Draw Media

دادگای فیدراڵی: 7 بڕیار لە 40 رۆژدا

دادگای فیدراڵی: 7 بڕیار لە 40 رۆژدا

2022-02-18 13:09:15


راپۆرت: درەو
لەكۆی (7) بڕیار كە بەمدواییە دادگای فیدراڵی دەریكردوون، (4) بڕیاریان دژی بارزانی بووە، هێشتا بڕیارێكی تریش ماوە، ئەگەر دادگا كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رەتبكاتەوە، پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نابێت، لەسەر داوای بارزانی، سەدر بڕیاریدا بایكۆت بشكێنێت‌و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆكان، پێشبینی سەرەتای قۆناغێكی نوێی دانوستانی نێوان لایەنەكان‌و ئەگەری كۆبونەوەی پەرلەمان دەكرێت كە ماوەی نزیكەی 40 رۆژە راوەستاوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.   

دانوستان دەستپێدەكاتەوە
زیاتر لە 4 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا تێپەڕێوە، هێشتا ئاسۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت نادیارە. لەدوای یەكەمین كۆبونەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق كە رۆژی 9ی كانونی دووەم بەڕێوەچوو، ماوەی نزیكەی 40 رۆژە پەرلەمان كۆنەبوەتەوە. 
لەدوای تێكچوونی نیسابی یاسایی كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی تاكلایەنە دانوستانەكانی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت راگرت، بەڵام دوێنێ بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ سەدر قسەی كرد‌و داوای كۆبونەوەی هاوپەیمانی سێقۆڵی لێكرد، سەدر قایل بوو بە كۆبونەوەكە، بەمشێوەیە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی راگەیاند. 
دوای راگرتنی دانوستانەكان، سەدر چاوەڕێی دەكرد لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی بكەن‌و داوای گفتوگۆی لێ بكەن، بەڵام ئەمە روینەدا، بەپێچەوانەوە لەم ماوەیەدا هاوپەیمانەكانی سەدر كە بەدیاریكراویش لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە گورزی گەورەی بەركەوت. 
لەو بڕیارانەی كە لە دادگای فیدراڵییەوە لەدژی بارزانی دەرچوون، سەدر وەكو هاوپەیمانی سەرەكی پارتی، هیچ هەڵوێستێكی روونی رانەگەیاند، ئەمە لەكاتێكدایە، وا لێكدەدرێتەوە بارزانی باجی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر داوە. 
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچوون، دوای ئەم زنجیرە بڕیاری دادگای فیدراڵی، هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) هەڵوەشێتەوە، بەڵام هاوپەیمانێتییەكە تائێستا لەژێر فشارەكانی ئێراندا خۆی راگرتووە‌و دیار نییە كەی ئاڵای سپی هەڵدەكات. 

حكومەتی زۆرینە دروست دەبێت ؟
سەرباری ئەو رووداوانەی كە لەدوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانەوە رویانداوە، هێشتا سەدر سورە لەسەر قسەی خۆی، دەڵێ" حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی" دروست دەكەم، دوێنێ لە پەیوەندییەكەیدا لەگەڵ بارزانی هەمان قسەی كردوەتەوە.
هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) لە كۆی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق تەنیا نزیكەی (170) كورسییان هەیە، ئەم رێژەیە نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردن سەرۆك كۆمار تەواو ناكات كە (220) كورسییە. 
بارزانی دەیەوێت بۆچونی سەدر بگۆڕێت، پێشنیازی بۆ كردووە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بانگهێشتی ناو حكومەت بكات‌و بە چەند پۆستێك نوری مالیكی قایل بكات‌و كێشەی نیساب چارەسەر بكات، بارزانی لەمەدا یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری لە بەرژەوەندی خۆی كردوەتە ئامانج، بەڵام سەدر كێشەی كۆنی لەگەڵ مالیكی هەیە‌و هێشتا سورە لەسەر ئەوەی نابێ بەشداری حكومەت بكات. 
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێ دەكرێت، سەرباری گرەوەكانی سەدر بۆ پەرتكردنیان، هێشتا یەیەكگرتوویی ماونەتەوە‌و دەڵێن بە بێ مالیكی ئێمەش بەشداری حكومەت ناكەین، سەدر بانگهێشتی هادی عامری كردووە بۆ ناو حكومەت، عامری رەتیكردوەتەوە. 
كۆبونەوەی هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) كە بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو لە هەولێر بەڕێوەبچێت، رەنگە دەرگا لەسەر گەڕێكی نوێی دانوستان لەنێوان سەدرییەكان‌و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بكاتەوە‌و گەرموگوڕییەكی نوێ بۆ كۆبونەوەكانی پەرلەمانی عێراق بگەڕێنێتەوە، ئەگەرنا هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشتر، ئەمجارەش پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بۆ چەند مانگێكی تر دوادەكەوێت. 
لە هەموو حاڵەتەكاندا پێشبینی دروستكردنی حكومەتی زۆرینە بۆ ئەم قۆناغەی عێراق‌و ئەو پەرتبونە سیاسییە نوێیەی كە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر دروستی كردووە، هێشتا ئەگەرێكی دوورە. 
بەگوێرەی دەستوری عێراق، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، گەڕی دووەمی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە كۆتایی هاتووە، ئێستا كاتی ئەوەیە پەرلەمان ناوی كاندیدە پەسەندكراوەكان رابگەیەنێت، لەسەر دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەدادگای فیدراڵی عێراق سكاڵای یاسایی لەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان تۆماركراوە، پێشبینی دەكرێت دوای راگەیاندنی ناوی كاندیدە پەسەندكراوەكان بڕیاری خۆی لەبارەی یاسایبوون یاخود نایاسایبوونی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن رابگەیەنێت. 
ئەگەر دادگای فیدراڵی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە جاری دووەمدا رەتبكاتەوە، هاوپەیمانی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) گورزێكی تری بەردەكەوێت، چونكە لەم حاڵەتەدا سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەر لیستی یەكەمی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار كە كاندیدەكەی پارتی (هۆشیار زێباری) تێدا لابراوە، پارتی لەبەرامبەر یەكێتیدا بەبێ كاندید دەمێنێتەوە، ئەمە تەنیا زیان نییە بۆ بارزانی، زیان لە هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكەش دەدات، چونكە كوتلەی گەورەی پەرلەمان كە دیاری دەكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە رادەسپێردرێت، سەرۆك كۆمار ئەگەر یەكێك نەبێت لە ئەندامانی ئەم هاوپەیمانێتییە، دەتوانێت كێشەو گرفت دروست بكات. 

دادگای فیدراڵی ململانێكانی بەلادا دەخات ؟
لەماوەی ئەم (40) رۆژەدا، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق وەكو دەسەڵاتی یەكەم لە عێراق دەركەوت‌و لەم ماوەیەدا ئەم دادگایە (7) بڕیاری دەركردووە كە (4) بڕیاریان راستەوخۆ بارزانی وەكو هاوپەیمانێكی سەرەكی سەدر كردوەتە ئامانج‌و (2) بڕیاریشیان لە بەرژەوەندی هاوپەیمانێتییەكەی سەدرو بارزانی بووە، بڕیاێكیشی دژی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بووە.
بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەدوای یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانەوە، ئەمانە بوون: 

بڕیاری یەكەم: دانیشتنەكە دەستوریی بوو 
رۆژی 25/1/2022 دادگای فیدراڵی ئەو تانە یاساییانەی رەتكردەوە كە لەبارەی نادەستوریبوونی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان تۆماركرابوون، دادگا دانیشتنەكەی بەدەستوریی ناوبرد، ئەم بڕیارەی دادگا لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)‌و لە دژی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) شكایەوە، هاوپەیمانی سێقۆڵی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی نوێی كۆنترۆڵ كرد.  

بڕیاری دووەم: كوتلەی گەورە كەی دیاری دەكرێت ؟
رۆژی 3/2/2022 دادگا فیدراڵی تانەیەكی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی دەستنیشانكردنی كوتلەی گەورەی پەرلەمانی عێراق رەتكردەوە، دادگا رایگەیاند، بەگوێرەی دەستور كوتلەی گەورە لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێت، ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)‌و لە زیانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، چونكە لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لیستی ناوی پەرلەمانتارانی خۆیان وەكو كوتلەی گەورە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، بەڵام بەهۆی ئەم بڕیارەی دادگاوە لیستەكەیان رەتكرایەوە، كوتلەی زۆرینە بەواتای ئەو هاوپەیمانێتییە دێت كە مافی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی پێدەسپێردرێت.

بڕیاری سێیەم: نیساب چەندە ؟
هەر لە حوكمەكەی رۆژی 3/2/2022دا دادگای فیدراڵی كەیسێكی تری یەكلاكردەوە لەبارەی پرسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، دادگا نیسابی یاسایی بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان لەدانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بە (دوو لەسەر سێ) دیاریكرد، بەگوێرەی ئەم حوكمەی دادگا لەدانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا دەبێت لەكۆی (329) پەرلەمانتار، (220) پەرلەمانتار ئامادەبن ئینجا نیسابی كۆبونەوە تەواو دەبێت، ئەم بڕیارە لە زیانی هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بوو، بەدیاریكراویش بارزانی كە دەیویست بەزۆرینەی سادە پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، ئەم بڕیارەی دادگا (پلپ المعگل- یەك لەسەر سێی پەكخەر)ی دروستكرد، وایكردووە هیچ لایەك بەبێ ئەوەی تر نەتوانێت نیسابی یاسایی كۆبونەوەی پەرلەمان تەواو بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار. 

بڕیاری چوارەم: زێباری راگرت !
رۆژی 6/2/2022 دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای سێ پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی‌و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ، رێوشوێنەكانی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار راگرت بەهۆی ئەو تۆمەتانەی گەندەڵی كە لەسەری بوو، ئەمە گورزێكی گەورە بوو بۆ بارزانی، هاوكات بۆ هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)، دۆسیەكەی زێباری هێندە كاریگەر بوو، تەنانەت سەدری هاوپەیمانی بارزانیش بەرگری لێنەكرد‌و داوای لە پەرلەمانتارەكانی كرد، دەنگی پێنەدەن. 

بڕیاری پێنجەم: زێباری دورخستەوە
دوای راگرتنی رێوشوێنەكانی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری، رۆژی 13/2/2022 دادگای فیدراڵی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رەتكردەوە، ئەمە بارزانی توشی گێرمەو كێشەی دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ كرد، سەرباری ئەوە لەڕووی سیاسییەوە هۆشیار زێباری گورزێكی لە ناوبانگی هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)دا. 

بڕیاری شەشەم: بەرهەم ساڵح بەردەوام دەبێت
دوای دروستبوونی كێشە لە نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان‌و هەڵنەبژاردنی سەرۆك كۆمار، دادگای فیدراڵی رۆژی 13/2/2022 بڕیاریدا بەوەی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی سەرۆك كۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت. 

بڕیاری حەوتەم: كورد نابێ نەوت بفرۆشێت
رۆژی 15/2/2022 دادگای فیدراڵی حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكی یاسایی راگەیاند كە ساڵی 2012 لەسەر دۆسیەی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان تۆماركرابوو، دادگا بڕیاریدا بەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم نادەستورییە‌و دەبێت هەرێم نەوت‌و غازی خۆی رادەستی حكومەتی ناوەند بكات، ئەم حوكمەش گورزێكی گەورە بوو لە هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)، حوكمەكە بارزانی كردە ئامانج.

  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand