یەكەم كۆبونەوەی نێوان هەرێمو بەغداد
2022-04-11 08:10:06
(درەو):
ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار لەدوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆدەبێتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقو رێككەوتنە لەسەر میكانیزمو پێوەری نوێ بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی نەوتی عێراق لای خۆیەوە چەند لیژنەیەكی بۆ ئامادەكردنی نەخشەرێگای چۆنیەتی وەرگرتنی دۆسیەی نەوتی هەرێم دروستكردووەو چەند وۆرك شۆپێكی ئەنجامداوە لەبارەی چۆنیەتی پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا.
وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆی ئەمڕۆ پێكهاتووە لە هەریەكە لە:
• خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندی نێوان هەرێمو بەغداد
• ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
• ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
• عەبدولحەلیم خەسرۆ سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون
رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵ، دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی یاسایی حكومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە.
كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەمشێوەیە:
• یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوتو غازی هەرێمی كوردستان نادەستورییەو هەڵدەوەشێندرێتەوە.
• حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە (رادەستكردن تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی تر، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتیان لێ دەردەهێنێت)و رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی.
• سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێمو نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكیو دەوڵەتو كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوتو دەرهێنانیو هەناردەكردنو فرۆشتنی ئیمزای كردووە.
• پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراقو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بدات پێداچونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتو غاز، ئیمزای كردوون، بەمەبەستی وردبینیكردنیانو دیاریكردنی مافە داراییەكانی كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەها پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاری بكرێت، بەجۆرێك گەیشتنی بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم گەرەنتی بكات.
وەزارەتی نەوتی عێراق لای خۆیەوە دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێن كردووە بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی نەوتو غاز لە حكومەتی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای دروستكردنی كۆمپانیایەك دەكات بۆ ئەوەی ئەم كۆمپانیایە دۆسیەی نەوتیو غازی هەرێم بگرێتە دەست.