Draw Media

بارزانی و سیاسەتی وڕکگرتن

بارزانی و سیاسەتی وڕکگرتن

2022-02-16 14:00:31


مەریوان وریا قانع – ئاراس فەتاح 

ھەموو جارێک کە سیاسییەک ھەڵە دەکات، پێویستە ڕستە بەناوبانگەی لینینی ڕابەری شۆڕشی ئۆکتۆبەرمان بەبیربێتەوە کە دەڵێت ”سیاسی باش ئەو کەسە نییە کە ھەڵە ناکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ھەڵەی ستراتیژیی ناکات“. لە دە ساڵی ڕابردودا بارزانی بەشێوەیەکی بەردەوام ئەم ڕستە ترسناکەی بەبیری میللەتی ئێمە ھێناوەتەوە. ھەڵەکانی ئەم سیاسەتمەدا ھەڵەی ستراتیژیی گەورەبوون و ھەریەکێکیان دۆخێکی تەواو نەخواستراو و خراپی بۆ هەرێمی کوردستان خوڵقاندوە. با سەیرێکی خێرای ئەم ھەڵە ستراتیژییانەی بارزانی بکەین: بڕیاری داخستنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥دا، بڕیاری دروستکردنی دەزگایەکی ناڕەسمیی و ناشەرعی بە ناوی ”ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم" لە غیابی په‌رله‌مان و لە بێنرخکردنێکی تەواوی حكومه‌تدا، گۆڕینی ناوی ئەم دەزگایە بۆ ‌شتێکی قەبە و زه‌به‌لاحتر بەناوی "ئەنجومەنی باڵای سیاسی"ی كوردستان کە گوایە خەریکی ”سه‌ربه‌خۆیی كوردستان" و ”سڕینەوەی سنوورەکانی سایکس-پیکۆ" دەبێت. پاشان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە کارەساتاوییەکەی ساڵی ٢٠١٧ و ئەو نسکۆ سیاسییەی بەدوای خۆیدا ھێنای، دوای ئەوەش دروستکردنی دەزگایەکی ناشەرعی تر لە ساڵی ٢٠١٩دا بەناوی ٙ”بارەگای بارزانی“یەوە، دیسانەوە لەدەرەوەی دەزگا ڕەسمییەکانی ھەرێم و سەپاندنی ئەم دەزگایە بەسەر ھەموواندا. ئەرکی سەرەکیی ئەم دەزگایەش پیادەکردنی ھەڵەیەکی ستراتیژی ترە، کە ھەڵەی ھەوڵدانی گۆڕینی بارزانییە لە سیاسییەکی خانەنشینکراوەوە بۆ ”مەرجەع“ و ”ئایەتوڵایەکی سیاسیی“ لەسەر مۆدێلی خومەینی و سیستانی. لەم ساڵیشدا، ساڵی ٢٠٢٢، وڕکگرتنی بارزانی لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و کاندیدکردنی ھۆشیار زێباری خاڵی، کە ئەمیش شکستێکی سیاسیی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا. 

زیاد لە ٢٠٠ ساڵ لەمەوپێش کازانۆڤا دەڵێت: ”من لەوبڕوایەدام زۆرینەی مرۆڤەکان دەمرن، بێئەوەی تەنها بۆ یەکجاریش بیریان کردبێتەوە“. ئەم قسەیەی کازانۆڤا بۆ ئەو دۆخەی کە بارزانی لە دە ساڵی ڕابردوودا ھەم بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەم بۆ میللەتی ئێمەشی دروستکردوە، ڕاستە. بیرنەکردنەوەی بارزانی پەیوەندیی بەوەوە نییە کە ڕاوێژکاری نەزان و خراپی لەدەوری خۆی کۆکردۆتەوە، پەیوەندیی بەوەشەوە نییە کە دەرک بە مەترسییەکان ناکات، بەڵکو پەیوەستە بەوەوە کە دەسەڵاتێکی ھەیە لە ھیچ سات و خاڵ و پنتێکیدا چاودێریناکرێت و تووشی لێپرسینەوە نابێت. ئەم لێنەپرسینەوە و بەرپرسیارنەکردنە وادەکات ئەوەی لای ئەم کەسە باڵادەستبێت خواست و حەز و سایکۆلۆژیای تایبەتی خۆی بێت. ساڵی ٢٠١٧ بارزانی هەموو کورد و عێراق و ناوچەکە و جیهانی بە بابەتی ڕیفراندۆمەوە سەرقاڵکرد و دەرئەنجامەکەشی قسەکەی هوشیار زێباری خاڵی لێکەوتەوە، کە پێش چەند ڕۆژێک گوتی، ”ئێمە تەنها بۆ تاقیکردنەوەی مەزاجی گەلەکەمان ڕیفراندۆممان کرد“. هوشیار زێباری لەو خاڵەدا ڕاستدەکات کە بڕیاری ڕیفراندۆم، بە ھەموو دەرئەنجامە نێگەتیڤ و کارەساتاوییەکانیەوە، بڕیارێکی مەزاجیی بوو. ئەوەی لەپشتی ئەو بڕیارەوە بوو حیسابی سیاسیی ورد و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و خوێندنەوەیەکی عەقڵانیی نەبوو، بەڵکو مەزاجی شەخسیی بارزانی بوو کە دەیزانی لەبەردەم ھیچ کەس و یاسا و دەزگایەکدا بەرپرس نابێت و ڕووبەڕووی ھیچ لێپرسینەوەیەک نابێت. لە دیدی ئێمەدا بارزانی سیاسەت وەک سوڵتانێکی لۆکاڵیی پەیڕەودەکات کە لە سەرووی حکومەت و پەرلەمان و دادگا و حیزب و ئۆرگانە فەرمییەکانی ترەوە، بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسیی گەلەکەی دەدات. هەر کاتێکیش تووشی شکستی سیاسیی و سەربازیی و دیبلۆماسیی گەورە و کارەستابار بووەوە، هیچ یەکێک لەم دەزگایانە ناتوانن و نەیانتوانیوە لێپێچینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن.

لە چەند ھەفتەی ڕابردوودا، بارزانی خاڵی خۆی بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو گەلی کوردەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندیدکرد. ئەمە سەرەڕای ئەو مێژووە پڕ لە ئیشکالە یاساییەی هوشیار زێباریی لە بەغدا دروستیکردبوو. پێشنیارکردنی زێباریی لە لایەن بارزانییەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دوو دەلالەتی رەمزیی ھەبوو. یەکەمیان بارزانی بە هەر نرخێک بووە دەیەوێت خاڵی خۆی وەک نوێنەری بێگەردی هەموو کوردان بۆ بەغدا پێشنیاربکات و بەسەر ھەموواندا بیسەپێنێت. دووهەمیان بارزانی دەیوست بەو کارەی بە هێزە عەرەبییەکانیش بڵێت کە دەوڵەتەکەی ئەوانیش لە هوشیار زێباریی ئیقالەپێکراوی باشتر قابیل نییە و ئەوەی دەستنیشانی ئەوەدەکات کێ سەرۆکی عێراق بێت، بڕیاری بارەگا شەخسییەکەی خۆیەتی نەک دەزگایەکی رەسمیی تری ناو هەرێم. وڕکە سیاسییەکەی بارزانیی بۆ کردنی زێباریی خاڵی بە سەرۆککۆمار بەدینەهات. شکستی بارزانی لە جەولەی یەکەمی پرسی سەرۆککۆماردا بڕێک لە شۆک و تراومای سیاسیی سەردەمانی ریفراندۆمی وەبیرھێنایەوە، چونکە بارزانی لەم کاندیدکردنەی خاڵیدا جارێکی تر کەوتە ناو هەڵەیەکی ستراتیژیی ترەوە کە دەرئەنجامی سیاسەتکردنە بە مەزاجی شەخسیی و بە نەبوونی ھیچ توانایەک بۆ لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن. 

بە بۆچوونی ئێمە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پرسی سیاسەت لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا، بوونی ”بارەگای بارزانی“یە وەک مەرکەزێکی سیاسیی کە تیایدا بارزانی بەبێ بوونی هیچ مەرجێکی یاسایی و دەزگایی، ڕێک وەک ئایەتوڵایەکی سیاسیی و وەک مەرکەزی دەسەڵاتی کوردیی، بڕیاری سیاسیی تاکڕەوانە دەردەکات و بەسەر سەرجەمی سیستەمە سیاسییەکەدا دەیسەپێنێت. بارزانی هیچ وەزیفەیەکی دینیی یان سیاسیی یاخود دەستووریی نییە، کەچی ئەو مافەی بە خۆی داوە بڕیار لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمەکەدا بدات و چۆنێتی ئەو پەیوەندییانەی هەرێمیش بە بەغدا و ئەنقەرە و تاران و دوبەی و دەوحە و شوێنەکانی ترەوە گرێدەدات، دیاریبکات. ھەروەھا بڕیاری ئەوەش دەدات کێ لەناو پارتە سیاسییەکانی تردا دابنرێت و لەگەڵ کێدا دادەنیشێت و قسەدەکات و کێشی بەدڵ نییە و نایەوێت مامەڵەی لەگەڵدابکات. کێشەی ئەم بڕیارانە تەنها ئەوە نییە کە بارزانیی بە مەزاجی شەخسیی و پێوەری خزمایەتیی کەسەکان و پلەو پۆست هاوپەیمانێتییەکان دیارییدەکات، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە گەر لە هەر یەکێک لەم بڕیارانەدا سەرکەوتوو نەبوو و شکستی هێنا، دوژمنێک دەدۆزێتەوە، بۆئەوەی پاکێتیی نەتەوەیی و بەرائەتی سیاسیی خۆی بسەلمێنێ کە موئامەری لێکراوە و لەپشتەوە خەنجەری ژەهراویی لێدراوە. زۆرینەی بڕیارەکانی ئەم چەند ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی ڕەسمیی و ناڕەسمیی بارزانیی، بڕیاری شەخسیی و سایکۆلۆژیی ڕووتن، هەرکاتێکیش شکستی هێنابێت، شکستە شەخسییەکانی بۆکراوە بە شکستێکی نەتەوەیی.

لە زمانی سیاسییدا ئەو سیاسەت و ستراتیژەی بارزانی لە بەغدا پەیڕەویدەکات، دەکرێت بە ”وڕکگرتنی سیاسیی“ ناوبنێین. زانراوە وڕکگرتن یەکێکە لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی ناو سایکۆلۆژیای تایبەتی منداڵان. وڕکگرتنی سیاسیی مانای وڕکگرتنێکی سیاسیی منداڵانە کە کەسی وڕکگر دەخوازێت بەهەر نرخێک بووە ئەوەی بۆ جێبەجێبکرێت کە ئەو دەیەوێت، ئەگینا ژیانمان لێ تاڵ دەکات و داروبەرد بەیەکدا دەدات. سیاسەت مەزاجی شەخسیی و وڕکگرتن نییە، بەڵکو ”خەمخۆریی گشتیی“ و ”گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ“ و ”رێککەوتنە“، هەر کاتێکیش ئەم ڕەهەندانە لە سیاسەتدا ون بوون، مانای ئەوەیە ئەو لایەنە دەستبەرداری ئەوە بووە سیاسەت بکات و لە شوێنی ئەوە دۆخی دەرونیی و خواستی شەخسیی و تێگەیشتنی سنوورداری کەسەکان جێگەی دەگرێتەوە. وڕکگرتنی سیاسیی بارزانی وایکردوە لە بیست و چوار خاڵی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ موقتەدای سەدردا تەنها یەک خاڵ، ئەویش خاڵی کۆتاییە باس لە پەیوەندیی ھەرێم و بەغدا بکات. لەوێدا بە زمانێکی مەتاتی بێناوەرۆک نووسراوە: „بناء علاقات صحية وطبيعية بين الحكومة الاتحادية وحكومة اقليم كردستان على اساس الدستور ومعالجة كل القضايا العالقة والاستحقاقات القانونية والمالية من اجل توطيد الوحدة الوطنية“. بڵاوبوونەوەی ئەم بیست و چوار خاڵە گەواهیی ئەو ڕاستییەیە کە هەموو ئەو پروپاگەندە ناسیۆنالیستییە بەتاڵانەی بە ناوی یەکڕیزی ناو ماڵی کوردەوە لەناوخۆی هەرێم تەوزیفدەکرا، جگە لە ماراسۆنی بارزانی بۆ خۆبردنەپێشەوە و وەچنگخستنی پۆستێک بۆ هوشیاری خاڵی و جگە لە ڕق و ملشکاندنی شەخسیی نەیارەکانی، هیچی تر نەبوو. گەر بارزانی باوک بە بەیانی یانزەی ئازارەوە لە بەغداوە هاتەوە کوردستان، بارزانی کوڕ لە کۆی ٢٤ خاڵی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ سەدردا، بەو کۆتا خاڵەی ڕێکەوتنەکە ڕازیبووە، کە بەشێوەی ئینشایی و لاستیکیی ناکۆنکریت باس لە دروستکردنی پەیوەندی تەندروست و سروشتیی نێوان بەغدا و هەولێر دەکات. 

بێدەنگیی مەترسییداری کۆی حیزبەکانی کوردستان لە رێککەوتنە شەخسییەکانی بارزانیی و لە سیاسەتی تاکڕەوانەی بارەگاکەی، کە هەر هەمووی بەناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانەوە دەکرێت، تەنها دەلالەت لە پووکانەوەی تەواوی هێزی ئۆپۆزیسیۆن ناکات، بەڵکو دەلالەت لە ترسنۆکیی ئەم هێزانەش دەکات کە نە بوێری بەدەنگھاتن و ڕەخنەکردنێکی عەقڵانییان ھەیە، نە خاوەنی بڕیاری سیاسیی سەربەخۆی خۆیانن و نە ھەڵگری دیدێکی سیاسیی جیاوازن لەوەی پارتی و بارزانیی لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە کاریپێدەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand