینسانیش دەشێت کردەیەکی جیھانی بێت، دەشێت لە ئاستی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا پیادەبکرێت، دەشێت لە ژیانی شەخسیی و ئەو ژینگە بچووکەشدا ڕووبدات، کە کەسێک لەناویدا دەژیی. ھەموو ئەم شتانە قابیلی دەسکاریکردن و گۆڕانکارین. 
 ئەم توانای دەسکاریکردنەش وەک ئەگەرێک لەگەڵ لەدایکبوونی ھەر مرۆڤێکدا لەدایکدەبێت. ئارێنت لەڕێگای ئەم توانا ئینسانییە تایبەتەوە، کە گرێدراوە بە لەدایکبوون و ھاتنی مرۆڤەوە بۆناو جیھان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان کردەی لەدایکبوون و توانا سیاسییەکانی مرۆڤدا پێشنیاردەکات. سیاسەت وەک کردەی ھاوبەش و پێکەوەیی مرۆڤەکان بۆ دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەشی ھێمن و قابیلی قبووڵکردن. بەم مانایە ئارێنت  پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان دیاردەی سروشتیی لەدایکبوونی مرۆڤ و ئەگەری ھاتنەکایەی کردەی سیاسیی گۆڕانکاردا، پێشنیاردەکات. بەڵام ئەگەرچی توانای دەسکاریکردن و دروستکردنی ”سەرەتای تازە“ لای ئارێنت ”جەوھەر“ی مرۆڤ دەستنیشاندەکات، بەڵام مەرج نییە مرۆڤەکان ئەم توانایە بخەنەکار و جیھانی دەوروبەریان بگۆڕن. ئەوان دەشێت لە باتی ”کردە“یەک کە جیھانێکی نوێ دروستدەکات، لەناو ئەو ”ڕەفتار“انەدا بمێننەوە کە جیھان بەوجۆرەی ھەیە و دروستکراوە قبووڵبکات و نەیگۆڕێت.


ئەوەی لەم ڕوانینانەی ھانا ئارێنتدا بۆ کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمە گرنگە، بەگژاچوونەوەی ئەو نائومێدییە گەورە و سیستماتیکییە و ئەو شکستباوەڕییە ھەمەلایەن و خنکێنەرەیە کە ھێزە باڵادەستەکان لە کوردستاندا، دروستیانکردوە. گەڕانەوەی جۆرێکە لە ئومێدا بۆ ئەو ژینگە نائومێد و ھەناسەبڕەی لەئارادایە. وەبیرھێناوەی ئەو ڕاستییە سەرەتایی و سادەیەشە کە مرۆڤەکان دەشێت و دەتوانن دەسکاریی ئەو جیھانەبکەن کە تیایدا دەژین. پێداگرتنیشە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە بەشێکی گرنگیی مرۆڤبوونی مرۆڤ پابەستی وەگەڕخستنی ئەو توانا تایبەتەی دەسکاریکردنی جیھانە، کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە. وەکچۆن تێگەیشتنیشە لەو ڕاستییە سادەیەی نیشانمانئەدات ئەو دۆخەی ھێزە باڵادەستەکانی کوردستان دروستیانکردوە و سەپاندویانە، دۆخی لە ئینسانخستنی ئینسانە، دۆخی ھەوڵدانێکی بەرنامەبۆدانراو و بەردەوامە بۆ کوشتن و سڕینەوەی توانای دەستپێشخەریکردن لە مرۆڤەکاندا. نمایشکردنی ئەو دۆخەیە کە دروستکراوە وەک قەدەرێکی حەتمیی و تاڵ، کە دەرچوون لێی ناشێ و ناکرێ و مەحاڵە.  بەمەش ناچارکردنی ئینسانی ئێمە بە قبووڵکردنی تاریکبینیی و نائومێدیی وەک دۆخی ئەبەدی کۆمەڵگاکەی. 
گەڕانەوە بۆ ئەو دیدانەی ھانا ئارێنت کە باسمکردن، گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، بۆ وێنانکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێک کە دەتوانێت ھەم جیھان و ژینگەکەی بگۆڕێت، ھەم خودی خۆیشی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand