Draw Media

Voice of America وەرگێرانی: ئاسۆ جەبار   ئەمەریکا هۆشداریی دەدات لەبارەی دەستێوەردانی ئێران و روسیا لەهەڵبژاردنەکاندا ڕوسیا و ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر تۆڕەکانی حکومەتی ئەمەریکا و سیستەمە کۆمپیوتەریەکان زیاددەکەن لەکاتێکدا هەڵمەتەکانی زانیاریە سەرلێشێوێنەرەکانیان زیاتر دەکەن بەو هیوایەی متمانەی دەنگدەرانی ئەمەریکا تێکبدەن لەکاتێکدا کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 3 ی مانگی 11 . ئەو هۆشدارییە ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئاسایشی هەڵبژاردنەوە دێت، پاش ئەوەی ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر بەڕێوەبەری هەواڵگریی نەتەوەیی ئەمەریکا؛ ئێرانی تاوانبار کرد بە دەستپێکردنی یەکەم هێرش بۆ سەر هەڵبژاردنی داهاتوو و تارانی تۆمەتبارکرد بە ناردنی هەزاران ئیمەیلی چەواشەکار کە بۆ ترساندنی دەنگدەران کڵێشەکراوە. ئەو ئامۆژگارییانەی کە رۆژی پێنج شەممە لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و دەزگای ئاسایشی ئینتەرنێتی و ژێرخانی ئابوریەوە دەرچوو دەڵێن ئەو ئیمەیل و نامە ئەلکترۆنیانە و سەرباری توانای ڕوسیا و ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری تۆماری دەنگدەران تەنیا دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەترە بۆ پشتگوێخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا . بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئێف بی ئای و سی ئای ئێس ئەی، هێرشەکانی ڕوسیا لە مانگی نۆوە دەستیپێکردووەو دەیان تۆڕی حکومیی دەوڵەتی و خۆجێیی کردبووە ئامانج کە فڕۆکەوانی و تا پەروەردەیان کردبووە ئامانج . هۆشدارییەکان ئەوە دەڵێن کە هێرشبەری ئەلیکترۆنی ناسراو بە (Beserk Bear) سەرکەوتوانە توانیوێتی ژێرخانی تۆڕە ئەلیکترۆنییەکە ببڕێت و هەر لە 1 ی ئۆکتۆبەری 2020 ەوە بەلای کەمەوە توانیوێتی زانیارییەکانی دوو خزمەتگوزاری بدزێت ببنە قوربانی." هێرشبەرەکان هەروەها توانیان بەڵگەنامەکان بەدەستبهێنن کە دەتوانن رێگەیان پێبدەن لە تۆڕەکان بسوڕێنەوە، بەدوای زانیاری گرنگدا دەگەڕێن لە کاتێکی دواتردا دەتوانن بەکاریان بهێنن، ئەگەری ئەوەیە هەیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوو ئاڵۆزبکەن. لە راگەیانراوەکەدا هاتووە:"رەنگە هەندێک مەترسی لەسەر زانیاری هەڵبژاردن دروستبێت کە لەتۆڕە حکومیەکانی (دەوڵەت، ناوخۆ، خێڵ و خاوەندارێتی شوێن)دا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێف بی ئای و سی ئای ئەی تا ئەوڕۆکە هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدا نییە کە تەواوی داتاکانی هەڵبژاردن لەمەترسیدا بوو بێت." کاربەدەستان ڕەتیانکردەوە وردەکاری زیاتر سەبارەت بە سوودوەرگرتنەکانی ڕوسیا بڵاوبکەنەوە یان بڵێن کام لەخزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە مەترسیدا بوون، بەڵام دەزگای سەربەخۆی ئاسایشی تۆڕەکانی ئینتەرنێت (ماندیانت) دەڵێن هەڵسوکەوتی ڕوسیا وا دەردەکەوت کە بەرەو دەنگدانی 3 ی مانگی 11 ئاڕاستەکرابێت. لە لێدوانەکەدا جۆن هۆڵکویست بەڕێوەبەری باڵای شیکاری دەزگای ماندیانت وتی:"ئەمە وادەکات دەستیانڕابگات بە سیستمەکە بۆ دروستکردنی پشێوی یان خۆی لەخۆیدا مەبەستێکیان هەیە کە رێ بە لایەنێکی چالاک بدات سود لەروانینی تایبەتی نەبوونی ئاسایش لە هەڵبژاردنەکاندا وەربگرن و پرۆسەی دیموکراسی بێ بەها بکەن." هۆڵکویست ئەوەشی گووت؛ لەکاتێکدا لانیکەم یەک هێرش کراوەتە سەر ئامانجێک کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە، "هیچ زانیارییەکمان نییە کە ئاماژە بەوە بدات کە ئەو بکەرانە هێندە توانایان هەبێت یان تەنانەت ئامادەگی ئەوەیان هەبێت دەنگەکان کەمبکەنەوە. " بەڵام لە کاتێکدا بکەرە هێرشبەرە ئەلیکترۆنییە ڕوسییەکان وادەردەکەون کە رازین بە دۆخەکە لە ئێستادا بۆ هەڕەشەکردن لەتۆڕەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنی ئەمەریکا. رۆژی پێنجشەممە ئێف بی ئای و سی ئای ئێس ئەی هۆشدارییاندا کە وا دەردەکەوێت بکەرە گرێدراوەکانی ئێران لە بارێکدا بن کە توانای ئەوەیان هەیە خراپ سود لەخاڵە لاوازەکانی ئێستای تۆڕەکە وەربگرن. ئەو بکەرانە لە مانگی هەشتی 2019ەوە بەڕادەیەکی زۆر خۆتێهەڵقورتانیان لە دژی تۆڕەکانی ئەمەریکا ئەنجامداوە؛ "بەپێی راوێژکارییە نوێکە کە ئاماژە بە ئەگەرەکانی بڵاونەکردنەوەی هێرشی لەدەستدانی خزمەتگوزاری (DDos) و هەڵمەتەکانی شێواندنی پێگە ئەلیکترۆنییەکان ئەنجام دەدەن." هۆشدارییەکان باس لەوە دەکەن کە " ئەگەری ئەوە هەیە ئەم چالاکییانە ئەو سیستمانە بە شێوەیەکی کاتی والیبکەن کە خەڵک یان بەرپرسانی کاروباری هەڵبژاردن دەستیان پێڕانەگات، کە ئەمەش دەتوانێت خاوی بکاتەوە بەڵام ڕێگری ناکات لەدەنگدان یان ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان . " زیاتر هۆشداریدا کە بکەرە هێرشبەرە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران هەروەها هەستاون بە بەرفراوانکردنی تواناکانیان بۆ چەواشەکردنی پەیوەست بە هەڵبژاردنەوەو "دروستکردنی ماڵپەرە میدیاییە وەهمییەکان و ساختەکردنی ماڵپەرە میدییاییە یاساییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی داتای تۆماری دەنگدەرانی ئەمەریکا و پڕوپاگەندە دژە ئەمەریکا و زانیاری هەڵە لەبارەی سەرکوتکردنی دەنگدەران و ساختەکاری بکەن لەپرۆسەی دەنگداندا." هۆشدارییەکان لەبەرپرسانی ئاسایشی و هەواڵگریی ئەمەریکاوە گۆڕا بۆ تەرزەدەنگێکی وریاکردنەوە، بەڵام پێدەچێت زیاتر گەشبینانەتر بێت لەچاو ئەوەی ئەم دواییانە کە لەمانگی ڕابردوودا بڵاویانکردەوە. کریستۆفەر ڕەی بەڕێوەبەری ئێف بی ئای لە 17 مانگی 9 دا بە لیژنەی ئاسایشی یاسادانەرانی کۆنگرێسی وت "روسیا بەردەوام هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانمان بکات، بە شێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی ئەو شتەی کە پێیدەڵێین کاریگەری خراپەکاری بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ساڵی 2016 دا روویدا کە ئەوکاتە هاوکات هەوڵێک هەبوو بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی هەڵبژاردنەکان. " بەڵام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی هێرست دوو هەفتە لەمەوبەر، گەورە بەرپرسی دژەهەواڵگریی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە دیمەنی هەڕەشەکە لە گۆڕاندایە و دەڵێت ڕوسیا و ئێران و چین بە شێوەیەکی چالاکانە ژێرخانی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بە ئامانج دەگرن. ولیام ئیڤانا لەناوەندی دژەهەواڵگیری نیشتیمانی و ئاسایشی وتی"ئێمە زۆر بە نەرمی کاردکەیەن، زۆر سەرکەوتوو بووین لە بەڕەنگاربوونەوەی زوربەی هەرە زۆری ئەو هەواڵانە" دوابەدوای هەڵمەتی ئیمەیڵی ئێرانییەکان، بەرپرسان هۆشدارییاندا بە دەنگدەرانی ئەمەریکا کە ئەم هەڵمەتانەی ڕوسیا و ئێران دەستیانپێکردووە تەنیا دەستپێکن. کریستۆفەر کرێبس، بەڕێوەبەری دەزگای سی ئای ئێس ئەی رۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "هەواڵگیری هاوبەش سەرباری ئەوەی کە جێی نیگەرانییە بەڵام سۆپڕایس نیە" لەدرێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی وا چاوەڕواندەکرێت ئەو بکەرە هێرشبەرانە کە دەیانەوێت دەستێوەردان ئەنجامبدەن لە زیادبووندا دەبێت. لەم نێوەدا هەندێک لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا گوزارشتیان لەو مەترسییە کردووە کە درکی پێدەکەن، ئاماژەیان بەوەداوە کە رەنگە روسیا و ئێران تەنها بەوەوە نەوەستن کە داتای تۆماری دەنگدەران بەکاربهێنن کە بەردەستیان کەوتووە بەڵکو ئێران لەڕێی هەڵمەتی ئیمەیڵەکانیەوە بەکاریان دەهێنێت. نۆرمان ڕۆل بەرپرسی باڵای پێشووی هەواڵگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ هەوڵەکانی تاران نیشانی دەدات کە ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و کاریگەرئامێزەکاناین دەردەکەوێت و هەروەها وتیشی:"دەستکەوتنی زانیاری دەنگدەران لەڕێی ئێرانەوە کە راپۆرت کراوە جێی نیگەرانییە." وتیشی:"ئەم داتایانە بە ئاشکرا لەبەردەستدا بوون یان نا، دەستکەوتنی لەلایەن بکەرە ئێرانییەکانەوە کە لەو هەڵمەتانەدا بەشداربوون ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو بابەتانە کڵێشەی سەرەکی ئەو هەڵمەتانە ئامانجگەلی ئایندەن. "ئەگەر وەڵامدانەوەی ئێمە بۆ ئەمە گفتوگۆیەکی ناوخۆیی بێت و کەمتر سەنگ بخەینە سەر ئێران، ئەوا ئیتر لەوە تێدەگەن کە ئەو هەڵمەتانە دەتوانن ئەنجامبدەن بە تێچوونێکی کەمەوە" کاربەدەستێکی ئێستای ئەمەریکا بە هۆی هەستیاری بابەتەکەوە بەو مەرجەی کە شوناسی ئاشکرا نەکرێت بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند کە نیگەرانی لەهەوڵەکانی تاران زیاتر دەبێت، هۆشداریدا کە هێشتا ئێران بەدوای تۆڵەکردنەوەی ئەو هێرشەدا دەگەڕێت کە فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوان لەمانگی یەکی ئەمساڵدا سەرۆکی لیوای قودسی پاسداران قاسم سولەیمانی کوشت. لە ئێستادا بەرپرسانی هەڵبژاردنی ولایەتەکان داوا لە دەنگدەران دەکەن کە هێمن بن و خۆیان بەدووربگرن لە هەر پروپاگەندەیەکی بێزارکەر یان بانگەشەی وروژێنەر کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبێتەوە ئیتر ئایا لەلایەن ئێران یان ڕوسیاوە ئاڕاستەکرا بێت یان هەر کەسێکی دیکەوە. کاربەدەستانی نیشتمانی و فەرمانڕەوایانی دەوڵەت لە بەیاننامەیەکدا کە درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە دەڵێت:"ئامادەبن بۆ هەر هەوڵێکی دەرەکی کە دەیانەوێت تۆویی جیاکاریی بچێنن و رەوایی یاسایی هەڵبژاردنەکان بێ بەها بکەن." لەدرێژەی وتەکانیدا وتیشی "هەموو کۆمەڵگەی هەڵبژاردنەکان سەرلەبەر ئامادەن بۆ ئەرکی داهاتومان. " هەندێک لە شارەزایان هەست بە نیگەرانی دەکەن سەرباری ئەوەی رۆژی هەڵبژاردن نزیکبۆتەوەو دەنگدەرانی ئەمەریکا تاقیدەکرێنەوە وەک ئەوەی پێشتر رووینەدابێت. جۆن سکات رایڵستن، توێژەری باڵا لەتاقیگەی هاوڵاتی لە قوتابخانەی مۆنک لە زانکۆی تۆرۆنتۆ، وتی:"کێشەکە بەڕاستی هەڵخەڵەتێنەرەیە وەک ئەوە وایە هەمومان لەئێستادا لە تاقیگەیەکدابین و لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە تاقیکردنەوەمان لەسەر بکەن." "نازانین دەرئەنجامەکان چۆن دەبن بەڵام ئەوان واتە (ناحەزەکانی ئەمەریکا) نازانن ئەنجامەکان چۆن دەبن بەڵام زۆر فێردەبن.


(درەو): "رۆژانە لەگەڵ ماردا سەما ئەکەم، بەدوای شمشاڵێکدا ئەگەڕێم کە بتوانم بەهۆیەوە کۆنتڕۆڵیان بکەم" ئەمە قسەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقە، بەپێی ئەوەی رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە. کازمی هۆشداری دەدات لەوەی ناچاربکرێت پارسەنگێک لەنێوان ئەمریکاو ئێران لەناو عێراقدا رابگرێت، کە لەتوانایدا نەبێت. لە گەشتەکەی ئەم هەفتەیەیدا بۆ وڵاتانی ئەوروپا، کازمی داوای لە ئەوروپا کرد یارمەتی دۆخی ئابوری عێراق بدەن کە کەوتوەتە ژێر باری قەرزەوە. کازمی کە هاوڵاتی بەریتانییەو پێشتر رۆژنامەنوس بووە، حوزەیرانی رابردوو پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرت، ئەمەش دوای شەپولێک خۆپیشاندان هات کە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دژ بە گەندەڵی لە عێراق رویدا. رۆژنامەی (گاردیان) دەڵێ:" لەوکاتەوە کە پۆستەکەی وەرگرتووە، بە پرۆگرامێکی ساکار کاردەکات بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەو باشکردنی بارودۆخی ئەمنی و رێگریکردن لە داڕمانی ئابوری وڵات کە پشتی بە نەوت بەستووە.. بەڵام گۆڕانکارییەکانی لە دامەزراوە ئەمنی و ئابورییەکانی عێراقدا هێواشە". لە لێدوانێکیدا دوای دیدارەکەی لەگەڵ بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کازمی وتی:" هەڵبژاردن لە ٦ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، وادەی هەڵبژاردن مشتومڕی لەسەر نییەو ئێمە پابەندین پێیەوە". "هەزار ساڵ مشتومڕ" هەندێک کازمی تۆمەتبار دەکەن بەوەی بە وریاییەکی زۆرەوە دەجوڵێت، بەڵام ئەو بە رۆژنامەنوسانی وت:" ئارامگرتن باشترە لەوەی مل بنێین بەرەو ئاژاوەیەکی خوێناوی و جەنگی ناوخۆیی.. هەزار ساڵ گفتوگۆو مشتومڕ باشترە لە شەڕکردن". بەپێی زانیاری رۆژنامەی (گاردیان)، کازمی دەیەوێت چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ کێشەی نێوان ئەمریکاو ئێران بدۆزێتەوە، وەکو خۆی دەڵێ:" من لەسەر حەبلێکم لەنێوان دوو بینای بەرزدا، داوام لێناکرێت بە پێ بەسەر حەبلەکەدا بپەڕمەوە، دەیانەوێت بە پاسکیل بەسەر حەبلەکەدا بڕۆم، رۆژانە لەگەڵ مارەکاندا سەما ئەکەم، بەڵام بەدوای شمشاڵێکدا ئەگەڕێم کە بتوانم بەهۆیەوە مارەکان کۆنتڕۆڵ بکەم". مەترسییەکان لەبارەی ئەوەی عێراق ببێت بە گۆڕەپانی روبەڕووبونەوەی سەربازی نێوان ئەمریکاو ئێران بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، زیادیان کردووە،  ئەمەش لەکاتێکدا کە ئەمریکا بەشێوەیەکی هێواش ژمارەی هێزەکانی لە عێراق کە (٥ هەزار) کەسە، کەمکردەوە، مانگی رابردووش هەڕەشەی کرد باڵیۆزخانەکەی لە عێراق دابخات ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانیت میلیشیاکانی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات. میلیشیاکان بەڵێنیان داوە هێرشەکانیان رابگرن، بەڵام ئەگەر خشتەیەکی زەمەنی دابنرێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. کازمی وتی بەنیازە دانوستانێکی هەستیار بکات لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی تری ئەمریکاو مەرجی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکان لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا. باسی لەوەکرد:" هەموان بەدوای دەرفەتی دیالۆگدا دەگەڕێن، ئێمە بەدوای دەرفەتی تێپەڕاندنی ئەم دۆسیە هەستیارەو لێکەوتەکانیدا دەگەڕێین، ئیتر هەر کەسێک لە کۆشکی سپیدا بێت"، سەرباری ئەمە ئاماژەی بەوەکرد رێکخراوی دوڵەتی ئیسلامی هێشتا رۆژانە هەڕەشەیە لەسەر عێراق. هەمان کات بەڵێنیدا میلیشیاکانی سەر بە ئێران کۆنتڕۆڵ بکات و بە رۆژنامەنوسانی وت:" رێگە بە هیچ چەکێک لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت نادەین". (گاردیان) ئاماژەی بە رووداوی سوتاندنی بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدادو کوژرانی هەشت کەس کردووە لە پارێزگای سەلاحەدین لەهەفتەی رابردووداو دەڵێ ئەو دوو کارە لەسەر دەستی میلیشیاکانی ئێران کراوە. رۆژنامە بەریتانییەکە نوسیویەتی:" ماوەتەوە ببینین ئایا هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەتوانن میلیشیاکان کۆنتڕۆڵ بکەن لە نمونەی عەسائیبی ئەهلی حەق، یان کۆنتڕۆڵی دەوڵەت تەنیا وەکو قسەیەک دەمێنێتەوە". کازمی وای دەبینێت کەمی هەلی کارو خراپی خزمەتگوزاری تەندروستی و گەندەڵی، وا لە لاوان دەکەن بەرەو توندڕەوی بڕۆن، بەڵام وڵاتانی تر لە نمونەی کۆڵۆمبیا رێگایان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان دۆزیوەتەوە. کازمی "وەرەقەی سپی" راگەیاند بۆ کەمکردنەوەی خەرجی گشتی لە رێژەی ٢٥٪ی داهاتی گشتییەوە بۆ ١٢٪، ئەو وتی:" چینی سیاسیی لە عێراق لەڕێگەی پشتبەستن بە نەوتەوە تەمبەڵ بوون. لە گەشتەکەیدا بۆ فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیا، کازمی "وەرەقەی سپی" وا پێناسەکرد کە دەرفەتێکە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی، بەوەی پلانی جددی هەیە لەماوەی سێ بۆ پێنج ساڵدا راهێنان بە عێراق بکرێت چیتر بەوشێوە رەهایە پشت بە نەوت نەبەستێت.


درەو: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند وڵاتەكەی بە پراكتیكی سیستمتی دژە موشەكی " ئێس 400" ی تاقیكردوەتەوەو هەڵویستی واشنتۆنی بەلاوە گرنگ نیەو مۆڵەتیشی لێ‌ وەرناگرێت. ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتیشی: یۆنان سیستمی دژە موشەكی ئێس 300ی روسی هەیە‌و بەكاریشیدەهێنێ,  ئایا ئەمریكا هیچ پرسیارێكی لە یۆنان كردووە دەربارەی ئەوە؟ نەخێر نەیكردووە. ئەم هەڵوێستەی سەرۆكی توركیا دوای ئەوە دێ‌ كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئیدانەی سیستمی دژە موشەكی " ئێس 400"ی كرد لەلایەن توركیاوەو جەختیكردەوە كە ئەو هەنگاوەی توركیا لێكەوتەی خراپی دەبێت.  


درەو: وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا نیگەرانی خۆی لە بەرەوپێشچونی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕێت و ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکات کە کوردەکان هاندەدات لە سوریا جیاببنەوە. ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی  وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: دۆخەکە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا مایەی زیاتر نیگەرانیمانە، ئاگاداری ئەو لێدوانە ئیسیفزازییەی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتین کە بانگەشەی ئەوە دەکات گوایا ڕوسیا لە هاوکاریکردنی دانوستانی نێوان "ڕۆژئاوا"  و حکومەتی سوریا شکستیهێناوە. ئەوەی مایەی سەرنجە دوای پەو لێدوانەو تۆمەتبارکردنمان ڕاستەوخۆ کاروانێکی زەبەلاحی هاوکاری سەربازی ئەمریکا لە عێراقەوە گەیشتە ناوچەکە. زاخارۆڤا وتیشی: ئاشکرایە کە هەوڵی ئەمریکا لەوێ بەردەوامە بۆئەوەی کوردەکان لە دەوڵەتی سوریا جیابکاتەوە.


د. بەكر صدیق هیچ كاتێك مێژوونوسان ناتوانن لە تۆماركردنی رووداوەكانی 31 ی ئاب و 16 ی ئۆكتۆبەردا، بێلایەن بن  . چونكە بۆ هەر دوك روداوەكە ، سەرچاوەی زانیاری دژ بەیەك و پاساوی هەمە چەشن ، دەچنە ناو ئەو دیكۆمینت و بیرەوەری و سەربوردانەی كەسەكانی ناو روداوەكان دەیاننوسنەوە . بۆهەردووك روداوەكەش سەرەرای ئەو جیاوازیەی لە گیرانەوەو خستنە رووی راستیەكانیاندا هەیە ، لاسەنگیەكی تەواو  لە هەلمەتی میدیایی دوو قوتابخانە نەیارە مێژویەكاندا بەدی دەكرێ . بەوحوكمەی لە بەرەی قوتابخانەی تالەبانیەوە ، هەندێك لە مەكتەب سیاسیەكان و سەركردایەتیەكانی پێش كۆنگرەی چوارەمی (ی،ن،ك) لە چەواشەكردنی روداوی 16 ی ئۆكتۆبەردا ، بەهەر پالنەرو هۆكارێك بوبێ ، هاو هەڵوێستی پارتی بون . ئەمەش بوە هۆكارێك ، كە گوتاری بەرەی 31 ی ئاب ، بەسەر گوتاری 16 ی ئۆكتۆبەردا، خۆ بسەپێنی . بەڵام لەناو ئەو واقیعە نا هاوسەنگەدا ، كۆمەڵێك ڕاستی حەشاردراون، كە ئەگەر لەئێستادا ساخ نەكرێنەوە، نەوەكانی داهاتومان دەتوانن ، بە یاسا  ساخیان بكەنەوە .  ئەوسا نەفرەتی ئەوان بەسەر میژونوسان و میدیاكارو سەركردەو بكەرە سیاسیەكانی ئێستاماندا دەبارێت . لەم نوسینەدا هەوڵ دەدەین بەرچاورونیەكی سیاسی و یاسایی، بدەینە ئێلیتی سیاسی و رۆشنبیران و تەنانەت دەسەڵاتی یاسادانەر لەهەریم و خاوەندارەكانی هەردووك  روداوەكە ، تا هەر لایەو بە هەلوێستی خۆیدا بچێتەوەو چیتر دیماگۆجیانە مامەلە لەگەل روداوەكان نەكرێت ،  وبازاری تەخوینكردنی نارەوا، راستیی روداوەكان چەواشەنەكات و تاك و كۆی كۆمەلگاكەشمان لە سێبەری شەری میدیاو سۆشیال میدیای حیزبییانەدا نەگەوجێنرێن ! یەكەم:- روداوی 31ی ئاب و دەرەنجامەكانی  هۆكاری روداوی 31 ی ئاب ، بۆ ئەو بایەخە ستراتیژیەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەگەرایەوە ، كە لە سایەی گەمارۆ ئابوریەكەی سەر عیراقدا لە  سالانی نەوتەكانی سەدەی رابردوو دا بۆ توركیاو عیراقی سەردەمی سدام حسین پەیدای كردبوو . ئەوەش ئەو دەرفەتەی بۆ بارزانی رەخساند كە رقی توركەكان و رژیمی بەعس دەرهەق بە تالەبانی و حیزبەكەی بقۆزێتەوە و بە هێنانی سوپای بەعسیەكان بۆسەر هەولێری پایتەخت، بە پالپشت و پشتگیری  توركەكانیش ،  ئەمریكای لە هاوپەیمانێتی نێوان خۆیی و و سەدام حسیندا ،تارادەیەكی زۆر  بێلایەنكرد. بەو مانایەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل كە دەكەوتە قەلەمرەوی پارتیەوە ، توركیای لە لێكەوتەكانی گەمارۆكانی سەرعیراق دورخستبوەوە! ریگە خۆشكەریش بوو كە هاوپەیمانێتی دوقۆلی نێوان پارتی و توركیا دژی پەكەكە، پێهەڵابچێت . عیراقیش لەو سەردەمەدا بۆ دەستەبەركردنی رێگای ابراهیم خلیل بەڕێرەوی هەولێر -كەركوكدا ، ناچاربو بچێتە ژێرباری ئەوەی كە دوای دەركردنی یەكێتی لەهەولێر ، شارەكە بۆ پارتی لە هێزی سوپاكەی خۆی چۆل بكات . ئەوە جگە لەوەی ،بریاری 688 یش رێگەی مانەوی سوپای عیراقی سەدام حوسێنی نەدەدا چونكە هەولێر دەكەوتە ناو هێلی پانی 36 وە . بەدەر لەو هۆكارانەش ، سیاسەتی پارتی  لەبەرامبەر تالەبانی و یەكێتیدا لەسەر چونێتی مامەڵەكردن لەگەل رژیمەكەی صدام حسیندا ،ئەوپەری ناتەبابون ، چونكە تالەبانی و یەكێتی پێیان لە سەر سیستمی فیدرالی دادەگرت و پیشمەرگەو فەرماندەكانی یەكێتی بەرەی شەریان لەگەل پارتی چۆل دەكردوو دەچونە سەر مۆلگەكانی بەعس لە دەوروبەری كەركوك . لەلایەكی تریشەوە ، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان  دژی ئەو هەڵوێستەی فراكسیۆنی یەكیتی بون كە دەیویست ئاڵای عیراق لە پەرلەمانی كوردستان لاببرێ . پارتیەكان  پێیان لە سەر ئۆتۆنۆمی دادەگرت و بەتوندی دژی ئەوەبون سیستمی فیدرالی بكرێتە وەرەقەی گفتوگۆی لایەنی كوردی و حكومەتی ناوەندی لە بەغدا . ئەمانە هۆكاربون كە پارتی هەولێر كۆنترۆل بكات. ئەوەی كە بۆ یەكێتی ببوە خالی لاواز لە بەرامبەر پارتیدا ، تێپەرینی سوپای پاسداران بوو بە سنوری یەكیتی و حاجی هۆمەراندا ، ئەوەش بوە پاساوی نیگەرانی ئەمریكاو  هێندەی تر پاساوی بیدەنگی ئەمریكای لە بەرامبەر ریكەوتنە سێقۆلیەكەی توركیاو عیراق و پارتی بۆ هێنانی سوپای بەعس بۆهەولیرو دەركردنی یەكێتی لەو شارە ، خولقاند . كەوابێ دەكرێ بوترێ كە 31 ی ئاب سەفقەیەكی سێقۆلی توركەكان و عیراق و پارتی بوو ،بە بێدنگبونی ئەمریكا، بۆ ئەوەی بریاری سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا ، بكەوێتە دەستی پارتی و دواجار جوگرافیای ریرەوی بازرگانی هەمەچەشنەی ئیبراهیم خلیل-هەولێر بەغداد ، بەسەلامەتی بمێنێتەوە ،كە لەدواجاردا پارتی و عیراق و توركیاش لە روی ئابوریەوە تێكەلتر و سودمەند تر دەبون . بەڵگەی ئەو راستیەش لە روداوەكانی جەولەی كۆتایی شەری ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتیدا دەردەكەوێت كە یەكێتی ناوی لێنابووگەردەلولی دوەمی تۆڵە ،كاتێك یەكێتی  ویستی واقعی داسەپاوی جوگرافیای 31 ئاب بگۆرێ، زۆری نەمابوو بگاتە ئامانج و ئاكامی روداوی 31 ی ئاب هەڵگەرێنێتەوە . بەلام توركیا بەهێزی ئاسمان و بە پالپشتی تۆپخانەی نوێچەشن روبەرووی هیزەكانی یەكێتی وەستایەوەو نەیهێشت ئەوسنورەی دیگەڵە دەستكاری بكرێت كە ئاكامی 31ی ئاب دروستی كردبوو . بەڵام لە سەروبەندی روخانی بەعسدا ، رەوانشاد تاڵەبانی ، لە پێناوی دەستكەوتی نەتەوایەتیدا ، قبولی واقعی 31 ئابی كردوو ، سەرەنجام لەدوای روخانی بەعسیشدا ، بێئەوەی هیچ مەرجێك بخاتە روو، قبولی كرد بەهەژمونی سەربازی  و ئەمنیانەی پارتیەوە ، هەولێر ناوەندی حوكمرانی كوردستان بێت . ئەوەش هێندەی تر بواری بۆ پارتی رەخساند كە تەحەكوم بكات و دەستبگرێت بە مونۆپۆلكردنی دروستكردنی بریاری سیاسی و داراییەوە . چونكە لە هەولێردا بە ئێستاشەوە ، دامەزراوە دەستوریەكان كاتێك بەركارن ، كە هیچ بریارو یاسایەك توانای ئەوەی نەبێ هەژمونی پارتی لە هەولێر بروشێنی !! دوو ەم: روداوی 16 ی ئۆكتۆبەر و دەرەنجامەكانی  ئەگەر ئامانج لە روداوی 31ی ئاب ، وەك هاوپەیمانێتیەكی رانەگەیەنراوی سێ قۆلی نێوان توركیاو پارتی و دەسەلاتی بەعس لە سالی 1996ی سەدەی رابردوودا ، بۆ زاڵبونی پارتی بوبێت بەسەر جوگرافیای سیاسی هەولێری پایتەخت و لەوەوە مۆنۆپۆلی دروستكردنی یاساو بریارەسیاسیەكان لەكوردستاندا لەلایەن بارزانی و پارتیەوە بەرجەستە بوبێت . ئەوا روداوی 16ی ئۆكتۆبەر بەپێچەوانەوە ، بۆ ئەوەبوو ، كە هەرچۆنێك بێت رێگە لەوە بگیرێت ناوچە جێناكۆكە رزگاركراوەكان بەخوێنی هەزاران شەهید لە  دەستی داعش ، جارێكی تربكەونەوە دەست هەژمونی دەسەڵاتی حكومەتی ئیتیحادیەوە . بەدیوێكی دیكەدا ، دەتوانرێت بوترێت ،كە بۆ رێگری كردن لە لێكەوتە نەرێنیە سیاسی و سەربازی و ئابوریەكانی بریاری ریفراندۆم ، ئەوباڵەی یەكێتی ، كە نەیتوانی رێبگرێت لە خزانی بەشێكی زۆری بریاربەدەستانی ئەوسای یەكێتی بۆ ژێر هەژمونی بریاری پارتی لە ئەنجامدانی ریفراندۆمدا ، هەولیدا ، ئەودۆخە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دور لە هەژمونی پارتی، لەرێگەی خۆكردنەوە بەخاوەنی بریاری سیاسی لە سنوری زۆنی سەوزدا ، رێبگرێ‌ لەو كارەساتە چاوەروانكراوەی كە ناوچە جیناكۆكەكان روبەروی دەبنەوە . روداوی 16ی ئۆكتۆبەر دەرەنجامی ، بێئاكامبونی ئەو دانوستانەبوو لە نێوان ئەو ئاراستەیەی لە ناو یەكێتیدا كە دركیان بە خەتەری لەدەستدانی ناوچە جیناكۆكەكان كردبوو، لەگەل حكومەتەكەی عەبادیدا . بەلام هاورانەبونی پارتی لەگەل یەكێتی  لەو دانوستانەو دابەشبونی یەكێتی بەسەر دو ئاراستەدا ، حكومەتی عیراقی، هەلی پشتیوانی توركیاو ئیران و ، بێلایەنبونی ئەمریكای لە پرۆسەكە قۆستەوەو ، هەموو هەوڵەكانی دوای ریفراندۆم و لە پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ی بێبایەخكردوو، هێرشی بۆ سەر ناوچە جیناكۆكەكان ،كە تەوەری دانوستانی نێوان یەكێتی حكومەتی عیراقی بون ، غافلگیرانە  ئەنجامدا ! لە پرسی ریفراندۆمیشدا توركیاو ئیران بە پلەی یەكەم هەرەشەكانیان بۆ ئەوەبوو كە ریفراندۆم لە  ناوچە جێناكۆكەكان بە تایبەت لە شاری كەركوك، ئەنجام نەدرێت. خۆ ئەگەر ریفراندۆم لەوناوچانە و كەركوكدا ،دا ئەنجام نەدرابا، زەحمەت بوو روبەروو بونەوەی چەكداری رویداباو بەو ئەندازەیە ناوچە جیناكۆكەكان و كەركوك بكەوتنایەتەوە ژێر هەژمونی حكومەتی ئیتیحادیەوە . بەوەش یەكێتی لەروی سیاسی و جوگرافی و جەماوەری لە سەر ئاستی هەریمایەتی و عراقی و كوردستانیدا ، لەبەرامبەر پارتیدا، هاوسەنگی سیاسی بۆ دەگەرایەوە . بەلام بە لەدەستدانی كەركوك ، لە سەرئاستی ناوخۆی هەرێمدا ، پارتی ئەو بایەخە ئەرزیەی بۆگەرایەوە كەبەهۆی روداوی 31 ی ئابەوە ، پارتی كردبوە خاوەنداری سەرەكی لەدروستكردنی بریاری سیاسی لە كوردستاندا .كەوابێ روداوی 16ی ئۆكتۆبەر پیلانێكی كەمەرشكین بوو دەرهەق بەیەكێتی ئەنجامدراو لە قازانجی پارتی شكایەوە ، چونكە جگە لە تێكچونەوەی بالانسی سەربازی و جوگرافی و سیاسی و كۆمەلایەتی بۆ یەكێتی ، پارتی ، روداوی 16ی ئۆكتۆبەری دیماگۆجیانە ، كردە چەپەری شاردنەوەی ئەو قەیران و دۆخە ناهەموارو نابوتیانەی كە  بریار و ئەنجامدانی ریفرادۆم، بەسەر خەلكی كوردستانیدا هێنا ، و لەرویی میدیایشەوە هێندەی تر توانی بابەتێكی پرۆپاگەندەیی  كەمەرشكینی چەشنی 16ی ئۆكتۆبەر ،بكاتە دەستەخوشكی روداوی 31 ی ئاب .                                  سبێیەم :ڕامانێك لە تانەو تەشەری هەردولای روداوەكە  ئەگەر سەرنجێك لە و تانەو تەشەرو شەرە میدیایەی نیوان هەردوو لای روداوەكان بكەین، ئەم تێبینیانە دەكەونە بەرچاوی هەركەسێك كەخەمی نیشتیمانی وولاتەكەی هەڵگرتبێت :- 1-31 ئاب رێكەوتنی پارتی بوو لەگەل رژێمیك ، كە پەرلەمانی كوردستان ،لە یاسای ەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، بەدەسەلاتی داپلۆسێنەری ناساندبوو ، ئەو رژێمەبوو كە سیاسەتی ئەنفال و كیمیایی بارانی هەلەبجەو ئەنفالی بارزانیەكانی ئەنجام دابوو، سەرەرای گەمارۆی نێودەولەتیش ، گەمارۆی بەغدادی بەسەر خەلكی كوردستاندا سەپاندبوو ، وە ئامادە نەبوو بچوكترین مافی سیاسی و مەدەنی خەلكی كوردستان بسەلمێنێ . بەلام 16ی ئۆكتۆبەر دەرەنجامبی بێئاكامبونی دانوستانی یەكێتی و نەوەكانی تالەبانی بوو لەگەل كابینەی عەبادیدا . بەومانایەی 16ی ئۆكتۆبەر فەشەلی ریككەوتنبوو ، نە ك ئەنجامی ریككەوتن .  31 ی ئاب بۆ هێنانی سوپای بەعسی سەدام بوو بۆ پایتەختێك كە یەكێتی دەرپەرێنی و پارتی بخاتە شوێنی . بەلام 16ی ئۆكتۆبەر ئەگەر رێكەوتنبا لەگەل نەوەكانی تالەبانی ، یەكێتی بە هژمونێكی سەربازی و ئەمنی و ئیداری دەمایەوەو تەحەكومی بە بریاری كارگێری دەكرد لەناو كەركوكدا،. بەلام ئەوەی كە بەدەرنرا ، خودی یەكێتی و هێزو  هەژمونی یەكێتی بوو . لێرەدا پرسیارێك زەق دەبێتەوە ، كە ئاخۆ هیچ هێزێك هەیە رێكەوتن بكات بۆ بچوككردنەوەو دۆڕانی خۆی؟ لە كاتێكدا 16ی ئۆكتۆبەر هەمان شكستی 31 ئابی بەسەر یەكیتیدا هێنایەوە ، بەلام ئەمجارە لە شارێك كە جەوهەری ململانێی كورد و بەغدا پێك دەهێنی و تاڵەبانی دانوستانی ساڵانی 1983 و1984 ی لەسەر ئەو شارە تێكدایەوە !! 2- لەگەل ئەوەدا كە تا جێبەجیكردنی مادەی 140ی دەستوری 2005 ، مافی دەولەتی ئیتیحادیە لەو ناوچانەدا بونی سەربازی و ئەمنی هەبێت ، واش، یەكێتی لە دوای ریفراندۆم و پێش 16ی ئۆكتۆبەر هەوڵیدا رێگە لە هاتنەوەی دەسەڵاتی ناوەند بگرێ . بەلام پارتی ، هاوكاری یەكێتی نەكرد و بە شێوەیەكی پێچەوانە ، مامەلەی لە گەل روداوەكەداكرد. سەرەرای ئەوەش ئەگەر پەلكێشكردنی دەسەلات و هێزی بێگانە بەخیانەت لێكبدرێتەوە ،ئەوا هاتنی سوپای عیراق بۆ ناوچە جێناكۆكەكان رەوایەتی دەستوری هەیە . بەلام هاتنی سۆپای عیراقی پێش  راستاندنی دەستوری 2005 بۆ هەولێری پایتەختیش نەك بۆ شاری كەركوك . دەبێ چ وەسفەیەكی سیاسی و یاسایی بۆ بكریت نەك لە ئێستادا بەلكو لە سێبەری دەیان و سەدان و هەزاران نەوەی داهاتوماندا كاتێك نەتەوەكەمان لەم بەشەی كوردستاندا بگاتە كات و سەردەمی دامەزراندنی سیستمێكی سیاسی و یاسایی داد پەروەرانە، كە تیایدا پایەكانی دەولەتێكی دەستوری راگیرببن ؟ 3- ئەگەر هاتنی سوپای عیراق بوكەركوك بە خیانەت وەسف بكرێت و بدریتە پال لایەنێك  كەتەنها دانوستانی بۆ رێگریكردن لە هاتنی سوپایەكی شەرعی بۆ شارێكی ناكۆكی لەسەر بە رێسایە دەستوریەكانی ولاتەكەمان كردوە  ، ئایا چ سیفەتێكی سیاسی و یاسایی دەدرێت بە بێدەنگبونی هیزێك لە بەرامبەر هاتنی سوپای دەولەتی توركیا كە بە هەموو ناوچەكانی بادیناندا تەراتێن دەكات و لەجیاتی روبەرو بونەوە ، هەماهەنگی سەربازیشی لەتەكدا دەكری و لە زۆربواری ئەمنی ئابوری و سیاسیشدا لەگەلیدا ریكەوتن هەبێت ؟ سەرەراش هیچ كاتێك بۆ هیچ كام لە بابەتی رێككەوتنەكاندا پەرلەمان و دامەزراوەكانی دەسەلات لێیان ئاگادارنەبن ! ئەگەرچی زۆرینەی پەرلەمانیش لە دەستی ئەو هێزەدابێ كە خاوەنی زۆنێكە كە توركیاو هیزەسەربازی و موخابەراتیەكەی تەراتێنی تێدا بكات ؟! 4-لەروی رەوایەتی یاساییەوە ، روداوی 31 ی ئاب ، دەرەنجامی رێكەوتنێك بو لە گەل دەسەلاتێك كە رژێم و سەرۆكەكەی ، شەرعیەتی یاساییان لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و لە سەرئاستی ئیقلیمی و نێو دەولەتی ، لەدەست دابوو . بەلام ئەو دانوستانەی كە نەوەكانی تاڵەبانی پێش 16ی ئۆكتۆبەر ئەنجامیاندا، لەگەل دەسەلاتێك بووكە شەرعیەتی یاسایی لەسەرئاستی عیراق و هەریمی كوردستان و ولاتانی ئیقلیمی و نێودەولەتی ، لە ئەوپەری دابوو . 5-ئامانج لە رێكەوتنی پارتی و بەعسیەكان ، لە روداوی 31ی ئابدا ، پیلان گێران بوو بەمەبەستی قولكردنەوەی برینەكانی شەری ناوخۆو ، دابەشبونێكی قوڵی سیاسی و جوگرافی و سەربازی لێكەوتەوە . بەلام ئامانج لە دانوستانەكانی پێش 16ی ئۆكتۆبەر ، بریتی بوو لە رێگرتن لە و كارەساتەی كەبوەهۆی لەدەستدانی ناوچەو روبەرێكی بەرینی كوردستان . بەو مانایەی بكەرانی دانوستانەكانی پێش 16ی ئۆكتۆبەر مەبەستیان بوو ، ئەو ناوچە جێناكۆكانەی كە  بەهۆی شەری داعشەوە وەك دیفاكتۆیەك لكاونەوە بە خاك و جوگرافیای هەرێمی كوردستانەوە  ، وەك كارتێكی گوشار لەبن دەستی هەرێمدا وەمێنن ، تاچارەنوسی مادەی 140 یەكلایی دەبێتەوە . بۆیە هیچ دیكۆمێنتێك نیە پێچەوانەی ئەو بۆچونەی نوسەری ئەم بابەت بسەلمێنێ . بەتەنیشت ئەوەشەوە ، ئەو قوربانیانەی حیزبەكەی تالەبانی لەكەركوك بەخشیان ، ئەوە پشتراستدەكاتەوە ، كە نەوەكانی تالەبانی هەولیان داوە ، ناوچەجێناكۆكەكانیان لەكیس نەچێت . بەلام هیچ دیكۆمێنتێك نیە كە هیچ رەوایەتیەكی نیشتمانی و یاسایی ، بخاتە پاڵ روداوی 31 ی ئابەوە . چونكە بكەرەكانی روداوی 31 ی ئاب نایشارنەوە كە پەنایان بۆ بەعس بردوە تا یەكێتی لە هەولێر دەربكەن . ناشكری بگوتری صدام حسین و رژیمەكەی لە پێناوی كوردایەتیدا، سوپای عیراقیان بردۆتە هەولێر!! چوارەم :-چوارچێوەی یاسایی بو لەمەحەكدانی هەردووك روداوەكە  هەر پێناسە كردنێك یان لەمەحەكدانی روداویكی سیاسی یان دیاردەیەكی نایاسایی بە ریسا یاساییەكان و بە تەخوین لەقەلەمدانی روداوێك لەروی یاساییەوە ،  ئەركی سەرشانی دەسەلاتی یاسادانەرە . بەو مانایەی ئەگەر بویسترێ  چەمكی تەخوینی سیاسی پێناسە بكرێت دەبێت لە قاڵبی رێسای یاساكان بدرێت و چوارچێوەو سروشتە یاساییەكەی لە ناو سیستمی یاساكانی هەلبژاردنەكانی ولات و لە ناو یاساكانی سزاداندا ، پیناسەكرابێت و سزاش دانرابێت بۆ كەسە سروشتی و مەعنەویەكان كە لە دیاردەی خیانەتەوە دەگلێن ، بەر حوكمی یاسای خیانەت دەكەون. لەو سۆنگەیەوە ئەگەر بمانەوێت كۆتایی بە سیناریۆی گەوجاندنی خەڵك بهێنین لەوەی ، كام لە  روداوەكانی 31 ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبەر ، بە خیانەت لەقەلەم دەدرێن ؟ ئەوا دەبێت پەرلەمانێك دروست بكەین دور لە هەر ساختەكاریەك ئەندامانی هەلبژێردرابن ، و ئەوسا بە رەچاوكردنی ئاكاری یاسادانەری عیراق و یاسادانەری ئەو ولاتانەی خیانەتی نیشتیمانیان تیدا ئەنجام دراوە ، وەسفی یاسایی بۆ خیانەت بكەین و سزای تاوان و سزای سیاسیش بۆ بكەرەكانی دابنرێت . لە دەولەتی جەزائیردا لە یاسای ژمار 16 -10 ی سالی 2016 بە گوێرەی برگەی 18 لە مادەی 138 ، یاسادانەری جەزائیری ئەوەی سەپاندوە كە بەدەق دەلێت دەبێت هەركەسێك كە خۆی بو هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە جەزائیردا بپالێوێت، دەبێت ئەوبەڵگانە بخاتە روو كە بیسەلمێنن باوانی پالێوراوی لەدایكبوو ،لە یولیوی 1942 دا ، بەشداریان نەكردوە لە و كارانەی دژی شۆرشی 1954 ئەنجام دراون . لە یاسای هەلبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشدا ، ژمارە 45 ی سالی 2013 دا ، یاسادانەری عیراقی لە برگەی دوەمی مادەی 8ی ئەو یاسایەدا پێی لە سەر ئەوەدا گرتوە كە ئەوكەسەی خۆی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران دەپالێوێت نابیت یاسای دەستەی لێپێچینەوەو دادوەری ژمارە 10 ی سالی 2008 بیگرێتەوە . لە كاتیكدا ئەو یاسایە تایبەتە بە ریشەكێشكردنی حیزبی بەعس ، لە مادەی 10 ی ئەویاسایەشدا هاتوە كە هەموو ئەوانەی تاوانیان بەرامبەر گەلی عیراق ئەنجام داوە دەدرێنە دادگاو سزا دەدرێن . لە هەریمی كوردستانیشدا ، برگەی 6 لە مادەی بیست و یەكی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە پەیوەستە بە مەرجەكانی خۆپالاوتن بۆ پەرلەمانی كوردستان بە دەق پێی لە سەر ئەوەدا گرتوە كە نابێت كەسی پالێوراو بۆ ئەندامێتی پەرلەمان بەشداری لە و تاوانانەدا كردبێت كە دەسەلاتی داپلۆسێنەر نەخشەی بۆ كێشاون یان لە كوردستان ئەنجامی داون .  بەلام یاسادانەری كوردستان لە مەرجەكانی خۆپالاوتن بۆ سەرۆكی هەرێم خۆی لە قەرەی ئەو بابەت و مەرجانە نەداوە كە لە مەرجەكانی خۆپالاوتن بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان دایناون.پرسیاری هەستیاری یاساییش ئەوەیە ، كە چۆن دەكرێت یاسا دانەر مەرجی قورس بۆ هەلبژاردنی ئەندامێتی پەرلەمان دابنێت،  بەلام مەرجەكانی كاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەریم خالی بن لەو مەرجە هەستیارانە ، لە كاتێكدا  هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، قورسایی سیاسی زیاترە لە هەلبژاردنەكانی تر ؟ لە بەر رۆشنایی ئەو چوارچێوە یاسایی و مەرجانەی كە یاسادانەرە جیاوازەكان لە جەزائیرو عیراق و لە یاسای پەرلەمانی كوردستانیشدا باسكراون . دەتوانین ئەم سەرنجە یاساییانەی خوارەو لە هەلوەستەماندا لە سەر روداوەكانی 31 ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبەردا بەراورد بكەین بەم جۆرە . 1-بەپێی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی جەزائیرو یاسای هەلبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق بێت ، بەرونی ئاماژە بە وە كراوە كە بەشداری كردن لە دژایەتی شۆرش یان بەشداریكردن لە تاوانەكانی دەسەلاتی بێگانە لە جەزائیرو دەسەلاتی بەعس لە عیراقدا ، وەك تاوانێك ئەژمار دەكرێت و بواری بەشداری سیاسی ناهێلێتەوە . 2-لە كوردستاندا یاسادانەر بە شەرمەوە باسی دەسەلاتی داپلۆسێنەری كردوەو وەك بلێی نەیوێراوە دەسەلاتی داپلۆسێنەر ناوبنێ كە ئەوە بۆخۆی كەلێن و ناتەواویەكی یاساییەو دەبێت چارەسەر بكرێت . 3-یاسادانەری كوردستان ، تەنها لە خۆپالاوتن بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستاندا ، كردویەتی بە مەرج كە كەسی پاڵێوراو نابێت بەشداری تاوانەكانی دەسەلاتی داپلۆسێنەری كردبێ . 4-یاسادانەر لە مەرجەكانی خۆپالاوتن بۆ سەرۆكایەتی هەرێم باسی ئەو مەرجەی نەكردوە كە لە مەرجەكانی خۆپالاوتن بۆ ئەندامێتی پەرلەمان سەپاندویەتی .  5- ئەگەر یاسادانەر ترسی نەبوبێت لە هەژمونی دەسەلاتی بەعس بەسەر هەولێرو پەرلەمانی كوردستانەوە، بۆچی ئەوكاتەی كە یاساكە دانراوە یان هەموار كراوەتەوە ، ناوی دەسەلاتی داپلۆسێنەر بە دەسەلاتی بەعس ناو نەنراوە ؟ لە كاتێكدا پەرلەمان لە دایكبوی ئەو راپەرینەیە كە دەسەلاتی بەعسی لە كوردستان روخاند . یان دەكرێت بپرسین بۆ تا ئێستاش دوای روخانی بەعسیش هیچ  فراكسیۆنێكی ناو پەرلەمانی كوردستان خۆی لە قەرەی ئەو مادەیە نەداوە ؟ وە دەكرێت بپرسین بۆچی یاسادانەر هەمان مەرجی پالیوراوی پەرلەمانی نەكردۆتە مەرج بۆ كاندیدی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ؟ 6- بەو پێودانگە یاساییانەی لە عیراق و جەزائیرو كوردستانیش كە خرانە روو ، دەكرێت بپرسین ئایا روداوی 31ی ئاب تاوان و خیانەتە یان روداوی 16ی ئۆكتۆبەر ؟ وەلامی ئەو پرسیارە بۆ خوێنەران و یاسادانەرانی ئێستاو ئایندەی هەریمی كوردستان جیدەهێلین . بەلام راستیەك هەیە كە پێویستە پاڵپشتیەكی یاسایی، بۆ چەمكی خیانەت لە ناو دامەزراوەی یاساداناندا ، دابتاشرێ . بۆ ئەوەی كۆمەڵگای كوردی ، لە گرێی تەخوینی سیاسی قوتاری ببێت!  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پەنەما، BVI، كاریبیەن ئایلەند.. ئەم شوێنانە بەهەشتی ئەو بەرپرسانەن كە سەروەت‌و سامانەكانیان تێدا شاردوەتەوە، بەرپرسانی كورد لەم ناوچانەی جیهان كۆمپانیا بەناوی كەسانی ترەوە دەكەنەوە‌و پارەكانیان دەشارنەوە، یەكێتی 14 ساڵ بەر لەئێستا قەبارەی سەروەت‌و سامانەكەی (10 ملیار) دۆلار بووە، ئێستا (100 مليار) دۆلارە، حكومەتەكەی بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، مەسرور بارزانی پارەی بۆ موچەی فەرمانبەران دەستناكەوێت، سەروەت‌و سامانی بەرپرسان لە كوێیە ؟       پارە دزراوەكان "هەر كەسێك زانیاری بە حكومەت بدات لەبارەی شوێنی پارە دزراوەكانی عێراقەوە، بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار خەڵات دەكرێت"، ئەمە بڕگەیەكە لەناو یاسایەكی عێراقدا بەناوی یاسای (گەڕاندنەوەی پارە دزاوەكان). ئەم یاسایە گرفتی تێدایە‌و بۆ دۆخی ئێستا ناگونجێت، هەندێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دەیانەوێت هەمواری بكەنەوە، چونكە مەبەست لە پارە دزراوەكان لەم یاسایەدا، ئەو پارانەیە كە تاوەكو ساڵی 2003 دزراون، واتا بەر لە روخانی رژێمی پێشووی عێراق، ئەمە لەكاتێكدایە قەبارەی پارە دزراوەكانی عێراق لەدوای روخانی رژێمی سەددام كەمتر نییە لە پارە دزراوەكانی بەر لە كەوتنی سەددام. یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند، بەنیازن لەگەڵ چەند كوتلەیەكی تری شیعەو سوننە لە پەرلەمانی عێراق داوای هەمواركردنەوەی یاساكە بكەن، بەجۆرێك دزییەكانی دوای ساڵی 2003 بگرێتەوە. قەبارەی پارە دزراوەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 2003وە بەدیاریكراوی نازانرێت‌و ژمارەی جیاواز لەبەردەستدان، مانگی تەموزی رابردوو رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی رایگەیاند" سیاسەتمەدارانی عێراقی نزیكەی (150 ملیار) دۆلاریان لە بانكەكانی دەرەوەدا داناوە، هەندێك دەڵێن بڕی پارەكە زیاترەو دەگاتە (300 ملیار) دۆلار". راپۆرتەكەی (نیویۆرك تایمز) بەوردی باسی لە چۆنیەتی ناردنەدەرەوەی پارەی هەرێمی كوردستان نەكردبوو لەلایەن بەرپرسانەوە، تەنیا ئاماژەی بەوەكردبوو لە هەرێم بنەماڵەی تاڵەبانی‌و بارزانی دەستیان بەسەر گرێبەستەكاندا گرتووە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بەرپرسانی هەرێم چۆن پارەكانیان دەبەنە دەرەوەی وڵات ؟ یاخود چۆن پارە سپی دەكەنەوە ؟ 118 بەرپرسی كورد لەژێر چاودێریدان مانگی ئازاری ساڵی رابردوو، یەكێتی ئەوروپا دوای بەدواداچونێكی چەندین ساڵە لەسەر كەیسی زیادبوونی دیاردەی سپیكردنەوەی پارە لە بانكەكانی ئەوروپادا، لەڕێگەی "دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا"وە دەزگایەكی بۆ روبەڕووبونەوەی (سپیكردنەوەی پارە، ئاڵوگۆڕی پارەی زۆر، پرۆژەی وەبەرهێنانی كارەكتەرە سیاسییەكان) لەناو سنوری یەكێتی ئەوروپا، دامەزراند، ئەو دەزگایە ناوی لێنرا "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە". (درەو) ساڵی رابردوو، بەدواداچوونی كرد بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانەی كە باسیان لەوەدەكرد بەرپرسانی حزبی‌و حوكمی كورد سەرقاڵی سپیكردنەوەی پارەن، ئەوكات دەستمان گەیشت بە كەسێكی نزیك لە "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە" لە دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا. ئەو سەرچاوەیە بە (درەو)ی راگەیاند، (118) كارەكتەری حیزبی‌و حكومی هەرێمی كوردستان لەژێر چاودێریی وردی ئاژانسی روبەرووبونەوەی سپیكردنەوەی پارەدان لە یەكێتی ئەوروپا (ناوی بەشێك لەو بەرپرسانە لای درەو  پارێزراوە). بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا زانیاری لەسەر ئەو بەرپرسانەی هەرێم لەبەردەستدایە كە لەنێوان (2011 بۆ 2019)  پارەیان بە ناشەرعی پەیداكردووە‌و پارەكانیان رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا كردووە، هەندێك لەوانە پرۆژەی گەورەیان دامەزراندووەو موڵك و ماڵیان پێ كڕیوە (ناوی كەسایەتییەكان‌و پرۆژەكانیان لە هەندێك لە وڵاتانی وەك ئەڵمانیاو بەریتانیاو سویسراو فەرەنساو هۆڵەندا لای (درەو) پارێزراوە، تائەوكاتەی لێكۆڵینەوەكان دەگەن بەئەنجام‌و بەفەرمی بڵاودەكرێنەوە). هەرچەند بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق وەكو پێویست زانیاری لەبارەی ئەو كەسانەوە نەداوە بە "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە"، تاڕادەیەك لە ئێستادا پرۆسەی چاودێرییەكە راوەستاوە، چونكە هەندێك كەسایەتی سیاسی كاریگەری عێراق لە لیستی گومانلێكراواندان‌و لێكەوتەكانی هەر بڕیارێكی ئاژانسەكە كاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی سیاسی عێراق دەبێت، بەرپرسانی كورد ئەوانەی پارەیان ناردوەتە دەرەوە لەمەدا سودمەندبوون‌و جارێ هیچ بڕیارێك لەسەر سامانەكانیان نەدراوە.  پارە چۆن سپی دەكرێتەوە ؟ (درەو) چەندین چیرۆكی سپیكردنەوەی پارەی لەلایەن بەرپرسانی كوردەوە دەستكەوتووە، كە شێوازی جیاوازیان هەیە. یەكێك لەو بەرپرسە كوردانەی كە پارە سپی دەكاتەوەو لەو رێگەیەوە سەروەتەكەی دەشارێتەوە، كەسێكە كە لە عێراق پۆستێكی باڵای هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند كەسێكی شارەزایی بواری بانكیی لە ئەوروپا دەست (درەو) كەوتوون، ئەو بەرپرسە بۆ شاردنەوەی سامانە زۆرو زەوەندەكەی كە لەڕێگەی كۆمپانیایەكی خۆماڵییەوە لە سلێمانی دەستی دەكەوێت، كۆمپانیایەكی لە (پەنەما) تۆماركردووە، سەرمایەی كۆمپانیاكەی خستوەتەسەر ژمارە بانكیی كەسێك لە دورگەكانی ڤێرجینی بەریتانیی (BVI)‌و ژمارە حسابییەكە بە (كاریبیەن ئایلەند) بەستوەتەوە، بەمشێوەیە سامانەكەی شاردوەتەوە، چونكە كۆمپانیاكان لەم ناوچانەی جیهان تاكس "باج" نادەن، بۆیە ناكەونە ژێر چاودێرییەوەو خاوەنەكانیان دەتوانن ناسنامەی راستەقینەی خۆیان بشارنەوە‌و بەناوی ترەوە تۆماری بكەن. هەمان ئەم كارەكتەرە سیاسییە چەند ساڵێك پێشتر بڕی (900 ملیۆن) دۆلاری كەوتووەتە عەممانی پایتەختی ئوردن‌و دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، بەڵام ئەمە سامانی پشكەكانی نەبووە لە كۆمپانیاكەی سلێمانی، بەڵكو ئەو داهاتانە بووە كە بەرێگەی جیاواز لە بەغداد دەستی كەوتووە، ئەم پارەیە ماوەیەك دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، بەڵام ئێستا داخراوە.  بەرپرسێكی تری كورد لە عێراق (ناوەكەی لای درەو پارێزراوە)، چەند ساڵێك لەمەوبەر بڕی (200 ملیۆن) دۆلاری وەكو بەرتیل لە كۆمپانیایەكی كەنەدی بەناوی (نۆرتێل) وەرگرتووە لەبەرامبەر پێدانی گرێبەستی راكێشانی هێڵی ئینتەرنێت بەو كۆمپانیایە.   هەموو ئەم پارانە كە بەرپرسانی كورد بەشێوەی جیاجیا دەستیان دەكەوێت، زۆربەیان دەچن بۆ دورگەكانی (كەیمەن‌و پەنەما)، ئەوەش لەڕێگەی "كۆمپانیا هۆڵدین" واتا "گروپی كۆمپانیا"، ئەمانە ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیان كە لەژێر چەترێكدا كۆدەبنەوە، كۆمپانیاكە بەناوی بەرپرسەكە خۆیەوە نابێت، بەڵكو بەناوی گروپی پارێزەرانەوە دەبێت كە ئێستا زۆرێك لە كۆمپانیاكان بەوشێوەیە كاردەكەن، ناوی بەشێك لە بەرپرسانی هەرێم لای (درەو) پارێزراوە، كە لەو دوو دورگەیە پارەكانیان خستوەتەگەڕ، هەروەها بەشێكیشیان پارەو پرۆژەكانیان لە (سویسرا، قوبرس، ماڵتا، ئیستۆنیا‌و لیتوانیا..) داناوە، كە بانكەكانیان ناكەوێتە ژێر چاودێری‌و لێكۆڵینەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاوە، بۆیە یاسای بانكیی تایبەت بەخۆیان هەیەو بازرگان‌و سەرمایەداران ناو و پارەو پرۆژەكانیان پارێزراوە. ئەم وڵاتانە رێككەوتنی پەیوەست بە بانك‌و پرۆژە ئابورییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپادا واژو نەكردووە، بۆیە چاودێری‌و لێكۆڵینەوە نایانگرێتەوە.  پارەی حزبەكان لە بانكەكانی دەرەوەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێكە لەو حزبە سیاسییانەی هەرێمی كوردستان كە بەمدواییە‌و دوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) بەدوای سامانە ونبووەكەیدا دەگەڕێت. بەرپرسانی باڵای یەكێتی كە (درەو) قسەی لەگەڵ چەند كەسێكیان كردووە باسلەوەدەكەن، قەبارەی سەروەت‌و سامانی حزبەكەیان ساڵی 2006 كاتێك جەرد كراوە (10 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام چەند مانگێك پێش ئێستا كاتێك سەرلەنوێ جەرد كراوەتەوە بەهای موڵك‌و ماڵ‌و سامانەكەی یەكێتی ناگاتە (100 ملیۆن) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدا بەوتەی ئەوان لە سنوری یەكێتیدا كۆمپانیا هەیە تەنیا بەهای داراییەكەی (12 ملیار) دۆلارە. بەرپرسانی نوێی یەكێتی، واتا ئەوانەی كە لەدوای كۆنگرەی چوارەمەوە دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست پێیانوایە بەشێكی زۆری سامانی یەكێتی لەلایەن كارەكتەرە دەسەڵاتدارەكانی حزبەوە رەوانەی دەرەوە كراوە، بەتایبەتیش ئەوانەی كە رۆژگارێك سەروەت‌و سامانی حزب‌و بڕیاری داراییان بەدەستەوە بووە. لەناو پارتیش هەمان كێشە هەیە، مەسرور بارزانی كە لەدوای مەسعود بارزانی باوكییەوە كەسی دەستڕۆیشتووی حزبەكەیە، ئەم رۆژانە سەرۆكایەتی حكومەت دەكات‌و حكومەتەكەی بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، بەڵام توانای گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی نییە كە بەرپرسانی حزبەكەی كۆیانكردوەتەوە‌و لە بانكەكانی دەرەوە بەناوی ترەوە شاردویانەتەوە. بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگای "بازل"ی نێودەوڵەتی تایبەت بەسپیكردنەوەی پارە، كە لە دیسەمبەری 2018 دەرچووە، لەسەر ئاستی جیهان لە (20) دەوڵەتدا كاری سپیكردنەوەی پارە دەكرێت، لەوانە: •    Andorra •    the Bahamas •    Belize •    Bermuda  •    the British Virgin Islands •     the Cayman Islands •    the Channel Islands,  •    the Cook Islands •    The Island of Jersey •    Hong Kong •    The Isle of Man •    Mauritius •    Lichtenstein •    Monaco •    Panama •    St. Kitts •    and Nevis •    Luxembourg  •    Switzerland  •    Malta كورد لەناو تاڵانییەكەی عێراقدا لەناو ئەو تاڵانییەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003 لە عێراق رویدا، كورد بێبەش نەبوو، بەرپرسانی كورد چ ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان پۆستی حكومی‌و حزبییان هەبوو، چ ئەوانەی لە بەغداد لەسەر پشكی كورد پۆستیان وەرگرت، هەندێكیان تێوەگلان لە تاڵانییەكەی عێراقدا.   ساڵی 2014 گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی‌و سپیكردنەوەو حەواڵەكردنی پارەی بەرپرسانی عێراق ئاشكرا بوو، ئەوكات (ئەحمەد چەلەبی) سەرۆكایەتی لیژنەی دارایی دەكرد پەرلەمانی عێراق، چەلەبی سیاسییەكی زیرەك‌و بەئاگابوو، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ناوەندە هەواڵگرییەكانی خۆرئاوادا هەبوو، دیكۆمێنتی ئاشكرا كرد لەبارەی تێوەگلانی بانك‌و بەرپرسان لە تالانكردنی سامانی عێراق‌و ناردنە دەرەوەی. دۆسیەكەی چەلەبی (72) لاپەڕە بوو، ئاشكرای كردبوو لەنێوان ساڵانی (2007 -2013) بڕی (312 ملیار) دۆلار چوەتە بانكەكانی عێراقەوە، لەوە بڕی (212 ملیار) دۆلاری چوەتە دەرەوەی عێراق، لەو نێوەندەدا بڕی (78 ملیار) دۆلار چارەنوسی نادیارە‌و نازانرێت لەلایەن كێوە بۆ كێ رۆیشتووە؟. سەبارەت بەو حەواڵانەش، لەو ماوەیەدا (60 هەزار) جوڵەی بانكیی هەبووە، لەو (60 هەزار) جوڵەیە (30 هەزار) جوڵەی بانكیی نازانرێت لە كێوە بۆ كێ چووە؟، بەشێوەیەكی گشتی لەو ماوەیەدا رۆژانە بە تێكڕا (50 ملیۆن) دۆلار جوڵەی پێكراوە، بەشی زۆری ئەو پارەیە حەواڵەی بانكەكانی دەرەوە كراوە. لەو (78 ملیار) دۆلارەی كە نازانرێت لە كێوە بۆ كێ رۆشتووەو چارەنوسی نادیارە، بڕی (12 ملیار) دۆلاری لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانەوە چوەتە دەرەوە، (32) بەرپرس‌و (25) كۆمپانیای هەرێمی كوردستان لەناو دۆسیەكەدان، كە دەوترێت مردنی گوماناوی (ئەحمەد چەلەبی) لە 2015دا پەیوەندی بەو دۆسیەیەوە هەبووە. بەمدواییانە باسلەوەدەكرێت ئێستا هەموو جموجوڵێكی حەواڵەكردنی پارەی زۆر بەئاگاداری بانكی ناوەندیی عێراق دەبێت، ئەگەرچی چونە دەرەوەی پارە بە بڕی زۆر بەئاسانی ناكرێت، بەڵام لەڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە پارەی زۆر حەواڵە دەكرێت، ئەویش لەبەرامبەر هاوردەكردنی كەلوپەل‌و فێڵی ترەوە. بەپێی راپۆرتی پەیمانگەی "بازل"ی نێودەوڵەتی كە تایبەتە بە سپیكردنەوەی پارە، لە ساڵی 2012دا لە دزین‌و سپیكردنەوەی پارەی حكومەتدا، عێراق پلەی یەكەمی هەبووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی‌و هەموو جیهان، لەم تاڵانییەدا كوردیش بەشدارە.  


🔻پزیشكێك: بەهۆی نەبونی ئامێری چڕەوە نەخۆشەكان گیان لەدەستدەدەن 🔻پزیشكێك: ئەگەر چاودێرو ئامێری چڕ هەبوایە لە 10كەس كە بە كۆرۆنا مردوون دوانیان دەمردن هەشتیان نەدەمردن. 🔻سلێمانی لە ئاستی عێراقدا لە پلەی یەكەمدایە بۆ مردن بە كۆرۆنا درەو: بە پێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویان دەكاتەوە، پارێزگای سلێمانی بەبەردەوامی لە پلەی یەكەمدایە بۆ مردن بە كۆرۆنا و بە وتەی پزیشكانی پسپۆڕی بوارەكە زۆری ژمارەی مردن بە كۆرۆنا بۆ نەبوونی ئامێری چڕو چاودێری وورد دەگەڕێتەوە. د. داهات حەوێزی بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هێمن تایبەت بە كۆرۆنا لە سلێمانی بە رووداوی رایگەیاند: زۆربەی ئەو نەخۆشانەی لە سلێمانی گیان لەدەست دەدەن بەهۆی نەبوونی ئامێری چاودێری چڕەوە گیان لەدەست دەدەن كە لە هەموو سلێمانیدا تەنها 10 ئامێر هەیە ئەگەر چاودێرو ئامێری وورد هەبوایە لەو 10 كەسە لەوانەیە 2 نەخۆشیان بمردنایە نەخۆشێك تەمەنی تەنها 28 ساڵ بووەو هیچ نەخۆشیەكی تری نەبووە لەبەر ئەوەی جێگەی نەبووە لە چاودێری وورد گیانی لەدەستداوە لە نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی نەخۆشمان هەبووە تەمەنی 35 ساڵ بووە لەبەر ئەوەی نەمانتوانیوە بینێرین بۆ چاودێری وورد گیانی لەدەستداوە بەپێی ئاماری 19/10/2020ی بەرێوەبەرێتی تەندروستی سلێمانی لە كۆی چوار نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا لەناو شاری سلێمانی دوو نەخۆشخانەیان ( شەهید هێمن ، شەهید تاهیر عەلی والی) هیچ ئامێرێكی هەناسەدان و چاودێری چڕ و ئامێری CPAP تیا نیە لە كۆی 10 نەخۆشی كە بەكۆرۆنا مردوون 9 یان لەو دوو نەخۆشخانەیەن بە پێی ئاماری پێنج رۆژی رابردووی كۆرۆنا كە وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویكردووەتەوە لەسەر ئاستی عێراق پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەكەمدایە، بە جۆرێك: رۆژی 15/10/2020 ژمارەی مردوان (10) كەس . رۆژی 16/10/2020 ژمارەی مردوان (10) كەس . رۆژی 17/10/2020 ژمارەی مردوان (17) كەس . رۆژی 18/10/2020 ژمارەی مردوان (15) كەس . رۆژی 19/10/2020 ژمارەی مردوان (16) كەس .


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت جگە لە (شێخ باز)، ناوی دوو كەسی تر لەسەر مێزی گفتوگۆیە بۆ ئەوەی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرن، مەسرور بارزانی كەوتوەتە نێوان فشاری عێراق‌و هەڕەشەی توركیاوە، ئەمریكاش داوا دەكات هەرێم كەسێكی شارەزای بواری (غاز) بكات بە وەزیری سامانە سروشتییەكان، یەكێتیش لەسەر پۆستی جێگری وەزیری نەوت لە عێراق كەوتوەتە ناو كێشمەكێشمێكی نوێ، عیزەت سابیر چوەتە بەغداد بۆ ئەوەی پۆستەكە وەربگرێت، لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر لەبارەی چارەنوسی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم‌و پۆستی جێگری وەزیری نەوتی عێراق بڵاودەكەینەوە.   پۆستە بەتاڵەكەی حكومەت زیاتر لە ساڵێك‌و سێ مانگە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەكە هێشتا پۆستێكی وزاری گرنگی لەناو كابینەكەی پڕنەكردوەتەوە كە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانە.  رۆژی (5)ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا لەبارەی ئەوەی بۆچی تائێستا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوە، وتی:" خۆم حەزم دەكرد لە وردەكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاگادار بم، بۆیە پۆستەكەم پڕنەكردوەتەوە". مەسرور بارزانی باسی لەوەكرد، بەدوای كەسێكدا دەگەڕێت كە جێگەی متمانەبێت بۆ ئەوەی دۆسیەكە بەڕێوەببات، پێشنیازی دوو كەسی كردووە بۆ ئەوەی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرن. مەسرور بارزانی لەبەردەم پەرلەماندا ناوی ئەو دوو كەسەی ئاشكرانەكرد كە پێشنیازی بۆ كردوون پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هەندێك كێشمەكێشی نوێ لەبارەی چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دروستبووە. لەبارەی چارەنوسی وەزارەتەكەوە  بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حكومەتی هەرێمەوە دەست (درەو) كەوتوون، ئێستا كاندیدەكانی پارتی‌و مەسرور بارزانی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بریتین لە دوو كەس: •    كاندیدی یەكەم: شێخ باز ئەم پیاوە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای (كار)ە، كۆمپانیاكەی خاوەنی رێژەی 40%ی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە، سەرباری ئەمە كێڵگەی "خورمەڵە" كە گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمە لای كۆمپانیاكەی شێخە، گروپێك لە بەرپرسانی پارتی پاڵپشتی لە شێخ باز دەكەن بۆ ئەوەی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرێت، لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە، مەسرور بارزانی چەندجارێك شێخ بازی بردە ناو كۆبونەوەكانی حكومەت‌و چەندجارێكیش لەگەڵ وەفدی هەرێم ناردی بۆ بەغداد، ئەمە وا لێكدرایەوە مەسرور بارزانی دەیەوێت شێخ باز بكات بە وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەڵام لەراستیدا هێشتا بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە. •    كاندیدی دووەم: كەمال ئەتروشی  ئێستا لەناو پارتیدا ناوی كەسێكی تر بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان هاتوەتە پێشەوە، كە ئەوەش پیاوێكە بەناوی (كەمال ئەتروشی)، زانیاری زۆر لەبارەی كەمال ئەتروشی لەبەردەستی (درەو)دا نیە، تەنیا ئەوە نەبێت دەوترێت (پێشتر راوێژكاری كۆمپانیایەكی كوەیتی بواری نەوت بووە). ئاشتی هەورامی لە مەترسیدایە ! پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005وە دروستكراوە، لەوكاتەوە تاوەكو مانگی تەموزی ساڵی رابردوو كە دەكاتە (14 ساڵ) ئەم وەزارەتە تەنیا لەلایەن پیاوێكەوە بەڕێوەدەبرا بەناوی (ئاشتی هەورامی). مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، بەڵام بەتەواوەتی دەستی لەناو دۆسیەی نەوتی هەرێمدا نەبڕی، مەسرور بارزانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی حكومەتی هەرێمدا، پۆستێكی نوێی بەناوی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت لە دەرەوەی یاسا كارپێكراوەكان داتاشی، ئاشتی هەورامی كرد بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە‌و سامانە سروشتییەكان. ئاشتی كە پێشتر بینای نەبوو، دۆسیەی سامانە سروشتییەكان لە جەنتاكەیدا هەڵگرتبوو، دوای دورخستنەوەی لە پۆستەكەی، وەزارەتەكەی بردە ناو بینایەك لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بیناكە دەكەوێتە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەناوچەیەك لە پشت كۆشكی (باكینگهام)، ئاشتی لەم بینایەدا ژمارەیەك فەرمانبەری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و راوێژكاری بیانی لەگەڵدایە‌و هێشتا دۆسیەی نەوت بەڕێوەدەبات، لەمەشدا دەسەڵاتی لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وەرگرتووە، ئەوەش بەپێی فەرمانێك كە رۆژی 24ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی بە نهێنی‌و بە زمانی ئینگلیزی بۆی دەركردووە. (لێرە كلیك بكە بۆ زانینی زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو نوسراوە) سەرباری ئەوەی مەسرور بارزانی دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەخشی بە ئاشتی هەورامی، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە مەسرور بارزانی بەتەواوی پاشەكشێی لە ئاشتی هەورامی كردووە، بەتایبەتیش دوای ئەو سكاڵا نوێیەی كە لەلایەن كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لە دادگای لەندەن لەسەری تۆماركراوەو ئەنجامەكانی بڕیاری دادگاكە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو، رەنگە بە قورسی لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم بشكێتەوە. بەمدواییە ئاشتی هەورامی روبەڕووی دۆسیەیەكی تری یاسایی بوەتەوە، (درەو) زانیویەتی هەفتەی رابردوو، دادگای ساختەكارییە قورسەكان لە لەندەن كە بە "Serious fraud office" ناسراوە، ئاشتی هەورامی بانگهێشتكردووە، تۆمەتباری كردووە بەوەی لە پرۆسەی ساختەكاری گەورە تێوەگلاوە. ئەوانەی شارەزای كاروباری ئەم دادگایەن دەڵێن:" لە بەریتانیا هەر كەسێك كاری بكەوێتە ناو ئەم دادگایە، رزگاربوونی زەحمەتە، چونكە ئەم دادگایە زۆر بەهێزە‌و تەنانەت بەبێ نوسراوی دادوەر دەتوانێت پشكنین بۆ ماڵی هەر كەسێك بكات كە گومانی لەسەری هەبێت". ساڵی رابردوو، ئەم دادگایە سزای قورسی بەسەر دوو كەسدا سەپاند، بەپێی ئەوەی سەرچاوە ئاگادارەكان بە (درەو)یان راگەیاندووە، ئەگەر تۆمەتەكان لەسەر ئاشتی هەورامی ساغ ببێتەوە، دادگاكە سزای (25 ساڵ) زیندانی بەسەردا دەسەپێنێت، لەمە مەترسیدارتر ئەوەیە كەسانی تر لە دۆسیەكانی ئاشتی هەورامیدا تێوەبگلێن. هەڕەشەكەی ئەردۆغان ! بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو حكومەت دەست (درەو) كەوتوون، بەمدواییە مەسرور بارزانی توركەكانی بینیوە، پێی وتوون:" عێراق فشار دەخاتە سەرمان بۆ ئەوەی نەوتەكەی رادەست بكەین"، لەوەڵامی ئەم قسەیەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا زۆر توڕە بووە‌و هەڕەشەی كردووە پەلاماری كوردستان بدات ئەگەر نەوتەكەی رادەستی عێراق بكات. لەدوای هەڕەشەكەی ئەردۆغانەوە، مەسرور بارزانی پەنای بۆ ئەمریكییەكان بردووە‌و بەتەلەفۆن لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریكا قسەی كردووە‌و ئاگاداری كردووە لە بارودۆخی هەرێم لەنێوان فشاری عێراق‌و هەڕەشەكانی توركیادا. وەزیری وزەی ئەمریكا چەند پێشنیازێكی داوە بە مەسرور بارزانی، كە دیارترینیان ئەمانە بوون: •    بەزوترین كات پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕبكاتەوە، كەسێك لە پۆستەكەدا دابنێت كە شارەزای بواری (غاز) بێت، ئەمریكییەكان دەیانەوێت لەدوای قەیرانی كۆرۆناوە ستراتیژیەتی خۆیان لە نەوتەوە بگۆڕن بۆ غاز. •    ئەمریكییەكان داوایان لە مەسرور بارزانی كردووە یەكێتی نیشتمانی بەشدار بكات لە بڕیارەكانی تایبەت بە نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، رەنگە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت لە عێراق سێ زۆنی (غاز) هەیە، یەكێك لەو زۆنانە لە سنوری یەكێتیدایە، دوانەكەی تر یەكێكیان لە ناوچەی سوننە‌و ئەوی تر لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی شیعەكاندایە، ئەمریكییەكان چاویان لە غازەكەی سنوری یەكێتییە. ئامانج رەحیم كاندیدە هاوشێوەی كابینەكانی پێشووی حكومەت، پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لای پارتی دیموكراتی كوردستانە. ئەگەر دۆخەكە بەوشێوەیە بڕوات‌و پارتی كەسێكی شارەزای بواری غازی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە دەست نەكەوێت، یاخود پابەند بێت بە داواكارییەكەی ئەمریكاوە، پێدەچێت كەسێكی یەكێتی دڵخوازی پارتی بۆ پۆستەكە كاندید بكات. سەرچاوەیەك لەناو یەكێتی لەبارەی ئەم بابەتەوە بە (درەو)ی راگەیاند، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كە سەربە یەكێتییە، وەكو كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان ناوی دەهێنرێت. ئامانج رەحیم نزیكەی (10 ساڵ)ە سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانە، یەكێك لەو كەسانەیە كە زۆرترین كات لە پۆستەكەی لەناو ئەنجومەنی وەزیران ماوەتەوە، ئامانج لەوانەیە ناچێتە ناو كێشمەكێشە سیاسییەكانەوە، هەم دڵی یەكێتی‌و هەم دڵی پارتیشی راگرتووە، بۆیە دور نیە دواجار بازەكە لەسەر شانی بنیشێتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا وردبینترین كەسی ناو ئەنجومەنی وەزیرانە‌و ئاگاداری وردەكاری دۆسیەكانی نەوت‌و غازە. یەكێتی‌و پۆستەكەی بەغداد پۆستێكی تری بواری وزە هەیە كە هاوشێوەی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كێشەی تێدایە، ئەم پۆستە پشكی یەكێتییە لە حكومەتی عێراقدا. چەند رۆژێكە مشتومڕ لەسەر پڕكردنەوەی پۆستی جێگری وەزیری نەوتی عێراق لەناو یەكێتی نیشتمانی گەرمە، ئەمە یەكێكە لەو پۆستانەی كە لەدوای روخانی سەددامەوە لای یەكێتی بووە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەستی كەوتووە، چەند كەسێك خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كاندید كردووە، یەكێك لەوانە (عیزت سابیر) پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتییە لە پەرلەمانی كوردستان كە لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرا. عیزت سابیر كاندیدی قوباد تاڵەبانی‌و شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، (درەو) زانیویەتی، عیزەت چووەتە بەغداد‌و چاوپێكەوتنی تایبەت بە وەرگرتنی پۆستەكەی كردووە، عیزەت سابیر بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئابوریدا هەیە. لەپاڵ ئەمەدا (پەروین بابەكر) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی یەكێكە لە كاندیدەكان  بۆ پۆستی جێگری وەزیری نەوتی عێراق، پەروین پێشتر لە بواری نەوتی تایبەت بە كۆمپانیای (نۆكان)ی یەكێتی كاریكردووە، ماوەیەكیش وەزیر بووە لە حكومەتەكەی سلێمانی یەكێتیدا. پۆستی جێگری وەزیری نەوتی لە عێراق پێشتر لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتییەوە پڕدەكرایەوە، رۆژی (17)ی ئەم مانگە كۆسرەت رەسوڵ كە ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە، نوسراوێكی ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی كرد‌و داوای لێكردن سنورێك بۆ قاچاخچێتی دەروازە سنورییەكان دابنێن، ئەگەر نا ئەو دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاردەهێنێت. هەندێك لە یەكێتییەكان، ئەو نامەیەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ هاوسەرۆكەكان وەكو كارتێكی فشار لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستی جێگری وەزیری نەوتی عێراق لێدەدەنەوە، پێیانوایە كۆسرەت رەسوڵ بەو پەیامە دەیەوێت ئاگاداریان بكاتەوە ئەو پۆستی جێگری وەزیری نەوتی عێراق پشكی ئەوە‌و دەبێت خۆی كاندیدەكەی دیاری بكات. 


درەو: لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆی (928 ملیار) دیناری قەرزی سەرمایەداران و بازرگانان تا ئێستا ( ملیارێك و 100 ملیۆن) دینار گەڕێنراوەتەوە. بە پێی راپۆرتی سێ مانگی حكومەت تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كراوە، حكومەت (928 ملیارو 763 ملیۆن) دیناری لای سەرمایەداران و بازرگاكانانە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا حكومەت تەنها ( ملیارێك و 100 ملیۆن ) دیناری لە سەرمایەداران وەرگرتووەتەوە. قەرزە بازرگانییەكان بە پێی راپۆرتی سێ مانگی چاكسازی: ١ -بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان وەزارەتی دارایی و ئابووری تاپۆی سەرجەم ماڵ و موڵكی ڕەهنكراوی ئاڕاستەی فەرمانگەی جێبەجێكردن لە وەزارەتی داد كردووە بە مەبەستی فرۆشتنەوەی موڵكەكانیان بە پێی یاسای )وەرگرتنەوەی قەرزە حكومییەكان( ژمارە (٥٦)ی ساڵی ١٩٧٧. ٢ -كۆی گشتی قەرزە حكومییەكان لە هەرسێ پارێزگای (هەولێر و دهۆك و سلێمانی) بڕی )١٦٥،٨١٢،٧٦٣،٩٢ )نۆ سەد و بیست و هەشت ملیار و حەوت سەد و شەست و سێ ملیۆن و هەشت سەد و دوانزە هەزار و سەد و شەست و پێنج دینارە، و لەم بڕەیە تەنها )٠٠٠،٥٠٠،١٠٠،١) یەك ملیار و سەد ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار لە ڕێگەی بانكە بازرگانییەكان وەرگیراوەتەوە بەم شێوەیەی خوارەوە لە ڕێكەوتی ١/٧/٢٠٢٠ تاكو  -:٢٠٢٠/٩/٣٠ - بانكی گۆیژە (٥٦٠٠٠٠٠٠٠ )ملیۆن دینار. - بانكی كۆیە (٧٣٠٠٠٠٠ )ملیۆن دینار. - بانكی سلێمانی/١( ١٩٥٠٠٠٠٠ )ملیۆن دینار. - بانكی عەنكاوە (١٥٣٠٠٠٠٠٠ )ملیۆن دینار. - بانكی زاگرۆس (٨٢٨٠٠٠٠٠٠ )ملیۆن دینار. - بانكی نیشتمان (٣٦٧٠٠٠٠٠ )ملیۆن دینار. سكرتاریەتی لیژنەی بااڵی جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازی 1٥ ٣ -وەزارەتی داد فەرمانگەی جێبەجێكردنی دادی نوێی لە پارێزگای هەولێر دامەزراندووە تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرزە حكومییەكان كە بە بەیانی ژمارە (١ )ساڵی ٢٠٢٠  


درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كۆمپانیایانە دادەخات كە لە خاڵە سنورییەكان بە ناوی جیاوازەوە پارە وەردەگرن. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم هەفتەیەدا بڕیاری داخستنی كۆمپانیاكانی خاڵە سنوریەكان دەردەكات، بە جۆرێك ئەو كۆمپانیایانەی نایاسایین دایان دەخات و هەندێك لە كۆمپانیاكانیش كارەكانی بە حكومەت دەستپێرێت و ئەو كۆمپانیایانەش كە پێویستن دەیانهێڵێتەوە.    كۆمپانیاكانی خاڵە سنورییەكان. لە دەرەوەی هەموو پرۆسەیەكی یاسایی لە پێدانی مۆڵەت و بوونی پێوسیت، لەسەرجەم خاڵە سنورییەكان، چەندین كۆمپانیا سەرقاڵی وەرگرتنی پارەن بە ناوی جیاوازەوە، بەشێك لەو كۆمپانیایانە پێویست نین و تەنیا بۆ كۆكردنەوەی پارەیە، بەشێكی دیكەی ئەركی دەوڵەتەو دراوە بە كۆمپانیاكان. عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیژنەی نەوت و سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان لە نوسینێكدا ووردەكاری كۆمپانیاكانی خاڵە سنورییەكانی خستۆتە روو:  •    ئیرباهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران 1 -راگەیاندنی گومرگی، بۆ كۆمپانیای كۆریدۆر، كاغەزێكی ئاساییەو پێشرت حكومەت دەیكرد و هیچ گرفتێكی نەبوو لە مانگی 9ی 2019ەوە دراوە بەم كۆمپانیایەو بۆهەر كاغەزێك 15 هەزار دینار وەردەگرێت. 2 -كۆمپانیای ستار، بۆ دڵنیایی ئیجباری لە ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دراوە تەنیا 10 %بۆحكومەتە.. 3 -مەنفێست25 دالر، لە ئیرباهیم خەلیل بۆ جبل نهزە لە حاجی ئۆمەران بۆ اشراقات العوادە . 4 -سكانەر، 50 دالر وەردەگریێت بۆ كۆمپانیای هانداون 80 %بۆ كۆمپانیاو 20 %بۆ حكومەت. 5 -تەعقیم بۆ 10 دۆالر لە هەر ئۆتۆمبیلێك وەردەگریێت، 85 %بۆ كۆمپانیاو 15 %بۆ حكومەت. 6 -پشكنینی خۆراك و كااڵ، هەردوو دەروازەكە لەگەڵ كۆمپانیای نیوستاندەر كردوویانە، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێكی شەحن بڕی 100 هەزار دینار وەردەگریێت. بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕی 100 هەزار دینار وەردەگریێت. هەر بارهەڵگرێك هیچ جۆرە پشكنینێكی نەوێت 150 هەزار دیناری لێوەردگریێت، تەنیا سەرەتاكانی بۆ مۆردەكرێت. بۆ هەر پشكنینێكی فیزیایی و كیمیای و بایلۆجی بەجیا پارە وەردەگریێت. 7 -كۆمپانیای سەربەخۆ كە وەزارەتی ناوخۆ لە 13/1/2019 رێگای پێداوە، بۆ دروستكردنی هەر تابلۆیەكی كاتی بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرێت. 8 -لە حاجی ئۆمەران چەند رێگایەكی تر هەیە بۆ وەرگرتنی پارە لە ئیرباهیم خەلیل نیە، كۆمپانیای شەو ڕۆژ بۆ هەر حاڵەتێك 25 دۆلار وەردەگرێت بەناوی كۆمپانیای گەشتیاری و ئەركی دیار نیە. 9 -كۆمپانیایەك بەناوی سبكەبار لە هەر ئۆتۆمبیلێكی ترانزێت 50 دۆلار وەردەگرێت، 70 %بۆ كۆمپانیا 30 %بۆ حكومەت. 10 -لە خاڵی سنوری حاجی ئۆمەران كۆمپانیای شەو رۆژ، بەناوی نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵگاكەوە 25 دۆالر لە هەر بارهەڵگرێك وەردەگریێت ( ئێرانی و عێراقی)، زیاتر لە چەند مانگێكە بەردەوامە، پرۆسەكە دراوە بە كۆمپانیایەك و هیچ كارێكی نەكردووە. جگە لە وەرگرتنی پارە بەناوی گەراجانە. 11 -لە ئیبراهیم خەلیل هەندێك كار هەیە لە هیچ خالێكی سنوری دیكە نیە، كۆمپانیای ئەنتەرتیك لەسنوری ئیربایهم خەلیل بۆ چێككردنەوەی كالا بزاندرێت هاوتایە لەگەڵ كارگە بنەڕەتییەك، بۆ هەر بەراوردێك 700 بۆ2000 دۆالر وەردەگرێت، ئەگەر رۆژانە 500 بەراورد بكات، داهاتەكەی 9 ملیۆن دۆالرە، پاش ئەم بەراوردەش هەمان كۆمپانیا سی پارەی دیكە بەناوی پشكنینی فیزیایی و كیمیاوی و بایۆلۆجی وەردەگرێت!!! داهاتی ئەمیش مانگانە نزیكەی 3 ملیۆن دۆلارە؟ 12 – گۆڕپانی (بەتون كوردستان) لە ئیرباهیم خەلیل، رۆژانە نزیكەی 1800 ئۆتۆمبیل لەم گۆڕپانە پشكینینی بۆ دەكرێت و بە ئیجباری 55 دۆالر وەردەگریێت و بڕێكی زۆر گازویلیان پێدەفرۆشرێت. 13-رۆژانە ژمارەیەكی زۆر ئۆمتبیلی نەفەر هەڵگر تێدەپەڕن و بۆ هەر یەكێك 25 دۆالر وەردەگرن، رۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتە.  14 -ئەمە جگە لەوەی پێشرت چەندین كااڵ بەناوی سوریاوە داخڵدەكرێت وەك ترانزێت 20 %گومرگ دەدەن، بەاڵم نەڕۆشتون بۆ سوریا. •    باشماخ و پەرویزخان 1 -بەناوی مەنەفێستەوە بۆ (نقل الربی) بەبێ‌ ئەجنامدانی هیچ كارێك چەند كۆمپانیایەك پارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبیلەكان وەردەگرن، بۆ منونە : كۆمپانیای (اشراقات العواد) كە مەنەفێستی  (نقل الربی) بڕێت و تائێستا نازاندرێت گرێبەستی لەگەڵ كێدا هەیە، بۆ هەر وەسڵێكی مەنەفێست 25 دۆالر وەردەگرێت، هیچ نوسینەگەیەكی لە خاكی ئێراندا نیەو تەنیا پارە وەردەگرێت. 2-چەند كۆمپانیایەكی دیكەی نەوتی مەنەفێست دروستدەكەن بۆ تانكەری نەوت و هەر مەنەفێستێك كە كاغەزێكەو مۆرێكی لێدەدەن 25 دۆالر وەردەگرن، لەكاتێكدا حكومەت خۆی دەتوانێت ئەم كارە بكات و هیچ ئەرك و تێچونێكی نیە. 3--دڵنیایی ئیجباری، دراوەتە كۆمپانیای دڵنیا، لە 5 هەزار دینارەوە بۆ 20 هەزار دینار لە هەر ئۆتۆمبیلێك وەر دەگریێ، دڵنیای نابێت بە ناچاری بێت و بۆ 24 كاتژمێر بێت و كەس قەرەبوو نەكرێتەوە. 4 -كۆمپانیایەكی ئێرانی بۆ هەر بارهەڵگرێك دێتە هەرێمی كوردستان بڕی 50 دۆلار وەردەگرێت بەناوی ترانزێت، بەرپرسانی خاڵە سنورییەكانیش نازاننی ئەم پارەیە بۆچی وەردەگریێت. 5-كۆمپانیای ئەستێرەكان و ئامسانی كوردستان، بڕی 5هەزار دینار لە هەر هاولاتیەكی ئێرانی وەردەگریێت بەناوی (خرب وصول) كارێكی تەواو نایاساییەو هیچ خزمەگوزارییەك پێشكەش ناكات 6 -بەفەرمانی ئەجنومەنی وەزیران، راگەیاندنی گومرگی دراوەتە كۆمپانیای رۆژان، بۆ هەر راگەیاندنێك بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرن لە 10/9/2019 ەوە كەوتووەتەكار، لەكاتێكدا پێشرت حكومەت خۆی بێ‌ بەرامبەر و بەشێوەی ئەلیكرتۆنی ئەم راگەیاندنەی دەكرد. 7-كۆمپانیا سەربەخۆ، بۆ دروستكردنی هەر تابلۆیەكی كاتی بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرێت، هەمان كۆمپانیا بەپێی گرێبەستێك بۆ هەرتابلۆیەكی هەمیشەیی 50 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەوەی جێگای سەرجنە 27 ملیار دیناری پێشەكی پێدراوە! 8 -كوالێتی بامشاخ بەناوی رەزگەو و پەروێزخان لۆكس ئەجانسی، بۆ ئەو كالایانەی دێنە هەرێمی كوردستان. بۆ هەر ئۆتۆمبیلێكی شەحن بڕی 100 هەزار دینار وەردەگریێت. بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕی 100 هەزار دینار وەردەگریێت. هەر بارهەڵگرێك هیچ جۆرە پشكنینێكی نەوێت 150 هەزار دیناری لێوەردگریێت، تەنیا سەرەتاكانی بۆ مۆردەكرێت. بۆ هەر پشكنینێكی فیزیایی و كیمیای و بایلۆجی بەجیا پارە وەردەگریێت. تێبینی: بەپێی بەدواداچون لە رابردوودا هەندێك لەم كۆمپانیانە كەمتەرخەمی زۆریان كردووەو ئاسانكاریانكردووە بۆ هاتنە ژورەوەی كااڵی خراپ بەشێكیشیان ئامێری پێویستیان نیە بۆ پشكننی.. 12 -كۆمپانیای دڵنیای 5 هەزار لە هاواڵتی وەردەگرێت بەناوی دڵنیای و هیچ گرێبەستێكی نیە. 13 –وەرگرتنی سێ‌ هەزار دینار بەناوی رێكخستنی ریزی ئۆتۆمبیل. 14 -لەم كابینەدا ڕێپێدان كراوە بۆ دوو كۆمپانیا لە بامشاخ و پەروێزخان بەناوی تەعقیمەوە لە هەر ئۆتۆمبیلێك 10 دۆالر وەبەرگریێت بۆ هەر هاتن و چونێك.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئەمڕۆ بۆ ئێران رۆژێكی گرنگ بوو، سزای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆتایی هات، ئێران ئیتر دەتوانێت هەم چەك بكڕێت‌و هەم بیفرۆشێت، ئێرانی چەك لە كێ دەكڕێت‌و چەكی خۆی بە كێ دەفرۆشێت، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە. هەڵگرتنی سزاكان ئەمڕۆ ماوەی ئەو سزایە كۆتایی هات كە مانگی ئازاری 2007وە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەسەر ئێرانیدا سەپاند‌و بەپێی سزاكە هاوردەكردن‌و هەناردەكردنی چەكی لە ئێران قەدەغەكرد. ساڵی 2015، ئێران رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز (5+1) ئیمزا كرد، بەپێی ئەو رێككەوتنە رێگە بە ئێران درا دوای پێنج ساڵ لە رێككەوتنەكە چەكی كلاسیكی بكڕێت، واتا لە رۆژی 18ی ئۆكتۆبەری 2020وە كە دەكاتە ئەمڕۆ، هەروەها رێككەوتنەكە دەڵێ دوای هەشت ساڵ لە رێككەوتنەكە قەدەغە لەسەر موشەكی ئێران‌و پرۆگرامەكەی هەڵدەگیرێت واتا لە ساڵی 2023. سەرباری ئەوەی لە ساڵی 2018وە ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی یاخود ئەوەی ئێرانییەكان ناویان لێناوە "برجام" كشاوەتەوە، بەڵام هێشتا رێككەوتنەكە بەركارە، چاودێرانی نێودەڵەتی دەڵێن مانەوەی ئێران لەناو رێككەوتنەكەی دوای كشانەوەی ئەمریكا، تەنیا لەبەر ئەوە بوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو سزایەی لەسەر هەڵگرێت.   لە چەند مانگی رابردوودا ئەمریكا هەوڵیدا پشتیوانی نێودەوڵەتی كۆبكاتەوە بۆ درێژكردنەوەی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئێران، بەڵام لەمەدا سەركەوتوو نەبوو، روسیا‌و چین كە خاوەنی كورسی هەمیشەین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەگەڵ درێژكردنەوەی سزاكەدا نەبوون.  چەكەكانی ئێران گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانی دەڵێ:" جبەخانەی ئێران لە تانكی بەریتانی‌و كۆپتەری ئەمریكی كۆن پێكدێت، ئەم چەكانە ئێستا لە خۆرئاوا خراونەتە ناو مۆزەخانەوە" واتا چیتر مۆدێلیان بەسەرچووە. بەپێی قسەی ئەو گۆڤارە، ئێران لە جەنگی هەشت ساڵەدا لەگەڵ عێراق، زیاتر لە "یەك لەسەر سێ"ی جبەخانە سەربازییەكەی لەدەستداوە، ئێستا كە سزای نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر هەڵگیراوە، ئیتر ئێران دەتوانێت چەكی نوێ بكڕێت.  رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دوای كۆبونەوەی حكومەت، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران پیرۆزبایی لە خەڵكی وڵاتەكەی كرد بەبۆنەی كۆتایهاتنی وادەی سزاكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئێران‌و ئەمەی بە رۆژێكی نیشتمانی لە مێژووی وڵاتەكەی‌و سەركەوتن بەسەر ئەمریكادا وەسفكرد. ئێستا ئێران ئیتر دەستكراوەیە لەوەی چەك بكڕێت، بەڵام هێشتا دەرفەتەكە بۆ تاران سنوردارە، چونكە: •    ئێران لەناو كێشە دارایی‌و قەیرانێكی ئابوریدایە، ئەمە وادەكات نەتوانێت بڕێكی زۆری پارە بۆ كڕینی چەك خەرج بكات. •    لەلایەكی ترەوە، هێشتا سزا تاكلایەنەكانی ئەمریكا لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی كە چەك بە ئێران دەفرۆشن، بەردەوامە، ئەمەش هەندێك كێشە بۆ ئێران دروست دەكات. •    هاوكات ئێران خۆشی نایەوێت دوای هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش بەشێوەیەكی خێرا هەموو جۆرە چەكێك بكڕێت، بەرپرسان دەڵێن دەیانەوێت پشت بە بەرهەمی ناوخۆی چەك ببەستن‌و ئەگەر پارەیەكیش لەو بوارەدا خەرج بكەن دەبێت بۆ كڕینی تەكنەلۆژیای نوێی پەرەپێدانی پیشەسازی چەكی خۆماڵی بێت، بەتایبەتیش لە بواری بەرگری ئاسمانیی‌و دەریایی، نەك تەنیا كڕینی چەك.   بەرپرسانی ئێرانی پێیانوایە ئەگەر بیانەوێت چەك بكڕین، سزا تاكلایەنەكانی ئەمریكا ناتوانن رێگر بن، چونكە ئێران پێشتر سیستمی بەرگری (ئێس 300)ی لە روسیا كڕیوە‌و ئێستاش دەتوانێت سیستمی (ئێس 400) بكڕێت.  ئەولەویەتی ئێران بۆ كڕینی چەك دوای هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت پۆشتە‌و پەرداخكردنی هێزی ئاسمانی بێت، فڕۆكەكانی سوپای ئێران بەشێكی زۆریان تەمەنیان (40 ساڵ) زیاترە‌و پێویستیان بە نوێكردنەوەیە. سەرباری ئەمە، ئەو فڕۆكانەی كە ئێران خۆی دروستیكردوون لەوانە ( كەوسەر، ساعیقە، قاهر 313) ئەو توانا جەنگییەیان نییە كە لەبەرامبەر فڕۆكەیەكی نوێدا مانۆڕ بكەن. ئێستا كە سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش وادەكەی كۆتایی هات، هەریەكە لە روسیا‌و چین چاویان لەوەیە چەك بە ئێران بفرۆشن، چاودێران دەڵێن ئێران دەتوانێت چەكی نوێ بە نرخێكی هەرزانتر بكڕێت، ئەگەر بتوانێت لەو بوارەدا جۆرێك لە ركابەرێتی لەنێوان روسیا‌و چیندا دروست بكات.  هەندێك لە چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەكەن، روسیاو چین بكەونە ركابەرێتی یەكتر بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنی فرۆشتنی چەك بە ئێران، بەڵام رەنگە زۆر دوریش نەڕۆن‌و چاوەڕێی دەرەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بكەن، سەرباری ئەمە هەردوو وڵات بەرژەوەندی ئابوری گەورەیان لەگەڵ هەندێك لەو وڵاتانی تری ناوچەكەدا هەیە كە خۆشحاڵ نین بەوەی ئێران چەكی نوێی دەستبكەوێت. ئەو چەكانەی كە ئێران لە لیستی خۆیدا دایناون بۆ ئەوەی دوای هەڵگرتنی سزاكە بیانكڕێت، بریتین لەم چەكانە: •    فڕۆكەی (سوخۆ سو 30)ی روسی •    تانكی (تی-90) •    موشەكی سیزلر-ی هێزی دەریایی روسیا •    فڕۆكەی (جی- 10)ی چینیی هەناردەی چەك هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران تەنیا كڕینی چەك ناگرێتەوە، بەشێكی تری سزاكە تایبەت بوو بە هەناردەكردنی چەك. نەیارانی ئێران لەناوچەكە لەوانە سعودیە‌و ئیسرائیل دەڵێن ئێران هەر لە سەرەتاوە پابەندی ئەم بڕگەیەی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش نەبووە، چونكە بەردەوام چەكی ناردووە بۆ هاوپەیمانەكانی لە یەمەن‌و لوبنان لەمەدا مەبەستیان لە حوسییەكان‌و حزبوڵایە.  بۆ ئێران بابەتەكە لەمە فراوانترە، بەرپرسانی تاران باسلەوە دەكەن پیشەسازی سەربازییان گەشەی كردووە‌و كاتی ئەوە هاتووە بیفرۆشن بە وڵاتانی دەرەوە، لەوانە پیشەسازی موشەكیی‌و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان‌و ئۆتۆمبیلی سەربازیی‌و بەلەمی تیژڕە. لەم بوارەشدا ئێران كڕیاری تایبەتی خۆی هەیە، لەوانە سوریا، عێراق، ئەفغانستان‌و ڤەنزەوێلا، هەڵبەت دەبێت كڕینی چەك لەلایەن ئەم وڵاتانەوە لە ئێران بەشێوەیەكی نهێنی بێت‌و بەدوربگیرێت لە فشارەكانی ئەمریكا.   


(درەو): هەر كەسێك "بێڕێزی" بە هێما نیشتمانییەكان بكات (7 ساڵ) ساڵ زیندانی دەكرێت، هێما نیشتمانییەكان بریتین لە (ئاڵای كوردستان، سرودی نیشتمانی، پێشمەرگە، رابەرە مێژووییەكان)، ئەم پرۆژەیاسایەكە كە فراكسیۆنی پارتی دەیەوێت لە پەرلەمان پەسەند بكرێت. حەوت ساڵ زیندانی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پێشنیازی پرۆژەیاسایەكی بەناوی "پێشنیازی یاسای هێما نیشتمانی‌و نەتەوەییەكان لە هەرێمی كوردستان- عێراق" ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان كرد. بەپێی ماددەی سێیەمی ئەم پرۆژەیاسایە" هەر هاوڵاتییەك بە گوتار یان كردار بێڕێزی‌و سوكایەتی بە هێما نیشتمانی‌و نەتەوەییەكان بكات، بەپێی حوكمەكانی ماددەی (226)ی یاسای سزادانی عێراقی، سزا دەدرێت". ماددەی (226)ی یاسا سزادانی عێراق دەڵێ:" هەر كەسێك بەشێوەیەكی ئاشكرا سوكایەتی بە ئەنجومەنی گەل، حكومەت، دادگاكان، هێزە چەكدارەكان یان هەر دەستەیەكی نیزامی‌و دەسەڵاتێكی گشتی، بەرژەوەندی یان فەرمانگەیەكی فەرمی‌و نیمچە فەرمی بكات، سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت یان حەبسكردنی یاخود غەرامەكردنی". واتا ئەگەر پرۆژە یاساكەی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان وەكو خۆی پەسەند بكرێت، سزای ئەو كەسانەی كە "بێڕێزی" بە هێما نیشتمانییەكان دەكەن، (7 ساڵ) زیندانی دەبێت. هێما نیشتمانییەكان چین ؟  وا لێكدەدرێتەوە لە بنەڕەتەوە هێنانی پرۆژەیاسایەكی لەمجۆرە لەلایەن پارتییەوە، بۆ تەقدیسكردنی (مستەفا بارزانی) رێبەرو دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، بەڵام بەپێی پرۆژە یاساكە هێما نیشتمانییەكانی بریتین لەم شتانە: •    ئاڵا •    سرودی نیشتمانی •    پێشمەرگە •    رابەرە مێژوویی‌و رزگاریخوازەكانی گەلی كوردستان


راپۆرتی: ڕێـكخـراوی توێژینەوەو گـەشـەپێـدان (RDO) لە ماوەی دوو ساڵی كاركردنی پەرلەماندا لیستەكانی پەرلەمانی كوردستان بەشێكی كەمی بەڵێنەكانیان جێبەجێكردووە، بەپێی راپۆرتی رێكخراوی توێژینەوەو گەشەپێدان لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا، لیستی پارتی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكێتی (5) بەڵێن، گۆڕان تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردوو،  نەوەی نوێ‌ هیچ بەڵێنێكیان جێبەجێ‌ نەكردووە. كۆمەڵی ئیسلامی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكگرتووی ئیسلامی تەنیا (1) بەڵێنی جێبەجێكردووە. ڕێـكخـراوی توێژینەوەو گـەشـەپێـدان (RDO) هەڵسانگاندنی دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان (1/10/2018 ــ 30/9/2020) كردووە، بە گوێرەی راپۆرتەكە،  لەماوەی دوو ساڵی تەمەنیدا، پەرلەمانی كوردستان (48) دانیشتنی كردووە،  بەتەواو بوونی دوو ساڵ لەتەمەنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا (9) یاسا پەسند كراوە. (2) یاسا لەساڵی یەكەم، (7) یاسا لەساڵی دووەم.  راپۆرتەكە ئەوەشی خستۆتە روو لەماوەی دوو ساڵدا پەرلەمانی كوردستان (22) بڕیاری دەركردووە، ساڵی یەكەم (11) بڕیاری دەركردووەو ساڵی دووەمیش (11) بڕیار. (17) بڕیار بۆ ڕێكخستنی كاروباری خۆی و دانانی لێژنەكان و متمانەدان بەئەندامی تازە لەجێگای ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو،    دەقی راپۆرتەكەی ڕێـكخـراوی توێژینەوەو گـەشـەپێـدان (RDO) پێشەكی لەڕۆژی (30/9/2018) هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. دوای پەسندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێمی كوردستان، لەڕۆژی (6/11/2018) دا، یەكەم دانیشتنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو. ئێمە ڕاپۆرتی یەكەممان تایبەت بوو بەچاودێریكردنی (1) ساڵ لەتەمەنی پەرلەمانی كوردستاندا، ڕاپۆرتی دووەمیشمان  تایبەتە بەچاودێریكردنی ساڵی دووەمی پەرلەمانی كوردستان. لەڕاپۆرتی ساڵی دووەمدا، لەپاڵ چاودێری دانیشتنەكانی پەرلەمان، چاودێری ڕێژەی جێبەجێكردنی بەڵێنی هەڵبژاردنی شەش لیستی پەرلەمانمان كردووە كە بریتین لە (پارتی دیموكراتی كوردستان (45) كورسی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (21) كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان (12) كورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ (8) كورسی، كۆمەڵی ئیسلامیی لەكوردستان (7) كورسی، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (5) كورسی).  دانشیتنەكانی پەرلەمانی كوردستان -    دانیشتنی ژمارە (4) ی خوولی پاییزەی پەرلەمانی كوردستان لەڕۆژی (15\10\2019) تایبەت بوو بەخستنە ڕووی دیدو ڕوانگەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان. -    دانیشتنی ژمارە(5) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (23\10\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە لەدوو خاڵ پێكهاتبون: خاڵی یەكەم تایبەت بوو بەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پێنچ پێشنیازە یاساو، یەك پێشنیازە بڕیار. خاڵی دووەمیش تایبەت بوو بەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان ــ عێراق). -    دانیشتنی ژمارە (6) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (30\10\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتی بوو لەدوو خاڵ، خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ دوو پێشنیازی یاسایی بەم شێوەیەی خوارەوە: یەكەم، پێشنیازی یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراقدا). دووەم، پێشنیازی یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراقدا). خاڵی دووەم و كۆتایی ئەم دانیشتنەی پەرلەمان، بریتی بوو لەدەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنوری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان ــ عێراق) دا. دوای دەنگدان، یاساكە بەزۆرینەی دەنگ پەسەند كرا. -    دانیشتنی ژمارە (7) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (13\11\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە پێكهاتبوو لەدوو خاڵ، خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پێشنیازە یاساییانەی خوارەوە: یەكەم، (پێشنیازی یاسای بەرهەمە خۆماڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). دووەم، پێشنیازی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). سێیەم، پێشنیازی یاسای بیمەی كشتوكاڵی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). چوارەم، پێشنیازە بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی كوردستان). خاڵی دووەمیش بریتی بوو لەدانان و ئاڵوگۆڕكردنی ژمارەیەك پەرلەمانتار لەلێژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان و، پێكهێنانی (4) لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمان. خاڵی سێیەم و كۆتاییش، بریتی بوو لەخستنەڕووی بیرۆكەی هەندێك لەپەرلەمانتاران. -    دانیشتنی ژمارە(8) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (4\12\2019) بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا بەرنامەی كار لەچوار خاڵی سەرەكی پێكهاتبوو: خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخستنەڕوو و دەنگدان لەسەر پێداچوونەوەی چەند ماددەو بڕگەیەك لەیاسای ژمارە(3) ی ساڵی (2019)  كە یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لەسنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەركراوە لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) بوو، بەبڕیاری ژمارە(4) ی ساڵی (2019) سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و، لەسەر داوای وەزارەتی گەشتوگوزار گەڕێندرابۆوە بۆ پەرلەمان. خاڵی دووەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژە یاسای مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ ەرلەمان نێردرابوو. خاڵی سێیەم، بریتی بوو لەخستنەڕووی بیرۆكەی پەرلەمانتارێك لەبارەی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی قوربانیانی جینۆساید. خاڵی چوارەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).  -    دانیشتنی ژمارە (9) ی ئاسایی خوولی پاییزە لەڕۆژی (10\12\2019) بەئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتی بوو لە (3) خاڵ، بەم شێوەیەی خوارەوە: خاڵی یەكەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). خاڵی دووەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە بڕیاری (ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان). خاڵی سێیەم، بریتی بوو لەقسەكردن و تاوتوێكردنی پرسی كێشەی كارەبای نیشتیمانی و سووتەمەنی لەوەرزی زستاندا. -    دانیشتنی ژمارە (10) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (16\12\2019) بەئامادەبوونی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بەڕێوەچوو. كارنامەی دانیشتنەكە بریتی بوو لە (3) خاڵ: خاڵی یەكەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای (چاكسازی لەخانەنشینی و مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازەكانیتر). خاڵی دووم، بریتی بوو لەدەنگدان بۆ پڕۆژە یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) و، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند كرا. خاڵی سێیەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای (ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). -    دانیشتنی ژمارە (11) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (18\12\2019) بەڕێوەچوو. ئەم دانیشتنە تایبەت بوو بەخوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای (ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). -    دانیشتنی ژمارە (12) ی خوولی پاییزە لەڕٍۆژی (24\12\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە لەچوار خاڵ پێكهاتبوو. خاڵی یەكەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە بڕیاری (ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان). خاڵی دووەم، بریتی بوو لەدرێژ كردنەوەی خوولی پاییزەی ساڵی یەكەم لەخوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. خاڵی سێیەم، بریتی بوو لەدەست لەكاركێشانەوەو گۆڕینی دوو ئەندام پەرلەمان لەلێژنەكاندا. خاڵی چوارەم، بریتی بوو لەخستنەڕووی بیرۆكەی ئەندامێكی پەرلەمان سەبارەت بەسیاسەتی بەگەڕخستنی داهاتەكان لەهەرێمی كوردستاندا. -    دانیشتنی ژمارە (13) ی خوولی پاییزە لەساڵی دووەم لەڕۆژی (12\1\2020) بەرێوەچوو. بەرنامەی كار تایبەت بوو بە: یەكەم، دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای (مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان) لەهەرێمی كوردستان و، بەزۆرینەی دەنگ پەسند كرا. دووەم، تایبەت بوو بەدەنگدان بەپێشنیازە بڕیاری (ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان)، ئەم یاسایەش بەزۆرینەی دەنگ پەسند كرا. سێیەم، خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای (چاكسازی لەخانەنشینی مووچەو دەرماڵەو بەخشینی ئیمتیازەكانیتر). لەم دانیشتنەدا وەزیری دارایی، وەزیری ناوەخۆ، وەزیری پێشمەرگە، وەزیری شەهیدان، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بوون. -    دانیشتنی ژمارە (14) ی خوولی پاییزە لەساڵی دووەم لەڕۆژی (13\1\2020) بەرێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە تایبەت بوو بە بەردەوام بوون لەسەر خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای (چاكسازی لەخانەنشینی مووچەو دەرماڵەو بەخشینی ئیمتیازەكانیتر).  -    دانیشتنی ژماری (15) ی خوولی پاییزە لەساڵی دووەم لەڕۆژی (16\1\2020) بەرێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە تایبەت بوو بەدەنگدان بەپڕۆژە یاسای (چاكسازی لەخانەنشینی مووچەو دەرماڵەو بەخشینی ئیمتیازەكانیتر)، بەكۆی دەنگ پەسند كرا. -    دانیشتنی ژمارە (16) ی خوولی پاییزە لەساڵی دووەم لەڕۆژی (23\1\2020) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بەم شێوەیە بوو: یەكەم، ئامادەبوونی شاندی دانوستاندكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی خستنەڕووی ئەنجامی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەبارەی كێشەی بودجەی ساڵی (2020) و كێشەی هەناردەكردنی نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم لەلای بەغدا. دووەم، خستنەڕووی بیرۆكەی پەرلەمانتار (گەلاوێژ عوبید عوسمان) پەیوەست بەدامەزراندنی (سەنتەری ڕاوێژكاریی بۆماوەیی نیشتیمانی)، بەهۆی زۆر بوونی رێژەی منداڵی ناكام و نەخۆشییە بۆ ماوەییەكان. -    دانیشتنی ژمارە (17) ی خوولی پاییزە لەساڵی دووەم لەڕۆژی (30\1\2020) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتی بوو لەخستنەڕوو و گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لەلای حكومەتی عێراق. هەروەها ڕاگەیاندنی كۆتایی هاتنی خوولی پاییزە لەخوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.  -    دانیشتنی ژمارە (1) خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (1/3/2020) بوو، دوای ڕێكارە پرۆتۆكۆلییەكان، (د. ڕێواز فایق) سەرۆكی پەرلەمان، وتاری دەست پێكردنەوەی خوولی كۆبوونەوەكانی بەهارەی پەرلەمانی خوێندەوە، بڕگەیەكی تری بەرنامەی كاریش بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە یاسای (بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغ بردنی نەوت و لێ‌ دەرهێنراوەكانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).  -    دانیشتنی ژمارە (2) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (4/3/2020) بەڕێوە چوو، لەم كۆبوونەوەیەدا دەنگ لەسەر یاسای (بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغ بردنی نەوت و لێ‌ دەرهێنراوەكانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) دراو بەزۆرینەی دەنگ پەسند كرا. -    دانیشتنی ژمارە (3) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (6/5/2020) بەڕێوە چوو، بەرنامەی كار بریتی بوو لەگفتوگۆكردن لەبارەی پلانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بەمامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتەكانی پەتای (كۆڕۆنا) لەسەر خوێندنی ساڵی (2019 ــ 2020).  -    دانیشتنی ژمارە (4) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (7/5/2020) بەبێ‌ ئامادەبوونی (د. ڕێواز فایق) سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوە چوو، وەكو ناڕەزایەتییەك بەرانبەر بە بەرنامەی كاری پەرلەمان كە بریتی بوو لەهەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، هەروەها فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و حزبی شیوعی و هەندێك پەرلەمانتاری تر، دانیشتنەكە بایكۆت كرا، بۆیە ئەم كۆبوونەوەیە لەلایەن (هێمن هەورامی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە بەڕێوە چوو. ئەو پەرلەمانتارانەی نوایان خرابووە ڕوو بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بریتی بوون لە: (1) ئومێد عەبدولڕەحمان خۆشناو، لەسەر داوای سەرۆكایەتی (دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان/ دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار). (2) عەلی حەمە ساڵح لەسەر داوای سەرۆكایەتی (دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/ دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی)، هەروەها لەسەر داوای نووسراوی سەرۆكایەتی (دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر). (3) شیرین ئەمین، لەسەر داوای سەرۆكایەتی (دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/ دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی). (4) سۆران عومەر، لەسەر داوای سەرۆكایەتی (دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/ دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی)، هەروەها لەسەر داوای سەرۆكایەتی (دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر/ دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر). دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەنگ لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر ئومێد خۆشناوو عەلی حەمە ساڵح و شیرین ئەمین نەدرا، بەدەنگی (57) پەرلەمانتار، پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر سۆران عومەر هەڵگیرا.  -    دانیشتنی ژمارە (5) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (29/6/2020) بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاردرا بەدرێژكردنەوەی كۆبوونەوەكانی خوولی بەهارەی پەرلەمان بۆ ماوەی یەك مانگ لە (1/7/2020 ــ 1/8/2020).  -    دانیشتنی ژمارە (6) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (29/6/2020) بەئامادەبوونی چەند وەزیرێك بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا چەند پێشنیازە یاسایەك خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كرا وەكو (لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان)، بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو كەلەپوور لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق)، (ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). هەروەها ڕاپۆرتی چەند لێژنەیەكیش خوێندرایەوە. یەكێك لەبڕگەكانی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لەدەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر لەپەرلەمانی كوردستان، لەكۆی (89) ئەندامی ئامادەبوو، بە (55) دەنگ دەست لەكاركێشانەوەكەی پەسند كرا.  -    دانیشتنی ژمارە (7) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (28/7/2020) بەئامادەبوونی چەند وەزیرێك لەبارەی ڕاپۆرتی لێژنەكانی پەرلەمان بەڕێوە چوو.  -    دانیشتنی ژمارە (1) ی كردنەوەی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (2/9/2020) بەڕێوە چوو. دوای جێبەجێكردنی ڕێكارە پرۆتۆكۆلییەكان، بەرنامەی كار دەستی پێكردو بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای (فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).  -    دانیشتنی ژمارە (2) ی كردنەوەی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (3/9/2020) بەڕێوە چوو. دوای ڕێكارە پرۆتۆكۆلییەكان، گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازە یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) بەردەوام بوو. -    دانیشتنی ژمارە (3) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (3/9/2020) بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا ئەندامێكی تازە لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی بەناوی عومەر عەبدولله لەجێگای سۆران عومەر كاندید كرابوو، دوای ئەوەی ئەندامێتی پەسند كرا، سوێندی یاسایی خوارد. لەم دانیشتنەشدا گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازە یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) بەردەوام بوو، دواتر دەنگی لەسەر درا. بەشێكی تری بەرنامەی كار، بریتی بوو لەگفتوگۆ لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (2020) ی تایبەت بە (بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرو كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) كرا، چونكە ئەم یاسایە بەبڕیاری ژمارە (4) لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە گێڕدرابۆوە بۆ پەرلەمانی كوردستان. دوای گفتوگۆ، هەمواركردنەكە پەسند كرا.  -    دانیشتنی ژمارە (4) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (9/9/2020) بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای (لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان) كرا. لەم دانیشتنەدا پەرلەمانتار د. كازم فاروق سەرۆك فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەڕێگای خاڵی نیزامەوە پەرلەمانی ئاگاداركردەوە كە لەلایەن دوو پەرلەمانتارەوە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە. سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا لێژنەیەك لەحەوت پەرلەمانتار لەفراكسیۆنە جیاوازەكان دروست بكات بۆ لێكۆڵینەوە لەم تۆمەتە. ئەندامەكان بریتی بوون لە: ئیسماعیل عەلی تەها سەرۆكی لێژنەی لێكۆڵینەوە، بژار كۆچەر، لوقمان محەممەد، ڕۆمیۆ هەكاری، ڕزگار محەممەد، ڕووپاك ئەحمەد، هیمداد سەباح وەكو ئەندامانی لێژنە. ئەم پێشنیارە بەدەنگی (79) پەرلەمانتار پەسند كراو لێژنەی لێكۆڵینەوە پێكهات.  -    دانیشتنی ژمارە (5) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (15/9/2020) بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا دەنگ لەسەر پێشنیازە یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) دراو یاساكە بە (70) دەنگ پەسند كرا. هەر لەم دانیشتنەدا پەرلەمان درێژەی بەگفتوگۆدا لەبارەی پڕۆژە یاسای (لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). -    دانیشتنی ژمارە (6) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (16/9/2020) بەڕێوە چوو. ئەم دانیشتنە كە داخراو بوو، تایبەت بوو بەخوێندنەوەو گفتوگۆكردن لەبارەی ڕاپۆرتی لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەبارەی ڕەوشی چاكسازییەكانی گەوران و ژنان و منداڵان لەهەرێمی كوردستان.  -    دانیشتنی ژمارە (7) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (29/9/2020) بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا پەرلەمان بە (71) دەنگ، پڕۆژە یاسای (لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) پەسند كرد.      خوێندنەوەیەك بۆ كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی دووەمیدا. 1)    پەسندكردنی یاسای ژمارە (3) ی ساڵی (2019) تایبەت بە (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان ــ عێراق). 2)    پەسندكردنی یاسای ژمارە (4) ی ساڵی (2019) تایبەت بە (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). 3)    پەسندكردنی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (2020) تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرو كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق. ئەم یاسایە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان گێڕدرایەوە بۆ پەرلەمان و هەمواركرایەوە. 4)    پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2020) تایبەت بەچاكسازی لەمووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازەكان و خانەنشینی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق.  5)    پەسندكردنی یاسای ژمارە (3) تایبەت بەڕێگریكردن لەبەقاچاغ بردنی نەوت و گاز و لێدەرهێنراوەكانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق. 6)    پەسندكردنی یاسای ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق. 7)    پەسندكردنی یاسای لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق.   ئەو بڕیارانەی لەماوەی ساڵی دووەم (1/10/2019 ــ 30/9/2020) دەرچوون. 1)    بڕیاری ژمارە (12) ی ساڵی (2019) بۆ هەمواری یەكەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كە لەدانیشتنی ڕۆژی (29/9/2019) دەنگی لەسەر دراوە. 2)    بڕیاری ژمارە (15) ی ساڵی (2019) بۆ درێژكردنەوەی یەك مانگ لەخوولی پاییزەی پەرلەمان لە (31/12/2019) بۆ (31/1/2020).  3)    بڕیاری ژمارە (16) ی ساڵی (2019) قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی دوو پەرلەمانتار لەلێژنەكانیان و گواستنەوەیان بۆ سەر لێژنەی تر.  4)    بڕیاری ژمارە (1) ی ساڵی (2020) لەبارەی بۆنە فەرمییەكانی پێكهاتەی توركمان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق. 5)    بڕیاری ژمارە (2) ی ساڵی (2020) لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارێك بوو لەلێژنەكەی.  6)    بڕیاری ژمارە (3) ی ساڵی (2020) لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارێك بوو لەلێژنەكەی.  7)    بڕیاری ژمارە (4) ی ساڵی (2020) لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر. 8)    بڕیاری ژمارە (5) ی ساڵی (2020) لەبارەی چۆنیەتی پێشكەشكردنی پێشنیازە یاساو بڕیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە. 9)    بڕیاری ژمارە (6) ی ساڵی (2020) لەبارەی كۆتایی هێنان بەخوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەخوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. 10)    بڕیاری ژمارە (7) ی ساڵی (2020) لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی سۆران عومەر لەپەرلەمانی كوردستان. 11)    بڕیاری ژمارە (8) ی ساڵی (2020) لەبارەی پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ بەدواداچوون لەبارەی هەڕەشەكردن لەپەرلەمانتار د. كازم فاروق.  پەرلەمانی كوردستان لەساڵی دووەمیدا (1/10/2019 ــ 30/9/2020). 1)    لەماوەی نێوان (1/10/2019) هەتا وەكو (30/9/2020) كە دەكاتە ماوەی یەك ساڵی تەواو، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (31) كۆبوونەوەی كردووە، (17) كۆبوونەوە لەوەرزی پاییزەی ساڵی یەكەم بووە، (7) كۆبوونەوە لەوەرزی بەهارەی ساڵی دووەم بووە، (7) كۆبوونەوە لەوەرزی پاییزی ساڵی دووەم بووە.  2)    لەماوەی یەك ساڵ و لە (31) كۆبوونەوەدا، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (7) یاسای پەسندكردووە. 3)     لەماوەی ساڵی دووەمیدا، پەرلەمانی كوردستان (11) بڕیاری دەركردووە. (1) بڕیاری بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ بووە. (1) بڕیار بۆ درێژكردنەوەی خوول بووە. (5) بڕیار بۆ ڕێكخستنی كاروباری ناوخۆی بووە. (1) بڕیاری لەبارەی دەستنیشانكردنی بۆنە فەرمییەكانی پێكهاتەی توركمان بووە لەهەرێمی كوردستان. (1) بڕیار بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر. (1) بڕیار لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بوو لەپەرلەمانی كوردستان. (1) بڕیاریش بۆ پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ بەدواداچوون لەبارەی هەڕەشەكردن لەپەرلەمانتار د. كازم فاروق. 4)    لەساڵی دووەمیدا، پەرلەمان (2) یاسای پەسندكردووە كە لەلایەن سەرۆكی هەرێم ڕەتكراونەتەوەو گەڕێنراونەتەوە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی هەموار بكرێنەوە، یاساكان بریتی بوون لە: یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان) كە لەدانیشتنی ژمارە (6) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (30\10\2019) دەنگی لەسەر درابوو، لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبڕیاری ژمارە(4) ی ساڵی (2019) گەڕێندرابۆوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆیە دوای هەمواركردنەوەی ئەو بڕگانەی سەرۆكی هەرێم داوایكردبوو، لەدانیشتنی ژمارە (8) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (4\12\2019) دەنگی لەسەردراو پەسندكرا. هەروەها یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (2020) ی تایبەت بە (بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرو كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) كە لەدانیشتنی ژمارە (3) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (3/9/2020) لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندكرا بوو، بەبڕیاری ژمارە (4) لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان گێڕدرایەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان و هەمواركرایەوە.  هەڵسەنگاندنیك بۆ بەڵێنەكانی شەش لیستی ناو پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستەكانی پەرلەمان كوردستان، بۆ ساڵی یەكەم تەنیا چوار لیستی گەورەی ناو پەرلەمانی دەگرتەوە، كە بریتی بوون لەپارتی دیموكراتی كوردستان (45) كورسی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (21) كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان (12) كورسی، نەوەی نوێ‌ (8) كورسی ــ هەر چەندە كۆمەڵێك كێشەی ناوخۆییان هەیەو هەندێك لەئەندامانیان بانگەشەی جیابوونەوە لەم فراكسیۆنە دەكەن. لەساڵی دووەمدا، جگە لەم چوار  لیستە، ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ هەر دوو لیستی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی لەكوردستان (7) كورسی و، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان خاوەنی (5) كورسیش دەكەین. لێرە لەخوارەوە، ڕێژەو ڕادەی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستەكان لەماوەی ساڵی دووەمی پەرلەمان، دەخەینە ڕوو. دواتر كۆی گشتی ڕادەی جێەجێكردنی بەڵێنەكان لەماوەی هەر دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەم شەش لیستە دەخەینە ڕوو. یەكەم: لیستی ژمارە (183) ی پارتی دیموكراتی كوردستان. بەرنامەی لیستی پارتی لە (10) بەش پێكهاتووەو لەكۆی گشتیدا بریتییە لە (60) بەڵێن، هەر بەشێك دابەش دەبێتە سەر چەندین تەوەرو سێكتەری جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانە، ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەپەرلەمانی كوردستانەوە نییە. بەشی یەكەمی بەرنامەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (10) بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت. بەشی دووەم (11) بەڵێنی تێدایە، بەشی سێیەمیش (8) بەڵێن، بەشی چوارم (3) بەڵێن، بەشی پێنجەم (4) بەڵێن، بەشی شەشەم (5) بەڵێن، بەشی حەوتەم (5) بەڵێن، بەشی هەشتەم (6) بەڵێن، بەشی نۆییەم (4) بەڵێن و بەشی دەیەم (4) بەڵێن لەخۆ دەگرێت. كۆی بەڵێنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەنگدەرانی، بریتییە لە (60) بەڵێنی هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی چوار ساڵی خوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا جێبەجیێان بكات. بەشێك لەم بەڵێنانە بەشێكن لەكاری حكومەت، وەكو دەزانین جیاوازی هەیە لەنێوان بەڵێنەكانی هەڵبژاردن كە لیستەكان بەدەنگدەری خۆیانی دەدەن، لەگەڵ بەرنامەی كاری حكومەت كە لەلایەن هاوپەیمانی حكومییەوە پێشكەش بەپەرلەمانی كوردستان كراوە. بۆ نموونە، بەشێك لەبەڵێنەكانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بریتییە لەمانەی خوارەوە: -    "جێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستوورو پێداگیری لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دیاریكردنی سنووری كوردستان و كۆتاییهێنان بەدواخستن و خۆدزینەوە لەجێبەجێكردنی".   -    "ڕێكخستنی نوێنەرایەتی و پەیوەندییەكان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدرالی لەچوارچێوەی دەستووردا". -    "كاركردن بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاوارەكان بەگشتی و باشتركردنی باروگوزەرانیان. هاوكات هەوڵدان و هاوكاری لەگەڵ حكومەتی فیدرالی بۆ دابینكردنی سەقامگیریی لەناوچەكانیان بەمەبەستی گەڕانەوەیەكی شەرافەتمەندانەو سەربەرزانەو ژیانێكی ئاسوودە".  ئەم سێ‌ خاڵە نموونەی زۆر بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەو بەڵێنانەی لیستی (183) ی پارتی بەدەنگدەرانی خۆیانیانداوە، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت و پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو لەپەرلەمانیش جێبەجێ ناكرێن. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، لەساڵی دووەمی كاری خۆیاندا، لیستی پارتی تەنیا دوو (2) بەڵێنیان جێبەجێكردووە كە بریتین لەمانەوەی خوارەوە: 1)    (سیستەمی مووچەو خانەنیشینی و هەموو جۆرە ئیمتیازاتێكی ماددی لەسەر بنەمایەكی شەفاف دابڕێژرێنەوە كە عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەدیبێنێ). ئەم بەڵێنە لەنێو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە. 2)    (داكۆكیكردن لەمافە سیاسی و كارگێڕی و كولتوورییەكانی توركمان و كلدان سریان ئاشوورو ئەرمەن، هەروەها مافی كوردانی ئێزدی و فەیلی و، كاركردن بۆ دەستەبەركردنیان). بەشێك لەم بەڵێنە كە تایبەتە بەتوركمان، لەنێو بڕیاری دەستنیشانكردنی بۆنە فەرمییەكانی پێكهاتەی توركمان جێبەجێكراوە.  دووەم: لیستی ژمارە (105) ی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان (183) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوەو كارنامەكە لە (5) بەش پێكهاتووە، هەر بەشێك دابەش دەبێتە سەر چەندین مادەو سێكتەری جیاواز، بەرنامەكە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەڵێنەكانی یەكێتی لەپێشەكییەكی (9) خاڵی پێكدێت، ئینجا بەشی یەكەم (17) بەڵێن، بەشی دووەم (9) بەڵێن، بەشی سێیەم (33) بەڵێن، بەشی چوارەم (80) بەڵێن، بەشی پێنجەم (35) بەڵێن، لەخۆ دەگرێت. وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێك لەبەڵێنەكانی یەكێتی نیشتیمانی، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتیش هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان. بۆ نموونە: ــ كاركردن بۆ دیاریكردنی سنووری باشووری كوردستان، بەجێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستووری عێراقی فیدرال. ــ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەعێراق و هەرێمی كوردستان. ــ دەسپێكردنەوەی بڕیاری پێدانی سولفەی عەقار. ئەم سێ‌ خاڵە، نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، دەبینین لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەساڵی دووەمی كاری پەرلەماندا تەنیا (4) بەڵێنی جێبەجێكردووە، ئەمەش لەمیانەی پەسندكردنی دوو یاسادا، بەم شێوەیەی خوارەوە: 1)    بەڵێنی ژمارە (4) لەنێو بەڵێنەكانی تایبەت بەكەرتی دارایی و بانكی كە جەخت لەوە دەكاتەوە (ڕێكخستن و یەكخستنەوەی مووچەو كەمكردنەوەی جیاوازی مووچەی نێوان پلە باڵاكان و فەرمانبەران). ئەم بەڵێنە لەنێو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە. 2)    بەڵێنی ژمارە (5) لەنێو بەڵێنەكانی تایبەت بەكەرتی دارایی و بانكی كە جەخت لەوە دەكاتەوە (پشتیوانیكردن لەهەر پڕۆژەیەكی چاكسازی كە لەبەرژەوەندی گشتیدا بێت). ئەم بەڵێنەش لەنێو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە. 3)    بەڵێنی ژمارە (3) لەنێو بەڵێنەكانی تایبەت بەكەرتی تەندروستی كە جەخت لەوە دەكاتەوە (كاركردن بۆ دەركردنی یاسای پاراستنی مافی نەخۆش). ئەم بەڵێنە لەنێو یاسای پاراستنی مافی نەخۆشدا جێبەجێكراوە.  4)    بەڵێنی ژمارە (1) لەنێو بەڵێنەكانی تایبەت بەخانەنشینان كە جەخت دەكاتەوە لەسەر (هەمواركردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینی پلە تایبەتەكان و ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەكان، بۆ كەمكردنەوەی جیاوازی مووچەی نێوانیان لەگەڵ فەرمانبەران). ئەم بەڵێنە لەنێو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە. سێیەم: لیستی ژمارە (148) ی بزووتنەوەی گۆڕان. بەرنامەی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان لە (4) تەوەر پێكهاتووەو لەكۆی گشتیدا (228) بەڵێن لەخۆ دەگرێت، هەر تەوەرێك دابەش دەبێتە سەر كۆمەڵێك بەش و سێكتەری جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانە، ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەكاری پەرلەمانی كوردستانەوە نییە. لەتەوەری یەكەمدا (33) بەڵێنی هەڵبژاردنی بەدەنگدەرانی خۆیداوەو، لەتەوەری دووەمیشدا (72) بەڵێن هەیەو، لەتەوەری سێیەمیشدا (56) بەڵێن دراوەو لەتەوەری چوارەمیشدا (67) بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت. بەم شێوەیە كۆی گشتی بەڵێنەكانی لیستی (148) ی بزوتنەوەی گۆڕان، دەگاتە (228) بەڵێن، بەزۆرترین بەڵێنی هەڵبژاردنی نێو چوار لیستە سەرەكییەكەی پەرلەمان دادەنرێت. بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی لیستی بزوتنەوەی گۆڕانیش هەر وەكو بەڵێنەكانی لیستی پارتی و یەكێتی، بەشێكی زۆری ئەم بەڵێنانە، یا پێوەندییان بەپەرلەمانی كوردستانەوە نییە، بەو مانایەی بەڵێن نین بۆ دانانی یاسایەكی پەرلەمانی، یا دەركردنی بڕیارێكی پەرلەمانی، بەڵكو بەشێكن لەكاری حكومەت. بۆ نموونە، بەشێك لەبەڵێنەكانی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بریتییە لەمانەی خوارەوە: -    "پێداگیری لەسەر چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان بەپێی ستراتیژییەكی نیشتیمانی و بەپشتبەستن بەدەستوورو بەڵگەنامەو ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییەكان، بەتایبەت پرسی كەركوك و چارەسەركردنی بەگوێرەی مادەی (140) ی دەستووری عێراق". -    "دامەزراندنی دەستەیەك بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی بەنایاسایی براونەتە دەرەوەی هەرێم". -    "لەماوەی یەك مانگدا خاوەندارێتی هەردوو پاڵاوگەی بازییان و كەڵەكە بدرێتەوە بەحكومەتی هەرێم".  -    "سپاردنی پرسی پەسندكردنی بودجە بەپەرلەمان ...". ئەم چوار خاڵە، نموونەی زۆر بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و جێبەجێ نەكردنیان، چونكە بەشێكیان پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، پرسی بودجەش تا ئێستا دوای دوو ساڵ لەهەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەگەرچی وەزیری دارایی گۆڕانیشە، بەڵام نەهاتۆتە پەرلەمان. بۆیە بەشێكی زۆر لەو بەڵێنانەی لیستی (148) ی بزوتنەوەی گۆڕان داویانەتە دەنگدەرانیان، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت و پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵێنەكانی لیستی گۆڕان لەهەندێك خاڵدا، نزیكن لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بن، چونكە جەخت دەكەنە سەر داڕشتنی یاسای تازە، یا هەمواركردنەوەی هەندێك یاسای پێشتر، ئەوەش بنەمای سەرەكی كاری پەرلەمانییە. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، لەساڵی دووەمدا لیستی گۆڕان تەنیا (2)  بەڵێنی خۆیان جێبەجێكردووە كە بریتین لە: 1)    (هەڵوەشاندنەوەی یان هەمواركردنی هەموو ئەو یاساو ڕێنمایی و بڕیارە تایبەتانەی پەیوەندیدارن بەسیستەمی مووچە، خانەنشینی و ئیمتیازی بەرپرس و وەزیرو پەرلەمانتاران، بەجۆرێك دادپەروەری كۆمەڵایەتی تێدا فەراهەم بێت). بەشێك لەم بەڵێنە لەنێو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە. 2)    (چارەسەركردنی قەیرانی بیرۆكراتی و پلەبەندیی لەنێوەندە تەندروستییەكاندا، بەجۆرێك كەشێكی دادپەروەرانە لەناو نەخۆشخانەكان لەنێكوان پزیشك و بەرپرس، پزیشك و كارمەند، كادیری تەندروستی و نەخۆشدا بێتە ئاراوە). بەشێك لەم بەڵێنە لەنێو یاسای ماف و ئەركی نەخۆش جێبەجێكراوە. چوارەم: لیستی ژمارە (134) ی نەوەی نوێ‌. نەوەی نوێ‌ (50) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی جووڵانەوەی نەوی نوێ‌، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، هەندێك لەم بەڵێنانە بەحكومەتیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان. لەكاتێكدا جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ خۆی بەئۆپۆزسیۆن دەزانێت و بەشداریش نییە لەحكومەت تاوەكو ئیشیان لەسەر بكات، بۆ نموونە: ــ ڕەخساندنی سەدو پەنجا (150,000) هەزار هەلی كاری نوێ‌. ــ دروستكردنی سەد هەزار (100,000) یەكەی نیشتەجێبوون. ــ دروستكردنی (20) بەنداو لەهەرێمی كوردستان. ــ دروستكردنی 20 نەخۆشخانەی 200 قەڕەوێڵەیی. ــ دروستكردنی سێ‌ پاڵاوگەی نوێ‌ لەهەرێمی كوردستان. ــ دامەزراندنی سێ‌ بانكی ئەهلی گەورە لەهەرێمی كوردستان. ــ بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بۆ 10 ئەوەندە. ئەم خاڵانەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی نەوەی نوێ‌ دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەگشتی لیستی نەوەی نوێ‌ لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، هیچ یەكێك لەم (50) بەڵێنەی جێبەجێ نەكردووە كە بەدەنگدەرانی خۆی داوە. پێنجەم: لیستی ژمارە (194) ی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان. كۆمەڵی ئیسلامی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردۆتە سەر (7) تەوەر، هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە: سیاسی (9) بەڵێن، یاسایی (7) بەڵێن، ئابووری و خۆشگوزەرانی (13) بەڵێن، ئایینی (7) بەڵێن، پەروەردەو فێركردن (11) بەڵێن، كۆمەڵایەتی (11) بەڵێن، شەفافییەت و دادگەری (11) بەڵێن.  وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێك لەبەڵێنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتیش هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان، لەكاتێكدا كۆمەڵی ئیسلامی خۆی بەئۆپۆزسیۆن دادەنێت و بەشداریش نییە لەحكومەت، بۆ نموونە: -    ڕێگریكردن لەتاڵانفرۆشی نەوتی خاوو بەرهەمەكانی و دەرهێنانی لەدەستی كەس و حزب. -    پەرەپێدان و پاراستنی بەها باڵاكانی كۆمەڵگە، لەڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەكانی وەكو خێزان، میدیا، مزگەوت، قوتابخانەو ڕێكخراوو یانەكانەوە، هەروەها گرنگیدان بەو هۆكارو شێوازانەی دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن لەچەسپاندن و پەرەپێدانی ئاكارو ڕەوشتی ئیسلامی. -    كردنەوەی شوێنی تایبەت بەنوێژكردن لەفەرمانگەو شوێنە گشتییەكان. ئەم سێ‌ خاڵەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە، نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی لیستی كۆمەڵ، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت، نەوەكو پەرلەمان. بەگشتی كۆمەڵی ئیسلامیی (69) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی یەك ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا تەنیا (2) بەڵێنی خۆی جێبەجێ كردووە:  1)    (كردنەوەی شوێنی تایبەت بەچارەسەری ئالوودەبووان بەمادە هۆشبەرەكان و سەر لەنوێ‌ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە). كە بەژمارە (10) لەنێو بەڵینە كۆمەڵایەتییەكاندا هاتووە.  2)    نیوەی ئەم بەڵێنەیان جێبەجێكراوە (بەركاركردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق و بەرزكردنەوەی كەمترین مووچەی خانەنشینی و كەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵاكان و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی نا یاسایی سەربازی و مەدەنی) كە بەژمارە (8) لەنێو بەڵێنەكانی تایبەت بەشەفافییەت و دادگەریدا ئاماژەی بۆ كراوە. لیستی كۆمەڵ نەیتوانیوە نیوەی یەكەمی ئەم بەڵێنە جێبەجێ بكات، بەڵام نیوەی دووەمی لەنێو یاسای چاكسازیدا چەسپێنراوە.  شەشەم: لیستی ژمارە (119) ی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان. یەكگرتووی ئیسلامی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردۆتە سەر (11) تەوەرو (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی داوە. هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە: حوكمڕانی ڕەشید (7) بەڵێن، دژایەتیكردنی گەندەڵی (6) بەڵێن، پێگەی هەرێمی كوردستان (9) بەڵێن، گەشەپێدانی ئابووری (37) بەڵێن، خزمەتگوزارییە گشتییەكان (19) بەڵێن، ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی (8) بەڵێن، ڕۆشنبیری و هونەرو وەرزش (9) بەڵێن، چاودێری كۆمەڵایەتی (9) بەڵێن، ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان (5) بەڵێن، ڕۆڵ و پێگەی گەنجان (8) بەڵێن، پاراستنی ژینگە (5) بەڵێن. بەشێك لەبەڵێنەكانی یەكگرتووی ئیسلامیش هەر وەكو حزبەكانی تر جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان، بۆ نموونە: -    دامەزراندنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەنێوان گەلی كوردستان و گەلانی دراوسێ‌ و ناوچەكە، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری سیاسی نێوانمان و دۆزینەوەی فۆڕمی نوێی پێكەوە ژیان لەسەر بنەمای ڕێزو بەرژەوەندی هاوبەش. -    چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان و گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا. -    دروستكردنی ژمارەیەك بەنداوی گەورەو بچووك. -    گەیاندنی گازی سروشتی بەماڵان و شوێنە گشتییەكان. -    دروستكردنی یاریگاو كۆمەڵگەی وەرزشی.   ئەم پێنج خاڵەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیمان دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە، ئەمانە نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی لیستی یەكگرتوو، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت، نەوەكو پەرلەمان، لەكاتێكدا یەكگرتوو خۆی بەئۆپۆزسیۆن دەزانێت و بەشدار نییە لەحكومەت و ناتوانێت جێبەجێیان بكات. بەشێك لەبەڵێنەكانیش، بەڵێنی پەرلەمانین و دەكرێت لەپەرلەماندا كاریان لەسەر بكرێت و جێبەجێ‌ بكرێن، ئێمەش چاودێری ڕادەو ڕێژەی جێبەجێكردنیان دەكەین.      لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كە (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا یەك (1) بەڵێنی جێبەجێ  كردووە كە بریتی بوو لە: 1)     (پێداچوونەوە بەسیستەمی مووچە بەجۆرێك دادپەروەری دەستەبەر بكات لەنێوان مووچەی پلە باڵاكان و مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی). ئەم بەڵێنە لەناو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە. هەڵسانگاندنی دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان (1/10/2018 ــ 30/9/2020). ــ لەماوەی دوو ساڵی تەمەنیدا، پەرلەمانی كوردستان (48) دانیشتنی كردووە. ــ بەتەواو بوونی دوو ساڵ لەتەمەنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا (9) یاسا پەسند كراوە. (2) یاسا لەساڵی یەكەم، (7) یاسا لەساڵی دووەم.  ــ لەكۆی (9) یاسای پەسندكراودا، سەرۆكی هەرێم (2) یاسای گێڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان تاوەكو هەموار بكرێنەوە. ــ لەماوەی دوو ساڵدا پەرلەمانی كوردستان (22) بڕیاری دەركردووە، ساڵی یەكەم (11) بڕیاری دەركردووەو ساڵی دووەمیش (11) بڕیار. (17) بڕیار بۆ ڕێكخستنی كاروباری خۆی و دانانی لێژنەكان و متمانەدان بەئەندامی تازە لەجێگای ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو، هەڵبژاردنی سەرۆكی تازەی پەرلەمان لەجێگای سەرۆكی پێشوو، درێژكردنەوەی خوول، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ناوزەدكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و متمانەپێدانی بوون. (1) بڕیاری تایبەت بوو بەدەستنیشانكردنی ڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەكان. (1) بڕیاری لەبارەی دەستنیشانكردنی بۆنە فەرمییەكانی پێكهاتەی توركمان بووە لەهەرێمی كوردستان. (1) بڕیار بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر. (1) بڕیار لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بوو لەپەرلەمانی كوردستان. (1) بڕیاریش بۆ پێكهێنانی لێژنەیەك بوو بۆ بەدواداچوون لەبارەی هەڕەشەكردن لەپەرلەمانتار د. كازم فاروق. ــ سەبارەت بە بەڵێنی لیستەكان لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا، بەم شێوەیە بوو: پارتی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكێتی تەنیا (5) بەڵێنی جێبەجێكردووە. گۆڕان تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. نەوەی نوێ‌ هیچ بەڵێنێكیان جێبەجێ‌ نەكردووە. كۆمەڵی ئیسلامی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكگرتووی ئیسلامی تەنیا (1) بەڵێنی جێبەجێكردووە.  كۆتایی لەبارەی ڕێكخراوی توێژینەوەو گەشەپێدانەوە (RDO) ڕێكخراوێكی ناوخۆیی سەربەخۆی نا حكومییە، ئیش لەسەر توێژینەوەو گەشەپێدان لەهەرێمی كوردستان دەكات و، لەساڵی (2011) دامەزراوەو، تا ئێستا ئەم چالاكییانەی خوارەوەی ئەنجامداوە: -    ڕاپرسی لەشارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی د. بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوینی ساڵی (2011). -    ڕاپرسی دووەم لەشارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی د. بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەتای ساڵی (2012). -    پڕۆژەی ڕاهێنانی ڕۆژنامەنووسانی گەنج لەشاری هەولێر بۆ ماوەی یەك هەفتە، بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێكخراوی (گەیاندن) و هاوكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی (2012). -    پڕۆژەی تواناسازی سەركردەی گەنجی ژنان بەهاوكاری ڕێكخراوی (گەیاندن) لەشاری هەولێر ساڵی (2012). -    چاودێریكردنی پڕۆژە بڕیاری (1) ی ساڵی (2012) كە ناسراوە بەبڕیاری (17) خاڵی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی (2012 ــ 2013)، بەهاوكاری ڕێكخراوی (NED) ی ئەمریكی. -    پڕۆژەی چاودێركردنی بەڵێنی لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساڵی (2013). -    جێبەجێكردنی پڕۆژەی لێكۆڵینەوەو گەشەپێدانی كچانی تەمەن (12 ــ 16) ساڵ، بەهاوبەشی (ICDW) و بەپاڵپشتی فەرمانگەی ڕێكخراوەكان لەكوردستان لەساڵی (2013 ــ 2014).  -    جێبەجێكردنی تواناسازی كچانی ئێزیدی لەبواری فۆتۆگرافی لەكەمپی خانكێی شاری دهۆك، بەپاڵپشتی (UNICEF) و حكومەتی ئیتالی لەساڵی (2015).  -    بەشداریكردن وەكو چاودێری نێودەوڵەتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی لەوڵاتی تونس ساڵی (2015). -    جێبەجێكردنی پڕۆژەی تواناسازی میدیایی كچانی ئێزیدی و دۆكیۆمێنتكردنی پڕۆژەی بونیادنانی ئاشتی لەنەینەوا بەهاوكاری (UNDP) و (UPP) لەساڵی (2016). -    جێبەجێكردنی (3) وۆركشۆپ و (5) پێشانگای فۆتۆگرافی بۆ كچانی ئێزیدی لەزانكۆی ئەمریكی لەسلێمانی و فەرەنساو لەئیتالیا، بەهاوكاری (UNICEF) لەساڵی (2016 ــ 2017) دا. -    جێبەجێكردنی وۆركشۆپ و ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی دەرهاویشتە ساسییەكانی ڕیفراندۆم لەسەر هەرێمی كوردستان، پێشهات و دەرفەت و ئاستەنگەكان و، ناردنی بۆ هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەهاوینی ساڵی (2017) لەشاری سلێمانی، بەهاوكاری ڕێكخراوی (PAO). -    جێبەجێكردنی وۆركشۆپ و ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی دەرهاویشتە ئابوورییەكانی ڕیفراندۆم لەسەر هەرێمی كوردستان، پێشهات و دەرفەت و ئاستەنگەكان و، ناردنی بۆ هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەهاوینی ساڵی (2017) لەشاری سلێمانی، بەهاوكاری ڕێكخراوی (PAO). -    بەشداریكردن لەچاودێریكردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم لەهەرێمی كوردستان ساڵی (2017)، لەچوارچێوەی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان. -    بەشداریكردن لەچاودێریكردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  لەهەرێمی كوردستاندا لە (12/5/2018) دا، لەچوارچێوەی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان. -    بەشداریكردن لەچاودێریكردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەهەرێمی كوردستاندا لە (30/9/2018) دا، لەچوارچێوەی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان. -    نووسینی لێكۆڵینەوەیەك بەزمانی عەرەبی بۆ (تۆڕی هاوپەیمانی كەمینەكان لەعێراقدا) لەبارەی ئایینی زەردەشتی لەساڵی (2018). -    ئەنجامدانی ڕاپرسییەك لە (29) چاكسازی لە (11) شاری عێراق و، نووسینی لێكۆڵینەوەیەك بەزمانی عەرەبی بۆ (تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان لەعێراق)، لەبارەی گەڕانەوە بۆ سەر تاوان لەعێراقدا لەساڵی (2018). -    ئامادەكردنی ڕاپرسی و لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی دەرهاویشتە ساسییەكانی بەشداری نەكردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانداو، ناردنی بۆ هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەساڵی (2019)، بەهاوكاری ڕێكخراوی (PAO). -    ئەنجامدانی ڕاپرسییەك لەنێو چاكسازییەكان و، نووسینی لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی ئالوودە بوون بەمادەی هۆشبەر لەهەرێمی كوردستان و چاپكردنی وەكو كتێبێك لەساڵی (2019)، بەهاوكاری ڕێكخراوی (PAO).  -    چاودێریكردنی ڕادەی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی (2019).  -    چاودێریكردنی ڕادەی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی (2020).  


(درەو): شەڕی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی‌و شەڕە قسەی پەرلەمانتارانەوە گەیشتە ئاستەكانی سەرەوەی حزب، دوای قسەكانی مەسرور بارزانی‌و بارەگانی بارزانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی راگەیەندراوی بڵاوكردەوە‌و هێرشی توندی كردەسەر پارتی، ئەمە لەكاتێكدایە بەمدواییە هەردوو حزب لەسەر ئەوە رێككەوتن هێرشی میدیایی بۆسەر یەكتر رابگرن. دەقی راگەیەندراوەكە: ڕاگەیەنراوی ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەیادی ڕووداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەردا لە ساڵیادی ١٦ی ئۆكتۆبەردا، سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدە قارەمانەكانی پارێزگاریكردن لە كەركوك و خاكی كوردستان دادەنەوێنین، كە بە گیانی خۆیان داستانێكی بەرزی بەرگرییان تۆمار كردو نەیانهێشت چەواشەكارانی مێژوو، لە هەوڵی زڕاندنی ناو و خەبات و رێبازی پیرۆزیاندا، خەونی نەزۆك بەدی بێنن.  ١٦ی ئۆكتۆبەر، دەرئەنجامی زنجیرەیەك پێشبینی هەڵەو بڕیاری نەخەمڵیووی سیاسی و ستراتیجی بوو، كە لە ریفراندۆمدا‌ فۆرمەلە كرا و، ئەنجامەكەی بە كارەسات بۆ دۆزی رەوای گەلەكەمان، و پاشەكشێ لە دەسكەوتە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات و، دوو بەرەكی، ئاژاوە و دۆڕاندنێكی گشتیی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا هێنا. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە بەرچاوەڕونییەوە لێكەوتەو مەترسییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی نەخەمڵیووی لەمجۆرەی لە كوردستانی عێراق، لە كات و ساتێكی ناوەختدا، دەبینی و رای گشتی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانیشی لە ئەنجامدانی هەڵەیەكی لەوجۆرە هۆشیار كردەوە. بەڵام هەندێك كەس و لایەن بێ گوێدانە ئاكامەكانی هەنگاوی لەم چەشنە، گوێیان لە ئامۆژگاریی دڵسۆزان، وڵاتانی زلهێزو ئیقلیمی و پەیامی ئاشكرای نێردە دیپلۆماسییەكان نەگرت، بە تەنها ملیان نا، نیوەی خاكی كوردستان و تەواوی دەسكەوتەكانی گەلی كوردیان بردە سەر هەڵدێرانێكی سەخت، و ئەگەر وریایی فەرماندە مەیدانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەبووایە، كەركوك بەرەو وێرانی، و خەڵكی كەركوك بەرەو سەرگردانییەكی هەمیشەیی دەبران. فەرماندەیی هێزەكانی ٧٠ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە بڕیاری لەناكاو و دروستی روبەڕونەبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی دەوڵەتی عێراق، توانی ئەو بۆشاییە كوشندەیە پڕ بكاتەوە كە لەریزی پێشمەرگەی هێزە هاوپەیمانەكانی یەكێتی دا لە كەركوك و ناوچەی كێشە لەسەر روویاندابوو. هێزەكانی تر، كە یەكێتی نەبوون، بەبێ ئاگاداركردنەوەی یەكێتی لە پاشەكشێ و چۆڵكردنی هێڵی بەرگری، سەنگەرەكانیان چۆڵ كرد، هێزەكانی ٧٠ و سەركردەكانی یەكێتی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان بە تەنها لەبەردەم لەشكری نابەرابەری هێزی هێرشبەردا بەجێهێشت. یەكێتی بە بڕیارێكی لەخۆبوردوانە، رەفتاری لەگەڵ ئەم هەڵوێستە ناجوامێرانەیە كرد، قوربانیی بە دەسكەوتەكانی خۆی دا، تا دەسكەوتە گشتییەكانی خەڵكی كوردستان، ئاوەدانیی شاری كەركوك و ژیانی كەركوكییەكان بپارێزێت و رێگە نەدات، ماڵ و حاڵی كوردانی خێرلەخۆنەدیوو، ببێتە گۆڕەپانی شەڕێكی نەخوازراو. شەڕێك كە تا ئەمڕۆش، نە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەو كاتی هەرێم، نە پەرلەمانی كوردستان، و نەهیچ دامودەزگایەكی تری هەرێمی كوردستان، بەرامبەر سوپای عێراق بڕیاری بەرپاكردنی نەدا. بۆیە ئەمڕۆ گوتاری چەواشەكارانی مێژوو هەر چۆن بن، هەمیشەیی نین، و كاریگەری لە ورەی كەسوكاری سەربەرزی قوربانیانی یەكێتی لە ١٦ی ئۆكتۆبەر ناكەن. رۆژێك مێژوو ئەم دوو هەڵوێستە جیاوازەی سەركردایەتی ریفراندۆم و،  بەرگریی پێشمەرگەكانی یەكێتی لە خاكی كوردستان، هەڵاوێرد دەكاو بە دادپەروەرییەوە دەنووسێتەوە. ئەوكات رۆحی شەهیدەكانمان ئاسودە دەبن و دادگای ویژدانی گەل، بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆی دەدات.  -  دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و سەرجەم شەهیدانی بەرگریكردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان. -  سەرشۆڕی بۆ چەواشەكاران و ئەوانەش، كە هەموو مێژوویان خۆچەماندنەوە بووە. راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠  


حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك یادی سێ ساڵەی 16ی ئۆكتۆبەر دەكاتەوە: لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆداو لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، دکتۆر عەبادی فەرمانی دا بە هێزە عێراقییەکان کە بچنە ناو پارێزگای کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ چەسپاندنی یاساو گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی ئیتیحادی و هەڵکردنی تەنیا ئاڵای عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی بە سەفقەیەکی سیاسی بازرگانی بەو ناوچانەوە دەکراو بیرە نەوتەکانی شارەکە کۆنترۆڵکرابوون و بۆ چەندان ساڵ گەندەڵکاران سودیان لێ دەبینی. دکتۆر عەبادی پارێزگارێکی نوێی بۆ کەرکوک دانا، دوای هەڵاتنی پارێزگارە توندڕەوەکەی ( نەجمەدین کەریم) کە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم کرد و بەشداری تێدا کرد. عەبادی دوای شکستپێهێنانی ڕیفراندۆمەکە کە ئامانج لێی تێکدانی یەکگرتوویی عێراق بوو  بە زنجیرەیەک ڕێوشوێن لەگەڵ هەرێمدا یاسای یاسای سەپاند و ڕێژەی  17% بەشە بودجەی هەرێمی بۆ 12% کەمکردەوە ئەوەش وەک هەموو پارێزگاکانی تری عێراق و بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوان، هەروەها قەدەغەی فڕینی خستە سەر هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی، بۆئەوەی هەرێم ملبدات بۆ مەرجەکانی حکومەتی ئیتیحادی و بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و دەروازەکان ڕادەست بکات، ئەم هەنگاوانەی عەبادی لەلایەنی نێودەوڵەتییەوە پێشوازی گەورەی لێکرا، هەروەها عەبادی چەند لیژنەیەکی ڕەوانەی هەرێم کرد بۆ وردبینیکردنی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەوەی مووچەیان پێبدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم مەرجەکانی حکومەتی ناوەندی قبوڵدەکات و داهاتی نەوت ڕادەستدەکات، ئەوەش یەکەمجار بوو لە دوای ساڵی 1991 ەوە لیژنەکانی حکومەتی ئیتیحادی بچنە هەرێم



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand