Draw Media

(درەو): کڕینی دوو ئۆتۆمبیل بۆ ئەمینداری گشتی پەرلەمان عێراق کێشەی دروستکردووە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوا دەکات گرێبەستی کڕینی ئۆتۆمبیلەکان هەڵوەشێندرێتەوەو ئەو ئۆتۆمبێلانەش وەربگیرێنەوە کە موڵکی پەرلەمانن و هێشتا لای ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی خولەکانی پێشووی پەرلەمان ماون. لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی (سیروان عەبدوڵا سیرینی) ئەمینداری گشتی پەرلەمانی کردووە، حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا دەکات گرێبەستی دوو ئۆتۆمبیل هەڵوەشێندرێتەوە کە بۆ ئەمینداری پەرلەمان کڕدراون. ئەم نوسراوە دوای ئەوەدێت، دوێنێ (درەو) بڵاویکردەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوو ئۆتۆمبیلی بۆ (سیروان عەبدوڵا سیرینی) ئەمینداری گشتی پەرلەمان کڕیوە کە سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانە. بەپێی زانیاییەکان، بەهای ئەو دوو ئۆتۆمبیلە دەگاتە (٤٠٠ ملیۆن) دیناری عێراقی. کڕینی ئەم ئۆتۆمبیلانە بۆ ئەمینداری گشتی پەرلەمان، ناڕەزایەتیی دروستکردووە، هەندێک ئەم بابەتەیان کردووە بە بەهانە بۆ هێرشکردن بۆسەر پەرلەمانی عێراق و دەڵێن پەرلەمان بەبەهانەی قەیرانی دارایی و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان دەیەوێت دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕێت، بەڵام خۆی زیادە خەرجییەکانی رانەگرتووە. کڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ئەمینداری گشتی پەرلەمان لەلایەن حەلبوسییەوە بەدیاری سەری ساڵ و "سانتاکلوز" ناودەبرێت و ئەوانەی ئاگاداری چۆنیەتی کاروباری پەرلەمانی عێراقن دەڵێن (سیروان سیرینی) رازگریی حەلبوسییەو ئاگاداری بەهەدەردانەکانییەتی، بۆیە سەرۆکی پەرلەمان ئۆتۆمبیلی بۆ کڕیوە. لە نوسراوەکەیدا حەسەن کەعبی دەڵێ:" گرێبەستی کڕینی ئەوئۆتۆمبێلانە هەڵبوەشێنرێتەوە بەهۆی ئەوەی ئێستا وڵات بە قەیرانێکی دارایی خنکێنەرو دۆخێکی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویست بە کڕینی ئۆتۆمبیل ناکات و ژمارەیەک ئۆتۆمبیل هەن کە لای ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی خولەکانی پێشووی پەرلەمانن و دەبێت بەشێوەیەکی خێرا ئەو ئۆتۆمبیلانە بگەڕێندرێتەوە".


 (درەو): پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 گەیشتە پەرلەمانی عێراق، بودجەكە كۆی خەرجی هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵی 2021 بە بڕی ( 13 ترلیۆن و 904 ملیار) دینار دیاریكردووە، كە (3 ترلیۆن) دیناری زیاترە لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە (10 ترلیۆن و 728 ملیار) دینارە.   ماددەی (11)ی پرۆژەیاساكە تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان، واتا نەوت‌و بەشە بودجە. بەپێی ئەو رەشنوسەی بودجە كە حكومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمان، جارێكی تر هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، هەرێمی كوردستان پابەندكراوە بەوەی داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بكات، نەك نەوتەكە خۆی، ئەمەش ئەو بابەتەیە كە پەرلەمانتارانی شیعە لە پەرلەمان دژایەتی دەكەن‌و دەیانەوێت هەرێم نەوت رادەست بكات نەك داهاتەكەی، ئەمە یەكێكە لەو بڕگانەی كە رەنگە لە پەرلەمانی عێراق ئاستەنگی بۆ دروستبكرێت. بابەتێكی تر كە لە رەشنوسەكەدا هاوشێوەی ساڵانی پێشوو وەكو خۆی ماوەتەوە بابەتی (مقاصە) واتە "لێبڕێن"ە، مەبەست لە لێبڕین ئەوەیە، ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رادەست نەكرد، حكومەتی عێراق بەهای ئەو بڕە نەوتە بە پارە لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت، ئەمەش یەكێكی ترە لەو بڕگانەی ناو پرۆژەی بودجە كە رەنگە لە پەرلەمانی عێراق ئاستەنگی بۆ دروستبكرێت، چونكە پەرلەمانتارانی شیعە دەڵێن، لێبڕین بنەمایەكی سیاسییە نەك دەستوریی‌و دەبێت كۆتایی پێ بهێنرێت. ماددەی 11ی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، لە چەند بڕگەیەك پێكدێت كە پوختەكەی بەمشێوەیە: ماددەی (11) بڕگەی (یەكەم): شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی 2004 بۆ 2020 پاكتاودەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی تێدا دەكات.. ماددەی (11) بڕگەی (دووەم)- خاڵی (ا): حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانەی كێڵگەكانی، بەو نرخەی كە كۆمپانیای "سۆمۆ" دەیفرۆشێت، ئەو بڕە نەوتەی كە دەمێنێتەوە بەكاردەهێنرێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆی هەرێم‌و خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتەكەی هەرێم.  ماددەی (11) بڕگەی (2)- خاڵی (ج): ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو بە بڕگەی (1)، واتە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رادەست نەكرد، وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە لە پشكی هەرێم دەبڕێت. كۆی پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عێراق لە پرۆژەكەدا بەم شێوەیەیە: -    بودجەی بەكاربردن: (10 ترلیۆن و 912 ملیارو 627 ملیۆن و 512 هەزار) دینارە. -    بودجەی سەرمایەگوزاری: ( 2 ترلیۆن و 991 ملیارو 384 ملیۆن و 940 هەزار) دینارە. -    كۆی گشتی پشكی هەرێم: (13 ترلیۆن و 904 ملیارو 12 ملیۆن و 452 هەزار) دینارە. واتا ئەگەر هەرێمی كوردستان (250 هەزار) بەرمیل نەوت و ئەو پابەندە داراییانەی تری دەكەوێتە سەری رادەستی بەغداد بكات، ئەوا بەئاسانی دەتوانێت موچەی موچەخۆرانی بدات، كە مانگانە پێویستی بە (894 ملیار) دینارە كە ساڵانە دەكاتە (10 ترلیۆن و 728 ملیار) دینار، واتا (3 ترلیۆن و 176 ملیار) دیناریش دەمێنێتەوە لەو (13 نرلیۆن و 904 ملیار) دینارەی كە پشكی هەرێم دەبێت لە پرۆژە بودجەی 2021ی عێراق.  ئەمە لە كاتێكدا روو دەدات پرۆژە بودجەكە بەم شێوەیەی ئێستا تێپەڕێت (كە ئەستەمە)، خۆ ئەگەر دەستكاریش كراو هەرێم ناچاركرا لەبری ئەوەی داهاتی نەوت رادەست بكات، نەوتەكە خۆی رادەستبكات، ئەوا داهاتەكە بەهەمان شێوە دەبێت بۆ هەرێم و دەتوانێت كێشەی موچە ساڵی دارایی 2021 چارەسەربكات.   


مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح (تایبەت بە درەو دەینوسن)    وا ساڵێكی تر تێدەپەڕێت‌و ساڵێكی نوێ لە دەرگای ماڵەكانمان دەدات، بەڵام ئەوەی ئێمە لە دونیای خۆماندا دەیبینین‌و بەبەرچاومانەوە ڕوودەدات، چەندان قەیرانی هەمەجۆرو ترسناكە كە كۆمەڵگاو ئینسانی ئێمە بەرەو پڕوكانێكی تەواوەتی دەبات. یەكێك لەو قەیرانانە كە ڕەنگە ترسناكترین بێت، بەڵام كەمترین قسەی لەسەر كرابێت، قەیرانی كۆتاییەكی هەمەلایەنەو سەرتاسەری سیاسەتە. ساڵانێكە ئێمە لە ژیانێكی بەتاڵ لە سیاسەتدا دەژین، ژیانێك داماڵدراو لە سیاسەت‌و لە زۆر سەریشەوە تەواو دژ بە سیاسەت. لە دونیای ئێمەدا چەندان بكەری جیاواز ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە كوشتنی سیاسەتدا. بەجۆرێك ئەوەی ئێمە ئەمڕۆكە دەیبینین ئامادەگیی ”كایەیەكی سیاسیی“ە بەبێ سیاسەت، ئامادەگیی ”سیاسیی“ە بەبێ سیاسەت‌و ئامادەگیی ”سیاسەتێكی تەفسیركردنی دونیای ئێمەیە“ لەدەرەوەی ڕەهەندە سیاسییە كوژاوەكەی ئەو دونیایەدا. بەڵام چۆن دونیای ئێمە بێسیاسەتە؟ بە چ مانایەك كایەی سیاسیی ئێمە كایەیەكی بێسیاسەتە؟ ئەی ئەوە نییە هەمووان ڕۆژانە باس لە سیاسەت دەكەن‌و چەندان نووسەرو ڕۆشنبیر جەغت لەوەدەكەن سیاسەت هەموو شتێكی داگیركردوە. ئەی ئەوە نییە چەندان تێز هەن باس لە دابڕان‌و خۆجیاكردنەوە لە سیاسەت دەكەن وەك مەرجی یەكەمی ڕزگاریی تاكەكەسیی‌و ڕزگاریی كۆمەڵگاكە. ئەی ئەو هەموو پارت‌و ڕێكخراوە سیاسییانە، ئەو میدیا تا بینەقاقا بە حیزبیی‌و ئەو هەموو قسەو باس‌و گوتارانە، چین؟   یەكەمین خاڵ كە پێویستە لە ڕوونكردنەوەی ئەم ”تێزی نەمانی سیاسەت“ەدا وازیلێبهێنین، ئەوەیە كە نابێت سیاسەت وەك پیشەی ئەم یان ئەو كەس‌و ئەم یان ئەو پسپۆڕو لێزان ببینین. سیاسەت پیادەكردنی بۆچون‌و ئایدیاو بیرۆكەی كۆمەڵێك خەبیرو فەیلەسوف‌و نووسەر نییە، كە تیایدا زۆرینەی كۆمەڵگا بێدەنگ، یان پەراوێز بخەن، یان وەك ”عامە“یەكی نەزان‌و گەمژە مامەڵە بكەن. سیاسەت كردەی ئەم یان ئەو پارتی سیاسییش نییە كە خۆی بە ”پێشڕەوی كۆمەڵگا“و پێشڕەوی مێژوو بزانێت. بەهەمان شێوە سیاسەت كردەو خەونی ئەم یان ئەو سەركردە پیرۆزە نییە كە بەناوی هەمووانەوە قسەبكات‌و بخوازێت دەستی هەمووان بەرەو ئارامیی‌و بەهەشت، بگرێت.  سیاسەت كاتێك سیاسەتە كە وەك چالاكییەك لەسەر بنەمای یەك ڕاستیی كۆمەڵایەتیی دروستبووبێت، ڕاستیی ئەوەی كە دۆخی مرۆڤ هەمیشە دۆخێكی پلورال‌و پڕجیاوازییە، جیهان‌و كۆمەڵگا جیهانێكی پلورالن، جیاوازیی یاسای پێكەوەبوونی كۆمەڵایەتییە. سیاسەت چالاكیی ڕێكخستنی ئەو جیاوازییانەیە بە شێوەیەك هەم وەك جیاوازیی دەربكەون‌و هەم وەك جیاوازیی توانای ژیانیان هەبێت. ئەمە وادەكات یەكەی سەرەكیی سیاسەت مرۆڤ نەبێت وەك تاك‌و بوونەوەرێكی تەنها، بەڵكو مرۆڤەكانە بە كۆ و بەیەكەوە، مرۆڤەكانە لە دۆخی بوونی پەیوەندییدا بەیەكترییەوە. مرۆڤی تەنها دەشێت یەكەی سەرەكیی ناو شیعر‌و ئەدەبیات‌و فەلسەفە بێت، بەڵام هەرگیز یەكەی سەرەكیی ناو سیاسەت نییە. بەم مانایە سیاسەت چالاكی كاركردنە لەسەر پلورالیزمی ئینسانیی، لەكاتێكدا فەلسەفەو بەشێكی تری لقەكانی فیكر باس لە مرۆڤ وەك تاكەكەس دەكەن. پلورالیزم وەك یەكەی سەرەكیی سیاسەت مانای باسكردنی مرۆڤ لە دۆخی بەیەكەوەبووندا، لە دۆخی پەیوەستبوونیان بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە بەكەیەوە. بۆیە هەموو ئەو چەمكانەی كە ڕێیان دەكەوێتە ناو سیاسەتەوە هەموویان دەبنە چەمكی پلورال‌و گشتیی‌و كۆ. ”ئازادیی“ مرۆڤ، بۆ نموونە، دەشێت لە فیكری فەلسەفییدا ئازادیی تاكەكەس بێت، پەیوەندیی بە قسەكردن لەسەر ئەوەوە هەبێت ئایا تاكەكەس دەتوانێت ئازادبێت؟ ئایا شتێك هەیە بەناوی ئیرادەی ئازادەوە؟ ئەگەر هەیە تا چەند‌و كوێ ئازادە؟، هتد. لە هەموو ئەمانەدا باس لە توانای مرۆڤ وەك تاكەكەس لەسەر ئازادیی دەكرێت، لە كاتێكدا لە سیاسەتدا قسەو باس لەسەر بوون یان نەبوونی ئیرادەی ئازاد لای تاكەكەس نییە، ئازادیی ئیرادە بابەتی سیاسەت نییە، ئەسڵەن لە سیاسەتدا تاكەكەس وەك تاكەكەس ناتوانێت ئازاد بێت، چونكە تاكەكەس هەمیشە لە پەیوەندییدا بە كەسانی دیكەوە، لەناو پێكەوەبوونی كۆمەڵایەتییدا، لەناو كۆمەڵێك پەیوەندییدا بە كەسانی ترەوە، ئامادەیە. مرۆڤ ناتوانێت بەتەنها مومارەسەی ئازادیی  بكات، بەڵكو لەناو سیستەمێكی پێكەوەبوونی كۆمەڵایەتیی‌و بەریەككەوتنی كۆمەڵایەتییدا پیادەی ئازادیی خۆی دەكات. ئازادیی لە سیاسەتدا ئازادیی مرۆڤەكانە بە كۆ، كاتێك بەیەكەوە دەژین‌و بەیەكەوە كاردەكەن‌و بەیەكەوە لەپەیوەندییدان. ئازادیی لێرەدا تەنها لەگەڵ مرۆڤەكانی ترو لە پێكەوەبووندا بوون‌و مانای هەیە. بەمجۆرە سیاسەت دەبێتە چالاكی كاركردن‌و ڕێكخستن‌و بەڕێوەبردن‌و دروستكردنی ژیانی گشتیی، ئەو ژیانەی كە مرۆڤە تاكەكەكان لەگەڵ یەكدا دروستیدەكەن‌و تیایدادەژین. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا غائیبە ئەم دیدو ڕوانینەیە بۆ سیاسەت، ئەم بەرخوردەیە بۆ سیاسەت. ئەوەی غائیبە سیاسەتە وەك چالاكی ڕێكخستن‌و ماناداركردنی پلورالبوونی ئینسانەكان‌و ڕێكخستن‌و داڕشتنی پێكەوەبوونیان بەیەكەوەو كاركردن لەسەر فۆرم‌و شێوازیی ئەو پەیوەندییانەی مرۆڤەكان وەك كۆ و بە گروپ لەگەڵ یەكدا دروستیدەكەن.  ئەوەی لە دونیای ئێمەدا هەیە ڕێك پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنەیە بۆ سیاسەت، لەڕاستیدا دیوە دژەكەی ئەم تێگەیشتنەیە. لای ئێمە سیاسەت چالاكیی پاراستنی پێگەی گروپێكی بچووكی ناو كۆمەڵگایە دژ بە زۆرینەی گروپەكانی تری ناو كۆمەڵگا، كورتكردنەوەی سیاسەتە بۆ چالاكیی گەورەكردن‌و بەهێزكردنی زیاترو زیاتری سودو قازانجی چەند خێزان‌و بنەماڵەیەك لەسەر حیسابیی زۆرینەی كۆمەڵگا. تاپۆكردنی سیاسەتە لەسەر چەند گروپێكی بچووك‌و بەنفرەتكردنیەتی لەلایەن كەسانێكی ترەوە. كۆمەڵگای كوردیی هیچ چاوەروانییەكی باشی لە سیاسەت نەماوە، نەك لەبەرئەوەی سیاسەت بیابانێكەوە هیچی تیا سەوزنابێت، بەڵكو لەبەرئەوەی شتێك بەناوی سیاسەت كە سەوزكردنی ژیان‌و رێكخستنی كۆمەڵگاو پاراستنی پلورالیزم‌و ئازادیی وەزیفە سەرەكییەكانێتی، بوونی نییە. لە كۆمەڵگای ئێمەدا لەباتی پەیوەندیی ناپەیوەندیی‌و لەباتی پێكەوەبوونی كۆمەڵایەتیی گێتۆسازیی‌و لەباتی دروستكردنی ژیانی هاوبەش پارچەپارچەكردنی كۆمەڵایەتیی‌و دابڕان‌و دوورخستنەوەی مرۆڤەكان‌و شارەكان‌و ناوچەكان لەیەكتری، سەروەرە. بەم مانایە ئەوەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە لۆژیكی بەر لە دروستبوون‌و لەدایكبوونی سیاسەتە، لۆژیكی توندتوتیژیی‌و هاوكێشەی هێزی ناو جەنگەڵە، كە تیایدا بەهێز لاوازو لایەنێك ئەوانیتر كۆنترۆڵ‌و ئاڕاستەدەكات‌و كەیش ئەمەی بۆنەكرا، بەخائین‌و ناپاك‌و مەترسیی‌و هەڕەشە ناویدەبات. واتە سەرەتا لە ئاستە ڕەمزییەكەیدا دەیكوژێت، دواتر گەر هەلومەرج لەباربوو لە ئاستە مادیی‌و فیزیكییەكەشیدا لەناویدەبات. ئەگەر لۆژیكی سیاسەت لۆژیكی پەیوەندیی‌و پێكەوەبوون‌و كاری پێكەوەیی ناو ژیانی گشتیی بێت، ئەوا ئەوەی لە هەرێمدا ئامادەیە لۆژیكی هێزە بەمانا جەنگەڵییەكەی كە توندوتیژیی دەركەوتە سەرەكیی‌و بنەڕەتییەكەیەتی. سیاسەت لێرەدا چالاكییەكە هێندەی بەرهەمهێنەری هەڕەشەو پیلان‌و ئەگەری بەگژاچوونەوەی توندوتیژو هێندەی چالاكییەكی ڕێكخراویی دزینیی موڵك‌و سامانی گشتیی‌و تێكدانی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكانە، هێندە چالاكییەك نییە بەو ئاڕاستەیەی ئێمە باسمانكرد. سیاسەت لەناو دەسەڵاتدارێتیی كوردییدا لەڕووی گوتارەوە بووە بە درۆ و هەڕەشەی ڕووت‌و لەڕووی پراكتیكییەوە بووە بە جوڵاندنی هێزو پیادەكردنی توندتوتیژیی. بێگومان بابەتی ”كۆتایی سیاسەت“ لەناو فیكری سیاسیی خۆیدا چەند جارێك بووە بە جێگای لەسەر ڕاوەستان‌و گفتوگۆ. ڕەنگە گرنگترینیان تێزەكەی هانا ئارێنت بێت لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا. بەشێوەیەكی گشتیی ئارێنت ڕای وایە كە دونیای مۆدێرن ڕەهەندی سیاسیی ناو مرۆڤەكانی سڕیوەتەوەو سیاسەت گۆڕاوە بۆ مەنێجمێنت‌و ئیدارەدان، بەڵام لەناو بونیادی جەنگی ساردو دوستبوونی چەكی ئەتۆمییدا ئیتر باس لە كۆتایی سیاسەت دەكات. ئارێنت ڕای وابوو كە كردەی سیاسەت لەسەردەمی مەترسییەكانی جەنگی ئەتۆمییدا لەژێر هەڕەشەی مردندایە، چونكە هەموو خەمی سیاسەت كوتبووەتەوە بۆ رێگەگرتن لە مەترسیی ڕوودانی ئەو جەنگە. بەبۆچوونی ئارێنت ئەو جەنگە گەر ڕووبدات، نابێتە جەنگی جیهانی سێهەم، بەڵكو دەبێتە دواجەنگ‌و كۆتایی مرۆڤایەتییش. كورتكردنەوەی سیاسەت بۆ هەوڵدان لەپێناوی ڕێگرتن لە دروستبوونی جەنگ، مانای كوشتنی كردەی سیاسەتە، كە ئەركە سەرەكییەكەی پاراستنی پلورالیزمی مرۆڤەكان‌و پێكەوەژیان‌و دەستەبەركردنی پەیوەندیی بەردەوام‌و ئازادییە لەناو ڕووبەری گشتییدا. هاوشێوەی هانا ئارێنت، یورگن هابەرماسیش لە شەستەكانی سەدەی بیستەمدا، باس لە كۆتایی سیاسەت دەكات، بەڵام لە دیدێكی كەمەكێك جیاوازەوە. بۆچوونی هابەرماس وابوو كە سیاسەت خەریكە بگۆڕێت بۆ چالاكییەكی نهێنیی، بۆ نماییشێكی ناسیاسیی گەورە كە بەدزییەوە ڕوودەدات‌و لە كۆمەڵگا دەشاردرێتەوە. لەم چالاكییە نهێنییەشدا سیاسەت دەبێت بە رێككەوتنی نوێنەرانی بەرژەوەندییە ئابوورییە گەورەكان لەسەر بازاڕو قازانج. بەڕای هابەرماس ئەم نهێنیكارییەو ئەم بێبەشكردن‌و دابڕانەی خەڵك‌و كۆمەڵگا لە چالاكی‌و بەشداریی سیاسیی، وادەكات دیموكراسییەت لەوە بكەوێت دیموكراسییەت بێت، بەڵكو دەبێت بە دەزگایەكی قەبەو بەتاڵكراو لە هەموو چالاكییەكی سیاسیی راستەقینە.  خاڵی هاوبەشی ئەم دوو دیدە لای ئارێنت‌و هابەرماس ئەوەیە سیاسەت لەوە دەخرێت كە كاری پێكەوەیی‌و دستەجەمعیی مرۆڤەكان بێت لەگەڵ یەكدا بەمەبەستی دروستكردنی ژیانێكی گشتیی، لەوەدەكەویت بە دروستكردن‌و پێشخستنی ژیانی گشتیی مۆرڤەكانەوە سەرقاڵبێت، پەیوەندیی بە پلورالبوونی ژیان‌و ئازادیی‌و بوونی مرۆڤەكانەوە نامێنێت، بەڵكو كورتكراوەتەوە بۆ پاراستنی كۆمەڵێك قازانج‌و دەسكەوتی تایبەت. ئەم وەرچەرخانە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی سیاسەتدا وایكردوە خودی چالاكییەكە ببێت بە مەترسیی هەم بۆ سەر سیاسەت خۆی‌و هەم بۆ سەر كۆمەڵگا. لەباتی پاراستنی ژیانی گشتیی‌و لە شوێنی گرنگیدان بە جیاوازییەكان‌و ڕێكخستنیان، لۆژیكی دابەشكردنی دونیا بۆ دۆست‌و دوژمن كاردەكات. بۆ كەسێك لەگەڵ منەو بۆ كەسێك كە دژ بە منە، كەسێك قازانجەكەی قازانجی منە‌و كەسێك قازانجەكەی زیانی منە. كردنی ئەم لۆژیكی دروستكردنی دۆست‌و دوژمنە بە لۆژیكی سیاسەت‌و دانانی لە شوێنی پاراستنی جیاوازیی‌و پلورالیزمی ژیان‌و مرۆڤەكاندا، ئەو لۆژیكەیە كە تۆتالیتاریزمی لەسەر دروستدەبێت. ئەم تۆتالیتاریزمە لە سەدەی بیستویەكەمدا بە بەرگێكی پۆپۆلیستیی كولتوورگەراییەوە هاتۆتە ناو جیهانی سیاسەت‌و كار لەسەر دابەشكردنی دونیای ئینسانەكان‌و كۆمەڵگاكان‌و دەوڵەتەكان لەیەكتر دەكات.  لەو ناوچەیەی ئێمەشدا جگە لە جەنگی نێوان وڵاتان‌و جەنگی ناوخۆی هێزەكان لەگەڵ یەكدا، ساڵانێكە زۆرینەی دەوڵەتەكانی ناوچەكە گیرۆدەی ئەو جەنگەن كە بە ”جەنگی دژ بە تیرۆر“ ناونراوە. بەشی زۆری ئەم جەنگانە تەنها رەهەندێكی ناوخۆییان نییە، بەڵكو رەهەندێكی ئیقلیمیی‌و نێونەتەوەییشییان هەیە. زیاد لە بكەرێك‌و زیاد لە گروپ‌و زیاد لە هێزێكی ئیقلیمیی لەناوچەكەدا بەریەك دەكەون. ساڵانێكی زۆرە سیاسەت لەناوچەكەی ئێمەدا موبادەرەی لەدەستداوەو كارە سەرەكییەكەی بووە بە ڕاكردن بەدوای ئەو كێشانەدا كە جەنگ‌و شەڕی ناوخۆیی‌و دروستبوونی گروپە چەكدارەكان‌و نوخبەیەكی فاسیدی دەسەڵاتدار، بۆ كۆمەڵگا بەرهەمیدەهێنن. ئێستا ئیتر لە دوای شكستی ئەزموونی سێ دەیەی دەسەڵاتدارێتیی كوردیی، سیاسەت لە قۆناغی كۆتاییەكانی خۆیدا دەژیی. سەرەتا باوكە سیاسییەكان سیاسەتیان وەك چالاكی دروستكردنی ژیانێكی گشتیی‌و پاراستنی پلورالیزم وێرانكردو سیاسەتیان لە سیاسەت بەتاڵكردەوە، ئێستا ئیتر سەرە هاتۆتە سەر منداڵەكانیان. سیاسەت لای ئەم نەوە نوێیەی دەسەڵاتدارانی هەرێمەكە بووە بە كردەی نابەرپرسیارێتییەكی  رێكخراو، بووە بە بیركردنەوە لە چۆنێتی ڕێكخستن‌و ئیدارەدانی بێبەشكردنی خەڵك لە ماف‌و خزمەتگوزاریی‌و شكاندنی كەرامەتی ئینسانەكان. دەسەڵاتدارانی هەرێم سەركەوتووبوون لەوەی كە لە كۆمەڵگای ئێمەدا هەم هاونیشتیمانییبوون وەك بەرئەنجامی بەشداریی سیاسیی‌و هەم ئینتیما وەك دەرەنجامی تێركردنی خواستە كۆمەڵایەتییەكان، لە ئازادییەوە بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، بەتەواوەتی وێران بكەن. بەم چەشنەش سیاسەت بكەن بە ئەكتێك لە توندتوتیژیی‌و هەڕەشە، بە چاكییەكی نهێنیی‌و نماییشێكی ناسیاسییانە كە بە دزیی خەڵكەوە ڕوودەدات. ئەم دۆخە دروستكراوە داخستنی هەموو دەرگایەكە بەڕووی ئەگەری هەر گۆڕانكارییەكی سیاسیی كە بتوانێت مانایەكی ترو دەركەوتێكی تر بە سیاسەت ببەخشێت. سیاسەت لەسەردەمی منداڵانی باوكە سیاسییەكاندا بووە بە درێژكراوەی شكست بە كەرەسەی تر. ئەم نەوە تازەیەش تەنها درێژە بەو كولتووری داماڵینەی سیاسەت لە جەوهەرەكەی خۆی نادات كە باوكە سیاسییەكان بەرهەمیان هێنابوو، بەڵكو لەڕاستییدا خۆیان بەرهەمێكن لە بەرهەمەكانی ئەم كۆتاییهاتنەی سیاسەت. ئەزموونی ئەمساڵ پێماندەڵێت كە نەوەی نوێی خێزانە سیاسییەكان كردەی سیاسەتیان گۆڕیوە بۆ نابەرپرسیارێتییەكی رێكخراو. ئەزموونی ساڵی 2020 هەڵگری یەك پەیامی ڕوونە: ناتوانرێت لەم نەوە نوێیەش چاوەڕێی ئەوە بكەین، ببێتە هێزی بەخشینەوەی ژیان بە سیاسەت.   بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون  بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل  بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی


درەو:  سۆران محەمەد – کەركوك ناو هیچ حزبێكی سیاسی لە پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك پشتگیری لە بەرهەرێمبونی پارێزگای كەركوك ناكەن، بەپێچەوانە دژایەتی خۆیان بۆ هەر هەوڵێكی لەو شێوەیە رادەگەیەنن و  پێیانوایە ئەجێندای دەرەكی لە پشتە. دژایەتی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عەرەب، كورد و توركمان لە كەركوك دوای ئەوە دێت ده‌سته‌یه‌ک له‌ چالاکوان و که‌سایه‌تی و یاساناسان پڕۆژه‌یه‌کیان بۆ به ‌هه‌رێمبونی پارێزگاکه‌ را‌گەیاند، ئەوەش به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ری یه‌کجاریی کێشه‌کانی ئیداره‌دان و "گه‌ڕانه‌وه‌ی داهات و خزمه‌ت" بۆ خه‌ڵک. محەمەد سەمعان، وتەبێژی بەرەی تورکمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە وەک بەرنامە و سیاسەتی کارکردن دژی هەر پلان و ئەجێندایەکین کە لە دەرەوەی خواستی پێكهاتەكانی كەركوك بێت"، زیاتر وتی "توركمان دژایەتی بە هەرێمبونی پارێزگاكە دەكات، بەڵێ كارکردن بە ماددەی 140 وەستاوە، بەڵام دەبێت پێكهاتە و لایەنەكانی كەركوك لەسەر پڕۆژەیەكی هاوبەش رێكبكەون نەك بە هەرێمبونی پارێزگاكە". محەمەد پێیوایە بەهەرێمبونی كەركوك خواستی هەموو پێكهاتەكان نییە، بۆیە دژایەتی دەكەن. حاتم تائی، وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لە کەرکوک  - لە كۆمەڵێك حزب و هۆز و عەشیرەتی كەركوك پێكدێت-، رایگەیاند كە هەموو پارێزگاكانی عیراق یەك چارەنوسیان هەیە و وتی "ناكرێت كەركوك بە تەنیا جیابكرێتەوە، ئێمە دژایەتی هەوڵی لەو شێوەیە دەكەین". تائی، وتی "ئێمە باوڕمان بە دەستور و یاسا هەیە کە چارەنوسی ئەم شارە یەکلایی بکاتەوە، نەک ئەجێندا و پڕۆژی دەرەوەی دەستور و یاسا". ئەوەش لەكاتێكدا بەپێی مادده‌ی 119ی ده‌ستوری عیراق، هه‌ر پارێزگایه‌ک یان زیاتر مافی پێکهێنانی هه‌رێمێکیان هه‌یه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ داواکارییه‌ک بۆ ئه‌نجامدانی راپرسی. لە 24ی كانونی یەكەم و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پڕۆژەیەك بۆ بەهەرێمبونی پارێزگای كەركوك راگەیەنرا. هیوا حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی به‌ هه‌رێمکردنی که‌رکوک له‌ کۆنگره‌که‌دا وتی ئه‌وان سه‌ر به‌ هیچ لایه‌نێکی سیاسیی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی نین، به‌ڵکو ئامانجیانه‌ به‌پێی ده‌ستور که‌رکوک بکه‌نه‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ تا پشکی خۆی له‌ داهات و ده‌ستکه‌وتی فیدراڵی وه‌ربگرێت و خزمه‌ت به‌ هاوڵاتیانی بکات. بەڵام ئەحمەد رەفیق، وتەبێژی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "45 ساڵە یەکێتی لە کەرکوک و کوردستان و ناوچەکە کار بۆ کوردستانیبونی کەرکوک دەکات، ئێمە لەو پێناوەدا کاردەکەین و هیچ بەدیلێکی تر جگە لە کوردستانیبونی پارێزگاكە و جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە پەسەند نازانین". ماددەی 140ی دەستوری عیراق كە خاوەندارێتی كەركوك یەكلاییدەكاتەوە، دەبوو لە كۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێبكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەوە 13 ساڵ تێپەڕبووە بەسەر ئەو وادەیەدا و تائێستا لە كۆی سێ قۆناغی ماددەكە (ئاساییكردنەوە، سەرژمێریی و راپرسی)، هێشتا قۆناغی ئاساییكردنەوە كۆتایی نەهاتووە. له‌ کاتی کۆنگرەی راگه‌یاندنی به‌ هه‌رێمکردنی که‌رکوک، دوو گه‌نج ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیی و به‌ ده‌نگی به‌رز داوای جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوریان کرد بۆ یه‌کلایکردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی پارێزگاکه‌، به‌رله‌وه‌ی له‌لایه‌ن رێکخه‌رانی کۆنگره‌که‌وه‌ دوربخرێنه‌وه‌. بەڵام ئاهه‌نگ ئه‌نوه‌ر ئەندامێكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی به‌ هه‌رێمکردنی که‌رکوک، ده‌ڵێت "پێمانوایه‌ به‌ هەرێمکردنی کەرکوک زۆر باشترە لە ماددەی 140، چونکە ساڵانێکە ئەو ماددەیە سڕکراوە و هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوه‌". پێمانوایه‌ به‌ هەرێمکردنی کەرکوک زۆر باشترە لە ماددەی 140 قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بە هەرێمبونی كەركوك، بەپێی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2008ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌ و بە پشتبەستن بە مادەی (119)ی دەستوری هەمیشەیی عیراق بەڕێوەدەچێت، ئەوەش سەرەتا کۆکردنەوەی ئیمزای دانیشتوانی پارێزگاکەی دەوێت‌ و لە قۆناغی داهاتودا راپرسی‌ و دەنگدان بۆ بون یان نەبونی هەرێمێکی سەربەخۆ. ئاهەنگ ئەنوەر، پارێزه‌ر و ئەندامی دەستەی به‌ هه‌رێمکردنی که‌رکوک به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "دەمانەوێت له‌رێی به‌هه‌رێمکردنی که‌رکوکه‌وه‌ داهاتی کەرکوک بۆ کەرکوکییه‌کان بگه‌ڕێنینه‌وه‌ و خزمه‌ت به‌ هه‌موو توێژ و نەتەوەکان بکه‌ین". پێشتر هه‌وڵی به‌ هه‌رێمکردنی که‌رکوک هه‌بووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ نێو ژماره‌یه‌ک لایه‌نی عه‌ره‌بی و تورکمانییه‌وه‌، به‌ڵام دواتر بێده‌نگی لێکراوه‌.


 (درەو): سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەستكاری ناوەڕۆكی نوسراوێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كردووە‌و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێم ئاگادار دەكاتەوە، لەرێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە مامەڵە لەگەڵ پارتە سیاسییەكان بكەن.  بەگوێرەی نوسراوێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كە رۆژی 7ی ئابی ساڵی رابردوو بە ژمارە (15) دەرچووە، گشت وەزارەت‌و دامەزراوەكان حكومەت پابەندكراون بەوەی تەنیا لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پەیوەندی لەگەڵ نێردەو نوسینگەی وڵاتان‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكەن لە هەرێمی كوردستان. نوسراوەكە بەرپرسانی حكومەت پابەند دەكات بەوەی خۆیان بپارێزن لە لێدوان‌و شیكردنەوە‌و سەرەنجدان لەسەر سیاسەتی وڵاتان‌و ئەو پێشهاتانەی لە جیهان‌و ناوچەكە رودەدەن، سەرباری ئەمە هەموو داواكارییەكی بۆ وەرگرتنی ڤیزەی فەرمی وڵاتان، داوەتە دەست فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە. نوسراوی ژمارەی (15)ی سەرۆكی حكومەت، بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی بە پەیوەندی حزبە سیاسییەكان لەگەڵ كونسوڵگەری وڵاتان لە هەرێم نەكردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە، مانگێك لەمەوبەرو بە دیاریكراوی لە رۆژی 24ی مانگی رابردوودا، بەپشتبەستن بە نوسراوی ژمارە (15)، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بەزمانی ئینگلیزی نوسراوێكی ئاڕاستەی كونسوڵگەری‌و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كردووە‌و تێیدا داوایان لێدەكات بۆ هەر جۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم‌و "پارتە سیاسییەكان" هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا بكەن. واتا سەفین دزەیی دەستكاری ناوەڕۆكی فەرمانێكی سەرۆكی حكومەتی كردووە‌و بڕگەی "پارتە سیاسییەكان"ی بۆ زیادكردووە. پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دۆسیەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو دۆسیەیانەی كە بەتەواوەتی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كۆنترڵكراوە، لەپاڵ دۆسیەی نەوت‌و دەسەڵاتە سیاسی‌و ئەمنییەكان، كۆنترۆڵكردنی دۆسیەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەلایەن پارتییەوە، یەكێكە لەو بابەتانەی كە بووەتە جێگەی ناڕەزایەتی حزبە سیاسییەكانی هەرێم. لە كابینەی مەسرور بارزانیدا بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی پەیوەندییەكان، لەپاڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا، فەرمانگەیەكی نوێ بەناوی فەرمانگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد دروستكرا. فەرمانگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد لەلایەن (فارس عیسا)وە بەڕێوەدەبرێت كە سەربە پارتییە، لەم فەرمانگەیەدا پارتە سیاسییەكانی تری هەرێم هیچ نوێنەرایەتییەك‌و تەنانەت فەرمانبەرێكیشكیان نییە. فارس عیسا بەمدواییە بە نوسراو دامودەزگاكانی حكومەتی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی لەرێگەی نوێنەرایەتی هەرێمەوە نەبێت لە بەغداد بۆیان نییە هیچ جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم‌و پارێزگاكاندا بكەن، واتا سەرباری ئەوەی هێشتا هەرێمی كوردستان بەفەرمی بەشێكە لە عێراق، بەڵام پارتی لەرێگەی فارس عیساوە دەرگاوانی بۆ پەیوەندی لایەنە سیاسییەكان‌و فەرمانگەكانی حكومەت لە بەغداد داناوە‌و دەیەوێت ئاگاداری ناوەڕۆكی هەر نوسراوێك بێت كە لە پارێزگاكانی هەرێمەوە دەچێت بۆ وەزارەت‌و فەرمانگەكانی حكومەت عێراق.   


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)  ئەگەرچی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، چوار گورزی کاریگەر لە هەژموونی ئێران و پەلوپۆکانی لە ناوچەکەدا وەشێنرا: حکومەتێکی مەیلەو ئەمریکی لە بەغدا پێکهات(کازمی)، کوشتنی قاسمی سولەیمانی، تەقاندنەوەی دوو بنکەی ئەتۆمی و کوشتنی سەرکردەیی سوپایی و "ئەتۆمساز"ی ئێرانی فەخریزادە، دەرکەوتنەوەی ئازەربایجان لە قەرەباغ و دەرکەوتنی هەڕەشەی نوێی تورکیا و ئیسرائیل لە باکووری ئێرانەوە لە ڕێی باکۆوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە چوار ساڵدا (١٦-٢٠١٩) نزیکەی ٣٠٠ جار ئیسرائیل بە ئاشکرا ئێرانی لە سوریا و نێو ئێراندا کردووەتە ئامانج و پێکاویەتی، لە هەمووشی کوشندەتر دەستگەیشتنی تیمە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکانە بە چەقی ئێران و ئەنجامدانی چالاکی لەو وڵاتەدا. بەڵام تاران هێشتا هەر پابەندە بە وەڵامنەدانەوە و ڕاگرتنی ئەم دۆخەی کە بەسەردەمی ترەمپ و توندبوونەوەی قەیرانی ئابووریی ئێران ناوزەد کراوە. ڕاستییەکەی ئێران، زۆر لە ئێستای بەغدا و هەولێر نیگەران نییە، بەڵکو زیاتر لە ئاییندەیان نیگەرانە، چونکە یەکەم هێشتا سیاسەتکردن بە تامی تاران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە عێراق و هەرێمدا پارێزراون، لەوانەش پێچپێکردنەوەی سزا ئابوورییەکان (لە بازرگانی نەوتی و نانەوتی) و کەمکردنەوەی گوشاری ئابووریی کە کوردستان و عێراق بۆی ئەنجام دەدەن، لە هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغداش بەشی پێویست هەوادارانی ئێران لە پرۆسەی بڕیاری هەردوو کابینەکەدا جێیان بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق وەک یەمەن و لوبنان هێشتا گۆڕەپانێکی باشە بۆ هەڕەشە و نمایشی تاران. هەر بۆیە ئێران لەگەڵ نیگەرانییەکانیشیدا تاڕادەیەکی پێویست، لە ڕێی بێدەنگکردنی پرۆکسیەکانییەوە لە عێراق و مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی بەغدا و هەولێردا بەردەوامە، لە کاتێکدا هەردوو حکومەتەکە دوو کەسی ئەمنی بەڕێوەیان دەبەن و لە خولگەی ئێراندا هەژمار ناکرێن، تاران لە ئێستادا سەرقاڵی کات و سەردەمی ترەمپ بەڕێکردنە نەک شەڕکردن، هەڵەیە وا تێبگەین ئێران کارێکی وای دەوێت، بە پێچەوانەوە ڕەنگە ئەمریکا و ئیسرائیل بن بیانەوێت بەو ئاراستەیەدا ببرێت. گەر سەرنج بدرێتە هۆکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی پاڵنەرەکانی سیاسەتی ئێران، ڕوون دەبێتەوە کە ئێران خۆی بەڕۆژوو کردووە لە چوونە نێو هەر جەنگێکی گەرم و ڕاستەوخۆ لە ئێستادا، چونکە بە خوێندنەوەی جوڵەکانی و تواناکانی بۆ ئەو جەنگە نەک بەرژەوەندییەکانی لە دەرەوە بەڵکو پێش هەر شتێک شیرازەی سیاسیی نێو ئێران و یەکپارچەییشی دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە تاران خۆبەدوورگرتنی لە جەنگی گەرمی خۆی و پرۆکسییەکانی لە عێراق هەڵبژاردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا  ئەوەی کە ئێرانی لە جووڵە سیاسیی و نهێنییەکان نەخستووە، نیگەرانییەکانییەتی لە هەڕەشە ئاییندەییەکانی سەر تارانە بەهۆی سیاسەتەکانی هەولێر و بەغداوە. نیگەرانییە ئایندەییەکانی ئێران بۆچی لە بەغدا و هەولێر نیگەرانە؟ پرۆ ئێرانییەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق، بە هەردوو باڵی سەربازی (حەشد و لق و سێبەرەکانی) و پەرلەمانی (کوتلە و فراکسیۆنە هەوادارەکانی کە زۆرینەن)، سەرقاڵی تەگەرەسازیی و لاوازکردنی حکومەتی کازمی و هاوپەیمانە کوردستانییەکەیەتی، چ وەک  هەڕەشە و قۆڵبادانی کازمیی بۆ پەرلەمان و نەپێکانی ئامانجەکانی حکومەتەکەی، چ وەک کردە تیرۆریستییەکان و پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ڕێی سێبەر و میلیشیا تازەهەڵتۆقیوەکان، چ وەک سزادانی هەرێم لە بەشە بودجەی خۆیی و لاوازترکردنی، لە کاتێکدا هەر یەک لەمانە هیچ لە قازانجی عێراق و بژێوی خەڵک نییە و خزمەتیشە بەو ئاگردانەی کە ناوچەکەی کوڵاندووە و عێراق بەرەو ئاسۆیەکی نادیار ڕەوانە دەکات. بە پێچەوانەوە لە ئەنجامدا زۆرترین قازانج ئێران دەیکات و دەڕژێتە خانەی بەرژەوەندییەکانییەوە. بۆ ئەوەی نیگەرانیی ئێران دەرک بکرێت و مەترسی و دەرفەتەکانی بە هەند وەربگیرێن، دەبێت سەیری ئەو بنەما و ستراتیژانە بکرێت کە باوەڕی پێیەتی لە هەمبەر عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان.  بە وردبوونەوە لە مامەڵەی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەدا دەکرێت هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئێران لە کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا لە چەند خاڵێکدا کورتبکرێنەوە: ١.دژایەتی دابەشبوونی یەکجاری و سەربەخۆیی هەنگاوبە هەنگاوی هەرێمی کوردستان و پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراق. ٢.مامەڵە لەگەڵ هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا: مامەڵەی تەواوکاری کورد و شیعە و جێکردنەوەیان لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی ئێران لە ناوچەکەدا. ٣.پاراستنی پەیوەندی تاران و هەرێمی کوردستان بەم فۆرمە نەبەهێز و نە نەمانەی ئێستا، لە بەرامبەردا ئاسایشی ناوچەکە و دۆسێ پەیوەندیدارەکان بە قوڵایی ستراتیژیی ئاسایشی ئێرانەوە، وەک ئاسایشی سنورەکان، بنەبڕ و سنوردارکردنی چالاکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکداریی کوردانی ئێران پارێزراو بێت. ٤. رێگریکردن لەوەی کوردستان ببێتە بەرەیەک یان بچێتە ناو بەرەیەکەوە و ببێتە ناوچەی جێنفوزی نەیارانی ئیران، وەک تورکیا، ئیسرائیل و ئەمریکا، ئیتر هەریەکە  و بە ڕێژەیەک و ئاستێک. ٥.رێگریکردن لە گەشەی گروپە نەتەوەخوازەکان و پان-کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کاریگەری و جێکەوتە لەسەر کوردستانی ئێران جێ نەهێڵێت و پشتیوان و بوژێنەرەوەی بیری ناسیۆنالیستانە و سەربەخۆییخوازی کوردانی ئێران نەبێت. کەواتە هەر روداو و هۆکارێکی سیاسی ببێتە هۆی لەقکردنی یەکێک لەم پایانەی پۆڵەسی ئێران لە ناوچەکەدا جۆرێک لە هەڕەشەیە لە قوڵایی ستراتیژی و بەرژەوەندییەکانی ئێران.     نیگەرانیە ستراتیژیەکانی ئێران هەرێم لە دیدی تارانەوە، مەترسی ئەوە لەبەرچاوە کە جوڵە و نزیکبوونەوەکانی هەولێر لەگەڵ واشنتۆن و کردنەوەی: - پێنج بنکەی سەربازی ئەمریکی لە هەرێم، بە تایبەت بنکەی هەریر، کە زینووکەرەوەی یادگاریی تاڵی شەڕی هەشت ساڵەیە و سەددام لەوێوە بۆردوومانی ناوچە ڕۆژئاواییەکانی ئێرانی دەکرد لەلایەک و پشتیوانی کورد بۆ کازمی و سنووردارکردنی پرۆ ئێرانییەکانی وەک حەشدی شەعبی، بە مانای ئەمانە دێت:  ا.  زیاتربوونی نائارامی و تێکچوونی سیستم و سنوری باوی سیاسی ناوچەکە کە ئێران و عێراق و تورکیاش دەخاتە مەترسییەوە. ب. لاوازبوونی میحوەری بەرگری (مقاومە). ج. لاوازبوونی ئیئتیلافی ئێرانی لە ناوچەکە لە چوارچێوەی پارادایمی شیعی-کوردی و مەترسی بەهێزبوونی هاوپەیمانی کوردی-سونیی و دواجار درووستکردنی هەرێمێک بۆ سوننە. هـ. نیگەرانی لە دوبارەبوونەوەی ئەزمونی ئازەربایجان و لەدەستدەرچوونی هەرێمی کوردستان بەهۆی هەبوونی نەیارەکانی ئێران لە هەرێمدا. و.کاریگەریی جێهێشتن لەسەر بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردیی و هاوکارییکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت حزبەکانی دیموکرات کە ساڵانێکە چالاکییان گەرمتر کردووەتەوە لە نێو ئێراندا.  لەم دۆخەدا تاران لە هەر شتێک زیاتر لە دۆخی ناوخۆی دەترسێت و هەر ئەمەشە وایکردووە، لە هەندێ ڕەفتاری هەرێم و تەنانەت بەغدا و ئەنکەرەش خۆش بێت لە بەرامبەردا دەست نەبەن بۆ ورووژاندنی کارتی کوردستانی ئێران.  چونکە گەشەی گروپە چەکدارە نەیارەکانی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن و دورنییە لە ئایندەشدا هەولێر پشتیوانییەکانی بۆیان زیاد بکات. ئێستا بە دیققەتدانەوە لە پێنج خاڵەکەی بنەما گشتییەکانی سیاسەتی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کە جۆرێک لە سەوابیتی سیاسیی ئایدۆلۆژی ئەو وڵاتەش پێکدێنن و بە لێکدانیان لە چوارچێوەی مێنتاڵێتی عەقڵی سیاسیی ئێرانییەکانی پاش شۆڕشی ئیسلامی و ئەو حەوت خاڵەی کە هۆی نیگەرانی تاران بوون کە پێشتر خرانەڕوو، دەتوانرێت ببینرێت کە ئێران لەسەر ئەو سیاسەتە گشتیانە دەڕوانێتە هەرێم و عێراقێکی یەکگرتوو و بەرەیەکی بەهێزی بەرگری دژە ئەمریکا و بەشێک لە پرۆژەی پێکەوەگەیاندنی هاوپەیمانانی ناوخۆی عێراق (کورد-شیعە) و دەرەوەی عێراق گوتاری بەرەنگاری(شیعە-سوننە) و دواجار دنیای گریمانەکراوی هیلالی شیعی بۆ دەستەبەردەکەن یان دژبەری نەبن. جیا لەوەی کە ئاسایشی ناوخۆی ئێران و ناوچە کوردییەکان و سنوردارکردنی نەیارانی چەکداری کوردستانی ئێرانیش وابەستەیە بەوەی کە کەرکوک سەربە هەولێر بێت یان بەغدا، کە لە یەکەمیاندا دەبێتە هەڕەشە بۆ تاران و بێباکی بە بازرگانی لەگەڵ ئێران و لە دووەمیاندا دەبێتە هەل بۆ پێویستی هەمیشەیی هەولێر بە تاران.  بۆ ئێستاش، بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئێران و بەرژەوەندییەکانی و سنورەکراوەکانی لەگەڵ هەرێم و بوونی سیاسییانە و نەتەوەییانەی کورد لە ئێران، دەردەکەوێت کە ئێران هەرێمی کوردستان لە لایەک و ناوچەجێناکۆکان لەلایەکیتر، بە دوو پاکێجی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و هیچکات ئامادەی ئەوەنییە و هەموو رێکارێکیش دەگرێتەبەر تا هەولێر و کەرکوک نەبنە یەک پاکێجی سیاسەت.  لە دوایین دەرکەوتەشیدا هەمان تەکنیکی ٢٠١٤ دووبارە دەکاتەوە و دەیەوێت بە کارتی مووچە و بودجەبڕێن وەک سەردەمی مالیکی و عەبادی، هەرێم ناچار بکات و گریمانە ئاییندەییەکانی هەڕەشە درووستکردن لەسەر ئێران فەرامۆش بکات و تا ڕادەیەکیش لەمەدا سەرکەوتوو بووە و هیچ کات هێندەی ئێستا کوردی مایل بە بەغدا نەکردووە و لە نێویشیدا پاش ڕێککەوتنی حکومەتی بەغدا و هەولێر بۆ بودجەی ٢٠٢١ دیسان کورد پێویستی بە پرۆکسییە ئێرانییەکانی نێو پەرلەمانە تا ڕازی بکرێن.  


 (درەو): وەزارەتی دارایی داوای لە گەنجینەكان كردووە لیستی موچەی مانگەكانی (١١)و (١٢)ی ئەمساڵ، هاوشێوەی مانگی پێشوو بەلێبڕینی (٢١٪)ی موچەی فەرمانبەرانەوە ئامادەبكەن. ئەوەی جێگەی سەرەنجە، نوسراوەكە باسی دابەشكردنی موچەی نەكردووەو هەواڵەكەش بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی دارایی خۆیەوە بڵاونەكراوەتەوە، بەڵكو نێردراوە بۆ چەند كەناڵێكی راگەیاندن. رەنگە وەزارەتی دارایی دڵنیا نەبێت لەوەی بتوانێت موچەی ئەو دوو مانگەی فەرمانبەران یاخود لانی كەم تەنیا یەك موچەی تر دابەشبكات، بۆیە خۆی بە فەرمی هەواڵی دابەشكردنی موچەی رانەگەیاندووەو لەڕێگەی میدیاكانەوە دزەی بە هەواڵەكە كردووە، لەحاڵێكدا راگەیاندنی هەواڵی دابەشكردنی موچە لەم سەردەمی بێموچەییەدا گەورەترین دەستكەوتە بۆ حكومەت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم چاوەڕێیە تا كۆتایی ساڵ، بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە بگات، تاوەكو بتوانێت بەو پارەیەو ئەو داهاتانەی تر كە لەبەردەستیدایە، لانی كەم بە لێبڕینەوە موچەیەكی تر دابەشبكات و بەو موچەیە كۆتایی بە ساڵی دارایی (٢٠٢٠) بهێنێت و پێ بنێتە ساڵی دارایی ٢٠٢١وە. هەر بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە بگاتە هەرێم، بەشێكی دەڕوات بۆ ئەو قەرزەی كە حكومەت بۆ موچەی مانگی (١٠) كردویەتی، بەڵام لەلایەكی ترەوە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی سودی دارایی بە حكومەتی هەرێم گەیاندووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی داهاتی حكومەت بە دۆلار دەگەڕێنەوە، ئەمەش پارسەنگێكی بۆ دارایی حكومەت گەڕاندوەتەوە. چەند سەرچاوە ئاگادار بە (درەو)یان راگەیاند، ئەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی بۆ گەنجینەكان پەیوەندی بە راستكردنەوەی ساڵی داراییەوە هەیەو وەزارەت دەیەوێت پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ ئامادە بكات، بۆ ئەمەش دەیەوێت پاكتاوی حساباتی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٠ بكات، هەرچەندە لە ساڵی 2014 ەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نەبووە ئەمەش بووەتە جێ"ەی رەخنەی پەرلەمان . ئەگەر ئەم نوسراوەی وەزارەتی دارایی تەنیا بۆ راستكردنەوەی ساڵی دارایی بێت، ئەوا كابینەی مەسرور بارزانی لەدوای دەستبەكاربوونییەوە دووەمجارە دەستكاری ساڵی دارایی دەكات، چونكە هەر لەمساڵدا بە بڕیارێك موچەی (٣) مانگی كرد بە "پاشەكەوت"و خستیە سەر قەرزەكانی كابینەی هەشتەمی نێچیرڤان بارزانی و موچەی (٢ مانگ)ی ئەم كابینەیەشی كرد بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغدادو بەمشێوەیە سەرە موچەی مانگانەی راستكردەوە. ئێستا كە حكومەت ماڵئاوایی لە ساڵی ٢٠٢٠ دەكات، لەمساڵدا بەپێی قسەی وتەبێژەكەی (٨) موچەی دابەشكردووەو (٤) موچەی فەرمانبەرانی لاماوە، لەم (٤) مانگە، حكومەتی هەرێم موچەی (٢) مانگی كردووە بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغدادو دەیەوێت لەو دوو مانگەی كە دەمێنێتەوە لانی كەم لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا موچەیەكیان دابەشبكات و تەنیا یەك موچە بمێنێتەوەو ئەویش بەهەمان شێوەیە بكات بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغداد، قەرزێك كە حكومەتی بەغداد دانی پێدا نەناوەو هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم. لە هەموو حاڵەكاندا حكومەتی هەرێم توانای نییە موچەی ئەو دوو مانگە لەماوەیەكی كورتدا بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، سەرباری ئەمە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) دەیەوێت ئاستی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەرزبكاتەوە، ئەگەر لەگەڵ حكومەتی بەغداد نەگاتە رێككەوتن و موچەی فەرمانبەران لە بەغدادەوە نەگات. داهاتەكانی حكومەتی هەرێم •    داهاتی نەوت: 280 ملیۆن دۆلار كە دەكاتە نزیكەی (400 ملیار) دینار •    پارەی هاوپەیمانان: 17 ملیۆن دۆلار دەكاتە (25 ملیار) دینار •    داهاتی ناوخۆ: 170 ملیار دینارە، نزیكەی (30 بۆ 50 ملیۆن)ی بە دۆلارە، بەشێك لە داهاتی ناوخۆ بۆ خەرجی وەزارەتەكانە، بۆیە نزیكەی (150 ملیار) دیناری دەمێنێتەوە بۆ موچە. •    پارەكەی بەغداد ئەگەر بێت (320 ملیار) دینار كە (200 ملیار) دیناری بۆ قەرزی موچەی مانگی رابردووەو (120 ملیار) ی دەمێنێتەوە. •    كۆی گشتی داهاتی حكومەتی بۆ موچە دەكاتە نزیكەی ( 700 ملیار) دینار  


درەو : لێكۆڵینەوەیەكی نوێ گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە بەرگری لەشی مرۆڤ پاش تێپەڕاندنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ(COVID-19) بەردەوامیی دەبێت بۆ ماوەی هەشت مانگ. بەپێی لێكۆڵینەوەكە، ڕێژەی خانە بەرهەمهێنەكانی دژە تەن لە بەرزبونەوە بەردەوام بوو لە لەشی كەسە خۆبەشە بەشداربووەكان لە لێكۆڵینەوەكەدا بۆ ماوەی ١٥٠ ڕۆژ،  تا ٢٤٠ ڕۆژیش هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە، ئەمەش توانای لەشیان دەردەخات لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكەدا بۆ ماوەی هەشت مانگ. بەپێی ڕۆژنامەی ”تایمز ئۆف ئیسرائیل” دوو لێكۆڵینەوەی دیكە باس لەوە دەكەن ئەو نەخۆشانەی لەشیان دژە تەنی پەیداكردووە چانسی پۆزەتیڤ بوونی پشكنینەكانیان كەمترە بۆ ماوەیەك كە لە شەش مانگ كەمتر نیە. ئەم ئەنجامانەش ئەگەری سەركەوتنی ئەو پێكوتە(ڤاكسین)انە زیاد دەكەن  كە كار لەسەر هاندانی لەش دەكەن بۆ بەرهەمهێنانی دژە تەنەكان.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت شوێنگرەوەكەی قاسم سولەیمانی لە بەغداد چاوی بە بەرهەم ساڵح‌و مستەفا كازمی كەوتووە، جارێكی تر باس لە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەكرێت لە بەغدادەوە بۆ هەولێر، ئێران ترسی هەیە لە كۆتایی ویلایەتی سەرۆكایەتییەكەیدا ترەمپ گورزێكی تری سەربازی بوەشێنێت، هەر جۆرە پەرەسەندنێكی سەربازی هەرێمی كوردستان دەخاتەوە ژێر فشاری ئێرانییەكان، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. هێرشێك لە یادی حاجی قاسمدا رۆژەكانی كۆتایی ساڵ بۆ عێراق باش نییە، سێیەمین رۆژی ئەمساڵ كاتێك خەڵكی عێراق لە پشووی سەری ساڵدا بوون، هەواڵی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق بیست، هەواڵی كوژرانی قاسم سولەیمانی‌و كاردانەوەی ئێران، پشووەكەی كرد بە هەواڵی شەڕێكی چاوەڕواننەكراو.  شەوی یەكشەممەی ئەم هەفتەیەش كە خەڵك ئامادەكارییان بۆ پشووەكانی سەری ساڵ دەكرد، جارێكی تر ناوچەی سەوزی بەغداد كەوتەوە بەر هێرشی موشەكیی، ئەمە ناوچەیەكی پارێزراوی ئەمنییە‌و بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكای تێدایە.  بەگوێرەی قسەی سوپای عێراق، لەو شەوەدا، لانی كەم هەشت موشەك لەناوچەی سەوز كەوتونەتە خوارەوە، سوپا بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە دەخاتە ئەستۆی "گروپە لەیاسادەرچووەكان"، بەڵام بەرپرسێكی ئەمریكی وتی:" نزیكەی 21 موشەك ئاڕاستەی ناوچەی سەوزكراوە‌و هەندێك لە موشەكەكان چەند بینایەكی ناوچەی سەوزیان پێكاوە".  ئەمریكا لە باڵیۆزخانەی خۆی لە ناوچەی سەوز، سیستمی دژە موشەكی جێگیركردووە كە پێی دەوترێت "C-RAM"، سیستمەكە روبەڕووی هێرشەكە بووەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی حكومەتی عێراق وتی، هێرشە موشەكییەكە لە سەربازگەی "رەشید"ی باشوری بەغدادەوە، ئەنجامدراوە.  هێرشەكە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادی یەكساڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، كە بەرپرسانی كوردو عێراقی بە "حاجی قاسم" ناویان دەهێنا، بۆیە ئەمریكییەكان پەنجەی تۆمەت بۆ ئێرانییەكان رادەكێشن. سوپای ئەمریكا هەڕەشە دەكات فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو هێرشە موشەكییەی كە یەكشەممە كرایەسەر ناوچەی سەوز لە بەغداد، بەدڵنیایی میلیشیا لەیاسادەرچووەكان ئەنجامیانداوە كە ئێران پاڵپشتییان لێ دەكات.  فەرماندەیی ناوەندی دەڵێ، لەو هێرشەدا هیچ ئەمریكییەك بریندار نەبووە، بەڵام زیان بە بیناكانیان گەیشتووە، ئەمەش ناپاكییەكی راستەوخۆیە لە سەروەری عێراق، هۆشداری دەدات لەوەی بەرپرسیارێتی كوژرانی هەر هاوڵاتییەكی ئەمریكی لە ئەنجامی ئەو هێرشانەوە، دەكەوێتە ئەستۆی میلیشیاكانی سەربە ئێران.  ترەمپ لەبەردەم چەند بژاردەیەكدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ماوە تەواوبووی ئەمریكا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لەبارەی ئەو هێرشەوە نوسی، بەرپرسیارێتی كوژرانی هەر هاوڵاتییەكی ئەمریكی دەكەوێتە ئەستۆی ئێران‌و دەبێت بەباشی بیر لەوە بكاتەوە.  ترەمپ دەڵێت:" گوێمان لە قسەوباسی تر دەبێت لەبارەی ئەوەی هێرشی دیكە دژی ئەمریكییەكان ئەنجام دەدرێت"، لەگەڵ ئەم قسانەدا، ترەمپ وێنە سێ موشەكی بڵاوكردەوە كە نەتەقیونەتەوە.  ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە كۆشكی سپی كۆبونەتەوە‌و تاوتوێی چەند بژاردەیەكیان كردووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران.  بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، وەزیری دەرەوە‌و بەرگری‌و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی‌و چەند بەرپرسێكی تری ئەمریكا بەشداربوون لەو كۆبونەوەیەدا‌و لەسەر چەند بژاردەیەك بۆ روبەڕووبونەوەی ئێران رێككەوتوون تاوەكو بەمزوانە بیخەنە بەردەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵات. ترەمپ رۆژی 20ی مانگی داهاتوو ماوەی سەرۆكایەتییەكەی تەواو دەبێت‌و كۆشكی سپی بۆ جۆ بایدن چۆڵ دەكات، پێشبینی دەكرێت قەیرانێكی سیاسی گەورە لەدوای خۆی بۆ بایدن بەجێبهێڵێت، ئێرانییەكان نایانەوێت توشی ئەم شەڕە ببن، چاویان لەوەیە لەگەڵ بایدندا جارێكی تر رێككەوتنە ئەتۆمییەكە زیندوو بكەنەوە‌و ئاهێك بهێننەوە بەبەری دۆخی ئابوری وڵاتەكەیان كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە لە پەلوپۆ كەوتووە. باڵیۆز لە بەغدادەوە بۆ هەولێر ! هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی ئەم هەفتەیەدا، جارێكی تر قسەوباس لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كەوتوەتەوە بەر باس. سایتی "ئەكسیوس" لەزاری دوو بەرپرسی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، ئەمریكا بەنیازە باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد دابخات‌و ئەم هەنگاوەش یەكێكە لەو بژاردانەی كە پێشنیاز كراوە بۆ تۆڵەكردنەوە لە ئێران، كە ترەمپ بە دەوڵەتێكی "سەرپەرەشتیاری تیرۆر" ناوی دەبات.  سایتەكە باسی لەوەكردووە، ئەگەر بەغداد بەجێبهێڵێت، رەنگە ماسیۆ تویلەر باڵیۆزی ئەمریكا بگوازێتەوە بۆ هەولێر یاخود بنكەی ئاسمانی "ئەسەد" لە خۆرئاوای عێراق.  هەرێمی كوردستان لەنێوان تاران‌و واشنتۆندا هەر كاتێك قسەوباس دێتەسەر داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، میدیا جیهانییەكان یەكسەر ئاماژە بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەكە دەكەن بۆ هەولێر، ئەمەش هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر فشاری ئێرانییەكانەوە. ساڵی رابردوو كاتێك قاسم سولەیمانی كوژرا، مانگێك دوای كوژرانی‌و بەدیاریكراوی لە رۆژی پێنجی كانونی دووەمدا، لایەنە شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق كۆبونەوە‌و بڕیاریاندا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەنە دەرەوە.  نوێنەرانی كورد بە هەموو پارتە سیاسییەكانەوە بەشدارییان لەو كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقدا نەكرد، پێكهاتەی شیعە بەتەنیا‌و بەبێ پێكهاتەی كورد‌و سوننە بڕیاریاندا لەسەر دەركردنی هێزە بیانییەكان‌و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئەمریكا‌و عێراق. كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە ئیتر بوو بە هێڵی سەرەكی سیاسەتی ئێران لە عێراقدا، بەرپرسانی ئێرانی ئەمەیان بە تۆڵەی گەورەی خوێنی سولەیمانی ناودەبرد، بۆیە فشارەكانیان لەسەر هێزە سیاسییەكانی عێراق لەوبارەیەوە توندكردەوە. ئەوكات سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی پەرلەمان، حكومەت، هەرێم) كۆبونەوە‌و بەپێچەوانەی بڕیاری لایەنە شیعەكانەوە، رایانگەیاند، ئەوان مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، بەپێویست دەزانن بۆ روبەڕووبونەوەی هەڕەشەكانی "داعش". هەر ئەو سەردەمە، عادل عەبدولمەهدی كە سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر بوو، لەبارەی ئەم بابەتەوە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد‌و لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵ كۆبووەوە.  كاتێك شیعەكان بڕیاریاندا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەنەدەرەوە، ئیتر قسەوباس لەبارەی گواستنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لەناوچەكانی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردسان هاتەئاراوە. ئەوكات سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران، نامەیەكی بەزمانێكی توند ئاڕاستەی هەریەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كردووە. لەو نامەیەدا، تاران هۆشداری بە هەرێمی كوردستان دابوو لەبارەی ئەوەی دەبێت پەیوەست بێت بە بڕیاری پەرلەمانی عێراقەوە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. نامەكەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەم خاڵانە كردبوو: •    هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراقدا یەك جوگرافیای سیاسی‌و سەربازییە. •    دوای كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، هەرێمی كوردستان نابێت ببێت بە پەناگە بۆ هێزەكانی ئەمریكا. "پێشبینی شەڕ ناكەم" سەرباری هەڕەشەكان‌و توندبوونەوەی سەرلەنوێی بارودۆخی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن‌و تاران، بەڵام كینیس ماكینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا ئەگەری روودانی پێكدادانی نوێ لەنێوان ئەمریكا‌و ئێران بەدوور دەزانێت، ماكینزی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی (ABC)دەڵێ:" مەترسیییەكی گەورە هەیە ئێران لە یادی یەكساڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانیدا هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكات لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست". ماكینزی باسی لەوەكرد، دەزگای هەواڵگری ئەمریكا تێبینی ئەگەری روودانی هێرشی كردووە لەناو عێراق لەلایەن ئێران‌و ئەو گروپانەی كە ئێران پاڵپشتییان لێ دەكات، بەڵام ئەمریكا نایەوێت بارودۆخەكە لەگەڵ ئێران توندبكاتەوە‌و لەو باوەڕەشدا نییە ئێران بیەوێت لەم كاتەدا جەنگ لەگەڵ ئەمریكا هەڵگیرسێنێت. لە لێدوانێكی جیاوازتردا بۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرناڵ"، ماكینزی وتی:" هێرشەكەی شەوی یەكشەممە، لە ساڵی 2010وە تائێستا گەورەترین هێرش بووە كە كراوەتەسەر ناوچەی سەوز". قائانی لە بەغداد بووە  دوێنێ میدیا فەرمییەكانی ئێران ئاشكرایانكرد، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس‌و شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانی سەردانی بەغدادی كردووە. ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، ژەنەڕاڵ قائانی چاوی كەوتووە بە هەریەكە لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و ژمارەیەك بەرپرسی تر. تائێستا وردەكاری تەواوەتی گفتوگۆی قائانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح‌و مستەفا كازمی نازانرێت، بەڵام سایتی "روسیا تودەی" لەزاری سەرچاوەیەكی عێراقییەوە بڵاویكردوەوە، لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد ئیسماعیل قائانی بەبەرپرسانی عێراقی وتووە:" ئێران دژی هێرشە موشەكییەكەیە بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا". هەمان سەرچاوە وتویەتی:" هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە دوو رۆژی رابردوودا یەكێك لەو كەسانەیان دەستگیركردووە كە شەوی یەكشەممە موشەكەكانی ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا كردووە، دەستگیركراوەكە فەرماندەی هێزی موشەكە لەناو یەكێك لە گروپە چەكدارەكاندا". "كاری ناحەكیمانە" وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكدا قسەكانی دۆناڵد ترەمپی لەبارەی تۆمەتباركردنی ئێران بە تێوەگلانی لە هێرشە موشەكییەكەی ناوچەی سەوز، رەتكردەوە.  وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ:" واشنتۆن بەرپرسیارێتی تەواوەتی ئاكامی هەر كارێكی نا حەكیمانە دەگرێتەئەستۆ كە لەم قۆناغەدا ئەنجامی بدات.. تۆمەتەكانی ئیدارەی ئەمریكا لەبارەی هێرشە موشەكییەكەوە، دووبارەیە‌و هیچ بنەمایەكی نییە‌و كۆشكی سپی خۆی دروستی كردووە".   محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە تویتێكدا نوسی:" خستنەبەر مەترسی هاوڵاتیانی ئەمریكا لە دەرەوەی وڵاتەكەیان، سەرەنج لەسەر شكستە كارەساتبارەكانی ترەمپ لەناوخۆی وڵات هەڵناگرێت". جەواد زەریف وێنەی چەند تویتێكی پێشتری دۆناڵد ترەمپی بڵاوكردەوە‌و هۆشداریدا لە دووبارەكردنەوەی هەوڵەكانی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێران لە كۆتایی ولایەتی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا بە ئامانجی ئەوەی جارێكی تر‌و بۆ ویلایەتی دووەم وەكو سەرۆك هەڵبژێردرێتەوە.   


درەو: هبە قودسی- شەرقولئەوسەت وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت سەرباری پەڵپگرتنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و مشتومڕ لەبارەی چونەدەرەوەی لە کۆشکی سپی و بەشداریکردنی لە مەراسیمی رادەستکردنی دەسەڵات و ئاهەنگی دانانی سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆ بایدن لە ٢٠ی کانونی دووەمی داهاتوو، ئامادەکاری و پلانی جێهێشتنی کۆشکی سپی لەسەروبەندنی دەستپێکردن و جێبەجێکردندایە. کارەکە تەنیا لە سەرۆک ترەمپ و میلانیای هاوسەریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو فەرمانبەرانی کۆشکی سپیش دەگرێتەوە کە دەستیان کردووە بە دانانی پلان بۆ هەڵگرتنی هەنگاو لە ژیانیان و پێشکەشکردنی داواکاری بۆ کاری تر. زۆرجار سەرۆکەکانی پێشتر هەندێکیان کتێب بڵاودەکەنەوە لەبارەی هەڵوێست و وێنای سیاسی خۆیان و ئەو جەنگانەی کە لەماوەی کارکردنیان لە کۆشکی سپی کردوویانە هەروەها ئەو نهێنی و بابەتە شاراوانە شیدەکەنەوە کە لە پشت بڕیارە سیاسییەکانیانەوە بووە، باراک ئۆباماو پێشتریش جۆرج بوشی کوڕو بیل کلینتۆن وایانکرد، هەروەها دیک چینی جێگری پێشووی سەرۆک و هیلاری کلینتونی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاو وەزیری دەرەوەی پێشووی. هەندێکیش دەچنە ناو کاری خێرخوازی یان ئارەزووەکانیان و کاری وانەبێژی، بەڵام فەرمانبەران و ئەوانەی لە کۆشکی سپی کاردەکەن، زۆرجار هەندێکیان دەچن بۆ کۆمپانیا تایبەتەکان کە بۆندی سەرەنجڕاکێشیان پێشکەش دەکەن، هەندێکی تر روو لە دروستکردنی کۆمپانیای تایبەت دەکەن بۆ پێشکەشکردنی راوێژی سیاسی و خزمەتگوراری پەیوەنییە گشتییەکان و بابەتی تر. سەبارەت بە سەرۆک ترەمپ، پێدەچێت زۆرکەس سەرسام بوبن لەبارەی ئەوەی دوای دەرچوونی لە کۆشکی سپی چی دەکات، پێشبینی زۆر هەیە، سەرۆک نایەوێت لەبارەی پلانی خۆی دوای رۆشتنی لە پۆستەکەی قسە بکات. کەسە نزیکەکانی دەڵێن ئەو دەزانێت کاتی تەواو بووە تەنانەت ئەگەر هەوڵی پێشکەشکردنی تانەی یاسایی زیاتریش بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی. ترەمپ بەفەرمی پیرۆزبایی لە بایدن نەکردووەو وەکو براوەی هەڵبژاردنەکانی دانی پێدا نانێت. هەندێک پێشبینی دەکەن ترەمپ بگەڕێتەوە بۆ هاوینەهەوارە شکۆدارەکەی لە مار لارگۆی فلۆریدا، هەندێکی تر پێشبینی گەڕانەوەی دەکەن بۆ نیویۆرک و لەوێوە ئیدارەی شەڕی دروستکردنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بدات بۆ بانگەشەکردن بۆ خۆی و هێرشکردن بۆسەر ئیدارەی بایدن و ئامادەکاریکردنی بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ ساڵی ٢٠٢٤. بەڵام سەرۆک ترەمپ هێشتا ئاشکرای نەکردووە چی دەکات کاتێک بایدن بە فەرمی دەچێتە ناو کۆشکی سپییەوە. کەسە نزیکەکانی سەرۆک ترەمپ دەڵێن دەستی کردووە بە راوێژکردن لەبارەی دروستکردنی کۆمپانیایەکی میدیایی دیجتاڵی، یاریدەرەکانی لە گفتوگۆو مشتومڕدان لەبارەی کڕین یان سەرمایەگوزاریکردن لە کۆمپانیای "نیوماکس"ی هەواڵیی، تاوەکو وای لێبکەن ببێت بە رکابەری تۆڕی "فۆکس نیوز". پێشبینییەکانی جیاوازن لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ کێشەو سکاڵا یاساییەکان کە لەدوای دەرچوونی لە کۆشکی سپی روبەڕووی دەبێتەوە، بۆ زانیاری ژمارەیەک سکاڵای یاسایی لەسەر ترەمپ هەن کە لانی کەم هەندێکیان پەیوەندیدارن بە ناوزڕاندن و هەندێکی تر پەیوەندییان بە چەواشەکارییەوە هەیە سەبارەت بە هەندێک لە کاڵای کۆمپانیاکانییەوە. میلانیا ترەمپ و بارۆنی کۆڕی دوای گەیشتنی ترەمپ بە کۆشکی سپی لە کانونی دووەمی ٢٠١٧دا، میلانیای هاوسەری و بارۆنی کوڕی نەچوون بۆ کۆشکی سپی تا لەوێ بژین، میلانیا وتی چاوەڕوانی ئەوە دەکات بارۆنی کوڕی ساڵی خوێندنی لە نیویۆرک تەواو بکات (ئەوکاتە بارۆن تەمەنی ١٤ ساڵ بوو). ئێستاش، پێدەچێت چاوەڕوانی ئەوە بکات خوێندنی ناوەندیی تەواو بکات سەرباری ئەوەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەخوێنێت، رەنگە بارۆن بگوازێتەوە بۆ خوێندنگەی فۆرت لۆدەردیل لە فلۆریدا، کە خوێندنگەیەکی ناوەندییەو بەوە ناسراوە ژمارەیەکی زۆری کوڕی دەوڵەمەندەکان و کەسانی دەستەبژێر تێیدا دەخوێنن. پێشبینییەکان زۆردەبن لەبارەی بەردەوامبوونی میلانیا لە ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ ترمپ، راپۆرتەکان باسلەوە دەکەن داوای جبابونەوە دەکات و چەند هەنگاوێکی هەڵگرتووە بۆ زامنکردنی ئەوەی بارۆنی کوڕی هەمان پشکی برا گەورەکانی لە ئیمپاتۆریەتە گەورەکەی باوکی وەرگرێت. هەندێک لە کەسە نزیکەکان لە خانمی یەکەم دەڵێن ئەو بەردەوامی دەدات بە بەشداریکردنی لە هەندێک کاری خێرخوازی و روبەڕووبونەوەی توندوتیژی ئینتەرنێتیی، هەندێکی تر دەڵێن کتێبێک لەبارەی ژیانی خۆیەوە لە کۆشکی سپی بڵاودەکاتەوە هاوشێوەی ئەوەی میشیل ئۆباما کردی، ئەمەش کارێکە ملیۆنان دۆلار قازانجی لێ دەکات. زۆرێک لە هاوڕێکانی بیرۆکەی گەڕانەوەی میلانیا بۆ نمایشی جلوبەرگ رەتدەکەنەوە.  ئیڤانکا ترەمپ و جارید کۆشنەر راپۆرتەکان باسلەوە دەکەن ئیڤانکای کچی ترەمپ و جارید کۆشنەری هاوسەری پلان بۆ ئەوە دادەنێن بگوازنەوە بۆ فلۆریدا، ئیڤانکا پارچە زەوییەکی گەورەی لە دورگەیەکی نزیک شاری میامی کڕیوە بەبڕی (٣٠ ملیۆن) دۆلار کە نازناوی "پەناگەی ملیاردێرەکان"ی لێنراوە بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی کەسانی دەوڵەمەندو خەڵکە بەناوبانگەکەن. کەسە نزیکەکانی ئیڤانکا بە تۆڕی "CNN"یان وتوە ئەو بیر لەوە دەکاتەوە خۆی بۆ پۆستێکی سیاسی کاندید بکات له ویلایەتی فلۆریدا، بەڵام هێشتا بڕیاری خۆی لەمبارەیەوە یەکلانەکردوەتەوە.   مایک پێنس مایک پێنسی جێگری سەرۆک و کارین پێنسی هاوسەری پلان دادەنێن بۆئەوەی لە کۆشکی سپییەوە بگوازنەوە بۆ ماڵێک لە دەوروبەری واشنتۆنی پایتەخت، بەڵام پێنس تائێستا هیچ پلانێکی رانەگەیاندووە لەبارەی ئایندەی ژیانی سیاسی خۆیەوە. بڕیارە پێنس دوای مۆڵەتی جەژنەکانی کرسمس گەشتێک بۆ بەحرەین و ئیسرائیل و پۆلەندا بکات. لاری کودلو-ی راوێژکار لاری کودلوی راوێژکاری ئابوری کۆشکی سپی کەسە نزیکەکانی ئاگادارکردوەتەوە لەوەی تەنیا بەدەرچوونی لە کۆشکی سپی و هاتنی بایدن بۆسەر پۆستەکەی، پلان دادەنێت بۆ ئەوەی کارێکی لەبواری راگەیاندندا دەستکەوێت، کودلو بەرلەوەی بچێتە کۆشکی سپی پسپۆڕێکی ئابوری و پێشکەشکارێکی بەناوبانگ بوو لە تۆڕی "CNBC"، سەرچاوەکانی دەڵێن بۆندی زۆری بۆ هاتووە. مارک میدوز سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" رایگەیاند، مارک میدوز سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی چەند هەنگاوێکی هەڵگرتووە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی راوێژکاریی تایبەت بە خۆی و ئێستا یاریدەدەرەکانی لە کۆشکی سپی هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بەشداری بکەن لە دروستکردنی کۆمپانیاکەدا، زۆرجار گەورە فەرمانبەرانی کۆشکی سپی هەڵدەستن بە دروستکردنی کۆمپانیای راوێژکاریی تایبەت لە بواری سیاسی و ئابوری یاخود لە بواری پەیوەنییە گشتییەکان، بۆ ئەمەش سود لەو پەیوەندییانە دەبینن کە دروستیان کردووە یان لەو ئەزمونەی لەکاتی کارکردنیان لەناو کۆشکی سپی وەریانگرتووە. جیسۆن میلەر یاریدەدەری تایبەتی ترەمپ جیسۆن میلەر یاریدەدەری نزیکی سەرۆک ترەمپ و مایسترۆ تایبەتەکەی بۆ کەمپەینی هەڵبژاردن پلان بۆ ئەوە دادەنیت وتارو کتێب لەبارەی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ و ساڵەکانی لە کۆشکی سپی بڵاوبکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا بە هاوکاری لەگەڵ ترەمپدا کاردەکات و ترەمپ قسەی کۆتایی دەبێت لە فۆرم ۆ ناوەڕۆکی ئەو وتارو کتێبانەی کە بڵاوی دەکاتەوە.


درەو: 147 پەرلەمانتاری عێراق لە هەوڵێكیان بۆ بانگهێشتكردنی مستەفا كازمی  بۆ پەرلەمان شكستیان هێناو ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد واژۆی بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن. لە دوێنێوە ژمارەیەك پەرلەمانتاری لیستە جیاجیاكانی عێراق سەرقاڵی كۆكردنەوەی واژۆن بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و مستەفا جبوری پارێزگاری  بانكی ناوەندی، تایبەت بە سیاسەتی دارایی و دابەزینی بەهای دراوی عێراق. دوای چركردنەوەی هەوڵی پەرلەمانتاران بۆ بانگهێشتی كردنی مستەفا كازمی دەستوەردان كراوەو بۆیە ناوی سەرۆك وەزیران لابراوەو تەنها بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی خرایە لیستی بانگهێشتكردنەوە. لەناو ئەو كەسانەی واژۆیانكردووە بۆ بانگهێشتكردن، ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانی كوردی تێدایە لەوانە ( رێبوار تەها، جەمال شكور، رێزان شێخ دلێر، ئاڵا تاڵەبانی )      بسم الله الرحمن الرحيم  منذ  الاحد ٢٠-١٢-٢٠٢٠  قام ممثلو  الشعب والوطن ومن كل الاتجاهات والتيارات السياسية بحملة تواقيع وما زالت الحملة مستمرة  من على المنصة الالكترونية الرسمية لمجلس النواب العراقي  لعقد جلسة طارئة ( استثنائية ) يوم الاربعاء 23 / 12 / 2020 الساعة الواحدة ظهرا بحضور كل من : 1-وزير المالية السيد علي علاوي  ٢.محافظ البنگ المركزي السيد مصطفى الجبوري  وذلك لمناقشة المواضيع الاتية :- ١. اسباب انخفاض سعر الصرف  وتصنيف البنوك  ٢.  السياسه المالية المتبعة ٣. اتفاقيات البنك المركزي ووزارة الماليه مع صندوق النقد الدولي الشروط والالتزامات     1-د انعام الخزاعي  2-حيدر الفوادي  3-سهام الموسوي 4-صباح الساعدي 5-يوسف الكلابي 6-حسين اليساري 7- شيماء التميمي 8-نعيم العبودي 9 . فالح الخزعلي 10-بهاء المبرقع 11- عبدالاله النائلي 12- فاطمة عباس الموسوي 13- نورس كامل الكريطي 14- رفاه العارضي 15-منتهى جبر 16 - عالية نصيف جاسم 17- عمار كاظم الشبلي 18- اسعد العبادي  19- مظفر اسماعيل الفضل 20- المهندس  عباس يابر 21- قصي الياسري 22- ميسون الساعدي 23-د. سعاد الوائلي 24- د.اكتفاء الحسناوي 25-وسن السعيدي 26- امجد العقابي 27-هدى سجاد 28-عبدالامير المياحي 29. كاطع الركابي 30.انسجام الغراوي 31- محمد كريم البلداوي 32 - علي سعدون  33- عبد الامير التعيبان 34- زهرة البچاري 35-لليال محمد على البياتي 36 - خليل المولى 37- خديجة علي التركماني 38-رياض التميمي 39-لبنى رحيم 40-سهام العقيلي  41-منال الموسوي 42  جمال فاخر 43-فلاح الخفاجي 44- حسين علي كريم العقابي 45_ د رشا يحيى الحاتمي 46 -ثامرالحمداني 47. د. محمد الغبان 48 _ محمود أديب الكعبي 49- عباس صروط 50- ليلى الحبوبي 51- د عليه الإمارة  52- زينب الخزرجي 53- بدر الزيادي 54- عدنان الاسدي 55- قصي الشبكي 56- علي الحميداوي 57- ناصر تركي 58-علي غركان الدلفي 59- عبدالهادي السعداوي 60- دلال الغراوي 61-انتصار حسن الموسوي 62- عدي شعلان أبو الجون 63- أحمد حيدر قاسم 64-سيد مختار الموسوي 65- ولاء السعبري 66 - عامر الفائز 67- منصور البعيجي 68-احمد علي الكناني 69_ليلى مهدي التميمي 70- هناء الطائي 71- عدي عواد الحسين 72-وفاء حسين 73-سعد حسين الميالي 74 برهان المعموري 75.ازاد حميد شفي 76. اشواق كريم 77- حمدالله الركابي 78-نوفل الناشئ 79- محمد شياع السوداني  80- مازن عبد المنعم  81- محمد الخالدي ( مع تحويل الاستضافة الى استجواب ) 82. غايب العميري 83- ناجي السعيدي 84- شمائل العبيدي 85 -د . اقبال عبد الحسين 86- آلا طالباني 87- اسوان الكلداني 89- ميثاق الحامدي 90- عبدالهادي السعداوي 91-مزاحم التميمي 92.د.سناء الموسوي 93. ثوره الحلفي 94. حواد حمدان  95.حسن جلال 96.سلمان الغريباوي 97-جمال شکور 98-رێبوار طه 99. 100-علاء الربيعي  101. جاسم الجباره 102.احسان الشبلي 103. د.ايناس المكصوصي 104.بيدء خضر السلمان 105- قاسم الفهداوي 106.امجد العقابي  107.محمد ابو الهيل  108. حسن العلو 109.سعد الخزعلي  110. مضر السلمان ١١١-محمد ابوالهيل ١١٢_  د مناهل الحميداوي ١١٣. د.ندى شوكت ١١٥. نسرين الوائلي.                            ١١٦- نجاح المياحي ١١٧-ستار الجابري ١١٨ - عبد الخالق العزاوي ١١٩- د محمد اقبال ١٢٠- كفاء فرحان حسين ١٢١- هوازن الشمري ١٢٢-بسمه بسيم ١٢٣-منى حسين العبيدي ١٢٤-عبدالرحيم مطلك الشمري ١٢٥- ريزان شيخ دلير ١٢٦منار عبدالمطلب ١٢٧-حامد الموسوي ١٢٨-انتصار الجبوري ١٢٩- ستار العتابي ١٣٠- نهله الفهداوي -١٣١عائشه المساري -١٣٢صفاء الغانم ١٣٣..د صفاء مسلم التميمي ١٣٤-عادل خميس المحلاوي ١٣٥-نعيم الكعود ١٣٦-ميزر حماد السلطان ١٣٧-ناهدة الدايني ١٣٨-محاسن حمدون ١٣٩-اقبال اللهيبي ١٤٠-مضر الكروي ١٤١-لطيف الورشان ١٤٢-حسن رزاق الجحيشي ١٤٣_يونادم كنا ١٤٤. هدى جار الله الجبوري  ١٤٥_وحده الجميلي ١٤٦ - عباس عليوي كاظم 147- نهله حمد الراوي ١٤٨-وجيه عباس ١٤٨- عطوان العطواني


درەو: گۆڕانكاری وزاری لە كابینەكەی  مستەفا كازمیدا دەكرێت و بە تۆمەتی كەمتەرخەمی وخراپی ئیدارەدانیان وەزیرانی (نەوت، دارایی، بازرگانی، كارەبا، پێشەسازی) دەگۆڕدرێن چەند سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لە بەغداوە بە رۆژنامەی (العربی الجدید)یان راگەیاندووە، كە گۆڕیانكاریی لە پێنج وەزارەتی حكومەتەكەی مستەفا كازمیدا دەكرێت و ژمارەیەك لە وەزیرەكان دەگرێتەوە كە تۆمەتی كەمتەرخەمی وخراپی ئیدارەدانیان دراوەتەپاڵ. رۆژنامەكە ئەوەی خستووەتە كە  كە مامەڵەی هێزە سیاسیە دەستڕۆشتووەكان(باڵادەستەكان)ی عێراق لەگەڵ پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە  كە بڕیار وایە شەش مانگی تر بەڕێوەبچێت، مامەڵەیەكی جددی نیە، واتا ئێستا ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەگەرێكی بەهێزە. پەرلەمانتارێك و سەركردەیەكی دیاری هاوپەیمانی ”فەتح” لە لێدوانیاندا بۆ ”ئەلعەرەبی ئەلجەدید” باس لە بوونی ڕێكەوتنێك دەكەن لە نێوان ژمارەیەك لە هێزە سیاسیەكان بۆ ئەنجامدانی هەمواركری وزاری كە پێنج وەزیر دەگرێتەوە لە حكومەتەكەی كازمیدا، ئەوانیش بریتین لە : - وەزیری دارایی عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی - وەزیری بازرگانی   عەلا‌و ئەلجبوری - وەزیری پیشەسازی منهەل عەزیز ئەلخەبباز - وەزیری كارەبا ماجید حەنتوش وەزیری نەوت ئیحسان عەبدولجەببار پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ بەو رۆژنامەیەی راگەیاندووە: هەنگاوی یەكەم لێپرسینەوە دەبێت لەو وەزیرانەو دواتر سەندنەوەی متمانە لێیان، ئەمەش بەهۆی شكستهێنانی ئەو وەزیرانە لە ئەركەكانیاندا، و هۆكاریش بوون بۆ قوڵبونەوەی زۆرێك لە قەیرانەكان، بەتایبەتی لەسەر هەردوو ئاستی ئابووری ودارایی، ئەو پەرلەما تارە ئاماژەی بەوەشدا كە هەر وەزیرێك لاببرێت كەسێكی تر لە هەمان كوتلە كاندید دەكرێت بۆ شوێن گرتنەوەی بۆ ئەوەی ململانێی سیاسی لەسەر ئەو پۆستانە دروست نەبێت ئەمەشە وای كرووە كە زوربەی كوتلەكان پشتیوانی ئەم بۆچوونە بكەن. سەركردەیەكی حەشدی شەعبیش ڕایگەیاندوە كە وەزیری كارەبا دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەش كردووە پێش ئەنجامدانی لێپرسینەوە بەڵام. كازمی ڕەتی كردووەتەوە


مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح (تایبەت بە درەو دەینوسن)    لەماوەی پێشودا هەواڵی دروستكردنی لقێكی حەشدی شەعبیی لە كوردەكانی ناوچەی كەركوك بڵاوبووەوەو باس لەوەش كرا كە ژمارەیەكی زۆری عەشیرەتە كوردەكانی ئەو دەڤەرە بەتەمان بچنە ناو ڕیزەكانی ئەو حەشدە كوردییەوە. وەك هەمیشە دوو كاردانەوەی پۆپۆلیستییمان بینیی‌و گوێلێبوو، كە هەردوكیان تەواو سادەگۆ و دوور لە لانی هەرەكەمی تێڕامان‌و بیركردنەوە بوون. یەكەمیان كاردانەوە فەرمییەكانی ناو هەرێم بوو، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن پارتیی‌و قسەكەرانییەوە گوێمان لێبوو. ئەم كاردانەوەوانە وەك هەمیشە دەستبردن بوو بۆ تۆمەتە هەرە حازرو هەرە ئاسانەكەی بەخائینكردنی هەر كەس‌و گروپێك، ڕێیان نەكەوێتە ناو سیاسەت‌و خەون‌و چاوەڕوانییەكانی پارتییەوەو بەزەوقی ئەو هێزە نەجوڵێنەوە. كاردانەوەكانی دووهەمیان بەرگریكردن بوو لە دروستكردنی ئەم هێزە تازەیە بەناوی ئەوەوە هیچ جیاوازییەك لەنێوان ئەم هێزەو هێزە چەكدارەكانی پارتیی‌و یەكێتییدا نییە. مادام پارتی‌و یەكێتی ناپاك‌و خائینن، بۆیە دروستبوونی هێزی تری وەك ئەوان كێشەیەكی قابیلی باسكردن نییە، بەپێچەوانەوە دەبێتە سەرچاوەی بژێو، بۆ ئەوانەی چەكی ئەو هێزە تازەیە هەڵدەگرن. ساڵانێكە ئەم دوو لۆژیكە كاوێژی بەردەوامی ئایدیۆلۆژیی ناو كایەی سیاسییە لە هەرێم. بە بۆچوونی ئێمە ئەم دوو مۆدێلە لە ئارگیومێنت دوو دیوی هەمان دراون، هێندەی هێماش بۆ كاردانەوەیەكی میكانیكیی تۆمەت‌و ڕقبەخشینەوە دەكەن، هێما بۆ هیچ ڕوانین‌و تێگەیشتن‌و بیركردنەوەیەك ناكەن توانای ئەوەی هەبێت لانی هەرەكەمی كێشەكان‌و مەترسییەكان ببینێت. "حەشدی شەعبی" هێزێكی چەكداری نادەوڵەتیی‌و میلیشیاییە كە پڕۆژەی ناوەكیی درێژەدانە بە تائیفییەتی سیاسیی‌و پرۆژە دەرەكییەكەشی بەهێزكردنی باڵادەستیی ئێران بەسەر عێرقدا ئاڕاستەی دەكات. هەردووكیشیان دوو كردەی وێرانكەرن بۆ ئەگەری دەستكاریكردن‌و داڕشتنەوەی دەوڵەتی عێراقیی وەك دەوڵەتێك بۆ پێكهاتە جیاوازەكانی‌و ڕزگاركردنی لە لۆژیكی تائیفییەت. حەشدی شەعبیی "بكەرێكی نادەوڵەتییە" بە بڕێكی زۆر لە تواناكانی دەوڵەتەوە، دەوڵەتە لەناو دەوڵەتداو دەسەڵاتە لەناو دەسەڵاتدا، هێزێكی تائیفییە لەناو پرۆژەو خەیاڵ‌و خواستێكی تائیفییدا. لە ئاستە كوردییەكەیدا دامەزراندنی حەشدی كوردیی بەشێكە لە وێنەیەكی گەورەتر كە ڕەگەزە سەرەكییەكانی بریتین لە، یەكەم: لە نەمان‌و سڕینەوەی شتێك بەناوی "مەسەلەی كورد"ەوە لەناو سیاسەتی یەكێتی‌و پارتیدا وەك دوو هێزە دەسەڵاتدارو چەكدارەكەی كوردستان. نەمانی مەسەلەی كورد وەك مەسەلەی میللەتێك كە وەك كەمینەیەكی ئەتنی لەناو چوارچێوەو سنووری دەوڵەتی عێراقییدا دەژیی. دەوڵەتێك كە نە لە مێژووی كۆنیداو نە لە مێژووی ئێستایدا نەیتوانیوە لە كێشەی تائیفییەتی سیاسیی‌و دەسەڵاتگەریی‌و  ڕێزنەگرتنی مافە تاكەكەسیی‌و دەستەجەمعییەكان دەربازی ببێت. دووهەم: پارتی‌و یەكێتی، وەك دوو حوكمڕانە سەرەكییەی كوردستان، بە كردەوە لەوەدەرچوون هێزێك بن بەرگریی لە شتێك بە ناوی "مەسەلەی كورد"ەوە بكەن، بەڵكو بوون بە دوو پارتی خێزانی‌و بنەماڵیی و سێنتەری سیاسەتكردن‌و كاركردنیان بەهێزكردن‌و هێشتنەوەی دەسەڵاتی خێزانە سیاسییەكانیانە. لای ئەم دووهێزە چەندە "مەسەلەی كورد" گۆڕاوە بۆ "مەسەلەی بنەماڵەكان"، هێندەش پرسی عێراقییبوون كورتبووەتەوە بۆ بەشهەبوون لە سامان‌و پۆستی سیادییدا لەبەغدا، سامان‌و پۆستێك خۆیان چۆنیان بوێت‌و چۆن لە قازانجیاندابێت، بەوجۆرە دابەشیانبكەن. سێهەم: ئامادەگیی دابەشبوونێكی ئیقلیمیی كە سیاسەتی كوردیی لەناوەوە بۆ دوو بەرە دابەشكردوە، یەكێكیان بەرەی توركیاو ئەویتریان بەرەی ئێران. ئەم دۆخەش سەرچاوەی جۆرێك لە دابەشبوونە كە كلیلی چارەسەرەكەیان لە دەستی خەڵك‌و هێزەكانی هەرێمدا نییە، بەڵكو لەدەستی میتی توركیی‌و سوپای پاسداراندایە. ئەم دۆخە وایكردوە سیاسەتی كوردیی سیاسەتێك بێت بەبێ هیچ حەرام‌و حەڵاڵێكی نەتەوەیی‌و نیشتیمانیی، شتێكیش بەناوی شەرمی سیاسیی‌و شەرمی ئەخلاقیی تیایدا نەمابێتەوەو ئەوەی لە قازانجی بنەماڵەكاندا بێت، ئەنجامبدرێت بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدرێت ئایا ئەو سیاسەتە زیان بەزۆرینەی خەڵكی كوردستان دەگەیەنێت یان نا. ڕووتبوونەوەی سیاسەتی كوردیی لە شەرم‌و بازرگانیكردن بە هەموو شتێكەوە، ئەو دەروازەیەیە كە دروستكردنی ئەم حەشدە كوردییە لەڕێگایەوە دەچێتە ناو مێژووی تازەی ئێمەوە. هاتنەژورەوەیەك لە فۆرمی هێزێكی چەكداری تازەدا كە شەرم لە دروستبوونی خۆی ناكات‌و لە فۆرمی بزنسێكی چەكدارانەدا بەرجەستەیەوە، هاوكات جوڵەو كردەوەو هەڵسوكەوتەكانی لەدەستی خۆیدا نییە، بەڵكو لەدەستی ئەو هێزە تائیفییە دەرەكییەدایە كە دروستكەرو دامەزرێنەریەتی. بەم مانایە دروستبوونی ئەم حەشدە كوردییە، دروستبوونی سوپاو هێزێكی چەكداریی ترە، لەناوچەیەكدا پڕ لە هێزی چەكداریی تائیفیی‌و حیزبییە كە بەشێكی زۆریان پرۆكسیی هێزە ئیقلیمییەكانن. هەرچی لە ئاستە عێراقییەكەیدایە حیكایەتێكی تر لە ئارادایە. هەمووان دەزانن حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014دا بە فەتوایەكی دینیی دروستبوو بۆ بەگژاچوونەوەی خەلافەتەكەی داعش. هەندێك سەرچاوە باس لەوەدەكەن زیاد لە 40 یەكەی سەربازیی‌و میلیشیای جیاواز لەناو ئەم هێزەدایە، كە بەسەر كەسایەتیی‌و پارتی سیاسیی‌و مەلای دینیی‌و سوپای پاسدارانی ئێراندا دابەشبوون. گەرچی لە كانونی یەكەمی 2016دا فوئاد مەعسوم ئیمزای لەسەر یاسای پەرلەمانی عێراق كرد دەربارەی بڕیاری بەیاساییبوونی حەشدی شەعبیی، بەڵام وەك پێكهات‌و وەك وەزیفەو وەك هێزێكی چەكدار، بوو بە كێشەیەكی گەورە بۆ دەوڵەت‌و كۆمەڵگا لە عێراقدا. دیارە بەیاساییكردنی حەشدی شەعبی بەدەنگی هێزە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراقدا بڕیاری لەسەردرا. فراكسیۆنە هەرە سەرەكیی‌و بەهێزەكانی ناو حەشدی شەعبی سەر بە شیعەكانن‌و پێگە سەرەكیی‌و گرنگەكانی ناویشی بەدەستی ئەوانەوەیە. كەتیبەكانی حیزبوڵا، عەسائیبی ئەهلی هەق‌و ڕێكخراوی بەدر، گروپە بەهێزەكانی ناو حەشدن‌و هەرسێكیان پەیوەندیی بەهێزو درێژیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. سوپای پاسدارانی ئێران هەم پارەیەكی زۆری لەم هێزانەدا سەرفكردوە، هەم مەشقی پێكردون، هەم چەكێكی زۆریشی پێداون. لە پشتی دروستبوونی حەشدی شەعبییەوە مۆدێلی "سوپای پاسداران"ی ئێرانی هەیە وەك سوپایەكی تایبەت بەدەستی دەسەڵاتدارانەوە، جیاوازو تەریب بە سوپای فەرمیی وڵاتەكە. لەڕاستیدا حەشدی شەعبیی سوپایەكی نادەوڵەتییە بە تەنیشت سوپای دەوڵەتییەوەو بڕێكی بەرچاو لە هێزەكانی ناو ئەم سوپایە، كۆڵەكەیەكی بەهێزی ڕاگرتنی سیستەمی تائیفیی‌و بەرگریكردنە لەو سیستەمە. ڕێك وەك هێزە چەكدارەكەی حیزبوڵا لە لوبناندا، بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبیش، هەم وەك درێژكراوەی سوپای پاسداران دەستبەكارن و هەم وەك بكەرێكی نادەوڵەتی تائیفیی كە ڕێگرو بەربەستێكی گەورەیەو گەورەدەبێت، لەبەردەم سەرلەنوێ داڕشتنەوەو دەستكاریكردنی دەوڵەتی عێراقییدا، كاردەكات.  حەشدی شەعبی سوپایەكە بە جوگرافیا عێراقییە، بەڵام وەك ستراتیژ بەشێكە لە دەسەڵاتی سیاسیی ئیقلیمیی ئێران. هاوكات حەشد بەشێكە لە دەسەڵاتی نوخبەیەكی گەندەڵ لە وڵاتەكەداو لەماوەی ڕابوردوشدا بەشداربووە لە سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ناوەندو باشوری عێراقدا. هەر ئەمە وایكردوە خۆپیشاندەرە توڕەو ناڕازییەكان لە چەندان شوێنی عێراقدا، پەلاماری بنكەو مەقەڕەكانی حەشد بدەن‌و وەك درێژكراوەی دەستی ئێران‌و بەرگریكار لە سیستەمێكی گەندەڵ، ناوی ببەن‌و مامەڵەیبكەن. بە بڕوای ئێمە كردەی ڕیفۆرم‌و گۆڕانكاریی لە سیستەمی بەرگریی دەوڵەتی عێراقدا بەبێ ڕیفۆرمی هێزە چەكدارەكان‌و سوپاو میلیشیاكان، كارێكی مەحاڵە. لەو وڵاتەدا ململانێیەكی فراوان‌و هەمەلایەن بۆ كۆنترۆڵكردنی دەوڵەت‌و دەستگرتن بەسەر بڕێكی گەورەی دەسەڵاتدا، لە ئارادایە. زۆربەی ئەو هێزانەی ململانێكان دەكەن‌و دەسەڵاتیان لەناو دەوڵەتی عێراقییدا بەدەستەوەیە، هێزی چەكدارو میلیشیای تایبەت بەخۆیان هەیە. سوپایان هەیە تەریب بە سوپای عێراق‌و لەناو سوپای عێراق خۆشیدا هەوادارو پێگەیان هەیە. ئەم دۆخە وایكردوە زۆرینەی هێزو گروپە سیاسییەكانی عێراق لەوە كەوتون بچنە خانەی "پارتی سیاسیی"، یان "بزوتنەوەی سیاسیی"یەوە، بەڵكو زۆربەیان گۆڕاون بۆ "بكەری نادەوڵەتیی"و وەك دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا كاردەكەن. ئەو ململانێ ئیقلیمییەش كە لەناو عێراقدا ئامادەیە، بە كوردستانیشەوە، وایكردوە هێزە ئیقلیمییەكان بەشێكبن لەو دۆخە ناوەكییەی عێراق‌و بەشداربن لە هاوكێشەكانی هێزو دەسەڵات لەو وڵاتەدا. بەم مانایە "كایەی سیاسیی" لە عێراقدا تەنها "كایەیەكی ناوەكیی"، "نەتەوەیی"، "نیشتیمانیی" نییە كە هێزەكانی لەناو چوارچێوەكانی سنووری عێراقدا نیشتەجێببن، بەڵكو "كایەیەكی ئیقلیمی"ش هەیە كە ڕاستەوخۆو چالاك ئامادەیەو كاریگەریی گەورە لەسەر دۆخی ناوەكیی وڵاتەكە بەجێدەهێڵێت. لە كوردستانیشدا هەمان دۆخ لە ئارادایەو لەم ڕوەوە هەرێمی كوردستان‌و بەشەكانی تری عێراق دوو ڕوخساری هاوشێوەن لەناو یەك ئاوێنەدا، حەشدی شەعبی بەشێكە لەم وێنە گەورەیەو پێگەو شوێنە ڕاستەقینەكەی ئەو "كایە ئیقلیمی"یە كە ئێران گەمەكەرێكی سەرەكییەتی. ئەوەی عێراق پێویستی پێیەتی بوونی سوپایەكی نیشتیمانیی ناسیاسییە، سوپایەك نوێنەرایەتی دەوڵەت بكات‌و دەوڵەتێكیش نوێنەری كۆمەڵگا بێت. عێراق پێویستی بە سوپایەكی نائایدیۆلۆژیی‌و بێلایەن هەیە كە نە مەقاشی دەستی هێزێكی ئەتنی، یان تائیفیی بێت‌و نە دەست لە ململانێ سیاسییەكاندا وەربدات. ئەمەش مانای بە نایاسایی زانین‌و بە میلیشیا حیسابكردنی سەرجەمی ئەو هێزە چەكدارانەی لە دەرەوەی ئەم سوپایەدا بوونیان هەیە. لۆژیكی دروستبوون‌و كاركردن‌و گەشەكردنی حەشدی شەعبی ناكۆكە بە لۆژیك‌و بنەماكانی دروستكردنی سوپایەكی نیشتیمانیی. ئەوەی لەپاڵ حەشدی شەعبیی و هاوشێوەكانیدا دروستدەبێت، جا چ لە فۆرمە كوردیی یان شیعیی یان سونییەكەیدا، دەسەڵاتێكی سەربازیی‌و ئەمنیی پارچەپارچەو بەشبەشە كە ڕەچەتەیەكی بەهێزو حازرە بۆ جەنگ‌و پێكدادانی ناوەكیی خوێناویی‌و بۆ دەستێوەردانی شێوێنەرانەی وڵاتە ئیقلیمییەكان. بەهێزبوونی حەشد مانای لاوازبوونی زیاترو زیاتری دەسەڵاتی دەوڵەت لە عێراقدا، مانای گەورەبوون‌و قەبەبوونی دەسەڵاتی بكەرە نادەوڵەتییەكان، مانای دروستبوونی سوپاو هێزی چەكداریی جیاوازو تەریب بەیەكتری. ئەمەش ڕێك هەمان دۆخی هەرێمی  كوردستانە، كە پارتی‌و یەكێتی تیایدا خاوەنی هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیانن‌و ئەو هێزە چەكدارەش هەم بۆ بەرژەوەندیی بنەماڵە سیاسییەكان‌و هەم بۆ بەرژەوەندیی هێزە ئیقلیمییەكان بەكاردەهێنن.  دروستبوونی حەشدی كوردیی بەشێكە لەم وێنە گەورە ترسناكەی بەمیلیشیاكردنی سیستەمی بەرگریی دەوڵەت. رەخنەكردنی ئەم مۆدێلە لە هێزی چەكداری نادەوڵەتیی تاقە هەنگاوێكی ڕاستەقینەیە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی مەدەنیی خاوەن سەربەخۆیی‌و سەروەریی ناوەكیی‌و دەرەكیی.  بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون  بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل  بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی


  (درەو): مەسرور بارزانی ئامادەكاریی بۆ شەڕێكی میدیایی دەكات‌و فەرمانی بە میدیاكانی پارتی كردووە سیاسەتی خۆیان لە بەرگریكردنەوە بگۆڕن بۆ هێرشكردن.  رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرەشتی كۆبونەوەیەكی كرد لەگەڵ میدیا فەرمی‌و سێبەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند كەسێك لە بەشداربوانی ئەو كۆبونەوەیەوە دەست (درەو) كەوتوون، لەم كۆبونەوەیەدا هەریەك لە مەحمود محەمەد بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی پارتی‌و سەرۆ قادر‌و ئاریان فەرەج ئەندامانی مەكتەبی راگەیاندنی پارتی ئامادەبوون. مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسی هەموو میدیا فەرمییەكانی پارتی‌و پەیجەكان‌و بەرپرسی هەردوو كەناڵی (كوردستان 24)‌و (رووداو)‌و راگەیاندنی حكومەت‌و سەرۆكایەتی هەرێم كۆبوەتەوە.  لەم كۆبونەوەیەدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت باسی لەوە كردووە، موئامەرەیەكی گەورە لەسەر پارتی هەیە‌و لە هەموو لایەكەوە هێرش دەكرێتەسەریان، بۆیە دەبێت میدیاكانی پارتی سیاسەتی خۆیان لە بەرگریكردنەوە بگۆڕن بۆ هێرشكردن. مەسرور بارزانی گلەیی لە هەندێك لە میدیاكانی پارتی كردووە‌و باسی لەوە كردووە هەندێك لە میدیاكانیان بوون بە میدیای ئۆپۆزسیۆن، لەمەشدا بە دیاریكراوی مەبەستی لە كەناڵی (رووداو)ی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی بووە. مەسرور بارزانی باسی لە حزبە بەشدارەكانی حكومەت كردووە‌و ئاماژەی بەوەكردووە، هەندێك لەو حزبانەی لە حكومەتدان، میدیاكانی وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكەن.  بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، هەفتەی رابردوو لەچوارچێوەی هەمان سیاسەتدا، مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسی هەموو لقەكانی پارتیدا كۆبوەتەوە. مەسرور بارزانی بۆ بەرگریكردن لە حكومەتەكەی پەنای بۆ حزبەكەی بردووە، چونكە هاوبەشەكانی پارتی لە حكومەت (یەكێتی‌و گۆڕان) خۆیان لە بەرگریكردن لە كابینەكە بێبەری كردووە. پەنابردنی مەسرور بارزانی بۆ میدیاكانی پارتی لەكاتێكدایە، سەرۆكی حكومەت بەردەوام باسلەوە دەكات حكومەتەكەی لەدوای دەستبەكاربونییەوە چیتر موڵكی حزبەكان نییە‌و رێگە بە دەستوەردانی حزبەكان نادات لە كاروباری حكومەت.   


درەو: نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لەندەن وەڵامی پەرلەمانی بەریتانیا دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: ئابوری هەرێمی كوردستان لە قەیراندایە بەهۆی سزاكانی بەغدادەوە، دەشڵێت حكومەتی هەرێم پشتیوانی میدیای ئازادو بەرپرس دەكات، ناڕەزایەتیەكانیش لە خۆپیشاندانی هێمنانەوە گۆڕا بۆ سوتانی بینای حكومی و بارەگای حزبە سیاسیەكان. دوای ئەوەی سایتی فەرمی پەرلەمانی بەریتانیا سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە: خۆپیشاندەران توڕەن لە گەندەڵی پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی سەر بە هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان، كاروان جەمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پشكی یەكێتی لە بەریتانیان وەڵامی پەرلەمانی بەریتاینای دایەوەو رایگەیاندووە: خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافی خەڵكە و بە تەواوی ئاگاداری ئەو كێشە قووڵانەین كە بەهۆی پێنەدانی موچەوە لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، سەرەرای ئەوەش بەداخەوە خۆپیشاندانی هێمنانە گۆڕا بۆ سوتاندنی بینای حكومی و بارەگای حزبە سیاسیەكانی بەشدار لە حكومەت و ئۆپۆزسیۆن و موڵك و ماڵی تایبەت .  ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران و بەرپرسانی ئەمنی كوژران و برینداربوون. ئەگەر تەنیا خۆپیشاندانی ئاشتیانە بوایە هیچ كەسێك زیانی پێنەدەگەیشت، ئەگەر هەندێك لە هاونیشتیمانیەكانمان لە هەرێمی كوردستان تەنیا ڕێزیان لە یاساكانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بگرتایە. ئابووریمان لە قەیراندایە،  ڤایرۆسی كۆڤید - 19 داهاتی نەوتی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردۆتەوە لەهەرێمی كوردستان و عێراق ، كە هەردووكیان پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن . هۆكاری ئەم قەیرانە داراییە كەمبوونی هاوكارییەكانی بەغدایە بۆ هەرێمی كوردستان و زنجیرەیەك سزای دارایی  كە لە ساڵی 2014 وە سەپاندوویەتی، قەیرانی كۆرۆنا كە كاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر هەرێمی كوردستان، چونكە هەرێمی كوردستان توانی قەزركردنی نیە لە بازارە داراییە نێودەوڵەتییەكان. بۆ چارەسەری كەمی داهات و خەرجییە داراییەكانی. داوا لەحكومەتی بەریتانیاو ئەوانی تر دەكەین بەردەوامبن لەدابینكردنی شارەزایی بۆ سەرخستنی باشترین و هەرزانترین خزمەتگوزاری گشتی و لێپرسینەوە و شەفافییەت بۆ بەردەوامبوون لەهاندانی حكومەتی فیدراڵی و هەرێم بۆ دووبارە ڕێككەوتن بە دابەشكردنی داهات لە نێوانیاندا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق . حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوسەنگ . پێم وایە ئەوەش جێگای سەرنج و پێزانینە كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دانی بەوەدا ناوە كە دەبێت بەغدا پابەند بێت بە پابەندبوونەكانی بۆ پێدانی پارە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان . ئەو بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكانی ڕاگەیاندووە كە " دەبێت موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت تێكەڵ بە ململانێ سیاسیەكان نەكرێت، ناكرێت و نابێت فەرمانبەران بكرێنە قوربانی. گوتیشی : پەیوەندیی بنیاتنەری نێوان عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان كلیلی سەقامگیریی هەموو وڵاتە . ئاماژەتان داوە میدیای NRT كە بە شێوەیەكی كاتی داخرا. ئەو كەنالێكی سەربەخۆ نییە ، ئەو نەك هەر پشتیوانی لە بزووتنەوە سیاسییە دژە حكوومەتییەكان دەكات ، بەڵكو لەلایەن ئەو حیزبانەوە خاوەندارێتی ئەكرێن ، یاسا و ئەخلاقی میدیایی پشتگوێ دەخەن و توندوتیژی و پشێوی كۆمەڵایەتی درووست دەكەن . هیچ كەس لە كوردستان نییە ڕووماڵی ڕووداوەكان بكات بەبێ بەدەستهێنانی دەسكەوتی سیاسی حكومەتەكەمان پشتگیری لە میدیایەكی ئازاد و بەهێز و بەرپرس دەكات كە بێ لایەنانە ڕووداوەكان رووماڵ بكەن. كاروان جمال تاھیر نوێنەری باڵای حكومەتی ھەرێم لە بەریتانیا  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand