شێخ و مورید

Draw Media

2022-04-14 15:04:18



ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

پەیوەندی نێوان سەرکردەکانی کورد و گەلەکەیان پەیوەندییەکە لەسەر بناغەی وەلائەت و ئیتاعەت بنیاتنراوە. شێخە سیاسییەکانی کورد نە گەلێکیان دەوێت خاوەن سەروەریی خۆی بێت و نە تاکێکیشیان دەوێت خاوەن بیرکردنەوە و کردەی ئازادانەی خۆی بێت. ئامانجی شێخە سیاسییەکانی کوردستان بریتییە لە بنیاتنانی مۆدێلێک لە تەکییەی سیاسیی، کە تیایدا پەیوەندی نێوان تاک و سەرکردە لەسەر بناغەی کەسایەتییەکی پیرۆز و دەروێشەکانی بنیاتنراوە. پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگا لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر بناغەی کارامەیی و توانا و لێهاتوویی پێکنەهاتووە، بەڵکو لەسەر بناغەی ملکەچیی ڕەهای موریدەکان بۆ شێخە سیاسییەکان بونیادنراوە. پەیوەندی نێوان شێخ و مورید پەیوەندیی نێوان هاونیشتیمانیی و حکومەتی مەدەنیی نییە، بەڵکو پەیوەندیی نێوان سەرۆکی ڕوحیی و ڕەعییەتەکەیەتی. نەدانی موچە و بێڕێزییکردن بەرامبەر بە خانەنشیینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و پزیشکان و مامۆستایان و گروپە کارمەندەکانی تری هەرێم و مامەڵەکردنیان وەک سواڵکەری دەوڵەت، ئەو پەیوەندییە نامرۆڤانەیە کە دەسەڵاتدارە سوڵتانییەکانی پارتیی و یەکێتیی لەگەڵ هاونیشتیمانیانی کوردستان و موچەخۆرانی هەرێمدا بونیادیانناوە. 

لەناو حیزبی کورییدا فیکری سیاسیی بوونی نییە و جیهانبینییش هیچ بەهایەکی سیاسیی نییە، چونکە لە حیزبی کوردییدا سیاسەت بە فیکر داناڕێژرێت، بەڵکو بە ئارەزووی موتڵەقی شەخسی سەرۆک و شێخی حیزب بڕیاری لەسەردەدرێت. حیزبی کوردیی ئەوەندی سەرقاڵی ریفۆرمی ناوخۆیی خۆیەتیی، ئەوەندە بیر لە ریفۆرمی دەسەڵاتەکانی ناکاتەوە، چونکە ترسی قووڵی لە وەلائەتی موریدەکانی هەیە. لابردنی کەسەکان و دانانی کەسانی تر پەیوەندی بە شیاویی توانا و مەعریفییانەوە نییە، بەڵکو هەم پەیوەندی بە دوورونزیکیی کەسەکانەوە هەیە لە تەکییە سیاسییەکە و هەم پەیوەندی بە چەشنی وەلائەتەکەیانەوە هەیە بۆ شێخە سیاسییەکە. 

سیاسەتی سوڵتانیی سەروکاری بە پرۆسەی بڕیارەوە نییە لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بەڵکو پەیوەندی بەو بازنە تەسکەوە هەیە کە بڕیارەکانی تێدا لەدایکدەبێت. لەناو حیزبی کوردییدا یەک کەس خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە ئەویش شێخی سیاسییە. ئەم کاریزمایە هەچ بڕیارێکی بوێت، دەتوانێت بەتەنها دەریبکات و بیسەپێنێت، گەرچی ئەو بڕیارە بۆ حیزبەکەی، یان بۆ گەلەکەی هەڵە و ناڕاست و کارەساتباریش بێت. ئەم کولتووری خۆبەهەڵە نەزانینە زیاد لە حەفتا ساڵە لەناو حیزبی کوردییدا کاردەکات بەبێئەوەی سەرۆکە کاریزمییەکان بچوکترین باجی سیاسەتە هەڵەکانیان دابێت یان بچووکترین لێپرسینەوەیان لەتەکدا کرابێت.

لە دونیای سیاسیی کوردییدا نموونەییترین ئەزموونی سوڵتانیزم کە توانیبێتی پەیوەندی شێخ و مورید لە مێژووی دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی لە شاخ و لە شار بنیاتبنێت و بەردەوامیی پێبدات، ئەزموونی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ شێخەکانی بارزان. پارتی وەک حیزبی مورید و بارزانییەکان وەک شێخی سیاسیی، توانیویانە چوار دەسەڵاتی گرنگ لای خۆیان کەڵەکە و پاوانبکەن. دەسەڵاتی یەکەم ئابوورییە، کە لەسەردەمی سوڵتانییەتدا پێیان دەگوت مەخزەن. مەخزەنی هەرێم بەشێوەیەکی ڕەها لەژێر دەستی پارتی و لەناو پارتییشدا لەژێر کۆنترۆڵی بنەماڵەی بارزانییدایە. دەسەڵاتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا بە ئارەزووی شەخسیی شێخە سیاسییەکان پارەی مەخزەن دابەشدەکات. بۆ دابەشکردنی پارە و سامانی هەرێم، پارتی و بارزانییەکان نە پێویستیان بە حکومەت و نە پێویستیان بە پەرلەمان هەیە. نوخبەی سیاسیی پارتیی نە پێویستی بە بوجەیە کە لە پەرلەمانی هەرێمەوە دەنگی لەسەر درابێت، نە پێویستی بە ئەنجومەنی وەزیرانە بۆئەوی گفتوگۆی لەسەر بکرێت. پارتی لەسەردەمی مەسعود بارزانییدا دەرگای پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بەتەواوی قفڵدەکرد و لەسەردەمی مەسرور بارزانییشدا بەتەواوی دەمی پەرلەمانتارانی داخستووە، چونکە پەرلەمانی وەک دەزگایەک بەچەشنێک سووک و بێبەهاکردووە، کەس بیری وەزیفە سەرەکییەکانی ناکات، کە یاسادانان و گفتوگۆکردن و چاودێریی کارەکانی حکومەتە.

دووهەم دەسەڵات کە شێخە سیاسییەکان پاوانیانکردووە، دەزگای پێشمەرگەیە. پێشمەرگەی هەرێم هێزێکی چەکداری مونەزەمی نیشتیمانیی نییە، بەڵکو هێزێکی چەکداری مونەزەمی حیزبییە کە بە ئەمر و نەهی شێخە سیاسییەکان دەژیی و دەجوڵێنرێت. هێزی پێشمەرگە لەسەردەمی شاخەوە تا دەگات بە سەردەمی حوکمڕانیی لە شار کۆڵەکەیەکی گرنگی پاراستنی تەکییەی سیاسیی و (دار المُلك)ی پارتیی و یەکێتیی بووە. 

دەسەڵاتی سێیەم بریتییە لە میدیا. میدیای حیزبیی کە بەشەوەیەکی نایاسایی سەرمایەیەکی گەورەی لە داهاتی گشتیی بۆ تەرخانکراوە، تەنها پروپاگەندە بۆ دار المُلك ناکات، بەڵکو هەم وێنایەکی پیرۆزی بۆ بەرهەمدەهێنێت و هەم چیرۆک و ئەفسانەی بۆ دروستدەکات و پاساوی هەڵە ستراتیژیی و کارەساتە نیشتیمانییەکانی دەکات. 

دەسەڵاتی چوارەمیش دەسەڵاتی یاسا و دادگایە. نە پێگەی سەرەکیی ئەم دەسەڵاتە لە سەرووی ماڵی شێخە سیاسییەکانەوەیە، نە وەزیفەشی سزادانی ناعەدالەتیی و گەندەڵەکانی نوخبە سوڵتانییەکەیە. وەزیفەی ئەم دەزگا گرنگەی کۆمەڵگای سیاسیی کورتبووەتەوە بۆ بەیعەتدان بە سوڵتان لەکاتی پێویستدا و سزادانی چالاکوان و کەسانی کۆمەڵگای مەدەنیی. 

لە ئێستادا یەک کاریزمای سیاسیی سەدەی بیستەم لەژیاندا ماوە کە سەرۆکایەتیی حیزبەکەی دەکات، ئەویش مەسعود بارزانییە. تاکە کەسێک کە رێگر بوو لەوەی بارزانی ببێت بە رەمزێکی نیشتیمانیی و تاکە کاریزمای سیاسیی دوای مردنی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، خودی بارزانی خۆی بووە. بارزانی سەرۆکی هەموو کوردان نییە و نەیتوانی ببێت بەو کاریزما سیاسییەی کە وەکو چەتر هەموو هێزە کوردستانییەکان کۆبکاتەوە، بەپێچەوانەوە، بارزانیی خۆی بەردەوام بووە بە هۆکارێک بۆ دابەشبوونی زیاتری جڤاتی کوردیی و وێرانبوونی پرسی کورد. پارتی و بارزانییەکان لە دوو قۆناغی گرنگیی مێژووییدا دوو شکست و نسکۆی گەورەیان بۆ پرسی کورد و هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنا. لەکاتێکدا مەلا مستەفای بارزان بە شکستی سەربازیی کۆتایی بە شۆڕشەکەی هێنا، ئەوا مەسعود بارزانیی بە شکستی سیاسیی کۆتایی بە سەرۆکایەتیی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا هێنا. کۆتاییهێنان بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، مانای دەستبەرداربوون نییە لە هەیمەنە و دەسەڵات. وەکو هەموو سیستەمە سوڵتانییەکانی دونیای ئیسلامیی و عەرەبیی، بارزانییش (دار المُلك)ی خۆی بەناوی بارەگای بارزانییەوە دروستکردووە، کە تیایدا وەک شێخێکی سیاسیی پێگەیەکی پیرۆزی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەخۆی بەخشیوە، چونکە لەسەرووی هەموو دەزگا رەسمییەکانی حکومەت و پەرلەمان و چاودێریکردنێکی یاساییەوە. (دار المُلك)ی بارزانیش وەکو (دار المُلك)ەکانی تر لەسەر دوو بنەما بەندە، یەکەمیان شەرعییەتی ئایینییە، کە پیرۆزێتییەک بە پێکهاتی سەرۆک و حیزبەکەی دەدات و تاک و گروپەکانی کۆمەڵگاش وەک مورید و ڕەعییەت مامەڵەدەکات، دووهەمیان شەرعییەتی مێژووییە، کە حەفتا ساڵە سەرۆکایەتیی گەورەترین حیزبی کوردیی دەکەن کە نوخبەی شاریی کوردیی بۆی دروستکردن.  


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand