Draw Media

بارزانی لەنێوان ریفراندۆم‌و نەوتدا

بارزانی لەنێوان ریفراندۆم‌و نەوتدا

2022-02-17 11:02:07


 راپۆرت: درەو
لە 2017دا دوای لەدەستدانی كۆنترۆڵی ناوچە جێناكۆكەكان، بارزانی قایل بوو بەوەی دادگای فیدڕاڵی دەرەنجامەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئێستا قایل نییە بە بڕیاری هەمان دادگا بۆ رادەستكردنی نەوت بە بەغداد، یەكێتیش كە ساڵێك لەمەوبەر بە نهێنی چووەتە دانوستان لەگەڵ بەغداد بۆ رادەستكردنی غازی سروشتی، ئێستا بە رادەستكردنی نەوت نیگەرانە، بارزانی لەنێوان دوو بڕیاری دادگای فیدراڵیدا، وردەكاری لەم راپۆرتەدا. 

ریفراندۆم‌و بڕیاری دادگای فیدراڵی 
2017 هەرێمی كوردستان بە رێبەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، ریفراندۆمی بۆ (سەربەخۆیی) ئەنجامدا، ئەم ریفراندۆمە ناوچە جێناكۆكەكانیشی گرتەوە، ئەمە حكومەتی ناوەندی ئەوكاتی عێراق كە (حەیدەر عەبادی) سەرۆكایەتی دەكرد، توڕەكرد. 
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی دراوسێ، بەشێك لە رایگشتی هەرێمی كوردستان دژی سازادانی ریفراندۆمەكە بوون، بەڵام بارزانی سور بوو لەسەر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەوادەی خۆیدا.
نیچیرڤان بارزانی كە برازای مەسعود بارزانییە، ئەوكات سەرۆكی حكومەت بوو، راستەخۆ خۆی لە پرسی ریفراندۆم نەگلاند‌و هەندێك خۆی بە دوورگرت، بەڵام بۆ قایلكردنی (مام)، كەناڵە تەلەفزیۆنییەكەی (رووداو)ی خستە خزمەتی بانگەشەكردن بۆ ریفراندۆم، نێچیرڤان بارزانی بۆچوونی جیاوازی هەبوو، تێگەیشتبوو، ئەنجامی ریفراندۆم بە كارەسات بۆ هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت.  
25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم كرا، دوای 20 رۆژ لە ریفراندۆم، هێزەكانی عێراق پەلاماری ناوچە جێناكۆكەكانیان دا، هێزەكانی پێشمەرگەی (پارتی‌و یەكێتی) لەم ناوچانە كشانەوە، كە لەدوای هاتنی داعشەوە كۆنترۆڵیان كردبوو.
نزیكەی مانگێك دوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەر‌و بە دیاریكراوی لە رۆژی 20ی تشرینی دووەمی 2017دا، دادگای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە‌و بڕیارەكانی تانەی لێنادرێت، بڕیاری خۆی لەبارەی ریفراندۆكەكە دەركرد‌و رایگەیاند" ریفراندۆم نادەستورییە‌و لێكەوت‌و دەرەنجامەكانی هەڵدەوەشێندرێتەوە". 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راستەوخۆ پابەندبوونی هەرێمی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە نیشاندا، واتە قایلبوون بە هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجامەكانی ریفراندۆم، ئەمە بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانە بوو كە لەوكاتەدا حكومەتی ناوەندی عێراق‌و وڵاتانی دراوسێ بەسەر هەرێمدا سەپاندبوویان. 
دوای ریفراندۆم، مەسعود بارزانی لەلایەن باڵیۆزو نێردە نێودەوڵەتییەكانەوە پشتگوێ خرا، ئەمە بەهۆی ئەوە بوو گوێی بۆ قسەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەگرتبوو، كاتێك دۆخەكە ئاڵۆز بوو، بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی كشایەوە، شكستی ریفراندۆمی رادەستی نێچیرڤان بارزانی كرد‌و قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجامەكانی ریفراندۆم. 

نەوت‌و بڕیاری دادگای فیدراڵی  
رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی "پێشوەختە" لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكەمجار نەخشەی سیاسی عێراقی بەشێوەیەكی كاریگەر گۆڕی، لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران پێگەیان لە پەرلەماندا پاشەكشێی كرد، موقتەدا سەدر كە یەكێكە لە رێبەرە دیارەكانی شیعەی عێراق‌و ماوەیەكە هەوڵی یاخیبوون لەژێر چەتری ئێران دەدات، بوو بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن. 
ئێرانییەكان زوو هەستیان بە مەترسی دۆخەكە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەیان كرد، لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ بارزانی‌و سوننەكان قسەیان كرد، داوایان كرد نەبن بە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعە، لەگەڵ لایەك نەبن دژی لاكەی تر، مەسعود بارزانی كە هاوپەیمانێتی سێقۆڵی لەگەڵ (سەدرو سوننەكان) كردبوو، سوور بوو لەسەر هاوپەیمانێتییەكەی، لەمەشدا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بە ئامانج گرت، داوای وەرگرتنەوەی ئەم پۆستەی لە یەكێتی دەكرد. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نێچیرڤان بارزانی هاوشێوەی ریفراندۆمەكە، لەم هەنگاوەشدا لەگەڵ بارزانی مامیدا نەبووە، بۆچوونی وابووە، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بەجێبهێڵدرێت‌و پارتی نەبێت بە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعە. 
نێچیرڤان بارزانی كە لەدوای نسكۆی 1975ەوە لەگەڵ بنەماڵەكەیدا رووی لە ئێران كردووە‌و لە (كەرەج)ی نزیك تاران ژیاوە، زمانی (فارسی) دەزانێت‌و پەیوەندی مێژووی لەگەڵ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، ئەمدواییە كە پارتی لە ئێران زیاتر دوركەوتەوە، ئەو هەوڵی ئاسایكردنەوەی دۆخەكەی داوە، بەڵام بارزانی مام سەرلەنوێ ریسەكەی كردەوە بە خوری. 
رۆژی 15ی ئەم مانگە، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای سكاڵایەكی یاسایی كە ساڵی 2012 تۆماركرابوو، بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان‌و رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی ناوەندی. 
ئەمجارەیان پۆستەكان ئاڵوگۆڕیان پێكراوە، نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكی حكومەتەوە بووە بە سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان كە بەبێ سێ‌و دوو قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم‌و پرسی سەربەخۆیی كورد، ئێستا رازی نییە بەوەی كورد نەوتەكەی راستی حكومەتی فیدراڵ بكات‌و لەسەر ئەم بنەمایە پشكی كورد لە بودجەی گشتی عێراق دیاری بكرێت. 
قایل نەبوونی بەوەی كورد لەرێگەی عێراقەوە نەوتەكەی بفرۆشێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نێچیرڤان خۆی ئەندازیاری "ئابوری سەربەخۆ"‌و رێككەوتنی 50 ساڵەی نەوتە لەگەڵ توركیا، 17 ساڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە‌و نزیكەی سێ ساڵیشە سەرۆكی هەرێمە، لەرێگەی كەرتی نەوتەوە پێگەو ئابوری خۆی بەهێز كردووە‌و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ توركیا دروستكردووە، بەمدواییە دەیەوێت دوای نەوت، غازی سروشتی هەرێم رادەستی توركیا بكات.
بڕیاری ئابوری سەربەخۆ كە زیاتر خۆی لە فرۆشتنی نەوت بەبێ رەزامەندی حكومەتی ناوەندی بەغداد دەبینییەوە، لە ساڵی 2014وە بووە هۆی بڕینی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، ئیتر لێرەوە سەردەمی قەیرانی دارایی یەكەم دەستی پێكرد‌و موچەی فەرمانبەران كێشەی تێكەوت، تائێستاش كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی حكومەت دەكات ئەم قەیرانە داراییە بەردەوامە.  
بەپێی داتاكان، لە 2014وە بۆ ئێستا، بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە كە نێچیرڤان بارزانی رێبەرایەتی دەكرد، هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر (100 ترلیۆن) دیناری پشكی خۆی لە بودجەی عێراق لەدەستداوە، لەمە خراپتر دادگای فیدراڵی ئێستا كێشەی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دروستكردووە كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی حكومەت‌و دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، ئەم بڕیارەش لێكەوتی ئابورییە سەربەخۆكەیە. 
ئەگەر رۆژگاری پێش دەرهێنانی نەوت لە كوردستان، كێشەی نێوان كورد‌و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق پرسی خاك بوبێت بەتایبەتیش چارەنوسی كەركوك، ئێستا ئیتر نەوت تایتڵی گەورەی كێشەی كوردە لە عێراقدا‌و پرسی خاك وەلانراوە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە بارزانییەكان ئامادەن لەدوای ریفراندۆم خاك لەدەستبدەن، بەڵام ئامادە نین نەوت رادەست بكەن. 

یەكێتی‌و نەوت
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە (30) ساڵی رابردوودا، هاوبەشی سەرەكی حوكمڕانی كوردستان بووە لەگەڵ پارتیدا، لەدوای كۆتایهانی شەڕی ناوخۆو یەكخستنی حكومەتەوە لە ساڵی 2005دا، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و گەرمیان‌و راپەڕین) لەڕووی خزمەتكوزاریی‌و ئاوەدانییەوە بەبەراورد بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی (هەولێرو دهۆك) پاشەكشێیان بەخۆوە بینیوە. 
پارتی‌و یەكێتی سەرباری ئەوەی ماوە لەدوای ماوە لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە حكومییەكانی هەرێم‌و بەغداد دەكەونە كێشمەكێش، بەڵام هەردوولا سودمەندبوون لە ئابوری نەوت‌و هیچ كات ناكۆكییەكانیان سەری بۆ لێكترازان نەكێشاوە. 
یەكێتی بەر لە رووداوەكانی (8)ی تەموزی ساڵی رابردوو، واتە بەر لە دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی، چووە ناو گفتوگۆیەكی نهێنییەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداد لەبارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی سامانی سروشتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی (لەكاتی خۆیدا وەكو یەكەمین میدیای كوردی (درەو) لە راپۆرتێكدا باسی لە رێككەوتنەكەی یەكێتی‌و بەغداد كردووە، (لێرە كلیك بكە بۆ خوێندنەوە راپۆرتەكە).
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئەوكات (درەو) لەبارەی ئەو رێككەوتنە دەستی كەوتبوو، یەكێتی قایل بوو بوو بەوەی غازی سروشتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی رادەستی حكومەتی عێراق بكات، بەمەرجی ئەوەی حكومەتی عێراق لەڕووی داراییەوە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانیدا بكات نەك لەرێگەی حكومەتەوە لە هەولێر، ئەم رێككەوتنە تا حاڵەتی ئیمزا كردن هەنگاوی نا، بەڵام مستەفا كازمی كە سەرەتای دەستبەكاربوونی بوو لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، دڵنیا نەبوو لەوەی ئایا بۆ ویلایەتێكی تر دەمێنێتەوە یاخود نا، بۆیە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بۆ دۆخێكی لەبارتر هەڵگرت. 
یەكێتی كە ساڵێك لەمەوبەر هەوڵیداوە سامانی سروشتی رادەستی عێراق بكات، ئێستا بە دوو دڵییەوە تەماشای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەكات لەبارەی رادەستكردنی نەوتەوە، بڕیاربەدەستانی یەكێتی سەرباری ئەوەی خۆشحاڵن لەم كاتەدا كە كێشەی پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە، دادگای فشاری خستوەتەسەر پارتی، بەڵام لەلایەكی ترەوە بە نیگەرانییەوە لە بڕیارەكە دەڕوانن، بەوپێیە جێبەجێبوونی بڕیارەكە پشكی یەكێتی لە فرۆشی نەوتی هەرێم دەبڕێت. 
یەكێتی لەماوەی رابردوودا لەسەر زاری هەندێك لە بەرپرسە باڵاكانییەوە باسی لەوەكردووە، ئاگاداری وردەكاری فرۆش‌و داهاتی نەوتی هەرێم نییە، بەڵام هەر كاتێك لە بەغدادەوە بڕیار لەبارەی چارەنوسی ئەم دۆسیە نزیك بوبێتەوە، یەكێتی بەوپەڕی هێزییەوە لە تەنیشت پارتی راوەستاوە‌و پشتیوانی لە سیاسەتی نەوتیی ئێستا كردووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand