Draw Media

 (درەو): لەسەر نرخی بەنزین، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەمەقاڵی‌و پشێوی لەنێوان پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان رویدا، سەرۆكی لیژنەی وەزە دەڵێت لەلایەن پارێزگارەوە قسەی نەشیاو كرا، بەشێوازی خۆی وەڵاممان دایەوە پارێزگاریش دەڵێت: هەركەسێك بە هەرزمانێك قسە بكات بەو زمانە وەڵامی دەدەینەوە. ئەمڕۆ لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر كێشەی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی‌و بەڕێوەبەری نەوت‌و كانزاكانی پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەی گەرمیانی بانگهێشت كرد. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزینی گەڕاندوەتەوە بۆ (بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بەرزبونەوەی نرخی نەوت، هێنانی سوتەمەنی لە ئێرانەوە). ئەم قسانەی پارێزگاری سلێمانی، سەرۆكی لیژنەی وزەی قایل نەكردووە، چونكە ئەو هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین دەگەڕێنێتەوە بۆ (قۆرخكاریی، رێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، وەرگرتنی باجی جۆراوجۆر لە خاڵە سنورییەكان، نەبوونی رێنمایی بۆ رێكخستنی نرخ). پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی وزە كە ناكۆكن لەبارەی قەیرانی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین، هەردوكیان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن، ناكۆكییەكانیان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا گەیشتە ئاستی دەمەقاڵێ.  ئەندامێكی ئامادەبووی كۆبونەوەكە بە (درەو)ی راگەیاند، لەكاتی دروستبوونی دەمەقاڵێكەدا، هەڤاڵ ئەبوبەكر توڕەو بووەو وشەیەكی "نەشیاو"ی بەكارهێناوە، سەرۆكی لیژنەی وزەش بە هەمان وشە وەڵامی پارێزگاری داوەتەوە. لەبارەی ئەم مشتومڕەوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند" هەركەسێك بە هەرزمانێك قسە بكات بەو زمانە وەڵامی دەدەینەوە، بەڵام هەرشتێك وترابێت شتی شەخسی نیەو لەهەموو پەرلەمان‌و ئەنجومەنێكی دنیادا ئەم شتانە رودەدەن". لەبەرامبەردا كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی وزە بە (درەو)ی وت:" لە كۆبونەوەكە تەشەنوج دروست بوو، لەلایەن پارێزگارەوە قسەی نەشیاو كرا، بەشێوازی خۆی وەڵاممان دایەوە". لەناو ئەم كێشمەكێشەدا، چارەنوسی نرخی بەنزین بەنادیاری ماوەتەوە، پارێزگار دەڵێ لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا گەیشتونەتە ئەنجام‌و كەس كێشەی نەبووە‌و رێوشوێنی پێویستیان گرتوەتەبەر، سەرۆكی لیژنەی وزەش دەڵێ هیچ رێوشوێنێك نەگیراوەتەبەر، هیچ كۆنوسێك لەناو كۆبونەوەكەدا نەنوسراوە، بۆیە دوای كۆبونەوەكەش كۆنگرەی رۆژنامەوانی نەكراوە‌و باس لە بڕیاری پارێزگا لەبارەی نرخی بەنزینەوە نەكراوە.  سەرۆكی لیژنەی وزە رەخنە لە پارێزگار دەگرێت‌و دەڵێ:"  هەڤاڵ ئەبوبەكر لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەهاری هێناوەتە ئەژنۆ، بەڵام ئێستا سەد پلە پێچەوانەی بەڵێنەكانی خۆیەتی"، هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێ" من بەڵێنێك نادەم كە نەتوانم جێبەجێ بكەم، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین نەك لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە،  لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەندیشدا نیە". لەنێوان قسەكانی پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی وزەدا، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، بڕیاردراوە: • نرخی بەنزین دابەزێندرێت، ئەگەر بۆیان دانەبەزێت رێگە نەدەن زیاتر بەرزبێتەوە. • رێگە نەدەن كوالێتی بەنزین دابەزێت. • رێگە لە قۆرخكاری كۆمپانیاكان بگیریت.  


درەو: بەپێی راپۆرتی رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئایاری 2021 بڕی ( 11 ملیۆن و 399 هەزارو 942) بەرمیل نەوتی باركردووە لە بەندەری جەیهانی توركیا كە بە(20) كەشتی قەبارە جیاواز بە (7) وڵاتی فرۆشتووە. نەوتی هەرێم بە رێژەو بڕ بەم وڵاتانە  فرۆشراوە: - ئیتالیا: ( 5 ملیۆن و 399 هەزارو 973) بەرمیل بەرێژەی 48% - ئیسپانیا: ملیۆنێك و 799 هەزارو 991 بەرمیل بەرێژەی 16% - كرواتیا: ملیۆنێك و 799 هەزارو 991 بەرمیل بەرێژەی 16% - بولگاریا: 599 هەزارو 997 بەرمیل بەرێژەی 5% - ئیسرائیل: 599 هەزارو 997 بەرمیل بەرێژەی 5% - رۆمانیا: 599 هەزارو 997 هەزار بەرمیل بەرێژەی 5% - یونان: 599 هەزارو 997 بەرمیل بەرێژەی 5% - كۆی گشتی: 11 ملیۆن و 399 هەزارو 942 بەرمیل  


درەو: ئامادەکردن و وەرگێڕان: هێمن محەمەد قادر - گۆڤاری ئاییندە ناسی   بەرایی لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە لە ڕوانگەی تیۆری هاوپەیوەستبوونی دوو لایەنەوە لە پەیوەندییە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٢١)  بکۆڵێرێتەوە و کاریگەری و ڕۆڵی وزە لەسەر چۆنیەتیی گۆڕانی ئاڕاستە و ئایندەی ئەو پەیوەندییانە بخرێتە ڕوو. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، داڕشتن و ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک لەسەر بنەمای کۆمەڵێک فاکتەری گرنگی وەک پێگەی جوگرافی، بایەخی ئابووری، سەرچاوەکانی وزە، پەیوەندیی مێژووی و کولتووری… هتد بڕیاری لەسەر دەدرێت. لەم سەربەنەوە دەتوانین بڵێین وزە و جیۆپۆلەتیک دووانەیەکی لێک دانەبڕاون و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ سەر چۆنیەتیی بونیادی پەیوەندی و ململانێ سیاسییەکان. بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆستراتیجەوە، هێندە بەسە کە تەماشای ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکەین لە پێناو سەپاندنی دەسەڵات و نفوزی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا. توركیا و پێداویستی وزە تورکیا وەک یەکێک لە دەوڵەتە هەرێمییە بە‌هێزەکانی ناوچەکە، خاوەنی پێگەیەکی ئێجگار ستراتیجی و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان؛ لە ڕووی ئابوورییەوە بە یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی هەرێم دادەنرێت لە بواری هاودەرکردنی کاڵا و هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهان. لەم سۆنگەیەوە تورکیا وەک تاکە دەروازەی هەرێم کاریگەریی هەیە لەسەر پڕۆسەی “ئابووریی سەربەخۆ” و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم بەرامبەر بەغداد. هەر چی دەوڵەتی تورکیایە، داخوازی و پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. سەرباری بەردەوامیی تورکیا لە کاری هەڵکەندن و گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بەڵام لە ئێستادا ئەو وڵاتە تەنها لە ٢٥%ی ئەو وزەیەی  کە پێویستی پێیەتی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت. تورکیا ساڵانە پێویستی بە نزیکەی (٤٥-٥٠) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی هەیە، بۆیە ناچارە لە ٧٥%-ی پێداویستییەکانی لە ڕێگەی وڵاتانی دەرەوە هاوردە بکات، بەمەش دوای هەریەک لە چین و ئەڵمانیا بە سێیەم وڵاتی هاوردەکاری غازی سروشتی دادەنرێت.  دەوڵەمەندیی هەرێمی کوردستان بە سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و غازی سروشتی و کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئابووری تورکیا، بەردەوامیی جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی هێز و دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا، وای کردووە حکومەتی ئەنقەرە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆر بەم ناوچەیە بدات. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆپۆلەتیکی وزەوە ناوچەیەکی گرنگ و پڕبایەخە بۆ دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی لە سۆنگەی کەمکردنەوەی پەیوەستبوونی دەرەکی و پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆیەکانی وڵاتەکەی لە بواری وزەدا بۆ ماوەیەکی درێژ بە نرخێکی کەم، بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ڕێگەی گواستنەوەی وزەی ناوچەکە و دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و بەرهەمەکانی. لەژێر ڕۆشنایی ئەو فاکتەرانەی کە ئاماژەیان بۆ کرا، پاش هاتنەسەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی ٢٠٠٢، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ، تیۆری “سفرکردنەوەی کێشەکان” و هێنانەدیی ئاشتیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئامانجی بنەڕەتیی تورکیا لە بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، ڕەواندنەوەی گرفتە ناوخۆییەکانی و بەهێزکردنی زیاتری پێگەی وڵاتەکەیەتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی نەرمەوە. بەم شێوەیە جۆرێک لە پەیوەندیی هاوپەیوەستبوونی دوو لایەنەی ئاڵوز گەشەی سەندووە لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا. بە مەبەستی خستنەڕووی ڕۆڵی وزە لە چۆنیەتیی گەشەسەندن و گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، لەم توێژینەوەیەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا بەسەر چوار قۆناغی مێژوویی جیاوازدا دابەش كراوە: قۆناغی یەکەم: ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩١- ٢٠٠٣) دەگرێتەوە. لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنیدا خۆی دەبینێتەوە. قۆناغی دووەم: خۆی لە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و زیادبوونی نیگەرانییەکانی تورکیا بەرامبەر بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان دەبینێتەوە (٢٠٠٣- ٢٠٠٧).  قۆناغی سێیەم: بە قۆناغی زێڕینی گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دادەنرێت لە پەیوەندیی ئەمنی و سەربازییەوە بۆ گەشەسەندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی دوو لایەنە، بەتایبەتی لە بواری وزەدا (٢٠٠٧- ٢٠١٤). قۆناغی چوارەم: خۆی لە سستبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دەبینێتەوە لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێک ڕووداوی وەک: سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ٢٠١٤، ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧. گەرچی لە ئێستادا پەیوەندییەکان تا ڕادەیەک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.(1) پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٠٣) خاڵی سەرەتا و وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بۆ جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە. پاش ڕاپەرینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، گەلی کوردستان و گەڕانەوەی هێزەکانی ڕژێمی عێراق بۆ ناوچەکە، لە پێناو پاراستنی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان و لەسەر پێشنیاری ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و تورکیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ٥/٤/١٩٩١دا بڕیاری ژمارە ٦٨٨-ی دەرکرد و هێڵی ٣٦-ی وەک جیاکەرەوەیەک لەنێوان باشووری کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراقدا دیاری کرد. بەم جۆرە ناوچەکانی هەرێم کەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان و پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، پەرلەمان و حکومەتی باشووری کوردستان دامەزرێنرا. لەگەڵ ئەوەی تورکیا لە سەرەتای پڕۆسەکەدا لە پێناو کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە کۆچی هاوڵاتیانی کورد بۆ نێو سنوورەکانی؛ بڕیاری ژمارە ٦٨٨-ی پەسەند کرد، بەڵام دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و ڕێگاخۆشکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ئایندەدا لەقەڵەم دا. بۆ ئەم مەبەستە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەم قۆناغەدا بریتی بوو لە پارێزگاریکردن لە یەکێتیی خاکی عێراق و ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ کۆتاییپێهێنانی مەترسییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی وڵاتەکەی. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە (١٩٩١-١٩٩٨) لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنیدا بوو(2).  تورکیا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی “پەکەکە” لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ناچار بوو لە ڕووی ئەمنییەوە پەیوەندیی لەگەڵ پارتە باڵادەستەکانی باشووری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-دا دابمەزرێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە هەریەک لە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کرد لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژ بە “پەکەکە” هاوکارییان بکەن. لە ساڵی ١٩٩١، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی “هێزی چەکوش”ی دژی گەریلاکانی پەکەکە دەست پێ کرد. دوای ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکانی پارتی دژی “پەکەکە” جووڵێنران و شەڕ لە نێوانیاندا ڕووی دا. پاش هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی کوردستان لەنێوان “پدک” و “ینک” لە ماوەی (١٩٩٤-١٩٩٨)، هەریەک لە هێزە کوردییەکان لە دەوڵەتێکی هەرێمی نزیک بوونەوە لە کۆتایی جەنگەکەدا. ئەم دابەشبوونە کاریگەریی هەبوو بۆ سەر چالاکییەکانی تورکیا دژ بە “پەکەکە” لە ناوچەکەدا. پاش دەستگیرکردنی “عەبدوڵا ئۆجەلان”ی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی ١٩٩٩، ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی تورکیا لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی و بایەخپێدانی تورکیا بە هەرێم کەمتر بوویەوە(3). پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠٠٧) لە ساڵی ٢٠٠٣-دا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هێرشی سەربازییان کردە سەر عێراق  و توانییان لە ٩-ی نیساندا بچنە نێو شاری بەغداد، لە ١٥-ی نیساندا سەرکەوتنی خۆیان و هەڵوەشاندنەوەی حیزبی بەعسیان ڕاگەیاند. بێگومان ئەم ڕووداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبوو بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم. ترسی تورکیا لە هەڵوەشانەوەی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ناوچەکەدا، پێی نایە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە. ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە سەرەتای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا، کاریگەریی هەبوو بۆ سەر لاوازکردنی نفوزی تورکیا لە عێراق-هەرێم، بەتایبەتی پاش دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە سەربازانی تورکیا لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣. پاش پەسەندکردنی دەستووری نوێی عێراق لە ١٥/١٠/٢٠٠٥، دەوڵەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزم دامەزرێنرا. لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا، دان بە قەوارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەدا نرا. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا ئامادە نەبوو بە شێوەیەکی ڕەسمی مامەمەڵە لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی لە ناوچەکەدا بە “هێڵی” سوور دانا. لەم قۆناغەدا تورکیا زۆر بەنیگەرانییەوە لە بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و ئایندەی چارەنووسی ناوچەکانی (موسڵ و کەرکووک)ی دەڕوانی، بەتایبەتی پاش جێگیرکردنی مادەی (١٤٠) لە دەستووری نوێی عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستە پەرلەمانی تورکیا ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو خاکی عێراقدا، گەر بێتوو بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکەوێتە مەترسییەوە(4). پاش بەهێزبوونی پارتی “داد و گەشەپێدان” لە نێوخۆی تورکیادا، تا ڕادەیەک توانییان دەستتێوەردانی سەربازی لە کاروباری سیاسیدا سنووردار بکەن. بێگومان ئەمەش کاریگەریی هەبوو بۆ سەر گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پاش تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی، ڕێگەی دا بە دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە مەرجێک ئەو حکومەتە لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا بمێنێتەوە و کار بۆ سەربەخۆیی نەکات. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا دەستی پێ کرد، لە کاتێکدا بە هۆی پرسی ئەمنییەوە دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی چەندین ساڵ پرسی گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا فەرامۆش کردبوو(5).   پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٧-٢٠١٤) لەدوای ساڵی (٢٠٠٧)ەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم گەشەسەندنێکی خێرا و بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ و پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. لەم قۆناغەدا بە هۆی پێشکەوتن و سەقامگیریی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی حکومەتی هەرێم و گونجاویی یاساکانی وەبەرهێنان، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا تورکییەکان لە چەندین بواری جیاوازی وەک (دارایی و بانک، کەرتی بیناسازی، ژێرخانی ئابووری، کەرتی نەوت و غازی سروشتی،  کەرتی پەروەردە، خوێندنی باڵا)، دەستیان کرد بە وەگەڕخستنی سەرمایە و ئەنجامدانی پڕۆژە و کاری وەبەرهێنان. پاش تێپەڕینی ماوەیەکی کەم بەسەر پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسیی عێراق، بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاوی نا،  بەتایبەتی پاش ئەوەی لەسەر بنەمای پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی عێراق، لە ٧ی ئابی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و گازی تایبەت بە خۆی دەرکرد. بەگوێرەی دەستوور، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و بەرپرسیارێتیی پەرەپێدانی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەپێی مادەکانی (١١١، ١١٢، ١١٥، ١٢١)ی دەستووری عێراق، لەلایەن ئەنجوومەنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم هەنگاوە بەفەرمی سەربەخۆیی خۆی بەسەر سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیاند. سەرباری ئەوەی ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە بە هەنگاوێکی نادەستووری دانرا، لەگەڵ ئەوەشدا توانیی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی هەرێمی و نێوەدەوڵەتییەکانی بواری وزە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت(6).       پاش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرهێنانی نەوت و غازی سروشتیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دا، لە سەرەتاوە هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە بە هۆی ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندییەوە ئامادە نەبوون کار لە وزەی ناوچەکەدا بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە کۆمپانیاکانی وەک DNO-ی نەرویجی، Dana Gas-ی ئیماراتی و Genel Energy-ی تورکی، مافی گەڕان و پشکنیان وەرگرت. دۆزینەوەی نەوت لە کێڵگەی “تاوکێ” لەلایەن کۆمپانیای DNO لە ساڵی ٢٠٠٧، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تەقتەق، تاوکێ لەلایەن کۆمانیای Genel Energy لە ساڵی ٢٠٠٨ و بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن کۆمپانیای Dana Gas لە سنووری سلێمانی، خاڵی وەرچەرخانی گرنگیپێدانی تورکیایە بە هەرێمی کوردستان. بەتایبەتی دوای ئەوەی پەیمانگای وزەی ئەمەریکی “USC” لە ڕاپۆرتێکیدا لە ڕێگەی کۆمەڵێک داتای وردەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ناوچەکانی هەرێم بڕی ٥٠ ملیار بەرمیل نەوت کە نزیکەی ٢٠%-ی نەوتی عێراق و (٣- ٦) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت کە ٣%-ی قەبارەی غازی سروشتیی هەموو جیهان پێک دەهێنێت. بەم جۆرە تورکیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ کەوتە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لە ڕووی دیبلۆماسی و ئابوورییەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا(7). لە ساڵی ٢٠٠٨-دا وەفدێکی تورکیا سەردانی بەغدادیان کرد و بە ناوەی سەرۆکی تورکیاوە “جلال تەڵەبانی”ی سەرۆککۆماری عێراقیان بانگهێشتی تورکیا کرد. لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لە ٧-٨ی مارتی ٢٠٠٨، تاڵەبانی ئاماژەی بۆ پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی هەردوو وڵات کرد و هیوای خواست کە بتوانن لە ڕووی سیاسی، ئابووری، وزە و سەرجەم بوارەکانی دیکەدا پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا. ئەم سەردانە بە سەرەتایەکی گرنگ دادەنرێت لە کرانەوەی تورکیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان. پاش دەستبەکاربوونی ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ-ی خاوەنی تێزی قووڵایی ستراتیژی و “سفرکردنەوەی کێشەکان” لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لە پۆستی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٩، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وزەدا(8). لە ساڵی ٢٠٠٩-دا، کۆمپانیا تورکییەکانی وەک Genel Energy و Siyahkalem لە کێڵگە نەوتییەکانی وەک تەقتەق، تاوکێ، دەستیان کرد بە کاری وەبەرهێنان و ڕۆژانە نزیکەی ١٦٥ هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێنا. لە هەمان کاتدا گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لا سەبارەت بە بۆ بونیادنانی هێڵی بۆری بە مەبەستی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەستیان پێ کرد. بەم جۆرە تورکیا جگە لە کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری وزە، لە ڕێگەی دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی تورکیاوە (TPAO)، دەستی  بە کار و چالاکی کرد کرد لە ناوچەکەدا(9). جگە لە بواری وزە، هەرێمی کوردستان لە ڕووی بازرگانییەوە بایەخێکی ئێجگار گرنگی هەیە بۆ تورکیا؛ پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەدوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان، لەدوای ساڵی ٢٠٠٧-ەوە گەشەسەندنی خێرای بەخۆیەوە بینی. بەگوێرەی توێژینەوەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی تورکیا، ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨-دا کەلوپەل و کاڵایان لە تورکیاوە بۆ عێراق گواستووەتەوە تەنها (٨٠٠) بارهەڵگر بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٩-دا ئەو ژمارەیە بۆ ٣٠٠٠ بارهەڵگر بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک لە ٨٠%-ی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بوو. لە ساڵی ٢٠١٣-دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بەرز بوویەوە بۆ ٨ ملیار دۆلاری ئەمەریکی،  لە کاتێکدا بەر لە ساڵی ٢٠٠٧ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان تەنها یەك ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو. لە ساڵانی دواتردا، ئەو بڕە بۆ نزیکەی ١٢ ملیار دۆلاری ساڵانە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە(10). لە ساڵی ٢٠٠٩-دا هەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسی بازرگانیی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێم، داوود ئۆغڵۆ ڕایگەیاند: “جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە هاوشێوەی ڕابردوومان، داهاتووشمان پێکەوە دەبێت”. دوای ئەوەی “نووری مالیکی” لە ساڵی٢٠١٠، توانیی بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق سستیی زیاتری بەخۆیەوە بینی. تورکیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی هەژموونی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، ناچار بوو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سوننەکانی عێراق بەهێزتر بکات. بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی ٢٠١٠-دا تورکیا پێشوازیی لە مەسعوود بارزانی کرد و لە هەمان ساڵدا کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری هەولێر کردەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا(11). پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، حکومەتی هەرێم بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیدا، لە ساڵی ٢٠١٢ مافی پشکنین و دەرهێنانی نەوتی بە کۆمپانیای Exxon Mobil بەخشی. پاش ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای Exxon Mobil، تورکیا ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ کارکردن لە هێڵی بۆریی نەوتی (هەرێم-تورکیا)، بە مەبەستی گواستنەوەی نەوت و غازی هەرێم لە ڕێگەی خاکی وڵاتەکەیەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان. سەرباری ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، حکومەتی هەرێم لە ٢٠-ی مایسی ٢٠١٢-دا لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکاندا ڕێککەوتنی ئەنجام دا بە مەبەستی کارکردن لە پڕۆژەکەدا(12). پاش بونیادنانی هێڵی بۆریی نەوتی کوردستان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان لە مانگی ١٢-ی ساڵی ٢٠١٣-دا، دەوڵەتی ناوەندیی عێراق زۆر بەتوندی دژایەتیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم نیشان دا و مافی ئەنجامدانی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و هەناردەکردنی نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیهان بە بەشێک لە دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی دانا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێگە بە هەرێم نادات بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت. لە هەمان کاتدا ناڕەزایی خۆی گەیاندووەتە تورکیا و داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کردووە بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، ڕێگە بە هەناردەکردنی نەوت هەرێم نەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندیی بەهەند وەرنەگرت(13). بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لە ستراتیجیەتی تورکیا بەرامبەر سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان، پێویستە ئاماژە بۆ وتەکانی وەزیری وزەی تورکیا، تانەر یڵدز، بکەین لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا لە ١٨-ی شوباتی ٢٠١٣: “وەک دەزانرێت ئابووریی تورکیا ڕۆژ دوای ڕۆژ گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، لەم سۆنگەیەوە پێویستیی زیاترمان بە سەرچاوەکانی وزە دەبێت. بەگوێرەی ئامارەکان ناوچەکانی باکووری عێراق، بڕی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت و (٣-٦) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت. لە ئێستادا کۆمپانیا گەورەکانی نزیکەی ٢٠ وڵاتی جیهان، سەرقاڵی کارکردنن لە ناوچەکەدا. لەم ڕوانگەوە دەتوانین بڵێین هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە لەبەردەم ئەنجامدانی گرێبەستەکانمان لەگەڵ دەستەڵاتی خۆجێیی باکووری عێراقدا.” لە هەمان کاتدا لەبەردەم پەرلەماندا ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئەوان دەست لە کاروباری نێوخۆیی عێراق وەرنادەن و لەگەڵ پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراقدان(14). هەڵاتنی “تاریق هاشمی”ی جێگری سەرۆککۆماری عێراق بۆ تورکیا و ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی فڕۆکەی وەزیری وزەی تورکیا (تانەر یڵدز) لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە کە بەنیاز بوو سەردانی هەولێر بکات، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدادی بەرەو ئاڵۆزی برد. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا و هەرێم لە هەنگاوەکانی پێشوویان پاشگەز نەبوونەوە، بەڵکوو دەستیان کرد بە گفتوگۆ سەبارەت بە بونیادنانی هێڵی بۆری بە مەبەستی گواستنەوەی غازی سروشتیی هەرێم بۆ تورکیا(15). پەیوەندییەکانی تورکیا-هەرێم لەدوای ساڵی ٢٠١٤ تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان زیادبوونی فشاری حکومەتەکەی مالیکی بۆ سەر سوننەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١١-دا، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوچە سوننەنشینەکان لە ساڵی ٢٠١٣ و ناسەقامگیریی دۆخی نێوخۆی عێراق. حکومەتی عێراقی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکانی ناوچەی ئەنبار لە ساڵی ٢٠١٤-دا، پەنای بردە بەر بەکارهێنانی هێز. لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینی و لەسەر بڕیاری نووری مالیکیی سەرۆکوەزیران، پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕدرا. لە هەمان ساڵدا نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکوەزیرانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەکی ٥٠ ساڵەی لە بواری وزەدا لەگەڵ تورکیادا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کار دەکەن و ئامانجی سەرەکییان دابینکردنی بڕی ١٧%-ی بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان. لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ٢٣-ی حوزەیرانی ٢٠١٤-دا، لەسەر داوای وەزارەتی نەوتی عێراق دانیشتنێکی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم ئەنجام دا و فرۆشتنی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە کارێکی نایاسایی و پێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراق دانەنا. ئەم بڕیارە دەستی هەرێمی زیاتر واڵا کرد، لە هەمان کاتدا گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ تورکیا، لە ڕوانگەی هێوربوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان(16). پاش گرتنی شاری موسڵ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، هێزەکانی عێراق لە شاری کەرکووک و کشانەوە. پاش هێرشی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر شاری کەرکووک، کەرکووک و بەشێکی فراوان لە ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کران. پاش کۆنترۆڵکردنی ناوچە جێناکۆکەکان، مەسعوود بارزانیی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمانی خراپیی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، جێبەجێنەکردنی دەستوور و نەناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، شکستهێنانی سیستمی فیدراڵیزمی لە عێراق ڕاگەیاند و وتی: “کورد جگە لە سەربەخۆیی، هیچ چارەیەکی بۆ نەماوەتەوە لە عێراقدا”. بەم جۆرە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ڕیفراندۆم لە تەواوی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکووکەوە، لە پێناوی سەربەخۆییدا ئەنجام بدات. ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم بوو بە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەک لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و تورکیا. تورکیا بە شێوەیەکی ڕەسمی دژایەتیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و بڕیاری دا لە ڕێگەی داخستنی سنووری وشکانی و ئاسمانیی وڵاتەکەیەوە، گەمارۆی هەرێمی کوردستان بدات. لە هەمان کاتدا پەرلەمانی تورکیا ماوەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە لە دەرەوەی خاکی تورکیا درێژ کردەوە. پاشان لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی (عێراق-ئێران-تورکیا)دا، هەرسێ لایەن لە ڕاگەیەنراوێکدا دژایەتیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند. بەم جۆرە جارێکی دیکە سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە بە ئاڕاستەی بەغداد وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی و پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێز کردەوە(17). پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥-ی ئەیلوولی ٢٠١٧، هێزەکانی عێراق لە ١٦-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧-دا هێرشیان کردە سەر ناوچە جێناکۆکەکان و توانییان زۆر بەخێرایی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە. سەرەنجام ڕیفراندۆم هەڵپەسێردرا و مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٢٩-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەستی لەکار کێشایەوە. پاش ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێم ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی پاش بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە بۆنەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا(18). لە قۆناغی دواتردا و لەگەڵ بەردەوامیی کارکردنی بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە وەک کۆمپانیای ExxonMobil و Chevron-ی ئەمەریکی، Total-ی فەڕەنسی و Gazprom-ی ڕووسی لە ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر گەشەسەندنی زیاتری بەخۆیەوە بینی. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی (٤٣٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جیهان دەکات(19). لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت گەرچی تورکیا لە ڕێگەی گواستنەوەی نەوتی هەرێمەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، ساڵانە داهاتێکی زۆر بەدەست دەهێنێت و باڵادەستیی خۆی بەسەر قەوارەی هەرێمدا زیاتر کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە کردنەوەی دەروازەیەک بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، تا ڕادەیەک دژ بە سیاسەت و ستراتیجەکانی خۆی وەستاوەتەوە بەرامبەر بە پرسی کورد لە ناوچەکەدا. نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە نەوت لە عێراقدا و کارکردنی تورکیا بە یاسا نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم، بووەتە هۆی بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و لاوازکردنی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەغداد، بێگومان ئەمەش زیان بە ستراتیجیەتی دوورمەودای تورکیا دەگەیەنێت لە ڕوانگەی پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق و ڕێگریکردن لە زیاتر بەهێزبوونی قەوارەی هەرێم. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە ئەنجام داوە، بە مەبەستی پشکنین و دەرهێنانی نەوت لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری مادەی (١٤٠)، کە بە ناوچە “جێناکۆکەکان” ناسراون، لە کاتێکدا تورکیا لە ڕووی مێژووییەوە ئەم ناوچانە وەک ناوچەی جێ نفوزی خۆی دەبینێت و دەیەوێت لە ئێستادا لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە بەڕێوە ببرێن.   کێشە و گرفتەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر دۆسیەی نەوت و ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، تا ئێستا بەردەوامییان هەیە. لە ڕەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، لەبەرامبەر ناردنی پشکی هەرێمدا داوای ڕادەستکردنی (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەکات. لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغداددا، دوور نییە لە ماوەی ئایندەدا دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و تورکیا لەسەر پرسی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤاکۆی و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕێک بکەون کە بۆ ماوەیەکی درێژە لە گفتوگۆدان. دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەیەوێت لەبەرامبەر دەربڕینی ڕەزامەندی بۆ کردنەوەی ئەم خاڵە سنوورییە، تورکیا ڕازی بکات بەوەی ڕێگە بە هەنارەدەکردنی نەوتی هەرێم نەدات لە ڕێگەی خاکی وڵاتەکەوەیە بۆ بازاڕەکانی جیهان. لە بەرامبەردا تورکیا لە ڕێگەی ئەم خاڵە سنوورییەوە کار بۆ ئەوە دەکات لە لایەکەوە بوونی “پەکەکە” لە ناوچەکانی شەنگال کۆتایی پێ بهێنێت، لە لایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان لەو سامانە بێبەش بکات کە لە ڕێگەی ئەم خاڵە سنوورییەوە دەستی دەکەوێت. گەرچی لە ئێستادا جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی لەم چەشنە بە کارێکی قورس دادەنرێت، بە هۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی لەم چەشنە لە ساڵانی ئایندەدا کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت.   ئەنجام دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بۆ دوو ڕووداوی مێژوویی گرنگ دەگەڕێتەوە، ئەوانیش بریتین لە جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ و پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا. پاش دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩٢-٢٠٠٧) تا ڕادەیەک لاواز بووە و لەسەر بنەمای پاراستنی ئەمن و ئاسایشی سنوورەکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی پاراتی کرێکارانی کوردستان شێوەی گرتبوو. لە قۆناغی دواتردا و لە ماوەی نێوان ساڵانی (٢٠٠٧- ٢٠١٤)دا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم بە هۆی گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و زیادبوونی بایەخی ئابووریی هەرێمەوە چیتر تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنی نابێت، بەڵکوو لە ڕووی دیبلۆماسی و ئابوورییەوە گەشەسەندنێکی دیار و بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، تەنانەت لە هەندێک کاتدا تورکیا سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی لە هەرێم بینا کردووە، تەنانەت هەندێک کات ئەم پەیوەندییانەی گرفتی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداددا دروست کردووە. پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دوورکەتنەوەی زۆری بەخۆیەوە بینی و تورکیا بەتوندی دژ بەم هەنگاوە وەستایەوە. گەرچی پاش سڕکردنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم پەیوەندییەکان تا ڕادەیەک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، تورکیا و بەغداد، کاریگەریی بۆ سەر ئایندەی ئەو پەیوەندییانە دەبێت. سەرباری ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم لەسەر بنەمای هاوپەیوەستبوونی ئابووری بونیاد نراوە، لە ماوەی ڕابردوودا پەرەسەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستراتیجیەتی دوورمەودای تورکیا لەبەرامبەر پرسی کورد لە ناوچەکەدا وای کردووە ئەم پەیوەندییانە پەیوەندیی ستراتیجی و ماوەدرێژ نەبن، بەڵکوو جۆرێک لە پەیوەندیی ماوەکورت و مامناوەند بن. ناڕەزاییەکانی دەوڵەتی ناوەندی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم، گەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرفت بۆ تورکیا دروست نەکات، ئەوا بێگومان بە شێوەیەکی ناڕاستەخۆ کاریگەریی بۆ سەر ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دەبێت. گەرچی لە ئێستادا تورکیا بە هۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنچینەیی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا پێناچێت بەئاسانی دەستبەرداری هەرێم ببێت. سەرچاوەکان 1- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157. 2-Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel  Yönetimi  İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70. 3- Serhat Erkmen, “ İç Etkenler Açısından Türkiye’nin Kuzey Irak Politikasının Dönüşümü”, bilig dergisi, Sayı 72, 2015, s. 171-196. 4- Zülfü Dağdeviren, , “Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi Arasında Siyasi İlişkiler: Devlet- Hükümet İlişkileri ”, Akademik Tarih ve Araştırmalar Dergisi, Yıl: 2020 Cilt:3 Sayı:2 ss. 151-198. 5- Ferit Tunç, Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri (2000-2010), Yüksek Lisans Tezi, İstanbul, 2014, s.2. 6- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157. 7- Ali Balcı, Enerjisine Kavuşan Komşuluk: Türkiye-Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri, SETA Raporu, 2014, son erişim tarihi: 10 Şubat 2021, https://www.setav.org/%C2%91enerjisine-kavusan-komsuluk-turkiye-kurdistan-bolgesel-yonetimi-iliskileri. 8- Zülfü Dağdeviren,  “Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi Arasında Siyasi İlişkiler: Devlet- Hükümet İlişkileri ”, Akademik Tarih ve Araştırmalar Dergisi, Yıl: 2020 Cilt:3 Sayı:2 ss. 151-198. 9- Nazlı Üstün, Türkiye- Kuzey Irak İlişkiler ve Ejonomik yansımaları, son erişim tarihi: 11 Şubat 2021; Wladimir Wildenburg, “Breaking From Baghdad”, World Affairs, 2012, cilt 175 sayı 4, 51. 10- Serhat Erkmen, “ İç Etkenler Açısından Türkiye’nin Kuzey Irak Politikasının Dönüşümü”, bilig dergisi, Sayı 72, 2015, s. 171-196. 11- “Türkiye Barzani’yle yeni sayfa açıyor”,  son erişim tarihi: 12 Şubat 2021,  https://www.dw.com/tr/t%C3%BCrkiye-barzaniyle-yeni-sayfa-a%C3%A7%C4%B1yor/a-5648524. 12- Wladimir Wildenburg, “Breaking from Baghdad”, World Affairs, 2012, cilt 175 sayı 4, 51. 13- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157. 14- Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel  Yönetimi  İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70. 15- “ Irak, Bakan Yıldız’ın Uçağına İniş İzni Vermedi”, son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.trthaber.com/haber/gundem/irak-bakan-yildizin-ucagina-inis-izni-vermedi-65786.html. 16- Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel  Yönetimi  İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70. 17-“ IKBY Referandumuna İran’la Irak ve Türkiye’nin Tepkisi Ne Oldu? ”,  son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.amerikaninsesi.com/a/ikby-referandumuna-iran-irak-ve-turkiye-nin-tepkisi-ne-oldu/4047012.html. 18-Emrah Kekilli,  “Türkiye-IKBY İlişkilerinin Geleceği: Geçmişin Gölgesinde Geleceği İnşa Etmek”, son erişim tarihi: 16 Şubat 2021, https://setav.org/assets/uploads/2018/08/209_Turkiye_IKBY.pdf. 19-İdris Okuducu,“Barzani’ye başkanlığı bıraktıran süreç ”,  son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.aa.com.tr/tr/dunya/barzani-ye-baskanligi-biraktiran-surec/951611; Nazlı Üstün, Türkiye- Kuzey Irak İlişkiler ve Ejonomik yansımaları, son erişim tarihi: 11 Şubat 2021.   ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی


شیكاری: درەو پێكهاتەو كەمینەكان لە عێراقدا لە مێژوودا چەندینجار روبەرووی چەوساندنەوەو پەراوێزخستنی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و كلتوری بونەتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش لە چەندین وێستگەی گرنگ بۆ مەرامی سیاسی بەكارهێنراون، لە عێراقی ئێستادا رێژەی (2.3%)ی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەشێك لە پێكهاتەكان تەرخانكراوە، بەڵام بەشێكی تریان هیچ دەرفەتێكی سیاسییان پێ نەدراوە، لە هەرێمی كوردستانیش (10%) كورسییەكانی پەرلەمانیان بۆ تەرخانكراوە، ئەم رێژانە بەتەواوەتی گوزارشت لە مافی كەمینەكان ناكات، بەوپێیەی ماوە لەدوای ماوە دەنگ لەناو كەمینەكانەوە بەرزدەبێتەوە‌و باس لەوە دەكەن ئەوانەی لە پەرلەمان دانراون نوێنەرایەتی پێكهاتەكان ناكەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی (ئیزیدی و كاكەی)یەكان كە ژمارەیەكی زۆریان دانیشتووی هەرێمی كوردستانن، هیچ نوێنەرایەتییەكیان لە پەرلەمانی كوردستاندا نیە. نەخشەی دابەشبوونی (کەمینە) پێکهاتەکانی عێراق تورکمان نەتەوەی تورکمان لە عێراقدا لە دوای پێکهاتەی عەرەب و کوردەوە گەورەترین پێکهاتەی عێراقی، هەرچەندە ئامارێکی ورد فەرمی بەردەست نییە دەربارەی ژمارەی تورکمانەکانی عێراق، بەڵام بەپێی ئاماری ساڵی ١٩٥٧ کە تا ئێستا لە عێراقدا پشتی پێ دەبەسترێت ڕێژەی تورکمان (٢.٣%)ی دانیشتوانی عێراقی پێکهێناوە. سەرەتای نیشتەجێبوونیشیان دەگەڕێتەوە بە سەدەی یەکمی کۆچی، لە درێژایی مێژووش لە ناوچەکە ڕۆڵی جیاوازیان گێراوە، بەشی زۆریشیان نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە بوونە بە هێڵی جیاکەرەوەی نەتەوەی عەرەب کورد، کە بریتین لە شارەکانی کەرکوک، دیالە، نەینەواو باکوری بەغداد ، هەروەها ناوچەکانی جەلەولا، سەعدییە، کفری، سلێمان بەگ، دوز، یەنگیجە، داقوق، تەلەعفەر.   مەسیحییەکان مەسیحییەکان پێکهاتەکی گرنگ و کۆنی ئەم ناوچەیەن کە ئێستا بە عێراق ناسراوەو سەرەتای نیشتەجێبوونیان لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحییە لە سەدەی یەکەمی زاینی، بەڵام بەردەوام لە عێراقدا ژمارەی ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە، بەتایبەت لەدوای پرسەی ئازای عێراقەوە 83% ژمارەیان کەمبووەتەوە، بەجۆرێک لە ١ ملیۆن و پێنج سەد هەزار مەسیحی کەمبوونەتەوە بۆ نزیکەی (250-500) هەزار کەس. بەشی زۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی کۆچی مەسحییەکان و سەرهەڵدانی توندوتیژییەکانی دوای ٢٠٠٣ و سەرهەڵدانی توندوتیژی ئاینی، بەجۆرێک کاتێک ساڵی ٢٠١٤ داعش کۆنترۆڵی پارێزگای موسڵ ی کرد دەیان هەزار مەسیحی لە شوێنی باوو باپیرانی خۆیان هەڵکەندران و هەڵهاتن، ئەمانەش هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی دەرگای وڵاتانی رۆژئاوا بەڕووی مەسیحییەکاندا کە پاڵیان پێوە دەنێت کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی عێراق. چونکە مەسیحیەکانی پارێزگای نەینەوا لە بەردەم سێ بژاردەبوون کاتێک داعش کۆنترۆڵی ئەو پارێزگایەی کرد، ئەوانیش؛ موسوڵمان بوون یان پێدانی جزیە، بۆیە بەناچاری بژاردەی سێیەمیان هەڵدەبژاد کە کۆچ کردن بوو. مەسیحییەکانی عێراق دابەشبوون بەسەر چەند مەزهەبێکی ئاینیدا، بەجۆرێک؛ کلدانییەکان سەر بە مەزهەبی (کاسۆلیک)ی، ئاشورییەکان (نەستورییەکان)، سریانییەکان بەشێکیان (ئەرسەدۆکس)ی و بەشێکیان (کاسۆلیکن)، بە هەمان شێوە ئەرمەنییەکان بەشێکیان (ئەرسەدۆکس)ی و بەشێکیان (کاسۆلیکن)، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گروپی دیکەی بچوکی مەسیحی دیکەش بەناوی پرۆتستانتی و ئینجیلی ...هتد بونیان هەیە لە عێراقدا. لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (٥)  کورسی بۆ کۆتای مەسیحی لە پارێزگاکانی (بەغداد، نەینەوا، کەرکوک، هەولێر و دهۆک) تەرخان کراوە. لە پەرلەمانی کوردستانیش (٥) کورسی بۆ کۆتای مەسیحییەکان تەرخان کراوە.   ئێزیدییەکان سەرەتای نیشتەجێبوونی ئێزدییەکانی عێراق زۆر کۆنن و وەک خۆیان دەڵێن مێژووی نیشتەجێبوونیان دەگەرێتەوە بۆ دوڵی دوو روبار زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا و خۆیان بە کۆنترین ئاین دنیا دەزانن و پێیان وایە ڕەگ و ڕیشی بیر و باوەڕیان دەگەڕێتەوە بۆ ئاینی زەردەشتی. ئێزدییەکان بەشێکی ترن کەمە ئاینییەکانی عێراق، کە خاوەنی ئاینی تایبەت بە خۆیانن و زۆربەیان لە باشووری کوردستانن لە قەزای شەنگال و قەزای شێخان و بەعشیقە و زومار و لەقوش، بەشێکیشیان نیشتەجێی پارێزگای دھۆکن لە لە ناوچەکانی سیمێل و کۆمەڵگای خانکێ و ناوچەی دێربوون. ئەگەرچی خاوەنی یەک ئاینن بەڵام تێکەڵن لە نەتەوەکانی کورد و عەرەب و فارس و تورک، هەربۆیە بە زیاتر لە زمانێک گفتوگۆ دەکەن، بەپێی ئامارەکان ژمارەیان لە عێراقدا لە نێوان (٥٠٠) هەزار بۆ (٧٠٠) هەزار کەس مەزەندە دەکران، بەڵام لەدوای شەڕی داعش بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئیزدییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیەکەی (٣٦٠) کەسیان لێ ئاوارەبوو، نزیکەی (١٠٠) هەزار کەسیان عێراقیان بەجێهێشت . کوردی فەیلی پێی یاسای هەڵبژاردن کوردی فەیلی (١) کورسی کۆتای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ تەرخان کراوە، لە چوارچێوەی پارێزگای واست. بەپێی سەرژمێرییە نافەرمییەکان کوردە فەیلییەکان لە عێراقدا ژمارەیان زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەسە، زۆرینەیان لە پارێزگاکانی دیالە، بەغداد و واست نیشتەجێن. پێکهاتەی کوردی فەیلی لەژێر فشار و زوڵمی زۆری رژێمی بەعسدا بوون و هەوڵی سڕینەوەیان دراوە، بۆیە بە بڕیاری داداگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠ کوردی فەیلی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر ئەنجامدراوەو هەوڵی لەناوبردنی بەکۆمەڵیان دراوە. بۆیە بەشێکیان پێیان وایە جێهێشتنی (١) کورسی کۆتای کەمینەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ئاستی ئەو قوربانیدانە گەورەیەدا نییە کە ئەم پێکهاتەیە لە ڕابردوودا بەسەری هێنراوە، کەو کورسییەش لە ژێر هەژمون و هەیمەنەی پارتە گەورەکانە و گوزارشت لە ماف و خواست ئێش و ئازاری ئەوان ناکات. سابیئەی مەندائی بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (١) کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە ئەنجومەنەکە بۆ ئەم پێکهاتەیە تەرخان کراوە ڕیشەی سابئییەکان دەگەڕێتەوە تیرەی ئارامی لە ساڵی ١٠٠ پێش زاین کۆچیان کردووە بۆ عێراق، لە کەناری روباری دیجلە و فورات لە خواروو ناوەڕاستی عێراق نیشتەجێبوونە، بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩١٩ بە (٨٥٠٠) کەس مەزەندە کراون، لە ئێستاشدا (٢٠٠) هەزار کەس دەبن و دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی بەغداد، کەرکوک، کوت، دیالە، دیوانیە، ناسریە، عەمارەو بەسرە. زمان و كەلتوور و ئایینی خۆیان هەیە، توانیویانە زمانی خۆیان بپارێزن و سەرەڕای زمانەکەی خۆیان کە بە زمانی ئارامی ناسراوە بە زمانی عەرەبیش گفتوگۆ دەکەن، ئەم تیرە ئایینییە زوڵمێکی زۆریان لێكراوە، زۆریان لێ كوژراوە و چەوساندویاننەتەوە و زمانەكەیان قەدەغەكراوە، رژێمی بەعس پەرتوبڵاوی كردوون بە مەبەستی فەوتاندن و لەناوچوونیان. بەشێکی زۆریان لەبەر زوڵم و زۆرلێكردن و چەوساندنەوە و قەدەغەكردنی زمان و كەلتوور و ئایینەكەیان پەنایان بردوەتە دەرەوەی وڵات. شەبەک  بەشێوەیەکی گشتی پێکهاتەی شەبەک لە ناوچە کوردییەکانی عێراق نیشتەجێن، بەپێی سەرچاوە مێژوییەکان ڕێشەیان دەگەڕێتەوە بۆ هۆزی (شەبەک)ی کوردی، بەڵام حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پێش ٢٠٠٣ بە عەرەبی ئیزیدی و ناوزەدیان کردووە، بەپێ سەرژمێری ساڵی ١٩٧٧ ژمارەیان بە (٨٠) هەزار کەس خەمڵێندراون. زۆربەی شەبەک لەو ھۆزە کوردانە پکھاتوون کە بە پەرتەوازەیی لە دەڤەری بەردەڕەشی نزیک‌ ئاکرێ و حەمدانیەو تلکێف بەعشیقەو ھە‌ولێر و کەرکووک و گەرمیاندا بڵاو بونە. زمانی ئاخاوتنی ئەم ھۆزانە بە گشتی شێوەزارێکی گۆرانە و کاریگەری کرمانجی و عەرەبی و تورکی پێوە دیارە. بە حوکمی ھاوسێیەتیان لەگەڵ کوردی بادینان و ھۆزە عەرەب و تورکمانەکانی موسڵ.  ئێستا زیاتر لە (٦٠) هەزار شەبەک لە شاری موسڵ و ٣٥ گوندی دەوروبەری دا دەژین. لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان بە (٣٠٠-٣٥٠) هەزار کەس دەخەمڵیندرێت، لە سەردەمی بەعسییەکان دا شەبەکەکانیش وەکوو ھەموو کوردەکانی دیکە ئەشکەنجە دران. رژیمی بەعس بە شوێنی ئەوە بوو کە ناسنامەی کوردەواری شەبەکەکان بسڕێتەوە و ئەوان وەکوو عەرەب بناسێنێ.  جگە لەو پێکهاتانەی سەرەوە چەندین کەمە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لە عێراقدا دەژین کە کەمتر ئامادەیی سیاسیان پێدراوە وەکو کاکەییەکان کە بەپێی هەندێ ئاماری نافەرمی بە (١٠٠) هەزار کەس دەخەمڵێندرێن و دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێر و هەڵبجە هەندێک ناوچەی دیالە و خانەقین. لەدوای ئەوانیشەوە یەهودی و بەهائییەکان و سەردەمانێک جویەکی زۆریش لە عێراقدا نیشتەجێبوون بەڵام کۆچیان کردووەو عێراقیان جێهێشتووە. نوێنەرایەتی کەمینەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  کەمە نەتەوەو ئاینییەکانی عێراق لە سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ژێر کاریگەری هێزو لایەنە سیاسیەکانی عێراقدان، زۆرجار نەیانتوانیوە ئەندامەکانیان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکانی خۆیان بکەن، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیان هێندە کەمە لەنێو ململانێ و هاوکێشە سیاسییەکان لە توانایاندا نییە وەک پێویست پارێزگاری لە خواستی ڕەوای خۆیان بکەن، ئەوەی ئەوانی پاراستووە فشاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەرەکییە زیاتر لەوەی نوێنەرەکانیان بێت لە ئەنجومەنی نوێنەران.  لەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران و بەپێی یاسا بەشێک لەو پێکهاتانە (٢.٣%)ی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بۆ تەرخان کراوە بە پێی سیستمی کۆتای پێکهاتەکان لە کۆی (٣٢٩) کورسی (٩) کورسییان بۆ تەرخان کراوەو و بەشێک لە پێکهاتەکانیش هیچ دەرفەتێکیان پێ نەدراوە. لە دواین هەڵبژاردنیشدا کە لە ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ ئەنجام درا زیاتر لە ٢٠ هاوپەیمانی و لیستی سەربەخۆ کێبڕکێیان لەسەر ئەو (٩) کورسییە کرد، بۆ شێوازی دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان (بڕوانە خشتەی ژمارە (١)). پێدانی ئەم دەرفەتە بە پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران هاوتا نییە بەوەی کە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەیە، چونکە تەنها تەرخانکردنی (٩) کورسی لە کۆی (٣٢٩) کورسی نیەتی پاکی سیستمی هەڵبژاردنی عێراق دەرناخات بۆ پێکهاتەکان خۆیان و ڕازیکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، چونکە ئەم هەنگاوە بەس نییە بۆ پارێزگاریکردن لە مافی کەمینەکانی عێراق. بۆیە زۆرینەی کەمینەکانی عێراق پێیان وایە دووجار ستەمیان لێکراوە، جارێک ئەو ڕێژەیەی بۆیان دیاری کراوە گوزارشت لە قەبارەو مێژووی ڕاستەقینەی ئەوان ناکات، جارێکی تریش یاسای هەڵبژاردن بەس نییە بۆ پارێزگاریکردن لەوان، چونکە دەکەونە ژێر رەحمەتی حیزبە گەورەکانی عێراق.   خشتەی ژمارە (٢) کورسی کۆتای تەرخانکراو بۆ کەمە ئاینی نەتەوەییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوێنەرایەتی کەمینەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بریتین لە پێکهاتەی نەتەوەیی و پێکهاتەی ئایینی و پێکهاتەی فەرهەنگی، پێکهاتەی نەتەوەییەکان بریتین له (كورد، توركمان، كلدانی ئاشووری سریانی و ئەرمەن) کە ئێستا سەرجەمیان پەرلەمانتاریان هەیە لە پەرلەمانی هەرێی کوردستان، پێکهاتە ئایینیەکان بریتین لە ئایینانە (ئیسلام، مەسیحی، ئیزیدی، کاکەیی، زەردەشتی، بەهائی، جوو، سابیئەی مەندایی) بەڵام پێکهاتە ئایینیەکان کورسی کۆتایان نیە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دیاری کراوی (ئێزیدی و کاکەیی)ە چونکە کریستانەکانی هەرێمی کوردستان بە ناونیشانی نەتەوەوە کورسی کۆتایان بە دەس هێناوە، بەڵام کوردی شیعە لە کوردستان پێیان دەڵێن (فەیلی) لەناو هەرێم وەک شیعە تەماشا دەکرین لە هەمان کات لەناو شیعە وەک کورد تەماشا دەکرین لە هەردوو لا بێ بەشکراون لە مافە سەرەتاییەکانیان. لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کورستان (پەرلەمانی کوردستان) لە 19/5/1992 ئەنجومەن پێکهاتبوو لە 105 کورسی، 100 کورسی گشتی و 5 کورسی پێکهاتەی مەسیحی. بەڵام کاتێک ململانێ لەسەر ئەو (5) کورسییە دەستی پێکرد لە هەڵبژاردن (4) لیستی پێکهاتەکە ململانێیان دەکرد، بەڵام تەنها (1) لیست کە هی (بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری) بوو لیستی مەسیحیەکان بوو و لەلایەن خۆیانەوە پێکهێنرابوو، (3) لیستەکەی تر لەلایەن پارتی و یەکێتی و حزبی شیوعی دروستکرابوون، لە ئەنجامدا بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری (4) کورسی هێنا و، لیستەکەی پارتی (1) کورسی هێنا و ئەوانی تریش هیچ کورسی. تاکە پەرلەمانتارەکەی پارتی بەناوی پێکهاتە دواتر کرایە بریکاری وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێم و، ئینجا وەزیری دارایی لەسەر پشکی پارتی و، پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانەوە ژمارەی کورسی پێکهاتەکان کرایە (11) کورسی (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢))، بەجۆرێك کە لە هەڵبژاردنی (30/1/2005) تا ئێستا بە بەردەوامی زۆرینەی ئەو کورسیانە، (9) کورسی یان زیاتر لەبەردەستی پارتییەو لە هەموو پڕۆسەیەکی دەنگدانی گرنگی ناو پەرلەمان ئەو دەنگانە بۆ پارتی وەكو پەرلەمانتارەکانی خۆی بۆی مسۆگەرن و، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو مەسەلەیە بۆ پارتی یەکلابۆتەوە. خشتەی ژمارە (٢) چۆن مافی کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان کە لە كوردستان ـ عێراق دەرچووە، کە دانی بە کۆمەڵێک ماف داناوە بۆ پێکهاتەکان، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە بتوانرێ ئەو مافانە لەسەر زەمینەی ڕاستی جێبەجێ بکرێن، نەک تەنیا بە شێوەیەکی ڕواڵەتی بمێننەوە و ببنە مەرەکەبی سەر کاغەز. لە پێناو باشترکردنی دۆخی کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان و بۆ ئەوەی مافی کەمینەکان باشتر بپارێزرێت، چاودێران پێشنیاری زۆریان خستووەتەڕوو، کە لەبەرچاوگرتنیان بنەماکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بەهێزتر دەکەن و ڕێگە خۆش دەکەن بۆ ئەوەی کەمینەکانیش خۆیان بە خاوەنماڵ بزانن لە هەرێمی کوردستان و هەست نەکەن کە هاوڵاتی پلە دوون، لەوامەش لەم نیشتمانەدا: 1.    ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی و، هی پێکهاتەکان بە جیا بکرێت و، بەرمەبنای ئەوە بازنەی هەڵبژاردنیان یابکرێتەوە. 2.    دروستکردنی لیستی تایبەت بە کەمینەکان لە لایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی تەنیا ئەو کەسانەی کە سەر بەو کەمینانەن بتوانن لە هەڵبژاردنی کورسی کۆتاکاندا بەشداری بکەن و، هیچ لایەنێکی تر نەتوانێ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی نوێنەری کەمینەکاندا بکات لە پەرلەمانی کوردستاندا. 3.    بەپێی مادەی ١/بڕگەی دووەم لە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، ئەم پێکهاتانە لە هەرێمی کوردستان بریتین لە کۆمەڵە نەتەوەییەکان (تورکمان، کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن) و کۆمەڵە ئایین و ئایینزاکان (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی و هی دیکە). بۆیە وا باشە کورسی بۆ ئەو پێکهاتانەی تر دیاریی بکرێت کە کورسی کۆتایان نیە. 4.    دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان، کە ئەرکیان بریتی دەبێت لە ڕاوێژ و پرۆژەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەمینەکان و بەشدارییکردن لە داڕشتنی یاسا و ڕێسا و سیاسەت و ستراتیژ و پلانی درێژخایەن بۆ دابینکردنی هەرچی باشتری مافی کەمینەکان و بەشداری کارای کەمینەکان لە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان لە هەموو جومگە و دامودەزگاکانی حکومەتدا. 5.    لایەنە سیاسییە کوردییەکان وا باشە خۆیان لە دروستکردنی حیزب و پارتی سیاسی ئاراستەکراو و کارتۆنی لەناو کەمینەکاندا بە دوور بگرن، هەر وەک چۆن کورد نایەوێت دەسەڵاتی عەرەبی لە عێراق ئەم ڕەفتارە بەرامبەر بە ئێمە ئەنجام بدات. 6.    بەشداریی کەمینەکان لەناو سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی کوردستاندا بەشدارییەکی کارا و ڕاستەقینە بێت، نەک تەنیا بۆ ئارایشتکردنی سیستەمی سیاسی بێت لە پێش چاوی وڵاتانی تر. 7.    بۆ کەمینەکانیش وا باشە خۆیان تێکەڵ بە هەندێ ململانێی سیاسی نەکەن کە زیان بە پێگە و بەرژەوەندییەکانیان دەگەیەنێت. کارابوون بەو واتایە نیە کە پێویستە خۆت تێکەڵ بە هەموو ململانێ و هاوکیشەیەک بکەیت، بەڵکوو هەندێ جار بێلایەن مانەوە بەرژەوەندییەکان دابین دەکات.   سەرچاوەکان 1.    فارس الخطاب، الأقليات الدينية والعرقية في المعادلة السياسية العراقية، مرکز الجزیرة للدراسات، علی الموقع؛ https://studies.aljazeera.net/ar/article/4691?fbclid=IwAR0fO9Uf_vgWDawzuCDG--hIgz6jV_GZzwjybg0QCHy-2rv92TCtapoPt7I 2.    عمار عزيز، مقاعد كوتا المكونات بين مخاوف التشتت وطمع الأحزاب الكبيرة، علی الموقع؛ https://kirkuknow.com/ar/news/62142 3.    کەمال حەمزە، نوێنەرایەتی پێکهاتەکان، پێگەی؛ http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=6195&Jmare=15536 4.    ئازاد وەڵەد بەگی، کەمینەکانی کوردستان وەک خۆیان، پێگەی؛ http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=1085&Jmare=15549  


ئێراننامە ( 8) رەنگە جۆر و چۆنێتی و کەسێتی سەرۆككۆمار (ئسوڵگەرا، ڕیفۆرمیست، پانئێرانیست، سەربازی و تەکنۆکرات) بۆ ئێرانێکی ئیسلامی و ناوەندی کاریگەر بێت، بەڵام بۆ دۆسێی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی وەک بەلووچ (کە هەم سونین و هەم ئێرانیی ڕەچەڵەک و فارس نیین) وەک شوناس و ماف و دانپێدانان، پرسەکە لە گۆڕینی روخسارێک لە مەدەنییەکەوە بۆ توندئاژۆیەک یان سەربازییەک، لە ئسوڵگەرایەکەوە بۆ ڕیفۆرمیستێک، لە نەتەوەییەکەوە بۆ ئیسلامگەرایەک و بەپێجەوانەوەشەوە، گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەردا نایەت. چونکە لە هەردوو بارەکەدا هەم بەپێی دەستوور و هەم بەپێی سیاسەتە گشتییەکانی ئەو وڵاتە کە لە دەوڵەتی قوڵی شیعەمەزهەبی دوانزەئیمامییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەم پێکهاتانە لە هەردوو ڕووی مەزهەبی و نەتەوەییەوە، هەر پەراوێزن و پلە دوون. لە سیاسەتی گشتی ئێراندا پرسی کورد لەسەر چەند ئاستێک پۆلێنکراوە، لانیکەم سێ ئاستی هەرە دیارییان: کوردی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە، کوردی نێو ئێران و هەرێمی کوردستانن. هێزە کوردستانییە ئۆپۆزسیۆنەکان هەرچی ئاستی یەکەمیانە، ئەوا لە دیدی ئێرانەوە، بە دژەڕژێم و جیاخواز و یاخی و تیرۆریست پۆلێن کراون. بێئەوەی سەرچاوەی خۆبێبەرییکردن یان بێبەریکردنی ئەوان لە پرۆسەی سیاسیی و بەشدارییاندا لە نێو ئێراندا لێکبدرێتەوە و بۆ سەرانی نوخبەی دەسەڵات بایەخدار بێت. ئەم هێز و لایەنانە لە حزبی دیموکرات و کۆمەڵە و خەبات و لقەکانیاندا خۆیان دەبییننەوە. ئەم هێزانە بەتایبەت حزبی دیموکرات بەشدارییەکی کارای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی سەرەتای کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، نوێنەرەکانیشی زۆرینەی ڕەهای دەنگی ناوچەکوردییەکانی بەدەستهێنا.  (وردەکاری پرۆسەی کشانەوەی حزبی دیموکرات و حیلە و دەستیدەستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران باس ناکەین کە دواجار بوونە هۆی پەنابردن بۆ چەک لەلایەن ئەم هێزانەوە و کشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی). بەڵام "بە گشتی" وەک پرەنسیپ باوەڕی زۆرینەی هێزەکوردستانییەکانی دەرەوەی پرۆسەی سیاسیی هەنووکەیی ئێران وایە کە نە لەڕووی دەستووریی و سیاسییەوە نە لەڕووی داموودەزگا و ڕەوایەتییەوە و نە وەک پێکهاتە و نە وەک هاوڵاتییەکی کورد و بگرە ئێرانییەکیش بەم دەستوور و پرۆسەی سیاسییەی ئێستاوە نە مافیان دابین دەکرێت و نە مانایەکیش هەیە بۆ بەشداریی سیاسیی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بگرەدانوستاندنیشدا. بۆیە لەزۆربەی هەڵبژاردنەکاندا بایکۆت و بەشداریینەکردن ئەگەری جێبەجێکراوی بەردەمییان بووە و هەڵبژاردن تا هەڵبژاردنیش ئەم ئەگەرە ڕێژەیی بووە و کاریگەریی لەسەر پرسی ڕەوایەتی پرۆسەی هەڵبژاردن کەم تا زۆر جێهێشتووە، لانیکەم بۆ ناوچەکوردستانیەکان و بەتایبەت لەڕوانگەی بابەتگەلی وەک مافە مەدەنی و سیاسییەکانی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتییدا. لەهەڵبژاردنی ئێستای سەرۆکایەتی (١٨/ حوزەیران٢٠٢١)یشدا، دیسانەوە بایکۆتییان هەڵبژاردووە و بەگوێرەی شرۆڤە و ئامارەکانی ڕاپرسی، هاوتا لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی نێوئێراندا، پرسی بایکۆت کاریگەریی جێهێشتووە و بەجۆرێک چاوەڕوان دەکرێت زۆرترین ڕێژەی بایکۆت دیسانەوە لە ناوچە کوردنشینەکاندا بێت و لە ئاستی ئێرانیشدا بەشداریینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندا ژمارەی پێوانەیی لەجاو ٤٣ساڵی رابردوودا تۆمار بکات. کوردانی نێو ئێران و هێزە بەشدارەکانی هەڵبژاردن هەرچی پرسی کوردانی نێو ئێران، کە زیاتر وەک پرسێکی ئاسایشیی(ئەمنی) بە درێژایی ١٠٠ ساڵ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و بەتایبەت لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، هەر جۆرە مافێکی کولتووری وەک رێگەدان بە زمانی کوردی لە پەروەردەدا، وەرگرتنی پۆستی باڵا (لە پارێزگارێکی کوردی سوننەوە تا سەرکۆمارێتی)و …تاد، بە دەستوور بە کورد ڕەوا نەبینراوە، ئەم پرسەش بە هاتنەسەرکاری سەركۆمارێکی ڕیفۆرمیست، توندئاژۆ یان سەربازیی چارە نابێت چونکە لە دەسەڵاتیدا نییە و زیاتر دەستوورییە و لەدەستی چەند دەزگایەکی بڕیاردایە کە سەرووترن لە سەرۆككۆماریی. لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، سیاسییەکانی نێوخۆی ئێران بە شێوازی جیاواز و بەناوی جیاوازیشەوە، خوازیاری دروستکردنی حزب و فراکسیۆنی پەرلەمانین، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان ڕەتکراوونەتەوە و بە نایاسایی و جیاخوازی و نادەستووری لەقەڵەمدراوون. بۆیە دیسانەوە بەشێکی زۆری کوردەکان چ وەک ڕێکخستنەکانی شاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و چ وەک ئەوانەی لە دروستکردنی حزبێکی سیاسیی نێو ئێران نائومێد کراوون، ناچار بێت یان وەک پرەنسیپ بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسەتیش دەکەن. بەشێکی دیکەی کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردیش بە پاساوی جۆراوجۆر و بەهۆی نەبووی هێزێکی مۆڵەتپێدراوی یاساییەوە! ناچار ڕوودەکەنە نێو ڕێکخستن و ئاراستە سیاسییەکانی وەک ڕیفۆرمیست و بناژۆخوازەکان و لە پەنای ئەواندا خۆیان حەشاردەدەن، ئەڵبەت ئەم واقیعە بۆ بەلوچ و عەرەب و بگرە ئازەرییەکانیش (بەهەندێ جیاوازی کەمەوە ڕاستە). بەشیكی دیکەی کوردەکانیش هیزە ئیسلامییە وەک پێرەوانی شورای شەمس، مەکتەب قورئان و جوڵانەوەی ئیسڵاح و ..تاد دەگرێتەوە، کە بەپێی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستییان گۆراوە و ئەمانەش وەک هێزی سیاسیی ڕێگەپێدراو نین و هەر کۆتایی ساڵانی هەشتاکانەوە سەرکردەکانیان (موفتی زادە و سوبحانی و ...ڕەبیعی) بەجۆرێک لە جۆرێکەکان لەنێوبراون، تەنها لەچوارچێوەی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی و ئاینی و خزمەتگوزاریی بچووکدا چالاکیی سنوورداری کولتووری خۆیان ڕێکدەخەن. لایەنگرانی ئەمانیش هەم بەپاساوی مەزهەبی و هەم بەپاساوی کوردبوون هەڵوێستیان بەرامبەر دەوڵەتی ئێرانە و لەسەر ئاستی کەسایەتی سیاسیی و جۆری کاندیدەکان، لەهەڵبژاردنەکاندا بەشداری یان بایکۆت دەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێراندا چ ریفۆرمخواز و چ بناژۆخواز و چ سەربازییەکان، نیگایەکی جیاکارانەیان بۆ ماف و شوناسی نەتەوەی کورد هەیە. بە هاتنەسەرکاری ریفۆرمیستان (وەک ساڵانی کۆتایی نەوەدەکان بینرا)، پان ئێرانییەکان بەهێزبوون و یەکپارچەیی ئێران بیانوویان بووە بۆ نەدانی مافەکانی کورد. بە هاتنەوەسەرکاری توندئاژۆکانیش دیسانەوە بۆ کورد شوناسی مەزهەبی سوونەی کورد، زەقکراوەتەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، مافی کورد بە دژە دەستووری و جیاخوازیی هەژمار کراوە، تەنانەت نەک پۆست بەڵکو رێگەش نەدراوە فراکسیۆنێک و حزبێکی کوردیش دابمەزرێت. ئەمە جیا لەوەی چەندین سەرکردەی دیکەی جەماوەریی کوردیشی وەک قاسملۆ و شەرەفکەندی لە دەرەوەی ئێران تیرۆر کراون. بۆیە دۆخەکە چاوەڕوانی هیچ کراونەوەیەکی لێناکرێت و فشاری سەر هێزە کوردییەکانی ئێران لەڕووی سەربازییەوە زیاتر دەبێت و مەودای دووڕوویی سیاسیی سیاسەتی تیۆریی و عەمەلی دەوڵەت روونتر دەبێت.   هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرکۆمار سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، بەهۆی جۆری پەیوەندی هەرێمی کوردستان(لە شۆڕشەوە تا کیان) و ئێران، بەر لە سیاسیی، سەربازی بووە و پەیوەندییەکی دێرینەی بڕیاردەرانی سوپای ئێران و سەرکردەکانی هەرێم بوونی هەیە، هاوپەیمانێتی دژە بەعس و پێکهێنانەوەی عێراق و پەراوێزخستنی سوونە و کوردی عێراق وەک واقیع و وەک بەشێکی ستراتیژی ئێران لە عێراقدا لەقەڵەم دراوە. بەڵام پێناچێت ئیتر ئەو یادگارییە دێرینانە بەکەڵکی هەرێم بێن، چونکە ئامانجی هاتنەسەرکاری سەرۆككۆمارێکی بناژۆخواز، بۆ بەهێزکردنەوەی هەژموونی ناوچەیی ئێرانە بەتایبەت لە عێراق و کوردستان. بۆیە لە گۆڕانێکی وەهادا بۆ هەرێمی کوردستان جوڵە سەربازییەکان مەترسیدارە و دوور نییە لە دوو ئاستدا لەسەر هەرێم فشار درووست بکرێت: تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا سنووردار بکات، هەروەها چالاکی کوردانی ئێران کەمتر بکاتەوە. هێندە بەسە بۆ وەبیرهێنانەوە کە بڕیاری جوڵەی لایەنگرانەی ئێران لە ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧دا زۆرێک لەو توندئاژۆ و سوپاییانە بەشداربوون و بەشێکیشیان لە بڕیاردەرانی بوون و هەر فشاری ئەوانیش بوو كە هەڵوێستی رەسمی ئێرانی بەرامبەر ریفراندۆم توندتر کرد. وا ئێستا بە ئەگەری زۆر لە پشتی بناژۆخوازەکانەوە وەستاوون و دەیانەوێت بچنەوە نێو کۆشکی کۆماری پاستۆری ئێرانەوە. ڕایەک لە نێو بناژۆخوازان و سوپاییەکاندا هەیە کە هەرێمی کوردستان، بووەتە جێ هەژموونی ئیسرائیل و ئەمریکا و پێگەی دزەپێکردنی سەرمایەی ئێرانی بۆ کەنداو. ئەمەشیان نەشاردووەتەوە و لە چەندین بۆنەدا داوای هەڵوێستییان لە حکومەتی رۆحانی کردووە، تا سنوورێک بۆ ئەو کارە دابنێت. بۆیە دواجار ئەو پرسە زەقدەبێتەوە كە ئەگەر سەرۆككۆمارێک بە پشتیوانی بناژۆخواز و سوپاییەکان بێتەسەرکار، ئەم فشارانە زیاتر نابن؟   ئێراننامە : زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو.   ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت


(درەو): یەکێک لەو کەسانەی کە بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بەمەرجی ئەوەی ناوەکەی بڵاونەکەینەوە، لەبارەی پرۆسەی هاوردەکردنی بەنزین و فرۆشتن و گرانبوونی نرخی بە نزینەوە قسەی بۆ (درەو) کرد، ئەو دەڵێ بەو قازانجەی کە ئەوان دەیخەنە سەر نرخ، هێشتا دەکرێت لیترێک بە(600) دینار بفرۆشرێت و بەرزنەکرێتەوە،  بەڵا قوربان فەوزایە، بەرەڵاییە، كەس لێپرسینەوە ناكات، بەدڵنیاییشەوە دەیڵێم یەك بەنزینی ساغ لەسلێمانیدا نیە.  دەقی گفتوگۆکە: درەو: ئێوە بە چ نرخێک بەنزین هاوردە دەکەن ؟ بازرگانەکە: ئێستا لە ئێران تەنێك بەنزین  بە (440) دۆلار دەکڕین، پێشتر تەنێکمان بە (230 بۆ 270) دۆلار دەكڕی، واتا ئێستا تەنێك بەنزین زیاتر لە (170) دۆلاری چووەتە سەر، بەڵام ئەمە هۆكار نیە بۆ ئەوەی نرخی بەنزین بەمشێوەیە بەرزبێتەوە، چونکە دوێنێ حسابمان كرد بەو قازانجەشەوە کە ئێستا دەیکەین، بەنزینەکە بەبێ تێکەڵکردنی (نەفتا) بدرێت بە بەنزینخانەکان واتە بەنزینێکی پاک بێت، هێشتا دەکرێت لیتری بەنزین بە (600) دینار بفرۆشرێت نەك بەرزبکرێتەوە بۆ (700) دینار. درەو: ئەی کەواتە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین چیە؟ بازرگانەکە: وەڵا قوربان فەوزایە، بەرەڵاییە، كەس لێپرسینەوە ناكات، بۆ نمونە پێشتر لە باشماخ تەنیا (25) دۆلار گومرگمان دەدات، بەڵام ئێستا (75) دۆلارمان لێوەردەگرن، ئێستا كوالێتی كۆنترۆڵێكیان داناوە بۆ ئەوەی بەنزینی كەس دەرنەچێت، هەموومان بە وەرقەی كۆمپانیایەكی حزبی (ئیدارەی گشتی یەكێتی) بەنزین دەهێنین، رێژەی 95%ی بەنزینی كوردستان لە باشماخ و پەروێزخانەوە دێت، هیچی لە هەولێرەوە نایەت. هۆكارێكی تر نەبوونی چاودێرییە لەسەر گۆڕەپان و بەنزینخانەكان، حكومەتی عێراقی (25) دینار قازانجی بۆ بەنزینخانە دیاریكردووە، بەڵام لێرە بەگۆڕەپان و بەنزینخانەكانەوە (150) دینار قازانج دەخەنە سەر بەهای لێترێك بەنزین، زۆربەشی (نەفتا)ی تێدەكەن، یەك بەنزینی ساغ لە سلێمانیدا نیە (نەفتا)ی تێ نەكەن، ئەو (نەفتا)یە ئۆكتانی بەنزین خراپ دەكات، (نەفتا) بۆخۆی ئۆكتانی (54)ە، لە وڵاتی ئێمە ئامێری ستانداردمان نیە بۆ پشكنینی بەنزین، ئەو بەنزینەی ئێمە ئێستا تەنێکی بە (470) دۆلار لە ئێران دەكڕین  ئۆكتانەكەی (87)ی راستەقینەیە، تێكەڵكردنی ئەو (نەفتا)یە بۆ هەرزانكردن و بۆ خێركردنە، بۆ نمونە تەنێك (نەفتا) بە (320) دۆلارە، بەڵام بەنزین بە (470) دۆلار لە ئێران دەكڕین. درەو: ئێستا بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بەدەستی كێیە؟ بازرگانەکە: خاوەنی بەنزینخانەكانی گروپێكی (واتساپ)یان هەیە، ئەوان خۆیان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بڕیار دەدەن بەنزین بەچەند بێت و بەچەند نەبێت، چاودێری و لێپرسینەوە نیە، حكومەتی عێراق لیترێك بەنزین بە (425) دینار دەدات بە بەنزینخانەکان و پێویستە بەنزینخانەكان بیدەن بە (450) دینار. درەو: ئێستا رۆژانە چەند بەنزین هاوردە دەکرێت ؟ بازرگانەکە: بەنزینی ناوخۆمان نیە، پاڵاوگەی (بازیان) لەگەڵ حكومەتی عێراق گرێبەستی هەیەو تەنیا بۆ ئەو بەنزین بەرهەم دێنێت، ئێستا سلێمانی رۆژانە پێویستی بە (2 ملیۆن و 500 هەزار) لیتر بەنزین هەیە، كە رۆژانە دەکاتە (هەزارو 800) تەن، هەمووی لە ئێرانەوە دێت، چونکە ئێستا لە (دوبەی)یەوە بەنزین نایەت، بەهۆی ئەوەی هەم رێگەکەی دوورە هەم نرخەکەی گرانە، پێشتر لە (توركمانستان)ەوە بەنزین دەهات، بەڵام ئێستا كێشەی هەیە، حكومەتی عێراقیش بەشی خۆی ناكات و رۆژانە (8 هەزار) تەن بەنزین هاوردە دەكات. درەو: نرخی بەنزین هەر لە سلێمانی بەرزبوەتەوە یان لە هەولێریش بەهەمان شێوەیە ؟ بازرگانەکە: نرخی بەنزین لە هەولێریش بەرزبووەتەوە، پاڵاوگەی (كار) ئێستا تەنی بە (570) دۆلار دەدات بە بەنزینخانەكان، واتا لیتری بە (620) دینار دەیدەن بە بەنزینخانەكان، بەنزینخانەكان بۆیان هەیە بە (640) بیفرۆشن، بەڵام لەسلێمانی ئەوەش نەكراوە. پارێزگار بۆخۆی ئاگاداری تەواوی بابەتەكەیە، ئەنجومەنی پارێزگاو قایمقامیەت ئاگادارن، گروپی بەنزینخانەكانە پێكەوە بڕیار دەدەن لەسەر گرانكردنی نرخی بەنزین، ئەوانەی لەو گروپەن هەریەكەیان دەیان بەنزینخانەی لەناو شاری سلێمانی هەیەو خۆیان رێكدەكەون لەسەر گرانكردنی نرخی بەنزین و كەسیش لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناكات. لەم چەند رۆژە نرخی لیترێك بەنزینیان لە (620) دینارەوە كرد بە (700) دینار، ئێستا لە هەولێر لیترێك بە (640) دینارە، هۆكاری سەرەكی لێنەپرسینەوەو فەوزاكەیە. درەو: تۆ دەڵێی پارێزگاری سلێمانی و قایمقامیەت ئاگادارن، ئایا ئەوان بۆ رێگری لە بەرزکردنەوەی نرخ ناکەن؟ بازرگانەکە: ئێمە وەك بازرگانانی بەنزین بە پارێزگارو بەرپرسانمان وت، ئێمە لە ئێرانەوە بەنزین دەهێنین و لە گۆڕەپانەكەی (دكتۆر تەها رەسوڵ) دادەگرین كە شوێنی (30 هەزار) تەن بەنزینی هەیە، ئیتر ئێمە هەموو خەرجیەكان دەخەینە بەردەستی ئێوە، ئێوە خۆتان خێرەكەو نرخەكە دابنێن، خۆیان رازی نەبوون. درەو: ئێستا کێشەکە تەنیا نرخە یان کوالیتی بەنزینەکەشە ؟ بازرگانەکە: ئێمە تەنیا كێشەی نرخەكەیمان نیە، كوالێتیەكەشی کێشەیە، بڕوا بكەن ئەو (نەفتا)یەی کە تێی دەكەن تەقدیر نەكراوە، ئەو هەموو شێرپەنجەیەی کە هەیە هۆکارە سەرەکییەکەی ئەو تێکەڵکردنەیە، واتا  ئێستا سەرەڕای گرانیەكەی، زیانی تەندروستیشی زۆر زۆرە بۆ خەڵك. درەو: ئێستا بەبڕوای ئێوە لایەنی بەرپرس لەم بارودۆخ و سەرپێچییانە کێیە ؟  بازرگانەکە: پارێزگاری سلێمانی كارئاسانی زۆری بۆ كۆمپانیاكەی زۆنی سەوز كردووە، زۆربەی کارەکانی بەسەرپێچی بۆ کردوون، بۆیە دەستی پارێزگاریشی تێدایەو  پشتیوانیان دەكات، نازانم شەریكە لەگەڵیان یاخود نا، بەڵام دەزانم رەش دەكات بەسپی و سپی دەكات بە رەش بۆیان. درەو: رەنگە پارێزگار هێزی پێویستی نەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم بازرگانییە ؟ بازرگانەکە: ئەوە كارێكی قورس نیە، بە دوو پۆلیس كۆنترۆڵ دەكرێت، ئێمە لەتاران بەنزین دەكڕین لە بۆرسەی ئینەرجی، نرخ دادەنرێت، ئێستا بۆ چوارشەممەی داهاتوو (150 هەزار) تەن بەنزین دانراوە، نرخی تەنێك بە (440) دۆلارە، نمایش كراوە بەو نرخە، كێشەكە ئەوەیە پێشتر كە لەباشماخەوە دەمانهێنا (25) دۆلار گومرگمان دەدا، ئێستا (75) دۆلار دەدەین، واتا بۆ هەر تەنێك (50) دۆلاری چووەتە سەر، تەنكەرێك (23) تەن بەنزین دەهێنێت، واتا بۆ هەر تەنكەرێك (هەزارو 150) دۆلار وەکو گومرگ وەردەگیرێت، ئەوان كوالێتیەكیان داناوە بۆ ئەوەی هیچ جۆرە بەنزینێك دەرنەچێت، پارێزگار مۆڵەتی (250 هەزار) تەن بەنزینی بۆ كۆمپانیاكانی باڵادەستی حیزبی كردووە، ئەمە لە دەسەڵاتی ئەودا نیە، لە دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە، كۆمپانیای (ئیدارەی گشتی یەكێتی)، (مۆڵەتی خاڵەسنورییەكان)، (گۆڕەپان و بەنزینخانەكان) بە هەرسێكیان نرخی بەنزین گران دەكەن، ئێمە دەمێكە هەوڵمانداوە ئەو فەوزایە نەمێنێت، پرۆسەكە لەژێر چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگادا بێت، ئێمە دەمێكە هەوڵمانداوە ئەو فەوزایە نەمێنێت، پرۆسەكە لەژێر چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگادا بێت، بەناوی (9) کۆمپانیای هاوردەی بەنزینەوە پرۆژەمان نوسیوە پێمانداون، بەڵام ئەوان تائێستا وەڵامنادەنەوە، پارێزگار وەڵامی كەس ناداتەوە. درەو: وردەکاری پرۆسەی هێنانی بەنزین و دابەشكردنی چۆنە ؟ بازرگانەکە: پرۆسەکە بەمشێوەیە: •    ئێمه لەبۆرسەی ئێران بە موزایەدە  بەنزین دەكڕین، دوای ئەوەی موزایەدە دەكرێت، كێ بۆی دەردەچێت، باری دەكات و دەیهێنێت. •    ئێمە لە ئێران دەیكڕین و پێشتر (25) دۆلار) گۆمرگ هەبوو، ئێستا (75) دۆلارمان بۆ هەر تەنێ لێدەسێنن،  •    دواتر ئێمە دەیهێنین و رادەستی گۆڕەپانەكانی تانجەڕۆی دەكەین، گۆڕەپانەكانی تانجەرۆش دوای ئەوەی نەفتای تێكەڵ دەكەن. •    گۆڕەپانەكانیش دوای تێكەڵكردنی نەفتا دەیدەن بە بەنزینخانەكان، بەنزینخانەكانیش بە خەڵكی دەفرۆشنەوە بە لیتر.  درەو: نرخی ئە بەنزینەی لە ئێران دەیکڕن بەپێی کوالیتییەکەی چۆنە ؟ بازرگانەکە: لەئێران بەنزینی (نۆرماڵ)مان بە ئۆكتانی (87) پێدەفرۆشن، (موحەسەن) بەئۆكتانی (91)، بەنزینی (سۆپەر)یش بە ئۆکتانی (95)، وەك ستانداردی نێودەوڵەتی ئێستا تەنیا نۆرماڵ دەهێنین، ئێمە دەتوانین لیتری بەنزین كە دەیهێنین بە (575) دینار بیدەین بە بەنزینخانەکان و ئەوانیش بە (600) بیفرۆشن، ئێمە خۆمان تەنی (15 بۆ 20) دۆلار خێرمان داناوە، بۆ بەنزینخانەکانیش تەنی (40) دۆلارمان داناوە.


درەو: " حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پشتیوانیەكی سوتەمەنی ناكات، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی دراو و نرخی نەوت، نرخی بەنزین لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش بەرزدەكاتەوە، دوو رێگا هەیە بۆ چارەسەری كێشەی گرانبوونی بەنزین" ئەمە بۆچونی عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستانە. ئەمڕۆ شوفیرانی تاكسی لەبەرامبەر بەرزبونەوەی نرخی بەنزین خۆپیشاندانیان كردو رێگای سەرەكی سلێمانیان داخست، بە نزیكەی (150 بۆ 200) دینار بەرزبووەتەوە، عەلی حەمەساڵح لەبارەی گرانبونی نرخی بەنزینەوە تایبەت بۆ (درەو): •    هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پشتیوانیەكی سوتەمەنی ناكات واتا (مەدعوم) نیە وەك ئەوەی ئێران ئەیداتە دەست بازرگانانەوە، بازرگانیش پەیوەستە بە دووبابەتەوە (نرخی دراو و نرخی نەوت) واتا بەرزبونەوەی نرخی دراوو نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرزبونەوەی نرخی بەنزین دەبێت.  •    ئێستا بەپێی نرخی دراو و نرخی نەوت، بەنزینێك كوالێتی بەرز بێت نرخەكەی گران دەبێت، لە كوردستان كە بە(750) دینار دەفرۆشرێت هی ئەوەیە كە بەنزینەكە كوالێتیەكەی زۆر زۆر خراپە، ئەگەرنا بەنزین لە دونیادا نرخەكەی گران بووە. •    لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی پشتیوانیەكی هیچ جۆرە سوتەمەنیەك ناكات(نە نەوت نەبەنزین نە گازوایل)، پەیوەستی كردووەتەوە بە نرخی بازاری جیهانیەوە. •    كێشەی گرانبوونی نرخی بەنزین بە دوورێگا چارەسەر دەبێت رێگای یەكەم: حكومەت پشتیوانی بكات  چوار پاڵاوگەی گەورە لە  هەرێمی كوردستاندا هەیە،  ئەگەر بێت و سوتەمەنی بەرهەم بهێنن، (بەنزینێكی كوالێتی باش، گازوایل، نەوتی سپی) بخرێتە  بازاڕەوە بە نرخی پشتیوانی حكومەت بیفرۆشێت، لەرووی داراییشەوە حكومەت زیانی ئەوو تۆ ناكات و داهاتی زیاتر لەوەی بۆ دەگرێتەوەكە ئێستا دەیفرۆشێت، چونكە كرێی بۆری نادات، داشكاندن ناكات بەهۆی ئەوەی نرخەكەی كەمە كە دەوڵەت نیە و سەروەری نیە، ئەگەر حكومەت پشتیوانی بكات ئەوا دەتوانرێت بە نرخێكی گونجاو بیفرۆشێت، ئەم رێگایە گرنگە ئێمە  سێ چوار مانگە خەریكین بەڵام سەركەوتوو نەبووین. رێگای دووەم: گۆڕینی ئۆتۆمبێل لە بەنزینەوە بۆ غاز (LPJ): ئەم رێگایە زۆر گرنگە بۆ چارەسەری كێشەی بنەڕەتی بەنزین، نەك بە كۆمپانیای فەیك و لاكۆڵان،  ئێستا كۆمپانیای متمانەپێكراو هەیە چۆن ئۆتۆمبێل لەبەنزینەوە  دەگۆڕیت بۆ (LPJ) غازی سروشتی، لە هەرێمی كوردستان غازی سروشتی زۆر زۆرە سودەكانی ئەمەیە: •    نرخەكەی 250 دینار تا 300 دینارە. •    ژینگەدەپارێزێت، چونكە گەورەترین كێشەی بەنزین نرخەكەی نیە بەڵكو ژینگەیە چونكە لە چوارمانگی ئەمساڵدا (هەزارو 100) كەس لە سلێمانی توشی شێرپەنجەبوون، بەڵام بەغازی سروشتی ژینگەكە پاك دەبێتەوە، لەو بارەیەوە قسەمان لەگەڵ حكومەتدا كردووە.  


 (درەو): نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە شۆفێران ناڕەزاییان دەربڕی و رێگای سەرەكی سلێمانیان داخست، پارێزگاری سلێمانی هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێنێتەوە، بەڵام سەرۆكی لیژنەی ووزەوسامانە سروشتیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكارەكەی بۆ بازرگانێكی ئەفغانی دەگەڕێنێتەوە لە تاران، كە بەرپرسانی ئیداری هەرێمی كوردستان هاوكارن.  كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی گرانبونی نرخی بەنزینەوە تایبەت بۆ (درەو): •    چەند جۆرێك باج دەچێتەسەر هاوردەكردنی بەنزین، ئەم باجانە بونەتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین. •    ئەو باجانەی كە لە بازرگانەكانی هاوردەكردنی بەنزین وەردەگیرێت، ئەمانەن: -    بڕی (60 هەزار) دینار لە هەر تانكەرێك وەردەگیرێت بەناوی مەنەفێستەوە -    بڕی (60 هەزار) دینار بەناوی پشكنینی كۆرۆناوە وەردەگیرێت -    بڕی (17 هەزار) دینار بەناوی پاكژكردنەوە "تعقیم" وەردەگیرێت -    بڕی (15 هەزار) دینار بەناوی رێگەپێدانی گومرگییەوە وەردەگیرێت -    بڕی (10 هەزار) دینار بەناوی گەراجەوە وەردەگیرێت -    بڕی (25 هەزار) دینار بەناوی بیمەوە وەردەگیرێت -    بەكۆی گشتی بەر لە مانگی سێی ئەمساڵ، هەر تانكەرێك بەتێكڕا بڕی (350 هەزار بۆ 400 هەزار) دیناری لێوەرگیراوە، بەڵام ئێستا بەهۆی رێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و ئەو كۆمپانیایانەوە بڕی (ملیۆنێك) دینار لە هەر تانكەرێك وەردەگیرێت. •    رێنماییەكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەیە كە دەڵێ بەنزین لەخواروو ئۆكتانی (93) نابێت داخڵی هەرێم بكرێت، ئەمە وایكردووە بازرگانەكان بەنزین بە ئۆكتانی نزم بكڕن‌و بە ماددەی "ریفۆرمێنت" ئۆكتانەكەی بەرزبكەنەوە، لە دەروازەكان كە بەنزین ئۆكتانی بەرزبوو، پشكنینی بۆ ناكرێت، لەبەرامبەر ئەوەی پشكنین بۆ بەنزین ناكرێت، بازرگانەكانی بەنزین بڕی (100 دۆلار) بۆ هەر تەنكەرێك بە بازرگانێكی ئەفغانی‌و دوو كۆمپانیای سلێمانی دەدەن، ئەمە وا دەكات بۆ داخلكردنی هەر تانكەرێك بەنزین بڕی (3 هەزار) دۆلار نرخ بەرزببێتەوە. •    بازرگانێكی ئەفغانی بەناوی (خافی)، كە لە تاران دادەنیشێت، لەڕێگەی دوو كۆمپانیای سلێمانییەوە، رەسیدی بەنزین بە ئۆكتانی بەرزەوە بەو كەسانە دەفرۆشێت كە بەنزین هاوردەی سلێمانی دەكەن، واتە لە بنەڕەتەوە بەنزینەكە ئۆكتانی نزمە. •    پێدانی رەسید بۆ هاوردەكردنی بەنزین هێنانی لە ئێرانەوە قۆرخكراوە بۆ دوو كۆمپانیای سلێمانی، بازرگانەكانی بەنزین رەسید لە دوو كۆمپانیاكەی سلێمانی دەكڕنەوە ئەمە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینە. •    رێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هۆكار بووە بۆ ئەوەی بازرگانەكانی بەنزین پەنا بۆ ئەم رێگەی ساختەكارییە ببەن.  •    هیچ رێنماییەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نییە بۆ دیاریكردنی بڕی "قازانج" لە هاوردەكردنی بەنزیندا، بازرگانەكان كە لە ئێرانەوە بەنزین هاوردە دەكەن، كاتێك بەنزینەكە دەگاتە "تانجەرۆ" بەدڵی خۆیان قازانجی لەسەر دادەنێن. •    بازرگانەكان بەو بڕەی قازانج كە خۆیان دیاری دەكەن، بەنزینە هاوردەكراوەكەیان بە بەنزیخانەكان دەفرۆشن، بەنزیخانەكانیش لەڕێگەی گروپێكی "واتساپ"ەوە، بە ئارەزووی خۆیان قازانج دیاری دەكەن‌و بازاڕ قۆرخ دەكەن.  •    بەستنەوەی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بە بەهای دۆلارەوە بەهانەیەكە كە لەجێی خۆیدا نییە. •    بەنزیخانە هەیە لە سلێمانی بەهاكەی بۆ (ملیۆنێك) دۆلار بەرزبوەتەوە، ئەگەر بەنزین قازانجی زۆری تێدا نەبێت چۆن بەهای بەنزیخانە بەوشێوەیە بەرزدەبێتەوە ؟  •    لە سلێمانی كۆڵان‌و ژێر هۆتێل كراون بە بەنزیخانە، دەیان بەنزیخانەی بێ مۆڵەت دروستكراون، پارێزگاری سلێمانی ئاگاداری هەموو ئەم شتانەیە.  


درەو: ‎كۆتایی هەفتەی ڕابردوو شاندەكانی بەشدار لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكانی ڕێكەتنی ئەتۆمی نێوان ئەمریكا وئێران گەڕانەوە بۆ ووڵاتەكانیان بۆ ڕاوێژكردن، پێش دوبارە گەڕانەوەیان بۆ شاری ڤییەننای پایتەختی ووڵاتی نەمسا، بۆ دەستپێكردنی گەڕی شەشەمی گفتوگۆكان. ‎پاش ڕۆشتنی بەرپرسان، ژمارەیەكیان جەختیان كردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وئێران لەوانەیە بەم نزیكانە بگەنەزەمینەیەكی هاوبەش وڕەزامەندی دەرببڕن لەسەر دوبارە گەڕانەوەیان بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكەی نێوانیان. ‎بەڵام هێشتا ژمارەیەك خاڵی ناكۆك لە نێوانیاندا ماوە، كە ئەمانەن : ‎چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئامێرە پێشكەوتووەكانی، ئامێرە بەكارهێنراوەكان لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا ‎خاڵی یەكەمی ناكۆكیەكان بریتیە لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئامێرە پێشكەوتووەكانی (سەنتەر فیوج)خولانی ناوەندی، وئامرازە بەكارهێنراوەكان لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا، كە بەپێی گۆڤاری (پۆلیتیكۆ)، ئێران خوازیار نیە تێكبشكێندرێن ودەیەوێت ئەم ئامێرانە بمێننەوە، بەڵام لایەنە ئەوروپیەكان وئەمریكاش دوپاتی دەكەنەوە كە ڕاگرتنیان لەكاركردن بەتەنها بەس نیە. ‎سزا ئەمریكیەكانی سەر ئێران  ‎خاڵی دووەم لە ناكۆكیەكان بریتیە لە سزا ئەمریكیەكانی سەر ئێران، كە بەدرێژایی (9) هەفتە لایەنە ئەوروپیەكان لەگەڵ چین وڕوسیا، گەڕانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وئێرانیان بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكە تاوتوێ كرد، لەم پرۆسەیەشدا دانوستكاران پلانی (هەنگاو بە هەنگاو)یان داڕشت كە بەووردی ئەو ڕێكارە پێویستانەیان دیاریكرد كە دەكەوێتە ئەستۆی هەریەك لە واشنتن وتاران. ‎لە بنەڕەتدا لەسەر ئێران پێویستە كە پاشەكشە بكات لەو پێشكەوتنانەی لەم دواییانەدا ئەنجامیداون لە بەرنامە ئەتۆمیەكەیدا -پاش كشانەوەی ئەمریكا لە پرۆسەكە- بەرانبەر بە سوك كردنی سزا ئەمریكیەكانی سەر ئێران لە بواریكی فراواندا. ‎هەرچەندە تا ئێستا ئێران داواكارە لە كە ئەمریكا سەرجەم سزا سەپێنراوەكان لەسەر ئێران لاببات، نەك تەنها ئەو سزایانەی كە ترەمپ ڕاستەوخۆ ویەكسەری سەپاندیەوە بەسەر ئێراندا،بەڵكو ئەو سزایانەی دیكەش كە پاشتر سەپێنراون بەسەر ئەم ووڵاتەدا. ‎بەڵام ئەمریكا ئەم داواكاریەی ڕەتكردەوە، ودەیەوێت هەندێك لەم سزایانە بمێننەوە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندار نین بە پلانی كاركردنی هاوبەشی نێوان، لە نمونەی ئەو سزایانەی كە پەیوەندارن بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ یاخود تیرۆرەوە. ‎بەرنامەی موشەكی ‎سێیەمین خاڵی ناكۆك ئەو خاڵەیە كە تایبەتە بە سەردانكردنی شوێن وپێگە ئەتۆمییەكانی ئێران لەلایەن پشكنەرانی نێودەوڵەتی وئازادی ئەو پشكنەرانە لە گەیشتن بەو شوێنانە. ‎لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە ئێران تواناكانی پشكنەرە نێودەوڵەتیەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی سنوردار دەكات لە بەدواداچونی دامەزراوە ئەتۆمیەكانی. ‎لە ڕاپۆرتێكی نهێنیدا كە گۆڤاری پۆلیتیكۆ لێی ئاگادارە، رافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی دەڵێت  :”چالاكیەكانی لێكۆڵینەوە وچاودێریكردن كە لەلایەن ئاژانسەكەمانەوە ئەنجام دەدرێت كاریگەر بووە بە بڕیارێكی ئێران تایبەت بە راگرتنی پابەندییەكانی ئێران لە بواری ئەتۆمیدا. ‎راپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەدات كەپشكنەران ڕۆژانە توانای گەیشتن بە وێستگە ئەتۆمیە سەرەكیەكانیان لە نەتەنز وفوردو بۆ فەراهام كراوە، بەڵام نەیانتوانیوە بگەن بەو داتا وزانیاری وتۆمارانەی كە هەندێك لە ئامێرەكانیان كۆیكردۆتەوە. ‎هەروەها بەرنامە موشەكییەكەی ئێران وپشتیوانی كردنی بۆ میلیشیاكان وهەڕەشەكانیشی بۆ سەر ئارامی ناوچەكە ئاستەنگێكی دیكەی جیاوازە، كە ئەمریكا ودەوڵەتە ئەوروپیەكان جەخت لەسەر ئاماژەدان دەكەن لە رێكەوتنەكەدا بەگفتوگۆیەكی دیكە كە ئەم مەسەلانە تاوتوێ بكات. بەڵام روون نیە كە ئێران بەم مەرجە ڕەزامەند دەبێت یاخود نا. ‎لەلای خۆشیەوە ئێران گرەنتی پاشەكشەنەكردنی ئەمریكای دەوێت لە پرۆسەكە، بۆ دوبارە نەبونەوەی ئەو هەڵوێستەی كە سەرۆكی پێشووی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) نواندی لە ساڵی 2018. ‎گۆڤارە ئەمریكیەكە ئەوەش دوپات دەكاتەوە كە ڕێژەی ئەو ئاستەنگەی لە ئەنجامی ئەم ناكۆكیانەدا دروست دەبێت لەبەردەم رێكەوتنی كۆتاییدا بەندە بەوەی كە كێ لێدوان. دەدات ولەم. بارەیەوە قسە دەكات. ‎گەشبینی ‎ئینریكی مۆرا، نیردەی یەكێتیی ئەوروپا كە رێكخەری گفتوگۆكانی دوبارە زیندووكردنەوەی رێكەوتنی ئەتۆمی ئێرانە، دەڵێت : پێشبینی دەكرێت كە رێكەوتن لەگەڵ ئێراندا بگاتە ئەنجام لە گەڕی داهاتووی ووتوێژەكاندا كە هەفتەی داهاتوو لە شاری ڤییەننا دەستپێدەكاتەوە، بەڵام هەندێك لە دیبلۆماتكارانی باڵا دەڵێن كە ”بڕیارە قورسەكان هێشتا نەدراون”. ‎مۆرا دەشڵێت :”هیوادارم كە ئەم بابەتە كاتێكی زۆر نەخایەنێت بۆ گەیشتن بە رێكەوتن”. ‎بە هەمان شێوە عەباس عێراقچی، بریكاری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گەشبینی خۆی دەربڕی  ولە لێدوانێكیدا بۆ ئێستگەی فەرمی ئێران “IRIB” ووتی :”گەڕی داهاتووی ووتوێژەكان لە ڤییەننا دەكرێت یان پێویستە كە گەڕی كۆتایی بێت”. ‎دۆخی گەشبینی لە نێوان دیبلۆماتكاراندا دیار بوو لە كاتی ئاخاوتنیاندا لەگەڵ یەكتر بە شێوازێكی دۆستانە لەبەردەم ئوتێلی گراند ڤییەننا پێش ماڵئاوایی كردن لە یەكتر.  ‎بەڵام هەندێك لە گەورە دیبلۆماتكارانی بەریتانیا وفەرەنسا وئەڵمانیا كە ئەمانە لە هێزە گەورەكانن كە واژۆیان كردووە لەسەر رێكەوتنە ئەتۆمیەكە لە ساڵی (2015)دا، بە ووریایی زیاترەوە دەڕواننە بابەتەكە. ‎گروپی دیبلۆماتكارانی ئەو سێ دەوڵەتە ئەوروپیەی كە واژۆیان لەسەر رێكەوتنە ئەتۆمیەكە كردووە لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند :” بەردوام بووین لەسەر بەدیهێنانی پێشكەوتنی بەرچاو وئێستا چەند بەشێكی گرنگی رێكەوتنی داهاتوو بەڕوونی دیارە بەڵام. بڕیارە قورسەكان بەڕێوەن بێگومان بەپێی پرنسیپیرازی نەبوون لەسەر هیچ شتێك تا گەیشتن بەرێكەوتن لەسەر هەموو شتێك كارمانكردووە. ‎هەر لە بەیاننامەكەشدا هاتووە ”هەموومان دەزانین كە كات لە بەرژەوەندی كەسدا نیە وكاتی دەركردنی بڕیارە یەكلاكەرەوەكان هاتووە، وهەفتەی داهاتوو درێژە بە كۆبونەوەكان دەدەین”. ‎دووان لە دیبلۆماتكارانیش دەڵێن ئەو گفتوگۆیانەی كە لە مانگی نیساندا دەستیپێكرد، چاوەڕوان دەكرێت كە ڕۆژی پێنجشەممە پێش بەرواری (١٠)ی مانگی حوزەیران دەستیپێبكاتەوە، بەڵام ئەمەش هێشتا بە تەواوەتی یەكلانەبۆتەوە. نید پرایس، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بە هەمان شێوە ووتی : ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ”بەڕوونی ئامانجەكانی خۆی خستۆتە روو”.


هۆگر ئیبراهیم حەکیم - گۆڤاری ئاییندە ناسی   بەرایی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، وابەستەی كۆی ئەو ڕووداو و گۆڕانكارییانەیە كە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕوویان داوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە هاوكێشەی هێز و هاوسەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، كە زۆر جار ئەم هاوسەنگی و هاوكێشانە بوونەتە زادەی هێنانەكایەی چەندین یاسا و ڕەنگڕێژكردنی سیستمی سیاسی بە شێوە بەرفراوانەكەی و سیستمی كارگێڕی و دارایی بە شێوە بەرتەسكەكەی. لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق و برەودان بە بیرۆكەی لامەركەزی بە ڕەهەندە دیموكراسییەكەیەوە، بە پلەی یەكەم پڕۆژەی ئەو هێزانە بوو كە ئامانجیان بەدیموكراتیزەكردنی سیستم و كۆمەڵگەی عێراقی بوو، بەڵام كورتبینی لە خوێندنەوەی واقعی سیاسی و كارگێڕی و دارایی و كۆمەڵایەتیی عێراق، ئەم پڕۆژەیە ئامانجەكانی خۆی نەپێكا و دەرەنجامی پێچەوانەی لەسەر ئەرزی واقع دروست كرد. بەڵام هزری لامەركەزیەت و قبووڵنەكردنی ناوەند بووە بەشێك لە زەینی هەموو گرووپ و دامەرزاوە خۆجێییەكان، بۆ لەقاڵبدانی حاڵەتەکەش؛ دەستووری عێراق ئەمەی ڕێك خستووە تا چیتر لامەركەزیەت سەرەڕای سوودە دیموكراسییەكانی، پەرتەوازەیی زیاتر دروست نەكات، هەر لەبەر ئەمەش بوو ئاستەكانی لامەركەزیەت لە دەستووری عێراق بەڕوونی دەستنیشان كران، كە لە ئاستە فراوانەكەی دەست پێ دەكات كە لامەركەزیەتی سیاسییە، بۆ ئاستە نزمەكەی كە لامەركەزیەتی كارگێڕییە (الرحال, كمونة: 1953)، بەڵام بە ڕەچاوكردنی سیستمی ئابووریی عێراق (كە بە دەوڵەتی رانتی هەژمار دەكرێت)، ڕێگری كرا كە ئەم دوو جۆرەی لامەركەزی سەر بكێشێ بۆ لامەركەزیەتی دارایی. لامەركەزیەتی كارگێڕی بەر لەوەی سیستم بێت؛ كولتوورە، بۆیە ئەگەر زەمینەی ئەم كولتوورە لە واقع بوونی نەبوو، ئەو كاتەی دەكرێتە سیستم، سیستمێكی نامۆ بە واقع دروست دەكات، هەر لەسەر ئەم بنەمایەیە بەر لەوەی دەست بۆ لامەركەزیەت ببەی وەك ڕێگەچارەیەكی دیموكراسی، پێویستە سەیری ئەو زەمینە بكەی كە دەتەوێ لامەركەزییەكەی لەسەر بنیات بنرێ (فريدة: 2005). لامەركەزیەت بە سروشتە دیموكراسییەكەوە ئەگەرچی دیموكراسیەتە لەسەر ئەرزی واقع، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەیەكیشە بۆ سەر یەكپارچەیی خاكی كیانە سیاسییەكان. لە جیهاندا دەیان وڵاتی فیدراڵیمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان وڵاتمان هەیە كار بە لامەركەزیی كارگێڕی و لامەركەزیی دارایی دەكەن (الشمري: 2003)، بەڵام ئەزموون و شێوازی پیادەكردنی هیچ یەكێك لەو وڵاتانە بە یەكتر ناچێت، بەڵكوو ئەوەی كراوەتە بناغە بۆ پەیڕەوكردنی بیرۆكەی لامەركەزی لە حوكمڕانی، خودی واقعی سیاسی و كارگێڕی و كۆمەڵایەتیی ئەو كیانەیە كە ئامانجیەتی لە ڕێگەی لامەركەزیەتەوە بگاتە پایە دیموكراسییەكان لە حوكمڕانی (الفتلاوي: 2013). بەڵام بە خوێندنەوەی كۆی گوتاری لامه‌ركه‌زیه‌ت، له‌ هه‌رێمی كوردستان ئەو تێگەیشتنەت بۆ دروست نابێت كە بەم گوتاره‌ بیر لە لامەركەزیەت كرابێتەوە، به ‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ناتوانین پێشبینیی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌مه‌ هه‌وڵێك بێت بۆ گەیشتن بە پایە دیموكراسییەكانی حوكمڕانی لە ڕێگەی پەیڕەوكردنی لامەركەزیەتی كارگێڕییەوە. دەستکاریکردنی هەموو ئەو پرەنسیپانەی کە بە هۆیەوە شێوازی کارکردنی سیستمی سیاسی و کارگێڕیی یەکە سیاسییەکان دەگۆڕێت، بەر لە هەر شتێک پرسێکی دەستوورییە، ئینجا یاسایی و سیاسی و کارگێڕییە (محمود: 2013)، بەڵام لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەستوور نییە، بۆیە یاسا بەرکارەکان و دەسەڵاتەکانی تایبەتمەند بە داڕشتنی یاسا؛ بەم کارە هەڵدەستن، هەر کارێک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە دەچێتە خانەی بازدانی یاساییەوە کە دەکرێ دواتر دەسەڵاتی یاسادانان بە هێنانەکایەی یاسایەکی تازەوە سەرلەبەری ئەم گۆڕانکارییانە بگۆڕێتەوە. ئەوەی لەم پڕۆژانه‌دا شوێنی تێڕامانە، سەیركردنی لامەركەزیەتە لە یەك ڕەهەندەوە، بە شێوەیەك كە واقعی ناوچەیەكی دیاریكراو لە هەرێمی كوردستان كراوەتە نموونە و هەوڵ دراوە گشتاندنیان بۆ بكرێت.   لامەركەزیەت لەنێوان سوود و زیاندا هەموو ئەو سیستمانەی پەیوەستن بە حوكمڕانییەوە، لەبەردەم دوو ئەگەردان: یان ئەوەتا كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئەرزی واقع دروست دەكات، یانیش دەبنە مایەی زیان بۆ ئەو كۆمەڵگە و كیانەی هەوڵی پەیڕەوكردنی دەدەن (رشيد: 2010) (الفهداوي: 2005). بەرجەستەكردنی لامەركەزیەت وەك شێوازی حوكمكردن و بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات، چەند سوودێكی هەیە كە بریتین لە (الشمري: 2013): دابەشکردنی بەرپرسیارێتی بەسەر زیاتر لە یەك ئاست. هەروەها بچووككردنەوەی دەزگا حكومییەكان بۆ یەكەی بچووكتر، بۆ ئەوەی توانای وەڵامدانەوەی باشتری داواكارییەكانی خەڵكی هەبێت (هماوندي: 2001). خێرایی و ڕانەوەستان لە پڕۆسەی بڕیاردان و بڕیارەكان زیاتر لە خەڵك نزیك دەبێت. كەمكردنەوەی كەموكورتییەكانی حكومەت. لامەركەزیەت یەكێك لە پێویستییەكانی دیموكراتییە، بۆیە یەكێك لە سوودەكانی ئەوەیە ڕێگەخۆشكەرە بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی دیموكراسی بەوەی ڕێگە بە خەڵك دەدات خۆی بەشدار بێ لە بەڕێوەبردنی كارەكانی. دیموكراتیەتی سیاسی تەواو نابێ، ئەگەر دیموكراتیەتێكی لۆكاڵیی لەگەڵ نەبێ. سەرەڕای لایەنە باشەكانی، لامەركەزیەت دەشێ هەندێ لایەنی خراپیشی تێدا بێت، بەتایبەت لەو بوارانەی خوارەوە (ابراهيم: 2013) (الطعامنة: 2013): بوونی تێهەڵچوون (التداخل) لە پسپۆڕییەكان و ناڕوونی لەنێوان حكومەتی مەركەزی و حكومەتە لۆكاڵییەكان كە دەبێتە هۆی كەمبوونی توانای كاركردنی حكومەت. هەر لەبەر ئەمەیە زۆر جار لامەركەزیەت بە چاودێری سنووردار دەكرێت، بۆ ئەوەی سیستمی كارگێڕی و دارایی دەوڵەت تووشی پەرتەوازەیی نەبێت. دەركەوتنی سەركردەی ناوخۆیی كە ڕۆڵێكی گەورە دەگێڕن لە ئیدارەكردنی ئەو ئیدارە لۆكاڵییانە، ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی. كاتێك لامەركەزیەت بەم شێوە پەنای بۆ دەبردرێت، سەركردەی لۆكاڵیی خاوەن هەژموون دروست دەبێت كە گوتاری دوای لامەركەزیەتی دەبێتە جیاكردنەوەی یەكجاریی ناوچەی هەژموونی خۆی. نەبوونی یەكسانی لەنێوان هەیئەتە ناوخۆییەكان، ئەمەش وا دەكات هەندێ ناوچە پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ لە ناوچەكانی دیكە. یەكگرتن كە بناغەی دەوڵەتە، بە هۆی ئەم شێوازە لە پەیڕەوكردنی لامەركەزیەت لەناو دەچێت، كە ئەمەش دەوڵەت وەك كیانێكی یەكگرتوو دەخاتە مەترسییەوە. سروشتی جوگرافیی كیانە سیاسییەكان وایە كە ناوچەیەك لە ناوچەیەكی تر دەوڵەمەندترە، بەڵام دەوڵەمەندبوونی سروشتە جوگرافییەكەت شەرعیەتی ئەوەت پێ نادات كە بكرێتە سەرچاوەیەك بۆ قۆرخكردنی سەرچاوەی داهاتی دەوڵەت. لامەركەزیەت وەك گرەنتییەكە بۆ مانەوەی ناوچە جیاوازەكان لەگەڵ یەك، هەر كاتێك نەیتوانی ببێتە ئەم گرەنتییە، ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە پاڵنەری سەرەكیی لێكهەڵوەشانەوەی كیانە سیاسییەكان. بۆ ئەوەی بتوانرێ شێوازی لامەركەزیەتی ئیداری بنیات بنرێ، پێویستمان بە بوونی چوار ڕەگەزی سەرەكی دەبێت كە ئەوانیش بریتین لە (Agrawal: 1990, Arun and Ribot, Jesse C): بوونی بەرژەوەندییەكی خۆجێیی تایبەتتر لە بەرژەوەندیی گشتی. بوونی دەستەیەك كە سەرپەرشتیی ئەو بەرژەوەندییە بكات. دەستە سەربەخۆ بێت و لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرابێت و كەسایەتییەكی مەعنەویی هەبێت. ئەم دەستەیە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە چاودێری بكرێت.   ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: پڕۆژە‌ی لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێڕی و دارایی پڕۆژە‌ی لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێڕی و دارایی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م گوتاره‌ به‌ چه‌ندین شێوه‌ هاتووەته‌ پێشه‌وه‌، به‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م ڕای گشتی و مێزی مشتومڕی سیاسییه‌وه‌، لە چەند بەشێك پێك دێت: پێشەكی، سوودەكانی لامەركەزیی كارگێڕی و دارایی، هۆكارەكانی ئامادەكردنی پڕۆژە، پاڵپشتە یاساییەكان، پاڵنەرە واقعییەكان، پێشنیارەكان، دەسەڵات بۆ پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكان، دەسەڵات بۆ پۆلیس، دەسەڵات بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، هەروەها ئەو سێكتەرانەی كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتییان نییە. كۆی ئەو بەشانە جگە لەوەی شایەنی هەڵوەستەلەسەركردنە، لەگەڵ ئەوەشدا شایەنی ئەوەیە خوێندنەوەیەكی جددییان بۆ بكرێت.   بەربەستەکانی لامەرکەزیەت – بەربەستە یاساییەکان لە یەکێک لە پڕۆژەکاندا، پاڵپشتییە یاساییەكان لە چوارچێوەی 12 خاڵدا كە وەك پاڵپشتیی یاسایی نیشان دراوە، دەستووری عێراق، یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، بڕیار و ڕێنماییەكانی حكومەتی هەرێم لەو چوارچێوەیەدا خراونەتەڕو. لە کاتێکدا خودی ئەو بڕگانەی ڕیز كراون، بە جۆرێک ڕێگرن لە پڕۆژەی لامەركەزیکردنی كارگێڕی و دارایی سلێمانی، ئەوەندە نابنە پاڵپشت بۆ خودی پڕۆژەكە، بە شێوەیەك كە: دەستووری عێراق لە دەستووری عێراقدا، لە بواری ڕێكخستنی سیاسی و كارگێڕییەوە ئەو دەستوورە جەخت لەسەر ئەو ڕیزبەندییە دەكاتەوە كە لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە هەبوو تایبەت بە سێ ئاستەكەی سیستمی فیدراڵی كە ئەویش بریتییە لە (دەسەڵاتی ناوەندی، دەسەڵاتی هەرێمەكان، دەسەڵاتی پارێزگاكان) (ده‌ستووری عێراق – 2005). كەواتە سیستمی سیاسی لە عێراق لە ڕێگەی ئەم دەستوورە دامەرزاوە لەسەر بنەمای دابەشکردنی كلاسیكیی دەسەڵاتەكان، بۆ ڕێگەگرتن لە چڕبوونەوەی دەسەڵات و بەرەو ستەمكاری چوون. سەرەڕای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان، سیستمی سیاسی لە ڕووی جێبەجێكارییەوە دابەش كراوەتە سەر چەند ئاستێك: حكومەتی فیدراڵی (ناوەندی)، حكومەتی هەرێمەكان، حكومەتە خۆجێییەكان (پارێزگاكان)، دەسەڵاتی شارەوانییەكان. هەروەها لەناو پارێزگاكانیش، بۆ كەمینە تایبەتەكان لە (توركمان، كلدان، ئاشووری و سریان) (عبد: 2010). بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتری ئەمەش، دەستوورەكە دەروازەی پێنجەمی تەرخان كردووە بەو پرسە كە دابەشی كردووەتە سەر چوار بەش (ده‌ستووری عێراق: 2005): بەشی یەكەمی تەرخان كردووە بۆ هەرێمەكان، بەشی دووەم تایبەت كراوە بەو پارێزگایانەی لە هەرێمێكدا ڕێك نەخراون، بەشی سێیەم ئاماژە بە بەغداد دەكات وەك پایتەختی كۆماری عێراق كە نابێ بكەوێتە چوارچێوەی هیچ هەرێمێك، بەشی چوارەمیش تەرخان كراوە بۆ دیاریكردنی كارگێڕییە خۆجێییەكان. ڕوونە كە ئەحكامەكانی لامەركەزیی كارگێڕیی ناو دەستوورەكە، تەنها بۆ ئەو پارێزگایانەیە كە لە چوارچێوەی هەرێمێكدا ڕێك نەخراون، هەر لەسەر ئەو بنەمایەشە كاتێك پەرلەمانی عێراق یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەردەكات، بەڕوونی دەنووسێت یاسای ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێكدا ڕێك نەخراون (یاسای ئه‌و پارێزگایانه‌ی له‌ هه‌رێمێك ڕێك نه‌خراون، ژماره‌ 21، ساڵی 2008). بۆیە ئەحكامەكانی لامەركەزیەتی كارگێڕیی دەستووری عێراق؛ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، وەك چۆن پەرلەمانی كوردستان لەبریی ئەوەی یاسا عێراقییەكە لێرە بەركار بكات، یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی تایبەت بە خۆی دەركرد (یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ژمارە 3ی ساڵی 2009). هەر چی پەیوەندیی بە کەرکووکیشەوە هەیە، ئەوا بە هۆی ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ هەیە، بەتایبەت مادەی 140 تا یەكلایینەبووەنەوەی كێشەكانی ناكەوێتە ناو هیچ هەرێمێك (ماده‌ی 140: ده‌ستووری 2005)، هەروەها ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی یەك هەرێمدا ڕێك خراون. سەبارەت بە ئاستی دەسەڵاتداریی ئەو پارێزگایانەش كە لە هەرێمێكدا ڕێك نەخراون، جگە لەوەی ئەحكامەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، لە هەمان كاتیشدا دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكانیان ئەوەندە فراوان نییە كە لە پڕۆژەی بەلامەركەزیكردنی سلێمانیدا هاتووە. یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان، ژمارە (6)ی ساڵی 1993 لە پڕۆژەكەدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە ساڵی 2000، وەك پاڵپشتییەكی یاسایی وێنا كراوە. لە بواری كارگێڕیی خۆجێییدا، پەرلەمان لە ساڵی دووەمی كاركردنیدا یاسایەكی دەركرد بۆ ڕێكخستنی كاروباری شارەوانییەكان لەناو هەرێمی كوردستان بە ناوی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان، ژمارە (6)ی ساڵی 1993. بەپێی ئەم یاسایە، شارەوانییەكان كەسایەتیی مەعنەوییان دەبێت، هەر شارەوانییەك ئەنجوومەنێكی دەبێت كە ژمارەی ئەندامانی لە 5 ئەندام كەمتر نییە و لە 21 ئەندام زیاتر نییە. سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بە هەڵبژاردنێكی سەربەستی ڕاستەوخۆ و بە دەنگدانی تەواو نهێنییەوە كە بەپێی پەیڕەوێكی تایبەتەوە دەكرێ، لە دانیشتووانی ناوچەی شارەوانییەكە هەڵدەبژێردرێت. ماوەی ئەندامیەتی لەو ئەنجوومەنە، چوار ساڵە لە ڕۆژی دانیشتنی یەكەمەوە. ئەم یاسایەش وەكوو یاسای پارێزگاكان (یاسای پارێزگاكان، ژمارە 159ی ساڵی 1969)، ڕۆڵی دەسەڵاتی ناوەندی تێیدا زۆر فراوانە تا ئەو ئاستەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە ئەنجوومەنی شارەوانی هەڵبوەشێنێتەوە، جگە لەو دەسەڵاتە زۆرەی یاساكە بە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری داوە. وەزارەتی شارەوانی بەشێكی زۆری كارەكانی بە یاسایەكی تایبەت و جیاوازەوە ئەنجام دەدات، بۆیە تێهەڵچوونێكی زۆر لە یاسای كاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان دروست دەبوو. كەواتە یاسایەك كە خزمەت بە مەركەزیەت بكات، ناتوانێ ببێتە پاڵپشتێك بۆ پڕۆژەیەكی لامەركەزی. یاسای پارێزگاكان، ژمارە 3، ساڵی 2009 ئەم یاسایە دەرچوو بە مەبەستی ڕێكخستنی پسپۆڕێتی و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و كارگێڕییە خۆجێییەكان لە هەرێمی كوردستان، لە پێناو پەرەپێدان و بەدیهێنانی پرەنسیپی لامەركەزی لە دابەشکردنی دەسەڵاتەكان و ئاسانكاری و چالاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بە هاوڵاتیان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگا. ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی سەیری یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بكەین و بەراوردی بكەین بە یاسای پارێزگاكانی كە لە هەرێمێكدا ڕێك نەخراون لەسەر ئاستی عێراق، دەردەكەوێت كە لە ڕووی شێوەوە جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە، بەڵام لە ڕووی ناوەرۆكەوە جیاوازییەكانیان دەردەكەوێت، بەتایبەت لە بەراوردكردنی ئەو مادانەی بە ڕەگەزی سەرەكی دادەنرێن لە یاساكەدا لە ڕووی سەربەخۆیی كارگێڕییە خۆجێییەكان، هەروەها لە ڕووی پەیوەندیی دەسەڵاتی ناوەندی و كارگێڕییە خۆجێییەكان كە ئەم پەیوەندییە لە چاودێریکردندا دەردەكەوێت. مادەی شەشی ئەم یاسایە چەندین پسپۆڕی و دەسەڵاتی بە ئەنجوومەنی پارێزگاكان داوە لە چەند بڕگەیەكدا، بەڵام هیچ یەكێك لە بڕگەكان ئەو دەسەڵاتەی پێ نەداوە كە ئەنجوومەنی پارێزگا دەسەڵاتێکی یاسادانانی هەبێت، بەتایبەت لە پرسێك كە پەیوەستە بە سیستمی كارگێڕیی هەرێمی كوردستانەوە. هەروەها لە مادەی (31)دا هەمان یاسا هاتووە كە ئەگەر ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لە بەرژەوەندیی گشتی و لە یاسا  كارپێكراوەكانی هەرێم لا بدەن، ئەوە هەڵدەوەشێنرێنەوە. هەروەها مادەی 17 كە تایبەتە بە دەسەڵاتەكانی پارێزگار، دەسەڵاتی نەداوەتە پارێزگار كە داوای گۆڕینی سیستمی كارگێڕیی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵكوو كارەكانی لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ ڕادەپەڕێنێت. كەواتە مادەكانی ئەم یاسایە، بەتایبەت ئەو مادانەی لە پڕۆژەكەدا ئاماژەیان پێ كراوە، ناتوانن پاڵپشتی پڕۆژەكە بن، جگە لەوەی سەرتاپای یاساكە خۆی نابێتە پاڵپشت بۆ هیچ جۆرە فۆرمێكی لامەركەزی، كە ئەمە یەكێكە لەو ئیشكالیەتانەی لە كاتی داڕشتنی یاساكەدا پەرلەمانی كوردستان دركی پێ نەكردووە.   یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان – عێراق، ژمارە 1ی ساڵی 2015 ئەم یاسایە دەرچوو بە مەبەستی جێبەجێكردن و پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بە تایبەتمەندیی خۆی و لابردنی ڕێگری یاسایی بۆ پێكهێنانی پارێزگاكە بە شێوەیەك كە ببێتە  هاندەر بۆ خزمەتكردنی زیاتری دانیشتووانی پارێزگاكە و كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی تاوانەكانی جینۆساید. بەگشتی ئەم یاسایە بەدەرە (استثنا‌ء)ە لە یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (سۆران: 2016)، بەتایبەت كاتێك نووسراوە “مادەكانی دیكەی یاسای پارێزگاكان پیادە دەكرێن و بە بەركاری دەمێننەوە ئەگەر بەشێكی یان هەمووی لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە ناكۆك نەبێت (یاسای ئیدارەی پارێزگا هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان – عێراق، ژمارە 1ی ساڵی 2015). ئەوەی لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەدا دیارە، ڕێكخستنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە لە ڕووی شێوەوە وەكوو یاسای پارێزگاكانە، بەڵام لە ڕووی ئەندامێتی و پسپۆڕێتییەوە بنەماكانی لامەركەزیەتی ئیداریی لەدەست داوە، بە شێوەیەك كە هیچ سیمایەكی لامەركەزیەت لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەدا لە ڕووی پێكهاتە و ئامرازی بەئەندامبوون و تایبەتمەندییەوە بەدی ناكرێت. بە پشتبەستن بەو خوێندنەوەیەی یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و ئەو تێبینییانەی لەسەری دروست بوو، دەردەكەوێت كە یاساكە كاتێك “استثناء” دەكات، تەنیا لە سروشتە دیموكراتییەكە ئیستسنائەكە دەكات. واتە تەنها لەلایەن دیموكراتییەوە لای داوە، چ لە شێوازی دانانی ئەنجوومەن و چ لە شێوازی دانانی پارێزگار و چ لەو دەسەڵات و تایبەتەمەندییانەی ئەمانە هەیانە و چ لە شێوازی یەكلاكردنەوەی سنووری پارێزگاكە، بەتایبەت بوونی ئەنجوومەنێكی هەڵبژێردراو لە یەكە خۆجێییەكاندا بۆ نوێنەرایەتیكردنی خەڵك؛ بابەتێكی بنیاتنەری بوونی سیستمی لامەركەزییە كە ئەمە لە شێوازی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە بەدی ناكرێت. كەواتە یاسای پارێزگای هەڵەبجە هەرگیز ناكرێتە پاڵپشتییەك بۆ هیچ پڕۆژەیەكی لامەركەزی، چونكە بنەماكانی خودی یاساكە لادانە لە پرەنسیپی لامەركەزیەتی كارگێڕی، بەتایبەت لە لایەنی دیموكراسییەوە. “پێشنیار”ەكان لەنێوان ئەستەمی و چەسپاندندا لە پڕۆژەكەدا چەندین پێشنیار لەژێر چەندین تەوەرەی جیاوازدا ڕیز كراون، جگە لەوەی پێشنیارەكانی بەشێكی زۆری لە سنووری دەسەڵاتی یەكە كارگێڕییە خۆجێییەكاندا نییە، لە هەمان كاتدا پێشنیارەكان جۆرێك لە ئەستەمیی پێوە دیارە، هەروەها لە حاڵەتی جێبەجێكردنی كۆی پێشنیارەكان، ئەوا لەبریی لامەركەزیەتی كارگێڕی بەدی بێت، پەراوێزخستنی حكومەتی هەرێم لەم ناوچانە بەدی دێت. بە شێوەیەكی گشتی پێشنیارەكان بۆ چەند لایەنێك پۆلێن دەكرێن، بەشێك لە پێشنیارەكان لە بواری كارگێڕییە، بەتایبەت زیادكردنی دەسەڵاتە كارگێڕییەكانە بۆ دەزگای جێبەجێكاری یەكە خۆجێییەكان. بەشێكی تری پەیوەستە بە بواری دارایی، بەتایبەت چۆنیەتیی گلدانەوەی داهاتی ناوخۆیی ناوچەكە و بەكارهێنانی لە شوێنی خۆی، بەشێكییش پەیوەستە بە بواری ئەمنی بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس، هەروەها بەشە گرنگەكەشی پەیوەستە بە نەوت و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوت، بەشێكیشی تەرخان كراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەكان. بەڵام لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەو پێشنیارانە دەرفەتی جێبەجێكردنیان هەیە؟ چ ڕێگرییەكی یاسایی و كارگێڕی و سیاسییان لەپێشە؟ بۆ هەر تەوەرێك لە پێشنیارەكان؛ دۆخێكی تایبەت هەیە، بۆ نموونە: ئەوەی پەیوەستە بە زیادكردنی دەسەڵاتی پارێزگا و یەكە خۆجێییەكان، ئەمەیان لە چوارچێوەی یاسای پارێزگاكان، ژمارە 3، ساڵی 2009 دەكرێت، بەڵام بە شیكردنەوەی یاساكە دەردەكەوێت لایەنی پەیوەندیدار بەو زیادكردنەی دەسەڵات کە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیرانن، بەڵام یاسای ئەم دوو دامەزراوە ئەو جۆرە تایبەتمەندییەی پێ نەداون، بۆیە دووبارە دەبێت بگەڕێینەوە یاسای پارێزگاكان كە لەوێش هیچ مادەیەكی هاوشێوە نییە بۆ ئەم كارە، كەواتە پێویستە خودی یاساكە هەموار بكرێتەوە كە لەم هاوكێشە پەرلەمانییەی هەنووکەدا هەمواركردنەوەی ئەو جۆرە یاسایانەی ڕەهەندی سیاسی و هەرێمیان هەیە؛ ئاسان نییە. ئەوەندەشی كە پەیوەستە بە بواری داراییەوە، بەتایبەت پرسی داهاتی ناوخۆیی، پێشنیارەكان بۆ ئەوەن كە داهاتی ئەو ناوچەیە ئیداع نەكرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، هەروەها پێدانی دەسەڵاتی دارایی بە یەكە خۆجێییەكان پێویستی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت، كە لەم دۆخی قەیرانی ئابوورییەدا كاركردن بەو ئاڕاستەیە ئاسان نییە. سەبارەت بە بواری ئاسایشی، بەشێك لە پێشنیارەكان گرنگ و گونجاون، بەتایبەت ئەوانەی ڕۆتینی كارگێڕی كەم دەكاتەوە، بەڵام فراوانكردنی سنوورەكانی ئەم بوارە كە بە بواری حكومەتی بچووك ناسراوە، شیرازەی وەزارەتی ناوخۆ تێك دەکات تا ئەو ئاستەی بۆ هەندێ لە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان پێویست بە هەمواركردنەوەی یاسای وەزارەتی ناوخۆ بكات. یەكێك لە خاڵە جەوهەرییەكانی ئەم پڕۆژەیە، پرسی نەوت و پەترۆدۆلارە. ئەگەرچی بیرۆكەی پەترۆدۆلار لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق برەوێكی زۆری پێ درا، بەڵام دوای ئەوە كرایە دەروازەیەك بۆ لێدان لە یەكپارچەیی خاكی عێراق. سەرچاوەی ئەم گوتارە لە ستراتیژیەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر عێراق سەرچاوەی گرتووە، كە لە بەشێك لە پارێزگا شیعەنشینەكان ئەم پرسە ستراتیژییە بە شێوەیەكی تەواو خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێرانی كردووە، بەڵام ئەوەی لێرەدا ڕێگرە ئەوەیە لە هەرێمی كوردستان زەمینەی یاسایی بۆ ئەو پرسە نییە، پێویستی بە ڕەزامەندیی دوولایەنەی پەرلەمان و حكومەت هەیە، ئەم زەمینەسازییەش پێویستی بە ڕێكکەوتنی فرە لایەن هەیە، جگە لەوەی ئەجێندای هەرێمی و نێودەوڵەتی هاوكار نابن بۆ ئەم پرسە. لە لایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بەوەیە وەك كاڵایەكی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ نەوت بكات و ڕێگری بکرێت لەوەی بكرێتە كاڵایەكی لۆكاڵی. بەشێكی دیكەی پێشنیارەكان پەیوەستن بە پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەكان، كە بەشێكیان پێویستن و خزمەت بە خێراكردنی كاروباری هاوڵاتیان دەكات، هەروەها بەشێكیشن لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام ئەم پێدانی دەسەڵاتە پێویستی بە ئیرادەی سیاسییە لەسەر ئاستی وەزارەتەكان، بەتایبەت كە قەیرانی سیاسی جۆرێك لە نامتمانەیی سیاسیی دروست كردووە لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی كابینەی حكومەتدا. ته‌وه‌ری دووه‌م: په‌یڕەوی ناناوه‌ندیی كارگێڕی و دارایی له‌ دوا ڤێرژنی گوتاری لامه‌ركه‌زیدا په‌یڕە‌وێك بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ وەک دوا داواكاری و دوا فۆرمی لامه‌ركه‌زی پێشكه‌ش كراوه، ئه‌و په‌یڕە‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی خرایه‌ به‌رده‌ست ڕای گشتی له ‌ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی لەسەر بکرێت. زه‌مینه‌ی جێبه‌جێكردنی هه‌یه‌ له ‌چوارچێوه‌ی ژینگه‌ی سیاسی و یاسایی هه‌رێمی كوردستاندا؟ لە مادەی یەکەمدا وەها سەیری نامەرکەزیی کارگێڕی کراوە کە بریتییە لە دابەشکردن و دابەزاندنی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی و تەکنیکی و یاساییەکان. هەر لەم دێڕەدا، دوو هەڵەی مەنهەجی هەیە سەبارەت بە تێڕوانینی نامەرکەزی: نامەرکەزیی کارگێڕی دابەشکردنی دەسەڵاتی تێدا ناکرێت، لە فۆرمە باڵاترەکانی نامەرکەزیدا دەکرێت وەک نامەرکەزیی سیاسی و فیدراڵی. لە لامەرکەزیەتی کارگێڕیدا “تفویض السلطات” هەیە، نەوەک “التوزیع السلطات”. لە هیچ فۆرمێکی نامەرکەزیدا دەسەڵاتی یاسایی نە دابەش دەکرێ و نە شۆڕ دەکرێتەوە، چونکە ناکرێ یەکە سیاسییەکان دوو ناوەندی دەرکردنی یاسایان هەبێت، بەتایبەت لە دۆخی بێ دەستووریدا. یاسازانەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەنجوومەنە خۆجێییەکان نابێت دەسەڵاتی یاسادانانیان هەبێت. مادەی دووەم تایبەتە بە ئامانجی پەیڕەوەکە، کە تێکەڵییەک لەنێوان ئامانجەکانی نامەرکەزی و ئامانجەکانی کۆی پەیڕەوەکەدا هەیە. ئامانجەکانی پڕۆژەکە هیچ ڕێگرییەکی یاسایی نییە لە بەردەمیدا، جگە لە ئامانجی چوارەم نەبێت کە پاساوەکانی بەڵگەدار نین. کەواتە پڕۆژەکە لە دیاریکردنی ئامانجەکانیشی نەیتوانیوە خاڵ بخاتە سەر پیتەکان، چونکە لە ئامانجەکەدا باس لە شۆڕکردنەوەی دەسەڵات کراوە، بەڵام ئەوەی كۆی پڕۆژەكە داوای دەكات، ئامانج لێی جیاكردنەوەی دەسەڵاتە نەوەك شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بەو فۆرمەی لامەركەزی داوای دەكات، ئەمە جگە لەوەی خۆی لە چاودێریی حكومەتی ناوەندی دوور دەخاتەوە. لە كاتێكدا ئامانجی لامەركەزیەت جیاكردنەوەی دەسەڵات نییە، بەڵكوو ڕیزكردنی دەسەڵاتە بە شێوەیەكی ستوونی، بۆ ئەوەی پڕۆسەی شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ ئۆرگانە كارگێڕییە بچووكەكان ئاسانتر بكرێت، نەوەك لامەركەزیەت بكرێتە دەروازەیەك بۆ جیاكردنەوەی دەسەڵات و گۆڕینی ئاڕاستەی سیاسیی ناوچەیەك پێچەوانەی ئاڕاستە سیاسییە گشتییەکە. مادەی سێیەمی پەیڕەوەکە؛ بوون و نەبوونی وەک یەکە، چونکە سنووری دەسەڵاتداریی ئەو دەسەڵاتانەی داوای دابەشکردنی کراوە؛ گواستووەتەوە بۆ پاشکۆ، بەڵام بڕگەی دووەمی ئەم یاسایە جێگەی هەڵوێستەکردنە، کە داوای ئەوە دەکات پارێزگا بەدەوری خۆیدا ئەو دەسەڵاتانەی لە حکومەتی هەرێم وەریدەگرێت، شۆڕی بکاتەوە بۆ یەکە کارگێڕییەکانی خوارتر. بەڵام ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای پارێزگاکانی کوردستان بکەین، هیچ ڕێگرییەک نەکراوە لە ئەنجامدانی ئەم کارە، تەنانەت یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش دەرفەتی بۆ ئەم شۆڕکردنەوە دروست کردووە، بەڵام دەبینین کە دەسەڵات شۆڕ نەکراوەتەوە بۆ یەکە کارگێڕییەکانی خوارەوەی پارێزگا. کەواتە گرەنتی چییە لە حاڵەتی وەرگرتنی دەسەڵاتی زیاتر ئەم شۆڕکردنەوەیە گرەنتی بکرێت، یان بوونی دەسەڵاتی زۆر سەر نەکێشی بۆ دروستبوونی قۆرخکاریی زیاتر لەلایەن پارێزگاوە. مادەی چوارەمی پەیڕەوەکە، خۆی لە نەگەڕاندنەوەی داهاتی پارێزگاکان بۆ خەزێنەی هەرێم دەبینێتەوە. لە داڕشتنی ئەم مادەیەدا، هەوڵ دراوە واقعێکی نایاسایی لە ڕێگەی پەیڕەوێکەوە بەیاسایی بکرێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، سەرلەبەری مادەکە ناکۆکە لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەو یاسایانەی پرسی سیستمی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕێک دەخەن. بۆیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم مادەیە، پێویستە ڕستەیەک یاسای بێ کێشە هەموار بکرێتەوە. لە مادەی شەشەمدا بڕگەیەکی گونجاو دەخاتە ڕوو، بۆ دروستنەبوونی قەیران لە ڕاپەڕاندنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ئەویش لە ڕێگەی دروستکردنی ئەنجوومەنێکی تایبەت بە پرسی نامەرکەزییەوە، ئەم ئەنجوومەنە دەکرا لە شێوەیەکی فراوانتر کاری لەسەر بکرایە، بۆ ئەوەی گرەنتییەکی زیاتر دروست بکات کە ئامانج لەم پەیڕەوە گەڕاندنەوەی هەرێم نییە بۆ قۆناغی دوو ئیدارەیی بە فۆرمی جیاواز. مادەی حەوتەم گرفتێکی هەیە، لە ئەگەری چوونە بواری جێبەجێکردنەوە ئەم مادەیە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی سیاسیی قووڵ بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە لە سیناریۆی یەکگرتنی هێزەکانی ئەم ناوچەی لەپشت پەیڕەوەکەیە، دەکرێ تەگەرە بخرێتە بەردەم پەرلەمان، نەتوانێ بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستان دەربکات و ئەم مادەیە کارا بکرێت و قۆرخکاری بکرێت بۆ چۆنیەتیی نەخشەڕێژکردنی بودجە، بە پێچەوانەی سیاسەتی گشتیی حکومەتی هەرێمەوە. جگە لەوە، بودجە وەک دەستوور ڕەهەندێکی نیشتمانیی هەیە و ناکرێت بەش بەش بکرێت و هەر پارێزگایەک بەجیا بودجەی خۆی بنووسێت و پەسەندی بکات و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە بێبەهاکردنی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستانە کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانیان ئامادەکردنی بودجەی گشتییە. هەریەک لە مادەی هەشتەم و نۆیەم و دەیەم، لەم سێ مادەیە درک بەوە کراوە کە ڕێکارەکانی نووسینەوە و بڕیاردان لەسەر و خستنە بواری جێبەجێکردنی پەیڕەوەکە نایاساییە، بۆیە هەوڵ دراوە پارێزبەندییەک بۆ خۆی دابنێت بەوەی دوای پەسەندکردنی پەیڕەوەکە نەتوانرێ بێ ڕەزامەندیی پارێزگا هیچ یاسا و پەیڕەوێکی پێچەوانەی ئەم پەیڕەوە پەسەند بکرێت. ئەمەش ناکۆکییە لە پرەنسیپدا، بە شێوەیەک بۆ داڕێژەرانی پەیڕەوەکە ئاسایی بێت باز بدەن بەسەر یاساکانی پێش خۆیان، بەڵام دەزگا شەرعییەکانی دیکە بۆیان نەبێت پێچەوانەی پەیڕەوەکە یاسا دەربکەن، ئەمەش واتە هاوتاکردنی پەیڕەوەکە بە دەستوور. ڕێگای چارەساز بەرمەبنای ئەم پڕۆژەیە و كۆی ئەو گوتارانەی پێشووتر داوای لامەركەزییان كردووە، دەكرێت چەند ڕێگەیەك لە بەردەمیاندا بێت، بەڵام ڕێگاكان لە لایەك دەكرێت تەواوكەری یەك بن و لە لایەكی دیكە دەشێت پێویستی بە چەندین ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی و سیاسی هەبێت. بەڵام لە دەرەنجامی هەموو ئەمانە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی كە ئەزموونی لامەركەزیەت بە هەموو ئاست و فۆرمەكانیەوە؛ هیی هیچ وڵاتێك لە وڵاتێكی تر ناچێت، بۆیە باشترین بژاردە لەبەردەممان كاركردنە بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی فۆرمێكی تایبەت بە خۆمان كە لەگەڵ سروشتی سیاسی و جوگرافی و كۆمەڵایەتی و واقعی سیاسیی هەرێمی كوردستان بگونجێت، بە شێوەیەك كە ئەم فۆرمە جیاوازە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەزموونی هەرێمی كوردستان دروست نەكات. لامەركەزیەت هەنووکە بە پرسی دیموكراسییەوە بەستراوەتەوە، بە شێوەیەك كە بابەتەكانی پەیوەستن بە حوكمڕانییەكی دروست، بە جۆرێك لە جۆرەكان دەچنەوە سەر دیموكراسیەت لە ئاستە وردەكەیدا، كە خۆی لە لامەركەزیەت لە نزمترین ئاستدا دەبینێتەوە، بۆیە كاركردن بەو ئاڕاستەیەی كە هەر پێویستمان بە لامەركەزیەت نییە، لەژێر هەر بەهانەیەك بێت هەڵەیە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: چ لامەركەزیەتێكمان پێویستە، كە هەم خواستی هەموو ناوچەکان و دیموكراسیەتی كارگێڕییش لە یەك كاتدا بینێتە دی؟ دەكرێ چەند ڕێگەیەكمان لەبەردەم بێت، لەوانە: ١. لە قۆناغی یەكەمدا پێویستە لەسەر ئاستی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان هەندێ دەسەڵاتی كارگێڕیی زیاتر شۆڕ بكرێتەوە بۆ ئاستی خوارتر لەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانەی کە سەر بە یەكە خۆجێییەكانن، بەتایبەت ئەو بوارانەی پەیوەستن بە شارەوانی، پەروەردە، تەندروستی، هاتوچۆ، كشتوكاڵ و كارەبا. بەڵام ئەم گواستنەوەی دەسەڵاتە بۆ ماوەیەكی كاتی بێت، تاوەكوو دواتر لە چوارچێوەیەكی یاساییدا بەتەواوی ئەم پرسە ڕێك بخرێتەوە. ٢. لیژنەی یاسایی و ناوخۆیی پەرلەمانی كوردستان ڕابسپێردرێن كە بە هاوكاریی پسپۆڕان چوارچێوەیەكی تازە بۆ پرسی كارگێڕیی خۆجێیی و لامەركەزیەتی كارگێڕی دابڕێژنەوە، بە شێوەیەك ئەم كارانە لەئەستۆ بگرن: ا. یاسایەكی نوێ بۆ پرسی لامەركەزی دابڕێژرێت، كە جیاواز بێت لە یاساكانی پێشوو لە ڕووی كارگێڕی و سروشتە سیاسی و دیموكراسییەكەی سیستمی كارگێڕی لە هەرێمی كوردستان. ب. كاركردن بە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ژمارە (3)ی ساڵی 2009؛ ڕابگێرێت. پ. لەبریی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كار بە مۆدێلی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بكرێت، هەروەها لە یاساكەدا دەسەڵات، تایبەتمەندییەكان و شێوازی دروستكردنی ئەم ئەنجوومەنە دابڕێژرێتەوە و جیاواز بێت لەو ئەنجوومەنە شارەوانییەی لە یاسای وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، هەروەها جیاوازیش بێت لەو ئەنجوومەنە شارەوانییەی لە پەیڕەوی ژمارە (5)ی ساڵی 2017ی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، كە تایبەتە بە پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان. ت. لە پێكهێنانی ئەم ئەنجوومەنە خۆجێییە، پشت بە ئەزموونی فەڕەنسا ببەسترێت لە چۆنیەتیی ڕێكخستنی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان. گەرچی لە فەڕەنسا ژمارەی شارەوانییەكان زۆرە، بەڵام دەكرێت لێرە پشت بە یەكە كارگێڕییەكان لە ڕووی جوگرافی و ژمارەی دانیشتووانەوە ببەسترێت، بۆ ئەوەی بكرێتە پێوەرێك بۆ دانانی ئەو ئەنجوومەنە. ج. ئەنجوومەنی نوێی خۆجێیی بكرێتە بنەما بۆ دەستنیشانكردنی دەستەی جێبەجێكاری خۆجێیی كە بە هەمان شێوە ئەندام بن لە ئەنجوومەنە خۆجێییەكە (ئەمەش هەر دەكرێت لە یاساكەدا ڕێك بخرێتەوە). د. دەستەی جێببەجێكاری خۆجێیی كە لە یاساكەدا دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی ڕێك دەخرێت، چیتر لە ڕووی كارگێڕییەوە پەیوەست نەبێت بە وەزارەتی ناوخۆوە، بۆ ئەمە دەكرێت بیر لە وەزارەتی شارەوانی یان ئەنجوومەنی وەزیران بكرێتەوە. ح. پێكهێنانی فەرمانگەیەكی تایبەت بە كارگێڕییە خۆجێییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران، كە لە چوارچێوە گشتییەكە دوو ئەركی سەرەكیی هەبێت؛ ڕێكخستن و یەكخستنی كاروباری یەكە خۆجێییەكان لە ڕووی كارگێڕییەوە، هەروەها بەئەندامبوونی لە ئەنجوومەنی وەزیران پاڵپشتێكی تەواوكار دەبێت بۆ لامەركەزیەتی كارگێڕی و گرەنتییش دەبێت بۆ نەپەڕینەوەی ئەم لامەركەزییە بۆ جیاكاری. خ. ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لەم یاسا تازەدا دەسەڵاتی كارگێڕیی سنوورداریان هەبێت لەبریی ئەوەی تایبەتمەندیی تەشریعییان هەبێت، بە جۆرێک ناوچەكان بەرەو جیاكاری و دابەشكاری هەنگاو نەنێن، بۆ ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییە پێویستە دەسەڵاتە كارگێڕییەكان لە چوارچێوەی پرەنسیپی “عدم تمركز الاداری” زیاد بكرێت، بەتایبەت لە پرسە خزمەتگوزارییەكاندا. ٣. لە قۆناغی سێیەمدا پێویستە كار لەسەر دەستوور بكرێت، بەو پێیەی پرسی سیستمی كارگێڕی بەشێكی گرنگ و هەستیاری سیستمی سیاسییە، دەزگا حوكمڕانەكانی سیستمی سیاسی بە هۆی ئەم دەزگا كارگێڕییانەوە دەجووڵێن، بۆیە پێویستە ئەم پرسە لە ڕێگەی دەستوورەوە ژێرخانێكی دروستی بۆ دابنرێت و لەوێوە پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی ڕێكخستنی كارگێڕی و سروشتە سیاسی و دیموكراسییەكەی ڕێك بخرێت. لە ڕەشنووسی دەستووردا بە یەك مادە ئەمە باس كراوە، بەڵام پێویستە بەشێكی تایبەت بەو پرسە بكرێتەوە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی دووردا ئەگەرەكانی هەڵوەشانەوە و بێهێزكردنی هەرێم لەم دەروازەیەوە كەم بكرێتەوە. بێگومان كارەكان بەم ئاسانییە نین، جیاوازیی ئیرادە و ئەجێندا و بیركردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان زۆر لە یەك جیاوازن، ئەمە جگە لەوەی ئیرادەی هێز هەرێمییەكان بە ئاڕاستەی ناسەقامگیریی هەرێمی كوردستاندا هەمیشە بەگەڕ خراوە، بۆیە بژاردە نزیكەكە بریتییە لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ واقعەكەدا بە هەندێ گۆڕانكاریی كارگێڕی و یاساییەوە، بە شێوەیەك كە بتوانرێت پرسی لامەركەزی هەر لە چوارچێوە دیموكراسییەكەیدا بمێنێتەوە و نەپەڕێتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای دیكە. بۆ ئەمەش چەند هەنگاوێك وەک پێشنیار دەخەینە ڕوو: ١. یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان بچێتەوە پەرلەمان و لە ماوەی دوو مانگدا هەموار بكرێتەوە، لە هەمواركردنەوەكەشدا ئەمانە لەبەرچاو بگیرێت: ا. داڕشتنەوەی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا-قەزا-ناحیە، بە شێوەیەك كە دەسەڵاتی تەشریعییان نەبێت و تایبەتمەندییەكەیان لە بواری چاودێری و دەركردنی ڕێنمایی و بەشێك دەسەڵاتی كارگێڕیدا پوخت بكرێتەوە. ب. ڕێكخستنەوەی دەسەڵاتە كارگێڕییەكانی پارێزگار-قایمقام-بەڕێوەبەری ناحیە، بە شێوەیەك كە ڕێگە بگرێت لە دروستبوونی دەسەڵاتێكی كارگێڕیی تاكڕەو لە هەر ناوچەیەك. ت. جیاكردنەوەی پارێزگار لە هاوپێچبوون بە وەزارەتی ناوخۆ، لەبریی ئەوە دەكرێ ببێتە هاوپێچێكی كارگێڕیی سەر ئەنجوومەنی وەزیران یان دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران (فەرمانگەی یەكە خۆجێییەكان – باشترین بژاردەیە)، یانیش وەزارەتی شارەوانی. پ. ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكە خۆجێییەكان، لەبریی كاركردن بە پرەنسیپی “عدم تمركز”، كار بە پرەنسیپی “لامركزیە” بكرێت لە ڕووی ڕێكخستن و سەربەخۆیی و چاودێرییەوە. ٤. ئەنجوومەنی ناحیە و قەزاكان ئەكتیڤ بكرێنەوە و لە نزیكترین كاتدا ئامادەكاری بكرێت بۆ هەڵبژاردن لەسەر ئەم ئاستە. ئەم هەنگاوە دوو ئامانج دەپێكێ: یەكەمیان ڕێگریكردنە لە دروستبوونی ئیرادەی دروستكردنی هەرێمی سلێمانی و چڕكردنەوەی دەسەڵات لەناو پارێزگا، دووەمیش دەرفەتێكە بۆ بەرجەستەكردنی لامەركەزیەت لە ئاستە نزمەكە لە ڕێگەی ئەوەی خەڵك نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی لە بوارێكی تەسكدا هەڵدەبژێرێت. ٥. دووبارە داڕشتنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، بەڵام شێوازی پێكهێنانی پێویستە گۆڕانكاریی بەسەردا بكرێت، بە شێوەیەك كە وا ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە بەم شێوەیە دیاری بكرێت: ا. ژمارەی ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە بەپێی ژمارەی دانیشتووانی سنووری جوگرافیی شارەوانییەكە دەبێت. ب. ڕێژەی 35%ی ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە لە ڕێگەی دامەزراندنەوە دەبێت كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دادەمەزرێن. ت. ڕێژەی 35%ی ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە لەلایەن ئەنجوومەنی خۆجێییەوە (پارێزگا-قەزا-ناحیە) دابنرێت، بە شێوەی وەرگرتنی سیڤی و دەنگدان لە ئەنجوومەنی خۆجێیی. پ. ڕێژەی 30%ی ئەندامان لە كەسانی پسپۆڕ دیاری بكرێت، كە ئەم كەسە پسپۆڕانە لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە دەستنیشان دەكرێن بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكە خۆجێییەكان. ج. بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە شێوەی دەستەی سەرۆكایەتی بێت، كە لە سێ ئەندام پێك بێت (ئەندامێكیان لەوانە بێت كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاری كراوە، ئەندامێكیان لەلایەن ئەنجوومەنی خۆجێییەوە، هەروەها ئەندامەكەی تر كە كەسێكی پسپۆڕە و دەبێتە سكرتێری ئەم سەرۆكایەتییە). د. لە ڕووی كارگێڕییەوە ئەم ئەنجوومەنی شارەوانییە وەك هاوپێچێك بە وەزارەتی شارەوانی ببەسترێتەوە. ح. دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی لە ڕێگەی بڕیارێكی تایبەتەوە دەستنیشان بكرێت كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئامادە بكرێت و دەربكرێت. خ. ئەم ئەنجوومەنە لەلایەن ئەنجوومەنە خۆجێییەكانەوە چاودێری دەكرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت. ٦. هەماهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنە خۆجێیی و ئەنجوومەنە شارەوانییە نوێیەكان دروست بكرێت لە ڕێگەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە، بە شێوەیەك كە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كە ئەنجوومەنی خۆجێیی هەڵبژێردراوی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانن.   سه‌رچاوه‌كان یه‌كه‌م: سه‌رچاوه‌ یاساییه‌كان ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق (2005) پڕۆژە‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان-عێراق (2009) هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی، ژمارە (1)ی ساڵی 1992 هەموار كراوە. یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان، ژمارە (6)ی ساڵی 1993 یاسای وەزارەتی ناوخۆ، ژمارە (6)ی ساڵی 2006 یاسای ئه‌و پارێزگایانه‌ی له‌ هه‌رێمێك ڕێك نه‌خراون، ژماره‌ (21)ی ساڵی 2008 یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ژمارە (3)ی ساڵی 2009 پەیڕەوی ژمارە (5)ی ساڵی 2017ی ئەنجوومەنی وەزیران   دووه‌م: په‌رتووك و توێژینه‌وه‌ أحمد عبدالزهرە كاظم الفتلاوی، النظام اللامركزی و تطبیقاته، مكتبة زین الحقوقیة الطبعة الاولی، بیروت، 2013. حسین الرحال و عبدالمجید كمونە، الادارە المركزیە و الادارات المحلیە فی العراق، مطبعە عبدالكریم زاهد، بغداد، 1953. حیدر مثنی محمود، دور البرلمان فی تعزیز اللامركزیة فی العراق، برنامج الامم المتحدة الانمائی، برنامج ادارة الحكم فی دول عربیة، بلا مكان نشر. د. أحمد رشید، نظم الحكم و الادارة المحلیة، مفاهیم العلمیة و حالات دراسیة، دار المعارف، الطبعە الاولی، القاهرة، د. عامر ابراهیم أحمد الشمری، الادارە اللامركزیة الاقلیمیة، منشورات زین الحقوقیة، بیروت، 2013. د. عامر ابراهیم، النظم اللامركزی و تطبیقاته، منشورات زین الحقوقیة، الطبعە الاولی، 2013. د. محمد محمود الطعامنة، نظم الادارة المحلیة (المفهوم والفلسفة والاهداف)، الملتقی العربی الاول – نظم الادارة المحلیة فی الوطن العربی، عمان، 2003. محمد طالب عبد، اللامركزیة الاداریة فی التطبیق علی المجالس المحلیة، رسالة ماجستیر، كلیة الحقوق – جامعە النهرین، 2010. هۆگر ئیبراهیم حه‌كیم، سروشتی دیموكراسیی لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێڕی، ماسته‌رنامه‌، زانكۆی سه‌لاحه‌دین، 2016. سۆران عەلی حسێن، پێكهێنان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی بنه‌ماكانی ناناوه‌ندیی كارگێڕی، توێژینه‌وه‌یه‌كی شیكاریی ڕە‌خنه‌گرانه‌یه‌ بۆ یاسای پارێزگای هه‌ڵه‌بجه،‌ ژماره‌ (1)ی ساڵی 2015، گۆڤاری یاسا و ڕامیاری، زانكۆی سه‌لاحه‌دین، 2016. Agrawal, Arun and Ribot, Jesse C, “Accountability in Decentralization; A framework with South Asian and West African Cases”, The Journal of Developing Areas, vol. 33, summer 1990, pp. 473-502.   مامۆستای كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی


درەو: لەكۆی ( ترلیۆنێك و 114 ملیار) دینار داهاتی نەوتی ئەم مانگە، تەنیا (40%) خراوەتە خەزینەی حكومەتەوە، وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ موچە بۆ تەرخانكراوە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو موچەی تەواوی وەزارەتەكان دابەش بكات، داهاتی سلێمانیش لەكۆی (68 ملیۆن) دۆلار تا ئێستا (35 ملیۆن) دۆلاری رادەستی حكومەتكراوە. كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە كە (درەو) لەسەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە وەریگرتووە بە نزیكەی بەم شێوەیە بووە كە: داهاتی ناوخۆ: بۆ ئەم مانگە داهاتی ناوخۆ كە خراوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە (313 ملیار) دینار بووە، داهاتی سلێمانی لە كۆی (68 ملیۆن) دۆلار واتا (101 ملیار) دینار، تەنیا (35 ملیۆن) دۆلار واتا ( 52 ملیار) دیناری رادەستی حكومەت كراوە،  واتا خراوەتە بانكی هەرێم لە سلێمانی. داهاتی نەوت: داهاتی نەوت : نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە (58) دۆلار فرۆشراوە، لەكاتێكدا نرخی بەرمیلێك نەوتی عێراق كە لەرێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە بە (65) دۆلار، لەبازارەكانی جیهانیدا ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت (72) دۆلارە. هەرێمی كورستان رۆژانە بەبێ پێداویستی ناوخۆ (430 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بە نرخی (58) دۆلار فرۆشراوە، دەكاتە ( 748 ملیۆن و 200 هەزار) دۆلار واتا ( ترلیۆنێك و 114 ملیار) دینار، لەو رێژەیە تەنیا (300 ملیۆن) دۆلاری رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە واتا ( 447 ملیار) دینار. پارەی هاوپەیمان: پارەی هاوپەیمانان نزیكەی (25 ملیار) دینارە كۆی گشتی داهاتەكانی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ ئەم مانگە بەم شێوەیەبووە: •    313 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ •    447 ملیار دیناری داهاتی نەوت  •    25 ملیار دیناری تەمویلی هاوپەیمانان كۆی گشتی داهاتەكان: 785 ملیار دینار كۆی گشتی خەرجی موچەی موچەخۆران: 894 ملیار دینارە كۆی گشتی موچە بەلێبڕینەوە: 706 ملیار دینار   


راپۆرت: درەو "پێڵاوی پیاوە مردووەكان".. ئەمە پەندێكی بەریتانییە كە لە راپۆرتێكی بەریتانییەكاندا بۆ ئەو ئەفسەرانەی وەزارەتی پێشمەرگە بەكارهێنراوە، كە تاوەكو نەمرن لە پۆستەكانیان لاناچن، بەریتانییەكان دەڵێن تاوەكو ئەفسەرە پلەباڵاكان لە وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشین نەكرێن‌و ئەفسەرە گەنجەكان لە شوێنیان دانەنرێت، چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا ناكرێت، باسلەوە دەكەن لەوەزارەتی پێشمەرگەدا "بندیوار" هەیە، لە وەزارەتی ناوخۆشدا هێزەكانی زێرەڤانی‌و بەرگری‌و فریاكەوتن هێزی حزبین.  هەوڵی چاكسازی لەماوەی پێنج ساڵدا رۆژی 21ی تەموزی 2020 راپۆرتێكی لەبارەی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و هاوسەرۆكەكانی یەكێتی‌و سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت‌و هەردوو وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە كردووە. (درەو) كۆپییەكی ئەم راپۆرتەی دەستكەوتووە، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان، هەموو راپۆرتەكە بڵاوناكاتەوە، بەڵام ئەو بەشانەی كە بەپەیوەندی بە ئاڵنگارییەكانی بەردەم چاكسازیكردن لە وەزارەتی پێشمەرگە‌و هێزە ئەمنییەكان هەیە، دەخەینەڕوو.  راپۆرتەكەی بەریتانیا، عەقید (رۆی .ف. ناتراجان) لە هێزەكانی بەریتانیا وەكو راوێژكاری تایبەتی بەرگریی نوسیویەتی، باس لە هەوڵەكانی بەریتانیا دەكات بۆ چاكسازیكردن لە سێكتەرەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی (2015وە بۆ 2020). بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە ساڵی 2015وە حكومەتی بەریتانیا‌و لایەنە نێودەوڵەتییەكان لەبواری چاكسازیدا لە سێكتەری ئاسایشی هەرێمی كوردستان، جەختیان لە پرۆژەی تەكنیكی سەربازی جیاواز كردوەتەوە، بەڵام كاریگەری هەوڵەكەیان لە ساڵی (2019)وە راوەستاوە، بەریتانیا داوا دەكات بەبڕیارێكی سیاسی ئەم هەوڵە دەستپێبكاتەوە‌و پێشكەوتن بەخۆوە ببینێت.  راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، دروستبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە هاوینی 2019دا، هەلومەرجی گرنگی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی رەخساندووە، بۆ ئەمەش دەركردنی یاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2020 بە نمونە هێناوەتەوە.  "حزبەكان متمانە بەیەكتر بكەن" راپۆرتەكە لەبارەی چاكسازی لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا دەڵێ:" داخوازی هەرە سەرەكی تیمی بەریتانیا‌و هێزەكانی دیكە ئەوەیە حزبە سیاسییەكانی هەرێم متمانە بەیەكتر بكەن، چونكە ئەگەر هەر پارتێك گومانی لە دڵسۆزی ئەوی دیكە هەبێت لە مەنهەج یان شێوازی كار، چاكسازی نایەتە دی، سەركردە سیاسییەكان سەرباری دابەشبوونە سیاسییەكان، لە مەبدەئدا چاكسازییان دەوێت، بەڵام نەبوونی متمانە كەلێنێكی گەورەیە". ئاماژە بەوەدەكات، بەهۆی پەتای (كۆرۆنا)و خراپبوونی بواری ئابورییەوە، هەنگاوەكان بۆ چاكسازی لە هێزە ئەمنییەكاندا خاوبوەتەوە، سەرباری ئەمەش زیادبوونی بەردەوامی ململانێی نێوان پارتە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان، رێگرێكی مەترسیدارە. دایەلۆگ لەنێوان سەركردە باڵاكان لەئێستادا جەوهەرییە بۆ ئەوەی متمانە بینابكەنەوە. پەروەردەكردنی پێشمەرگە هاوینی ساڵی رابردوو، بەریتانییەكان پێشنیازی ئەوەیان كردووە، چاكسازی لە سێكتەری ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا بگوازرێتەوە بۆ لایەنی "پەروەردەكردن‌و فێركردنی پێشمەرگە" بەشێوەیەكی پرۆفێشناڵ، هەركاتێك دۆخەكە  باش بوو، ئەوكات تیمی بریتانیا ئامادەیە هەوڵەكان بۆ چاكسازی دەستپێبكاتەوە. "زێرەڤانی‌و بەرگری‌و فریاكەوتن هێزی حزبین" راپۆرتی بەریتانیا، داوا دەكات پرۆسەی چاكسازی لەناو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا لە وەزارەتی پێشمەرگەدا كورت نەكرێتەوە، كە بریتین لەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرەشتییان دەكات لەگەڵ هێزەكانی (80)ی پارتی‌و (70)ی یەكێتی.  راپۆرتەكە دەڵێ" ئێستا گرنگە هێزەكانی سەر بە (وەزارەتی ناوخۆ)ش بێنە ناو پرۆسەی چاكسازیەوە وەك (زێرەڤانی‌و بەرگری‌و فریاكەوتن)، هەرچەندە ئەم هێزانە سەربە وەزارەتی ناوخۆن، بەڵام حزبین‌و لەژێر رێنمایی حزبدان". بەریتانییەكان دەخوازن، دوای چاكسازیكردن لە وەزارەتی پێشمەرگە‌و وەزارەتی ناوخۆ، لەمەودایەكی دوردا، چاكسازی لە هێزەكانی (پۆلیس، ئاسایش، پاراستن‌و دەزگای زانیاری كە دژەتیرۆریشیان بە دەستە) بكرێت. ریفراندۆم دەریخست..    راپۆرتی بەریتانیا ئاشكرایكردووە، ساڵی 2015 كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە، داوای لە بەریتانیا كردووە چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەن.  راپۆرتەكە دەڵێ" راستیەك هەیە زۆربەی سیاسییەكان كۆكن لەسەری، ئەویش ئەوەیە كە مۆدێلی بەرگری هەرێمی كوردستان پشتئەستوورە بەزۆرینەی هێزی پلەداری پێشمەرگە كە لەژێر دەسەڵاتی پارتە گەورەكانی هەرێمدایە. هێزێكی كەم یان بچووك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێت كە لاوازەو بە ئاسانی بەكاردێت". راپۆرتەكە نوسیویەتی" سەرهەڵدانی داعش لە 2014دا لاوازی هێزی سوپای عێراقی دەرخست، ئەنجامدانی ریفراندۆمی لە هەرێمی كوردستانیش دەریخست، هێزی دەرەكی دەتوانێت هێزی پێشمەرگە دابەش بكات".   40 پرۆژە بۆ چاكسازیی ساڵی 2016، بەریتانیا راپۆرتێكی ئامادەكردووە‌و تێدا پێشنیازی كردووە بەڕێوەبەرایەتییەكی چاكسازی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە‌و یەكخستنی هێزەكانی (70)ی یەكێتی‌و (80)ی پارتی دروستبكرێت. لە 2017دا سوپای بەریتانیا (كۆلۆنێل) عەقیدێكی دەستنیشان كردووە وەكو راوێژكاری تایبەتی سەربازی لە كۆنسۆڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر، ئەمریكاو ئەڵمانیاو هۆڵەنداش ئەفسەریان لەسەر ئاستی عەقید دەستنیشانكردووەو گروپی راوێژكاری نێودەوڵەتی دامەزراوە بۆ چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.  ئەم تیمە نێودەوڵەتییە، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا كاریان كردووە، بۆ ئەوەی هێزێك دروست بكەن كە زیاتر متمانەپێكراو بێت‌و پلەدارەكانی لەژێر فەرمانی حكومەتدا بن‌و لەژێر فشاری پارتە سیاسییەكاندا نەبن، پێشمەرگەكانی ئەم هێزە خاوەن مۆراڵ‌و بڕوا بن، لەڕووی جەستەییەوە بەتوانا بن‌و بەرەنگاری رەفتاری گەندەڵی ببنەوە‌و توانای دابینكردنی پێداویستی ماددی خۆیان هەبێت.  تیمە راوێژكارییە نێودەوڵەتییەكە‌و بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی، پێكەوە دۆسیەیەكیان بۆ پرۆژەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا كردوەتەوە، كۆی پرۆژەكان بۆ چاكسازی گەیشتوەتە (40) پرۆژە، تیمی راوێژكارانی نێودەوڵەتی، هەندێك لە پرۆژەكانیان كردووە بە یەك‌و ئەو پرۆژانەی كە ناواقعی بوون، لایبردوون، تا وای لێكردووە، كۆی پرۆژەكانی بۆ چاكسازی لە (40) پرۆژەوە بۆ (21) پرۆژە كورتكردوەتەوە.  "با یەكێتی‌و پارتی رێكبكەون" بەپێی راپۆرتەكە، سەرەتای 2019، تیمی راوێژكارانی سەربازیی بیانی، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا كاریان لەسەر بواری چاكسازی كردووە، لەم ساڵەدا تەنیا هەوڵیان داوە "پرسیاری دروست" بدۆزنەوە، نەوەكو "وەڵامی دروست"، چونكە وەكو راپۆرتەكەی بەریتانیا باسی كردووە" وەڵامی ئەم پرسیارانە تەنیا بە رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یەكێتی دەدرێنەوە".  بەهاری 2019، كارەكانی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگەدا راوەستاوە، پێشنیازی ئەوە كراوە بۆ دەستپێكردنەوەی چاكسازییەكان " پارتی‌و یەكێتی لەسەر ستراتیژیەتێكی بەرگری‌و فەرمان‌و كۆنترۆل رێكبكەون‌و هێزەكانی 70‌و 80 لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخەن".  بندیوار لە وەزارەتی پێشمەرگە راپۆرتی بەریتانییەكان لەبارەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ" یەكێك لە كێشە گەورەو ئاڵۆزەكان، موچەو شایستەكان‌و ڕاژەو خانەنشینیە، گرفتی بوونی سەربازی تارمایی (بندیوار) مەسەلەیەكە لێی تێدەگەین. رەفتاری گەندەڵی هەندێ لە ئەفسەرە باڵاكان كارێكی دیارە، لەگەڵ هەندێ راپۆرت كە ئاماژە بە بوونی موچە‌و مافی ساختەی دیكە دەكەن". "پێڵاوی پیاوە مردووەكان"  راپۆرتی بەریتانیا بە راشكاوی باسلەوەدەكات، هەندێك لە ئەفسەرە باڵاكانی وەزارەتی پێشمەرگە گەندەڵن‌و دەڵێ" ئەنجامدانی چاكسازی كارێكی سەختە، ئەگەر ئەم ئەفسەرە باڵایانە (پاسەوانی كۆن) لە وەزارەتی پێشمەرگە بمێننەوە. قسەو كرداریان بۆ چاكسازی هاوتا نییە. هەندێ ئەفسەری دیكە هەن كە دەیانەوێت چاكسازی جێ بەجێ بێت‌و دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە ببێتە دامەزراوەیەكی پیشەیی دوور لە كاریگەری پارتی سیاسی". راپۆرتەكە بە پەندێكی بەریتانی گوزارشت لە ئەفسەرەكانی هێزی پێشمەرگە دەكات كە ماوەیەكی زۆرە لە پۆستەكانیان ماونەتەوە‌و لاناچن، پەندەكە دەڵێ" پێڵاوی پیاوە مردووەكان"، مەبەست لەم پەندە ئەوەیە، كەسێك لە پۆستێكدا بمێنێتەوە‌و لانەچێت، مەگەر بە مردنی كەسێكی تر بچێتە شوێنەكەی.  بەریتانیا بەڕووی پێشنیاز بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات "پێداچوونەوەیەكی فراوان بە پۆستی ئەفسەرە باڵاكان بكات تاوەكو بتوانێت هەندێكیان خانەنشین بكات‌و ئەفسەرە گەنجەكان ئەوانەی كە بەهرەدارن‌و چاكسازیان دەوێت، لە پۆستە سەرەكییەكاندا دامەزرێنرێن". حزبایەتی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا راپۆرتەكە، بەچەند خاڵێكی تر گوزارشتی لە دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە‌و دەڵێ: •    ئەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەكات، هێشتا پەتای كاریگەری سیاسی پارتەكانیان لەسەرە. •    لكاندنی هێزەكانی 70و 80 بە وەزارەتی پێشمەرگەوە، ئەوە ناگەیەنێت كە ئەم هێزانە كاریگەری پارتە سیاسییەكانیان لەسەر لا دەچێت. ئەم كاریگەرییە رەوایەتی هێزی پیشمەرگە كەمدەكاتەوەو رێگرە لە هەوڵەكان بۆ چاكسازی‌و یارمەتی تەشەنەسەندنی گەندەڵی‌و مەحسوبیەت دەدات. •    لەناو سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەدا، ئەندامبوون لە یەكێتی یان پارتی ئیلزامییە یاخود پێویستە، ئەگەر كەسێك بیەوێت پلەكەی بەرز بێتەوە، (هەرچەندە وا راپۆرتكراوە كە رێژەیەكی بەرچاو لەوان دەنگیان بۆ هیچ لەم پارتانە نەداوە). •    لە زۆربەی سوپا پیشەییەكاندا، ئەندامبوون لە پارتی سیاسی رێگەپێدراودا، مافی هەموو ئەندامانە، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەنجامدانی ئەركەكانی سوپا. بەشێویەكی ئاشكرا ئەمە لە ناو هێزەی پێشمەرگەی وەزارەتدا نییە بە تایبەتی ئەفسەرە باڵاكان. •    پێشنیار دەكەین یەكێتی‌و پارتی هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمی متمانەپێكراو بدەن بۆ راماڵینی كاریگەری سیاسی لەسەر هێزەكانی وەزارتی ناوخۆو پێشمەرگە. •    نەبوونی متمانە لەنێوان سەرۆكەكانی یەكێتی‌و پارتی گەورەترین بەربەستە بۆ كارەكانی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە. كەسیان متمانە بە مەبەست‌و ئامانجی ئەوەی دیكە ناكات. ئەمەش زۆر بە ئاشكرا لە روداوی (زینی وەرتێ) لە مانگی 4ی 2020دا دەركەوت. •    هەمیشە كە كورد رووبەرووی هەڕەشە بووبێتەوە، یەكیان گرتووە، باشترین نموونە هەڵوێستی یەكگرتوویان بوو بۆ پشتیوانی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی لە عێراق، دوای كوژرانی (قاسم سولەیمانی) لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە. •    ئێستا هەرێمی كوردستان روبەڕووی ئاڵنگاری قووڵ بۆتەوە، كە كاریگەریی لەسەر سەقامگیری كۆمەڵایەتی هەیە. پێشنیار ئەوەیە سەرۆكە سەرەكییەكانی (پارتی‌و یەكێتی) پێكەوە دابنیشن‌و گفتوگۆ لەسەر مەسەلەكان بكەن، لە نێوانیاندا مەسەلەی چاكسازی هێزی پێشمەرگە.  


درەو: راپۆرتی: سەنتەری میترۆ ناوچەكە ئێجگار مەترسیدارە فرۆكە بەئاسمانی ناوچەكەیەو دەستناپارێزن، كە دەچینە ناوچەكە بازگەی رەسمی حكومەت داوای مۆڵەتی رەسمی دەكەن، ئەگەر بچیتە ناوچەكە پەكەكەی لێبێت وێنەگرتن قەدەغەیە، سوپای توركیا بتبینێت، دەتكوژێت، رۆژنامەنوسێك بەم شێوە گوزارشت لەو ناوچانەی پارێزگای دهۆك دەكات كە سوپای توركیا، داگیركردوون. لەگەڵ دەسپێكردنی گیمێكی نوێی لەشكركێشی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، ناوچەی قەدەغەكراو زیاتر دەبێت و ئاستەنگ و مەترسی بۆ  سەر كارو ژیانی رۆژنامەنوسان، زۆرتر دەبن. سەنتەری میترۆ رۆژانە لە رێی ئەندامە خۆبەخشەكانییەوە زانیاری دەربارەی  تیمی مەیدانی دەزگاكانی راگەیاندن لە پارێزگای دهۆك پێدەگات، لە ناو سنوری پارێزگاكە بەربەست و رێگری هەن و لەسەر سنوریش بە هۆی لەشكركێشی توركیا ، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و ناتوانن بگەنە ناوچە زیانلێكەوتوەكانی شەری پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا.  لەناو سنوری پارێزگاكە چەند پێشێلكارییەكی بەدەست گەیشتووە كە تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەو رێگری  دەستدرێژیانە نەكراوە بە دیاریكراویش ئەوانەی بەرامبەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ئەنجام دراون. رۆژی 30ی ئایار لە قەزای بەردەرەش ، هێزێكی  پێشمەرگە لە لیوای 12 هێرشیانكردە سەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی و بە قۆناغە تفەنگ ئازاریان داوە . سەباح سۆفی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە دهۆك بە سەنتەری میترۆی راگەیاند ، لەكاتی گردبوەنەوەی فەوجی سێی لیوای 12  و داخستنی  رێگای سەرەكی بەردەرەش ، سەرقاڵی روماڵ و راگەیاندنی دەنگی نارەزایەتی پێشمەرگەكان بوون، بەڵام "پاسەوانەكانی ئامر لیوای ١٢ی هێزەكانی پێشمەرگە"،  هێرشیان كردووەتەسەریان و لێیان داون، ووتی، "ئەوان ئێمەیان بە جنێو و قسەی ناشیرین دەركرد و لێیانداین و قۆناغە تفەنگیشیان پێداكێشاوین، بەڵام لەلایەن پێشمەرگە نارازییەكانەوە رزگاركراین و لەژێر دەستیان دەریانهێناوین"، جەختیكردەوە، " دەستیان بەسەر كەل و پەلە رۆژنامەوانییەكانیاندا گرتووە، بەڵام پێشمەرگەكان بە زۆر لێیان وەرگرتوونەتەوە." بەیانی رۆژی چوارشەممە  2ی حوزەیران ، لەكاتی روومالی گردبوونەوەی خاوەن یەكەكانی نیشتەجێبوون لە بەردەم بینای پارێزگای دهۆك، لەكاتی پەخشی راستەوخۆدا هێرشكرایە سەر ستافی تیمی كەناڵی ئێن ئارتی. تایف گۆران بە میترۆی ووت" لە پەخشی راستەوخۆدا بووین لەلایەن پۆلیسەوە رێگریمان لێكراو و كەل و پەلە رۆژنامەوانیەكانمان لێ وەرگیرا دواتر بەشێك لە و كەل و پەلانە شكێندران" وتیشی" پەیامنێری ئێن ئار تی ئارام حسێن و وێنەگر محمد سدقی  بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستبەسەر كران" هەر رۆژنامەنوس، یان تیمێكی رۆژنامەنوانی بیەوێت بگاتە ئەو سنورانەی مەیدانی  شەری پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا، دەبێت بە بازگەكانی هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پاسەوانی سنوری عێراق تێپەرێت و هەر بازگەو هێزێك جۆرێك لە رێوشوێنی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام هەموو بازگەكان یەك خاڵی هاوبەش كۆیاندەكاتەوە، بە تیمەكان دەڵێن: " ناوچەی موحەرەمەیە".  وەحید نیعمەت پەیامنێری كەناڵی ئین ئارتی لە رۆژانی رابردوودا چوبووە گوندی شەرانسێی سەر بە ناحییە دەركار، ئەو كات فرۆكەكانی توركیا دوو شوانیان، بریندار كردبوو.  وەحید بە میترۆی ووت" ناوچەكە ئێجگار مەترسیدارە فرۆكە بەئاسمانی ناوچەكەیەو دەستناپارێزن " جەختیكردەوە " كە دەچینە ناوچەكە بازگەی رەسمی حكومەت داوای مۆڵەتی رەسمی دەكەن، ئەگەر بچیتە ناوچەكە پەكەكەی لێبێت وێنەگرتن قەدەغەیە، سوپای توركیا بتبینێت دەتكوژێت" بەڵام ئەو مەترسیانە كە ئەو هێزانە باسی لێ دەكەن، بۆ كەناڵەكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كراوەیە، وەك هەندێ رۆژنامەنوس باسیدەكەن جیاكاری دەكرێت. ئەمیر گۆران رۆژنامەنوسی فریلانس، باس لەوە دەكات  رێگری لە رۆژنامەنوسانی سەربەخۆ دەكرێت بچنە ناوچەی جەنگ و راستییەكان بۆ رای گشتی روماڵ بكەن، بەڵام رێگەی بە هەندێ میدیای نزیك لە پارتی دەدرێت، ووتی " جیاوازی زۆر دەكرێت و پێم وایە لەم نێوەندەدا زۆر كار بۆ شاردنەوەی هەندێ زانیاری هەستیار دەدەرێت بۆیە رێگە بە میدیای سەربەخۆ یان موعارەزە یان مونافسی پارتین نادەن بگەنە هەندێ ناوچە" جەختیكردەوە" هەموو رێگرییەكان پەیوەندیدار نین بەوەی ناوچەكە مەترسیدارە، خۆ ئەگەر مەترسیدارە ئەوە بۆ هەمووان مەترسیدارە" رۆژنامەنوسان ئەگەر بگەنە ناوچەی سنوری ناهێڵن نزیك ئەو گوندانە بكەونەوە كە بە هۆی تۆپ باران و بۆردوومانی هێزی ئەرزی و ئاسمانی توركیا، چۆڵكراون.  زێرەڤان گولی پەیامنێری دەزگای میدیای بادینان و گەلی كوردستان لە رۆژانی رابردو لەگەڵ تیمەكانی (سپێدە، ژیان) چونەتە ناوچەی كانی ماسی و بەرواری باڵا ، ئەو باس لەوەدەكات كە پاسەوانی سنوری عێراقی رێگەیان نادات نزیك گوندە چۆڵكراوەكان ببنەوە پرسیاری كرد" ئەگەر نزیك نەبین لە گوندە چۆڵكراوەكان چۆن بزانین زەرەرو زیانەكان چین؟" هەندێ دەزگای میدیایی خۆیان زۆر هەستیارانە مامەڵە دەكەن، پێیان باش نییە تیمەكانیان بخەنە مەترسییەوە. حەربی جەلالەدین، بەرپرسی ئۆفیسی سپێدە لە پارێزگای دهۆك، بۆ میترۆ باسی لەوە كرد ئەو ناوچانەی ئۆپراسیۆنی سەربازی تیا بەردەوامە تیمە رۆژنامەوانییەكان مەترسیدارە و ئێمە خۆمان زۆر بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین چونكە خەڵكی مەدەنی دەكرێنە ئامانج ووتی" رێگرییەكان ئەوە نییە ئیدارەی ناوچەكە رێگە بدەن یان نا، خۆی ناوچەكە موحەرەمەیە شەر تیایدا گەرمە و مەترسی بۆ سەر گیانی تیمەكانمان دروست ئەكات و بە حەزەرەوە مامەڵە دەكەین" بە پێی یاسای نێودەوڵەتی لە كاتی جەنگ و ململانێی چەكداریدا رۆژنامەنوسان وەك كەسی مەدەنی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، پێویستە لە هەموو شێوەیكی هێرش و ئازار بپارێزرێن . لە مادەی 79ی پرۆتۆكۆلی ژنێفی ساڵی 1949، رۆژنامەنوسان وەك هاوڵاتیانی مەدەنی بێ چەك تەماشا دەكرێن دەبێت لەكاتی جەنگ و ململانێی چەكداریدا گیانیان پارێزراو بێت، ئەوانیش نابێت كارێك بكەن كە دژ بە ناوەرۆكی ئەو برگەیە بێت. سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت : 1. هەموو دەستدرێژی و رێگرییەكە بەرامبەر بە میدیاكاران رەتدەكەینەوە، دەبێت هەموو هێزەكان سنوری یاسایی خۆیان نەبەزێنن، رێز لە سەروەری یاسا بگرن. 2. جیاكاری نەكرێت لە گەیشتن بە ناوچە زیانلێكەوتوەكان، ئەگەر ناچەی قەغەكراوە، دەبێت وەزارەتی پێشمەرگەو ئەو شوێنانە بە رەسمی وەك شوێنی قەدەغكراو بناسێنێت، ئینجا بۆ هەمووان قەغەكراو بێت. 3. داوا لە بەرسی كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەین، كاتێك تیمەكانیان دەنێرنە ناوچەی جەنگ هەموو پێداویستییەكی خۆپارێزی بۆ تیمەكەیان دابین بكەن.  4. ئاسانكاری بكرێت بۆ كەناڵەكانی میدیای ناوخۆو دەرەوە، تەنانەت رێكخراوە مافی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە راستی تاوانەكان بەرامبەر  هاوڵاتیانی سڤیل و ژینگەی ئەو ناوچانەی بوون بە گۆرەپانی جەنگ. 5. پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە زانیاری دەربارەی  جمجۆڵی سوپای توركیا بۆ ناو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان،  بڵاوبكاتەوە. سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR  ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسیی لە هەرێمی كوردستانی عێراق. لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە  رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە. میترۆ بۆ ساڵی 2021 چوار پرۆژە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و رێكخراوی  Intenews ، جێبەجێدەكات.


درەو:  راپۆرتى بیسته‌مى مانگانه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان دروستكردنی سایدی یەكەمی رێگای نێوان كەلار -سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردو، كە درێژیەكەی (١٨٣)كیلۆ مەترە، لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە بە گوژمەی (١٨٣) ملیار دینار بە دو قۆناغ دەست بە دروستكردنی سایدی دوەمی كراوە بە درێژایی(٦٥)كم. كاركردن لە بەشی یەكەمی رێگاكە كە كەلار -باوەنورە بە ماوەی شەش ساڵ كارەكانی تەواو بو كە درێژیەكەی (٢٤كم) بو بە گوژمەی (٤٤) ملیار دینار، لە (١٩/١٢/٢٠١٧)ەوە بەشی دوەمی كاری تێدا دەكرێت كە لەنێوان كەلار -دەربەندیخانە بەدرێژی ٤١ كم، بڕی تێچوی رێگای كەلار بۆ دەربەندیخان ١٣٧ ملیار دینارە، بەڵام لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ تاوەكو ئێستا تەنها پارەی ٤ مانگ بۆ ئەم پرۆژەیە خەرجكراوە ئەویش یەكجار بوە بە بڕی ٢٠ ملیار دینار.   یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، بیسته‌م راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به:‌ "گرفته‌كانى رێگاوبان و شه‌قامه‌كانى گه‌رمیان" راپۆرته‌كه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به‌ وردیی باسى له‌ گرفته‌كانى رێگاوبان و كوالێتیه‌كه‌ى كردوه‌ هاوكات باس له‌و پرۆژانه‌ى رێگاوبان كراوه‌ كه‌ بۆ گه‌رمیان گرنگن. له‌ كۆتاییشدا وه‌ك سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه‌، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده‌ خراونه‌ته‌ڕو به‌ ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتیه‌كان‌. یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگه‌، به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه‌ راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به‌ حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی. پێشه‌كى: رێگاکانی ناوی ‹مەرگ›یان لێنراوە، ئەوەشی کاری تێدا دەکرێت بەڵێندەری کۆمپانیاکان دەڵێن حکومەت بەم شێوەیە مامەڵەبکات بە دە ساڵی دیکە پرۆژەکانیان تەواو نابێت، هەروەک رێگا کۆنەکانیش بە وتەی پسپۆڕان بەرەو لە ناوچونی یەکجاری دەچن. بەڕێوبەری رێگاوبانی ناوچەکەش دەڵێت «سەرەکیترین رێگای گەرمیان کە کەلار- سلێمانیە چیتر بەکەڵکی هاتوچۆ نەماوە». ئه‌مه‌ به‌ كورتی دۆخی رێگاوبان و شه‌قامه‌كانه‌ له‌ گه‌رمیان، كه‌ یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌م راپۆرته‌دا بە وردیی له‌سه‌رى ده‌وه‌ستێت و به‌دواداچونی لەبارەوە ده‌كات. به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت   یه‌كه‌م: رێگاکانی گەرمیان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان چەند رێگایەکەی سەرەکی هەیە، لەوانە: رێگای (کەلار-سلێمانی، کەلار- کفری، کەلار-پەروێزخان، کەلار-خانەقین، کفری – دوزخورماتو، کەلار- گوڵاڵە، سەرقەڵا-سەنگاو.....) کۆی ئەم رێگایانە تەمەنێکی زۆریان هەیە و تاک سایدن، تەنها دو رێگەیان کار لە سایدی دوەمیان دەکرێت، ئەوانیش رێگای (کەلار- سلێمانی و کەلار-کفری)ن. لەگەڵ ئەوەشدا عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان دەڵێت: ”کۆی درێژی رێگا سەرەکیەکانی گەرمیان ١٧٠ کیلۆ مەترە لەو ژمارەیە ١٠٠کم دوسایدە یان کاری تێدادەکرێت و پلانمان هەیە بۆ دو سایدکردنى هەمو ئەو رێگا سەرەکیانە بە تایبەتى رێگاى کەلار- پەروێزخان“. ئەمە لەکاتێکدایە تەنها پلانە و لە ئەرزی واقیع ئەو رێگایانەشی کە کاری تێدا دەکرێت تەنها بون بە ئومێدێک، چونکە رێگای کەلار- پەروێزخان ماوەی ٧ ساڵە لە پرۆژە پێشنیارکراوەکانی ئەم بەڕێوبەرایەتیەیەو ساڵی (٢٠١٤) پێشنیارکراوە. عەدنان خەلیل، دانی بەوەدانا ”بە هۆى قەیرانى داراییەوە تاوەکو ئێستا نەچوەتە  بوارى جێبەجێ کردنەوە و لە ئێستادا ئەو پرۆژەیە لە ئەنجومەنى وەزیرانە بەمەبەستى جێبەجێ کردنى“.    1. رێگای کەلار -سلێمانی ئەم رێگایە پێی دەوترێت ‹رێگای مەرگ›، بەشێوەیەک سەدان کەسی گەرمیان و ناوچەکانی دیکە لێرەدا گیانیان لە دەستداوە و هەزارانی کەمئەندام کردوە و دەکات، بە وتەی بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان مەترسیدارترین رێگەیە لە سنورەکە. بەڕێوبەری کۆمپانیای جێبەجێکردنی پرۆژەی سایدە نوێکەی رێگاکە نایشارێتەوە ”ئەگەر حکومەت بەم شێوەیەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ ئەم رێگایە بکات تاوەکو ١٠ بۆ ١٥ ساڵیتر رێگاکە نابێتە دو ساید“. ئەم رێگایە لەگەڵ بەستنەوەی ئیدارەی گەرمیان بە پارێزگای سلێمانیەوە چەندین قەزاو ناحیەی دیکەی ناوچەکە دەکەونە سەری بۆ هاتوچۆکردنیان لەوانە ناحیەکانی: (مەیدان، باوەنور و شێخ تەویل)، هەروەک ناوچە گەشتیاریەکانی سەرتەکی بەمۆ. دروستکردنی سایدی یەکەمی رێگای نێوان کەلار -سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردو، کە درێژیەکەی (١٨٣)کیلۆ مەترە، لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە بە گوژمەی (١٨٣) ملیار دینار بە دو قۆناغ دەست بە دروستکردنی سایدی دوەمی کراوە بە درێژایی(٦٥)کم. کارکردن لە بەشی یەکەمی رێگاکە کە کەلار -باوەنورە بە ماوەی شەش ساڵ کارەکانی تەواو بو کە درێژیەکەی (٢٤کم) بو بە گوژمەی (٤٤) ملیار دینار، لە (١٩/١٢/٢٠١٧)ەوە بەشی دوەمی کاری تێدا دەکرێت کە له‌نێوان کەلار -دەربەندیخانە بەدرێژی ٤١ کم، بڕی تێچوی رێگای کەلار بۆ دەربەندیخان ١٣٧ ملیار دینارە، به‌ڵام لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ تاوەکو ئێستا تەنها پارەی ٤ مانگ بۆ ئەم پرۆژەیە خەرجکراوە ئەویش یەکجار بوە بە بڕی ٢٠ ملیار دینار. محسن مەنسور، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان  دەڵێت: ”مەترسیدارترین رێگای سنوری ئێمە بۆ هاتوچۆکەران، رێگای نێوان ( کەلار ـ سلێمانی )ـە چ بۆ هاونیشتمانیان یاخود بۆ گەشتیاران، ئه‌مه‌ش بەکۆمەڵێک هۆکار لە رێگاکە و  لە سروشتی رێگاکە، چونکە پڕە لە (رەوتی رێگاوبان) و شەقامی لاوەکی زۆری دەکەوێتەسەر، هەروەک پابەندنەبونی شۆفێرانیش“. عوسمان محەمەد سه‌عید، بەڕێوبەری کۆمپانیای بێشکان کە کاری جێبەجێکردنی رێگای کەلار -سلێمانی لە ئەستۆدایە، دەڵیت: رێگای کەلار -دەربەندیخان (٥٣٪)ى کارەکانی تەواوبوە، بەڵام بە گوێرەی رێژەی تەواوبونی کارەکانمان حکومەت پارەی بۆ خەرج نەکردوین، هێشتا ١٥ ملیار دیناری ئەو رێژەیەی تەواومان کردوە قەرزارە، زۆر بە سستی کار لە پرۆژەکەدا دەکەین، وەکو وایە کاری تێدا نەکەین، بەڵام ئەگەر حکومەت پارەمان بۆ خەرجبکات زۆر بە خێرای دەتوانین کار لە پڕۆژەکەدا بکەین.  دەشڵێت: ماوەی تەواو کردنی رێگای (کەلار- دەربەندیخان) ٥٤٠ رۆژی بۆ دیاری کرابو، بەڵام ئەگەر بە ٢ ساڵ پارەی ٤ مانگی پڕۆژەکەت بدەنێ دەبێت بەچەند ساڵ پڕۆژەکە تەواو بکەم؟  وەزیری ئاوەدانکردنەوە بە بەڵێندەرەکەی وتوە کە نوسراوی کردوە بۆ سەرۆکی حکومەت، بەڵام بێ وەڵامە. عوسمان محەمەد، دەڵێت: چەندجارێک وەزیری ئاوەدانکردنه‌وە قسەی لەگەڵ کردوین پێی وتم ”نوسراوم کردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران چونکە دەسەڵاتی پارە خەرجکردن لەلای من نیە“، کەچی هیچ وەڵامێک نیە.   2. رێگای کەلار - کفری ئەم رێگایە سەرەڕای بەستنەوەی قەزای کفری و کەلار کە رێگای بەستنەوەی ناوەڕاست و خواروی عێراقە بە هەرێمەوە دەبێتە رێگای ناحیەکانی (سەرقەڵا،رزگاری، کۆکز، ئاوەسپی)، کە رێگای سەرقەڵا تەنکەرە نەوتیەکانی بلۆکی نەوتی گەرمیانی پێدا دەگوازرێتەوە، رێگای ناحیەی رزگاریش کە بەشێکە لە پرۆژەی دوسایدی کەلار کفری کارەکانی تەواوبوە کە درێژیەکەی(٨)کیلۆ مەترە و بڕی تێچوەکەی (١٥) دینار بوە. سەرەتای دروستکردنی رێگاکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٧٠ ی سەدەی رابردو، لە مانگی نیسانی ساڵی (٢٠١٤)ەوە پرۆژەی سایدی دوەمی رێگای کەلار- کفری دەستی پێکردوە. هاتوچۆکەرانی ئەم رێگەیە باسلەوە دەکەن سایدە کۆنەکەی  بەکەڵک نەماوە کەچی سایدە نوێکەی تەواو نەبوە، ئەمە لە کاتێکدایە بەڵێندەرەکەی بەبێ خەرجکردنی شایستەکەی هەر بەردەوامە لەکارکردن لە سایدە نوێکەدا.  هێمن هادی، بەڕێوبەری کۆمپانیای هێکار كه‌ ئەرکی دروستکردنی سایدە نوێکەی رێگای کەلار- کفریان لە ئەستۆدایە، دەڵێت: ئەگه‌رچی سولفەی پڕۆژەکە خەرجناکرێت وەکخۆی، بەڵام ئێمە بەردەوامین لەکارکردن لە رێگاکەدا تەنانەت لەکاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا تەنها کارەکانمان خاوتر کردوەتەوە بەهۆیەوە تەنانەت لەناو هاوپیشەکانم شکڵێکی ناشرینم وەرگرتبو“. هۆکاری بەردەوامیەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە حکومەت لە پێشوتردا هاوکاری بەڵیندەران بوە «ناکرێت ئێمە رێگایەک چاک دەکەین کە بۆ کەمکردنەوەی مەرگی خەڵکی گەرمیانە بوەستین تێیدا، بۆیە قەرزمان بۆ تەواوکردنی کردوە». دڵنیایی ئەوەشیدا ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبن بۆ ئەم ساڵ پڕۆژەکە تەواو دەبێت. درێژی کارکردن لەم رێگایە ٢٥ کیلۆمەترە و بڕی تێچوەکەی ٤٤ ملیار دینارە، حکومەت دو جار پارەی بۆ پڕۆژەکە خەرج کردوە مانگی ٢ی ساڵى رابردو لەگەڵ کۆتای مانگی دوانزەی هەمان ساڵ. لەبارەی بەرگەگرتنی ماوەی زەمەنی رێگاکە، هێمن هادی وتی: ”ئەم رێگایە ماوەی زەمەنەکەی بەبێ تێکچون ٢٠ ساڵ زیاتر دەبێت، بەڵام چاکسازی لە قیردا دوای ٥ بۆ ٦ ساڵ لە قیرکردن دەبێت بکرێت“.   دوه‌م: شەقامەکان لە کۆی قەزاو ناحیەکانی گەرمیان تەنها شارەوانی کەلار ئاماری شەقامەکانی بەوردەی تێدا بەردەستە هیچ ئامارێک بۆ شەقامەکان لە شارەوانیەکانی قەزاو ناحیەکانی دیکەی گەرمیان بەردەست نیە. 1. شەقامەکانی کەلار لەم قەزایە (٣٢) شەقام هەیە بەشێکیان بە تەواوی کارکردن تێیاندا تەواوبوە و بەشێکی دیکەیان سایدی دوەمیان بۆ دروستدەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا (١٥) شەقامی دیکە لە پلانەکانی شارەوانی کەلارە بۆ ئەوەی دروستبکرێت، بڕی تێچوی تەواوی شەقام و گەڕەکانی کەلار بۆ ئەوەی  پرۆژەی ئاوەڕۆ و قیرتاوکردنیان بۆ بکرێت سەرۆکی شارەوانی قەزاکە دەڵێت: پێویستمان بە نزیکەی ٨٥ ملیار دینارە. ئەکرەم ساڵح، باسیلەوەکرد لە قەزای کەلار بەشی زۆری شەقامەکانیان دو سایدە بەتایبەت سەرەکیەکان، چەند یەکتربرێکیان ماوە خەریکی کارکردنن تێدایە. لە بارەی پرۆژە نوێیەکانی شەقامەکانیان وتی: لەسەر رێگای کەلار- کفری نزیک بارەگای حزبی شیوعی شەقامێک تێدە پەڕێت لە بەینی گەڕەکی کۆنی جوتیاران تا دەچێتە سەر شەقامی بازنەی کەلار کە ئەمە شەقامێکی ستراتیژی و گرنگە، شەقامێكی دیکەمان هەیە ئەوەی کە شەقامی شقارتەکە بە جادەی مەحکەمەوە گرێدەدات کە ئەمەش شەقامی کەلار کفری جارێکی دیکە دەڕواتەوە سەر رێگای پشتێنەی کەلار ئەمانە هەم لۆد و قەرەباڵەخی کەم دەکەنەوە. هەروەک شارەوانی پلانی دروستکردنی شەقامێکی بازنەی ١٠٠مەتری هەیە لە دەورەوبەری گوندی بەرلوت، لەگەڵ ئەوەشدا کار لە شەقامی تەنیشت روباری سیروان دەکرێت لەگەڵ کۆمەڵێک شەقامی کورت.   2. شەقامەکانی کفری چالاکوانانی قەزای کفری گلەی لەوە دەکەن قیرتاو کردن لە قەزای کەلار بەردەوامە، بەڵام لە کفری ماوەی چەند ساڵێکە کار لە هیچ پڕۆژەیەک نەکراوە. قادر فەتاح، سەرۆکی شارەوانی کفری ئەمە دەبەستێتەوە بەوەی کە لەناو قەزای کفری وەبەرهێنەران پڕۆژەیان نیە بۆیە ناتوانن هاوشێوەی کەلار وەبەرهێنەران پڕۆژەی تێدا ئەنجام بدەن. قیرتاونەکردنی شەقام و گەڕەکەکانی قەزای کفری وایکردوە لە وەرزەکانی زستان و هاوین کێشە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات. هاوکار محەمەد، چالاکوان لە کفری، دەڵێت: لە وەرزی زستان قوڕاو و لە وەرزی هاوینیش تۆز و خۆڵ دانیشتوانی هەراسان کردوە. لە رابردودا وەکپێویست ئاوڕ لە شەقام و گەڕەکەکانی کفری نەدراوەتەوە، بە وتەی سەرۆکی شارەوانی قەزاکە. قادر فەتاح، دەڵێت: ”لەوکاتەی کە قەیران نەبوە حکومەت لە خێرو خۆشی دابوە پلان دانەنراوە بۆئەوەی بنەمای ژێرخانی شارەکە دروست بکرێت بەشێوەیەک تاوەکو ئێستا ئاوەڕۆی نیە“. سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری، دوساید کردنی دو شەقامی قەزاکەی به‌ پێویست دەزانێت بۆ ئێستا و دەڵێت: ”دوساید کردنی شەقامەکان کاری لەپێشینەمانە بەتایبەت بۆ کفری دوسایدکردنی شەقامی ناو شارەکە و دوسایدکردنی ئەو شەقامەی لەبەردەم قوتابخانەی کفریەوە دەست پێدەکات تاوەکو شه‌قامی عەریف حەمید“.   3. شەقامی ناحیەکان شه‌قام و رێگاوبانه‌كان له‌ ناحیه‌كاندا كێشه‌دار ترن، ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، دیارترینیان نه‌بونى ماسته‌رپلان و بونى ته‌جاوز و ناڕێكیه‌ له‌ نه‌خشه‌كاندا. سه‌رۆكى شاره‌وانى باوه‌نور، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات بەهۆی نەبونی ماستەر پلان و نەخشە ناحیەی باوەنور تەنانەت نازانرێت چۆن شەقامەکانی دروست بکرێت. تارق مەحمود، وتیشی: ”لەگەڵ تاپۆکردنی گەڕەک و زەویەکان دەستمان بە دروستکردنی ماستەر پلانیش کردوە بۆ ناحیەکە، بەمەش دیزاینی تەواو دەکەین بۆ شەقامەکانی باوەنور“. ئه‌م كێشانه‌ له‌ ناحیه‌كانى تریشدا بونى هه‌یه‌ و هۆكارى ئه‌وه‌ن كه‌ شه‌قامه‌كان وه‌كپێویست باش نه‌بن و زوش خراپ ببن.   سێیه‌م: خشتەی پرۆژەکانی بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان       چواره‌م: كێشه‌ى رێگاوبان و شه‌قامه‌كان   1. کێشی زیادەی بارهەڵگرەکان رێگاکانی گەرمیانی تا لێواری لەناوچون بردوە رێگاکانی گەرمیان سه‌رباری ئه‌وه‌ى تاک ساید و کۆنن، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلیشی لەسەرە، هه‌روه‌ك بارهەڵگرەکان بە کێشە زیادەکانیان رێگاکان بەرەو لەناوچونی کۆتایی بردوە، بەڕیوبەری هاتوچۆی ناوچەکەش دەڵێت: سەدەها شۆفێرمان بەوهۆیەوە سزاداوە.  محەمەد فازڵ، ئەندازیاری رێگاوبان دەڵێت: ”لەبەر ئەوەی رێگاکان تاک سایدن و ئەو پەستانەی دروستی دەکەن لەسەر رێگاکە زیاترە لەو توانایەی رێگاکەی پێ دیزاینکراوە، قیری رێگاکان شیدەبنەوەو لەناو دەچن“. بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیانیش  جەختی لەمە کردەوە و وتی: ”بە هۆى نەبونى هیچ شێوازێکى دیکەى گواستنەوە وەکو رێگاى ئاسمانى و دەریایی و شەمەندەنەفەر و هێڵەکانى گواستنەوەى سوتەمەنى و لەگەڵ بونی کارگەکانى چەو ولم و بەکارهێنانى کێشی نایاسایی لەلایەن بارهەڵگرەکانەوە فشارێکى زۆر خراوەتەسەر رێگاوبانەکان بۆیە ئەمانە هۆکارێکی سەرەکی خراپ بونی رێگاکانمانن“.  ئەرکی سزادانی ئەم سەرپێچیە دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان، بەڕێوبەری ئەم دەزگایەش دەڵێت: ”نەبونی پردی پێویستی دوئاڕاستەیی و زۆرکۆن بونی پردە کۆنەکان هەڵگرتنی باری قورسی نایاسایی لە لایەن سەرپێچیکارانەوە گاپێکی گەورەی لە ره‌وشی هاتوچۆ دروست کردوە، لێپێچینەوەی یاسایمان لەگەڵیان ئەنجام داوە بە شێوازی توند کە خۆی لە دەستبەسەراگرتنی سەدەها ئۆتۆمبیل و پێبژاردنی ماددی دەبینێتەوە“. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماری لە بارەی سەرپێچیەکانەوە نەخستەڕو. 2. بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان: تاسە و چاڵی رێگاکان لە گەرمیان لە ژمارە نایەت بە پێی لێکۆڵینەوەکان هەبونی چاڵ و تاسە لەسەر رێگاکان یەکێکە لە هۆکارەکانی روداوی هاتوچۆ، بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیانیش جەخت لەوەدەکاتەوە لە گەرمیان ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان. لە بەرامبەر ئاگەدار نەکردنەوەی شۆفێران بە هێمای تایبەت لە بونی ئەم تاسەو چاڵانەی کە هەیە دەڵێت: ”لەبەر هەبونی چاڵ و تاسەیەکی بێئەژمار لەسەر شەقامەکان ئێمە ناتوانین لەسەر هەر چاڵێک و هێمایەك دابنێین لە بەر نبونی هێمای پێویست، بەڵکو لەبری ئەوە تا دەتوانین شۆفێران ئاگادارئەکەینەوە بە کەمکردنەوەی خێراییەکانیان وەک ئەلتەرنـاتیڤێک بۆ ئەو بابەتە.   3. حکومەت پرۆپۆزەڵەکانی بەرزکردنەوەی کوالێتی شەقام و رێگاکان رەتدەکاتەوە دو ئەندازیاری رێگاوبان و شەقامەکانی گەرمیان باس لە گۆڕانکاریەکان دەکەن لە کوالێتی رێگاکان لە نێویاندا کەمکردنەوەی چینەکانی قیر، بەرپرسانی حکومیش دەڵیت: ”ئێمە دەرخستە دەکەین، بەڵام لەسەروی ئێمە بڕیاری کۆتایی دەدرێت“.  محەمەد فازڵ، ئەندازیاری رێگاوبان، وتی: لە رێگاو بانەکان دا دەبێت دو چین قیر بکرێت، بەڵام حکومەت یەک چین قیر دەکات ئەمەش وادەکات قیرەکە وردەوردە شیبێتەوە. بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیانیش ده‌ڵێت: ”بە پێی پێویست پرۆژەکە و ئەو دیزاین و پرۆپۆزەڵ و دەرخستەى بۆى ئامادەکراوە لە یەک چین بۆ سێ چینى قیر بەکاردەهێنریت .“ گۆڕانکاریەکان تەنها لە رێگاکانی دەره‌وەی شارنیە، بەڵکو شەقامەکانی شارەکانیشی گرتوەتەوە، لە ئێستادا چینەکانی شەقامێک پێکدێت لە ٦ سانتیمەتر قیر ٢٠ سانتیمەتر کرشستۆن کە بەردی هاڕاو و بەردی شکاوە. روقیە باجەڵان، ئەندازیاری شارستانی لە شارەوانی کەلار، هێمای بەجیاوازیەکان کرد کە چۆن لە پێشوتردا کە بودجەیەکی باش بۆ پڕۆژەکان تەرخان دەکرا قیری شەقامەکانمان بە دو چین دەکران، بەڵام لە ئێستادا تەنها یەک چین قیری دەکەن. هەروەک لە پێشوتردا بە نوسراوی وەزارەت چیمەنتۆ تێکەڵ بە قیرەکە دەکرا بۆ شەقامی ناوشارەکان، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کە نرخەکەی گرانتره‌، فیلەر وەک جێگرەوەی دیاریکراوە. هەروەک ئەو خانمە ئەندازیارە ئاماژە بەوەدەکات، لە روی کوالێتیەوە چیمەنتۆكه‌ زیاتر کاریگەری هەیە لەسەر درەنگ تێکچونی قیرەکە. بەنمونە لە کەلار هەریەک لە شەقامەکانی (شقارتەکە، بەردەم دادگای کەلار) قیرەکەیان تێکەڵ بە چیمەنتۆ کراوە دەبینرێت کە ماوەیەکی زۆرتر ماونەتەوە. لەبەرامبەردا سەرۆکی شارەوانی کەلار دەڵێت: ”ئەو گۆڕانکاریانەی لە مەوادی دروستکردنی شەقامەکاندا دەکرێت، هەموی بەپێی ستانداردە و هەموشی گونجاوە“.   4. بودجەی چاکسازی بۆ رێگاکانی گەرمیان خەرج ناکرێت لەسەرجەم پارێزگاکان بودجەی تایبەت بە چاکسازی رێگاکان هەیە، بۆ گەرمیان ئەم بودجەیە نیە، لەگەڵ ئەوەشدا بودجەی ساڵانەی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانی گەرمیان ١٠ ملیۆن دینارە ئەمەش هیندەی تر ئومێدی چاکسازی و پرۆژەی رێگاوبانی لە گەرمیان نه‌هێشتوه‌. عەدنان خەلیل، نمونەی رێگای کەلار سلێمانی هێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ چاکسازی لەو رێگەیە نەکراوە، دەڵێت: ”ساڵی رابردو داوای ١٤ ملیارمان کرد بۆ چاکسازی لە رێگاکان، کەچی یەک ملیارمان بۆ خەرجکرا!“.  یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانی رێگاوبانەکان چاکسازی نەکردنە تێیاندا، بە نمونە کە چاڵێكی بچوک دروست دەبێت خێرا چاک ناکرێتەوە، ئەمەش وادەکات ئاو بچێتە ناو ئەو چاڵەو هەڵوه‌شانەوە دروست بێت و وردەوردە روبەرەکەشی زیاد بکات. بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان دەڵێت: ”لە ساڵى (٢٠١٤)ـەوە بەهۆى قەیرانى داراییەوە حکومەتى هەرێم پرۆژە یاسای بودجەى نەبوە و بودجە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەکراوە وەکو پێویست، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ گەرمیان ئەو بودجەیە هەر خەرج ناکرێت.   5. کێشەی کەمی ژمارەى ئەندازیار و کارمەند   روبەری کارەکانی بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان نزیکەى (9000 )کم دوجایه‌ بە پێی داتاکانی ئەو بەڕێوبەرایەتیە، بۆ ئەم روبەرە ٦٨ فەرمانبەر لە ئەرکدان. عەدنان خەلیل، ئەمە بە گرفتێکی سەرەکی بۆ كاره‌كانیان دەزانێت و ئاماژە بەوەدەکات ئەوان کار لە سنورى شارەکانى پارێزگای دیالەو سەڵاحەدین و کەرکوک و سلێمانى دەکەن کە رێگاکانی توشی کاولکاری بون. ئەو دەڵێت: کەچی فەرمانبەرمان بۆ تەعین ناکرێت و خانەنیشین بونیش بەشێکی پسپۆڕیەکانی لەدەستداوین، بۆیە گرفتمان هەیە لە هەمو پسپۆڕیەکان دا بەتایبەت شۆفێر، بەڵام بە شێوەیه‌ک  لە شێوەکان توانراوە ئەو بابەتە کۆنترۆل بکەین ئەویش بە ئەرکێکى زۆر لەسەر فەرمانبەران. بەڵام نەبونی پسپۆڕ بە رای محەمەد فازڵ پسپۆڕی ئەندازیاری رێگاوبان، یەکێک لەو گرفتانەی کە لەکاتی ئیشکردن لە رێگاکان هەیە، به‌شێوه‌یه‌ك پرۆژه‌كان ئەندازیاری پسپۆڕی بوارەکە کاری تێدا ناکات و ئەندازیاری پلانسازی و شارستانى یاخود میکانیک دێنە سەر پڕۆژەکانی رێگاوبان کە پسپۆڕی ئەوان نیە، یاخود شارەزای نیە لە وەرگرتنی نمونە بۆ پشكنینى مەوادە بەکارهێنراوەکان. لە بەرامبەردا بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان ئەم هۆکارەی گرێدایەوە بە کەمی کارمەندو نەبونی پسپۆڕیە جیاوازیەکان، عەدنان خەلیل وتی: چەندینجار داوامان لە وەزارەت کردوە بۆ ئەوەی ئەگەر بە هەمیشەیش نەبێت بە گرێبەست ئەندازیارمان بۆ دابینکەن، بەڵام نەکراوە.   6. ده‌ستوه‌ردان بۆبەرژەوەندی كه‌سیی و خراپی كوالێتى كاره‌كان بە وتەی بەڵێندەری پرۆژەى رێگاى كه‌لار -كفری دەستوەردراوەتە کارەکەی و لە کوالێتی پرۆژەکەی کەمکراوەتەوە و بۆ بەرژەوەندی چەند کەسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو نەگیراوە. هێمن هادی، باسیلەوەکرد لە ستەیشنی وێستگەی  ٨و ١٠٠ تا ٢٣ و ٤٠٠ سێ قیری رێگاکەیان بە سێ چین کردوە، بەڵام  لەدوای ئەوەوە کراوە بە ٢ چین.   لەبارەی هۆکارەکەیەوە وتی: ”ئەمە یەکێکە لەهەڵەکانی حکومەت هاتوە چینێک لە قیرەکەی بە ئێمە لابردوە لەبەر ئەوەی کە فڵان کەس لە جڤاتی گۆڕانە یان لە مەڵبەندی یەکێتیە خەڵکی فڵان دێی گەرمیانە زەخت دەکات لە وەزیر یان لە ئیدارەی گەرمیان بێن رێگای گوندەکەی چاکبکەن ئەوانیش مەجبور دێن سێ چینەکەی ئێمە دەکەن بە دو چین و پارەی پڕۆژەکە دادەبەزێنن شوێنی دیکەی پێچاک دەکەن ئەمە پێی دەڵێن لاتبازی“. بەڕێوبەری ریگاوبانی گەرمیان، ئەوە روندەکاتەوە بە پێی پێویستی ریگاکە چینەکانی قیر دیاری دەکەن، ئەوەشی دوچین قیردەکرێت لەبری چینی سێیەم کربستۆن واتە بەردی شکاو و هاڕاو بە ٢٠ سم بەکاردەهێنن کە هەمان تۆکمەیی قیری هەیە. کاتی مانه‌وه‌ى قیر ١٠ بۆ ١٥ ساڵە، دواتر دەبێت بە بەردەوامی نۆژەن بکرێتەوە، هۆکارەکانی تێکچونی قیر لە ماوەیەکی کەم دا دەگەڕێتەوە بۆ جۆری قیرەکە و جۆری ئەو مەوادەی کە تێیدا بەکار دەهێنرێت لەگەڵ کۆمپاکشن . ئەندازیار محەمەد فازڵ، دەڵێت: لە کاتی کۆمپاکشنا دەبێت بە شێوەیەک ئاوپرژێن بکرێت کە ٨٪ پێکهاتەکە ببێتەوە ئاو، بەڵام من نمونەی زیندوم لایە لە رێگاکانی گەرمیان بە وشکی کۆمپاکشن کراوە، دواتر لە وەرگرتنی سامپڵی کۆمپاکشن دەبینین هەندێکجار ئەندازیارەکە گرنگی نادات بە وەرگرتنی نمونەکە یان چاوپۆشی دەکات یان بە پێچەوانەوە بە ئەنقەست گرفت بۆ ئیشەکە  دروست دەکات. لەبەرامبەر ئەوەی ئاخۆ بۆچی قیرەکان لە پشکنینى تاقیگەیی دەردەچن و دواتر لە رێگاکان بەکاردێن دەبینرێت کوالێتیەکەی باش نیە، ئەو ئەندازیارەی رێگاوبان وتی: هۆکار ئەوەیە زۆربەی جار قیرەکە دەگۆڕێت و جیاوازە لەو قیرەی کە پێشتر پشکنینی بۆ کراوە، یەکەمجار کە بۆ نمونە قیر ئەهێنن لە کۆمپانیاکان جیاوازە لەو قیرەی کە لە رۆژانی ئیشکردنەکە ئەیهێنن و قیرەکە تایبەتمەندیەکانی خۆی لەدەستداوە، کە بەڕێگاکاندا دەڕۆین هەست بە گۆڕانەکانی ئەو قیرەدەکەین. دەشپرسێت: ئەگەر قیرەکە گرفتی نەبێت و چەو و لمەکەی گرفتی نەبێت، کەواتە چۆن لەماوەی ٢ ساڵ دا قیری رێگاکان خراپ دەبێت؟! سەرۆکی شارەوانی کەلار دەڵێت: ”نەمانهێشتوە یەک شەقامان تێکبچێت، شارەوانی کەلار لیژنەی تایبەتی بە چاککردنی شەقام و گەڕەکەکان هەیە، تەنانەت لەکاتی قەیرانی داراییش نەمانهێشتوە شەقامێک هێندە تێک بچێت ببێتە هۆی بێزاری خەڵک“.   7. ئایا گەندەڵکاران سزا دراون؟ هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی کەم تا زۆر لە کارەکان گەندەڵی هەیە جا لە کوالێتی بێت یان کەمتەرخەمی دیکە، بەڵام کێ سزای وەرگرتوە؟ زیاد حەمەڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختدەکاتەوە کە گەندەڵی هەیە لە پرۆژه‌كانى دورستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى رێگاوبانەکان و شەقامەکان، دەڵێت: «بەشێکی ئەو رێگاوبانانەی کە دروستکراون کوالێتێکەیان زۆر باش نیە، شەقاممان هەیە بەرگەی یەک ساڵی نەگرتوە چاڵ و چۆڵی زۆری تیا دروستبوە، سەرچاوەکەی گەندەڵیە لە کاتی دروستکردنیدا بە بەکارهێنانی مەوادی هەرزان و خراپ و چاوپۆشیکردن لە کۆمپانیاکان و ئەو بەڵێندەرانەی رێگا و شەقامەکان دروست دەکەن، چونکە ئەگەر مەوادی باش بەکار بهێنرێت کوالێتیەکەی باش بێت چاودێریەکی باش بکرێت، رێگاوبانەکانمان بەمشێوەیە نە دەبو». لەبەرامبەر لێپێچینەوەکانیان دا، ئەندامەکەی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی:  بەڵام کەسمان بانگهێشت نەکردوە بۆ لێپێچینەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە لەو کاتەوەی ئێمە ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگا دەست بەکار بوین حکومەت کەوتە قەیرانەوە و کەمترین پرۆژە جێبەجێکراوە“. ”هەمو ئەو کەرەستانەى کە لە پرۆژەکانى رێگاوباندا بەکار دەهینرێت پشکنینى پێویستى بۆ دەکرێت، هەر کەرەستەیەک بە پێى رەوشتە ئەندازەیەکان نەبێت فڕێ دەدرێت و چاوپۆشى لەو بابەتە ناکرێت بە هیچ شێوەیەک ئەگەر لە لایەن هەرکەس ولایەنێک بێت“. ئەمە قسەکانی عەدنان خەلیلە لە بارەی سزادانەکان لەگەڵ ئاماژەکردن بە چەند بەڵێندەرێک کە سزادراون بە گرتن و وەرگرتنەوەی پرۆژە لێیان، لەوانە: رێگای کوردەمیر و ناوچەی شەمێران. رەتیشی دەکاتەوە کوالێتی رێگاکانی گەرمیان خراپبن، دەڵێت: ”من لەگەڵ ئەو بۆچونە نیم، چونکە رێگاوبانەکانى سنورى ئیدارەى گەرمیان  درەنگتر تێکدەچن بە بەراورد بەو فشارە زۆرەى کە لە سەریەتى، ئەو کەرەستانەى کە لە گەرمیاندا هەیە بۆ بە کارهێنانیان لە رێگاوبان دا زۆر بەهێزن و چەندین ساڵ دەمێننەوە و تێک ناچن، بەڵام رێگاوبانەکان پێویستە لەگەڵ تەواو بونیاندا بە بەردەوامى چاکسازى بۆ بکرێت و بەهۆى قەیرانى داراییەوە نەتوانراوە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت“ . سزاى کۆمپانیاکان بە پێى مەرجەکانى بەڵێندەرایەتى (شروط المقاوله‌ للأعمال الهندسه‌ المدنیه‌) به‌ هه‌ردو به‌شى یه‌كه‌م و دوه‌م دەدرێت. سەرۆکی شارەوانی کەلار، باس لە یەکێک لەو کۆمپانیایانە دەکات کە سزا دراوە. ئەکرەم ساڵەح وتی: ”پڕۆژەی قیرتاوکردنی گەڕەکی سەرکەوتن ئەگەرچی قیرەکەشی کردبو، بەڵام لە پشكنین دەرنەچو، سزا درا بەوەی کە بودجەی بۆ خەرج نەکرا و کۆمپانیاکەش خرایە لیستی رەشەوە“. هەروەک لە ناحیەی سەرقەڵاش کە قادر فەتاح، سەرۆکی شارەوانی ئێستای کفری پێشتر لەوێ سەرۆکی شارەوانی بوە، دەڵێت:  «لەماوەی کارکردنم لە ناحیەی سەرقەڵا چەند جارێک ئەوە رویداوە کە ئەو قیرەی بەکارهێنراوە لەڕوی کوالێتیەوە باش نەبوە، کۆمپانیاکەم ناچار بە گۆڕینی کردوە». لەبارەی قەزای کفریەوە وتی: لە قەزای کفریش ساڵی ٢٠١٩ یەکێک لەو گەڕەکانەی کە قیرتاوی بۆ کراوە بە هۆی ئەوەی لەکاتی خۆیدا بە باشی کاری تێدا نەکرابو ناچار بوین چاکسازی تێدا بکەین.   8. داهاتی هاتوچۆ چی بەسەر دێت؟  بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان ئامادەی ئاشکراکردنی داهاتەکەی نیە کە لە شۆفێران وەردەگیرێت بە ناوی رێگاوبانەوە، پرسیار ئه‌وه‌یه‌: لەو داهاتە چەندی بۆ رێگاو شەقامەکان خەرجکراوە؟ هەریەکە لە بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان و شارەوانیەکانی ئەم ناوچەیە رەتیدەکەنەوە داهاتی هاتوچۆیان بۆ بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پرۆژەی رێگاوبان و شەقامی پێئەنجام بدەن. عەدنان خەلیل، رەتیکردەوە هیچ داهاتێکی هاتوچۆ بگەڕێتەوە بۆیان، وتی: ”وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن داوایکردوە ئەو داهاتە بدرێت بە وەزارەتەکەمان و خزمەتى رێگاوبانەکانى پێ بکرێت نەک بدرێت بە وەزارەتى ناوخۆ“. بۆ شارەوانیەکانیش بەهەمان شێوەیە، ئەکرەم ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، دەڵێت: هیچ پارەیەکمان لە داهاتی هاتوچۆ بۆ ناگەڕێتەوە بۆ نۆژەنکردنەوە، لە داهاتەکەی خۆشمان تەنها لەم چەند ساڵەی کۆتایدا توانیومانە (١٥٪)ی خەرج بکەین بۆ پرۆژه‌كانمان.   9. گەرمیان کارگە قیرە حکومیەکەی دەفرۆشرێت و قیر دەکڕێت بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان خاوەنی کارگەی قیر و کانی چەولمی تایبەت بەخۆی بوە، بەڵام لە موزایەدا دەیفرۆشێت. لە وەڵامدا عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری ریگاوبانی گەرمیان دەڵێت:  ئەو کارگەیانەى کە هەبو بە کەڵکى بەرهەمهێنان نەهاتوە و بەهیچ شێوەیه‌ک نەتوانراوە سودی لێوەربگرێت بەهۆى کۆنى و خراپى و کواڵتى نزمى کارگەکانەوە. ئەمە لە کاتێکدایە بۆ پێویستی گەرمیان دەبوایە ٢ کارگەی قیری تێدا بوایە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی گەرمیان شارەزای زۆر باشیان هەیە لە دروستکردنی قیردا تەنانەت لە کارگەی قیری شارەکانی دیکەی هەرێم خەڵکی گەرمیان کاری تێدادەکات، بەوهۆیەی لە ناوەڕاستی ساڵەکانی سەدەی رابردو لە بەغداو شارەکانی تری عێڕاقدا لە کارگەکانی قیردا کاریان کردوە.  ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر کارگەی قیری حکومی هەبێت بە نرخێکی کەمتر حکومەت دەتوانێت پڕۆژەکان بکات، بەتایبەت رێگای گوندەکان بکاتە قیر.   10. ئایا بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەکان جیاوازی دەکرێت لە نێوان گەرمیان و ناوچەکانی دیکە؟ بەڵێندەری پرۆژەکان گومانیان لەوەهەیە جیاوازی بکرێت لەنێوان گەرمیان و ناوچەکانی دیکە، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ”گومانێکی بەهێزم لەسەر ئەو بابەتە هەیە“، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاش ئەمە بە موزایدەی سیاسی دەزانێت، حکومەتیش دەڵێت پرۆژەکانمان لە ریزی ستراتیژیەکان داناوە کەچی پارەی بۆ خەرج ناکات. عوسمان محەمەد، بەڕێوبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگای نێوان کەلار -دەربەندیخان وتی: گومان دەکەین بەڵێندەرێک رێگاوبانێک تەواو بکات و بە هەدیە بیدات بە حکومەت، چونکە ئێمە لەم کۆمپانیایەدا زیاد لە ١٠٠٠ کارمەند کار لە پرۆژەکەدا دەکەن، بەڵام خەرجنەکردنی پارە بۆ پرۆژەکە وایکردوە دەستبەرداری کارەکانیان بن. ”یەکێک لە گومانە بەهێزەکان ئەوەیە بەڵێندەرەکانی هەولێر و دهۆک لە بەرامبەر بەردەوامی کارەکانیان زەویان پێبدرێت ئەگەر نا هیچ جیاوازیەک لە نێوان دڵسوزی بەڵێندەرێک لێرەو لەوێ نیە“. هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوه‌ و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمە دەڵێت. وتیشی: لە هەمو دونیا ئەو ناوچەی لە روی ئابوریەوە لە پێشترە  بوجەی زیاتری بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام گەرمیان نە لەڕوی داهات و نە لەڕوی قوربانیەوە خزمەت نەکراوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانیەوە حکومەت بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ گەرمیان دەکات وەک ئەوەی بەشێک نەبێت لە کوردستان. لە بەرامبەردا زیاد حەمە رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: ”بۆ موزایدەی سیاسی بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنێک دەڵێت حکومەت جیاوازی دەکات“. دەشڵێت: حکومەت هی هەمو شار و گوندێکە، ناکرێت بۆ پڕۆژەکان جیاوازی لەنێوانیاندا بکرێت، لە زاخۆوە تا خانەقین خەڵکی گلەی هەیە لە کەمی پڕۆژە، بەڵام ئەمه‌ ناکاتە ئەوەی بڵێین جیاوازی دەکات لە شارێک بۆ شارێکی دیکە. وەڵامی بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان ئەوەیە حکومەت پرۆژەکانی گەرمیانی لە گرنگەکان پۆلێنکردوە، بەڵام بودجەی بۆ خەرج ناکات ”پرۆژە ستراتیژیەکان کە لە ئێستا لە گەرمیان جێبەجێ دەکرێت لەلایەن حکومەت بە پرۆژەى ستراتیژى و گرنگ پۆلین کراون، بەڵام لەگەڵ ئەوه‌ش دا بەهۆى قەیرانى داراییەوە نەتوانراوە شایستە داراییه‌کانى بەڵێندەر لە کاتى خۆیدا خەرج بکرێت“.   11. بە (٥٠٠) ملیۆن دۆلار کێشەی رێگاوبان لە گەرمیان نامێنێت لە ئێستادا رێگاوبانی گەرمیان کار لە چوار پرۆژه‌دا دەکات کە بڕی تێچوەکەی (١٠٦،١٨٣،٦١٧،٩٩٥) دیناره‌، ئیشکردن لەم پرۆژانەدا زۆر سست و لاوازە، چەندینجار کارکردن تێدا وەستاوە بە هۆی تەمویل نەکردنی پێشینەکانیان (پێنه‌دانى پاره‌)،  بڕی ئەو بودجەیەی کە ماویانە بۆ ئەوەی پرۆژەکان تەواوبکرێن (691, 615, 121, 82) دیناره‌، لەگەڵ ئەوەشدا  چوار پرۆژەی بەتەواوی کارەکانی وەستێنراوە بۆ کاتێکی نادیار. چەند پسپۆرێکی رێگاوبان باسلەوەدەکەن رێگا کۆنەکانی گەرمیان ماوەی چەند ساڵیکی دیکە بەتەواوی توانای هاتوچۆکردنیان پێدا نامێنێت، ئەوەی هەیە ئەو پرۆژانەی بۆ گەرمیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان تەنها یەک ساید کاری تێدادەکرێت بەمەش لە کاتی تەواوکردنی ئەو سایدانە بە لەدەستدانی رێگاکانی ئێستا دوبارە رێگاکان دەبنەوە تاک ساید. هەروەک چەندین رێگەی سەرەکی بەتەواوی بەکەڵکی هاتوچۆنەماون بەنمونە رێگای نێوان کفری - دوزخورماتو کە هەرێمی کوردستان و عێڕاق پێکەوە دەبەستێتەوە و هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری و سەردانیکەری زۆری لەسەرە. هاوکار محەمەد، چالاکوان لە قەزای کفری دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی رێگاکە یەک سایدە، بە تەواویش تێک چوە. بەڕێوبەرەکەی رێگاوبانی گەرمیان وەڵامەکەی ئەوەیە زۆربەى رێگاکانى دەڤەرى گەرمیان کاریان تێدا کردوە، بەڵام لە ساڵى (٢٠١٤)ـەوە بە هۆى قەیرانى دارایییەوە نەتوانراوە کار بۆ هەندێك لەو رێگا کۆنانە بکرێت،  لە کاتى بونى بودجەى پێویستدا کاریان بۆ دەکرێت. عەدنان خەلیل، ئاماژەی بەوەدا: بە پێی ئەو دەرخستەو پرۆپۆزەڵەی هەیانە پێویستیان بە (٥٠٠) ملیۆن دۆلارە بۆ تەواوکردنی سەرجەم پرۆژەکانیان و دروستکردنی تۆڕی رێگاوبان بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکان و گوندەکان. بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان، چارەسەری ئەم کێشەیە بەوەدەبینێت کە گەرمیان پێویستی بە شەقام و پردی زیاترە. محسن مەنسور، ده‌ڵێت: سەرەتا دەبێت زۆر گرنگی بە گواستنەوەی گشتی بدرێت (شەمەندەفەر، میترۆ، ترام وای و پاسی گەورە) بۆ کەمکردنەوەی لۆد لەسەر شەقام و لە ده‌رئه‌نجامیش دا کەمکردنەوەی روداو، هەروەها تەواوکردنی شەقامە دوئاڕاستەیەکان و بەسیستەماتیک کردن و کۆنترۆڵکردنی شەقامەکان کە هەمویان لەژێر کامیرای چاودێریى بن وەکو ئەوەی کەئێستا لە زۆربەی وڵاتان جێبەجێ دەکرێت، بەم شێوازانە دەتوانین گیانی خۆمان و خێزانمان و ماڵی تایبەت و ماڵی گشتی بپارێزین ئەگەر نا دەبێت لە هەر سات و وەختێک چاوەڕوانی هه‌واڵی پێچەوانەکەی بین بەداخەوە. ئەندامێکی پەرلەمانیش دەڵێت: بە داهاتی ناشەرعی ١٠ رۆژی حزبەکان رێگاکانی گەرمیان کێشەیان نامێنێت. ”ماوەیەک پێش ئێستا ئامارێکم کۆکردەوە لە گەرمیان لە ناویدا چەمچەماڵ و دەربەندیخانیشم دانابو، کۆی پرۆژە گرنگ و هەنوکەیەکان تێچوەکەی ناگاتە ١٨٥ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا رەنگە بەس داهاتی ناشەرعی کۆمپانیا حزبیەکان لە ١٠ رۆژدا بگاتە ئەو پارەیە نەوەک تەنها داهاتە یاسایەکەیان“. هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوه‌ و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان واى وت.   پێنجه‌م: لێكه‌وته‌ى خراپی رێگاكان 1. مەرگی دەیان کەس و برینداربونی سەدان کەس لە رێگاکانی گەرمیان  بەگوێرەی ئامارەکانی سێ ساڵی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان (١٢١١) روداوی هاتوچۆ لە گەرمیان رویانداوە لەو ژمارەیە (١١٧) کەس گیانیان لەدەستداوە، (٩٣٦)کەسیش برینداربون. سەرەکیترین گرفتەکانی هاتوچۆ لە رێگەکانی دەرەوەی شار و شەقامەکانی ناوشار بە وتەی بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان، نەبونی شەقام و رێگای دو ئاڕاستەی کە هەمو خەسڵەت و بنەماکانی شەقامی ستاندەردی جیهانی تێیدا بەدی بکرێت بە (هێڵ، هێما، لاتەنشتی شەقام، گارد رایڵ و روناکی)، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە گرنگی نەدان بە پێشخستنی گواستنەوەی گشتی بە میتۆدێکـی پێشکەوتوانەی سەردەم کە راستەخۆ دەبێتە هۆی کەمبونەوەی قەرەباڵەغی شەقام و لەکۆتایشدا کەمبونەوەی روداوی هاتوچۆ. 2. خراپی ریگاکان و زیانی مادی بۆ شۆفێران  خراپی رێگای کەلار- سلێمانی بە نمونە وایکردوە شۆفێران توشی زیانی مادی زۆر ببنەوە سەرەڕای مەترسی لەسەر ژیانیان. عەبدوڵڵا عەزیز، نوێنەری شۆفێرانی پاسی کەلار- سلێمانی دەڵێت: ناچارین ٤ مانگ جارێک تایەی ئۆتۆمبێلەکانمان بگۆڕین بەهۆی ئەوەی رێگای کەلار سلێمانی پڕه‌ له‌ تاسه‌ و چاڵ و چۆڵی. وتیشی : سایدە کۆنەکەی رێگاکە بەتەواوی خراپ بوە و کەڵکی هاتوچۆکردنی نەماوە بەهۆی تاسەی زۆر و زیخەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارێکە بۆ ئەوەی بڕی زیاتری بەنزین و گاز خەرج بکەین.   به‌شى دوه‌م: دەرئەنجام و راسپاردەکان یه‌كه‌م: دەرئەنجامەکان 1. لە سنوری ئیدارەی گەرمیان به‌ درێژایی ١٧٠ کم رێگا هه‌یه‌، له‌و ژمارەیە ١٠٠کم دوسایدە یان کاری تێدادەکرێت بۆ دوسایدیی. له‌باره‌ى شه‌قامه‌كانیشه‌وه‌ له‌ نێو شاره‌كان دا، جگە لە کەلار کە ٣٢ شەقامی هەیە، هیچ ژماره‌یه‌كى ورد و دروست نیه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ى شه‌قام و درێژیه‌كه‌یان. هه‌رچی ناحیه‌ و گونده‌كانیشه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ ئامارى ورد له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ و به‌هۆی نه‌بونى نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تیشه‌وه‌ زۆرینه‌ى ناحیه‌كان شه‌قامیان سنوردار و نه‌گونجاوه‌. 2. كارى رێگاوبانه‌كان «ئه‌وانه‌ى نێوان شار و ناحیه‌كان» له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، كه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كى سه‌ر به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى رێگاوبانه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن. هه‌رچی شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كان و ناو سنورى شاره‌وانیه‌كانه‌، له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت. 3. سه‌رباری بونى پاره‌ و بودجه‌یه‌كى زۆر له‌ هه‌رێم له‌دواى 2003وه‌، به‌ڵام له‌ روى بونیادی رێگاوبانى مۆدێرین و دوسایدییه‌وه‌، هه‌نگاوى زۆر گه‌وره‌ و ستراتیژی نه‌نراوه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ناو شاره‌كاندا كارى به‌رچاو كراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ قه‌زاى كه‌لار كه‌ زۆرینه‌ى شه‌قامه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى به‌ دوسایدی كراوه‌. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات پلانێكى گشتگیریی حكومیی بۆ ئه‌م پرسه‌ بونى نه‌بوه‌، به‌ڵكو هه‌ر ناوچه‌ و هه‌ر شاره‌وانیه‌ و به‌پێی ئه‌وله‌ویه‌تى خۆی، گرنگی به‌م پرسه‌ داوه‌. ئێستاش له‌گه‌ڵ بونى قه‌یرانى دارایی له‌ماوه‌ى 5 ساڵی رابردودا، رێگاوبانه‌كان دیارترینی ئه‌و كه‌رتانه‌ن كه‌ زیانیان به‌ركه‌وتوه‌، چ له‌وه‌ى به‌هۆی نه‌بونى بودجه‌وه‌ پرۆژه‌كانى راگیراوه‌، چ له‌وه‌ى كه‌ هه‌ر به‌هۆی نه‌بونى بودجه‌وه‌ ناتوانرێت چاكسازییان تێدا بكرێت. 4. رێگاوبانه‌كانى گه‌رمیان له‌ حاڵێكدان كه‌ هه‌مو وه‌سفێكى ناشرینییان بۆ ده‌شێت، تاوای لێهاتوه‌ رێگاى كه‌لار سلێمانى به‌ «رێگاى مه‌رگ» ناودێر بكرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی خراپییان كه‌ وایلێهاتوه‌ هاتوچۆپێداكردنى زۆر ناڕه‌حه‌ت و خراپ بێت. ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ شه‌قامى ناو شار و ناحیه‌كانیشدا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ قه‌باره‌ى كه‌متر، به‌وپێیه‌ى شه‌قامه‌كان له‌ روى خێرایی پێداتێپه‌ڕینه‌وه‌ سنوردارترن. 5. ئه‌م خراپیه‌ى رێگا و شه‌قامه‌كان زیانی زۆری گیانى و دارایی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ماوه‌ى سێ ساڵ (2018، 2019 و 2020) دا، (١٢١١) روداوی هاتوچۆ لە گەرمیان رویانداوە لەو ژمارەیە (١١٧) کەس گیانیان لەدەستداوە و (٩٣٦)کەسیش برینداربون. ئه‌گه‌رچی ژماره‌ى روداوه‌كانى هاتوچۆ له‌ شه‌قامی ناو شاره‌كان زیاتره‌ وه‌ك له‌ رێگاكانى هێڵه‌كانى ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام گیان له‌ده‌ستدان و برینداربونه‌كانى رێگاكان زیاتره‌ وه‌ك له‌ شه‌قامه‌كان. 6. هه‌وڵه‌كانى حكومه‌ت بۆ دروستكردنى رێگاى نوێ هه‌م دره‌نگ كه‌وت، هه‌میش خاوه‌خاوى تێداده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌هۆی خه‌رجنه‌كردنى سولفه‌ و پاره‌ى پێویسته‌وه‌، رێگاكان زۆر به‌خاوى كاریان تێداده‌كرێت چ له‌ روى دروستكردن و چ نۆژه‌نكردنه‌وه‌شه‌وه‌. 7. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى رێگاكان خراپن، هاوكات سه‌رپێچی زۆریشی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت، به‌تایبه‌تى له‌روى پێداتێپه‌ڕینی ئۆتۆمبیل به‌ كێشى زۆر و زیاده‌وه‌، لێپێچینه‌وه‌كانى حكومه‌تیش له‌مڕوه‌وه‌ زۆر كارا نیه‌ و ته‌نانه‌ت گومانی تێوه‌گلانی به‌رپرسانى حكومیش له‌ چاوپۆشی له‌م حاڵه‌ته‌ له‌ ئارادایه‌. 8. لەسەرجەم پارێزگاکان بودجەی تایبەت بە چاکسازی رێگاکان هەیە، بۆ گەرمیان ئەم بودجەیە نیە، هه‌روه‌ك ئه‌و مانگانه‌یه‌ى «‌نەسریە» بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى سنوره‌كه‌ هه‌یه‌، زۆر كه‌مه‌ و جێگه‌ ناگرێت. 9. شاره‌زایان و ئه‌ندازیاران گومانى زۆریان له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌پێی ستانداردى جیهانى و رێگاى دروست پرۆژه‌كانى رێگاوبان و شه‌قامه‌كان ئه‌نجام نادرێن، یان مه‌وادى هه‌رزان له‌ پرۆژه‌كان دا به‌كارده‌هێنرێن، ئه‌مه‌ش واده‌كات كوالێتیان خراپ بێت و زۆریش به‌رگه‌ نه‌گرن. سه‌رباری ئه‌مه‌ش لێپێچنه‌وه‌ى پێویست له‌مباره‌وه‌ ناكرێت به‌تایبه‌تى له‌ روى سزادانى سه‌رپێچیكاران و «گه‌نده‌ڵكاران». 10. ئه‌گه‌رچی رێگاوبانى سنوره‌كه‌ به‌رفراوانه‌، به‌ڵام ژماره‌ى كادیر و به‌تایبه‌تى كادرى ته‌كنیكی و ئه‌ندازیارى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى سنوره‌كه‌ و شاره‌وانیه‌كان، زۆر كه‌من، هه‌روه‌ك ئه‌مانه‌ش پێویستیان به‌ پێگه‌یاندنى زانیاری نوێ هه‌یه‌ له‌باره‌ى پسپۆڕی و بواره‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ بۆیان فه‌راهه‌م ناكرێت. دوەم: راسپارده‌كان 1. پێش هه‌مو هه‌نگاوێك ده‌بێت روپێوییه‌كى ورد له‌لایه‌ن ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ بكرێت بۆ زانینی ئه‌وه‌ى به‌ وردی چه‌ند رێگا و شه‌قام بونى هه‌یه‌ و چه‌ندیان قیرتاو و كۆنكریت كراون و چه‌ندیان هێشتا بونیان نیه‌ و پێویسته‌ له‌ ساڵانى داهاتودا دروست بكرێت. به‌بێ ئه‌م به‌رچاو رونیه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌ستمان نه‌كرد له‌لای ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌بێت، هه‌ر هه‌نگاونانێك له‌م بواره‌دا كه‌موكورت ده‌بێت و به‌ته‌واوى جێگه‌ ناگرێت. 2. پێویسته‌ رێگاوبانه‌كان له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم و خۆجێی سنوره‌كه‌ بێت، چونكه‌ هه‌ر هه‌نگاوێكى ئاوه‌دانیی، به‌ بێ بونى رێگاوبان و شه‌قامى شارستانى و مۆدێرن، كه‌موكورتی ده‌بێت و به‌شی پێویست سه‌رناگرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هانى ئیداره‌ى گه‌رمیان ده‌ده‌ین كه‌ له‌ رێگه‌ى كۆنفرانس و كۆبونه‌وه‌ى فراوانه‌وه‌، هه‌وڵ بۆ داڕشتنى پلان و ستراتیژیه‌تێك له‌بوارى رێگاوبان بدات. 3. پێویسته‌ له‌كاتى باشتربونى دۆخی دارایی به‌ زویی پرۆژه‌ى بواری رێگاوبان ئه‌نجام بدرێت، به‌تایبه‌تى رێگاى نێوان شاره‌كان و ئه‌وانه‌ى رێی بازرگانییان له‌سه‌ره‌. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ پلانی پێویست دابنرێت و ئه‌وله‌ویه‌ت به‌ پرۆژه‌كان بدرێت. ٤. پێویسته‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌دواداچونى جیدی بكه‌ن و چاودێری ورد بن له‌سه‌ر كوالێتى پرۆژه‌كانى رێگاوبان و شه‌قامه‌كان، چاونه‌پۆشن له‌و كه‌موكورتیانه‌ى كه‌ ده‌وترێت بونیان هه‌یه‌. هه‌روه‌ك قوربانی به‌ كوالێتى نه‌ده‌ن له‌پێناو هۆكارى دیكه‌. ٥. پێویسته‌ كارمه‌ند و ئه‌ندازیارى زیاتر بۆ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان دابین بكرێت، به‌تایبه‌تى شاره‌زایانى بوارى رێگاوبان، بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌كان به‌سه‌ركه‌وتویی ئه‌نجام بدرێن. هاوكات خول و راهێنانى به‌رده‌وام بۆ ئه‌و كارمه‌ند و ئه‌ندازیارانه‌ بكرێته‌وه‌ له‌باره‌ى شێوازه‌ پێشكه‌وتوه‌كانى بوارى رێگاوبان و ئه‌ندازه‌ى هاتوچۆ و رێگاوبانه‌كان، به‌مه‌به‌ستى سودبینین و جێبه‌جێكردنیان له‌ پرۆژه‌ ناوخۆییه‌كان دا. ٦ ده‌بێت ئه‌و جیاوازییه‌ى كه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان گه‌رمیان و ناوچه‌كانى تر له‌ روى په‌راوێزخستنى گه‌رمیان له‌ بودجه‌ى پرۆژه‌ و چاكسازیی كۆتایی پێبهێنرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى خۆجێی و نوێنه‌ره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ به‌ده‌نگ بێن و پێكه‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ به‌گوێره‌ى پێویستی و مافی ناوچه‌كه‌، به‌شه‌ بودجه‌ی بۆ دابنرێت. ٧. گرنگه‌ پارله‌مانتاران و نوێنه‌رانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى خۆجێی، فشار دروستبكه‌ن له‌سه‌ر حكومه‌ت به‌مه‌به‌ستى خه‌رجكردنى سولفه‌ و پاره‌ راگیراوه‌كانى ئه‌و پرۆژانه‌ى رێگاوبان و شه‌قام كه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا وه‌ستاون، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌متر له‌وه‌ى چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، ته‌واو بكرێن. ٨. بره‌ودان به‌ شه‌قامه‌كانى نێو شاره‌كان چ له‌ روى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى شه‌قامه‌كان، چ له‌ روى دروستكردنى شه‌قامی نوێ، به‌تایبه‌تى شه‌قامى بازنه‌یی گرنگ، لةم سةنطةيةوة هانى شاره‌وانیه‌كان ده‌ده‌ین بۆ بره‌ودان به‌و شه‌قامانه‌، چونكه‌ فشار له‌سه‌ر ناو شاره‌كان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌. ٩. بونى به‌رزه‌پرد و یه‌كتربڕى مۆدێرن زۆر گرنگه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى فشاره‌كان له‌سه‌ر رێگاوبانه‌كان و شه‌قامه‌كان، پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌مه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرن. ١٠. پێویسته‌ رێگا بازرگانیه‌كان و به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى مه‌رزه‌كانى له‌سه‌ره‌، له‌ پێشینه‌ى گرنگیپێدانه‌كان دا بێت و حكومه‌ت له‌و روه‌وه‌ پلانی هه‌بێت. هه‌روه‌ك له‌ رێگه‌ى به‌خششی كۆمپانیاكان و دانانى باج، هه‌وڵی دروستكردنى رێگاوبانى مۆدێرن بدات. ١١. ده‌بێت شه‌فافیه‌ت په‌یڕه‌و بكرێت له‌ وه‌رگرتنى باجی رێگاوبان و هاتوچۆ، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌شى ناوچه‌كان له‌و باجانه‌ به‌ شێوازێكى دادپه‌روه‌رانه‌ بدرێت و بۆ پرۆژه‌ى رێگاوبان به‌كاربهێنرێن.   كلیك لەم فایلەی خواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە. فایلی پیدی ئێف


درەو: راپۆرتی: تیمی كوردستانی عێراقی CPT لەماوەی 40 رۆژی ئۆپەراسیۆنی (چنگی - هەورە بروسكە)ی توركیادا بۆسەر ناحیەی كوانی ماسی سەربە پارێزگای دهۆك  (21 ) گوند چۆڵكراون و نزیكەی (300) خانەوادەش ئاوارەبوون، لەماوەی ئەو 40 رۆژەدا ( 7 هەزار) دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە سوتاون ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ڕاپۆرتێکی ١٤ پەڕەیی سەبارەت بە ئاماری زەرەر و زیانی ھاوڵاتیانی مەدەنی و کاریگەرییە ژینگەییەکانی ئۆپەراسیۆنی چنگی ھەورە- بروسکە لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا بڵاوکردەوە و نەخشەی نوێی فراوانکردنی ھەژموونی سەربازی سوپای تورکیاش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا خرایە ڕوو. لە ھەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی چنگی- ھەورە بروسکەدا، چوار بارەگای سەربازی بە پانتایی ناوچە شاخاویەکانی زناری کێستە، کەفرە سۆر، مەلا ردی و دەرارێ جێگیر کراون. لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی ئۆپەراسیۆنی چنگی- ھەورە بروسکەدا ١٦ گوند لە ناوچەی ئاڤاشین و ٥ گوند لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ بەھۆی بۆردوومانەکان چۆڵکراون و بەمەش نزیکەی ٣٠٠ خانەوادە لە ھەردوو ناوچەکە ئاوارەبوون. لە ٩ ڕۆژی سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەدا، ١،٣٠٠ پورەی ھەنگی ھەنگەوانانی گوندنشینانی کانی ماسێ و ئاڤاشین لەناوچوون.، و لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٧،٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەھۆی بۆردوومانەکانەوە سوتاون. لە ماوەی یەک ھەفتەی ڕابردوودا و بەھۆی ئۆپەراسیۆنی چنگی ھەورە بروسکە، ٤ ھاوڵاتی مەدەنی لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ و قەزای زاخۆ برینداربوون. بەھۆی بۆردوومانەکانەوە پڕۆژەیەکی سەرەکی ئاو لە گوندی ئەدنێ لە ناحیەی کانێ ماسێ کە ئاوی ٩ گوندی تری دابین دەکرد، وێران بوو. خانوو ماڵی ھاوڵاتیان لە ناوچەی ئاڤا شین و سنوری ناحیەی کانی ماسێ زەرەر و زیانی بەرکەوتووە و لە گوندی میسکەی سەر بە ناحیەی کانی ماسێ کەنیسەیەک بە ئامانج گیراوە و بۆردوومان کراوە. بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە، گرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە: https://cptik.org/.../civilian-impacts-claw-lightning-kurdi



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand