بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان
2022-02-21 13:42:16
راپۆرتی: درەو
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆری نەوتی كوردستانی درووستكردو لە 2017دا فرۆشتی بە ( ملیارێك و 700 ملیۆن) دۆلار، بەڵام لە سەرەتای 2019 تا ناوەڕاستی 2021 ( ملیارێك و 744 ملیۆن) دۆلاری داوە بە كرێی بۆری نەوت.
داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 2021دا (4 ملیار و 108 ملیۆن) دۆلار بووە، ( ملیارێك و 725 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەت بووە و (454 ملیۆن) دۆلاری تەنیا داوە بە كرێی بۆری كە دەكاتە رێژەی (11%).
بایەخی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان
پرۆسەی گواستنەوەی نەوت قۆناغی دووەمی پیشەسازی نەوتە لە دوای بەرهەمهێنانییەوە. بۆیە دەتوانرێت بوترێت قۆناغی گواستنەوە هیچی کەمتر نییە لە قۆناغی بەرهەمهێنان و پێکەوە یەکتر تەواو دەکەن. چونکە بەرهەمهێنانی نەوت هیچ بەهایەکی نابێت ئەگەر بە ڕێگەیەک نەگواسترێتەوە بۆ بازاڕی بەکاربەر و کڕیاریارانی نەوت، جا گواستنەوەکە بە ڕێگەی (وشکانی یان ئاوی) بێت.
پرۆسەی گەیاندنی نەوتیش پێویستی بە ئامراز و ئامێرێ گرنگ و گەورە هەیە بۆ گواستنەوە، سەرەڕای ئەوەی پێگەی جوگرافیش زۆرجار بەشێکە لە (کارئاسانی یان ئاستەنگ) بۆ ئەوە گواستنەوەیە. بۆیە دەکرێت داخراوی پێگەی جوگرافی هەرێمی کوردستان نەگەیشتنی بە دەریا ئاستەنگکی گەورەبێت بۆ ئەو پرۆسەیە، بۆیە بەناچاری دەبێت هەماهەنگ بێت لەگەڵ یەکێک لە وڵاتە دراوسێکانی. بۆ ئەمەش زیاتر پشت بە وڵاتی تورکیا بەستراوە بۆ گەیاندنی بەرهەمی نەوتی هەرێم بە بازاڕەکانی ئەوروپا.
باپق لەسەرەتای پیشەسازی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تەق تەق لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (1994) دەگەڕێتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتی بە (تانکەر) بەستووە بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکەی. تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای پرۆسەی ئازدی عێراقەوە کە بە چڕی دەستی کرد بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی هەرێم، بەتایبەتیش لەدوای پەسەندکردنی یاسای ژمارە (22ی ساڵی 2007) یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام گوستنەوەی نەوت هەر بە ڕێگەی (تانکەر) بەردەوام بوو، چونکە تا ساڵی کۆتایی ساڵی (2013) هەرێمی کوردستان تەنها دەیتوانی لە ڕێگەی تەنکەرەوە بەرهەمە نەوتییەکەی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکات و بەو پێیەش لە توانایدا بووە رۆژانە نزیكەی (50) هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی تانكەرەوە هەناردەی توركیا بکات.
بەڵام بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم، پرۆسەی نەوتی هەرێمی بردە قۆناغێکی دیکەوە. بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە سەرەتای ساڵی (2014) وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دووڕیانی نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، پێگەیەکی نمونەیی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێکی گرنگ لە دابینکردنی وزەدا بۆ جیهان. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکان لە قۆناغی گەڕانەوە دەچنە سەر بەرهەمهێنان، کوردستان ئامادە دەبێت ببێتە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهان".
لەسەرەتای سەرپێکەوتنی بۆری نەوتی هەرێم، حکومەتی هەرێم ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ "رێگەی نەوت لە کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانی کوردستانەوە پێشتر بە هێڵی بۆریەکانی کەکوک– جیهاندا تێپەڕ بووە لە رێگەی هێڵێکی دوانەیی هەناردەکردنەوە. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان هێڵێکی بۆری هەناردەکردنی نوێ دروست دەکات کە بە هاتنی ساڵی 2015 لە توانایدا دەبێت (1) ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بگوازێتەوە بۆ سنووری تورکیا. هێڵی بۆریەکە لە خورمەڵەوە درێژدەبێتەوە تا فیشخابوور لەسەر سنووری تورکیا "
هەروەها حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش داوە "بە مەبەستی بەستنەوە بە ژێرخانی هەناردەکردنەوە، هێڵێکی سەرەکی نوێی بۆری (81) کیلۆمەتری ناوخۆیی لە تەق تەقەوە بۆ خورمەڵە تەواو کردووە. لە توانیادایە بڕی 150,000 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەم بهێنرێت لە تەق تەقەوە بۆ خورمەڵە کە دەتوانرێت ببەسترێتەوە بە پاڵاوگەی هەولێر و هێڵی بۆریەکانی هەناردەکردنەوە. هێڵی بۆریەکانی تەق تەق– خورمەڵە یارمەتی هەرێمی کوردستان دەدات درک بە تەواوی بەرهەم و توانای هەناردەکردنی کێڵگەی تەق تەق بکات" (بڕوانە چارتی ژمارە (1) کە بڕ بەرهەمهێنانی نەوت دەردەخات پێش بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم) هەروەها (چارتی ژمارە (2) کە بڕ بەرهەمهێنانی نەوت دەردەخات دوای بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم)
چارتی ژمارە (1)
بەرهەمیهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان (2008 - 2012)
چارتی ژمارە (2)
بەرهەمیهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان (2014 - 2021)
خاوەندارێتی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان
بەپێی یاداشتێکی پەرلەمانتار (عەلی حەمە ساڵح) کە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە، دەربارەی (بۆری نەوتی کوردستان و کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم) وێنەیەکی دەست درەو میدیا کەوتووە.
بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010)ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، کۆتایی ساڵی (2013) بۆ یەکەمجار لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
بەپێی زانیارییەکانی نێو یاداشتەکە کۆمپانیای کار بۆری نەوتی دروستکردووە و (40%) خاوەندارێتی بۆرییەکە هی کۆمپانیای ناوبراوە، بەپێی زانیارییەکان بۆرییەکە نزیەکەی (600) ملیۆن دۆلار تێچوونەکەی بووە.
(60%) بۆری نەوتی هەرێم خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە 2/6/2017 لە شاری (سانبترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفرت واژۆ کرد، بەشێکی گرێبەستەکە فرۆشتنی (%60)ی بۆری نەوتی کوردستان بوو بە کۆمپانیای رۆزنەفت بە بەهات (1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار.
درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆ مەترە، لە سنوری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکەکانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی)یدا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور)، (221) کیلۆ مەترە، بەم پێیەش (%24.6) بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستاندایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە.
ئەو بەشەی لە سنوری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی دەگەڕێتەوە کۆمپابیای "بۆتاش" سەرپەرشتی دەکات. لە فیشخابوورەوە تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکی (675) کیلۆ مەترەو (74.6%)ی درێژی بۆرییەکە پێکدەهێنێت. (بڕوانە نەخشەی بۆری نەوتی هەرێم)
بەپێی یاداشتەکە ئەم گرێبەستە ئەوەندە لە سودی کۆمپانیای رۆسنەفت بووە، بەپێی بەیاننامە داراییەکانی لقی سەنگافورەی کۆمپانیای رۆسنەفت کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای رۆسنەفت بڕی (250 ملیۆن) دۆلاری داوەتە ڕاوێژکارێکی دەرەکی تاوەکو دڵنیابێتەوە لە بەدەستهێنانی ڕێککەوتنە نەوتییەکانی لە هەرێمی کوردستان.
هێڵی بۆری نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەهانی تورکی
کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە (1/1/2019 – 30/6/2021) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (393 ملیۆن و 528 هەزار و 260) بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی بازاڕکانی جیهان کردووە، هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای ناوبراو لەو ماوەیەدا بڕی (1 ملیار 744 ملیۆن و 391 هەزار و437) دۆلای وەک کرێی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە بە خەرجداوە، کە بۆ هەر بەرمیلێک دەکاتە (4.4) دۆلار.
ئەو خەرجییەش زیاترە لەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی هەرێم لە ساڵی (2017) لە ڕێگەی فرۆشنی بۆری نەوتی کوردستان بە کۆمپانیای رۆسنەفت دەستی کەوتووە کە بڕەکەی (1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار بووە، وەک لە سەروە ئاماژەمان پێداوە. (بۆ وردەکاری تەواوی ماوەی (2019- 30/6/2021) لە نەوتی فرۆشراو و کرێی بۆری بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)
نەوتی فرۆشراو و کرێی بۆری (1/1/2019 - 30/6/2021))
هەر بەپێی زانیارییەکەکانی دیلۆیت تا نیوەی یەکەمی ساڵی (2021) حکومەتی هەرێمی کوردستان (76 ملیۆن و 869 هەزار و 888) بەرمیل نەوتی خاوی فرۆشتووە و کۆی بەهاکەی (4 ملیار و 108 ملیۆن و 404 هەزار و 110) دۆلار بووە، بڕی (454 ملیۆن و 413 هەزار و 772) دۆلار بەڕێژەی (11.1%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ کرێی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە خەرج کردووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆری نەوتەوە بەردەوام ڕووی کە بەرزبوونەوەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە سەرەتای ساڵی (2019) تا نیوەی یەکەمی (2021) کە ژمارەیان (10) ڕاپۆرتە، بەرزبوونەوەیە بە ڕوونی دەبینرێت، بۆ نمونە لە ڕاپۆرتی یەکەمی دیلۆیت کە وردەکاری پرۆسەی نەوتی هەرێمی ڕوونکردووەتەوە لە ماوەی (1/1/2019 – 31/3/2019) کرێی گواستنەوەی (1) بەرمیل نەوتی هەرێم (3.2) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم بووە، بەڵام لە دوا ڕاپۆرتی کۆمپانیا وردبینییەکەدا لە ماوەی (1/4/2021 – 30/6/2021) کرێی گواستنەوەی (1) بەرمیل نەوتی هەرێم (6.1) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم وەستاوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)).
بەجۆرێک لە (1/1/2019 – 31/3/2019) کۆی کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم (122 ملیۆن و 55 هەزار و 61) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم بووە، بەڵام لە دوا ڕاپۆرتی کۆمپانیا وردبینییەکەدا لە ماوەی (1/4/2021 – 30/6/2021) کۆی کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم (238 ملیۆن 932 هەزار و 863) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم وەستاوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (4)).
چارتی ژمارە (4)
لە یاداشتەکەی (پەرلەمانتار - عەلی حەمە ساڵح)دا هاتووە لەماوەی (2020 – 6/2021) واتە ساڵێک و شەش مانگ (1 ملیار و 584 ملیۆن دۆلار) دراوەتە کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە، لە ساڵی (2020) دا (21.3%) کۆی داهاتی نەوت دراوەتە کرێی بۆری نەوتی هەرێم، ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان تەنها (24.6%) کۆی درێژی بۆری نەوتە لە خورمەڵەوە تا بەندەری جەیهان، بەڵام (70%)ی کۆی کرێی گواستنەوەی پێدراوە.
ئەگەر (18) مانگی سەرەتای (2020) بۆ شەش مانگی یەکەمی (2021) وەک پێوەر وەربگیرێت (70%) کرێی گواستنەوەی نەوت بۆ کۆمپانیاکانی (کار و رۆسنەفت) ڕۆشتووە (30%) بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی بووە! (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) ئایا دەکرێت بۆری نەوت لە سنوری تورکیا دوو هێندەو نیوی بۆری نەوت بێت لە سنوری هەرێمی کوردستان، بەڵام کرێی بۆری لە سنوری هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر بێت لە سنوری تورکیا؟
خشتەی ژمارە (3)
ئینفۆگرافیك
سەرچاوەکان
- ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ماوەی (1/1/2019 – 30/6/2021) کە ژمارەیان (10) ڕاپۆرتە و سەرجەمیان لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەستە.
- عەلی حەمە ساڵح، یاداشت بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان (وێنەیەکی لای درەو میدیایە)
- هێڵی بۆریەکانی نەوت، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛
https://gov.krd/mnr/publications/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA/
- هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەستیپێكرد، 13/12/2013، ماڵپەڕی ڕوداوو؛
https://www.rudaw.net/sorani/business/131220131#sthash.rRkwbuML.dpuf
- د. أحمد ياسين & د.شيركو كرمانج & م. يادكار عبدالله، طرق نقل النفط من حقول كوردستان العراق، مجلة وادى النيل للدراسات والبحوث الإنسانية والاجتماعية والتربوية؛
https://jwadi.journals.ekb.eg/article_85184_20d92d83d507b1d588bfd4d469478ad6.pdf
- Andrew Snow, Kurdistan and Baghdad: A Tangled Web Over Oil and Budgets;
https://www.usip.org/publications/2018/01/kurdistan-and-baghdad-tangled-web-over-oil-and-budgets