دوای دەستكاریكردن، پرۆژە یاسای چەک پەسەند دەكرێت
2022-02-22 07:22:09
(درەو):
دوای لابردنی بەشێك لە چەمكەكانی ناو پرۆژە یاساكە، لیژنە هاوبەشەكانی پەرلەمان و حكومەت رێككەوتن و لەدوای كۆتایی هاتنی پشووی پەرلەمانەوە یاسای چەک پەسەند دەكرێت.
لە كۆبونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی نێوان حكومەت و پەرلەمان سەبارەت بە پرۆژە یاسای چەك لە هەرێمی كوردستان كە بەسەرپەرشتی سەرۆكی پەرلەمان و ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ ئەنجامدرا، حكومەت و پەرلەمان لەسەر پرۆژە یاساكە رێككەوتن و لە پەرلەمان پەسەند دەكرێت.
بە پێی راگەیەندراوی سایتی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆبونەوەكەدا ڕاپۆرتی كۆتایی پڕۆژە یاساكە ئامادەكرا، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی سێیەمی بۆ بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەكۆبونەوەكەدا ناكۆكی و نیگەرانی لەسەر بڕگەی (3)ی مادەی (13)ی پرۆژە یاساكە بووە كە كۆمەڵێك چەمكی لاستێکی تیابووەو لێكدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت، بۆیە دوو بۆچونی جیاواز دروستبووە، پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەوەبوون ئەو مادەیە لاببرێت و وەزیری ناوخۆش سووربووە لەسەر مانەوە، دواتر بۆچونی سێیەم هاتووەتە ئاراوە، ئەویش بە لابردنی ئەو چەمك و موفرەدانەی ناو ماددەکە كە تەفسیری زۆر هەڵدەگرن و لێكدانەوەی جیاوازیان بۆ دەكرێت.
بەتایبەتیش چەمكەكانی (تێكدانی ئاسایشی هەرێم، یاخی بوون بەرامبەر هەرێم، تێكدانی بەرژەوەندی گشتی، هەندێك حوكمی لەسێدارەدان) وشەیەك كە تەفسیر هەڵبگرێت لابراوە، بۆیە سەرجەمی ئەو چەمكانە لە مادەكە لابران.
بڕگەی سێیەم لە مادەی (13)ی پرۆژە یاساكە كە كاتی خۆی زۆرترین ناڕەزایی لێکەوتەوە هاتووە: ئەگەر تاوانەكە بەمەبەستی ئەنجامدانی كارێكی تیرۆریستی یان تێكدانی ئاسایشی گشتی یان پاڵپشتیكردنی هەر یاخیبونێك دژ بە هەرێم ئەنجامدرابێت، سزاكە دەبێتە لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی).
سەرجەم ئەو چەمكانەی لەناو ئەو مادەیەدابوون لابران، جگە لە چەمكی "تیرۆریستی"، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە یاسای تیرۆر لە مادەی (2)دا هاتووە: بەكارهێنانی چەكی جەنگی بۆ كاری تیرۆریستی حوكمی لەسێدارەدانە.
لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا راپۆرتی كۆتایی لیژنەی هاوبەش ئامادەكرا بۆ خوێندنەوەی سێیەم و پەسەندكردنی.
پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان رەزامەندیان دەربڕی لەسەر پرۆژە یاساكە،
فراكسیۆنی گۆڕان كە(جەلال محەمەد، شاخەوان رەئوف بەگ ،یاسین خدر) بەشداربوون رەزامەندیان نواندووە،
فراكسیۆنی (یەكگرتوو، نەوەی نوێ) بەشدارنەبوون لە كۆبونەوەكە، فراكسیۆنی (كۆمەڵی دادگەریی) كۆبونەوەكەی جێهێشت.
بۆیە بڕیارە لە دوای پشووی پەرلەمان لە 1/3/2022 لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەو پرۆژە یاسایە خوێندنەوەی سێیەمی بۆ بكرێت و پەسەند بكرێت.