مالیکی: رێککەوتنمان لەبواری نەوت و غاز لەگەڵ ھەرێم نەبووە
2022-02-20 18:24:39
(درەو):
نوری مالیکی وەڵامی بەڵگەنامەیەک دەداتەوە، کە چەند رۆژی رابردوو میدیاکانی پارتی لەبارەی رێککەوتنی نەوت و غاز لەنێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی پێشووی عێراق بڵاویانکردەوە، بەڵگەنامەکە تۆمارێکی ڤیدیۆیی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراقە، مالیکی قسەکانی تاڵەبانی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا رەتدەکاتەوەو دەڵێ" ھیچ رێککەوتنێکمان نەکردووەو ئەوەی ھەبووە تەنیا پێشنیازێکی زاڵمای خەلیلزاد بووە".
دەقی راگەیەندراوەکە:
لە هەندێك شوێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەکی بڕدراوی سەرۆکی کۆچکردوو بەڕێز جەلال تاڵەبانی بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا ئاماژە بەو دەکات رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی بەڕێز نوری مالیکی و حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا کراوە، بەگوێرەی ئەم رێککەوتنە رێگە بە حکومەتی ھەرێم دراوە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان بکات بۆ دەرھێنانی نەوت و ھەناردەکردنی بەبێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی، ئەگەر ھاتوو تاوەکو مانگی مایسی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان پەسەند نەکرا.
لەم چوارچێوەیەدا جەخت دەکەین ئەوکات ھیچ رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمدا نەبووە، ئەوەی سەرۆکی کۆچکردوو باسی کردووە پێشنیازێک بوو کە ئەوکات زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی ئەمریکا پێشکەشی کردووە بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە لەوکاتەدا، ئەم پێشنیازەش رەتکراوەتەوە چونکە کێشەکەی چارەسەر نەدەکردو بە پێچەوانەوە ئاڵۆزی دەکرد.
نوسینگەی رۆژنامەوانی نوری مالیکی
١٩ی شوباتی ٢٠٢٢