Draw Media

پارتی‌و یەكێتی لەناو ململانێی شیعەكاندا

پارتی‌و یەكێتی لەناو ململانێی شیعەكاندا

2022-02-23 12:13:26


(درەو):
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوپەیمانێتییەكەی نوێ رادەگەیەنن، یەكێتی لەگەڵ ئەم هاوپەیمانێتییەدایە، پارتیش لەگەڵ سەدرو سوننەكان رێككەوتنی هەیە، ژمارەكان تائێستا ئەوەی نیشان دەدەن هاوپەیمانێتییەكەی پارتی ژمارەی كورسییەكانی لەوەی یەكێتی لەناو پەرلەمان زیاترە. 

هاوپەیمانێتییەكی نوێ 
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (نوری مالیكی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، حەیدەر عەبادی، عەممار حەكیم) بەنیازی راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەكی نوێن. 
هاوپەیمانێتییە نوێیەكە ناوی (الپبات الوگنی- چەسپاوی نیشتمانی)یە، بەگوێرەی ئەوەی باسدەكرێت، جگە لە پەرلەمانتارانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەندێك پەرلەمانتاری سەربەخۆش لەخۆدەگرێت.
محەمەد شەممەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كوتلەی دەوڵەتی یاسا دەڵێ" لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانێتی چەسپاوی نیشتمانی رادەگەیەنرێت".
رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر پێكهێنانی لیژنەكان‌و دابەشكردنی پەرلەمانتاران بەسەر لیژنەكاندا، واتە بەگوێرەی قسەی شەممەری رۆژی دوو شەممە هاوپەیمانێتییە نوێیەكە رادەگەیەنرێت. 
بەپێی ئەوەی شەممەری باسی دەكات، ژمارەی پەرلەمانتارانی ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە (88) پەرلەمانتارە‌و ئەگەری زیاتربونیشی هەیە. 
هەوڵدان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی بەمەبەستی جێگیركردنی كوتلەی زۆرینەی پەرلەمانییە، واتە ئەو كوتلەیەی كە رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق.

پارتی‌و یەكێتی لە هاوكێشەی ژمارەكاندا
پۆستی سەرۆك وەزیران لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە، وەكو عورفێك دراوە بە پێكهاتەی شیعە، ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو شیعەكانی دابەشكرد بەسەر دوو بەرەی دژبەیەكدا، موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی. 
سەدر چوەتە رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سوننەكان، هاوپەیمانێتییەكەی بەتێكڕا زیاتر لە (170) كورسی لە پەرلەمان هەیە، لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ ئەم بەرەیەدایە‌و بە بەرە "ئێرانییەكە" ناسراوە، دایە، بەپێی زانیارییەكان بەتێكڕا ژمارەی كورسییەكان دەگاتە (130) كورسی. 
لەم حاڵەتەشدا هێشتا كوتلەی زۆرینەی پەرلەمان لای هاوپەیمانێتی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)یە، چونكە ژمارەی كورسییەكانیان زیاترە لە بەرەكەی تر. 
بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق كە لێكدانەوە بۆ دەستور دەكات، پرۆسەی دیاریكردنی كوتلەی گەورەی پەرلەمان، دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لیستی كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەمان دیاری دەكات‌و ئاڕاستەی سەرۆك كۆماری نوێی دەكات، سەرۆك كۆماریش كوتلەكە رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. 
پەكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، هێندەی پەیوەندی بە ململانێكانی ناو ماڵی شیعەوە هەیە، هێندە لەسەر ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رانەوەستاوە. 
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لەگەڵ یەكێتیدا توانیویانە رێژەی یەك لەسەر سێی كورسییەكانی پەرلەمان كۆنترۆڵ بكەن، بەم رێژەیە ئاستەنیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ دروستكردووە‌و دەیانەوێت بەرەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) شەكەت بكەن‌و دواجار وایان لێبكەن لەبەر یەكتر هەڵوەشێن.
لەبەرامبەردا هاوپەیمانێتی سێقۆڵی، سەرباری ئەوەی یەكێكیان كە (پارتی دیموكراتی كوردستانە) بەمدواییە لەرێگەی دادگای فیدراڵییەو چەند گورزێكی بەهێزی بەركەوت، هێشتا بە یەكگرتوویی ماوەتەوە.
ئێستا هەردوو بەرەكەی شیعە، گرەو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەوی تر دەكات، ئێران لەسەر هێڵی فشارەكانە لەدژی بەرەكەی سەدر.

پارتی‌و یەكێتی لە ململانێی شیعەكاندا
لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، ئەمە یەكەمجارە كورد بەو روونییە دەچێتە ناو ململانێكانی ناو ماڵی شیعەوە، پێشتر بەردەوام كورد‌و سوننە خۆیان لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە بەدوور گرتووە‌و راوەستاون تا ئەوكاتەی ئەوان خۆیان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلابونەتەوە، بەڵام ئەمجارە هەر بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پارتی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدرییەكان كرد، لەدوای هەڵبژاردنیشەوە یەكێتی یەكلابووەوە بۆ بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی. 
بەم دابەشبوونە بەسەر بەرە نەیارەكانی شیعەدا، پارتی‌و یەكێتی دەستی دادگای فیدراڵییان بەسەر هەرێمی كوردستاندا واڵاكردو دوای (10) ساڵ دادگاكە بڕیاری خۆی لەبارەی پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ یەكلاكردەوە‌و بە كارێكی نادەستوری ناویبرد، دادگا لەسەر هەرێمی كوردستانی چەسپاند دەبێت نەتەوەكەی رادەستی بەغداد بكات.  
ئەگەر دابەشبوونی كورسییەكانی پەرلەمان بەمشێوەی ئێستا بمێنێتەوە‌و هیچ بەرەیەك لەبەرامبەر ئەوی تردا سازش یاخود پەرتبوون بەخۆوە نەبینێت، دروستبوونی نیسانی یاسایی بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو نابێت‌و پرۆسەكە زیاتر دوادەكەوێت، چونكە دانیشتنەكە پێویستی بە ئامادەبوونی (220) پەرلەمانتار هەیە لە كۆی (329) پەرلەمانتار، هیچ یەكێك لە دوو بەرەكەی شیعەو هاوپەیمانەكانیان ئەم ژمارەیان پێ تەواو ناكرێت، بەبێ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەستپێناكات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand