Draw Media

دیمەنی ئەمنی ناوچە جێناكۆكەكان ئاڵۆزتر بووە

دیمەنی ئەمنی ناوچە جێناكۆكەكان ئاڵۆزتر بووە

2022-02-22 17:26:18


درەو:

كەركوك ناو - راپۆری رێكخراوی (سەنتەری سیسفایەر بۆ مافە مەدەنییەكان)

 

توندوتيژی لە ناوچەكانی جێناكۆك تادێت زیاتر دەبن؛ كەمینەكان هەست بە ئارامی ناكەن، بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی وڵات لە ژێر دەستی ملیشیا چەكدارییەكاندا لەوانە، حەشدی شەعبی، روبەڕوی چارەنوسێكی نادیار دەبێتەوە.

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی (سەنتەری سیسفایەر بۆ مافە مەدەنییەكان)، دیمەنی ئەمنی ناوچەكانی جێناكۆك ئاڵۆزتر بووە لە قۆناغی دوای "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"، بەوپێیەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی پێشتر دەرفەتی بۆ حەشدی شەعبی رەخساند تا گروپی چەكداری نوێ بە بودجەی حكومەت پێكبهێنن، هەرچەندە كردەوەكانیان لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدایە.

راپۆرتەكەی سیسفایەر، پشت بە زانیاری چەندین میدیای عیراقی، بەڵگە و ژمارەیەك چاوپێكەوتن دەبەستێت كە ساڵی رابردوو لە كەركوك و قەزاكانی حەمدانییە، شنگال و تەلەعفەر كراون، بەڵام لەبەر پاراستنی ژیانیان لە راپۆرتەكەدا ناویان ناهێنێت.

شەڕی داعش (2014-2017) هۆكارێك بووە بۆ چەكداركردنی كەمینەكان، ئەوەش بەهۆی شكستی حكومەتی عیراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی ناوچەكانیان، تا دواتر ئەو میلیشیا چەكدارييانە تێكەڵ بە حەشدی شەعبی كران و لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی خۆیاندا ئەركی ئەمنییان وەرگرت.

"هەندێك كەس وایدەبینن ئەو هێزانە پێگەی خۆیان دەقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت لەسەر حسابی خەڵكانی تر، گرنگی بەكەسانی نزیك لە خۆیان دەدەن تا بگەن بە پۆست و زەوی و سەرچاوەی دیكە،... هەبونی گروپی چەكداریی كەمینەكان لە هەندێك حاڵەتدا هۆكار بون بۆ زیاتركردنی ئاڵۆزییەكانی نێوان پێكهاتەكان".

راپۆرتەکە گومان دەخاتە سەر داهاتوی ئەو گروپە چەكدارییانە لە پاراستنی بەرژەوەندی كەمینەكاندا، بەوپێیەی زۆرینەیان پاڵپشتی لە لایەنی باڵادەستی وەك حەشدی شەعبی وەردەگرن و ئەوانیش "تەنیا ئامڕازێكن بۆ تێپەڕاندنی ئەجێندای ناوخۆیی و هەرێمی لەو ناوچانەدا".

زۆرێك لەگروپەكانی ناو حەشدی شەعبی، مێژویەكی دورودرێژیان لە عیراقدا هەیە، بەڵام ئێستا لەڕوی هێز و قەبارە و پێگەوە فراوانتر بون، وەك دامەزراوەیەكی فەرمی و هێزێكی سەرەكی دەردەكەون.

حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی 2014 و لەسەر بنەمای فەتوایەكی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عیراق پێكهێنرا بۆ بەرگری لە وڵات، بەڵام فەتواكە بۆ هەڵگرتنی چەك بوو لە چوارچێوەی هێزەكانی سەر بە دەوڵەت، نەك لە شێوەی گروپی نیمچە سەربازی.

لە وەڵامی ئەو فەتوایەدا، زیاتر لە 50 ملیشیا دامەزران، دەیان هەزار كەس بە خۆبەخشی بون بە چەكدار و نوری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عیراق بە فەرمانێك حەشدی شەعبی دامەزراند، سەرباری ئەوەی بەپێی دەستور پێكهێنانی هێزی چەكدار لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەكدارەكان، رێگەپێنەدراوە.

ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی بە 164 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت؛ لەو ژمارەیە 110 هەزاریان شیعەن، 45 هەزار سونە و 10 هەزار كەسیان لە كەمینەكانن.

3ashwra kirkuk (11)

كەركوك/ 2020/ هاوڵاتییەكی شیعە لە مەراسیمەكانی عاشورا بەشداری دەكات فۆتۆ: كەركوك ناو

حەشدی شەعبی بە گشتی سێ بەشن؛ یەكەمیان ئەوانەن لەگەڵ ئێراندا هاوپەیمانن و نوێنەرایەتی عەلی خامنەئیی، رابەری باڵای ئەو وڵاتە دەكەن، دوەمیان بە سەركردایەتییەكی عیراقییانە و لایەنگری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەن و سێیەمیشیان یەكەكانی ناوخۆیی هەڵقوڵاوی كۆمەڵگە جیاوازەكانی باكوری عیراقن و زیاتر پەیوەستن بە گروپەكانی هاوپەیمانی ئێرانەوە.

گروپە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حەشدی شەعبی پێكهاتون لە؛ رێكخراوی بەدر، كەتائیبی حزبوڵا، عەسائیب ئەهلحەق و سەرایا سەلام.

لە سەروبەندی هێرشەكانی داعش و قۆناغی دواتردا گروپی چەكداری كریستیان، ئێزیدی، شەبەك و كاكەیی دامەزران و بەشێكیان دواتر تێكەڵ بە حەشدی شەعبی بون لەوانە؛ لیوای شەبەك، كەتائیبی بابلیۆن، یەكینەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوا، یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، هێزی پاراستنی ئێزیدخان و حەشدی توركمانی.

حەشدی شەعبی تەنیا لە گۆڕەپانی شەڕدا نەمایەوە، بە ناڕاستەوخۆ بەشداری پرۆسەكانی هەڵبژاردنی كرد و چەندین پەرلەمانتاریان هەیە، كە بەشێكیان كەمینەن وەك وەك بزوتنەوەی بابلیۆن بە سەرۆكایەتی ریان كلدان لەگەڵ وەعد قەدۆ، فەرماندەی پێشوی حەشدی شەعبی شەبەك، كە هەردوو هێزەكە خراونەتە لیستی سزادانی ئەمریكاوە بە هۆی پێشێلكاری دژی مافەكانی مرۆڤ.

بەپێی راپۆرتەكەی سیسفایەر، حەشدی شەعبی پەلیانكێشا بۆ كاروباری سیاسی و ئیدارەدانی حكومی، خۆی گۆڕی بۆ لایەنێكی بەهێز و سەرەكی لە ئابوری وڵاتدا، دەستیگرت بەسەر ژمارەیەكی زۆر و فراوان لە موڵك و زەوی لە سەرانسەری عیراق، جگە لە دانانی بازگەی گومرگی و وەرگرتنی باج، لەكاتێكدا بەپێی یاسا هێزی سەربازی ناتوانێت پارە و سامان كۆبكاتەوە.

"بازگەكانی پشكنین سەرچاوەیەكی سەرەكیین بۆ داهاتی حەشدی شەعبی و یەكێك لەو هۆكارانەی وایكردووە ئیمپراتۆریەتی ئابوری خۆی لە ناوچەكانی جێناكۆك بنیاتبنێت".

ناوچەكانی جێناكۆك؛ كە 14 ناوچەی ئیداریین و بەسەر پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین دابەشبون، لە چەند ساڵی رابردودا بە گۆڕانكاری زۆری ئەمنی و سیاسیدا تێپەڕبون، ماوەیەك زۆربەی ئەو ناوچانە لەژێر دەستی داعشدا بون، دواتر هێزەكانی پێشمەرگە توانییان سنوری ژێر دەسەڵاتیان بەهۆی ئەو ناوچانەوە فراوان بكەن تا لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـدا هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی بۆ ناوچانە گەڕانەوە و پێشمەرگە پاشەكشێی كرد، بەهۆی لێكەوتەكانی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە 27ـی ئەیلولی لەو ساڵەدا.

 

حەمدانییە؛ ناوچەی یەكلاییكردنەوەی دەسەڵات

حەمدانییە ناوچەی زۆرینە كریستیانە، شوێنی دامەزراندنی چەندین گروپی كەمینەیە لە دوای ساڵی 2014ـەوە، بەهۆیەوە ململانێی نێوان گروپەكان لەو ناوچەیەدا زیاتر بون.

ئەو قەزایە دەكەوێتە دەشتی نەینەوا لە خۆرهەڵاتی موسڵ، قەرەقوش ناوەندی قەزاكەیە و گەورەترین شاری زۆرینە كریستیانە لە عیراق، لەگەڵ شارەكانی بەرتڵە و باشیك، بەگشتی ناوچەكە بە ناسنامە و مێژوی ئاشورییەكانەوە گرێدراوە، لە هەمانكاتدا شوێنی نیشتەجێبونی ىشەبەك، ئێزیدی، عەرەب، توركمان و كاكەییە.

حەمدانییە لە 2014 تا 2016 لەژێر دەستی داعشدا بوو، بۆیە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئاوارەبون و ناوچەكەش روبەڕوی وێرانكاری بۆوە.

بازگەكانی پشكنین سەرچاوەیەكی سەرەكیین بۆ داهاتی حەشدی شەعبی و یەكێك لەو هۆكارانەی وایكردووە ئیمپراتۆریەتی ئابوری خۆی لە ناوچەكانی جێناكۆك بنیاتبنێت

لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكەدا، هێزە چەكدارییەكان بەسەر ناوچەكاندا دابەشبون و دیمەنێكی ئەمنی ئاڵۆزی لێكەوتەوە، بەوپێیەی هەرلایەك كێبڕكێی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی زیاتری دەكرد.

هەرزوو هەڵسوكەوتی هەڵپەرستانە بەسەر ناوچەكەدا زاڵ بوو، "دەیانوت ئێمە ناوچەكەمان ئازاد كرد و خەڵك قەرزاری ئێمەن،.. كەس ناتوانێت دوریانبخاتەوە ئەگەر كاری ناساییش بكەن" بەوتەی هاوڵاتییەك بۆ سیسفایەر.

دوای پاشەكشێی پێشمەرگە لە ساڵی 2017ـدا، ناكۆكی لەنێوان یەكینەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوا و كەتائیبی بابلیۆن و لیوای شەبەك سەریهەڵدا، لەسەر دەستبەسەرداگرتنی دۆسیەی ئەمنی شار و شارۆچكەكانی حەمدانییە.

بەوتەی هاوڵاتیانی قەزاكە ئێستا بارودۆخ رێكخراوترە، هەر گروپێك لە ناوچەی دەسەڵاتی خۆیدا جێگیربووە و هەندێك لە پێشێلكارییەكان نەماون، بۆ نمونە "گێچەڵكردن بە ژنانی كریستیان لەلایەن چەكدارانی لیوای 30ـەوە كە دوای هاتنە ناوچەكە هەبوو، لەلایەن فەرماندەیی لیواكەوە چارەسەر كراوە"، زەمینەسازیش بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان كراوە.

بەڵام ژمارەیەك لە هاوڵاتیان نیگەرانن لە دابەشبونی ئێستای هێزەكان، "ترس لە روبەڕوبونەوەی چەكداری دیكە هەیە، كە ئەگەر روبدات دەبێتە هەڕەشە لەسەر مانەوەی كەمینەكان"، كەسێكی دیكەش دەڵێت "دودڵین لە پێكدانانی نێوان هێزەكان، بە تایبەت حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، كە بەهۆیەوە ئێمە وەك پێشتر ببینە قوربانی".

لە بەرانبەردا هەندێك كەس پێیانوایە حەشدی شەعبی رۆڵی هەبووە لە نەهێشتنی ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر، كە هۆكاری سەرەكی نەبونی ئاسایشە لە ناوچەكەدا.

ئەو رۆڵەی حەشدی شەعبی هێشتا بۆ خەڵكانی دیكە جێگەی گومانە و دەڵێن ئەجێندانی دەرەكی جێبەجێدەكات، "هەموو گروپە سەربازییەكان گوزارشت لە بەرژەوەندی تەسكی سیاسی و حزبی دەكەن نەك نوێنەرایەتیكردنی كەمینەكان".

قەرەقوش؛ ناوەندی حەمدانییە لەژێر دەسەڵاتی یەكینەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوادایە، كە هێزێكی بچوكی كریستیانی ئاشورین لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی و فەرمان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا وەردەگرن.

لایەنگرانی ئەو هێزە پێیانوایە هێزێكی شەرعی و قبوڵكراوە لە كۆمەڵگەدا، پارێزگاری لە هاوڵاتیان دەكەن و كەمترین پێشێلكاری دژی مافەكانی مرۆڤ دەكەن، لەكاتێكدا مەترسی نەمانی كریستیانەكان هەبوو لە نەخشەی داهاتوی شارەكەدا دوای داعش.

فەرماندەیەكی ئەو هێزە لەبارەی چەكدارەكانیانەوە دەڵێت "لەم ناوچەیەوە و لەناو خەڵكەوە هاتون، پارێزگاری لە خاكی خۆیان دەكەن".

daquq-16

كەركوك/ 2021/ رەنگكردن و كێشانی وێنە لەسەر دیواری شوێنە گشتییەكانی داقوق بۆ هاندانی پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكان فۆتۆ: كەركوك ناو

بەڵام رەخنەكانیش لەو هێزە كەم نین و بەوتەی بەشێك لە هاوڵاتیان "هێندە رەنگدانەوەن بۆ ئەو هێزانەی پاڵپشتییان دەكەن هێندە رەنگدانەوەی بەرژەوەندی كریستیان نین".

زۆرێك لە هاوڵاتیانی عەرەبیش گومانیان هەیە ئەو هێزە بتوانێت بەرگری لە ناوچەكە بكات، لەبەرئەوەی توانای سنوردارە، هەرچەندە پێشتر چەندینجار بەڕوی هەوڵی گروپەكانی پاڵپشتیكراوی ئێران بۆ فراوانكردنی سنوری دەسەڵاتیان راوەستاوە.

"كریستیان 400 بۆ 500 چەكداریان هەیە، يان لەوانەیە 600 چەكدار، لەكاتێكدا شەبەك زیاتر لە سێ هەزار چەكداریان هەیە.. هێزی كریستیانی لە حەمدانییە لاوازە، چەكی پێویستی نییە و ژمارەیان سەدا 5ـی كۆی هێزەكانی تر تێناپەڕێنێت".

ناحیەی بەرتڵەی حەمدانییە، دانیشتوانەكەی كریستیان و شەبەك-ـن، پێش داعش شوێنی زۆرینە كریستیانی بوو بەڵام دواتر ئەو رێژەیە گۆڕا، ژمارەی شەبەك هەڵكشا و ئێستا بە زۆرینە هەژماردەكرێن.

"ئامانج لە كردنەوەی بارەگای ئەوقافی شیعە لە بەرتڵە نەك لە ناوچەكانی تر، گەیاندنی ئەو پەیامەیە كە بەرتڵە شیعییە و شارێكی كریستیانی نییە" بەپێی راپۆرتەكەی سیسفایەر.

بارودۆخی ئەو شارە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ لیوای 30ـی شەبەك، بە توندی دەسەڵاتیان بەسەر شارەكەدا گرتووە، لەكاتێكدا ئەوان بە پێشێلكاری دژی مەدەنی ناسراون، وادیارە وایكردووە كریستیانەكان نەگەڕێنەوە.

زاڵبونی دەسەڵاتی لیوای شەبەك دەرفەتی بۆ رەخساندووە كاریگەری سیاسی و ئابوری بێوێنەی لە بەرژەوەندی لایەنگرانی خۆیدا هەبێت، ئێستا ناحیەكە شوێنی نەگونجاو و نائارامە بۆ كریستیان، هاوڵاتییەك دەڵێت "حەشدی شەعبی لە هەموو بوارەكانی ژیاندا دەستتێوەردان دەكات، لە دامەزراندن و بڕیارەكانی حكومەتیشدا".

لە راپۆرتەكەدا هاتووە ئێران دەیەوێت پشتوێنەی شیعی لەناوچەكەدا دروستبكات كە بە دەشتی نەینەوادا تێدەپەڕێت و شەبەكیش ئامرازێكی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.

هاوڵاتییەكی كریستیان وتی "بەرتڵە بە شارێكی سریانی كریستیانی بەناوبانگە، بەڵام لە 10ـی موحەرەمدا دەبێتە كەربەلا بەهۆی كاروانی پرسە و شیوەن كە بۆخۆی ئیستیفزازە بۆ كریستیانەكان".

بەپێی راپۆرتەكە دەكرێت هاوپەیمانی لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ شەبەك وەك بژاردەیەكی ستراتیژی لێكبدرێتەوە، لەروی دابینكردنی پاراستن و دەسەڵاتەوە، بەوپێیەی لە رابردوو نە بەغدا و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیان پێشكەشنەكردون.

حەشدی شەعبی دەستتێوەردان لە مامەڵەكانی خانو و زەویدا دەكات

هاوڵاتیانی شەبەك پێیانوایە لیوای 30 توانیویەتی ئاسایش و سەقامگیرییان بۆ دابینبكات، "دوای هاتنی حەشدی شەعبی، كە هێزێكی پێكهێنراوە لە خەڵكی ناوچەكە، خەڵك هەستیان بە ئارامی كرد و گەڕانەوە".

گومانی بەهێزی ناو كریستیانەكان لەسەر هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای بەرتڵەیە، پێیانوایە شەبەك بە پاڵپشتی ئێران هەوڵدەدەن موڵك و ماڵی كریستیانەكان بكڕن، تەنانەت ئەگەر بە نرخێكی زۆریش بێت، "حەشدی شەعبی یاری بە بەڵگەنامەكانی موڵكی نیشتەجێبوان و دەستتێوەردان لە مامەڵەكانی خانو و زەویدا دەكات" هاوڵاتییەك كریستیان وادەڵێت.

هەر لە حەمدانییە؛ ناحیەی باشیك و گوندەكانی دەوروبەری ناوچەیەكی فرەپێكهاتەن لە ئێزیدی، موسڵمان، شەبەك، كریستیان، عەرەبی سونە و شیعە پێكهاتون، بەڵام ناوەندی شار زۆرینە ئێزیدین، ئەو شارەكە پێشتر لەژێر دەستی پێشمەرگەدا بوو، دواتر كەوتە دەستی كەتائیبی بابلیۆن و ئێستا ئەمنیەتی لای لیوای 30ـی شەبەك-ـە.

بارودۆخی باشیك جیاوازترە لە بەرتڵە، هەرچەندە لەهەردوو شارەكەدا لیوای شەبەك هەن، بەڵام هیچ یەكێك لەو كەسانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە ئاماژەیان نەدا بە هیچ شەپۆلێكی نیشتەجێكردن یان جێگیركردنی هاوڵاتیانی شەبەك لە ناوچەكەدا، بەڵكو زیاتر ئێزیدی و كریستیان گەڕاونەتەوە.

لە باشیك ژمارەیەك لە لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان یان هێزەكانی ئاسایش یاخود پێشمەرگە كێشەیان روبەڕوبۆتەوە، "دوای هاتنی حەشدی شەعبی بەشێك لە هاوڵاتیان لە ترسی كوشتن و تیرۆركردن رۆیشتن، هەندێكیان گەڕاونەتەوە بەڵام زۆرینە هەر نەگەڕانەوە".

نەبونی گۆڕانكاری گەورە لە دیمۆگرافیای ناحیەكەدا بەهۆی رێگری هاوڵاتیانە لە كردنەوەی بارەگای حەشدی شەعبی، "پیاوانی ئایینی و كەسایەتی هەموو پێكهاتەكان رێگرییان كرد لە حەشدی شەعبی هەر گروپێك، ئێزیدی یان كریستیانی یاخود موسڵمان كە بچنە ناوشار، بۆیە هەر لە چواردەوری شارەكەدا مانەوە".

ئەوەش هۆكار نییە تا هاوڵاتیان لە داهاتوی شارەكە نەترسن و خەمیانە هاوشێوەی بەرتڵە روبەڕوی گۆڕینی دیمۆگرافیا ببنەوە.

لە ساڵی 2015ـیشەوە سەربازگەیەكی توركیا لە ناحیەكەدا هەیە، چەندینجار روبەڕوی بۆردومانی موشەك لەلایەن گروپی نەناسراو بونەتەوە، بەڵام نیازی پاشەكشێیان نییە، سەرباری دژایەتی زۆریان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، كە هێندەی دیكە مەترسی لێكەوتەی سەربازی لە ناوچەكەدا زیاتر كردووە.

 

شنگال؛ بە هەشت هێزەوە ناسەقامگیرە

هەڵكەوتەی ستراتیژی شنگال، بۆتە جێگەی ململانێی هێزە هەرێمییەكان و هەریەك بۆ بەرژەوەندی خۆی لەسەر حسابی خەڵكی ناوچەكە هەوڵدەدات، بە رونی دەردەكەوێت هێزە چەكدارییەكان لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكاندا بەربەستن.

ezidi-14

شێخان/ 2018/ خانمێكی ئێزیدی لە مەراسیمەكانی پەرستگای لالش لە جەژنی چوارشەمەی سور فۆتۆ: كەركوك ناو

شنگال لە خۆرئاوای موسڵە، نیشتمانی مێژویی زۆرێنە ئێزیدییە لەگەڵ بەشێك لە هاوڵاتیانی عەرەبی سونە و ژمارەیەكی كەم لە كریستیان.

شارەكە لەژێر دەستی حكومەتی هەرێم و دۆسیەی ئەمنی لای پێشمەرگە بوو، كاتێك داعش لە ئابی 2014ـدا هێرشیكردە سەر قەزاكە و پێشمەرگە هەڵات، بەهۆیەوە لانیكەم 50 هەزار ئێزیدی بەرەو چیای شنگال هەڵاتن و روبەڕوی كارەسات بونەوە.

بەشێك لە پیاوانی ئێزیدی چونە پاڵ یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، كە تازە پێكهێنرابوو، تا لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكەدا هاوشانی پێشمەرگە بەشداریی بكەن، دواتر ململانێی ئەوان و پارتی لەسەر دەستبەسەرداگرتنی ئیدارەدان و ئەمنیەتی ناوچەكە بەردەوام بوو.

"هەشت هێزی جیاوازی لێیە، هەمویان دەڵێن بۆ پاراستنی ئێوە لێرەین، بەڵام كەسیان ئەو كارە ناكەن".

یەكینەكانی بەرخودانی شنگال؛ لە 2019ـەوە بون بە بەشێك لە حەشدی شەعبی كە دوای ریفراندۆمی 2017ـی هەرێمی كوردستان چونە ناو قەزاكە؛ قایمقام و ئیدارەیەكی نوێیان دانا، هەرچەندە بەغدا و هەرێم بەرەسمی دانیان پێدانانێن.

زۆرێك لەو كەسانەی بۆ سیسفایەر قسەیان كردووە، سەرباری جیاوازی لایەنگری سیاسییان، بەگرنگییەوە باس لە پێكهێنانی هێزی ئێزیدی لە شنگال دەكەن، بەوپێیەی هەستدەكەن پێشتر لەلایەن هێزە گەورەكانەوە خیانەتیان لێكراوە، "لەكاتی كۆمەڵكوژییەكەدا 12 هەزار پێشمەرگە لە شنگال و ناوچەكانی تر بون، لەو رۆژە رەشەدا كە بە گەورەترین خیانەتی دادەنێین، هەزاران گەنج و پیر ژیانیان لەدەستدا، هەموو خوشك و كچەكانمان كەوتنە دەستی داعش".

يەكینەكانی بەرخودانی شنگال كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەژماردەكرێن، بە چونە پاڵ حەشدی شەعبی، توانییان هێز و دەسەڵاتیان زیاتر بكەن، تا ئاستێكی زۆر پارتی لە قەزاكە دوربخەنەوە.

ئەو هێزەش روبەڕوی رەخنە بونەتەوە بەهۆی پێشێلكاری لە دژی مافەكانی مرۆڤ، تۆمەتبارن بە دەستگیركردنی زۆرەملێ، تیرۆركردن و بێزاركردنی سیاسییەكان و ئەوانەیان لێیان جیابونەتەوە، رێگریشیان كردووە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكانی تر لە شنگال. بەوتەی هاوڵاتییەك.

هاوڵاتیان كۆكن كە پێكهێنانی هێزێكی ئێزیدی سەر بە هێزە چەكدارەكانی عیراق باشترین نمونەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، بەراورد بە هێزێكی ئێزیدی سەر بە حەشدی شەعبی یان پەكەكە.

هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لە تشرینی یەكەمی 2020ـدا رێككەوتنی شنگالیان بۆ پێكهێنانی ئیدارەی نوێ و دۆسیەی ئەمنی و خزمەتگوزاری قەزاكە واژۆكرد، ئەوەش بە ئامادەبون و چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەو رێككەوتنە روبەڕوی رەخنەی توندی كۆمەڵگەی ئێزیدی بۆوە كە لە دانوستانەكاندا پرۆس و راوێژیان پێنەكراوە، سەرباری هەبونی تەوافوقی باڵای سیاسی، هێشتا جێبەجێنەكراوە.

لە مافە ئایینییەكانمان بێبەشمان ناكەن، بەڵام بێزارمان دەكەن و هەوڵدەدەن بەهەر پاساوێك بێت ئیستیفزازمان بكەن

سیسفایەر دەڵێت حەشدی شەعبی رۆڵی چالاكی هەبووە لە دروستكردنی بەربەستی بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و گەڕانەوەی ئیدارەی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ شنگال، ئەوەش ستراتیژی گشتی حەشدی شەعبییە كە دژی ئاساییكردنەوەی سیاسی و سەقامگیرییە لە ناوچەكانی جێناكۆك.

لە نەبونی پرۆسەكانی ئاوەدانكردنەوەشدا، حەشدی شەعبی هەوڵدەدات ئەو هەلە بقۆزێتەوە، تا لە بوارەكانی ئابوری و گەشەپێداندا رۆڵی بەهێزتری هەبێت.

ناوچەكە بۆتە چەقی هەڵكشانی گرژییە هەرێمییەكان، بونی گروپە چەكدارییەكانی هاوپەیمانی پەكەكە كێشەیە بۆ توركیا و ئەمریكاش داوای پاشەكشێیان دەكات.

توركیا چەندینجار لەڕێی بۆردومانی ئاسمانییەوە شنگالی كردۆتەوە ئامانج و لە سەرەتای ساڵی رابردودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە نیازی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر قەزاكە نیشاندا، بۆیە حەشدی شەعبی 10 هەزار سەربازی زیادەی لە ناوچەكەدا جێگیركرد، بەڵام توركیا هێرشی نەكرد.

حەشدی شەعبی هاوشێوەی باشیك دژی پێشڕەوی توركیایە بۆ شنگال، گروپەكانی وەك عەسائیب ئەهلحەق و رێكخراوی بەدر و بزوتنەوەی حزبوڵا لەسەر نیازی هێرشكردنە سەر شنگال هەڕەشەیان لە حكومەتی ئەنقەرە كرد.

"لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری هەشت هێزی سەبازی جیاواز هەن،... هەمویان بونەتە فشار لەسەر ئەو برینەی هێشتا سارێژ نەبووە و بەهۆیەوە خەڵك بۆ زێدی خۆی نەگەڕاوەتەوە"، كەمترین رێژەی گەڕانەوە لەسەر ئاستی عیراق، لە شنگالە، كە بڵاوەپێكردنی گروپی چەكداری و بارودۆخی خراپی ئەمنی دوو هۆكاری سەرەكین.

"ئەوان لە مافە ئایینییەكانمان بێبەشمان ناكەن، بەڵام بێزارمان دەكەن و هەوڵدەدەن بەهەر پاساوێك بێت ئیستیفزازمان بكەن، بۆ نمونە، زەوی جوتیاران داگیردەكەن و بەجێیناهێڵن" هاوڵاتییەك دوای گەڕانەوە وادەڵێت.

ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە بارودۆخیان لە ژیانی ئاوارەیی باشتر نییە، لە سەروبەندی هەڕەشەكانی توركیا سەدان خێزانی شنگال داوایان رەزامەندی عیراق و هەرێمی كوردستانیان كرد تا بگەڕێنەوە بۆ كەمپەكانی دهۆك.

 

تەلەعفەر؛ ئاشتییەكی فشەڵ

ئەو قەزایە زۆرجار وەك نمونەیەكی بچوككراوەی گرژی نێوان شیعە و سونە لە عیراق تەماشا دەكرێت، بەهۆی داگیركردنی شارەكە لەلایەن داعشەوە دانیشتوانە شیعەكەی كۆچیان كرد و دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكەش لەلایەن حەشدی توركمانییەوە، هاوكێشەكە پێچەوانەوە بۆوە.

campi-shrya-62021-1

دهۆك/ 2021/ منداڵێكی ئاوار لە شوێنی خێوەتە سوتاوەكەی خێزانەكەی لە كەمپی شاریا فۆتۆ: كەركوك ناو

تەلەعفەر زۆرینەی دانیشتوانەكەی توركمانن، بە دوری 63 كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، توركمانی سونە سێ لەسەر چواری دانیشتوان و توركمانی شیعەش بەشەكەی تر پێكدەهێنن.

پێشتر ناوچەكە چەقی توندوتیژی تائیفی بوو، دواتر ناوەندێك بوو بۆ سەربازیكردنی قاعیدە و گروپە توندەڕەكانی تر، جگە لە ناكۆكی زۆری تائیفی و مەزهەبی، تا داعش لە ناوەڕاستی 2014ـدا دەستیبەسەرداگرت.

"بەگشتی بارودۆخی ئێستا بەراورد بە پێش داعش باشترە، چونكە خەڵك لە هەموو پێكهاتەكان بۆیاندەركەوت داعش بەرژەوەندییەكانیان بەدیناهێنێت و خزمەتی وڵات ناكات".

هەرچەندە ترسی تۆڵەسەندنەوە لە سونە هەبوو لەلایەن گروپە شیعەكانەوە، سەرباری هەبونی تاڵانی و خاپوركردنی موڵك و ماڵی خەڵك، بەڵام پێشێلكارییەكان لە ئاست چاوەڕوانییەكاندا كەمتربون.

ئێستا دیمەنەكە بە گشتی ئاماژەیە بۆ باشبونی پەیوەندییەكانی نێوان سونە و شیعە لە تەلەعفەر، "ئەو وێنە رەشەی نازناوی تەلەعفەری خراپ كرد ئێستا نەماوە"، بەوتەی هاوڵاتییەك.

ئەو چیرۆكە دیوێكی دیكەشی هەیە؛ هێشتا بەشێكی زۆر لە دانیشتوانە سونەكەی لە دەرەوەی تەلەعفەرن، بەپێی ئامارەكان سەدا 60ـی خەڵك گەڕاونەتەوە، ئەو سەدا 40ـی ماونەتەوە زۆرینەیان ئاوارەی سونەن، بەوپێیەی زۆرێك لە سونەكان لەژێر دەستی داعشدا مانەوە، بۆ حەشدی شەعبی ئاسانە تۆمەتباریان بكات، بێگوێدانە رادەی تێوەگلانی راستەقینەیان لەگەڵ داعش.

تەنانەت ئەو كەسانەی بۆ سیسفایەر باسیان لە پەیوەندی ئەرێنی نێوان پێكهاتەكانی تەلەعفەر كرد، دانبەوەدانێن لێبوردەییەكە ئەو خێزانانە ناگرێتەوە كە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.

لە رێككەوتنی ساڵی 2018ـی ناحیەی عەیازییەی باشوری تەلەعفەر، كە عەشیرەتەكانی سونە و شیعە واژۆیانكرد، خاڵێكی بۆ رێگرییە لە گەڕانەوەی هەر كەسێك لە كاری تیرۆر یان كەسی پلەیەكی تێوەگلابێت، مەگەر بەڕێگەی رێكارەكانی دادگا بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت.

ئێستا هاوڵاتیانی توركمانی سونە لە زیادبونی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی نیگەرانن و دەترسن هەمان ئەو بارودۆخە دوبارە ببێتەوە كە بۆ ماوەیەكی دودرێژ شیعەكانی قەزاكە بەدەستیەوە دەیانناڵاند، لە رێگرییەكانی بەدەم گەیشتن بە كار و دەسەڵات، حەشدی توركمانی ئەجێندای ئێران لە تەلەعفەر جێبەجێدەكەن.

ناوەندی تەلەعفەر زۆرینە توركمانییە، بەڵام ناحیەكانی عەیازییە و رەبیعە و زوممار شوێنی نیشتەجێبونی عەرەبی سونە و كوردن كە بەهۆی باڵادەستی شیعەی توركمانەوە هەست بە پەراوێزخستن دەكەن.

خەڵك بۆ چارەسەری كێشەكانیان دەچنە لای حەشدی شەعبی و رۆڵی ئەو گروپە زۆر لە دۆسیەی ئەمنی زیاترە.

هەرچەندە پێویستە حەشدی شەعبی لە دەرەوەی ناوەندی تەلەعفەر بمێنێتەوە، بەڵام چەندین نوسینگە و بارەگایان لەناو شاردا هەیە، دەستتێوەردان لە ئیدارەداندا دەكەن و هاوڵاتییەك دەڵێت خەڵك بۆ چارەسەری كێشەكانیان دەچنە لای حەشدی شەعبی و رۆڵی ئەو گروپە زۆر لە دۆسیەی ئەمنی زیاترە.

 

كەركوك؛ هەر رۆژە و بەدەست یەکێکەوەیە

رەنگە كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوت ئەو ناوچەیەی جێناكۆك بێت كە گرنگی بۆ زۆرێك لە كۆمەڵگە جیاوازەكان و داخوازییە سیاسییەكانیان هەیە، بە درێژایی ساڵانی رابردو كۆنتڕۆڵكردنی شارەكە لە گۆڕانكاریدا بووە و جێگەی ناكۆكی نێوان عەرەب، كورد و توركمانە، لە سەردەمی حوكمی بەعس-ـیشدا ئامانجی سەرەكی سیاسەتی تەعریب بووە.

چارەنوسی كەركوك بەستراوەتەوە بە ماددەی 140ـی دەستور كە هێشتا جێبەجێنەكراوە.

هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ـدا دەستیانگرت بەسەر شارەكەدا و نەیانهێشت بكەوێتە دەستی داعش، بەڵام دەسەڵاتی كورد رەزامەندی عەرەب و توركمانی بەدەستنەهێنا، كە لەو ماوەیەدا بە پاڵنەری سیاسی روبەڕوی شێوازە جیاوازەكانی توندوتیژی و كۆچی زۆرەملێ بونەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتەكەی سیسفایەر.

لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـدا كەركوك كەوتە دەست هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی عیراق و حەشدی شەعبی، دوو گروپی سەرەكی حەشدی شەعبی لە پارێزگاكەدا هەن، ئەوانیش لیواكانی 16 و 52ـی توركمانی شیعە كە پێشتر قوربانی دەستی داعش و لەسەردەمی دەسەڵاتی كورددیشدا پەراوێزخرابون.

لانیكەم 150 هەزار هاوڵاتی كەركوكی كە زۆرینە كورد بون، لەكاتی هێرشەكانی حەشدی شەعبی بۆ كەركوك ئاوارەبون، بەپێی هەندێك راپۆرت حەشدی شەعبی هاوڵاتیانی كوردیان دەركردووە، موڵك و ماڵیان سوتاندون و خاپوریان كردون، بەشێك لە ئاوارەكان گەڕانەوە، بەڵام زۆرینە ناتوانن بگەڕێنەوە، بەتایبەت ئەندام و لایەنگرانی حزبە كوردییەكان، هێشتاش زۆرێك لە خێزانە كوردەكان خانوەكانیان دەفرۆشن و دەڕۆن.

عەرەبیش كەوتنە ژێر كاریگەری بڵاوەپێكردنی حەشدی شەعبی لە كەركوك، بەڵام بەرێژەیەكی كەمتر، هەرچەندە دەستبەسەرداگرتنی گوندەكانی دەوروبەری بەشیر لە باشوری شارەكە بە هۆكاری نەگەڕانەوەی هاوڵاتیانی عەرەبی سونە دادەنرێت.

"گروپەكانی حەشدی شەعبی ئەو خێزانانەیان لە حەویجە دەركرد و موڵكەكانیان خاپور كرد كە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ داعش لێدەكرێت" لە راپۆرتەكەی سیسفایەردا واهاتووە.

هەروەها كەمینەكانی كەركوك پێیانوایە بە دابەشكارییی ئێستای هێزەكان لە مەترسیدان، بۆ نمونە چەندین گوندی كاكەیی هەن كە بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ دۆسیەی كورددا هاوسۆز بون چونكە پێیانوایە لەگەڵ بەرژەوەندییاندا دەگونجێت، بەڵام پاشەكشێی هێزە كوردییەكان بێ پارێزگاری ئەوانی هێشتەوە.

krstian

كه‌ركوك/ 2020/ مه‌راسیمه‌ ئایینییه‌كانی له‌دایكبونی مه‌سیح له‌كڵێسای عائیله‌ موقه‌ده‌سه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

هاوڵاتییەك دەڵێت دوای گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی كەركوك، هێزە نوێیەكان هیچ هەنگاوێكیان نەنا بۆ رێگری لە هێرشی پاشماوەكانی داعش بۆ گوندەكانی كاكەیی.

"50 چەكداری داعش ئامادەكارییان دەكرد بۆ هێرشكردنە سەر گوندی زەنقر و رفاندنی خەڵك،.. هێزە ئەمنییەكانمان ئاگاداركردەوە، بەڵام هیچ جوڵەیەكیان نەكرد، تا لە شەودا داعش هات و هاوڵاتیانی رفاند، بۆ رۆژی دواتر كاتژمێر 10ـی بەیانی، پۆلیسی ناوخۆیی هات و لێكۆڵینەوەی دەستپێكرد، بەڵام لە كۆتاییدا هیچیان نەكرد"، بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لە كۆی 15 گوندی كاكەیی تەنیا پێنج گوند خەڵكی تیایدا ماوە.

كەمینەكانی دیكەش هەست بە نەبونی ئاسایش دەكەن؛ هاوڵاتییەكی كریستیان دەڵێت كڵێسای كلدانی دژی پێكهێنانی گروپی چەكداری كریستیان بون، هەروەها سابیئەی مەندائی وەك كەمینەی ئایینی نەك لە چوارچێوەی هیچ گروپێكی چەكداری كەركوكدا نین، بەڵكو لەلایەن گروپە دەسەڵاتدارەكانەوە روبەڕوی مامەڵەی رەق و توندوتیژ دەبنەوە بەهۆی ئایدۆلۆژیای ئایینییانەوە.

"كاتێك لە مینبەری مزگەوتەكەوە گوێبیستی وتارەكان دەبم كە دەڵێت هەموو پێكهاتە ناموسڵمانەكان كافرن، هەست بە نائاسودەیی و نیگەرانی دەكەم، ئەوەی نیمانە و ئامادەنییە، وتاری ئایینی لێبوردەییە كە رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت".

لە راپۆرتەكەی سیسفایەردا هاتووە راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت پاڵپشتێكی بەهێزی بەردەوامی رۆڵی حەشدی شەعبییە لە پارێزگاكەدا و لەگەڵ رێكخراوی بەدر هاوسۆزە كە نوسینگەیان لە شارەكەدا هەیە.

"هەموو گروپە چەكدارەكان هەوڵی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە سیاسی و تایبەتییەكانیان دەدەن، ئەوەش لەسەر حسابی كەمینەكان، وەك هاوڵاتییەكی كەمینە، خۆم بە لاوازترین بازنەی كۆمەڵگە دەبینم، ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر دەرفەتی بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری و ئاسایش و كار هەیە، لەكاتێكدا هەلیكار ئامرازێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی هەستكردن بە ئاسایش و دڵسۆزی بۆ نیشتمان".

حەشدی شەعبی دەستكەوت و كار بۆ لایەنگرانی خۆی فەراهەم دەكات، دەستیگرتووە بەسەر زەوی گشتیدا تا بە كرێییان بدات و باج وەربگرێت، لەمدواییانەشدا زەوی نیشتەجێبونیان لە شارەكە بۆ كەسوكاری "شەهیدانی حەشدی شەعبی" تەرخانكردووە.

هەروەها تۆمەتباردەكرێن بە دەستكەوتنی پارە لە پرۆژە نایاساییەكاندا، وەك وەرگرتنی باج لە شۆفێرانی بارهەڵگر لەكاتی تێپەڕینیان بە بازگەكانی پشكنین و سەپاندنی باج بە سەر دوكانداراندا بەناوی پاسەوانییەوە.

جگە لە كاریگەری و دەسەڵاتەكانی لە بوارەكانی سیاسی و ئابوری، حەشدی شەعبی دەیەوێت لە بواری كلتوری و رۆشنبیریدا كاریگەری هەبێت؛ فشار دەخەنە سەر ئەو گروپانەی شیعە نین تا لەگەڵ ئایدۆلۆژیای شیعەدا بڕۆن، بەوتەی هاوڵاتییەك ئەوان زیاد لە پێویست هەوڵدەدەن كاكەییەكان ئەو ئاراستەدا ببەن بەشداری مەراسیمە ئایینەكانی شیعە بكەن.

دابەشبونی ئێستای هێزە ئەمنییەكان لە كەركوك، تەنیا هاوسەنگییەكی كاتی و فشۆڵە، لەبەرئەوەی هێشتا ناكۆكییە سیاسییەكان چارەسەر نەكراون.

هەموو گروپە چەكدارەكان لەسەر حسابی كەمینەكان هەوڵی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە سیاسی و تایبەتییەكانیان دەدەن

كریستیانەكان ترسیان هەیە لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەكدا كاریگەری لەسەر كەمینەكان دروستبێت، بەوپێیەی ژمارەیان پێشتر ئەگەر دوو هەزار خێزان بوبێت، ئێستا بۆ نزیكەی 600 خێزان كەمبونەتەوە، "هەبونی میلیشیا و هێزی چەكداری جیاواز، توشی نیگەرانیمان دەكات و وادەكات لەپێناو پاراستنی خێزانەكانماندا بیر لە كۆچكردن بكەینەوە".

زۆر كەس پێیوایە تەنیا چارەسەری ئەو كێشانە لە پێكهێنانی هێزێكی گشتگیری یەكگرتودایە كە تەنیا نوێنەرایەتی بەرژەوەندی یەك گروپ نەكات.

 

راسپاردەكانی سیسفایەر

لە راپۆرتەكەدا ژمارەیەك راسپاردە ئاڕاستەی هەریەك لە حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستان كراوە، لە نێویاندا گرەنتی چاودێری بەسەر هێزە چەكداریی و ئەمنییەكانەوە، لەگەڵ گرەنتی پابەندبونیان بەو یاسایانەی مافەكانی مرۆڤ بە هەند وەردەگرن لەگەڵ گرتنەبەری رێكاری لێكۆڵینەوەی خێرا و بێلایەن لە پێشێلكارییەكاندا.

هەروەها داوای بەشداریپێكردنی نوێنەری كەمینەكان دەكەن لە گفتوگۆ و پلانەكانی پەیوەست بە ئاسایش و ئەو ناوچانەی تیایدا دەژین، جگە لە پێویستی دەركردنی یاسایەك بۆ نەهێشتنی جیاكاری، هاندانی كەمینەكان بۆ بەشداری لە هێزە سەربازی و ئەمنییەكاندا.

بەشێكی تری راسپاردەكان بۆ هەمواری یاسا عیراقییەكانە؛ بە ئامانجی دادگاییكردنی هەر كەسێك لەڕێی بەكارهێنانی هێزە سەربازی و چەكدارییەكانەوە لە تاوانى دژی مرۆڤایەتی تێوەبگلێت، داواشدەكەن بازگە ئەمنییەكانی پشكنین لە رێگا سەرەكییەكانی هاتوچۆ رادەستی حكومەت بكرێنەوە.

سیسفایەر بە پێویستی دەزانێت پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی ناوچەكانی جێناكۆك و لەڕێی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەوە، هانی ئاوارەكان بدرێت بۆ ناوچەكانی جێناكۆك بگەڕێنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand